هاوڵاتی   وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا٤١ هەزار و ٨٠٢ کەس كوژراون و ٩٦ هەزار و ٩١٠ کەس بریندار بوون، هەروەها، وەزارەتى تەندروستى لوبنان دەڵێت، بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.   لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤١ هەزار و ٨٠٢ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٩٦ هەزار و ٩١٠كەس. ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ كەس لە غەزە كوژراون.   لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی لوبنان بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە هەزار و٤٠٠ کەس و نزیکەی ٧ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون. لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەزە دەستیپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.   هاوکات، ماوەی سێ هەفتەیە ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی لوبنان دەکات و هێرشەکانی بۆ سەر موڵگەکانی حزبوڵای لوبنانی بەردەوامی هەیە.  

هاوڵاتی   سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: هەفتەی ڕابردوو لە سەرەتای ئۆپراسیۆنی زەمینییانەوە لە لوبنان نزیکەی ٢٥٠ چەکداری حیزبوڵایان کوشتووە کە ٢١ کەسیان سەرکردەی حیزبوڵا بوون. سوپای ئیسرائیل لەڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "زیاتر لە دوو هەزار ئامانجی سەربازیی حیزبوڵا هێرشی کراوەتەسەر کە خۆی لە باڵەخانەی سەربازی و کۆگای چەک و سەکۆ موشەکییەکانی حیزبوڵای گرتووەتەوە". لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاندووە، تۆپخانەکانیان هێزێکی ئیسرائیلی لە ناوچەیەکی سنووریی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، کە لە هەوڵی پێشڕەویدا بوون ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنە زەمینییەدا دێت کە لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە سوپای ئیسرائیل لە لوبنان دەستیپێکردووە.

هاوڵاتی   ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٥ـی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٤، میدیا عێراقییەکان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ له‌ سنووری پارێزگای ئه‌نبار به‌رپرسێكی حكوومی و سێ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كوژران. ڕووداوەکە له‌ ناحیه‌ی به‌غدادی له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار، ڕوویداوە، کە به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌ی كاره‌بای رومادی و سێ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا كوژران. شایەتحالەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، کە ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی ئه‌و به‌رپرسه‌ حكوومییه‌ و به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌ (فیراس ئه‌لعوبه‌یدی) به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌ی كاره‌بای رومادی و سێ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كوژران و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد.

هاوڵاتی حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان ڕایگەیاند: وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان تا ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، وتی، پڕۆسەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدەران لە بنکەکانیکۆمیسیۆن بەردەوامە، وەرگرتنەوەی کارتەکەش بەردەوام دەبێت، تا ٢٠ی ئەم مانگە کە ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، ٣ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٣٦٠ کەس لە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە، تائێستاش نزیکەی ١٦٠ ھەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.

هاوڵاتی نرخی نەوت لە دواساتەکانی داخستنی بازاڕەکان، بەرزبووەوە بە جۆرێک بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا تۆمارکرد کە ٨٪ بوو.  نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ٤٣ سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیل بە ٧٨ دۆلار و ٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ٧٨ سەنت بەرزبووەوەو بە ٧٤ دۆلار و ٣٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی بەرێژەی ٢٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ٨٠ دۆلار، پاشان بەخێرایی دابەزی بۆ نزیکەی ٧٨ دۆلار دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەگەر لە شوێنی ئیسرائیل بێت هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران."

تەقینەوەیەک لە کەرکووک روویدا  هاوڵاتی   تەقینەوەیەک لەنێو شاری کەرکووک روویدا و بریندار هەیە. عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر لە نزیک نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لە گەڕەکی موسەلای شاری کەرکووک بۆمبێک تەقییەوە و بەو هۆیەوە چوار کەس بریندار بوون. گوتەبێژی پۆلیسیی کەرکووک وتیشی، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.   سەرچاوە - ڕووداو  

هاوڵاتی کەناڵی 13ی ئیسرائیل ڕایگەیەند، ئەنجوومەنی وەزیرانی سیاسی و سەربازی لە بارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئێران کۆبووەتەوە و بڕیاری فەرمیشی لەسەر وەڵامدانەوەکە دەرکردووە، بەڵام بە گوتەی گەورە بەرپرسانی ئیسرائیلی کە ئاگاداری وردەکارییەکانی پلانی وەڵامدانەوەکەی ئێرانن، گوایە حکوومەتی ئیسرائیل دەیەوێت بە شێوازێک کۆتایی بە وەڵامدانەوەی ئێران بهێنێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان، یان بەردەوامبوونی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سەری یەکتری. کەناڵەکە لەزاری بەرپرسێکی وڵاتەکەوە دەڵێت، ئیسرائیل دەیەوێت ئۆپراسیۆنێکی گەورە لە دژی ئێران بکەن، بەڵام ڕێگەیەکیان ناوێت پەلکێشی جەنگێکی تەواویان بکات، هەرچەندە ئاماژەکان بەو ئاراستەیە کە کاتی وەڵامدانەوەی ئێرانیان دیاری نەکردووە، هەروا بە پێویستی نازانن بەمنزیکانە وەڵامدانەوەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام لە ئاستی سیاسییدا کار لەسەر دیاری کردنی وادەیەکی گونجاو دەکەن. بەرپرسەکە ئەوەشی خستۆتەروو،  ئەگەر هەیە دوای ئۆپراسیۆنی زەمینی لە لوبنان کاتێکی گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دیاری بکرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە لیوای جۆلانی لە باکووری ئیسرائیل ڕاگەیاند. لەکاتێکدا میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، هێرشەکە بەهۆی درۆنێکەوە بووە کە لە عێراقەوە هەڵدراوە. هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو دوو سەربازە ئیسرائیلییەی کە شەوی سێشەممە و چوارشەممە گیانیان لەدەستداوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی درۆنێکەوە بووە کە لە عێراقەوە ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی لە باکووری جۆلان کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی ئەو درۆنەی عێراقەوە ٢٣ سەربازی دیکەش برینداربوون. ڕۆژنامەی "یەدیوت ئەحرۆنۆت" ئاشکرای کردووە، ئەو دوو سەربازەی کە لە هێرشەکەدا کوژراون ناویان ڕاید (دانیاڵ ئەفیف حاییم صوفەر) و عەریف (تاڵ درور)ە، کە هەردووکیان ١٩ساڵن. بەرەی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کوشتنیانی لە ئەستۆی خۆی گرتووە. گروپە چەکدارە عێراقییە دڵسۆزەکانی ئێران، لیواکانی حزبوڵڵا و سەید ئەلشوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبان، کە پێیان دەوترێت"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق". لەم چەند مانگەی دواییدا ئەم پێکهاتەیە لە پاشهاتی شەڕی غەززەدا، هێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لە ئەستۆی خۆیان گرتووە. سەرچاوە: سکای نیوزی عەرەبی-ئەبوزەبی

داهاتی هەفتەى ڕابردووى سلێمانى زیاتر لە ١١ ملیار دینار بووە هاوڵاتی ماڵپەڕى شەفافییەت داهاتی هەفتەى ڕابردووى پارێزگای سلێمانی بڵاو کردەوە، بەپێى ڕاگەیاندراوەکە لە ڕۆژى ٢٨ـی ئەیلولى ٢٠٢٤ تا ٤ـی تشرینى یەکەمى ٢٠٢٤، کۆى گشتیى داهاتى سلێمانى ١١ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن و ٣٤٨ هەزار و ٥٩٥ دینار بووە.   هەروەها هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ٧٤%ـی ئەو بڕە نەختینەیی بووە و لە ٢٦%ـی دیکەشى بەشێوەى چەک و مقاسەیە بووە.   جێگاى ئاماژەیە، ڕۆژی ١٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی کەوتە کار و لە ئێستادا هاوڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەى ماڵپەڕى شەفافییەتەوە ئاگادارى داهاتى ڕۆژانەى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین بن.  

هاوڵاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەبارەى داخستنى ڕێگایەکى سەرەکى بە ڕووى شۆفێراندا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاگاداری هاوڵاتیان و شۆفێران دەکەینەوە، كە بەهۆی پاككردنەوە و ئامادەكردنی بەشێك لە شەقامی گشتیی شاڕێی پێشمەرگە لەسەر پردی قلیاسانەوە تا یەكتربڕی باخی بەختیاریی دادەخرێت. دەشڵێن، داوا لە هاوڵاتیان دەكەین، كە شەقامەكانی “شەكرەكە بۆ قلیاسان و باخی بەختیاری ” یان “ڕێڕڕەوە نوێیەكەی باخی بەختیاری ” وەك شەقامی جێگرەوە بەكاربهێنن.  

هاوڵاتی ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛  ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١١:٢٠خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە بەکارهێنانی چەکی قورس، ئەو سەربازە داگیرکەرانەیان کردە ئامانج کە هەوڵیان دەدا ڕێگایەکی سەربازی بۆ مەبەستی داگیرکاری لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار دروست بکەن. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا بولدۆزەرێک زیانی پێگەیشت و هەوڵەکەیان وەستێنرا.  لە ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١١:٢٢خولەک، هێزەکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد سەربازانی داگیرکەریان بە چەکی قورس کردە ئامانج؛ کە هەوڵیان دەدا ڕێگایەکی سەربازی بۆ مەبەستی داگیرکاری لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار  دروست بکەن. لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئاگری گرت و بەتەواوی لەناویان برد. ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ١١:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد حەشارگەیەکی سەربازەکانی داگیرکەریان کردە ئامانج کە هەوڵیان دەدا بنکە و بارەگا لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لەسەر گردی ئامیدی دروست بکەن و بە  قەناس سەربازێکیان کوشت. ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ٠٢:٥٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی کردە ئامانج. ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٤:٥٥ خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد چاودێری جموجۆڵی سەربازانی داگیرکەریان کرد لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدیی و بە بەکارهێنانی تاکتیکی مینچاندن کردیاننە ئامانج و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بە لانیکەمەوە ٣ داگیرکەریان کوشت. ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٢:١٦ و ٠٤:٠٠ هێزەکانی پاراستنی گەل، لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدی بە چەکی قورس داگیرکەرانیان کردە ئامانج.  لە ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٨:٠٠ و ١١:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج.  لە ٣ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٥:٥٠خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد  فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی بە چەکی تاکەکەسی کردە ئامانج و خستیانە خوارەوە. ڕۆژی ٣ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٦:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج و بە چەکی تاکەکەسی ئەوەشیان خستە خوارەوە. ٢. ناوچەی کاری؛  ڕۆژی 30ی ئەیلول کاتژمێر ٠٣:٠٠ هێزەکانی پاراستنی گەل فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان کردە ئامانج کە لە ناوچەی جومانکییەوە بەرەو ناوچەی گراف دەڕۆیشت و خستیانە خوارەوە. ٣. ناوچەی خاکورکە؛ ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١٠:١٥ و ١٢:٤٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەری تورکیایان لە گردی شەهید هێمن کردە ئامانج. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو لە ٣٠ی ئەیلول و ١ و ٢ی ئۆکتۆبەردا،  تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی ٧ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران.  لە ٣٠ی ئەیلول و ١ی ئۆکتۆبەردا،  تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. ٥. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛  لە ٣٠ی ئەیلول و ١ و ٢ی ئۆکتۆبەردا ٩ جار هێرش کرایە سەر ناوچەکانی گردی ڕوستی، شەهید شەریف، کەندکولا، لولان، سەنینە، بەربازنە و گردی مەسکەن لە خاکورکە. ناوچەی کاری، سیدارین، گردی کون، گردی سیسر و دیرک لە کاری ٦ جار هێرشیان کرایە سەر. ناوچەی گردی ئامیدی و گردی بەهار ڕۆژئاوای زاب، دوو جار هێرشیان کرایەسەر. ناوچەکانی سری مەتینانی شیلازێ، بێشێلی لە مەتینا ٤ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومانکران. کە کۆی گشتی دەکاتە ٢١ هێرشی ئاسمانی. رۆژی ٣٠ی ئەیلول و ١ و ٢ی ئۆکتۆبەر، دوو جار هێرش کرایە سەر ناوچەی گردی شەکیف لە خاکورکە. ناوچەکانی سری مەتینا و بێشێلی لە مەتینا ٦ جار هێرشیان کرایە سەر. گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب، ٩ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشکەر بۆردوومانکران. کە کۆی گشتی  دەکاتە ١٧ هێرش. ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی پەڵە هەوری جیاجیا و خێرایى با لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، مەوداى بینین لە نێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت. دەشڵێن، سبەى ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانى گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە. باس لەوەش کراوە، بەپێى پێشبینییەکان ئەمڕۆ بەرزترین پلەى گەرما لە گەرمیان دەبێت، کە ٣٣ پلەیە و نزمترین پلەى گەرماش لە حاجى ئۆمەران دەبێت، کە ١٩ پلە دەبێت.  

هاوڵاتی   سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، لە ڕۆژى هەڵبژاردندا دەرفەت بە هیچ لایەنێک نادرێت ساختەکارى بکات، هەروەها دەشڵێت، رێژەی گزیکردن و ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سفرە. حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانى کردووە، کاغەزى دەنگدان گەیشتووەتە هەرێم و بەسەر ئۆفیسەکانى هەڵبژاردن دابەشکراوە. وتیشى، کارتەکانیش بەرێژەیەکى زۆر دابەشکراون و ئەوانەش کە تا ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە داوایان لێدەکەین سەردانى بنکەکانى دەنگدان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى تا بەشدارى هەڵبژاردن بکەن، چونکە بەبێ کارتى بایۆمەترى هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگبدات. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەجۆرێک هەڵبژاردنی ئەم جارە به‌باشترین كوالێتی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، هەروەها بەبێ کارتى بایۆمەترى هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگبدات، و دەرفەت بە هیچ لایەنێک نادرێت ساختەکاری بکات. سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژەى بەوەکرد، ٤١ هەزار کارمەندى هەڵبژاردنیان هەیەلەرۆژى دەنگداندا ئەوان بەشدارى هەڵبژاردنەکە دەکەن وەک کۆمسبۆن ژمارەیەکیان راهێنانیان پیکراوە و ئەوانى دیکەش بەردەوامن لە راهێنان   بڕیارە رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت، بە پێى ئامارەکانیش دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەکۆى ئەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ـیان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ـیان دەنگدەری تایبەتن.  

ئەمڕۆ، لاهور شێخ جەنگی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتی یەنەکە، کە لە سێی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد، پایەمێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نور و رۆحت شاد مامە گیان، دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژووی تۆوە دەکرێ!   دەقی پەیامەکەی لاهور جەنگی:   ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام و رابەری گەورەم مام جەلالە، رۆحی شاد بێت و خوای گەورە لێی خۆش بێت! بۆ یادی ئەو مرۆڤە مەزنە، کە بە شەخسی بۆ من قوتابخانەیەکی گەورە بوو، دەڵێم: ناو، پێگە و کاریگەرییەکانی ئەو لە مێژووی سیاسەتی کوردیدا، زیندوو و گەش دەمێننەوە، وەک چۆن نەیارەکانی لە ڕابردوودا نەیانتوانی بیشێوێنن، کوڕەکانیشی تاسەر ناتوانن لە سەر مێژوو و ناوی ئەو بژین و کاری لار و ناجۆر بکەن؛ خەڵک دوێنێی جەنابی مام جەلال بە هەموو باشی و خراپییەکانەوە دەبینێ و ئێستای ئەوانیش دەبینێ، کە خۆیان و کردەوەکانیان بەناوی ئەوەوە هەڵواسیوە! بۆ من، وەفا بۆ مامم مام جەلال، تەنها رەهەندی سیاسیی نییە، بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی زۆر قوڵی هەیە بۆیە هەتا مابم، هەوڵ دەدەم خاڵە گەش و جوانەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەش ڕابگرم. سوپاسگوزار و بەوەفا بم بەرامبەر دەستگرتن و ئامۆژگاری و پشتیوانییە زۆرەکانی بۆ من! ئەو هێشتا لە دیدی من و زۆرێک لە هەڤاڵان و خەڵکدا، یەکێکە لە هەڵکەوتوترین مرۆڤەکانی مێژوویی سەد ساڵی ڕابردووی باشوری کوردستان. یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نوور و رۆحت شاد مامە گیان، دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژووی تۆوە دەکرێ!   لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی  

هاوڵاتی   میقداد میری وتەبێژی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە هاتنی کۆچبەری لوبنانى بەم شێوەیە زانیاری خستەڕوو. میقدا میری ڕایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیلەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا پێنج هەزار کۆچبەر هاتوونەتە وڵاتەکەمانەوە. دەشڵێت، کۆچبەرە لوبنانییەکان لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و نەجەف و دەروازەی سنووری قائیمەوە هاتوونەتە عێراق. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتییە لوبنانییەکان دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بێنە ناو خاکی عێراقەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا ئیسرائیل هێرشەکانى بۆسەر لوبنان و غەزە و سوریا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراو برینداربوون و دەیان هەزار کەسى دیکەش برینداربوون.