ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی دەڵێ، بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، رۆژی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، چونکە بینینی مانگ لە ئێوارەی سێشەممە، 17ی شوباتدا "مەحاڵ" دەبێت. بەگوێرەی ناوەندەکە، زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی رۆژی سێشەممە، 17ی شوباتی 2026، چاودێریی بینینی مانگ دەکەن، بەڵام بەپێی هەموو پێوەرە فەلەکییەکان، بینینی مانگ لەو رۆژەدا لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی مەحاڵە، چ بە چاوی ئاسایی بێت یان تەلیسکۆپ. ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، هۆکاری نەبینینی مانگ لە 17-2-2026، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە مانگ پێش خۆرئاوابوون، یان هاوکات لەگەڵ خۆرئاوابووندا ئاوا دەبێت.  بۆ نموونە: -   لە جاکارتا، مانگ 6 خولەک پێش خۆر، ئاوا دەبێت. -   لە ئەبووزەبی، مانگ یەک خولەک پێش خۆر، ئاوا دەبێت. -   لە ریاز، مانگ 42 چرکە پێش خۆر، ئاوا دەبێت. -   لە قاهیرە، مانگ تەنیا 2 خولەک دوای خۆرئاوابوون دەمێنێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا 1.3 پلە لە خۆرەوە دوورە، بینینی مەحاڵە. رۆژی سێشەممە، 17ی شوبات، خۆرگیرانێکی بازنەیی لە باشووری ئەفریقا و جەمسەری باشوور روودەدات، ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی مانگ لەو کاتەدا لەنێوان زەوی و خۆردایە و ناشێت ببینرێت. ناوەندەکە هۆشداری دەدات کە لەوانەیە هەندێک کەس بەهەڵە بانگەشەی بینینی مانگ بکەن، چونکە لەو ئێوارەیەدا هەسارەی ڤینۆس (زەهرە) لە نزیک شوێنی مانگ دەبێت و رەنگە لەگەڵ مانگی نوێ تێکەڵ بکرێت. کەی یەکەم رۆژی رەمەزانە؟ بەهۆی مەحاڵیی بینینی مانگ لە رۆژی سێشەممە، ئەو وڵاتانەی پشت بە بینینی راستەوخۆی مانگ دەبەستن، رۆژی چوارشەممە، 18ی شوبات، وەک تەواوکەری مانگی شەعبان دادەنێن و رۆژی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، دەکەنە یەکەم رۆژی رەمەزان. بەڵام ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 18ی شوبات، مانگ بە ئاسانی و بە چاوی ئاسایی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دەبینرێت، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر دوای خۆرئاوابوون لە ئاسماندا دەمێنێتەوە.

بە راستی ناتوانن فرمێسکی کچە شەڕڤان ببینن، بە ناچاری بە زیرەکی دەستکرد دروستیانکردووە. بەشێک لە میدیاکانی سوریا ئەم ڤیدیۆیەیان بڵاوکردووەتەوە کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و گوایە ئەمە کچە شەڕڤانە و بە گریانەوە دەڵێت: هیوام وایە حکومەتی سوریا دەست بەسەر رۆژهەڵاتی فورات بگرێت بۆ ئەوەی لە ئارامیدا بژین. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە..  

هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دواین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (کۆشکی ئەلیزێ) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کردووە و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەلیزێ، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە. هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری.  ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ، بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری بکرێن. لە قۆناغی یەکەمدا  فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت. دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن. هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکوومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو.  دەقى ڕتاگەیەندراوەکە.. سەرۆک بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە. سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی ڕۆل و هەڵوێستی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هینانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو ڕوویەکیشەوە شەراکەتی ئەمریکا و عیراق بەهیزتر بکرێت.

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند، تەواوی جموجۆڵەکانی "دوژمن" لە ناوچەکەدا لەژێر چاودێریی وردی هێزەکانیاندایە. فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانە" بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێک. ئەمیر حاتەمی هۆشداریی داوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر سەروەریی خاکی ئێران، ئەوا ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئیسرائیل دەکەونە مەترسییەوە. جەختیشی کردووەتەوە کە لە کاتی هەر هێرشێکدا، تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان. محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نیازی هێرشی سەربازیی بۆ سەر وڵاتەکەیان هەیە. ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر شەڕ ڕووبدات، تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە، بەڵکو تەواوی جوگرافیای ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند وێنەیەکی نوێی ئامادەکاری و ڕێکخستنی کەشتییە جەنگییەکانی لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ئامادەکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی سەربازیی ئەگەری بۆ سەر ئێران لێکدەدرێتەوە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سبەی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە. فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد،  سبەی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە دوای 2003، عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە. هەرچەندە سەرەتا 81 کەس سیڤی خۆیان بۆ کاندیدبوونی پۆستی سەرۆککۆماری پێشکەش کردبوو، بەڵام دواجار، رۆژی هەینی 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کۆتا لیستی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە 19 کەس پێکهاتبوون، بەڵام نەوزاد هادی، کە یەکێک بوو لە دوو کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کێبڕکێی خۆ کاندیدکردن کشایەوە؛ بۆیە ئێستا 18 کاندید لە کێبرکێیەکەدا ماونەتەوە. 18 کاندیدەکەی دیکە بریتین لە:  1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی 2-فوئاد محەممەد حوسێن بەکی 3- نزار محەممەد سەعید محەممەد 4-شوان حەوێز فەریق نامیق 5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد 6-حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری 7-نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا 8-ئاسۆ فەرەیدوون عەلی 9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی 10- سەباح ساڵح سەعید 11-ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی 12-سەردار عەبدوڵڵا مەحموود 13-موسەننا ئەمین نادر 14- خالید سدیق عەزیز محەمەد 15-ئازاد مەجید حەسەن 16-رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا 17-سالم حەواس عەلی ساعدی 18-لەتیف محەممەد جەمال رەشید

بارەگاى بارزانى دەلێت: ڕۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام درا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و هەنگاوەکانی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات كرا. هەروەها جەخت لە چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە. ڕاگەیەندراوەکە... ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی  2026، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام درا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەکای سووریا و هەنگاوەکانی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات كرا. هەروەها جەخت لە چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، سکاڵای یاساییان دژی ئەو کەسانە تۆمار کردووە، کە "بێڕێزی" بە ئیسلام دەکەن. بەرپرسێکی یاسایی حیزبەکە دەڵێت، بە ڤیدیۆ بەڵگەکانیان داوەتە داواکاری گشتی. رووپاک ئەحمەد، سەرۆکی بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە فەرمی سکاڵامان دژی هەموو ئەو کەسانە تۆمار کرد، کە بێڕێزی بە پێغەمبەری خوا (د. خ) و پیرۆزییەکانی ئاینی ئیسلام دەکەن." لەبارەی ئەوەی کەسێکی دیاریکراو هەیە سووکایەتیی کردبێت یان بە تایبەت سکاڵایان دژ تۆمار کردبێت و بەڵگەیان هەبێت، سەرۆکی بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، "سکاڵاکە لەسەر چەند کەسێکە نەک یەک کەس، بەڵگەکان خراونەتە سەر سیدی و رادەستی داواکاری گشتی کراون." لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کردووە، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاندووە، "داواکارین رێکاری یاسایی بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەس و لایەن و دەزگایانەی لە رۆژانی رابردوودا بێڕێزییان بەرامبەر خودا، پێغەمبەری خودا و پیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە و بوونە هۆی نیگەرانیی قووڵ و فراوانی موسڵمانان." راگەیێندراوەکەی کۆمەڵی دادگەری بەناوی مەکتەبی سیاسییەوە ئاراستەی داواکاری گشتی کراوە، تێیدا هاتووە، "هێرشی ناڕەوا کراوەتە سەر مزگەوت و زانایانی ئایینی، ئەمەش پێچەوانەی مادەکانی 2 و 17 و 37ی دەستووری عێراقە." بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دژی رۆژئاوای کوردستان، چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، ئەو حیزبە پێیوایە، لە کاردانەوەی خەڵکدا دژی سوپای عەرەبیی سووریا، "سووکایەتی" بە ئاینی ئیسلام کراوە.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دواخرا. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، رێژەی ئاسایی بۆ دانیشتنەکە تەواو نەبووە و لەگەڵ پارتی رێککنەکەوتوون و دوو کاندیدی جیاوازیان بۆ پۆستەکە دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لایەنە شیعەکان سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی شوباتی 2026، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دانیشتنە دیاریکراوەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە ناچێت و بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە. سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنی دانیشتنەکە پەیوەندی بە تەواونەبوونی رێژەی یاسایی (نیصاب) ئامادەبووانی پەرلەمانەوە هەیە، بەو پێیەی لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران.  بەپێی دەستووری عێراق، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادە بن. کێبڕکێی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە و تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر بەربژێرەکانیان سوورن. لەلایەکی دیکەوە، 52 پەرلەمانتار لە نووسراوێکدا داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە پابەندی وادەی دانیشتنەکە بن. یوسف کلابی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دواخستنەکە (لە 27ی مانگەوە بۆ ئەمڕۆ) لەسەر داوای پارتی و یەکێتی بوو، بۆیە داوا لەو دوو لایەنە دەکەین وەک رێزێک بۆ عێراق و گەلەکەی ئەم پرسە پێش یەکشەممە یەکلایی بکەنەوە." کلابی هۆشداری دا ئەگەر رێکنەکەون، ئەوا هەریەکە و بە بەربژێری خۆی دەچێتە پەرلەمان و "ئەوکات پڕۆسەی دەنگدان تووشی ئاڵنگاری دەبێت."

مارک ساڤایا وەڵامی راپۆرتەکەی رۆیتەرزی دایەوە و دەڵێت، لە ئەرکەکەم وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوامم. ساڤایا دەشڵێت، دوێنێ شەممە سەرۆک ترەمپ پێداچوونەوەی بە ئەگەری وەرگرتنی پۆستەکە و پێدانی بە تۆم باراک کردووە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە. مارک ساڤایا لە (X) دەنگۆکانى رەتکردەوە: • وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوامم لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانم • بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەمەوە لەسەر پۆستەکەم بڵاوبوونەتەوە  • وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بەردەوامم لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانم • دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ دەستی کرد بە تاوتوێکردنی ئەگەری راسپاردنی 'تۆم باراک' بە دۆسییەی عێراق • باراک خاوەنی ئەزموونێکی فراوانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شارەزاییەکی قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە • لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە • ئەرکەکە بە سەرپەرشتی من بەردەوام بێت یان باراک، ئامانجەکە نەگۆڕە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات لە عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی سیستماتیك و پشتیوانیکردنی گەلی عێراق بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و گەشەسەندوو

نورەدین ئەحمەد ناسراو بە ئەبو عومە خانیکە، لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە ئەندازیاری میکانیک و کارەبا لە زانکۆی دیمەشق. لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2012 وەک ئەندازیار لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە، کاتێک رژێمی لابراو لە کارەکەی دوورخستەوەتەوە  و بەهۆی بەشداریکردنی لەو خۆپیشاندانانەی کە داوای روخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدیان دەکرد. دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە  کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت

عەلی خامنەیی، ڕیبەری باڵای شۆڕشی ئیلامی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند؛  دەبێت ئەمریکییەکان بزانن، ئەگەر ئەمجارە شەڕ لە دژمان هەڵگیرسێنن دەبێتە جەنگ لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی وڵاتەکەی، سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ رایگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکەین، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە." خامنەیی هۆشداریی دایە ئەمریکییەکان و گوتی: "پێویستە بزانن ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن، ئەمجارە تەنیا لە سنوورێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی و سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە." هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ قسەکانیان جدی نییە و گوتی: "ئەوەی باس لە بژاردەی سەربازی و فڕۆکە و کەشتی دەکەن، تەنیا قسەیە. لە رابردوودا چەندینجار وتوویانە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام ئەمانە قسەی جدی نین."

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە      1-2-2026 کەش / کەشی ئەمڕۆی ناوچەکەمان بە گشتی ئاسمان بەردەوام  نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە بارانی پچڕ پچڕ لە سەر ناوچە جیاجیاکان , باران بارین بە شێوەی نمە باران لە سەر ناوچە شاخاوییەکان لە هەندێ کاتدا دەبێت, لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفرێکی کەمی دەبێت .سەنتەری پارێزگاکان بەردەوام ئاسمانی هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە باران لە هەندێ کاتدا .   خێراى با / مامناوەند ( 10– 20) کم/ک  هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 20 کم لە کاتژمێرێکدا . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت  پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلەی سیلیزی   بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی   هەولێر : 13 پلەی سیلیزی  پیرمام : 10  پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  2 پلەی سیلیزی    سلێمانی :  12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ :  12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی  دهۆک : 13 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 11  پلەی سیلیزی سبەى دوو شەممە     ‌ 2-2-2026 لە کاتەکانی بەیانی تا نیوەڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ دروست بوونی تەم لەسەر ناوچە شاخاویەکان .لە دوای نیوەڕۆ ئەگەری نمە باران لە سەر هەندێ ناوچەی جیا جیا دوبارە دەست پێدەکاتەوە , لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاویە بەرزەکان  ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان لە 2000 مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە بەفرێکی کەمی دەبێت . سەنتەری پارێزگاکان نمە بارانێکی کەمی دەبێت لە هەندێ کاتی دوای نیوەڕۆ .  خێراى با / مامناوەند   ( 5 – 15 ) کم/ک . پلەی گەرما/ بەرز دەبێتەوە بە (1-2) پلەی سیلیزی  ئاراستەی با/باشووری ڕۆژهەڵات  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 15 پلەی سیلیزی پیرمام : 12  پلەی سیلیزی سۆران : 8 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران :  4 پلەی سیلیزی      سلێمانی :  13 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 14 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی  دهۆک : 12  پلەی سیلیزی زاخۆ  : 13  پلەی سیلیزی ئاکرێ : 13  پلەی سیلیزی تێبینی / لە ماوەی ئەم هەفتەیە پێشبینی  بۆ ڕۆژانی سێ شەممە چوارشەممە پێنج شەممە هەینی بەردەوام ئاسمان نیمچە هەور دەبێت .رۆژی سێ شەممە نا جێگیری لە کەشی ناوچەکەمان زیاد دەکات باران بارین زۆربەی ناوچە جیا جیاکان دەگرێتەوە بە ڕێژەی جیاجیا  لەگەڵ نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژی دووشەمە  . هاوکات لەگەڵ باران بارین هەورە تریشقەش دەبێت .

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004ـدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و شەهیدانی ئەو رۆژەی بە "سیمبوولی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی کوردستان" وەسف کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بۆ یادی شەهیدانی یەکی شوبات بڵاوکردەوە و دەڵێت: بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. ئەمڕۆ یەکشەممە 1-2-2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ـی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە؛ باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

مەسرور بارزانی دەڵێت، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، جەخت دەکاتەوە، "سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕاگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق." بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی شوباتی 2026،  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی 'شەهیدانی یەکی شوبات' لە هەولێر بەڕێوەچوو.  لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکانی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامن، بەڵام وەک خۆی گوتی "تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن".  مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پێکهێنانی کابینەی دەیەم و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار "دوو پرسی جیاوازن و پێموایە نابێت تێکەڵ بکرێن." گوتیشی "هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لە سەرتاسەری عێراق کراوە دوو پرسی جیاوازن و پێموا نییە تێکەڵ بکرێن یان هیچ لە بابەتەکان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای هەردوو لایان دەکەین." هەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا چووە، گوتوومانە پێویستە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت و رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئێمە هەر لەسەر ئەو بیرۆکەی خۆمان بەردەوامین، ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبن بە رێگە بۆ دروستکردنی کابینەی حکوومەت." لەبارەی سەردانەکەی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە، سەرۆکی حکوومەت ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکە و سەرۆک بارزانی دەکەن و دواتر بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسەکان دەدەن.  سەرۆکی حکوومەت لە 22ـەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، رایگەیاند "هیوادارین ئەم نەهامەتانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێن، بەداخەوە ئەمە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕزگاریخوازی کوردستان." مەسرور بارزانی لەم بۆنەیدا جەختی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد کردەوە و گوتی، "دەبێت (رووداوە تیرۆریستییەکە) ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێت ئێمە یەکگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان."