هاوڵاتی ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛  ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١١:٢٠خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە بەکارهێنانی چەکی قورس، ئەو سەربازە داگیرکەرانەیان کردە ئامانج کە هەوڵیان دەدا ڕێگایەکی سەربازی بۆ مەبەستی داگیرکاری لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار دروست بکەن. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا بولدۆزەرێک زیانی پێگەیشت و هەوڵەکەیان وەستێنرا.  لە ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١١:٢٢خولەک، هێزەکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد سەربازانی داگیرکەریان بە چەکی قورس کردە ئامانج؛ کە هەوڵیان دەدا ڕێگایەکی سەربازی بۆ مەبەستی داگیرکاری لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار  دروست بکەن. لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئاگری گرت و بەتەواوی لەناویان برد. ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ١١:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد حەشارگەیەکی سەربازەکانی داگیرکەریان کردە ئامانج کە هەوڵیان دەدا بنکە و بارەگا لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لەسەر گردی ئامیدی دروست بکەن و بە  قەناس سەربازێکیان کوشت. ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ٠٢:٥٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی کردە ئامانج. ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٤:٥٥ خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد چاودێری جموجۆڵی سەربازانی داگیرکەریان کرد لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدیی و بە بەکارهێنانی تاکتیکی مینچاندن کردیاننە ئامانج و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بە لانیکەمەوە ٣ داگیرکەریان کوشت. ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٢:١٦ و ٠٤:٠٠ هێزەکانی پاراستنی گەل، لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدی بە چەکی قورس داگیرکەرانیان کردە ئامانج.  لە ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٨:٠٠ و ١١:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج.  لە ٣ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٥:٥٠خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد  فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی بە چەکی تاکەکەسی کردە ئامانج و خستیانە خوارەوە. ڕۆژی ٣ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٦:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج و بە چەکی تاکەکەسی ئەوەشیان خستە خوارەوە. ٢. ناوچەی کاری؛  ڕۆژی 30ی ئەیلول کاتژمێر ٠٣:٠٠ هێزەکانی پاراستنی گەل فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان کردە ئامانج کە لە ناوچەی جومانکییەوە بەرەو ناوچەی گراف دەڕۆیشت و خستیانە خوارەوە. ٣. ناوچەی خاکورکە؛ ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١٠:١٥ و ١٢:٤٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەری تورکیایان لە گردی شەهید هێمن کردە ئامانج. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو لە ٣٠ی ئەیلول و ١ و ٢ی ئۆکتۆبەردا،  تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی ٧ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران.  لە ٣٠ی ئەیلول و ١ی ئۆکتۆبەردا،  تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. ٥. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛  لە ٣٠ی ئەیلول و ١ و ٢ی ئۆکتۆبەردا ٩ جار هێرش کرایە سەر ناوچەکانی گردی ڕوستی، شەهید شەریف، کەندکولا، لولان، سەنینە، بەربازنە و گردی مەسکەن لە خاکورکە. ناوچەی کاری، سیدارین، گردی کون، گردی سیسر و دیرک لە کاری ٦ جار هێرشیان کرایە سەر. ناوچەی گردی ئامیدی و گردی بەهار ڕۆژئاوای زاب، دوو جار هێرشیان کرایەسەر. ناوچەکانی سری مەتینانی شیلازێ، بێشێلی لە مەتینا ٤ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومانکران. کە کۆی گشتی دەکاتە ٢١ هێرشی ئاسمانی. رۆژی ٣٠ی ئەیلول و ١ و ٢ی ئۆکتۆبەر، دوو جار هێرش کرایە سەر ناوچەی گردی شەکیف لە خاکورکە. ناوچەکانی سری مەتینا و بێشێلی لە مەتینا ٦ جار هێرشیان کرایە سەر. گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب، ٩ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشکەر بۆردوومانکران. کە کۆی گشتی  دەکاتە ١٧ هێرش. ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی پەڵە هەوری جیاجیا و خێرایى با لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، مەوداى بینین لە نێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت. دەشڵێن، سبەى ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانى گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە. باس لەوەش کراوە، بەپێى پێشبینییەکان ئەمڕۆ بەرزترین پلەى گەرما لە گەرمیان دەبێت، کە ٣٣ پلەیە و نزمترین پلەى گەرماش لە حاجى ئۆمەران دەبێت، کە ١٩ پلە دەبێت.  

هاوڵاتی   سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، لە ڕۆژى هەڵبژاردندا دەرفەت بە هیچ لایەنێک نادرێت ساختەکارى بکات، هەروەها دەشڵێت، رێژەی گزیکردن و ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سفرە. حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانى کردووە، کاغەزى دەنگدان گەیشتووەتە هەرێم و بەسەر ئۆفیسەکانى هەڵبژاردن دابەشکراوە. وتیشى، کارتەکانیش بەرێژەیەکى زۆر دابەشکراون و ئەوانەش کە تا ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە داوایان لێدەکەین سەردانى بنکەکانى دەنگدان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى تا بەشدارى هەڵبژاردن بکەن، چونکە بەبێ کارتى بایۆمەترى هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگبدات. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەجۆرێک هەڵبژاردنی ئەم جارە به‌باشترین كوالێتی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، هەروەها بەبێ کارتى بایۆمەترى هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگبدات، و دەرفەت بە هیچ لایەنێک نادرێت ساختەکاری بکات. سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژەى بەوەکرد، ٤١ هەزار کارمەندى هەڵبژاردنیان هەیەلەرۆژى دەنگداندا ئەوان بەشدارى هەڵبژاردنەکە دەکەن وەک کۆمسبۆن ژمارەیەکیان راهێنانیان پیکراوە و ئەوانى دیکەش بەردەوامن لە راهێنان   بڕیارە رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت، بە پێى ئامارەکانیش دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەکۆى ئەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ـیان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ـیان دەنگدەری تایبەتن.  

ئەمڕۆ، لاهور شێخ جەنگی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتی یەنەکە، کە لە سێی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد، پایەمێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نور و رۆحت شاد مامە گیان، دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژووی تۆوە دەکرێ!   دەقی پەیامەکەی لاهور جەنگی:   ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام و رابەری گەورەم مام جەلالە، رۆحی شاد بێت و خوای گەورە لێی خۆش بێت! بۆ یادی ئەو مرۆڤە مەزنە، کە بە شەخسی بۆ من قوتابخانەیەکی گەورە بوو، دەڵێم: ناو، پێگە و کاریگەرییەکانی ئەو لە مێژووی سیاسەتی کوردیدا، زیندوو و گەش دەمێننەوە، وەک چۆن نەیارەکانی لە ڕابردوودا نەیانتوانی بیشێوێنن، کوڕەکانیشی تاسەر ناتوانن لە سەر مێژوو و ناوی ئەو بژین و کاری لار و ناجۆر بکەن؛ خەڵک دوێنێی جەنابی مام جەلال بە هەموو باشی و خراپییەکانەوە دەبینێ و ئێستای ئەوانیش دەبینێ، کە خۆیان و کردەوەکانیان بەناوی ئەوەوە هەڵواسیوە! بۆ من، وەفا بۆ مامم مام جەلال، تەنها رەهەندی سیاسیی نییە، بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی زۆر قوڵی هەیە بۆیە هەتا مابم، هەوڵ دەدەم خاڵە گەش و جوانەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەش ڕابگرم. سوپاسگوزار و بەوەفا بم بەرامبەر دەستگرتن و ئامۆژگاری و پشتیوانییە زۆرەکانی بۆ من! ئەو هێشتا لە دیدی من و زۆرێک لە هەڤاڵان و خەڵکدا، یەکێکە لە هەڵکەوتوترین مرۆڤەکانی مێژوویی سەد ساڵی ڕابردووی باشوری کوردستان. یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نوور و رۆحت شاد مامە گیان، دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژووی تۆوە دەکرێ!   لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی  

هاوڵاتی   میقداد میری وتەبێژی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە هاتنی کۆچبەری لوبنانى بەم شێوەیە زانیاری خستەڕوو. میقدا میری ڕایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیلەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا پێنج هەزار کۆچبەر هاتوونەتە وڵاتەکەمانەوە. دەشڵێت، کۆچبەرە لوبنانییەکان لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و نەجەف و دەروازەی سنووری قائیمەوە هاتوونەتە عێراق. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتییە لوبنانییەکان دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بێنە ناو خاکی عێراقەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا ئیسرائیل هێرشەکانى بۆسەر لوبنان و غەزە و سوریا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراو برینداربوون و دەیان هەزار کەسى دیکەش برینداربوون.

هاوڵاتی بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی (CPT) سی پی تی ئەمریكی ڕایگەیاند"سوپای تورکیا رێگەی سەربازی لە دەڤەری نهێلێ لە شارۆچکەی ئامێدی دروستدەکات. کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی (CPT) سی پی تی ئەمریكی  ڕایگەیاند، لە ٢٠ـــی ئەیلوولەوە، سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی ڕێگەی سەربازی لە گرێ بەهارەوە و ڕێگاکە بە پشتی گوندی گوهەرزێدا تێپەڕدەبێت و بە تۆڕێکی ڕێگاوبان بە بارەگاکانی سوپای تورکیا لە گوندەکانی سەرگەلێ و سگیرێ دەبەسترێتەوە. کامەران عوسمان، باسی لەوەشکرد، لە رۆژی ٣٠ــــی ئەیلوولیشدا، حەفارەیەکی سوپای تورکیا تێکشکێندراوە و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە گوندەکانی بەرچێ و کانێ خراونەتە خوارەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، تا دێت لەشکرکیشییەکانى سوپاى داگیرکەری تورک بۆ ناو خاکى هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە و لە ماوەى ڕابردووشدا بە بەرچاوى دەسەڵاتدارانى هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چەندین هێزى گەورەى سەربازى بە تانک و زرێپۆش و چەکى قورسەوە هێناوەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستان و لە سنوورى بادینان جێگیرى کردوون.

وەزارەتی دارایی: هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ڕۆژی هەینی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت، هەروەها بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش بکرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگیرابوون، لە هەفتەی داهاتوودا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت."      هەروەها شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی راگەیێندراوەکە "بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب ڕاگیرابوون، لە شاری بەغدان." شاندەکە پێکهاتوون لە: رێباز عەباس، راوێژکاری وەزارەت، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری، بە هاوکاریی فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دارایی "لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون، کە ئەمانەن: 1- دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بڕی ٥٩٨ ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.   2- لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە رۆژی هەینی (٤-١٠-٢٠٢٤) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لەماوەی چەند رۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت.   3- ڕوونکردنەوە و زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جیاواز ڕاگیرابوون، بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی، پێشکەشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا و، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن.   4- دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب راگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەهەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.  

هـ*ــە*پە*گــ*ـــە کوژرانی ٢٨ داگیر*کەری تورکیای ڕاگەیاند و یەکێکیان ئەفسەرێکی پلەبەرزە هاوڵاتی   هێزەکانی پاراستنی گەل، ئامارێکی وردی شەڕی مانگی رابردوی، لەگەڵ سوپای تورکیای داگیرکەر بڵاو کردەوە، جەختی کردەوەوە: بەرپرسێکی گەورەی سوپای تورکیا و ٢٧ داگیرکەر کوژران.   ناوەندی ڕاگەیاندنی هێرەکانی پاراستنی گەل (HPG)  ئامارێکی وردی مانگی ئەیلولی شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورکیا، بۆ رایگشتیی بڵاوکردوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: هەڤاڵانمان سارا تۆل هەڵدان گۆیی - دلارا ئورپەر و ڕوکەن زلال – ئەمەل فەرەمەز حێسن کە لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە مێزیتلی سەربە مێرسین چالاکییەکی فێدییان .   لە مانگی ئەیلولدا بە ڕۆحی خۆبەختکردنی ئاپۆیی بەرەنگاری هێرشەکانی سوپای داگیرکەر و دەوڵەتی  بکوژ بووەوە. لە باکوری کوردستان، لە ماردینەوە تا بۆتان، لە ئامەدەوە تا دەرسیم و گارزان، سوپای داگیرکەر ئۆپەراسیۆن و بۆردومانی بێشوماری ئەنجامدا. هەڤاڵانمان زەردەشت سوروچ - ئادەم ئۆزکان و ڕێباز باگۆک - سەلمان داگدەلەن ئازایانە شەڕیان کرد و لە پارێزگای دیاربەکر لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا شەهید بوون.   هەروەها لە مانگی ئەیلولدا کە بۆردومان و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا زیادی کرد. لە ماوەی مانگی ئەیلولدا گەریلاکانمان چالاکانە هێرشیانکردە، جارێک لە ئاسمانەوە و ١١١ جار لە زەویەوە؛ ١١٢ جار بە تاکتیکی جیاواز  ‌هێرشیان کردوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە پلەباڵا "پەیا عوسمان ئایان" و ٢٧ داگیرکەر کوژران و ١١ داگیرکەریش بریندار بوون. هاوسەنگی شەڕ بۆ مانگی ئەیلول بەم شێوەیەیە: -  هێرشەکان بە فڕۆکەی شەڕ: ٣٠٣ -  هێرشەکان بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر: ١٦٩ -  هێرشەکان بە تەقەمەنی قەدەغەکراو: ٥١ -  هێرشەکان بە درۆنی بۆمبرێژکراو: ٨ -  ئەو هاوڕێیانەمان کە شەهیدبوون -  ژمارەی ئەو هاوڕێیانەمان کە شەهیدبوون: ٤ -  چالاکییەکانی گەریلا -  چالاکییە ئاسمانییەکانی گەریلا: ١ -  چالاکی زەمینی گەریلا: ١١١ -  کۆی چالاکییەکان: ١١٢ -  کوژراوانی دوژمن -  ژمارەی ئەو سەربازە داگیرکەرانەی سزادراون: ٢٧ -  ژمارەی ئەو ئەفسەرە داگیرکەرانەی سزادراون: ١ -  ژمارەی داگیرکەرە بریندارەکان: ١١ -  ئەو ئامێر وکەرستانەی لەناوبران -  سیستمی رادار: ٢ -  جبەخانە: ١ -  بۆمبهاوێژی زنجیردار: ١ -  درۆن: ٥ -  کامێرای چاودێری حەراری: ٤ -  مۆڵگە: ٣ -  سیستمی سۆلار: ١ -  ئەو کەرستە و ئامێرانەی گورزیان لێدرا -  هەلیکۆپتەری هێرشبەر: ٢ -  هەلیکۆپتەری سکۆرسکی: ١ -  مۆڵگە:٣ -  حەفارە: ١ -  ئەو کەرستە و ئامێرانەی دەستیان بەسەردا گیرا -  درۆنی بۆمبرێژکراو: ١".

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا چەند ڕێنمایی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕۆژی دەنگدان دەرکرد و دەڵێت، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەناو وێستگەکانی دەنگداندا ئەنجامبدەن جگە لەو بنکانەی ڕێگەیان پێدراوە. کۆمیسیۆن دەشڵێت، بە هیچ شێوەیەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆیان نییە بچنە ناو کابینەی دەنگدان یان وێنەی ئەوە بگرن کە لەناو کابینەکەدا دەگوزەرێت. ئاماژەیە بەوەشکراوە، لە ڕۆژی دەنگداندا دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەنێو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا بۆیان نییە هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی (کامێرا، ئامێرەکانی تۆمارکردن) هەڵبگرن، هەروەها دەبێت مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە، جگە لەناو ئەو بنکانە نەبێت کە پێشوەختە کۆمیسیۆن دیارییان دەکات. بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن، دروستکردنی هەر جۆرە ئاژاوەیەک لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە کە سەربکێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگداندا لەناو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا قەدەغەیە. ئەشخراوەتەڕوو، ڕێکخەری بنکەی دەنگدان و بەرێوەبەری وێستگەی دەنگدان مافی ئەوەیان هەیە داوا لە نوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن، کە بنکەکە یان وێستگەکە بەجێبێڵن، ئەگەر ڕێساکانی ڕەفتاری تایبەت بە نوێنەری ڕاگەیاندن پێشێلبکەن. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، محه‌مه‌د باقر قاڵیباف، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئێران ڕایگه‌یاند، دواى هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئاماده‌ی كاردانه‌وه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ین. دەشڵێت، خۆمان بۆ ئەگەری شێتی ڕژێمی ئیسرائیل ئامادەکردووە و وەڵامی داهاتوومان بۆ ئەگەری دەستدرێژییەکان لە ئاستێکی زۆر جیاوازدا دەبێت. سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئێران، ئەوەشی خستۆتەڕوو، شەوی ڕابردوو ستەمکاران و شەڕخوازان کە تاکە هێزیان هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستییە، لە ترسدا لەرزین و گەلانی موسڵمان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان خۆشحاڵ بوون بەم هێرشانە بۆسەر ئیسرائیل. جێگەی ئاماژەیە، شه‌وى ڕابردوو ئێران به‌ سه‌دان مووشه‌ك هێرشى كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل.

هاوڵاتی محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەو هێرشە مووشەکییەی کە شەوی سێشەممە کردیانە سەر ئیسرائیل بەبەهێزی دووبارە دەبێتەوە و هەموو ژێرخانی قەوارەی زایۆنی دەکرێنە ئامانج. دوێنێ شەو ئێران زیاتر لە ١٨٠ مووشەکی ئاڕاستە ئیسرائیل کرد، بەڵام زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگری ئیسرائیل و بە هاوکاری ئەمریکا خرانەخوارەوە. بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لە هێرشەکەدا تەنها یەک کەس کوژراوە، ئەویش هاووڵاتییەکی فەڵەستینییە و پارچەی یەکێک لە مووشەکەکان بەسەریدا کەوتووەتەخوارەوە. جێگەی ئاماژەیە بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئێران ڕایگەیاند هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل کۆتایی هاتووە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور و لە هەندێک ناوچە پەڵەهەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک وە ئەگەری کەمێک نمەباران هەیە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمڕۆ پلەی گەرمی بە ١ بۆ ٢ پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ نزمدەبێتەوە. کەشناسی هەرێم، لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە کەشناسیی هەرێم ئاشکرایکردووە، سبەی پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەی گەرمی لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ نزیکدەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان:   هەولێر : ٣٣ پلەى سیلیزى سلێمانی: ٣٢ پلەى سیلیزى دهۆک: ٣٣ پلەى سیلیزى کەرکوک: ٣٧ پلەى سیلیزى هەڵەبجە: ٣٤ پلەى سیلیزى زاخۆ: ٣٣ پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: ٢٤ پلەى سیلیزى سۆران: ٣٣ پلەى سیلیزى گەرمیان: ٣٨ پلەى سیلیزى

هاوڵاتی ڕەزاق سەعداوى دەڵێت، گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق دەستیان پێکردووەتەوە، کە بەهۆى "گرژییە هەرێمییەکانەوە" وەستابوون.   ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق، لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، کە گەشتی سەرجەم فرۆکەخانەکانی عێراق دەستیپێکردۆتەوە کە لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی گرژیییە هەرێمییەکانەوە لە ناوچەکەدا دروستبوون.   لەم بارەیەوە نووسینگەى رۆژنامەوانی، ڕەزاق سەعداوى وەزیرى گواستنەوەى عێراق ئاشکرایکرد، دواى تێپەڕینى سەرجەم مەترسییەکان کە ئەگەر هەبوو کاریگەرییان لەسەر سەلامەتیى فڕۆکەوانیى سڤیلی عێراق هەبێت، وەزیرى گواستنەوە بڕیاریدا ئاسمانى عێراق بەڕووى سەرجەم فڕۆکە سڤیلەکاندا بکرێتەوە، کە بە ئاسمانى عێراقدا تێدەپەڕن یان دەچنە فڕۆکەخانەکانى عێراق و لێوەیان دەردەچن.   جێگەی ئاماژیە، ڕۆژی سێشەممە دەوروبەری کاتژمێر ٨ی 1ى تشرینى یەکەم، گەشتى فڕۆکەوانیى عێراق لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕاگیرا، ئەوەش بەهۆى هێرشی مووشەکیى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

هاوڵاتی بەهۆی هێرشە زەمینییەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت ٩٥ کەس گیانیان لەدەست دا ئەمڕۆ سێشەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیاندراێکدا ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت ٩٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٧٢ کەسیش برینداربوون. دەشڵێت، بەهۆی بوردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ٩٥ کەس کوژران و ١٧٢ کەس بریندار بوون. جێگەی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل، هێرشی زەمینیی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکرد.

هاوڵاتی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگدەرانی تایبەت کارتی بایۆمەترییان کۆدکراوە و ناتوانن لە دەنگدانی گشتی بەشداربن، لە دەنگانی تایبەتیشدا لەهەر وێستگەیەکدا ٣٠٠ کەس دەتوانێت دەنگبدات. جومانە غەلای ئاشکراشیکرد، دوای دەنگدانی تایبەت ڕاستەوخۆ دەنگدەران کارتەکەیان لێوەردەگیرێتەوە، کۆمیسیۆنیش دەنگدەرانی تایبەتی بەپێی وێستگەکان بە ژمارە و ناو دابەشکردوون، بۆ ئەوەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت. وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاشکراشیکردووە، ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتیی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دەنگدانی تایبەتدا بە ئەلیکترۆنی دەنگەکان جیادەکرێتەوە و دواتر ڕاستەوخۆ لەهەر وێستگەیەکیشدا دەنگەکان بە دەستیش دەژمێردرێن، دەشڵێت، هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت.  جێگەی ئاماژەیە، ٢٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ٤٨ کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی واتە ١٨ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت کە تایبەتە بە هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان.