حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر دیلەکانی فەلەستینی لە دوایین قۆناغی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، لە بیست و یەکهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل، پێنجەمین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمەتەكان ئەنجامبدەن، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە. بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ئوهاد بن عامی و ئەلیاهو شەرابی، كە لەڕۆژی (7) تشرینی یەكەمی ساڵی (2023) لە کۆمەڵگەی بیئری بە بارمتەی گرتوون، لەگەڵ ئور لێڤی کە هەمان ڕۆژ لەکاتی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا بە بارمەتەگیرا، ئەمڕۆ رادەستیان دەكات. نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس دەڵێت: لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل (183) زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات کە (18)کەسیان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، (54) کەسیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە، (111) کەسیشیان لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون. دوێنێ هەینی یانەی دیلەكانی فەلەستین ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (183) دەستگیرکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر سێ بە بارمەتگیراوی پیاو، کە یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانی-ئیسرائیلیەو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.
لە ئۆپرسیۆنێکى تایبەتدا، حکومەتی بەریتانیا دوو قاچاخچی دەستگیر دەکات بە تۆمەتی گواستنەوەی خەڵک بە ڕێگەی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەو دووکەسە لەلایەن وڵاتی فەرەنساوە داواکراوبوون و لە لە لەندەن دەستگیرکراون و یەکێکیان کوردەو ناوى ڕێبینە. ئاژانسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان لە بەریتانیا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چاودێر ئەو دووسەکە دەکەن، دواجا دوێنێ لەلایەن ئەفسەرانی پسپۆڕی یەکەی ڕادەستکردنەوەی نیشتمانی لە ناوەندی هاوبەشی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای تاوانی نیشتمانی بەناوی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستگیرکراون. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، ئەو دوو قاچاخچیە کە دەستگیرکراون، خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە. پۆلیس دەڵێت یەکێک لەو قاچاخچییانەی کە دەستگیرکراوە کە ناوی ڕێبین شەریفە و تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەوى دیکەشیان ناوى لولزم براهاجی بەڕەگەز ئەلبانییە و تەمەن 47 ساڵە، هەردوو تۆمەتبار لە لەندەن دەستگیر کراون. ئەو دوو تۆمەتبارە، هەردووکیان لە فەرەنسا داواکراون کە داواکارانی گشتی تۆمەتباریان دەکەن بەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە، ئەو پارەو داهاتانەى دەستیان کەوتوە لە نێوان مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ تا حوزەیرانی ٢٠٢٣ سپیانکردوەتەوە. ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتی بەریتانیا قاچاخچیی بە ڕەگەز کورد دەستگیر بکات، پێشتریش هەر یەکە لە بەرزان مەجید ناسراو بە "دووپشک" و ئامانج حەسەنزادەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیر کردووە. یەکێک لەو ئەفسەرانەى بەشدارى ئۆپراسیۆنەکەى کردووە دەڵێت: باندەکانی قاچاخچییەکان ژیانی ئەو کەسانە دەخەنە مەترسییەوە کە تەنها بۆ قازانج و تەماح دەیانگوازنەوە، گرنگی بە مەترسییەکان و سەلامەتی خۆیان نادەن". ئەو وتیشى: ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی خەڵک لە پێشینەی کارەکانی NCA و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی نزیکمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە فەرەنسا و لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەین بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانی پشت ئەم کارانەوەن.
جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆرگن ئۆرتاگوس ڕایگەیاند: ئەمەریکا هێڵێکی سووری داناوە لەسەر ئەوەی کە گروپی چەکداریی حزبوڵای شیعە نابێت بەشداری لە حکومەتی دواتری لوبناندا بکات، ئەوەش دوای شکستە سەربازییەکەی ساڵی ڕابردووی بەرامبەر ئیسڕائیل. ئۆرتاگوس یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمەریکایە سەردانی لوبنان بکات لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە و لە دوای ئەوەشەوە کە جۆزیف عەون وەکو سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرا. سەردانەکەی ئۆرتاگوس لە کاتێکدایە کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە لوبنان چەقی بەستووە، لە کاتێکدا کە پۆستەکانی حکومەت لەسەر هێڵی تائیفی دابەش دەکرێن. حزبی ئەمەلی هاوپەیمانی حزبوڵا سوور بووە لەسەر پەسەندکردنی سەرجەم وەزیرە شیعەکان، ئەوەش وایکردووە پڕۆسەکە چەق ببەستێت. دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی لوبناندا، ئۆرتاگوس وتی: لە حزبوڵا ناترسێت چونکە لە ڕووی سەربازییەوە شکستییان هێناوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر شەڕەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت. وتیشی " هێڵی سووری ڕوون و ئاشکرامان لە ئەمەریکاوە داناوە لەسەر ئەوەی نەتوانن گەلی لوبنان تیرۆر بکەن، بە ئەندامێتیشییانەوە لە حکومەتدا."
بڕیارە لە هەفتەى داهاتوودا، دادگاى فیدراڵى عێراق چوار سکاڵا لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە تاوتوێبکات کە تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەى سزاى هاتوچۆ و مەرجى فرەژنى و دوو وەزارەت. سکاڵاکان رۆژى سێشەممەى داهاتوو لەلایەن دادگاوە تاوتوێدەکرێن، ئەوەش بەپێی کارنامەى دانیشتنى دادگا کە لەپێگەى فەرمى دادگا بڵاوکراوەتەوە. یەکێک لە سکاڵاکان لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراون و تایبەتە بە سزاکانى هاتوچۆ. لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا بڕیارى نادەستورى بوونى پێدانى دەسەڵات بە وەزیرى ناوخۆ بدات بە راوێژ لەگەڵ وەزیرى دارایی بۆ زیادکردن و کەمکردنەوەى باج و رسومات و پێبژاردنى هاتوچۆ بەپێی یاساى هاتوچۆ ژمارە 86 ى ساڵى 2004. یەکێکە دیکەیە لەو سکاڵایانەى دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دەکات، بڕیاردان لەسەر نادەستورى بوونى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان، کە تێیدا داواکراوە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو وەزارەتە، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پابەند بکرێن بە پێکهێنانى دیوانى جیاجیاى ئاینى بۆ مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان وەکو دەستەى سەربەخۆ. هەروەها لەلایەن هاوڵاتییەکەوە سکاڵایەک لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە تێیدا داوایکردووە دادگا بڕیار لەسەر نادەستورى بوونى ماددەیەکى هەموارى یاساى بارى کەسێتى بدات لە هەرێمى کوردستان، کە تێیدا رازى بوونى ژنانى لەبەردەم دادگا کردووەتە مەرج بۆ ئەوەى هاوسەرەکانیان بتوانن هاوسەرگیرى دووەم بکەن. بڕیاردان لەسەر نادەستورى بوونى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان، یەکێکە دیکەیە لەو سکاڵایانەى دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دەکات کە تێیدا داواکراوە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو وەزارەتە، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پابەند بکرێن بە پێکهێنانى دیوانى جیاجیاى ئاینى بۆ مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان وەکو دەستەى سەربەخۆ. هەڵوەشاندنەوەى وەزارەتى شەهیدانى هەرێمى کوردستان و پێکهێنانى دەستەى دامەزراوەى شەهیدان، یەکێکى دیکە لە سکاڵاکان کە پەیوەست بێت بە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
کۆمپانیای دانەگاز پووختەی رایگەیاند، 151 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە. دەشلێت کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' تەواوی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بڕی 67 ملیۆن دۆلار قەرزیان لای هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە. کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی 2023، ساڵی رابردوو داهاتییان 5٪ زیاتر بووە. لە ساڵی 2023 داهاتی کۆمپانیاکە 423 ملیۆن دۆلار بووە. هەرچی لەبارەی پوختەی قازانجی کۆمپانیاکەشە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە کەمیکردووە. چونکە ساڵی رابردوو، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 151 ملیۆن دۆلار بووە و ساڵی 2023ـێش پوختەی قازانجی 160 ملیۆن دۆلار بووە. ئەوەش پەیوەندی بە کەمبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکەوەیە لە میسر. کۆمپانیاکە دەشڵێت: لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەراورد بە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2023 داهاتییان 64٪ زیادیکردوو. کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرۆمۆر گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە 37 هەزار بەرمیل نەوتی هاوتا. بەرهەمەکەی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ 3٪ زیادیکردووە.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی دوودا گەشت بۆ چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی غەززە بکات و فەلەستینییەکان بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕوبیۆ لە 13-18 ی مانگی دوودا دەچێت بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ و لەوێیەوە دەچێتە ئیسڕائیل و ئیماڕات و قەتەڕ و سعودیە. ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممەى پێشوو وتی فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت بۆ ماوەیەکی "کاتی" غەززە جێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدا کە دوای جەنگەکە غەززە دووبارە ئاوەدان دەکرێتەوە. بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ڕوبیۆ لە ماوەی گەشتەکەیدا باس لە غەززە و لێکەوتەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەکات و هەروەها هەوڵی جەختکردنەوە دەدات لە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی لە ناوچەکەدا. بەرپرسەکە وتی: دۆخە هەنووکەییەکە ناکرێت بەردەوام بێت، وەکو شوشتن و پاککردنەوە و دووبارەکردنەوە وایە. ئاشنا دەبیت بە دۆخەکە و هەست دەکەیت کە ئەمە ژیانەکەیە و هەر ئەمەی لێ چاوەڕێ دەکرێت. سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ لەو باوەڕەدان کە ئەمە نابێت بەوشێوەیە بێت، باوەڕییان وایە کە شتەکان دەکرێت بگۆڕدرێن. لە 25 ی مانگی یەکەوە سەرۆک ترامپ چەند جارێک پێشنیاری ئەوەی کردووە کە فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکەوە وەربگیرێن، لەوانە میسڕ و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەکانیش ئەو بیرۆکەیەیان ڕەت کردووەتەوە. جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە لە ئێستادا لە ڕێی ئاگربەستێکی ناجێگیرەوە ڕاگیراوە، بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد کە تێیدا هەزار و دوسەد کەس کوژران و سەروی دوسەد کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران.
شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی چادری مانگرتوانیان لە سلێمانی کرد و ڕایانگەیاند، لە یاسای بودجەدا بە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران چارەسەری کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەران کراوە. ماوەی ١١ ڕۆژە بەشێکی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە هۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، نەگەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و تەوتینکردنی مووچەکانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەمڕۆش ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی چادری مانگرتووانیان کرد. شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتبوو لە (یوسف کیلابی، عەلی ساعدی، عەلا حەیدەری، سروە عەبدولواحید، زکرا عەمار، سەلام عادل، حسێن موئەنەس، بڕیار ڕەشید، هەرێم کەمال ئاغا، کەریم شکور، دارا سێکانیان، کاروان یاروەیس، نەرمین مەعرووف، سۆران عومەر) پاش پرسیارکردن لە بارودۆخی تەندرووستی مانگرتووان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری عێراق وتی: داواکارییەکانیان دەبەینە بەغدا دەیگەیەنینە پەرلەمان و حکومەتی ناوەند و لە پەرلەماندا دەیخەینە بەرباس، لیژنەیەک درووست دەکەین، بۆ چاودێریی کردنی لیژنە هونەریی حکومەتی هەرێم و بەغدا، دواتر دەرئەنجامەکەی دەخەینەڕوو کە کێ هۆکاری ئەم کێشانەیە و بەهیچ شێوازێک قەبووڵ ناکەین هیچ هاوڵاتییەکی عێراق لە زاخۆ تا فاو برسی بکرێت. دواتر عەلی سەعدی، داواکاریی مانگرتووان داواکارییەکی ڕەوایە و مافی خۆیانە، هەندێک بڕیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت دەرچووە و تەنها جێبەجێکردنی ماوە. هاوکات حسێن موئەنەس، پەرلەمانتار وتی: نابێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە کارتی فشار لەنێوان هەردوو حکومەت، لە یاسای بودجەدا چارەسەری ئەم کێشەیەمان کردووە کە تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە. کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی رایگەیاند، دوای گوێگرتن لە داوای مانگرتوان بەوردی و وەرگرتنی داواکاریەکانیان، شاندەکەی پەرلەمان داواکارییەکان دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و دادگای ئیتحادی و لیژنەیەکی پەرلەمانی دروست دەکرێ بۆ جێبەچئ کردنی داواکارییەکان و لیژنەکە دەبێتە پارێزەری مانگرتوان لە بەغداد. ئاماژەی بەوەکردووە، شاندەکەی پەرلەمان تکای لە مانگرتوان کرد لەبەر تەندروستیان و ژیانیان مانگرتنەکە بشکێنن و داواکای و پەیامی رەوایان گەیشتوە بەهەموو ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق.
دەزگاى ئاسایش ڕایدەگەیەنێت، شەوی ٢٠٢٥/٢/٥ ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێک لەسەر ڕێگای سلێمانی_پێنجوێن بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی. دواى ڕوداوەکە دەستکراوەبە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە، دەرکەوت هۆکاری ڕووداوەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز. بەپێى رونکردنەوەکەى ئاسایش یەکێک لەشۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات و دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و دواتر تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵهات. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت تویومانە تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیربکەین دەقى ڕاگەیەندراوەکە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەڕێگای(پێنجوێن-سلێمانی)ڕادەگەیەنێت. دوای ئەوەی شەوی ٢٠٢٥/٢/٥ ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێک لەسەر ڕێگای سلێمانی_پێنجوێن بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی. دەستبەجێ دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستیکرد بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە، سەرئەنجام دەرکەوت هۆکاری ڕووداوەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز، یەکێک لەشۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات و دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و دواتر تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵهات. پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە کرا و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستنیشانکرا، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرد و ڕووبەڕوی یاسا کرایەوە. لە ئێستادا تۆمەتباری ڕووداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتیی واژوو کرد کە پێشنیاری سەپاندنی سزا دەکات بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی (دادگای لاهای)دا، ئەویش بەهۆی دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ. ترەمپ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتیی واژووکردووە کە پێشنیاری سەپاندنی سزا دەکات بەسەر بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا. ترەمپ باسی لەوە کردووە بڕیاری دادگاکەیان قبوڵ نەکردووە کە بەهۆی تاوانەکانی جەنگ لە غەززە دژ بە ناتانیاهو دەرکراوە. ئەو ڕایگەیاند: بەبێ بنەمای یاسایی بانگەشەی دەسەڵاتی دادوەری کردووە بەسەر کارمەندانی ئەمریکا و هەندێک لە هاوپەیمانەکانیدا لەوانە ئیسرائیل و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کردووەتەوە بە دەرکردنی بڕیاری دەستگیر کردنی بێ بنەما بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، دەسەڵاتەکانی خۆی خراپ بەکارهێناوە. ئەو وتیشى: بەهۆی ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لایەنی ستاتۆی ڕۆما یان ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی نین، دادگاکە هیچ دەسەڵاتێکی دادوەری بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە". هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، ئەوەیشی خستوەتەڕوو بەهۆی ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانە نزیکەکانی وەک ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، بە بڕیارنەماکە سزا بەسەر بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیەدا دەسەپێنێت. ئەم بڕیارنامەیە ڕێگریی لە بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی دەکات لە وەرگرتنی ڤیزەی ئەمریکا و ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەمریکادەکات.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایدەگەیەنێت دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا چارەسەرى کێشەکانى ئێران ناکات، وەکخۆى دەڵێت ئەزموونیان هەیە لەوبارەیەوەو ئەمریکییەکان پەیماننامەکانیان جێبەجێ ناکەن. ئەمرۆ هەینى، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ دەیەی فەجردا وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا دەڵێت دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە. پێویستە بە دروستی لەم بابەتە تێبگەین؛ مەهێڵن وا پیشانمان بدەن کە ئەگەر لەگەڵ ئەو حکومەتە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین ئەم کێشەیە یان ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت. نەخێر؛ هیچ کێشەیەک بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر نابێت. ئەو وتیشى: ئەزموونمان هەیە لەو بارەیەوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا دانیشتین و دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا کرد و بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ پەیماننامەیەک دروستبوو، لەم پەیمانەدا لایەنی ئێرانی زۆر بەخشندە بوو، ئیمتیازاتی زۆری بە لایەنی بەرامبەردا، بەڵام ئەمریکییەکان هەمان پەیماننامەیان جێبەجێ نەکرد. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، باسى لەوەکرد ئەمریکییەکان، خەریکی گۆڕینی نەخشەی جیهانن لەسەر کاغەز، بێگومان تەنها لەسەر کاغەزە، هیچ واقیعێکی نییەو ناگۆرێت. عەلى خامنەیی ئەو وتیشى: ئەمریکیەکان، هەڕەشەمان لێدەکەن، ئەگەر هەڕەشەیان لێکردین، ئێمەش هەڕەشەیان لێدەکەین، ئەگەر ئەو هەڕەشەیە ئەنجامبدەن، ئێمەش هەڕەشەکانمان جێبەێدەکەین، ئەوان ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئاسایشی میللەتەکەمان، ئێمە بێ دوودڵی هێرش دەکەینە سەر ئاسایشی ئەوان. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەیشاردەوە کە ناوخۆى ئێران کێشەى تێدایە، وتى: ئێمە لە ناوخۆدا کێشەمان هەیە؛ کەس نکۆڵی لە بوونی کێشە ناکات. لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، نزیکەی هەموو چین و توێژەکانی دانیشتووان کێشەیان هەیە، بەڵام ئەوەی چارەسەری ئەم کێشانە دەکات فاکتەری ناوخۆییە. جەخت لەسەر ئەوەکردەوە کە بەرپرسانى ئێران سەرقاڵن، بەچارەسەرى کێشەکانەوە، ئەو وتی: زۆر هیوام بەوەیە ئەم حکومەتە بەڕێزە بتوانێت لانیکەم کێشەی بژێوی خەڵک کەم بکاتەوە.
ئهنجومهنی سهرتاسهریی مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازیی داوا لهمامۆستایانی ئایینی دهكهن، له وتاری ئهمڕۆدا پشتیوانی له مامۆستایانی مانگرتو بكهن. دەشڵێت رۆژی یهكشهممهی داهاتو بهرهو ههولێر بهڕێدهكهون بۆئهوهی لهنزیكهوه دهنگی مانگرتوهكان بگهیهننه دهسهڵاتدارانی ههرێم. له راگهیهندراوێكدا ئهنجومهنی سهرتاسهریی مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازیی، دەڵێن: بڕیارمانداوه، رۆژی یهكشهممه له سهرجهم شار و شارۆچكهكانهوه بۆ پشتیوانی له هاوڕێ مانگرتوهكانمان، بهرهو ههولێر كه چهقی بڕیاردانه بهڕێبكهوین، تاوهكو دهسهڵات لهنزیكهوه دهنگ و ناڕهزایهتیی هاوڕێ مانگرتوهكانمان و چین و توێژه جیاوازه بهشمهینهتهكان، ببینێت و ببیستێت. راشیدەگەیەنن: داوا له مامۆستایانی ئایینی دهكهین بهرامبهر بهم ههمو نادادیی و چهوسانهوه و شكۆشكاندنهی هاوڵاتییان لهلایهن دهسهڵاتدارانی ههرێمهوه، هاوشانی مامۆستایان بێنهدهنگ. یهكهم: له وتاری ئهمڕۆ ههینیدا پشتیوانیی خۆتان بۆ مانگرتوانی خێمهی شكۆ دهرببڕن و له خهڵك بگهینن، ئهم قوربانیدانه بۆ ههموانه. دوهم: له وتارهكهدا پشتیوانیی خۆتان بۆ خۆپیشاندنی رۆژی ههینی كاتژمێر 2:00 دهرببڕن، كه له (پاركی مهلیك مهحمود)هوه بهرهو خێمهی مانگرتوان دهڕۆین، پشتیوانیتان بۆ ئهو خۆپیشاندانه دهرببڕن، كه رۆژی یهكشهممه لهگهڵ مانگرتوان دهڕۆین بهرهو ههولێر، داوا له خهڵك بكهن لهگهڵمان بهشداربێت. ئهنجومهنی سهرتاسهریی مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازیی ئهوهشی راگهیاندوه، دڵنیاتان دهكهین، ناڕهزاییهكانی ئهمجارهی مامۆستایان رێچكهیهكی گرتوه، كه لهپێناو شكۆ و بژێویی ههمواندا بێت، خوانهخواسته بهبێ دهستكهوت و بهلاوازی كۆتایی پێبێت، ههمومان باجهكهی دهدهین و وهك چهند ساڵی رابردو شهقام و ههڵوێست دهمرێت و دهسهڵاتیش دهیان هێندهی دیكه، ملهوڕتر دهبێت.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، مانگەکانى داهاتووش تاکۆتایی ساڵ، مووچەى سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەنێرن. ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى شەرق محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەدا، پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بودجەوە بەستراوەتەوە لە رێگەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە، بە گوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى و میکانیزمێک بۆ بەجێکردنى مووچە و رادەستکردنى داهات دیاری کراوە. "کێشەى تەکنیکى هەبووە و بەم دواییە تێپەڕێنرا و مووچەى مانگى کانوونى دووەم نێردرا." محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: بە رووحى هاوبەشی و هاریکاری، توانیویانە چەندین خاڵى ناکۆک لەگەڵ هەرێمى کوردستان تێپەڕنن. جەختى کردەوە کە ئەوەى پەیوەندارە بە دۆسیەى مووچەوە کێشەى تەکنیکییە نەک هەڵوێستێکى سیاسىیی بەغدا. 4ى شوباتی2025، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بڕیارى خەرجکردنى زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵى هەرێمى کوردستانى دەرکرد، دواى ئەوەى شاندى هەردوولا رێککەوتن لەبارەى ئەو کێشانەى لە نێوانیان بە هەڵپەسێردراوى مابوونەوە. سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەردەوام دەبن لە ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو بە "شێوەیەکى رێکوپێک" بەو ئومێدەى لەو ماوەیەدا تێبینییەکانى دیکە لەبەرچاو بگیرێن کە وەزارەتى دارایی فدراڵ دیاری کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تايبهتى سهرۆكى رووسيا و جێگرى وهزيرى دهرهوەی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ کۆبوونەوە، باسیان لە وهبهرهێنانى رووسى له ههرێمى كوردستان، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاتهكانى رۆژههڵاتى ناوهڕاستيان کردوە، هەروەها هاوڕا بوون لهسهر چارهسهركردنى كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا. نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، نيوهڕۆى ئهمڕۆ (پێنجشهممه، 6-2-2025) پێشوازیی لە ميخائيل بوگدانۆڤ، نوێنهرى تايبهتى سهرۆكى رووسيا و جێگرى وهزيرى دهرهوه و شاندێكى ياوهرى كرد. لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ "برهودان به پهيوهندييهكانى رووسيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، وهبهرهێنانى رووسى له ههرێمى كوردستان، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاتهكانى رۆژههڵاتى ناوهڕاستيان تاوتوێ كرد." نێچيرڤان بارزانى وێڕاى جهختكردنهوه له خواستى ههرێمى كوردستان بۆ بهرهوپێشبردنى پهيوهندييهكانى لهگهڵ رووسيا، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "ئاماژهى به ئامادهيى و رۆڵى كۆمپانيا رووسييهكان له ههرێمى كوردستان بهتايبهتى له بوارى هاريكاريى وزهدا كرد. ههروهها سوپاس و پێزانينى بۆ رووسيا دووپات كردهوه، كه له كاته سهختهكاندا، يارمهتيى ههرێمى كوردستانى داوه." ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر "گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى له عێراق و چارهسهركردنى كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا، ههروهها باسيان له ئهنجامهكانى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و، ههوڵهكان بۆ پێكهێنانى حكومهتى داهاتووى ههرێمى كوردستان كرد." دهربارهى دۆخى سوورياش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ "پشتيوانيى خۆيان بۆ ئارامى و سهقامگيرى له وڵاتهكه دهربڕى و جهختيان له پاراستنى مافهكانى كورد و تهواوى پێكهاتهكان له سووريا كردهوه. ههر لهمبارهيهوه تيكشيان خسته سهر ههڕهشه و مهترسييهكانى داعش له عێراق و سووريا و داكۆكييان له گرنگيى رێگرتن له سهرههڵدانهوهى كرد." پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ وڵاتانى ناوچهكه و چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕەتی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابێت کە ھێزی ئەمریکا ڕەوانەی کەرتى غەززە بکات. لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانێک لەبارەی ئەوەی کە ئایا دۆناڵد ترەمپ ھێزی ئەمریکا ڕەوانەی غەززە دەکات یان نا، کارۆلین لێڤیت وتی: تا ئێستا سەرۆک ترەمپ پابەندە بەوەی ھێز ڕەوانەی غەززە نەکات، ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە ئەمریکا خەرجی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ئەستۆ ناگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: حکوومەتەکەی ترەمپ لەگەڵ ھاوبەشەکانی لە ناوچەکە کار دەکات لە پێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە. کارۆلین لێڤیت بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئامانجی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە، ئاشتی ھەمیشەیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرژەوەندی سەرجەم گەلانی ناوچەکە، بەدی بێت. ھەروەھا ڕاشیگەیاند، بۆ ترەمپ ئەوە ڕوون بووەتەوە کە دەبێت ئەمریکا بەشێک بێت لە ھەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە، وتیشی: بەڵام ئەمە مانای ناردنی سەرباز نییە بۆ غەززە و مانای ئەوە نییە کە ئەمریکا بوودجە بۆ ئەو ھەوڵانە تەرخان دەکات، بەڵکو مانای ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ ھەوڵدەدات لەگەڵ ھاوبەشەکانمانەوە لە ناوچەکە، لەو بارەیەوە بگاتە ڕێککەوتن. وتەبێژەکەی کۆشکی سپی لەبارەی ئەو ھاوبەشە بیانیانەی ئەمریکاوە کە پاڵپشتی لە پلانەکانی ترەمپ لە غەززە دەکەن، وتی: ترەمپ ڕوونیکردەوە ماوەیەکی زۆر ئەم بیرۆکەیەی خستووەتە ڕوو و لە لێدوانەکەی شەوی ڕابردوودا ڕایگەیاند ئەم بڕیارەی بە ئاسانی نەداوە. وتیشی: دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پلانەکانی لەبارەی غەززەوە لەگەڵ سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی، شای بەحرێن و جێنشینی سعوودیە، قسەی کردووە و ھەفتەی داھاتوویش لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم قسە دەکات. لە ٢٥ی مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ داوای کردبوو کە زۆرەملێ فەڵەستینییەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بە توندی داواکەی دۆناڵد ترەمپ-یان ڕەت کردەوە.
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، بەپێی دەستوور بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی پابەندكەرن و جەختیش دەكاتەوە كە ئەنجوومەنی دادوەری، ناتوانێت رێگری لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بكات. دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: تێبینییەكانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی دادگەی فیدراڵی یاسایی و دروستن، بەتایبەتی كە ئەم یاسایانە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە تاوەكو رابگیرێن، بەڵام دەستوور مافی بە دادگەی فیدراڵی داوە كە فەرمانسالاری بۆ یاساكان دەربكات. ئەو پەرلەمانتارە وتیشى: لەم دۆخەی ئێستاشدا هەمووان ناچارن پابەند بن بە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بە ئەنجوومەنی دادوەریشەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتریش دادگەی فیدراڵی چەند جارێك فەرمانسالاری بۆ بڕیار و یاساكان دەركردووە، سەرجەم فەرمانسالارییەكانیشی پاڵپشتیی دەستوورییان هەبووە و جێبەجێ كراون. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ئەم فەرمانسالارییەشی بۆ سێ یاساكە، بە هەمان شێوە دەستوورییە و هەمووان پابەند دەكات ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی وتووە،ئەنجوومەنی دادوەری ناتوانێت رێگری لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بكات. 4ـی ئەم مانگە دادگەی فیدڕاڵی عێراق فەرمانێکی سالاری دەرکرد و بەشێوەیەکی کاتی کارکردنی بە هەرسێ یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی ڕاگرت، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایانەی لەبارەیانەوە تۆمارکراون لەلایەن دادگاکەوە یەکلایی دەکرێنەوە. ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لەسەر فەرمانە وەلائییەکەی دادگەی فیدراڵی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کاتییە و پابەندکەر نییە چونکە مەرجى دەرکردنى ئەو بڕیارەى تێدا نەبووە. دادگەی فیدڕاڵی لەڕاگەیێنراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانە سالارییەکە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 94 ـی دەستوور، کۆتایی و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان و نابێت بەهیچ شێوەیەک پێشێل بکرێت.
