سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، پرسی سەرۆککۆمار و مووچەی کرد.   مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو هیوای خواست کە چیدیکە نەهامەتی بەسەر کورددا نەیەت، بە پێویستیشی زانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان یەکهەڵوێست بن. لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئەو پرسە "رێکنەکەوتووین مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان : * تاكەلایەنێك مافی ئەوەی نییە كە زۆرینەشی نەبێت بلێت تەنها من كاندیدی سەرۆك كۆمار دیاری دەكەم. * حزبێك ناتوانێت پۆستێك قۆرغ بكات، ئەگەر هەڵبژاردنی بردووەتەوە ئەوە مافی خۆیەتی. دوو پێشنیاز هەیە  بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار:  🔹 یان پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێك بكات و لەو (9) كاندیدەی خۆیان بەربژێر كردووە كامیان زۆرینەی هێنا ببێتە كاندیدی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. 🔹 یان ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكە *پارتی زۆرینەی دەنگی كوردستانی بەدەستهێناوە مافی خۆیەتی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریبكات. * ئەگەر واز لەم مافە بهێنێت تەنها بۆ كاندیدێك دەبێت كە كۆدەنگی نیشتمانی لەسەربێت و كاندیدی هەموو خەڵكی كوردستان بێت نەك تاكە لایەنێك. * بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم هەوڵی زۆمان داوە بەڵام بەداخەوە لایەنەكان نەهاتوونەتە پێشەوە. * لەگەڵ یەكێتی هەناگوی باشمان بڕی بەڵام دواتر نەهاتنە پێشەوەو كێشە بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست بوو. * گفتوگۆكان بەردەوامن بەڵام بنەمایەك هەیە و دەبێت رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵك بگیرێ و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگیرێ. * ناكرێت تۆ هەڵبژاردن بكەیت و دواتر رێز لە ئەنجامەكانی نەگریت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەری نمەباران و تەم هەیە. کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات کەشی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-2-2026،  لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ ناوچە شاخاوییەکان بە گشتی پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە بەشەکانی رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایە ئەگەری نمە بارانێکی کەم هەیە بەڵام دوای نیوەڕۆ ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ دروست بوونی تەم لە شەودا. ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران ئاسمانی نیمچە هەور دەبێت لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمە باران هەیە لە دوای نیوەڕۆ باران بارین کۆتای دێت ئاسامان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت . هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی راپەڕین و بەشەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئیدارەی گەرمیان ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لە ناوچەی جیا جیا، لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری باران بارین کۆتای دێت لەم ناوچانە بەڵام بە هۆی زیاد ڕادەی شێ لە هەوادا ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە لە هەندێ ناوچە لە ئێوارەو شەودا ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە. بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ  هەولێر : 17 پلەی سیلیزی  پیرمام : 13 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 6 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی  دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ : 16 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 16 پلەی سیلیزی کەسناسیی هەرێم پێشبینی دەکات کەشی سبەى پێنجشەممە، ‌ 5-2-2026، بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێ لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ دروست بوونی تەم لە هەندێک کاتدا.هەروەها پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی هەولێر : 17 پلەی سیلیزی پیرمام : 13 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 6 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 15 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی  دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 16 پلەی سیلیزی

چەند کەس کوژران و چۆن ئینتەرنێت گەڕایەوە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی لیستی فەرمیی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی حکوومەتی ئێران، شەپۆلێکی نوێی کاردانەوەی لە نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. ئێران دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکاندا سێ هەزار و 117 کەس کوژراون کە زیاد لە دوو هەزاریان لە هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ئامارە بە ناڕاست ناوزەد دەکەن و بە هەوڵێکی تارانی دەزانن بۆ شاردنەوەی ژمارەی راستەقینەی قوربانیان. ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا، HRANA) ڕایگەیاند، تا 1ی شوباتی ٢٠٢٦، گیانلەدەستدانی شەش هەزار و ٨٤٢ کەسیان پشتڕاستکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە حاڵەتی زیاتریش هێشتا بەردەوامە.  لە لێکۆڵینەوەکانی کەناڵی "بی بی سی"دا هاتووە، بەشێک لە بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێ کراوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا بە ئاشکرا پێدانەوەی تەرمەکانیان ڕەتکراوەتەوە، بۆ ئەوەی زانیاری وردتر لەسەر ژمارە و بڕی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵانە بڵاو نەکرێتەوە.  هەر لەو چوارچێوەیەدا، قەیرانی ئینتەرنێت وەک یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی ناوخۆی ئێران، هەڵایەکی گەورەی ناوەتەوە. دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت، لە ئێستادا هاوڵاتیان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی فلتەر شکێن و ئامرازە بەدیلەکانەوە پەیوەندی بە یەکتر و تۆڕە جیهانییەکانەوە بکەن.  کۆمپانیای سایفۆن دەڵێت: ژمارەی بەکارهێنەرانی پەیوەستبوو لە ناوخۆی ئێرانەوە بە هاوکاری فلتەرشکێنی سایفۆن، گەیشتووەتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس و لانیکەم دوو ملیۆن کەسیش لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی کۆندۆیت “Conduit”ەوە دەستیان بە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر گەیشتووە، کە پشت بە بەشداری بەکارهێنەران لە دەرەوەی وڵات دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر، بەبێ ئەوەی پێویستی بە سێرڤەری ناوخۆیی هەبێت. لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز وا بڕیارە ڕۆژی هەینی هەریەکە لە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی دیپلۆماسیەتی نێوان هەردوو وڵات، لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە.  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی بەرامبەر ئێران کردووە و لە نوێترین لێدوانیشیدا گوتی، بە هیوای ئەوەیە دانوستانەکانی رۆژی هەیینی بەرهەمدار بن، چونکە ئەگەر وا نەبن، ڕەنگە ڕووداوی خراپ ڕووبدات. لە ئێستادا گوتاری رژێمی ئێران بەرامبەر ئەمریکا گۆڕاوە و عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای وڵاتەکە رایگەیاند، ئەمجارە جەنگ هەڵبگیرسێت جەنگێکی هەرێمیی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بەو مانایەی کە وڵاتانی دراوسێی ئێران تێوەدەگلێن و ڕەنگە ئێران هێرشبکاتە سەر چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆکئەرکانی سوپای ئێرانیش هەڕەشەی کرد و گوتی، لە جەنگی ئەمجارەدا ئێرانکی بەهێزتر دەبینن و ئاگری جەنگ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەسووتێنێت. 

دەزگای ئاسایشی هەرێم: لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان بەهۆی خراپ مامەڵە کردن لەگەڵ کەسانی بەرامبەردا لە تۆڕە کۆمەڵەتییەکان تۆمەتبار (ڕێکاری حاجی عەلی) بە گوێرەی مادەی دووی یاسای خراپ بەکار‌هێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر کرا. دەزگای ئاسایشی هەرێم: تۆمەتبارێکی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیر کرا دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، بە تۆمەتی مامەڵەی نەشیاو و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن،  هاووڵاتییەکیان، بە ناوی رێکاری حاجی عەلی دەستگیر کردوە. ئاماژەیان بەوەکردوە، دوای بڵاوبونەوەی چەند گرتەڤیدیۆیەکی تۆمەتبار لەتۆڕەکۆمەڵاتییەکان، کە بەشێوەی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ کەسانی بەرانبەری دەکات، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان و بەدواداچوونەکانیان، شەوی رابردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی (2)لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.

بارەگاى بارزانى ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی شوباتی 2026،   پەیامێکی سەرۆک بارزانی، لەبارەی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.  لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە." پەیامێك لە سەرۆك بارزانی  بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە. هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت. خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن. مسعود بارزانی 4ی شوباتی 2026

 بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە: لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٠١/٢٥ لە ڕووداواێکی تاوانی کوشتنی سێ ئەندامی خانەوادەیەک لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچون کرا و لە ماوەیەکی کورتدا ، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکەمان ئاشکرا کرد،بەناوی ( أ ، أ ، ع )،لە لایەن  بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەرچوو.  تۆمەتباری ناو هاتو دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە ئۆتۆمبێلی ماڵی قوربانیەکان بە نیازبوو بەرە و شاری کەرکوک هەڵبێت، بەڵام لە لایەن هێزەکانمانەوە ڕێگری لێکرا و دوای ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هێزەکانمان بە بریندای دەستگیرمان کرد. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە..   دەقى ڕاگەیەندراوەکە دەستگیر کردنی ئەو تۆمەتباری سێ ئەندامی خانەوادەیەکی کوشت لەشاری هەولێر لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٠١/٢٥ لە ڕووداواێکی تاوانی کوشتنی سێ ئەندامی خانەوادەیەک لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچون کرا و لە ماوەیەکی کورتدا ، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکەمان ئاشکرا کرد،بەناوی ( أ ، أ ، ع )،لە لایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەرچوو. تۆمەتباری ناو هاتو دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە ئۆتۆمبێلی ماڵی قوربانیەکان بە نیازبوو بەرە و شاری کەرکوک هەڵبێت، بەڵام لە لایەن هێزەکانمانەوە ڕێگری لێکرا و دوای ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هێزەکانمان بە بریندای دەستگیرمان کرد. تۆمەتبار لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ناوە، کە خانەوادەی قوربانیەکان دەناسێت و بە بێ ئاگاداری و لە دەرنگانی شەودا چووەتە ژورەوە و ئەو تاوانەی ئەنجامداوە،هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکیەکان دەردەکەوێت کە تۆمەتبار نەخۆشی نەخۆشخانەی دەرونی شاری هەولێر بوە و نەخۆشی دەرونی درێژخایەنی هەیە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ئاراستەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ٣ی شوباتی ٢٠٢٦

بانکی ڕافیدەین ئەمڕۆ سێشەممە (3ی شوباتی 2026) دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی (حکومەتى عێراق) بۆ مانگی شوبات لە ڕێگەی شێوازی پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند. نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، "بانکەکە دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی شوبات لە ڕێگەی شێوازی پارەدانی ئەلیکترۆنیەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو خانەنشینانەی کە کورتە نامەیان پێدەگات دەتوانن بچن و لە هەر شوێنێک بن مووچەکانیان وەربگرن لەڕێگەی ئەو شوێنانەی کە پەسەندکراون بۆ ڕاکێشانى پارە". پێدانى مووچەی فەرمانبەران دوای سکاڵای ژمارەیەک خانەنشین دێت سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەکەیان لەم مانگەدا بە بەراورد بەو وادەیەی ڕاهاتبوون،  لەمانگەکانى ڕابردوودا. دابەشکردنى مووچەى مانگى دووى فەرمانبەرانى حکومەتى عێراق لەکاتێکدایە، هێشتا مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان هێشتا مووچەى مانگى یەکى ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو دوو موچەى (مانگى یانزەو دوانزە)ى ساڵى رابردووشیان وەرنەگرتووەو چارەنوسى دیارنییە. لەلایەکى دیکەوە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، "سودانی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری داوە بەردەوام دەبن لەسەر ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو مووچە خەرج بکرێت".

ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە ئەوەى ڕاگەیاند، لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لەکات و شوێنى جیاوازدا، هەشت شەڕڤانیان شەهیدبووەو گیانیان بەختکردوە  لە بەرپەرچدانەوە و ڕێگریکردن له هێرشەکانى  گروپە چەکدارەکانى  دیمەشق. هەروەها ئەوەش دەخەڕوو پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە شوێنپێیان بکەوین و بەردەوامی بە خۆڕاگریمان تا ئەو کاتەی کە بە خواستەکانی گەلەکەمان دەگەین ڕاگەیەندراوەکە.. ئێمه له هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)  شەهیدبوونى هەشت شەڕڤانمان ڕادەگەیەنین کە گیانیان بەختکردوە  لە بەرپەرچدانەوە و ڕێگریکردن له هێرشەکانى  گروپە چەکدارەکانى  دیمەشق لەو شوێن و کاتى جیاوازدا له باکور و ڕۆژهه ڵاتی سوریا گیانیان بەخشیوه. قوربانیدانی ئەو شەهیدانە بەرجەستەی ڕۆحی ڕاستەقینەی خۆڕاگرییە. ئەوان ئاڵاهەڵگری کەرامەت و بوون بوون، بەنرخترین کەلوپەلەکانیان پێشکەش دەکرد بۆ پاراستنی گەلەکەیان و دەستکەوتەکانیان. بەرخۆدانی قارەمانانەیان گوزارشت لە پابەندبوونی قووڵی ئەوانە بە هۆکارەکانی ئازادی و دادپەروەرییەوە دەکات و هیوای بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەمووان لە ژێر چەتری ئاسایش و ئاشتیدا بەرجەستە دەکەن. پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە شوێنپێیان بکەوین و بەردەوامی بە خۆڕاگریمان تا ئەو کاتەی کە بە خواستەکانی گەلەکەمان دەگەین و چێژ لەو ئازادی و ئاسایشە وەربگرین کە قوربانییان لە پێناودا داوە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە، دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سوریا دەنووسرێتەوە، ئەمەش ئیسرائیلی زۆر توڕە کردووە.  بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە ڕاپۆرتەکەدا "بەبێ ناوهێنان" ئاماژەیان پێکراوە؛ تەلئەبیب واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە ئاواتەخوازە سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەمەش پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووداوەکانی ئێستایە. بەم پێیەش توڕەیی ئیسرائیل تەنیا لە پرسی کورددا سنووردار نییە؛ بەڵکو گەیشتووەتە ناوەندە کاریگەرەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ.  بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، حکومەتەکەی نەتانیاهۆ، تۆم باراکی باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی ترەمپ بۆ سوریا بە لایەنگری تەواوەتی لە هەڵوێستی تورکیا دەزانێت، کە بە دوای دەوڵەتێکی ناوەندگەراییدا دەگەڕێت لە سوریادا.  بە ڕای چاودێرانیش ئیسرائیلییەکان جارێکی دیکە هاوتا ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکی سوریا قبوڵ ناکەن و دەستبەرداری پاراستنی دروزەکان نابن بەتایبەت ئەوانەی لە باشووری سوریادان، ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی دروزەکان لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان سازکرد و تێیدا ئاڵای کوردستان و ئیسرائیل و وێنەی نەتانیاهۆیان بەرز کردبووە و داوای سەربەخۆییان دەکرد.  لە هەوڵێکدا بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە و سەیرکردنەوەی هەموو ئەو داواکاریانە، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەی هاوبەشی میکانیزمی سوریا و ئیسرائیل کۆببێتەوە. پێش ئەوەش ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادارکردەوە کشانەوە بۆ هێڵی جیابوونەوە لە بەرزاییەکانی جۆلان ڕەت دەکاتەوە؛ تا ئەو کاتەی متمانەی لەگەڵ دیمەشقدا بۆ دروست دەبێت.  بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵیش، پێداگری ئەمریکا لە جاران زیاترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا و بەتایبەتیش بۆ ڕێگریکردن لە داعش و سەرلەنوێ خۆ ڕێکخستەوەیان.  ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە ئەمریکا پشتی لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە و لە پێناوی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیدا پشتگیریی لە دیمەشق و گروپە چەکدارەکان دەکات، بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی ئەو پشتیوانیکردنە ڕەچاو بکات لەسەر بارودۆخی سوریا و چارەنووسی پێکهاتەکانی، کە لەوپەڕی نائارامی و پشێویدا دەژین.

دیپلۆماتکارێکی ئێرانی رایدەگەیەنێت، سازش لەسەر توانا مووشەکییەکانیان ناکەن؛  هۆشداری دەداتە ئەمەریکا کە وڵاتەکەی بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە و چاوەڕێی جددییەتی واشنتن دەکەن. سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک دانوستان لەسەر توانا مووشەکییەکانیان ناکەن. گوتیشی: تاران نە بە گەشبینی و نە بە رەشبینییەوە سەیری گفتوگۆکان ناکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە توانا بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەی دانوستان نین و بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەن. سەرچاوەکە گوتیشی: دەبێت ببینین ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەنیازە دانوستانی جددی و ئامانجدار ئەنجام بدات یان نا. هاوکات سەرچاوە ئێرانییەکان باسیان لەوە کردووە، ترەمپ هەوڵ دەدات بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران سنووردار بکات، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، پایەیەکی سەرەکییە بۆ بەرگریی وڵات. دوێنی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێران بڵاوی کردبووە، ئێران هەوڵ دەدات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە 12 رۆژ جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان و شارەزایانی ئەتۆمی کوژران و بنکە ئەتۆمییەکانیش بە ئامانج گیران، نەرمی بنوێنێت. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئامادەن 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم رادەستی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکەن. هاوکات ئاماژەشی دابوو، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە تورکیا کۆببنەوە.

جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا،  جەختی لەسەر گرنگییە ستراتیژییەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردەوە. بارۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە گەرەنتییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوامیدان بە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "حەدەس"ـی سعوودی،  ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و "هەسەدە" زۆر گرنگە بۆ پاراستنی زیندانییانی داعش و ڕێگری لەهەر هەوڵێکی ڕاکردن کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا دەکات. جان نۆوێل بارۆ، دەشڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی فەڕەنسا دەکات. لە ڕوانگەی پاریسەوە، هەر ناسەقامگیرییەک لەو ناوچانەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و فەڕەنسا دەبێت، بەتایبەت لە دۆسیەی چەکدارە بیانییەکان و مەترسییەکانی تیرۆری نێودەوڵەتی." بەگوتەی بارۆ، پێویستە بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و "هەسەدە" بە شێوەیەکی کارا جێبەجێ بکرێن، بەڵکو دەبێت هەماهەنگییە مەیدانییەکان بە وردی ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی ئەمنی دروست نەبێت. بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی ناوچەکە بکات، ئامانجی سەردانەکەشی بریتییە لە دڵنیابوونەوە لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و چاودێریکردنی پابەندبوونی لایەنەکان بەو بەڵێنانەی کە داویانە، ئەمەش نیشاندەری بایەخی باڵای فەڕەنسایە بۆ ئەم دۆسیەیە.

جەمال کۆچەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە پێویستى دەزانێت حکومەتى هەرێمى کوردستان بەزوویى داهاتى نانەوتى ڕەوانە بکرێت هەموو 17ـى مانگێکیش لیستى مووچە بنێردرێت بۆ ئەوەى بەغداد بیانوو نەهێنێتەوە. جەمال کۆچەر گلەیى لە درەنگ ناردنى لیستى مووچە کرد و دەپرسێت "بۆچى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى 1ـى لە 27ـى مانگى ڕابردوو نارد و پێشتر نەینارد؟". ناوبراو بە کەناڵ8ـى گوت "نابێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى بەغداد بکات تاوەکو داواى ناردنى داهاتى نانەوتى لێبکات و دەبێت زوو داهاتەکە بنێرێت بۆ بەغداد بۆ ئەوەى پێدانى مووچە تووشى کێشە نەبێت". لەبارەى مووچەى مانگى یەکەوە، جەمال کۆچەر دەڵێت تاوەکو ئێستا لە عێراقیش مووچەى هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان دابەشنەکراوە و هۆکارەکەشى نەبوونى پارەى نەختینەیە.

سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە و باسی مافەکانی گەلی کوردیان لە سووریای نوێدا کرد.  سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، ئەحمەد شەرع پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە کۆشکی گەل کرد.  وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع "جەختی لە پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا". بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکەش پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ بەهێزکردنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان".  شاندەکە دوێنێ دووشەممەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.  شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەسەکە و چەند ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسەیە.  ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە؛" هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی. لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، ناسنامەی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە." یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووریا بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.

لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ. هێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 125 ئەندام پێکهاتووە؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی قامشلۆی سەر بە هەسەدە، چوونەتە نێو شارەکە.  وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە کاتی هاتنی هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە، قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە قامشلۆ و دەوروبەری راگەیەنراوە.  شڤان عابد، نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، لە کاتی پێشوازیکردنی لە هێزێکی سوپای سووریا لە قامشلۆ، شەڕڤانان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە و دروشمی بژی بەرخودانا ڕۆژئاوای کوردستانیان دەگوتەوە. گوتیشی: هیچ چەکێکی قورس لە نێو شار و دەوروبەر نابینرێت، هاوکات ئەمڕۆ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا نەبووەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، (02ـی شوبات)، هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیەنراوە؛ هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە نێو هەردوو شاری حەسەکە و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.  مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە (سەر بە دیمەشق) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەنگاو بە هەنگاو هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن. 

تۆڕی هاوپەیمانی19 (سەنتەری میترۆ سەپەرشتی دەكات)، لە كانونی دووەمی 2026، چاودێری (113) چالاكی مەدەنیی ئاشتیخوازانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، كە رێژەی (86%)ی بۆ پشتیوانی كۆمەڵگەی رۆژئاوای كوردستان و ناڕەزایی دەربڕین بوون بەرانبەر هێرشەكانی سوپای سوریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و زیانگەیاندن بە دانیشتوانی مەدەنی ئەو ناوچانە. ئەو چالاكییە مەدەنییانەی تۆڕی هاوپەیمانی19، چاودێری كردوون بریتی بوون لە: (77)گردبوونەوە، (17) رێپێوان، (16) كۆنگرەی رۆژنامەوانی، (2) شەقام داخستن، (1) مانگرتن. چالاكییەكان بە پێی شوێن: (47)چالاكی لە سلێمانی بە رێژەی (42%)، (24) چالاكی لە هەولێر بە رێژەی (21%)، (9) چالاكی لە دهۆك بە رێژەی (8%)، (6) چالاكی لە هەڵەبجە بە رێژەی (5%)، (15) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین بە رێژەی (13%) ،  ( 8 ) چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە رێژەی (7%)، (4) چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رێژەی (4%) بووە. جۆری داخوازییەكان: (98) خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان بووە كە رێژەی(86%)ی چالاكییەكانی پێكهێناوە، (2) خزمەتگوزاری (2%)، (1) مووچە (1%)، (1) مافی خاوەن پێداویستی تایبەت (1%)، (1) مافی خوێندكار (1%)، (1) سەروەری یاسا (1%)، ( 8 ) داخوازی جیاجیا بوون (7%)، (1) بۆ مافی ئاژەڵان(1%). تۆڕی هاوپەیمانی19 لە چاودێری كردنی خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی سەدان هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت: ئاڵای كوردستان دیمەنی خۆپیشاندانەكانی داپۆشیبوو نەك ئاڵای حزبەكان، هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی تێدا نەبوو و هێزی ئەمنی ئەركی پاراستنی چالاكییەكانیان بە سەركەتووی ئەنجامدا. هەروەها، چاودێرانمان لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ جۆرە دەستدرێژییەكیان بۆ سەر ژنان و كچان تۆمار نەكردووە، گوتاری رقاویش لە ئاستێكی زۆرلاواز بوو و گەر هەستی پێكرابێت پەیوەندی بەگوتاری خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە، پارستنی ژینگە و بەشداری ژنان و گەنجان لەئاستێكی باڵا بوو. تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.