نورەدین ئەحمەد ناسراو بە ئەبو عومە خانیکە، لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە ئەندازیاری میکانیک و کارەبا لە زانکۆی دیمەشق. لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2012 وەک ئەندازیار لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە، کاتێک رژێمی لابراو لە کارەکەی دوورخستەوەتەوە و بەهۆی بەشداریکردنی لەو خۆپیشاندانانەی کە داوای روخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدیان دەکرد. دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت
عەلی خامنەیی، ڕیبەری باڵای شۆڕشی ئیلامی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند؛ دەبێت ئەمریکییەکان بزانن، ئەگەر ئەمجارە شەڕ لە دژمان هەڵگیرسێنن دەبێتە جەنگ لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی وڵاتەکەی، سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ رایگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکەین، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە." خامنەیی هۆشداریی دایە ئەمریکییەکان و گوتی: "پێویستە بزانن ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن، ئەمجارە تەنیا لە سنوورێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی و سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە." هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ قسەکانیان جدی نییە و گوتی: "ئەوەی باس لە بژاردەی سەربازی و فڕۆکە و کەشتی دەکەن، تەنیا قسەیە. لە رابردوودا چەندینجار وتوویانە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام ئەمانە قسەی جدی نین."
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە 1-2-2026 کەش / کەشی ئەمڕۆی ناوچەکەمان بە گشتی ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە بارانی پچڕ پچڕ لە سەر ناوچە جیاجیاکان , باران بارین بە شێوەی نمە باران لە سەر ناوچە شاخاوییەکان لە هەندێ کاتدا دەبێت, لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفرێکی کەمی دەبێت .سەنتەری پارێزگاکان بەردەوام ئاسمانی هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە باران لە هەندێ کاتدا . خێراى با / مامناوەند ( 10– 20) کم/ک هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 20 کم لە کاتژمێرێکدا . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلەی سیلیزی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 13 پلەی سیلیزی پیرمام : 10 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 2 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 13 پلەی سیلیزی زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی سبەى دوو شەممە 2-2-2026 لە کاتەکانی بەیانی تا نیوەڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ دروست بوونی تەم لەسەر ناوچە شاخاویەکان .لە دوای نیوەڕۆ ئەگەری نمە باران لە سەر هەندێ ناوچەی جیا جیا دوبارە دەست پێدەکاتەوە , لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاویە بەرزەکان ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان لە 2000 مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە بەفرێکی کەمی دەبێت . سەنتەری پارێزگاکان نمە بارانێکی کەمی دەبێت لە هەندێ کاتی دوای نیوەڕۆ . خێراى با / مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . پلەی گەرما/ بەرز دەبێتەوە بە (1-2) پلەی سیلیزی ئاراستەی با/باشووری ڕۆژهەڵات بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 15 پلەی سیلیزی پیرمام : 12 پلەی سیلیزی سۆران : 8 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 4 پلەی سیلیزی سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 12 پلەی سیلیزی زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 13 پلەی سیلیزی تێبینی / لە ماوەی ئەم هەفتەیە پێشبینی بۆ ڕۆژانی سێ شەممە چوارشەممە پێنج شەممە هەینی بەردەوام ئاسمان نیمچە هەور دەبێت .رۆژی سێ شەممە نا جێگیری لە کەشی ناوچەکەمان زیاد دەکات باران بارین زۆربەی ناوچە جیا جیاکان دەگرێتەوە بە ڕێژەی جیاجیا لەگەڵ نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژی دووشەمە . هاوکات لەگەڵ باران بارین هەورە تریشقەش دەبێت .
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004ـدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و شەهیدانی ئەو رۆژەی بە "سیمبوولی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی کوردستان" وەسف کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بۆ یادی شەهیدانی یەکی شوبات بڵاوکردەوە و دەڵێت: بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. ئەمڕۆ یەکشەممە 1-2-2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ـی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە؛ باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويهكى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.
مەسرور بارزانی دەڵێت، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، جەخت دەکاتەوە، "سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕاگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق." بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی 'شەهیدانی یەکی شوبات' لە هەولێر بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکانی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامن، بەڵام وەک خۆی گوتی "تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن". مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پێکهێنانی کابینەی دەیەم و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار "دوو پرسی جیاوازن و پێموایە نابێت تێکەڵ بکرێن." گوتیشی "هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لە سەرتاسەری عێراق کراوە دوو پرسی جیاوازن و پێموا نییە تێکەڵ بکرێن یان هیچ لە بابەتەکان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای هەردوو لایان دەکەین." هەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا چووە، گوتوومانە پێویستە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت و رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئێمە هەر لەسەر ئەو بیرۆکەی خۆمان بەردەوامین، ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبن بە رێگە بۆ دروستکردنی کابینەی حکوومەت." لەبارەی سەردانەکەی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە، سەرۆکی حکوومەت ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکە و سەرۆک بارزانی دەکەن و دواتر بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسەکان دەدەن. سەرۆکی حکوومەت لە 22ـەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، رایگەیاند "هیوادارین ئەم نەهامەتانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێن، بەداخەوە ئەمە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕزگاریخوازی کوردستان." مەسرور بارزانی لەم بۆنەیدا جەختی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد کردەوە و گوتی، "دەبێت (رووداوە تیرۆریستییەکە) ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێت ئێمە یەکگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان."
سوپای تورکیا بە 3 مەرج ئامادەیە لە خاکی سووریا بکشێتەوە. مەرجەکان بریتین لە: چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریا لە سەرانسەری وڵاتەکە، دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا، و لەناوبردنی ئەو "هەڕەشە تیرۆریستییانەی" کە لەسەر ئەنقەرە هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم مەرجانە بە فەرمی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕاگەیەندراون. تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەدا ئامادەیە سەربازانی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە لە ئێستادا تێیدا جێگیرن. سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی بێت. تورکیا تەنیا ڕازی دەبێت ئەو کەسانە بچنە ناو سوپاوە کە پێشتر لە "کردەوەی تیرۆریستی" نەگلاون. ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە ئەرکی پۆلیس و جەندرمەی تورکیا لە عەفرین کۆتایی هاتووە و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، چونکە حکومەتی سووریا دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانەی وەرگرتووەتەوە کە پێشتر تورکیا ئۆپراسیۆنی تێدا ئەنجامداون. لەگەڵ ئەوەشدا، سەربازانی سوپای تورکیا تاوەکو ئێستا لە بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
بارەگای بارزانی ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، جیا لە تاوتوێی بارودۆخی ئێستای سووریا، گفتوگۆیان لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی نێوان حکوومەت و هەسەدەیان کرد. یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی ئێوارەی رۆژی شەممە 31ی كانوونی دووەمی 2026، نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان و رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات و هەنگاوەكانی داهاتوو كرا. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، جەخت لە پێویستیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە و ئەوەش دووپاتكرایەوە كە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن تەنیا رێگەی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكان بێت.
ئیسرائیل چەند ناوچەی سوریای بەدەستەوەیە و سوریا چۆن ڕازیبووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لە ماوەی 25 ڕۆژدا نەخشەی سوریا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، لە لایەک بەشێکی زۆری خاکەکەی بۆ ئیسرائیل لەدەستداوە و لە لایەکی دیکەش خاکێکی زۆری ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی کۆنترۆڵ کردووە. لە دوای رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لەنێوان سوریا و ئیسرائیل لە پاریس، هەمووشتێک گۆڕا. هەر دوای ئەو رێککەوتنە بڕیاری هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر درا، بەڵام لە هەمان ڕێککەوتندا بەشێکی زۆری خاکی سوریا درا بە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق ناڕازیی بن لەسەری. لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای لە پارێزگای قونەیتەرە و دەرعای داگیرکرد و چیای جەبەل شێخیش کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، بە دەستی ئیسرائیلەوەیە، ئەمە جگە لە پارێزگای سوەیدا کە بەدەست دروزەکانەوەیە و هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلن. ئیسرائیل 59 ساڵیشە 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە. بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سوریا تەنها لەبارەی جەبەل شێخ ناکۆکی هەیە و دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە بکشێتەوە و بۆ ناوچەکانی دیکە سازشی کردووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو چیایەی بە هیڵی سوور داناوە و بە بەرپرسانی ئەمریکای گوتووە، لەوێ ناکشێنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها ماوەی مانگێکی داناوە بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون و رێککەوتنەکەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن. لە بەرامبەردا حکومەتی سوریا، لە شەشی مانگەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەستپێکرد و لەو ماوەیەدا دەستی گرت بەسەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب؛ پارێزگای دێرەزوور، رەققە و شارۆچکەی تەبقا. لە ئێستادا 80%ـی ئەو خاکەی 25 رۆژ لەمەوبەر بەدەست هەسەدەوە بوو، ئێستا حکومەتی سوریای تێدا جێگیرە، ئەمەش بە یارمەتی هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە بوو کە لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ چەکدارانی دیمەشق. سەرەڕای ئەو هەموو پیشێلکارییەی بەرامبەر کورد و شەڕڤانانیان کرد، کە زۆربەی رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان بە تاوانی جەنگی ناودەبەن، چەکدارانی دیمەشق نەیانتوانی تەنها یەک بستی خاکی رۆژاڤا داگیربکەن و تەنانەت گوندێکی کوردیش نەکەوتووەتە دەستیان. لە بەرامبەردا، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کە جگە لە بێدەنگی دیمەشق لەسەر ئەو ناوچانەی ئیسرائیل لە رۆژئاوای وڵاتەکەی داگیریکردوون، ڕازیشبووە بەوەی تا کۆتایی ساڵ باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە و بچێتە نێو رێککەوتنامەی ئیبراهیمییەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو ئەمانە بە فشاری ترەمپ لەسەر ئەحمەد شەرعە و دەیەوێت بەزووترین کات رێککەوتنەکە رابگەینرێت. بە چوونی سوریا بۆ نێو رێیکەوتننامەی ئیبراهیمی، وڵاتەکە دەبێتە پێنجەم وڵاتی عەرەبی دوای ئیمارات، مەغریب، بەحرەین و سودان کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە لەکاتێکدا بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە چەندین جار هەسەدەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئیسرائیل ناهێڵێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە پابەندبێت بەوەی كە نەبێتە وڵاتێكی خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ" کە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران لەبەرچاو بگرێت، جەختیشی کردەوە کە لادانی سزاکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ هەر لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری. عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ڕونیکردەوە کە ئێران "هیچ ڕۆژێک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەداوە"، جەختیشی کردەوە کە تاران کراوەیە بۆ ڕێککەوتنێک کە پرەنسیپی "بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی" مسۆگەر بکات لەگەڵ پێشکەشکردنی گرەنتی ڕون بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەو ڕۆڵە کرد کە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەیگێڕن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری، و سوپاسی تارانی دەربڕی بۆ ئەوەی ناوی برد بە "هەوڵە برایانەکان" کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا. عێراقچی جەختیکردەوە کە ئێران پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەکی بونیادنەری ناوچەیی دەکات، و هەمیشە ئامادەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و ڕێگریکردن لەوەی ناوی برد بە "دەستدرێژییە نایاساییەکان". لە لێدوانەکانی پێشودا، عێراقچی وتی تاران ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دانوستانەکان دەبێت دادپەروەرانە بن و نابێت تواناکانی بەرگری ئێران بگرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزە ناوچەییەکان کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازی لە نێوان هەردوو ڕکابەرەکەدا.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بەناچاری بارەگای سەرەکی خۆی لە نیویۆرک دادەخات و داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، هەتا زووە قەرزە دارارییەکانیان بدەنەوە، پێش ئەوەی بە تەواوی تووشی داڕمانێکی سەختی ئابووری بن. نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە 'UN' هاواری لێ هەڵساوە و بە وڵاتانی ئەندامی وتووە، "تووشی قەیرانی ئابووری بووین قەرزەکانتان بدەنەوە"، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام، بەتایبەت ئەمریکا، پابەندییە داراییەکانیان نەدەن، ڕەنگە تا مانگی حەوتی ئەمساڵ بودجەکەیان بە تەواوەتی ببڕێت و تووشی قەیرانی دارایی بن. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کێشە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: "بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە، ئەگەر بودجەیان بۆ دابین نەکرێت ناچار دەبن لە مانگی هەشتی ئەمساڵ بارەگای سەرەکیان لە نیویۆرک دابخەن." فەرهان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بارەگای سەرەکی دابخرێت، ئەوا کارە مرۆییەکانیان لە جیهاندا پەکیان دەکەوێت و بەردەوام نابن." هەبوونی بارەگەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ ئەنجام دەدرێت، تیایدا سەرۆکی وڵاتانی جیهان کۆدەبنەوە و وتاری جیاواز لەبارەی کێشە نێودەوڵەتییەکان، پرسە مرۆییەکان، ئاسایشی نێودەوڵەتی و چەندین پرسی جیاواز پێشکەش دەکەن، بەڵام لە ئەگەری داخرانی بارەگاکە، ئەوا ئەمساڵ هەردوو کۆبوونەوەکە هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ باڵیۆزانی هەر 196وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری داوە کە دۆخی داراییان لە هەموو قۆناغەکانی پێشوو جیاوازتر و مەترسیدارترە."
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خۆیی و ئەحمەد شەرع و ڕێککەوتنەکەی بۆ ئاشکرا کردوون. دەقی قسەکانی دیکەی مەزڵووم عەبدی بۆ ئاڤا: ٠ بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کورد چوار لیوای دەبێت لەنێو سوپای سووریادا، سیانیان هەسەدەن لەپارێزگای حەسەکە، لیوایەکیش لە کۆبانێ بەناوی هێزەکانی کۆبانێ. ٠ هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە، وەکو خۆیان دەمێننەوە، ئاسایشی سەر بە حکومەتی سووریایش، لەنێوان شارە کوردییەکاندا هیچ بازگەیەکیان نابێت. ٠ چەندین جار داوایان لێکردووم پۆست وەربگرم، وەکو جێگری وەزیری بەرگری سووریاو چەندین پۆستی دیکەیش، بەڵام من ڕەتمکردووەتەوەو وتوومە لەناو خەڵک و شەرڤانان دەمێنمەوەو پۆستم ناوێت. ٠ ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئۆنلاین بووە، پرۆسەی جێبەجێکردنیشی کاتی دەوێت، لەماوەی ئەم شەڕەیشدا چوار جار ئەحمەد شەرعم بینیوە. ٠ هێزەکانی یەپەژەیش وەکو خۆیان دەمێننەوە هەتا میکانیزمێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە. ٠ ئەگەر شەڕ نەما، ئەندامەکانی هەسەدە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نین دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەگەریش حەز بکەن، دەتوانن لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بن وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی. ٠ بەڕاستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەرییان هەبووە، رۆژانە پەیوەندییان هەبووە، بەردەوام ئاگاداری دۆخەکە بوون و لەگەڵ ئێمە بوون، لەمەودوا خۆم کار بۆ یەک دەنگی و یەکخستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم، بۆ ئەوەی وەکو یەک بەرەی کوردی مامەڵە لەسەر هەر پرسێک بکەین، کاری سەرەکی من لەمەودوا ئەوە دەبێت. ٠ خۆپیشاندانەکان و یەک دەنگی کورد کاریگەری هەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ. ٠ ترەمپ پەیامی بە شەرع داوە کە نابێ کۆمەڵکوژی دژی کورد هەبێت. ٠ ماکرۆن زۆرترین هەڵوێستی هەبووە، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەر هێڵ.
ساڵح موسلیم، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە سوپاسى خەڵکى سلێمانى دەکات و دەڵێت، خۆمان بە قەرزارى خەڵکى شارى سلێمانى دەزانین، وەکخۆی دەڵێت، بە سەدان هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاواى کوردستان کردووە و گەنجەکان چوونەتە ڕۆژئاواى کوردستان بۆ بەرگریکردن و بەرخۆدان. ئەو ئەندامەى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە گوتیشى، هاونیشتمانییان لە باشوورى کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیش، هەڵوێستەکانیان جوامێرانە بووە. ساڵح موسلیم گوتیشى، هەوڵدراوە شەڕ لەنێوان کورد و عەرەب هەلبگیرسێنرێت و دەڵێت، لە ئەگەرى سەرگرتنى ئەو پیلانەى کە لە دژى کورد ئامادەکرابوو، مەترسى لەسەر باشوورى کوردستانیش دروستدەبوو. ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە گوتیشى، ئەم ڕێککەوتنەى کە هەیە، بووە بەربەست لەبەردەم ئەو هەوڵ و پیلانگێڕیانەى لە ئارادابوون بۆ فراوانکردنى شەڕ و ئاڵۆزییەکان. لەبارەی بەڕێوەبردنی فەرمانگەکان لە ناوچە کوردییەکان جەختی لەوە کردەوە، بەشێک لە فەرمانگە شارستانییەکان لە ناوچە کوردییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. ساڵح موسلیم، دەشڵێت، بەڵام بەشێکیان وەک ڕەگەزنامە و بارى شارستانى و پاسپۆرت، بەهاوبەشى بەڕێوەدەبرێن و دەبەسترێنەوە بە فەرمانگە ناوەندییەکان لە دیمەشق.
ئەگەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندید کردنی نوری مالیکی نەگەن بەرێککەوتن، پێدەچێت سبەینێ یەکشەممە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام نەدرێت یان نیسابی یاسایی تەواو نەکرێت. بڕیارە ئەمشەو، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی نوری مالیکی کۆببنەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتووگۆکردنە لەسەر مانەوە یان پاشەکشەکردنی مالیکی بەهۆی رەتکردنەوەی لەلایەن ئەمەریکاوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەی کاندیدکردنی مالیکی یەکلایی نەکاتەوە، ئەوا پێناچێت سبەی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. سەرچاوەکە دەڵێت: مالیکی پێداگیرە لەسەر خۆ کاندیدکردنەوە و لایەنە شیعەکانیش دەترسن، مالکی توڕەیە و دوورخستنەوەی بە شکست دەزانێت. دەشڵێت: گفتووگۆیەکی وا کراوە گوایە مالیکی دوور نەخرێتەوە و لە پەرلەمان متمانەی پێنەدرێت، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا لەسەر فشارەکانی بەردەوام بێت خۆری مالیکی ئاوابووە.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات لەم هەفتەیە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارە بکرێت و بڕیار لەسەر خەرجکردنی بدرێت. لە بارەی پرسی سەرۆک کۆمارەوەش، فارس عیسا ئاشکرای کرد، تا ئێستا لەو بارەیەوە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکراوە. شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێکدا گوتی: دواکەوتنی مووچە بەهۆی ئەوەوە بووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای داتای لە وەزارەتی نەوت کردووە لە بارەی بڕی ئەو نەوتەی هەرێم هەناردەی دەکات. هاوکات دەڵێت: ئێمە وەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم، نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بدات بە وەزارەتی دارایی. سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچەکە، فارس عیسا، ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکەن لەم هەفتەیەدا ئەو کێشەیە چارە بکرێت و مووچەی مانگی یەک بنێردرێت. سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆماریش، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسەکە لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکراوە و هیوای خواست لە نزیکترین کاتدا لایەنەکان بگەنە رێککەوتن. سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کرا.
ئەمڕۆ شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە خۆپێشاندانی فراوانی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە،جێی شانازییە کوردستانیان پاڵپشتی رۆژئاوا دەکەن. لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا، بە بەشداریی هەزاران کوردستانیی دیاسپۆرا، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوان لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی گرنگی سەرۆک بارزانی ئاراستەی بەشداربووان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد. سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەستخۆشیی لە یەکدەنگی و هەڵوێستی نیشتمانیی کوردانی دەرەوەی وڵات کرد و ڕایگەیاند: جێگەی شانازییە کوردستانیان هەمیشە دەنگێکی بەهێز و یەکگرتوون بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەیان لە هەر بەشێکی نیشتمان بێت. سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر مێژووی خەباتی گەلی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە دابەشکردنی کوردستان لە سەدەی 20ـەمدا زوڵمێکی گەورە بوو، بەڵام نەهامەتی و ئازارەکان نەیانتوانی ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنن، بەڵکو کورد هۆشیارتر و پێداگرتر بوو لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانی. قوربانیدانی گەلی کورد سەرۆک بارزانی باسی لە قوربانیدانی بێ ژماری تێکۆشەرانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە ساڵانێکی درێژ دەربەدەری و ئاوارەیی و زیندانیان چەشتووە و لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا بە خوێنی گەنجانی خۆیان بوونە قەڵای بەرگری لە هەموو مرۆڤایەتی. ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ دەبێتەوە لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی هۆشداری دا لەوەی، ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ و بارودۆخێکی ئاڵۆز بووەتەوە، بۆیە ئەرکی نەتەوەیی هەر کوردێکە پشتیوانی خوشک و براکانی بێت. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرانبەر بە کورد هەڵبگرن و ڕێگە نەدەن کارەساتەکان دووبارە ببنەوە. کورد پارێزەری مرۆڤایەتی سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کورد لە شەڕی داعشدا پارێزەری مرۆڤایەتی بووە، بۆیە ئێستا ئەرکی مرۆڤایەتییە کە پارێزەری کوردستان بێت. کورد هەمووی یەکە و پاشەڕۆژی یەکە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، جیاوازیی سنوور و بیروڕای سیاسی ناتوانن پەیوەندیی مێژوویی و نەتەوەیی کورد لاواز بکەن، چونکە کورد یەک نەتەوەیە و یەک پاشەرۆژی هاوبەشی هەیە. داواشی لە خۆپیشاندەران کرد بە شێوازێکی مەدەنی و ئاشتییانە و بە پابەندبوون بە یاساکانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بەردەوام بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی کورد لەگەڵ ڕژێمەکانە نەک نەتەوەکان، بۆیە دەبێت ڕێگە نەدرێت ڕق و کێشە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی تردا دروست ببێت، چونکە پەیامی کورد هەمیشە ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە. مافی گەلی کورد گرەنتی بکرێت لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی داوای لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە کرد کە لەسەر ئاگربەست بەردەوام بن و پەنا بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەن. جەختیشی کردەوە، دەبێت مافە سیاسی و مەدەنی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا گەرەنتی بکرێن. سەرۆک بارزانی داوای لە کوردستانیان کرد ئومێدێکی گەشیان بە پاشەرۆژ هەبێت و هەمیشە پشت بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەکەیان ببەستن. ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی و گردبوونەوە گەورەکەی شاری بۆن لە کاتێکدایە کە رۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی سیاسی و ئەمنیی هەستیاردایە، بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2014 بۆ پشتیوانیی کۆبانێ و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەو سەردەمەدا، وەک بنەمایەکی مێژوویی بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد دەبینرێت، ئەمڕۆ لە ساڵی 2026، کوردانی دیاسپۆرا لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە هەوڵ دەدەن ئەو یەکدەنگییەی کە سەرۆک بارزانی داوای دەکات، بکەنە گوشارێکی دیپلۆماسی بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا تاوەکو مافە دەستوورییەکانی کورد لە سووریای نوێدا پارێزراو بن و ڕێگە لە هەر هێرش و گەمارۆیەکی نوێ بگیرێت.
