دادگای هەمیشەیی گەل، سەبارەت بە تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەت تورکیاى داگیرکارو چەتەکانی لە ڕۆژئاواى کوردستان ، لە ڕۆژانی ٥-٦ی شوبات لە برۆکسل کۆدەبێتەوە. لە هۆڵی ماندێلا لە زانستگای ئازادی بڕۆکسل، بەڕێوەچوونی دادگای هەمیشەیی گەل پەیوەست بە تاوانە دژە مرۆیەکانی ڕژێمی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کە تێیدا دەیان گەورە دادوەر، پارێزە. مافناس، ئەکادیمی و شارەزا بیانی و کورد، هاوکات نوێنەری قوربانیان و شایەتحاڵانی تاوانەکان، بەشدارن. بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆچی زۆرەملێ، تیرۆرکردن، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی ئاسەوارە کولتوورییەکان، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا کراون ڵێکوڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت. ئەو بابەتانەی کە لە دادگادا دەخرێنەبەر باس و لێکوڵینەوەیان لەسەر دەکرێن ئەمانەن: کۆچی زۆرەملێ شایەتحاڵەکان باس لە کۆچی زۆرەملێی دانیشتوانی کورد لە عەفرین و سەرێکانی دەکەن. لە ماوەی ئەم داگیرکارییەدا گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ئاستێکی بەرچاودا ئەنجامدراوە و ڕاپۆرت لەسەر تاوانەکانی جەنگ وەک توندوتیژی رەگەزی لەخۆ دەگرێت. بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو هەروەها بەڵگە لەسەر ئەوە دەخرێتەڕوو کە دەوڵەتی تورک چەکی قەدەغەکراوی وەک فسفۆری سپی دژی قوتابخانە، نەخۆشخانە و هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکان بەکارهێناوە. تیرۆر و کوشتنی هاوڵاتی مەدەنی بەدواداچوون بۆ کوشتنی هەڤرین خەلەف، یەکێک لە داکۆکیکارانی مافی مروڤ و ئاشتی و هەروەها توندوتیژی دژی کەسانی مەدەنی دەکرێت. لەناوبردنی میراتی کولتووری لەناوبردنی گۆڕە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان، هەروەها لەناوبردنی سیستماتیکی شوێنە کولتووریەکان، تاڵانکردنی شوێنەکان، وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتنە جیهانییەکان بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی کولتووری، لێکوڵینەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ئەشکەنجە و بەندکردنی نایاسایی هەروەها ڕاپۆرتەکان لەسەر ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی هەمەلایەنە بۆ سەرکوتکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری هاوڵاتیانی ناوچەکە لێکولینەوەی لەسەر دەکرێت. دادگای هەمیشەیی گەلان لەسەر داوای فەرمی ڕێکخراوەکانی بواری یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوانە هەوڵدەدەن پێشێلکارییەکان دژی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا بەبەڵگە تومار بکەن و کۆتایی بە کردەوە دژە مروییەکان بهێنن. دادگا ئاماژە بەوە دەکات کە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵەکانی بە ئامانجی لەناوبردنی سیستەمی دیموکراتیکی شۆڕشی گەلان لە ڕۆژائاوا بووە. ئەڤین سوێد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆسەری دیمۆکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا؛ عبدالسلام ئەحمەد, نوێنەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیروت جنێڤیڤ جیرۆجۆس، ئەندامی ئەنجومەنی گەورەشاری پاریس، سەرۆکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لیژنەی ئەنجومەنی پاریس، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی فەرەنسا؛ ڕۆبێرتۆ یۆفیمیا، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی-ڕۆما؛ پابلۆ فێرناندێز فێرناندێز، ڕۆژنامەنووس-ئیسپانیا بەشدارن لەو دانیشتانانەدا. دادگایەک بەهەمان شێوە لە ساڵی ٢٠١٨دا هەڵسەنگاندنی بۆ پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییە نێونەتەوییەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە گەل و ڕێکخستنەکانی کورد کرد، دادگای هەمیشەیی گەل لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئیتاڵیا دامەزراوە.
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، لەو پارانەی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوانزە ناردبووی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک دابەش کراوە. عومەر گوڵپى کاندیدى دەرچووى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى، لە پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک وێنەو نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت دیقەتی وێنەکە بدەن، لەو پارانەی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوانزە ناردبووی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک دابەش کرا. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەوە وێنەی گونیەیەک پارەی بانکی ناوەندی عێراقە لە جۆری (٢٥،٠٠٠) دیناری کە لە بەرواری (١٥ی ١٢ی ٢٠٢٤) نێردراوە بۆ مووچەی مانگی ١٢، بە نرخترین شت بۆ حکومڕانی “ڕەوشت”ە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا عومەر گوڵپى ئەوەش دەخاتەڕوو دەڵێت، ئێمە ڕاستییەکان دەڵێین بێجگە کۆیلەکان کە پەلامارمان دەدەن، جاری وا هەیە خەڵکی ساویلکەش دژمان قسە دەکات، لە بری ئەوەی ئەوانیش ببنە بەشێک لە فشار لەسەر گەندەڵەکان تا قوتی منداڵەکانیان وەرگرنەوە. عومەر گوڵپى جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە لە بەغداوە (٤٤١ ملیار) دیناریان بۆ مووچەی مانگی دوانزە هاتووە، داهاتی نۆ مانگی ڕابردووی ناوخۆیان لەبەردەستەو بۆ بەغدایان نەناردووە، یەک دینار داهاتی نەوتیش دیار نییە، کەچی دەیانەوێت مووچەی مانگی دوانزە نەدەن. وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم لەئەمڕۆ چوار شەممەوە، دەستى بەدابەشکردنى مووچەى مانگى یەک کردووەو بەچوار ڕۆژ مووچەى سەرجەم وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتیەکان تەواو دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراقی بە دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای نەوتی BP تاکو 25 ملیار دۆلار خەرج بکات لە ماوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی نەوت و گازی کەرکوکدا، لە کاتێکدا کە بەغداد دەیەوێت وەبەرهێنانە بیانییەکان ڕابکێشێتەوە بۆ ناو وڵاتەکە. بەرپرسەکە وتی ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە و ڕەنگە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا تەواو ببێت، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ عێراق کە بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا بەهۆی چەندین ساڵ لە شەڕ و گەندەڵی و تایفەگەرییەوە کەم بووەتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا کە دووەم گەورەترین وەبەرهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا، لە دوای تەنها سعودیەوە دێت. بەرپرسە باڵاکە کە ڕاستەوخۆ زانیاریی لەسەر پرسەکە هەیە وتی کۆمپانیای BP لە نێوان 20 بۆ 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لەسەر ڕێککەوتنێکی هاوبەشکردنی قازانجەکان کە زیاتر لە 25 ساڵ دەخایەنێت. دوای چەندین ساڵ، ئەم گرێبەستە دووەم گرێبەستی گەورە دەبێت لە نێوان عێراق و کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتیدا، دوای ئەوەی رێککەوتنێک لە بەسڕە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینرجیزدا کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 27 ملیار دۆلار. ڕێککەوتنەکەی BP سەنگ دەخاتە سەر نۆژەنکردنەوەی دامەرزاوەکان لە چوار کێڵگەی نەوت و پەرەپێدانی گازی سروشتی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە پێویستییەکانی وزەی ناوخۆی عێراق. بەرپرسەکە وتی دانوستانە تەکنیکی و ئابوورییەکان بەباشی بەرەوپێش دەچن و دەکرێت گرێبەستی کۆتایی لە نیوەی یەکەمی مانگی دوو و ڕەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە واژۆ بکرێت. وتیشی بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە، کۆمپانیای BP توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بە بڕی 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 2 بۆ 3 ساڵدا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ لانیکەم 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە. بەپێی سێ بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی باکوور، توانای ئێستای کێڵگەکان 300 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. بەپێی مۆدێلی دابەشکردنی قازانج کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەرپرسەکە وتی BP دەتوانێت خەرجیەکان بگەڕێنێتەوە و دەست بە قازانج بکات کاتێک بەرهەمی خۆی لە ئاستی ئێستا زیاتر دەکات. کۆمپانیاکە زانیارییەکی قووڵی لەسەر کێڵگەکانی کەرکوک هەیە. کۆمپانیاکە ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیاکان بووە کە لە ساڵانی بیستەکاندا نەوتییان لە کەرکووک دۆزییەوە و بە مەزەندەی خۆیان ئەو ناوچەیە نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە کە دەتوانرێت دەربهێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی 2ی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونى مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە: 1- ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی. 2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025. 3- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی. 4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان. 5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە. هەروەها لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە بڕگەی سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
ەرۆکی ئەمریکا، نیازی وڵاتەکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە پێشنیاری نیشتەجێکردنی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی لە وڵاتانی دیکە. ئێوارەی سێشەممە، بەکاتی واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم لێدوانەیدا، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوابەدوای دانوستانە دووقۆڵییەکان لە کۆشکی سپی. ترەمپ وتی: ئەمریکا کۆنترۆڵی غەززە دەکات، ئێمەش لەوێش ئەرکێک ئەنجام دەدەین. دۆناڵد ترەمپ پێشنیاری کردووە کە دەکرێت خەڵکی فەلەستین لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ بکرێنەوە لە کاتێکدا ئەمریکا دەست بەسەر غەززەدا دەگرێت بۆ لابردنی بۆمبە نەتەقیوەکان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابوری خاکەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، "پلانی گەشەپێدانی ئابووری (لە کەرتەکەدا) دەستپێدەکەین کە ئامانجی دابینکردنی ژمارەیەکی بێسنوور لە هەلی کار و شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە". ترەمپ بانگەشەى ئەوەى کرد غەززە "دەتوانێت ببێتە ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دوای ئەوەی وڵاتەکەی دەستی بەسەردا گرت و پەرەی پێدا. ترەمپ ئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەدوور نەگرت و پێشبینیشی کرد ئەمریکا "خاوەنیەتی درێژخایەن" لە غەززە بگرێتە ئەستۆ. ترەمپ هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، تاکە هۆکار کە فەلەستینییەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە غەززە بەهۆی ئەوەیە کە هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە. هەروەها غەززەی وەکو ناوچەیەکی وێرانە ناوبرد. دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەیدا وتی، سعودیە داوای لێنەکردووە کە دەوڵەتی فەلەستین دابمەزرێنن. هەروەها پێشنیازی ئەوە دەکات خەڵکی غەززە بۆ شەش ناوچەی دیکە بگوازرێنەوە. ترەمپ باسی لەوە کرد کە پێویستە خەڵکی غەززە لە میسر و ئوردن جێگیر بکرێن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەرۆکانی ئەو دوو وڵاتە قسەیەکی جیاوازیان کردووە لەوبارەیەوە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، وڵاتانی دیکەش ئامادەن خەڵکی غەززە وەربگرن، بەڵام ناوی وڵاتەکانی نەهێنا. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە چەند وڵاتێک کرد کە زۆر دەوڵەمەندن و ئامادەن بە پارەکانیان هاوکاریی خەڵکی غەززە بکەن کە لە شوێنی دیکە جێگیر ببن لە چوارچێوەیەکی دیکەدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە سەردانی ئیسرائیل، غەززە، سعودیە و شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر یاداشتێکی سەرۆکایەتی کرد تاوەکو ئەمریکا سیاسەتێکی تووند بەرامبەر بە ئێران بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگەی لێبگرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. رۆژی سێ شەممە، 4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتی واژۆ کرد، قسەی بۆ رۆژنامەنوسان کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رۆژى سێشەممە فەرمانێکى واژۆکرد کە ڕێگری لە ئێران دەکات ببێتە خاوەنى چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەوەشدا هیواى خواست ناچارنەبن یاداشتەکە دژى تاران بەکاربهێنن و لەجیاتى ئەوە بتوانن لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەنە رێککەوتن، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانى تاران ئەنجام دەدات لەو بارەیەوە. بەگوێرەی ئەو یاداشتەی کە ترەمپ بۆ گوشارکردنە سەر ئێران واژۆی کردووە، هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی ئەمریکا دەبێت سزای نوێ بۆ سەر ئێران دابڕێژن. ترەمپ پەشیمانی لەبارەی گرتنەبەری رێکارەکان بەرامبەر بە ئێران نواند، وتی، "ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لێی دوودڵم. هەموو کەس دەیانەوێت من ئەوە واژۆ بکەم، من واژۆیان دەکەم زۆر تووند دەبێت بۆ ئێران." سەرۆکی ئەمەریکا هەرچەندە جەختیکردەوە کە لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی مەسعوود پزیشکیان گفتوگۆ و دانوستان دەکات، ئاماژەى بەوەشکرد، ئێران ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت و ئەمەریکا مافی خۆیەتی ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتانی دیکە بکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ماوەی خولی یەکەمیی سەرۆکایەتیدا، سیاسەتی "ئەوپەڕی فشاری" دژی ئێران جێبەجێکرد و ساڵى 2018 تاک لایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، دوابەدوای ئەوەش سزای قورسی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند. پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا، ئایا ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟ لە وەڵامدا وتی: ئەوان زۆر زۆر نزیکن. لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر خۆی و ئەگەری هەوڵی کوشتنی پرسیار لە ترەمپ کرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان ئەو شتەیان نەکردووە و شتێکی زۆر خراپە ئەگەر ئەوە بکەن، ئەگەر ئەوان ئەوە بکەن، دەسڕێنەوە، هیچ شتێک نامێنێت. هەروەها نابێت توانای ئەوەیان هەبێت. هەفتەى رابردوو عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى ئێران و مەسعود پزیشکیان سەرۆکى ئەو وڵاتە رێککەوتن لەسەر هەڵکردنى گڵۆپى سەوز بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەرنامەى ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکى دیکە دووپاتی کردەوە کە فەلەستینییەکان جگە لەبەجێهێشتن و چوونەدەرەوەیان لەکەرتی غەززە، هیچ بەدیلێکی دیکەیان نییە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت میسر و ئوردن پێشوازی لە پەنابەرە فەلەستینییەکانی غەززە بکەن. ئەو وتیشى: مەرج نییە من پشتگیری لەوەبکەم کەئیسرائیل لە غەززە نیشتەجێ ببێت. لە لێدوانێیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، زۆرێک لە فەلەستینییەکان دەیانەوێت کەرتی گەمارۆدراوی غەززە بەجێبهێڵن، بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکەدا بژین ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە زۆر دڵخۆش دەبن" لەو بارەیەوە. ئەم وتانەی ترامپ لە کاتێکدا بوو کە نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستی کردەوە کە کێشەی سەرەکی کە دانیشتوانی ناوچەی فەلەستین بەرەو کوێ دەڕۆن، دەبێت چارەسەر بکرێت. ستیڤ ویتکۆف ڕۆژی سێشەممە لە دەرەوەی کۆشکی سپی پێش هاتنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: چاومان لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانە لە ناوچەکەدا بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان بەرەو کوێ دەڕۆن.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى لیستى مووچەى مانگى یەکى بڵاوکردەوەو سبەینێ چوار شەممە، دەستبەدابەشکدنى دەکرێت و بەچوار ڕۆژ مووچەى سەرجەم وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتیەکان تەواو دەکرێت. درەنگانێکى ئەمشەو، وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەڕاگەیەندراوێکیاندا لیستى مووچەى مانگى یەکیان بڵاوکردەوە. وەزارەتى دارایی دەڵێت: ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت. هەر ئەمڕۆ سێ شەممە وەزارەتى دارایی ڕایگەیاند، بڕی (٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەرکردایەتی ناوەندی سوپاى ئەمەریکا (CENTCOM) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانی وردی عێراقدا بە هاوکاری ئەمەریکا لە نزیک کەرکوک پێنج چەکداری داعش کوژراون. وتیشی " دوای هێرشە ئاسمانییەکە لە شوێنەکەدا قایشی خۆتەقاندنەوە و چەندین شتی دیکە دۆزراونەتەوە." ئاماژەی بەوەشکرد " ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکردایەتی هێزە تایبەتەکانی عێراق بەشێکە لە هەڵمەتە بەردەوامەکەی شکستهێنانی داعش بۆ لە ناوبردن و تێکدانی تواناکانی داعش و تێکدانی شانە و تۆڕەکانی هێرشکردنییان." وتیشی هێزی کاری هاوپەیمانان لە ڕێی دابینکردنی پشتیوانی تەکنیکی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە تایبەتەکانی عێراق کردووە. سەرکردایەتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەش، گوتیشی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانیدا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە دوای ئەم تیرۆریستانە و پاراستنی وڵاتمان.
ــ ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی، چاودێری گرنگیی ئەم داوایە دەکەین ــ ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادەکارى دەکات بۆ ئەوەى بەمزووانە داوایەکی مێژوویی بکات. هاوسەرۆکی پارتی دەم تونچەر باکرهان لە پەرلەمانی تورکیادا، لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دەڵێت "ئۆجەلان ئامادەکاری دەکات بۆ داوایەکی مێژوویی لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد. ئەو وتیشى: ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی و ڕیشەیی، چاودێری گرنگیی ئەم داوایە دەکەین و پشتگیری دەکەین." عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15 ی مانگی دووی ساڵی 1999 دا لە کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە دوورگەیەک لە تورکیا لە زینداندایە، میدیاکانی تورکیا باسییان لەوە کردووە کە لەوانەیە ئۆجەلان لە 15 ی دووداو لە ساڵیادی دەستگیرکردنەکەیدا بەیاننامەکەی بڵاوبکاتەوە. باکرهان ئاماژەی بەوە نەدا ئۆجەلان بە نیازە چی ڕابگەیەنێت، لێدوانەکانی پێشنیاری ئەوەیان کرد کە هەر داوایەک بۆ دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە پەیوەست دەبێت بەو هەنگاوانەوە کە تورکیا دەیانگرێتەبەر. باکرهان وتی پارتی دەم کە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانە لە تورکیادا داوای لە حکومەت کردووە، ئەو زەمینەیە بەهێز بکات کە لەگەڵ ڕژدیی ئەم داوایەدا دەگونجێت و ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرێکی مێژوویدا بگێڕێت. باکرهان بە پێویستی زانی ئەو دەرفەتە مێژوویییە لە دەست نەدرێت، هاوکات هۆشداری لەوەشدرا قسەکردن بە زمانێکی هەڕەشەئامێز و ژەهراوی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت و دەڵێت: "مادام ئۆجەلان ڕایگەیاندووە دەتوانێت دۆخەکە لە شەڕ و پێکدادانەوە بگۆڕێت بۆ زەمینەی یاسایی، پێویستە زمانی ئاخاوتنی دەسەڵاتدارانیش لەگەڵ ئەوە بگونجێت. ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات".
ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات بەبۆنەى دیاریکردنى بە سەرۆکى سوریا، هیواى ئەوەش دەخوازن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت. پیرۆزباییەکەى ئەنەکەسە، لەکاتێکدایە ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان رێوشوێنەکانى دانانى ئەحمەد شەرعى بە نایاسایی دەزانن. ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا، وێڕاى پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى جددى بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانى گەلى سوریا و بەدیهێنانى سەقامگیریی و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و داڕشتنى دەستور. لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن: دەخوازین سەرکەووتوبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە قۆناغێکی گرینگدا کە پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی سوریا، چەسپاندنی سەقامگیری، هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، و داڕشتنی دەستوورێک کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات. ئەنەکەسە، لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا، داوادەکەن کاربکات بۆ گەڕانەوەى سەرجەم ئاوارەکان لەناویاندا خەڵکى عەفرین و سەرێکانى و گرێ سپى بۆ ناوچەکانیان. ئەنەکەسە جەختدەکاتەوە، سەرکەوتنى ئەم قۆناغە پێویستى بە پڕۆسەیەکى سیاسی گشتگیرە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا و پێویستى کۆتایی هێنان بە ستەمى مێژوویی لەسەر گەلى کورد و پەسەندکردنى مافەکانیان لەدەستور و بەدیهێنانى شەراکەتى راستەقینە و بنیاتنانى وڵاتێکى فرەیی لامەرکەزى.
دادگای فیدڕاڵی عێراق کارکردن بە هەرسێ یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە کەرکووک و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی ڕاگرت، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایانەی لەبارەیانەوە تۆمارکراون لەلایەن دادگاکەوە یەکلایی دەکرێنەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، بەنوسراوێک دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کارکردنى بە یاساکانى بارى کەسێتى و گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ و لێبوردنى گشتى راگرت، دواى 15 رۆژ لە پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە. ئەو سێ یاسایە کە داواکارى هەر سێ پێکهاتەى شیعە و سوننە و کورد بوو، لە کۆبوونەوەى 21 ى کانونى دووەمى رابردوودا بەیەکجار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکران. بەپێی دەقى بڕیارى دادگاى فیدراڵى، راگرتنى کارکردن بەو سێ یاسایە رێوشوێنێکى کاتییە تا ئەو کاتەى سکاڵاکان لەسەر پەسەندکردنیان یەکلایی دەکرێتەوە. لە دانیشتنى ڕۆژى ٢١ى مانگى ڕابردوودا پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە. پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە.
سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ڕایدەگەیەنێت، هیواى ئەوەدەخوازین دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە. هاوکات مەسرور بارزانى: هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە شاری بەغدا و کۆبوونەوە لەگەل وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ ڕێککەوتن لە بارەی مووچە، کەمێک پێش ئێستا شاندەکەی کوردستان گەیشتنەوە هەولێر. ڕۆژى دووشەممە، ڕێککەوتن لە بارەی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 لە نێوان هەردوو حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا، بە پێی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا مانگانە مووچەخۆرانی کوردستان هەموو مانگێک لە کاتی خۆی مووچەکانیان وەردەگرن. ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە یەک گوژمە پارەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ یان سبەی لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە.
ئەنجومەنى ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانى سەرتاسەرى، ڕایدەگەیەنن بەردەوامدەبن لەخۆپیشاندانەکانیان و هەفتەى داهاتووش خۆپیشاندان دەبەنە هەولێر. عادل حەسەن ئەندامى ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: ئەگەر ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی (12)ـی ساڵی 2024 رانەگەیەنرێت و تا رۆژی شەممە وەڵامی داواکارییەکانی مانگرتوانی سلێمانی نەدرێتەوە، رۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە هەولێر ئەنجامدەدەین. هەڕەشەى خۆپیشاندانەکەى هەولێر لەکاتێکدایە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن بەنیازن شێوازى مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لەڕۆژانى داهاتوودا بگۆڕن و بچنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق و لەوێ درێژە بەمانگرتن و خستنەڕووى داواکاریەکانیان بدەن. ئەمڕۆ سێ شەممە، ماوەی هەشت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لەو مامۆستا مانگرتووانە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیارەکانى دیکە، وەک پێویست نەهاتوون بەدەمیانەوە، دەیانەوێت و بیریان لەوەکردوەتەوە رێگەیەکى نوێى ناڕەزایەتى هەڵبژێرن. هادى حەمەڕەشید وتى بیرمان لەوەکردوەتەوە مانگرتووەکانى سلێمانى بچینە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغداد بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و لەوێ درێژە بەناڕەزایەتیەکانمان بدەین. هاوکات هەر ئەمڕۆوەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕی (958.012.332.759) دینار، وەک شایستەی موچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، خراوەتەسەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە. دەشڵێت: دوای تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکە، لە نزیکترین کاتدا دەستبەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی لە میانی دیداری لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان لە تاران جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەحمود مەشھەدانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران چاوی بە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کەوتووە. ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. باسی لەوەش کردووە کە لە ھەر میانی دیدارەکەدا، باس لە پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران کراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پێشھاتەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و ڕەنگدانەوەی پێشھاتەکان لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران
