عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، بڕیارە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا کاژمێر 10 بەیانی رۆژی هەینی لە مەسقەت بەڕێوەبچێت، سوپاسی برایانی عومان دەکەم کە هەموو شتێکی پێویستیان بۆ ئەو دانیشتنە رێکخستووە. ئەمشەو ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوەشێنرانەوە. هاوکات هەر ئێستا بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران رۆژی هەینی لە عومان بەڕێوە دەچێت.
پارێزگاری حەسەکە، نورەدین عیسا ئەحمەد لە پەیامەکەیدا بۆ خەڵکی ناوچەکە وتی: "ئێمە ئەم ڕۆژە لە تەواوی گەلەکەمان چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، بنەماڵەی شەهیدان، هەڤاڵانی بریندارمان و ئەوانەی لە سەنگەرەکاندان پیرۆز دەکەین." نورهدین عیسا ئهحمهد له سهرهتای شۆڕشی سوریاوه له بواری سهربازی و بهرگری له ناوچهكهدا كاریكردووه، یهكێك بووه له دامهزرێنهرانی هێزهكانی سوریای دیموكرات (ههسهده)، لە ئێستادا وەک پارێزگاری حەسەکە دەستبەکاربوو.. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە. پارێزگار نورەدین ئەحمەد پەیامێکی دایە ڕاگەیاندنەکان و وتی: "ئێمە ئەم ساتە و ئەم کاتەی ئێستا تیایدا دەژین، لە هەموو خەڵکی ئامادەبوو، بنەماڵەی شەهیدان، هەڤاڵانی بریندارمان و ئەوانەی لە سەنگەرەکاندان پیرۆز دەکەین، ئەم دەستکەوتە لە هەمووان پیرۆز دەکەین. ئەمە یەکەم جارە پارێزگاری پارێزگای حەسەکە کەسێکی کورد بێت. ئەمەش بە ڕەنجی شەهیدان، وڵاتپارێزان و گەلەکەمان لە ناوەوە و دەرەوە هاتە دی، کە ساڵانێکە بۆ ئەم ڕۆژە تێکۆشانیان کردووە. ئێمە جارێکی دیکە ئەم ڕۆژە لە هەموو بنەماڵەی شەهیدان، گەلەکەمان، هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای حەسەکە، بە کورد، عەرەب، سوریان، کریستیان و ئێزدییەکانییەوە پیرۆز دەکەین کە ١٤ ساڵە ڕەنجیان داوە. ئێمە لەسەر یەکێتی و هاوپشتیی پێکهاتەکان کار دەکەین. دەزگاکانمان بۆ خزمەتی گەل بەهێز دەکەین." دوای ئەوەی پارێزگار پەیامەکەی پێشکەش کرد، بەرەو شوێنی خۆی لە شارەکە بەڕێکەوت. نورەدین عیسا ئەندامی سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات بوو، پاش ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، وەک بەربژێری پۆستی پارێزگاری حەسەکە بەربژێر کرا. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی حەسەکە، پێشوازییان لە نورەدین عیسا کرد، پاش دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری حەسەکە.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران کە ئەگەر هەوڵی بنیاتنانەوەی بنکە سەربازییەکانیان بدەن، ئەمەریکا دەیانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و راشکاوانە ڕایدەگەیەنێت کە رێبەری باڵای ئێران دەبێت ترس و نیگەرانییەکی زۆری هەبێت. چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی (NBC News) هۆشداریی توند دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێک بۆ بنیاتنانەوەی بنکەکان، وەڵامی توندی ئەمەریکای بەدوادا دێت و دەشڵێت: "خامنەیی دەبێت زۆر نیگەران بێت". دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ چالاککردنەوەی بەرنامەکانی، پەیامێکی راشکاوانەی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و گوتی: بابەتەکە بەم شێوەیەیە، ئەگەر جارێکی دیکە هەوڵ بدەنەوە، پێم راگەیاندوون کە دەیانگەڕێنینەوە بۆ خاڵی سەرەتا و هەمان کار دەکەینەوە. ترەمپ ئاماژەی بە وێرانکاریی بنکە پێشووەکانی ئێران کرد و گوتی: ئەوان هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ شوێنی بنکەکە، بەڵام تەنانەت نەیانتوانی لێشی نزیک ببنەوە، چونکە بە تەواوی وێران کرابوو. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد، ئاگاداری جموجۆڵەکانی ئێران بووە بۆ گواستنەوەی چالاکییەکانیان و گوتی: ئەوان بیرۆکەی ئەوەیان هەبوو لە شوێنێکی دیکەی وڵاتەکە بنکەیەکی نوێ دروست بکەن، بەڵام ئێمە پێمان زانی. منیش پێم گوتن: ئەگەر ئەوە بکەن، کاری زۆر خراپتان بەرامبەر دەکەین لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئێن بی سی کە ئایا دەبێت رێبەری باڵای ئێران لە ئێستادا نیگەران بێت؟"دۆناڵد ترەمپ بە کورتی و راشکاوی وەڵامی دایەوە: دەبێت زۆر نیگەران بێت. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان ئاراستەی تاران کردووە و پێیان راگەیاندوون: "کە واشنتن سازش لەسەر شوێن و شێوازی دیاریکراوی دانوستانەکان ناکات". ئەو بەرپرسانەی ئاماژەیان بەوە کرد، دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان وانشتن و تاران، کە بڕیار بوو هەینی بەڕێوە بچێت هەڵوەشانەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتووش بەغدا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. چوارشەممە 4-2-2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتیی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە دەست بە رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات، ئەگەر فریاکەوتن پارەکە دەنێرن، ئەگەرنا ناردنی پارەکە دەکەوێتە یەکشەممەی داهاتوو. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە، بەغدا دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک دەکات و هەفتەی داهاتوو پارەکە دەنێرێت. 35 رۆژ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی کانوونی دووەمیان وەرنەگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی عێراق مووچەی مانگی یەکی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی داوە، لە پێنجشەممەی رابردووشەوە دەستی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بۆ مانگی یەک کرد. دوێنێ سێشەممە هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق پێیراگەیاندووە، قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە لەبارەی مووچەی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ پێیگوتووە، هیچ کێشەیەک نییە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات و دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە، مووچەی مانگی یەک دەنێرن. رۆژی سێشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کرا و رۆژی دواتر رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 دابەشکرا، کە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بوو.
بۆچی ترەمپ نکوڵیان لێدەکات؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لەم چەند رۆژەدا باس باسی دوورگەکەی جێفری ئیپیستینە، کە بە دوورگەی "شەیتان"، "تاوان" یان دوورگەی "منداڵبازی" ناسراوە و تێیدا چەندین کاری قیزەون و نائەخلاقی ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوەی جێی گومانە پەیوەندیی بەهێزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، بە ئیپیستینەوە. ترەمپ خۆی حاشای لێدەکات و دەڵێت: "نە چوومەتە دوورگەکە، نە بە فڕۆکە تایبەتەکانی ئیپیستین گەشتم کردووە"، بەڵام فایلە نوێکان کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە چیرۆکێکی دیکە باس دەکەن. هەرچەندە تا ئێستا فایلەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی ترەمپ تۆمەتبار بکرێت، بەڵام چەندین ئاماژەی ترسناکیان تێدایە. ترەمپ لە 1985 بۆ یەکەمجار چاوی بە ئیپیستین دەکەوێت کاتێک کۆشکەکەی مارەلاگۆ لە فلۆریدا دەکرێت و ئەوکاتیش ئیپیستین لە پام بیچی فلۆریدا ژیاوە. ترەمپ خۆی لە 2002 دانی بەوەدا ناوە ماوەی 15 ساڵە ئیپیستین دەناسێت و بە پیاوێکی "ناوازە" وەسفی کردووە. ترەمپ ئەو کاتە گوتووشیەتی: دەوترێت ئیپیستین وەک من حەزی لە ئافرەتی گەنجە، زۆربەی ئەوانەشی حەزی لێیانە زۆر گەنجن. لە 1989 ترەمپ و ئیپیستین لەگەڵ کچانی گەنج چوونەتە گازینۆی ترەمپ لە شاری ئەتلەنتا و یەکێکیان تەمەنی خوار تەمەنی یاسایی بووە. سەرۆکی ئەوکاتی گازینۆکە گوتوویەتی: ترەمپ پێی گوتم، جێفری حەزی لە کچانی گەنجە. ترەمپ چەندین جار خۆی لە هاوڕێیەتی ئیپیستین بێبەری کردووە، بەڵام لە 1992 وێنەیان هەیە پێکەوە کە لە ئاهەنگێکی مارەلاگۆ پێکەوە بینراون و پێکەوە پێدەکەنن. هەر لە هەمان ساڵ، ئیپیستین بەشداری لە ئاهەنگێکی ترەمپدا لە هۆتێل پلازا کردووە. لە 1993 لە ئاهەنگێکی دیکە لە مارەلاگۆ؛ ترەمپ بانگێشتی ئیپیستین و بازرگانێکی بەناوی جۆرج هۆرانی کردووە و کچە هاوڕێکەی هۆرانی بەناوی جیل هارس گوتوویەتی: ترەمپ بەزۆر ماچی کردووە و دەستی لێداوە، نەشیهێشتووە ژووری نووستن بەجێبهێڵێت. هارس باسی لەوەش کردووە، ترەمپ لە ئاهەنگەکەدا لەگەڵ کچێکی 22 ساڵان خۆی خزاندووەتە نێو پێخەفی نووستنەوە. ترەمپ خۆی دەڵێت، هەرگیز سواری فڕۆکە تایبەتەکانی ئیپیستین نەبووە، بەڵام بەپێی تۆماری هاتوچۆی فڕۆکەکە، ترەمپ لە 1993 چوار جار، لە 1994 یەک جار و لە 1997 چەند جارێک گەشتی بە فرۆکە تایبەتەکانی ئیپیستین کردووە. ستەیسی ویلیامز، کە مۆدێلێکی ئەمریکییە، تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ ترەمپ کە کاتێک ئیپیستین ئەمی بردووە بۆ تاوەری ترەمپ، ترەمپ دەستی بۆ بردووە. ئەم ڕووداوە لە 1993 ڕوویداوە، بەڵام لە 2024 کەمپینی سەرۆکایەتی ترەمپ تۆمەتەکانی بە ناڕاست ناوزەد کرد. لە 1994، ئیپیستین کچێکی 14 ساڵانی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ماڵەکەی ترەمپ لە مارەلاگۆ، دواتر ئەو کچە تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ ترەمپ کە ئیپستین پرسیاری لە ترەمپ کردووە و گوتوویەتی: ئەمەیان باشە، وانییە؟ ترەمپیش لە وەڵامدا سەری لەقاندووە و پێکەنیوە. چەند دەستنووسێک کە لەلایەن هاریکارێکی ئیپستینەوە پارێزراون، باسی ئەوەیان تێدایە کە ترەمپ لە 1994 لە ژیانی ئیپستیندا کەسێکی زۆر بینراو بووە. لە ساڵی نەوەدەکاندا نێوانیان زۆر خۆش بووە و ئەو دووانە لانیکەم سێ جار لە هەفتەیەکدا قسەیان پێکەوە کردووە. لە 1995 ئیپستین پەیوەندی بە کچێکەوە کردووە بەناوی ماریا فاڕمەر؛ کە بێت بۆ ئۆفیسەکەی لە نیویۆرک لە کاتی درەنگانی شەودا. دواتر ترەمپیش هاتووە و چووەتە نزیکی فاڕمەر کە ئەوکات لە 20ـتەکانی تەمەنیدا بووە. ترەمپ چاوی بڕیوەتە قاچە ڕووتەکانی فاڕمەر، بەڵام ئیپیستین پێی گوتووە: نا، نا، ئەمە بۆ تۆ نییە. یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی ئیپستین بەناوی ڤێرجینیا گیوفری کە لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ساڵی 2000 کاری کردووە لەلایەن گیلەین ماکسوێل، هاوکارەکەی ئیپستینەوە، ڕازیکراوە کە وەک مەساجکەری تایبەتی ئیپستین کار بکات، دواتر هەردووکیان داوایان لێکردووە خزمەتگوزاریی سێکسیی بە کەسە دەوڵەمەندەکانی دەوروبەری ئیپیستین پێشکەش بکات. لە 2001 ئیپستین "بێزار بووە" لە ترەمپ، ئیپستین بە یەکێک لە کارمەندەکانی گوتووە، ترەمپ "پارەی پێنییە و داوا دەکات بە فڕۆکەکانم گەشت بکات." لە 2003 ترەمپ کارتێکی یادی لەدایکبوونی بە ئیپستین داوە کە لێی نوسراوە، "هیوام وایە هەموو رۆژێکت نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر بێت." لە ساڵی 2004ـەوە ترەمپ و ئیپستین ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان لەسەر کڕینی کۆشکێک لە پام بیچی فلۆریدا. دواتر لە 2007 ترەمپ سەردانی ئیپستین بۆ مارەلاگۆ قەدەغە دەکات و ترەمپ بە کەسێکی گوتووە، "ئیپستین سپاکەی مارەلاگۆ بۆ ڕازیکردنی کچان بەکاردەهێنێت." لە 2017 کاسی ڕوملەر، ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی لە سەردەمی ئۆبامادا، بە ئیپستینی گوتووە، "ترەمپ زۆر قێزەونە"؛ ئیپستینیش وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: ترەمپ هەم لە ژیانی ڕاستەقینە و هەم لە نزیکەوە خراپترە. لە ساڵی 2019 ئیپستین بە ڕۆژنامەنووسێکی گوتووە، "بەدڵناییەوە ترەمپ لەبارەی کچەکانەوە زانیویەتی و بە گیلەینی گوتووە کارەکە ڕابگرێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە ترەمپ ئاگای لە دوورگەکە و پرۆسە قێزەونەکان بووە. ترەمپ ئەم بەڵگانە، کە هەندێکیان هێشتا پشتڕاستنەکراونەتەوە، بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە و بە "فێڵێک" بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی ناویان دەبات.
رۆژنامەی جمهوریەتی توركی دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە خاڵی وەرچەرخانی یەكلاكەرەوە، فەتی یڵدز جێگری سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكردووە، گەیشتوینەتە رێککەوتن لەسەر مافی هیوا(تایبەت بە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ). ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لیژنەکەی پەرلەمانی توركیا بە سەرۆکایەتی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە، دوای کۆبوونەوەکە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان لە راگەیەندراوێدا، ئاماژەی بەوەكردووە، ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەت بە " تورکیا دوور لە تیرۆر" لە کۆبونەوەی لیژنەیەکە کۆتایی پێدەهێنرێت کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت و پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان دەكرێت. لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی لیژنەکانی خۆیاندا هەڵسەنگاندن بۆ ڕاپۆرتی کۆتایی دەکەن و دواتر راپۆرتەکە لەلایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ هاودەنگی و برایەتی و دیموکراسی دەنگی لەسەر دەدرێت و رەوانەی سەرۆکی پەرلەمان دەكرێت. لای خۆیەوە، فەتی یەڵدز ئەندامی لیژنەكەی پەرلەمانى توركيا، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا کۆدەنگی لەسەر مافی هیوا هەبووە، بە رۆژنامەنوسانی وت، گەیشتوینەتە کۆدەنگی، ئەمەش دەخرێتە ناو راپۆرتەکەوە، بێگومان ناتوانین وەڵامی هەموو پرسیارەکان بدەینەوە، بەڵام هەفتەی داهاتوو راپۆرتەکە تەواو دەبێت، وەڵامی هەموو پرسیارەکانتان دەست دەكەوێت. جەختیشكرد لەوەی، گەیشتوینەتە کۆدەنگی لەسەر مافی هیوا، هیچ کێشەیەك نییە، ئەوەش لە راپۆرتەکەدا دەخرێتە ڕوو. لەكاتی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا باسی مافی هیوا کراوە، ئەم راپۆرتە راسپاردەیەک لەخۆدەگرێت بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوری
سەرچاوه ئەمریکییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممه بە ئاکسیۆس و کەناڵی 12ی ئیسرائیلیان ڕاگەیاند، ئەمریکا ئێرانی ئاگادارکردووەتەوه که ڕازی نابێت به داواکارییەکانی تاران بۆ گۆڕینی شوێن و فۆرمی دانوستانه ئەتۆمییەکان که بڕیاره هەینی بەڕێوه بچێت، ئەم هەنگاوەش لە لەلایەن دوو بەرپرسی ئەمریکاوه بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە لە لایەن ئەمریکاوە وەسفیان کردووه . ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا وەستاوە، دوای ئەوەی ئێران لە لێکتێگەیشتنەکانی پێشووی سەبارەت بە شوێن و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پاشگەزبووەوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە واشنتۆن ڕازی نەبووە دانوستانەکان بگوازێتەوە بۆ عومان یان دەستکاری ئەو شێوازە بنەڕەتییەی بکرێت کە لەسەری ڕێککەوتوون. یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت "پێمان گوتن: یان ئەمەیە یان هیچ'، ئەوانیش گوتیان باشە، کەواتە هیچ'"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تێکچوونی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا. تا ئێستا بی بی سی نەیتوانیوە ئەم زانیاریانە لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا پشتڕاست بکاتەوە. بەگوێرەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، بڕیارە سبەی پێنجشەممە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی لەگەڵ گارێد کوشنەر زاوا و ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ سەردانی قەتەر بکەن و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەبارەت بە پرسی ئێران وتووێژ بکەن. دواتر بڕیارە شاندەکە بگەڕێنەوە بۆ میامی بەبێ ئەوەی بەردەوام بن لە گەشتەکەیان بۆ عومان. ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئێران بە شێوازی دانوستانەکاندا بچێتەوە، ئەگەری هەیە ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوودا ئامادە بێت ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدات. میدیاکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە دانوستانە پێشبینیکراوەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە عومان بەڕێوە دەچێت. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندووە کە "بڕیارە ڕۆژی هەینی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "تەنها بە پرسی ئەتۆمی و لابردنی سزاکانی سەر ئێرانەوە سنووردار دەبن"، ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)یش پشتڕاستی کردەوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، دوای خەرجکردنی سێ هەزار و 257 چەک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە، زیاتر لە 8.7 ملیار دینار لە هاوکارییەکان ماوەتەوە کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێویست لە سنوورەکە خەرج دەکرێ. ئەمڕۆ چوارشەممە 04-02-2026، بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆبووەوە. دواتر حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی بۆردەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو. حاکم ئەحمەد ئەنوەر رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتی سەرجەم ئەو کارانەی تاوەکو ئێستا بۆ قەرەبووی زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کراوە. بەگوتەی سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، پلانێک هەیە لە داهاتووشدا بەو پارەیەی دوای قەرەبووی زیانلێکەوتووان ماوەتەوە، ژمارەیەک پڕۆژەی تایبەت بە دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێن. لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ داتای تایبەت بە هاوکارییەکانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی خستەڕوو و گوتی، بەگشتی 14 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە. وەک عەتا محەممەد دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 257 چەک بۆ زیانەکانی نێوماڵ، بیناسازی، ئۆتۆمبێلەکان، دووکان و شوێنە بازرگانییەکان خەرج کراوە. سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ باسی لەوە کرد، دوای خەرجکردنی چەکەکان، ''8 ملیار و 758 ملیۆن و 728 هەزار و 250 دینار ماوەتەوە و خراوەتە سەر هەژماری بانکی چەرموو.'' عەتا محەممەد ئاماژەی بە چۆنیێتیی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە لە هاوکارییەکان ماوەتەوە و گوتی، لیژنەیەکی ''بچووککراوەی جێبەجێکار'' بە سەرپەرشتیی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ و ئەندامێتیی سەرۆکشارەوانییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش، هەروەها بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی تەکیە و ئاخجەلەر پێکدەهێنرێت و ئەوان پێشنیازی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەکەن، کە بۆ سنوورەکە پێویستە. سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ جەختی لەوە کردەوە، پڕۆژەکانی تایبەت بە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە سنوورەکە لەپێشینە دەبن، ''دواتر پڕۆژەکان دەخرێنە بەردەم جێگری سەرۆکوەزیران بۆ پەسندکردن و لیژنەکەش میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنیان دادەنێت.'' بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەمی پار لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ لافاو دروستبوو. بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت لەلایەن هەموو خەڵکی کوردستانەوە قبووڵکراو بێت و باشترین میکانیزم ئەوەیە کاندیدی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە و بە دەنگی زۆرینە دیاری بکرێت. چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات و لە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کوردستان24، کە بڕیارە ئەمشەو لە کاتژمێر 8:00 تەواوی چاوپێکەوتنەکەی پەخشبکرێت، لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند: تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام جەختی کردەوە، کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت لەلایەن هەموو خەڵکی کوردستانەوە قبووڵکراو بێت، نەک کاندیدی حزبێک بێت کە هەڵبژاردنیشی نەبردووەتەوە. گوتیشی: باشترین میکانیزم ئەوەیە کاندیدی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە و بە دەنگی زۆرینە دیاری بکرێت.
جان نۆوێڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سبەی پێنجشەممە سەردانی هەولێر دەکات و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی دەبێت. سەرەتا دەچێتە بەغدا دواتر سەردانى هەولێر دەکات، بڕیارە لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان کۆ ببێتەوە. لە سەردانەکەیدا چاویشی بە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەکەوێت. مەبەستی سەرەکیی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەنزیکەوە ئاگاداربوونە لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان. سەرچاوە ئاڤا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بڵاویکرەوە، دوای بەدواداچووونەکانی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عیراقی فیدراڵ، لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا لەمانگی 1ـی 2026 لەسنوری پارێزگای سلێمانی توانرا حەوت تیـ.ـرۆریستی داواکراوی دادگاکانی عیراق دەستگیربکەن، کە تیـ.ـرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان هاتبوونە سنورەکە. ڕاگەیەندراوەکە.. دەزگای ئاسایش هەرێم، دەستگیرکردنی ٧ تیرۆریست ڕادەگەیەنێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای بەدواداچوونەکانی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا لەمانگی ١ ی ٢٠٢٦ لەسنووری پارێزگای سلێمانی، توانرا ( ٧ ) تیرۆریستی داواکراوی دادگاکانی عێراق دەستگیربکەن، تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان هاتبوونە سنوورەکە. لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەماددەی ( ٤) لەیاسای تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی #دەزگای_ئاسایشی_هەرێم
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ستانداردی جیهانی و ساڵانی رابردوو کەمیکردووە و رێژەی مردنیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە لەسەر ئاستی عێراق کەمترینە. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی ستانداردی جیهانی لە هەر 100 هەزار کەسێک 190 کەس تووشبووی شێرپەنجەن، بەڵام لە ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100 هەزار کەسێک 141 حاڵەت تۆمارکراوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە." بە گوتەی وەزیری تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان 101 هەزار و 104 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە چارەسەریان تەنیا لە کەرتی حکومی بۆ دابین دەکرێت. د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی 35% بۆ 40%ی ئەو نەخۆشانەی چارەسەر وەردەگرن، دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین و خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراقن." سەبارەت بە خەرجییەکان، وەزیری تەندروستی گوتی: "لە ساڵی 2025دا نزیکەی 130 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکیی شێرپەنجە خەرجکراوە، کە 124 ملیار دیناری تەنیا بۆ دەرمان بووە." د. سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە رەوشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پاڵپشتیی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە "زۆرباشە" و گوتی: "کەمترین رێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە ساڵی 2026 لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق." لەلایەکى دیکەوە محمد شياع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەوە پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو ، پابەندبوونمان دووپات دەکەینەوە بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی و پاڵپشتی کردنی سیستەمی چاودێری تەندروستی و چارەسەرکردنمان بە ژێرخانەکەیەوە، لەڕێگەی خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان و باشترکردنی ئاسایشی دەرمان، بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە، شانبەشانی ئەم هەوڵانە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ چەسپاندنی سیستەمی بیمەی تەندروستی و سیستەمی بەڕێوەبردنی هاوبەشی نەخۆشخانەکان. ئامانجمان مرۆڤی عێراقییە، هیچ شتێک بەنرختر نییە لە تەندروستی هاوڵاتیانمان لە سەرتاسەری عێراق.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد. لە دیدارەکەدا خاتوو بێریڤان ئایماز خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەل سەرۆک بارزانی، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە رووداو و مەترسیەکانی ئەم دواییە کە خۆی کردە خاوەنی دۆزی کورد لە رۆژئاوا و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە رۆژئاوا بەرز نرخاند. هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە رۆژئاوای کوردستان و هیوای خواست هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەهێزتربێت، بێریڤان ئایماز سوپاسی سەرۆك بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کاروباری دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی کاریگەر و پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە خاتوو بێریڤان ئایماز کرد کە بە هەوڵ و توانای خۆی توانیویەتی بگاتە پلەیەکی سیاسیی لە ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها رۆشنایی خستە سەر کاروباری دیاسپۆڕا و ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەیوەست بەم باسە جەختی لە پێویستیی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لەناو کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە. بارودۆخی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
ئێوارەى ئەمڕۆ نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک، لەلایەن پۆلیسیەوە داخرا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت ا): *وا بڵاوكراوەتەوە گوایا هێزێكی حزبی نوسینگەی كەناڵی (NRT)ی داخستوە، ئەوە هیچ پەیوەندی بە حزبی و سیاسەتەوە نییە. *كەناڵی (NRT) ماوەیەكە بێڕێزیی بەرامبەر بە سیمبولە نەتەوەییەكان دەكات، بەپێی بڕیاری ژمارە 7ی ساڵی 1997ی پەرلەمانی كوردستان وێنەی بارزانی لە دامودەزگاكانی حكومەتدا دەبێت. *كەناڵی (NRT) ماوەیەكە لەناو هەواڵەكانیاندا وێنەی بارزانی دەشێوێنن، داواكاری گشتیش ئەو كەیسەی جوڵاندووەو بووە بە داوایەكی فەرمی یاسایی و چوەتە بەردەم دادوەر، بەڕێز دادوەر پشتبەست بە بڕیاری ژمارە 7، بڕیاریداوە بە داخستنی سەرجەم نوسینگەكانی (NRT) لە هەرێمی كوردستان دەركردووە. ئێمەش لە پارێزگای هەولێر دوای گەیشتنی بڕیارەكەی دادوەر، پێشكەشی پۆلیسمان كردووەو پۆلیس كارەكەی ئەنجامداوە. *دوێنێ لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆی پارێزگاو بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی پارێزگا و نوێنەری وزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ بەڕێز بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری (NRT) یان بانگكردووەو پێیان وتووە ئەو كارەتان كردووەو وێنەو دیكۆمێنتەكانیان پیشانداوە، بەرپرسی نوسینگەی (NRT) وتویەتی من ئاگادار نیم و لە دەسەڵاتی مندا نییە، پێی وتراوە لە سەرووی خۆتەوە رونكردنەوەمان بۆ بهێنە، رونكردنەوەكەیان هاتووەو باوەڕپێهێنەر نەبووە، بۆیە كە فەرمانی دادوەر دەرچووە، ئێمە لە هەولێر جێبەجێمان كرد.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، سیاسەتی واشنتن لەبارەی عێراق ئەوە دەخوازێ حکومەتێک لەو وڵاتەدا هەبێت "بەشێوەیەکی کاریگەر و بە رێزەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان" کاربکات. رۆژی سێشەممە، 3-2-2026، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 27-1-2026 دۆناڵد ترەمپ بۆچوونی خۆی لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی. ئەو کات ترەمپ گوتی: "جاری رابردوو کە مالیکی لە دەسەڵات بوو، ئەو وڵاتە (عێراق) کەوتە نێو هەژار و پشێوی تەواوە. نابێ رێگە بدرێ ئەوە رووبداتەوە. ئەگەر (مالیکی) هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چی دیکە ئامادە نابێ یارمەتی عێراق بدات، ئەوەش بەهۆی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ناژیرانەکانییەوە. ئەگەر ئێمە یارمەتی نەدەین، عێراق سفر دەرفەتی سەرکەوتن، خۆشگوزەرانی، یان ئازادی هەیە". بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جگە لە ئاماژەکردن بە قسەکەی دۆناڵد ترەمپ، بە رووداوی گوت: "سیاسەتی ئێمە بەرامبەر عێراق ئەوە دەخوازێ کە حکومەتێک هەبێ توانای ئەوەی هەبێ بەشێوەیەکی کاریگەر و بە رێزەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کاربکات". ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، لەگەڵ لایەنی عێراقی لە پەیوەندیدان لەبارەی پرسە جیاوازەکان و هۆشداریشی دا لە گوێنەگرتن و گوێنەدان بە هۆشدارییەکەی ترەمپ و گوتی: "ئامادەین هەموو ئامرازەکانی بەردەستمان بەکاربێنین بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆک و ئەمەشمان بە سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق گەیاندووە". ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقیەی عێراقی لەبارەی زۆر بابەت قسەی کرد. مالیکی لەبارەی پەیامەکەی ترەمپ گوتی، سەرۆکی ئەمریکا زانیاری هەڵەی پێدراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەردەمی سەرۆکوەزیرایەتی ئەودا کە بۆ دوو خوول و لە ساڵی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیران بوو، رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرا و رێگەی بۆ هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بۆ عێراق کردەوە. مالیکی هەر لەو هەڤپەیڤینەدا رەخنەی لە هەڵوێستی تورکیا ، قەتەر و سووریا گرت کە دژی هەڵبژاردنەوەی ئەون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق.
