هاوڵاتی میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی لوبنان ئاوارەی عێراق بوون و پێشتریش محمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنمایی بۆ ئامادەكاریی بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان لوبنان دەركردبوو. ئەوەشی خستۆتەوو، تا ئێستا عێراق لە ڕێگەی فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف و دەروازەی قائیمەوە پێنج هەزار و ٦٩٣ پەنابەری لوبنانی وەرگرتووە، هەروەها هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابینكرداوە. جێگەیە ئاماژەیە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنمایی بۆ ئامادەكاریی بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەرانی لوبنان و ئاسانكاریی بۆ چوونە ناو خاكی عێراق دەركردبوو. هاوکات، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند بوو، بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، نزیكەی ٢٣٥ هەزار كەسی هاوڵاتی لوبنان ئاوارەی سووریا بوونە و ڕۆژانەش ڕێژەكە لە بەرزبوونەوەدایە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بانكی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بڕی ٢٥٧ ملیۆن و ٨٨٣ هەزار و ٨٦ دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە.   دەشڵێت، لەو بڕە ١٢ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە و ٢٤٥ ملیۆن و ٦٣٣ هەزار و ٨٦ دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە نرخی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، بەبۆنەی پیلانگێریی ٩ی تشرینی یەکەم لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ٩ـی تشرینی یەکەم، کە یەکێکە لە ئۆپەراسیۆنە سیاسییە هەرە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی بە دوژمنکارییەکی گەورە، خیانەت و دووڕوویەتی ئەنجامدرا، ٢٦ ساڵ بەسەریدا تێپەربوو، لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکۆشانی ئازادیی گەلانی بندەستی جیهان ئەنجامدرا، ئەو پیلانگێڕییە و هەروەها هەموو ئەو هێزانەشی لە پیلانگێڕییەکەدا بەشداربوون، جارێکی دیکە شەرمەزار دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ بە دەستپێکردنی شۆڕشی ئازادیی کوردستان بوونی گەلی کوردی سەرلەنوێ مسۆگەر کرد، بۆیە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد، بزووتنەوەی ئازادیی و جەنگاوەرانی ئازادیی یەکجار خەمبار و توڕەکرد، چالاکوانانی “ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن”، ئەم پەژارە و توڕەییەیان کردە چالاکیی و لە دژی گەورەترین پیلانگێڕیی مێژوو، ڕەسەنترین چالاکییان ئەنجامدا. تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ئافرێندرا، فراوانتر بوو و کرا بە تێکۆشانی نێودەوڵەتیی ئازادیی و بووە یەک لە گەورەترین هەڵمەتەکانی مێژوو، لە کەسایەتی خالید ئۆڕاڵ، ئاینور ئارتەن و سەلامەت مەنتاشدا کە پێشەنگەکانی ئەم هێڵەی تێکۆشانن، ئێمە شەهیدانی “ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن” جارێکی دیکە بە ڕێزی زۆرەوە یاددەکەینەوە و بە پێزانینەوە بەژنی خۆمان لەبەردەم تێکۆشانیاندا دادەنەوێنین. لە کەسایەتی ئەواندا سەرجەم شەهیدانی دیموکراسیی و شۆڕش بە ڕێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە و بەڵێنی وەفاداری و سەرکەوتن کە بە شەهیدانمان داوە، سەرلەنوێ دووبارە دەکەینەوە. پیلانگێڕیی ٩ـی تشرینی یەکەم یەکێکە لە ڕووداوە گرنگەکان کە دەبێت لێی تێبگەین، زۆر هێز لە پیلانگێڕییەکەدا دژی ڕێبەر ئاپۆ یەکیانگرت و پێکەوە هەنگاویان نا، ئەمەش پەیوەندی بە دەرەنجامەکانی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لەسەر کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، زۆرێک لە هێزەکان کە لەسەر بەرژەوەندییەکان ڕێکنەدەکەوتن، لەم پیلانگێڕییەدا یەکیان گرت، ئەمەش دەریدەخات کە پیلانگێڕییەکە وەک ئۆپەراسیۆن و پیلانی هێزە هەژمونگەراکان ئەنجامدراوە، ئەو هێزە هەژمونگەرایانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە پیلانیان داناوە و پیلانگێڕییەکەیان ئەنجامداوە بریتین لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل، ناتۆ و دەوڵەتانی ئەورووپاش هاوبەشی ئەو پیلانەن کە خرایە بواری جێەبەجێکردنەوە، پیلانگێریی وەک ئۆپەراسیۆنێکی ناتۆ-گلادیۆ جێبەجێکرا. لە نێوان پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی و هەوڵدان بۆ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە پەیوەندییەکی زۆر نزیک هەیە، ئەمریکا و هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان وەک بەربەستێک لەبەردەمیاندا دەبینی، بۆیە ئەوانیان کردە ئامانج، لەبەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە هێڵێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا، ڕێکخستن و مێشکی سیستەمی داردەستەیی، دواکەوتوو، ڕەگەزپەرست، قڕکەر، کۆلۆنیالیستی لەسەر گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکاند و ئازاد کرد. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆیان دەرکەوتووە کە تا ئەو هێڵەی پەکەکە بوونی هەبێت، کە ژن و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگار دەکات و چارەسەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخوڵقێنێت، ئەوان ناتوانن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دڵی خۆیان دیزاین بکەنەوە، بۆیە لەناوبردنی هێڵی پەکەکەیان بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنا، لەبەر ئەوەش پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا پیلانی بۆ دانرا و جێبەجێ کرا. یەکێک لە ئامانجەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی زیندووکردنەوەی ئەو کوردایەتییە داردەستە بوو کە بەهۆی دەرکەوتن و سەرهەڵذانی پەکەکە لاواز بوو، لەسەر ئەو بنەمایە ڕۆڵ درا بە هێڵی داردەستی کوردی، بە تایبەت هەوڵێکی زۆر بۆ بەهێزکردنی ئەم هێڵە لە باشووری کوردستان درا، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە بنەڕەتدا پشتیان بە کوردایەتی داردەست بەستبوو و بەم شێوەیە پیلانیان بۆ پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی داڕشت و جێبەجێیان دەکرد. ئەوان لە ڕێگەی بێکاریگەرکردنی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە، لە بنەڕەتدا دەیانویست مۆدێلی ژیانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لەناوببەن کە ئەڵترناتیڤێکە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەم شێوەیە گەورەترین بەربەست لەبەردەم مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا لەناو دەچوو، بەشداری چالاکانەی ئیسرائیل لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییدا بۆ ئەوە بوو کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی پێبەخشیبوو، ئێستا بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، ڕێگە بۆ ئیسرائیل دەکرێتەوە و هاوکات و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە شێوەی گۆشەگیریی ڕەهادا بەردەوامە، ئەمەش زۆر شت دەردەخات. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی بۆ لەناوبردنی مۆدێلی ژیانی ئازادیی جێگرەوە  و دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، لە لایەن هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەدارییەوە درێژەی پێدەدرێت، تەیب ئەردۆغان و ئاکەپە ئەم پیلانە جێبەجێ دەکەن، کە ئاماژەیە بۆ ئامانج و پڕۆژانەی کە کاریان بۆ دەکەن، ئەو ئەرکە دراوەتە ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان بۆ درێژەدان بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی و لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتەکانی کوشتنی کورد جێبەجێ بکەن، بۆ ئەمە ئامادەکرابوون و خرانە سەر حوکم. کاتێک هەموو ئەمانە هەڵدەسەنگێندرێن، دەبینرێت کە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پیلانێکە کە لە دژی هێڵی ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادە کراوە، لەناوبردنی ژیانی ئازاد و مرۆڤایەتی ئازادیی بۆ خۆی کردووەتە ئامانج بۆیە پیلانگێریی ٩ـی تشرینی یەکەم دژ بە هێڵی ئازادیی، هێرشێکی ئایدیۆلۆژیای مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە بۆ سەر گەلان و مرۆڤایەتی. هاوکات تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییش تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییە، هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ شکستپێهێنانی پیلانگێڕیی و پڕۆژەی ژیانی دیموکراتیک کە پشت ئەستورە بە ئازادیی و ئیکۆلۆژی کە لە ئەنجامی قووڵبوونەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووەتە ئاراوە، وایکرد ئەم تێکۆشانە ئەنجام بۆ گەلان بەدەستبهێنێت. ڕێبەر ئاپۆ لە دژی مێشکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کە دوژمنی ژنان، کۆمەڵگە، ژینگەیە و ژیانی گەیاندووەتە ئاستی داڕمان، لە هەمان کاتدا لە دژی سیستەمی پیاوسالار، نەژادپەرست، نەتەوەپەرست و نەتەوە-دەوڵەتپەرستی مێشکی نەتەوەی دیموکراتیک و مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی ئافراند و وەک کاریگەرترین چەک ڕادەستی گەلان، ژنان ومرۆڤایەتی کرد، لە ڕێگەی هەڵمەتی ئازادیی نێودەوڵەتییەوە لە دژی گەورەترین پیلانگێڕیی مێژوو گەورەترین تێکۆشانی ئازادیی و حەقیقەت لە مێژوودا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دەبوایە بگەیشتایە. بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی هەڵمەتی ئازادیی نێودەوڵەتیی پیلانگێریی مێژوویی یەکەمجار بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە ئاشکرا دەکرێت و سیستمی ژیانی ئەڵترناتیڤی سەردەم دەخوڵقێندرێت، تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لەسەر ئەو بنەمایە بە گوڕدان بە هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەیی و بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی سەردەکەوێت، لەسەر ئەو بنەمایە لە ساڵی ٢٧ـەمینی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییدا لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەییدا دەبێت پەرە بە تێکۆشان بدرێت، ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییش بە تەواوەتی تێکبشکێندرێت.

هاوڵاتی ماتیو لوسیانۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، نزیكەی ٢٣٥ هەزار هاوڵاتی لوبنان ئاوارەی سووریا بوون، لە ٢٣ی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ ئەو ژمارە هاوڵاتییەی لە لوبنانەوە هاتوونەتە سووریا بریتی بوون لە ١٥٢ هەزار هاوڵاتی سووریا کە نیشتەجێی لوبنان بوون و ٨٢ هەزار كەسیشیان لوبنانی بوون. هاوکات، هەفتەی ڕابردوو عەلی حەمییە وەزیری گواستنەوەی لوبنان ئەوەیخستەڕوو، بەهۆی هێرشێكی ئیسرائیلەوە ڕێگای دەروازەی سنووری مەسنە داخرا، كە ئەو ڕێگایە سەدان هەزار كەس بۆ ئاوارەبوون بەكاریان دەهێنا

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بە پێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، مووچەی دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دیوانی چاودێری دارایی دابەشدەکرێت. هاوکات پێشتر وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندبوو کە تا ڕۆژی سێشەممە، مووچەی مانگی ئابی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت. ئەمش لە کاتێکدایە، تا ئێستا کێشەی مووچەی مانگی ئەیلوولیش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و بە وتەی ژمارەیەک پەرلەمانتار دەبێت لەم هەفتەیەدا مووچەی ئەو مانگەش بگاتە هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەستەی کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پێشبینیدەکات هەفتەی داهاتوو لە هەندێک ناوچەی عێراق باران ببارێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بارانبارینەکە هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت و هەروەها خێرایی با زیاددەکات، هاوکات پلەی گەرمی لە خوار 40 پلەی سیلیزییەوە دەبێت لە هەموو ناوچەکان بەتایبەت باکوور و رۆژئاوا. کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی عێراق بارانبارینی پچڕ پچڕ دەبێت و پلەی گەمی کەمێک بەرزدەبێتەوە و خێرایی با زیاددەکات.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) سەبارەت بە چەند هێرشێكی جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەكان لە یەمەن، لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو هێرشیان كردە سەر ١٥ ئامانجی حووسییەكانی یەمەن و توانا سەربازییەكانیان لەناو بردووە. دەشڵێت، ئەم هێرشانە بۆ سەر ئامانجی حووسییەكان بۆ پاراستنی ئازادیی كەشتیوانی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەكانە. هاوکات میدیاکای یەمەن لای خۆیانەوە بڵاویانکردەوە، دوێنی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا چوار هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەی سیانە لە باكووری سەنعای پایتەختی یەمەن. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، حەوت هێرشیان كردووەتە فڕۆكەخانەی حودەیدە، ناوچەی كەسیب و باشووری شاری زەمار. جێگەی ئاماژەیە، جگە لە ئەمریكا و بەریتانیا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ڕۆژانە هێرشی ئاسمانیی دەكەنە سەر بە گرووپی حووسییەكان لە یەمەن.

هاوڵاتی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار $100=154,000 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دینار €100=169,00 نرخی پاوەن بەرامبەر دینار £100=200,250 نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دینار 1000=126,500 نرخی کرۆنی نەرویجی بەرامبەر دینار 1000=119.000 نرخی تمن بەرامبەر دینار 1000,000=25,250 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دۆلار €100=110$ ‎نرخی پاوەن بەرامبەر دۆلار £100=130$ ‎نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دۆلار 1000=82$ نرخی کرۆنی نەرویجی بەرامبەر دۆلار 1000=78$ نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار $100=6,100,000 نرخی تمەن بە حەواڵە $100=6,170,000 نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار $100=3,350  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەرگریی شارستانی کەرتی غەززە لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکى سوپای ئیسرائیل بۆسەر مزگەوت و قوتابخانەیەک، لە دێربەلح لە غەززە، ٢٤ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٩٣ کەسى دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، مزگەوت و قوتابخانەکە، شوێنى داڵدەدانى ئاوارەکانى کەرتى غەززە بوون و ئەو کەسانەشى کوژراون، هاوڵاتى سڤیل بوون. هاوکات لایی خۆشیانەوە سوپای ئیسرایل ڕایگەیاند، لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی ئەمنی لەلایەن سوپای وڵاتەکە، هێرشێکی ئاسمانیی وردیان بۆسەر بزووتنەوەی حەماس لە دێر بەلح ئەنجامداوە و ژمارەیەک چەکدارى حەماسیان کردووەتە ئامانج.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2024، لیوا یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق و خودی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران، بایەخی تەواو بە پێشخستنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی دەدات. دەشڵێت، حکومەتی عێراق، ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە بەر لە چەند مانگێک پێش ئێستا، بۆ دابینکردنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی، تەواوکردنی ئەو سیستەمە و کارپێکردنی کاتی دەوێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، عێراق توانای چاودێریی کردنی ئاسمانی خۆی هەیە لەگەڵ چاودێرییکردنی ئەو فڕۆکانەی بە ئاسمانی عێراقدا دەفڕن. گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری ئەوەی هەموو ڕێکارێک بۆ پارێزگاریی لە ئاسمانی عێراق گیراوەتە بەر، بەڵام هێشتا بە تەواوی جێی دڵنیایی نییە. وتیشی: فڕۆکەی ئێکس 16 و کی 50ی کۆریایی کە زۆر پێشکەوتوون، لەگەڵ فڕۆکەی چاودێری و بارهەڵگر، وا لە هێزی ئاسمانی عێراق دەکەن بتوانن پارێزگاریی لە عێراق بکەن.

هاوڵاتی   وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا٤١ هەزار و ٨٠٢ کەس كوژراون و ٩٦ هەزار و ٩١٠ کەس بریندار بوون، هەروەها، وەزارەتى تەندروستى لوبنان دەڵێت، بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.   لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤١ هەزار و ٨٠٢ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٩٦ هەزار و ٩١٠كەس. ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ كەس لە غەزە كوژراون.   لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی لوبنان بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە هەزار و٤٠٠ کەس و نزیکەی ٧ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون. لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەزە دەستیپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.   هاوکات، ماوەی سێ هەفتەیە ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی لوبنان دەکات و هێرشەکانی بۆ سەر موڵگەکانی حزبوڵای لوبنانی بەردەوامی هەیە.  

هاوڵاتی   سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: هەفتەی ڕابردوو لە سەرەتای ئۆپراسیۆنی زەمینییانەوە لە لوبنان نزیکەی ٢٥٠ چەکداری حیزبوڵایان کوشتووە کە ٢١ کەسیان سەرکردەی حیزبوڵا بوون. سوپای ئیسرائیل لەڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "زیاتر لە دوو هەزار ئامانجی سەربازیی حیزبوڵا هێرشی کراوەتەسەر کە خۆی لە باڵەخانەی سەربازی و کۆگای چەک و سەکۆ موشەکییەکانی حیزبوڵای گرتووەتەوە". لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاندووە، تۆپخانەکانیان هێزێکی ئیسرائیلی لە ناوچەیەکی سنووریی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، کە لە هەوڵی پێشڕەویدا بوون ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنە زەمینییەدا دێت کە لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە سوپای ئیسرائیل لە لوبنان دەستیپێکردووە.

هاوڵاتی   ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٥ـی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٤، میدیا عێراقییەکان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ له‌ سنووری پارێزگای ئه‌نبار به‌رپرسێكی حكوومی و سێ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كوژران. ڕووداوەکە له‌ ناحیه‌ی به‌غدادی له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار، ڕوویداوە، کە به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌ی كاره‌بای رومادی و سێ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا كوژران. شایەتحالەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، کە ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی ئه‌و به‌رپرسه‌ حكوومییه‌ و به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌ (فیراس ئه‌لعوبه‌یدی) به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌ی كاره‌بای رومادی و سێ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كوژران و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد.

هاوڵاتی حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان ڕایگەیاند: وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان تا ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، وتی، پڕۆسەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدەران لە بنکەکانیکۆمیسیۆن بەردەوامە، وەرگرتنەوەی کارتەکەش بەردەوام دەبێت، تا ٢٠ی ئەم مانگە کە ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، ٣ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٣٦٠ کەس لە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە، تائێستاش نزیکەی ١٦٠ ھەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.

هاوڵاتی نرخی نەوت لە دواساتەکانی داخستنی بازاڕەکان، بەرزبووەوە بە جۆرێک بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا تۆمارکرد کە ٨٪ بوو.  نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ٤٣ سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیل بە ٧٨ دۆلار و ٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ٧٨ سەنت بەرزبووەوەو بە ٧٤ دۆلار و ٣٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی بەرێژەی ٢٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ٨٠ دۆلار، پاشان بەخێرایی دابەزی بۆ نزیکەی ٧٨ دۆلار دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەگەر لە شوێنی ئیسرائیل بێت هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران."