کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 02- 02- 2026 کەش / ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا ,لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی باکووری هەرێم نمە باران دەبێت هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکوور بەفر بارینێکی کەم دەبێت. پاشان لە درەنگانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەکات لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت. خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت ( 10– 20 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت مەوداى بینین / (8 – 9 ) دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ : هەولێر : 12 پلەی سیلیزی پیرمام : 9 پلەی سیلیزی سۆران : 6 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 2 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 11 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 10 پلەی سیلیزی سبەی سێ شەممە 03- 02- 2026 کەش/ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکاندا دەبێت لەگەڵ بوونی هەورە تریشقە وە رێژەی دابارینەکە زیاتر لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و پارێزگای سلێمانی دەبێت , وە لەناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکوور بەفرێکی کەم دەبارێت وە کاریگەری ئەم شەپۆڵە تاکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت ( 10– 20 ) کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت مەوداى بینین / (8 – 9 ) دەبێت. پلەکانی گەرما/ نزم دەبێتەوە ,بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی: هەولێر : 11 پلەی سیلیزی پیرمام : 9 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی سلێمانی : 10 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 11 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 11 پلەی سیلیزی دهۆک : 10 پلەی سیلیزی زاخۆ: 10 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 10 پلەی سیلیزی
ماوەی ١٤ ڕۆژە شاری کۆبانێ گەمارۆ دراوە، لە ئێستاشدا دەرمان و سووتەمەنی و پێداویستی و خۆراک لەو شارە دەست ناکەوێت، هاوکات کارەباش لەو شارە بڕاوە و خەڵکی کۆبانێ لەم هەلومەرجە سەختەدا بەرگری لە گەڕەکەکانیان دەکەن و بەرخۆدان دەکەن. بە وتەی پزیشکەکان، بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێک لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە تەواو بووە، توشبووانی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی کۆبانی بۆ درێژەدان بە چارەسەرەکانیان. هەروەها، ناتواندرێت شیر بۆ منداڵان پەیدا بکرێت و بەهۆی پچڕانی کارەبا و کەمی سووتەمەنییەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخۆشخانەکان داخراون. بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکان، ئەگەر دەرمان و شیری منداڵان دابین نەکرێن، کێشەی تەندروستی گەورە درووست دەبێت. لە بازاڕی کۆبانێ، سەوزە و کەرەستە سەرەکییەکانی خۆراک تەواو بوون، ناتوانرێت سووتەمەنیش پەیدابکریت، لە ئێستادا ژیانی ٦٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی گەورەدایە. لە کاتی گەمارۆدانەکەدا چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدا و ئێستاش دۆخی منداڵەکان و نەخۆش و دانیشتووانی کۆبانێ لە مەترسیدایە. خەڵکی کۆبانێ لەبەرانبەر گەمارۆکاندا بەرخۆدان دەکەن و دەڵێن: “بەرخۆدان بناغەی ئەم پرۆسەیە نوێیە”.
میدیاکانی رۆژاڤا دەڵێن، قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە دەستیپێکردووە و کەمێکی دیکە گروپێکی ئاسایشی ناوخۆی سوریا دێنە نێو شارەکە مەبەستی جێبەجیکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا. لە پارێزگای حەسەکە قەدەغەى هاتوچۆ ڕاگەیێنراوە و بازاڕ و دووکانەکان داخراون، بڵاوە بەهێزە ئەمنییەکان کراوە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیش لە ئاسمانى حەسەکە دەسووڕێنەوە و چاودێریى دۆخەکە دەکەن، ئەم جموجۆڵانە مەبەست لێیان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقە.. لە حەسەکە ڕایگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنى هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانیى ئەمڕۆوە قەدەغەى هاتوچۆ لە حەسەکە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە بەردەوام دەبێت. هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەسەدە و ئاسایشى ناوخۆ لەناو حەسەکە و دەوروبەرى بڵاوەیان پێکراوە و چاوەڕێى هاتنى هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ حەسەکە. ماوەى سێ ڕۆژە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە ئاسمانى حەسەکە بە نزمى دەسوڕوێنەوە و چاودێریى دۆخەکە دەکەن. لە قامیشلۆیش ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ هاتنى هێزە ئەمنییەکان دەستیانپێکردووە و بڕیارە لە سبەى سێشەممەوە لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانى تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە قەدەغەى هاتوچۆ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق بە 15 ئۆتۆمبێل لە سەنتەری پارێزگای حەسەکە و 15 ئۆتۆمبێل لەناو شارى قامیشلۆ لە چوارگۆشەى ئەمنى جێگیر دەکرێن و بۆ ماوەى 10 ڕۆژ دەمێننەوە، پاشان دواى تەواو بوونى ئەرکەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ دیمەشق، لەماوەى مانەوەیاندا کار بۆ تێکەڵکردنى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاوا لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى سووریا دەکرێت. بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە شارى کۆبانێ کە لە 95%ـى دانیشتووانەکەى کوردن، هێزە ناچێتە ناو کۆبانێ، بەڵکو لە ناوچەى (شێخ لەر) جێگیر دەبن کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەرەبن و دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى کۆبانێ.
شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێر و دوو پرس لەگەڵ سەرۆک بارزانی تاوتوێ دەکەن. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" و، ئەندامێتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی "بەدر" و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئەساس"ـە. شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ پشتیوان سادق و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ پێشوازیی لێ کرا. شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی راستەوخۆ دەچێتە بارەگای بارزانی و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکلاییکردنەوەی کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 01ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن. لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش؛ ماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. هەندێکیان پێیان باشە بەهۆی پەیامە توندەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نووری مالیکی، لە کاندیدبوون بۆ پۆستەکە بکشێتەوە و هەندێکیش کشانەوەی ناوبراو رەتدەکەنەوە و دەڵێن "نابێت هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا بکات." هەر لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، پەیامەکەی ترەمپ هاوکێشەکەی گۆڕیوە و چاوەڕێ دەکرێت شاندێکی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەکەی پرسەکە بچێتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.
دادگەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە 1387 داعش کرد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و عێراق وەریگرتوون. رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستپێکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی راگەیاند. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە داوە، ئەو داعشانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوانەن بەم دواییانە لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق. بەهۆی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە، بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بڕیاردرا ئەو داعشانەی نێو گرتووخانەکان بگوێزرێنەوە بۆ عێراق کە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ژمارەیەک دادوەری تایبەتمەند لە بواری بنبڕکردنی تیرۆر دەکرێن و ئەو رێکارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقە بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەوانەی لە تاوانەکانی داعشەوە گلاون. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی دەگوازرێنەوە بۆ عێراق بگاتە زیاتر لە 7000 کەس و ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، بەڵگە و بەڵگەنامە دەداتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ لێکۆڵینەوە لەو داعشانەی پێشتر گیراون.
وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرای کرد، مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 کە کاتژمێر 10ـی ئەمشەو پەخش دەکرێت گوتی: مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه و تۆم بەڕاک لە شوێنی ئەو کاروباری عێراق بەڕێوە دەبات. لە بارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، ئەو كاندیدەی پارتی بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار دەڵێت: چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لەسەر كاندیدیكردنی نووری مالیكی دەكاتەوە، بەڵام ھەڵوێستی ئەمریكا دۆخێكی نوێی ھێناوەتە ئاراوە، کە نازانرێت بۆچوونەکەی واشنتن لەسەر مالیکی کاتییە یان هەمیشەیی. لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکان فوئاد حوسێن باسی لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد و رایگەیاند: پارتی مافی ئەوەی هەیە کاندیدی بۆ پۆستەکە هەبێت، بەڵام پارتی ئامادەیە سەرجەم پۆستەکانی لە بەغدا لە بری سەرۆککۆمار بداتە یەکێتی. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە باشتر بوو پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێک رێکبکەون. بە گوتەی ئەو، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، پەرلەمان پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر. کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان مەرجەکانی وەک زیادکردنی پشکی داهاتی نانەوتیی بۆ 120 ملیار دینار جێبەجێ کردووە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەبارەی بودجەی سێ ساڵی ڕابردوو و تەرخانی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان. بڕیاردان لە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەی، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە سەردانێک چووەتە دوبەی و تا ڕۆژی سێشەممە ناگەڕێتەوە. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، تەیف سامیش دەگەڕێتەوە و بەشداری کۆبوونەوە دەکات، بڕیارەش پێش کۆبوونەوەکەش سوودانی سەردانی هەولێر بکات. ٠ بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق وتیشی: یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەبارەی بودجەی سێ ساڵی ڕابردوو، ڕوونی کردۆتەوە لە سێ ساڵدا چەند پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. دیوانی چاودێری دارایی دەڵێت: لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لەوەی پشکی هەبووە لە بودجە پارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، ئەمە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەخوێنرێتەوە، ڕوونیش نییە هەڵوێستی ئەنجوومەنی وەزیران چۆن دەبێت، ئایا بە ئاسانی تێدەپەڕێت یان هەڵوەستەی لەسەر دەکەن و بابەتەکە گەورە دەکەن و دەیکەنە بیانووێکی تر. دیوانی چاودێریی دارایی ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرێم لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پشکی خۆی پارەی وەرگرتووە، لەکاتێکدا بەغدا تەنها لەم ماوەیەدا شەش مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە. پڕۆسە تەکنیکییەکان بەرەو کۆتایی دەچن؛ لیستی مووچەی مانگی یەک بێ کێشەیە و وەزارەتی نەوتیش نووسراوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت. هەرێمیش ئامادەکاریی کردووە بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتیی. پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تەمویلی مووچە بنێردرێت ئەگەر هیچ بەربەستێکی نوێ دروست نەبێت. ساڵی ڕابردوو هەولێر و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی نوێ کە تێیدا هەرێمی کوردستان ڕازیی بوو پشکی حکومەتی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتیی لە 50 ملیار دینارەوە بۆ 120 ملیار دینار زیاد بکات؛ لە بەرامبەردا بەغدا بەڵێنی ناردنی بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانی دا. بەڵام دەرکردنی ڕاپۆرتی نوێ لەلایەن دیوانی چاودێرییەوە، زۆرجار وەک ئامرازێکی فشار بۆ دواخستنی شایستە داراییەکان بەکارهێنراوە.
بۆچی 22 دەوڵەتی عەرەبی نەیانتوانیوە ئابڵوقەی سەر غەززە لاببەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە کورد خاوەنی دەوڵەت نییە و عەرەب 22 دەوڵەتیان هەیە، بەلام ئەوەی کورد بۆ کۆبانێی کرد لەماوەی هەفتەیەک، عەرەب نەیتوانیوە بە زیاتر لە 800 رۆژ بۆ غەززەی بکات. لە شەڕ و پەلاماری حکومەتی سوریا بۆ سەر هەسەدە، یەکگرتوویی و دەنگهەڵبرینی کورد وایکرد ئابڵوقەی کۆبانێ لە کەمتر لە هەفتەیەکدا هەڵبگیرێت و کاروانی هاوکارییەکان بگاتە شارەکە، بەڵام لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە غەزە ئابڵوقەی لەسەرە، کە ناوە ناوە کەمێک هەڵدەگیرت، کەچی عەرەب بە 22 دەوڵەتەوە نەیتوانیوە بەتەواوەی ئەو گەمارۆیە بشکێنێت. با کەمێک بە مێژوودا بچینەوە بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگەین. ساڵی 1973 کاتێک سوپای سوریا و میسر پەلاماری ئیسرائیلیاندا، توانیان گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدەن، بە ئامانجی ئەوەی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەیان لە ئیسرائیل وەربگرنەوە، وەک بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و نیمچە دورگەی سینای میسر، بەڵام بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، نەک نەیانتوانی وەریبگرنەوە بەڵکو جارێکی دیکە تێکشکان. بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و ئەوروپاوە، وڵاتانی عەرەبی بە کۆی گشتی ڕێککەوتن نەوت بەو وڵاتانە نەفرۆشن کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە لە جەنگەکەدا. ئەم بڕیارە وایکرد قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا دروست ببێت، لەدوای ئەم بڕیارەشەوە بە ناچاری ئیسرائیل بارودۆخی فەڵەستینی ئاسایی کردەوە و وازی لە فراوانخوازییەکانی هێنا. میسر ساڵی 1979 بڕیاریدا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت لەپێناو وەرگرتنەوەی خاکەکەی و دواتر لە ساڵی 1994 ئوردنیش بە ناچاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاشتیی واژۆکرد بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت رێڕەوی ئاویی خۆی لە دەریای سوردا بەکاربهێنێت. هەرچی سوریایە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسڕائیل وەربگرێتەوە و لە ڕێککەوتنی مانگی رابردووش لەگەڵ ئیسرائیل دەستبەرداری نزیکەی 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی بووە بۆ ئیسرائیل. لە ساڵی 2020 هەریەکە لە ئیماڕات، بەحرەین، مەغریب و سودان پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، عومانیش بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. ئەم جیاخوازی و پەرتەوازەییە وایکردووە عەرەب نەتوانێت گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و تا ئێستا نەیتوانیوە بڕیارێکی گشتگیر لە پێناو پاراستنی خەڵکی غەززە بدەن، کە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکرنە سەری. بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبییەوە؛ کورد توانیویەتی چەند جارێک بە یەکگرتن هاوکێشەکان بگۆڕێت و دوژمنەکانیان بشکێنن یان ناچاری گفتوگۆی بکەن. ساڵی 2014 کاتێک تیرۆرستانی داعش هێرشیانکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێزی پێشمەرگە توانی لەنێو خاکی تورکیاوە، کە گەورەترین نەیاری ڕۆژئاوای کوردستان بوو، خۆی بگەیەنێتە شاری کۆبانی و هاوکاریی شەڕڤانان بکەن لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش، ئەوەش یەکەم شکانی داعش بوو لەدوای دروستبوونییەوە. هەروەها ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشی حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە کوردی لە تەواوی جیهان یەکخست و بەم یەکگرتنەش توانییان سوپای سوریا ناچار بە گفتوگۆ بکەن و لە هێرشکردن بیانوەستێنن. هەروەها بەم یەکگرتنە کورد توانی نەک تەنها هێرشەکان بوەستێنێت، بەڵکو سۆزی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە تایبەتی لە دوای بڕینی کەزیەی شەڕڤانە کوردەکەوە کە بووە سیمبولی بەرخۆدانی ڕۆژاڤا.
ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی دەڵێ، بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، رۆژی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، چونکە بینینی مانگ لە ئێوارەی سێشەممە، 17ی شوباتدا "مەحاڵ" دەبێت. بەگوێرەی ناوەندەکە، زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی رۆژی سێشەممە، 17ی شوباتی 2026، چاودێریی بینینی مانگ دەکەن، بەڵام بەپێی هەموو پێوەرە فەلەکییەکان، بینینی مانگ لەو رۆژەدا لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی مەحاڵە، چ بە چاوی ئاسایی بێت یان تەلیسکۆپ. ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، هۆکاری نەبینینی مانگ لە 17-2-2026، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە مانگ پێش خۆرئاوابوون، یان هاوکات لەگەڵ خۆرئاوابووندا ئاوا دەبێت. بۆ نموونە: - لە جاکارتا، مانگ 6 خولەک پێش خۆر، ئاوا دەبێت. - لە ئەبووزەبی، مانگ یەک خولەک پێش خۆر، ئاوا دەبێت. - لە ریاز، مانگ 42 چرکە پێش خۆر، ئاوا دەبێت. - لە قاهیرە، مانگ تەنیا 2 خولەک دوای خۆرئاوابوون دەمێنێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا 1.3 پلە لە خۆرەوە دوورە، بینینی مەحاڵە. رۆژی سێشەممە، 17ی شوبات، خۆرگیرانێکی بازنەیی لە باشووری ئەفریقا و جەمسەری باشوور روودەدات، ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی مانگ لەو کاتەدا لەنێوان زەوی و خۆردایە و ناشێت ببینرێت. ناوەندەکە هۆشداری دەدات کە لەوانەیە هەندێک کەس بەهەڵە بانگەشەی بینینی مانگ بکەن، چونکە لەو ئێوارەیەدا هەسارەی ڤینۆس (زەهرە) لە نزیک شوێنی مانگ دەبێت و رەنگە لەگەڵ مانگی نوێ تێکەڵ بکرێت. کەی یەکەم رۆژی رەمەزانە؟ بەهۆی مەحاڵیی بینینی مانگ لە رۆژی سێشەممە، ئەو وڵاتانەی پشت بە بینینی راستەوخۆی مانگ دەبەستن، رۆژی چوارشەممە، 18ی شوبات، وەک تەواوکەری مانگی شەعبان دادەنێن و رۆژی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، دەکەنە یەکەم رۆژی رەمەزان. بەڵام ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 18ی شوبات، مانگ بە ئاسانی و بە چاوی ئاسایی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دەبینرێت، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر دوای خۆرئاوابوون لە ئاسماندا دەمێنێتەوە.
بە راستی ناتوانن فرمێسکی کچە شەڕڤان ببینن، بە ناچاری بە زیرەکی دەستکرد دروستیانکردووە. بەشێک لە میدیاکانی سوریا ئەم ڤیدیۆیەیان بڵاوکردووەتەوە کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و گوایە ئەمە کچە شەڕڤانە و بە گریانەوە دەڵێت: هیوام وایە حکومەتی سوریا دەست بەسەر رۆژهەڵاتی فورات بگرێت بۆ ئەوەی لە ئارامیدا بژین. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە..
هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دواین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (کۆشکی ئەلیزێ) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کردووە و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەلیزێ، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە. هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ، بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری بکرێن. لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت. دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن. هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکوومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. دەقى ڕتاگەیەندراوەکە.. سەرۆک بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە. سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی ڕۆل و هەڵوێستی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هینانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو ڕوویەکیشەوە شەراکەتی ئەمریکا و عیراق بەهیزتر بکرێت.
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند، تەواوی جموجۆڵەکانی "دوژمن" لە ناوچەکەدا لەژێر چاودێریی وردی هێزەکانیاندایە. فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانە" بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێک. ئەمیر حاتەمی هۆشداریی داوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر سەروەریی خاکی ئێران، ئەوا ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئیسرائیل دەکەونە مەترسییەوە. جەختیشی کردووەتەوە کە لە کاتی هەر هێرشێکدا، تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان. محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نیازی هێرشی سەربازیی بۆ سەر وڵاتەکەیان هەیە. ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر شەڕ ڕووبدات، تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە، بەڵکو تەواوی جوگرافیای ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند وێنەیەکی نوێی ئامادەکاری و ڕێکخستنی کەشتییە جەنگییەکانی لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ئامادەکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی سەربازیی ئەگەری بۆ سەر ئێران لێکدەدرێتەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سبەی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە. فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە دوای 2003، عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە. هەرچەندە سەرەتا 81 کەس سیڤی خۆیان بۆ کاندیدبوونی پۆستی سەرۆککۆماری پێشکەش کردبوو، بەڵام دواجار، رۆژی هەینی 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کۆتا لیستی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە 19 کەس پێکهاتبوون، بەڵام نەوزاد هادی، کە یەکێک بوو لە دوو کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کێبڕکێی خۆ کاندیدکردن کشایەوە؛ بۆیە ئێستا 18 کاندید لە کێبرکێیەکەدا ماونەتەوە. 18 کاندیدەکەی دیکە بریتین لە: 1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی 2-فوئاد محەممەد حوسێن بەکی 3- نزار محەممەد سەعید محەممەد 4-شوان حەوێز فەریق نامیق 5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد 6-حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری 7-نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا 8-ئاسۆ فەرەیدوون عەلی 9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی 10- سەباح ساڵح سەعید 11-ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی 12-سەردار عەبدوڵڵا مەحموود 13-موسەننا ئەمین نادر 14- خالید سدیق عەزیز محەمەد 15-ئازاد مەجید حەسەن 16-رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا 17-سالم حەواس عەلی ساعدی 18-لەتیف محەممەد جەمال رەشید
