زانیاری ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پا*را*ستنی گە*ل و هێر*شەکانی سوپای داگیرکە*ری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: هاوڵاتی ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ ڕۆژی ٢٧ی ئەیلول، کاتژمێر ٣٠:٢ خولەک،  هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی بە قەناس کامێرایەکی چاودێری سەر بە تورکیای داگیرکەریان کردە ئامانج و لەناویان برد. لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ٣٠:٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج و خستیانە خوارەوە. ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ١٥:٣ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی دەستوەردانیان لە جموجۆڵی سەربازانی داگیرکەری تورکیادا لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار کرد و جموجۆڵەکەیان ڕاگرت. ٢. ناوچەی مەتینا؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ٥٠:٩ خولەک و لە ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ٣٠:٢ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرکلی و بیشیلی و سێری مەتینا، دەستوەردانیان  لە جموجۆڵی هێلیکۆپتەرە هێرشکەرەکانی داگیرکەردا  کرد و ناچاریان کردن لەو ناوچانە دوور بکەونەوە. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٢٧ی ئەیلولدا تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم لە ڕۆژئاوای زاب جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. لە ٢٧ی ئەیلولدا تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب ٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران و جارێکیش بە ڕێپێوانی بۆمبنانەوە. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ ڕۆژانی ٢٧، ٢٨، و ٢٩ی ئەیلول، ناوچەکانی بەربازنە، کری قلی، شەهید شەریف، گۆشینە، و خێنیری گور لە خاکورکە ١٢ جار بۆردوومانکران، ناوچەکانی میرانی، حەفتاباخ، سیدارە، شیێ، گردی سیسر، دێریش، دەشتی کافیا، و کری لە کاری ١٤ جار بۆردوومانکران، ناوچەی دەرکلیش لە مەتینا دوو جار بۆردوومانکرا. هەروەها ناوچەی گردی مەیدانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب، ٣ جار و ناوچەی بیوانی لە قەندیل جارێک بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکران، کە کۆی گشتی دەکاتە ٣٢ هێرشی ئاسمانی. لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ و ٢٩ی ئەیلول ناوچەکانی سێری مەتینا و درکلی و بێشیلی لە مەتینا ١٧ جار بۆردوومانکران، هەروەها ناوچەی گردی گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب ١٩ جار بە هێلیکۆپتەرە هێرشکەرەکانی داگیرکەر بوردوومانکران، کە کۆی گشتی دەکات ٣٦ هێرشی ئاسمانی. ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

عەبدوڵڵای مەلا نوری هاوڵاتی    بە تایبەت بۆ گەنجی کورد، بۆ ئەوەی لە مەترسی ژەهری بنەماڵە و شەڕ و خیانەت و شەقتێهەڵدانی ئامۆزا و براکان تێبگەن، باشترین سەرچاوە ئەوەیە، مێژووی میرنشینی بابان بخوێننەوە. هەر حکومەت و حزبێک، تازە یان کۆن، بوو بە موڵکی کەس و بنەماڵەیەک، ئەگەر زەویتان بە ئاڵتون بۆ فەرش بکات، ئەستێرەتان بۆ دابگرێت، سەرئەنجامی هەر دروستبوونی خیانەت و ستەمکاری و ماڵوێرانییە بۆ کۆمەڵگە. هێزی ئەمریکای زلهێز، لە کاری دامەزراوەییدایە، وەک چۆن لاوازی روسیای زلهێز لە چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکاندایە لە دەستی پۆتیندا. کانت گوتویەتی: هەرکات هەموو کارەکان لە یەک کەسدا چڕ بوویەوە، ئیدی هەمو شتێک بەرەو پوچی دەچێت. هیچ سەرکردە و کاریزمایەک ناتوانێ ببێتە بەدیلی کاری دامەزراوەیی، چوون هەمو کوڕێکی چاکی ئەمڕۆ چاوەڕوانکراوە سبەی ببێت بە دێوێک. بڕیاری گۆڕانەکان بە ئاراستەی جێهێشتنی گردەکە و نیشتەجێبونیان لە بینایەکی دەرەوەی گردەکە، (یەکێکە) لە هەنگاوە هەرە دروستەکان و گرنگە هەنگاوی تریشی بەدوادابێت. بەڵام کارەکە لە وێدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت، گەرەنتی ئەوەش بکرێت، ببڕای ببڕ دەرفەتی دروستبونەوەی بنەماڵە و سەرۆکی هەتا هەتایی تێدا نەڕەخسێتەوە. لە ٥٠ کانی سەدەی رابردوو، لە فەرەنسا کۆمەڵێک خەڵکی سەرلێشێواو و نەزان، خۆپیشاندانیان دەکرد، جاک لاکان پێی وتن: بەڕێزان ئێوە ئاغایەکی نوێتان دەوێ، خەمتان نەبێ پەیدای دەکەن! ئاغا گوزارشتە لەو کەسەی، کە بە چاوی کۆیلە و مەڕوماڵات تەماشای خوارەوەی خۆی دەکات. بە داخەوە کەم نین ئەو خەڵکانەی لەم سەردەمەدا وەک کۆیلە و مەڕوماڵات وان، هێشتا بە دوای ئاغایەکی شەقوەشێندا دەگەڕێن، تا کوێرانە چەپڵەی بۆ لێبدەن!

هاوڵاتی   بەڕێوەبەرایەتى تەندرووستى سلێمانى، سەبارەت بە بوونی ڤاکسینی ئەنفلۆنزای وەرزی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە.   بەڕێوەبەرایەتى تەندرووستى سلێمانى، ڕایگەیاند، لە ئێستادا ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزی لە هەموو مەڵبەندە تەندرووستییەکانی پارێزگای سلێمانی بەردەستە. وتیشی، لە ئێستادا هاوڵاتییان دەتوانن ڕۆژانە سەردانی مەڵبەندە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی ڤاکسینەکە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئاگاداری هاوڵاتییان دەکەینەوە بڕێك لە ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەزری گەیشتووە و لەئێستادا ئەو ڤاكسینە لە بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی و هەموو مەڵبەندە تەندرووستییەكان بەردەستە.   هاوکات، ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزری ڤاكسینێكی باوەڕپێكراوە و لەلایەن ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی پەسەندكراوە، ئەم ڤاكسینە سوودێكی زۆری بۆ هاوڵاتیان بەگشتی هەیە بەتایبەت بۆ منداڵان و كەسانی بەساڵاچوو و ئەو كەسانەی بەرگری جەستەیان لاوازە.  

هاوڵاتی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە  شاری هەولێر لەلایەن بنەماڵەی تۆفیق حەمەدەمین مەنتک ڕێگری لە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ دەکرێت، کە بەشداری لە پرسەکەیان بکات. بەهۆی ڕێگریکردنەوەکە لەلایەن بنەماڵەی تۆفیق حەمەدەمین مەنتک شەڕ لە نێوان بنەماڵەکە و پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ دروست دەبێت. لە شەڕەکەدا هەردوولا بە بە دەست و بە پشتی تفەنگ لەیەکیان داوە، بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون، لەو شەش کەسە یەکێكیان بەفیشەک برینداربووە و لە ئێستادا گواستراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر. هاوکات ئاسایشی هەولێر لەسەر ڕووداوەکە ڕوونکردەنەوەیەکی داو ڕایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنی نێوان هەردوولا و پێشتر لەلایەن بنەماڵەکە ئاگاداری شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ کراوەتەوە کە بەشداری لە پرسەکە نەکات، بەڵام شەڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ هاتووە بۆ پرسەکە و کە لە لایەن بنەماڵەکە داوای لێکراوە پرسەکە بەجێ بهێڵێت ئەو بەجێی نەهێشتووە. لە ئەنجامدا ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و بنەماڵەکەدا ڕوویداو  بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان کە هاوڵاتیەک بووە بە فیشەک برینداربووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هاوڵاتی داڤید ئامۆیێڤی، تەمەن ١٢ ساڵان، منداڵێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمئاتای کازاخستانە، دوێنی یەکشەممە لە پاڵەوانییەتیی نێودەوڵەتیی وەرزشی زۆرانبازی ئازاددا wolnik 11 wrestling league moscow پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. داڤید ئامۆیێڤی، سەرکەوتنی بەسەر تیگران بەگداسەریانی، ڕکابەرە ئەرمەنییەکەیدا بەدەست هێنا. جێگەی ئاماژەیە، داڤید، پێشتریش لە چەند پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە و تا ئێستا دوو پشتێن و دەیان مه‌دالیا و نازناوی به‌ده‌ست هێناوه.

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی زاپ( ئامێدی) درۆنێکی  تورکیای خستەخوارە و کامێرایەکی چاودێریی تێکشکاندوە و تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومانی کردوە. ئەمڕۆ دوو شەممە ٣٠/٩/٢٠٢٤، ڕاگەیاندنی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل ( (HPG) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زانیاریی ورد لەبارەی چالاکیەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیا  بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ رایگشتیی خستەڕوو: لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ١٤:٣٠خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی کامێرایەکی چاودێری داگیرکەران تێکشکێندرا. لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ١٧:٣٠ خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی درۆنێک بە چەکی سووک خرایە خوارەوە. لە ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ١٥:١٥ خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار بە چەکی نیچمە ئۆتۆماتیکی داگیرکەران کرانە ئامانج. دوای دەستوەردانی هێزەکانمان جموجۆڵی داگیرکەران ڕاگیرا. لە هەرێمی مەتینا؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ٢١:٥٠ خولەک و ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ٠٢:٣٠ هێزەکانمان هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بۆردومانی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی دەرگەلێ، بیشیلی و سەری مەتینای بۆردوومان دەکرد کرانە ئامانج. دوای دەستێوەردانەکە هەلیکۆپتەرەکان ناچار بوون ناوچەکە بەجێبهێڵن. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٢٧ی ئەیلول لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. لە ٢٧ی ئەیلول لە ناوچەی شەهید دەلیلی هەرێمی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی ٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛ ٢٧، ٢٨ و ٢٩ی ئەیلول لە هەرێمی خوکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەربزن، شاخی قەلە، شەهید شەریف، گۆشین، خنێرەی ژورو ١٢ جار، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی مێران، حەفتەباخ، شێدارێ، شیێ، شاخی سیسەر، دێ ڕەشە، دەشتی کافیا، گرێ ١٢ جار، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلێ ٢ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار ٣ جار، لە هەرێمی قەندیل گوڕەپانی بێوانێ جارێک؛ بەگشتی ٣٠ جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکران. لە ٢٧، ٢٨ و ٢٩ی ئەیلولدا لە هەرێمی مەتینا گۆڕەنەکانی بەرخۆدانی سەری مەتینا، دەرگەلێ و بێشیلی ١٧ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار ١٩ جار؛ بە گشتی ٣٦ جار بە هەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانکران.

هاوڵاتی کۆنسوڵخانەی ئێران لەشاری سلێمانی بڕیاریانداوە ئێوارەی ئەمڕۆ مەراسیمی پرسە بۆ حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان کاتژمێر چواری ئێوارە تا پێنج و ٣٠ خولەک دابنێن.  کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، پرسەی شەهید بوونی موجاهیدی گەورە، ئاڵاهەڵگری بەرخۆدان لە ناوچەکە، زانای خاوەن فەزیلەتی ئایین و سەرکردەی ژیر و تێگەیشتووی سیاسیی، جەنابی سەید حەسەن نەسروڵا لە بینای سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی کاتژمێر چواری ئێوارە تا پێنج و ٣٠ خولەک بەڕێوە دەچێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، لە ڕاگەیندراوێکی بڵآوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین خولی هەڵبژاردنە، داواش دەکات پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت. کەنەکە دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان لە قۆناغێکی زۆر تایبەتدا بەڕیوەدەچێت، قۆناغێک کە لە ٣٣ ساڵەی تەمەنی ئەو هەرێمە فەرمییەو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەرگیز ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ قەیران نەبووە. ئاشکراشیکردووە،  لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، ناتەبایی لایەنە سیاسییەکان و گرژییە توندەکەی نێوانیان، قەیرانی ئابووری و بژێوی خەڵک و بێ دەرامەتیی، کەمی خزمەتگوزاری و بێکاریی، لەکارکەوتنی پەرلەمان و کەمتەرخەمیی حکومەتی کاربەڕێکەر و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەری، نیگەرانیی خەڵک و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، گرتن و دەمکوتکردنی رۆژنامەوانان، قەیران و کێشەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەستتێخستنی سەربازیی و ئەمنی و ئاژاوەگێڕیی دەوڵەتانی هەرێمی لە باشووری کوردستان، ئەمانەو گەلێک پرسی دیکە ئەو خەسلەتانەن کە باشووری کوردستان و دەسەلاتی بەڕیوەبەریی هەرێمیان پێ دەناسرێنەوە. کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕوو، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی و پیلانگێڕان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتن ئیمزا دەکات و پارتە کوردستانییەکان قەدەغە دەکات، ڕێگا بە تورکیا دەدات بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر بێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان رێککەوتنی ئابووری و ئەمنی و سەربازی ئیمزا دەکات، هەروەها لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیش بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەباتی رەوای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیماننامەی بێکاریگەریی و کۆنترۆڵکردنی هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان و بەزۆر راگواستنیان ئیمزا دەکات.   کەنەکە جەختی لەوەکردوەتەوە، سەرباری هەموو ئەمانەش پرسێکی زۆر گرنگ هەیە ئەویش داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە لە باشووری کوردستان. بە دەیان بنکەی سەربازی بە هەموو جۆرە چەکێکی سوک و گران، بە چەکی قەدەغەکراوی نێونەتەوەیییشەوە لە هەرێم جێگیرکراون، چەندین ساڵە تورکیا لە هێرش و دەگیرکاریی بەردەوامە، دەیان بنکەو بارەگای سیخۆڕیی و دامەزراوەی سیاسی و ئابووری کلتوریی لەو هەرێمەدا دامەزراندووە. تورکیا بە جۆرێک بەشێکی گەورەی لەو هەرێمە، بەتایبەتیش لە ناوچەی بادینان داگیرکردووە و خۆی تێدا جێگیرکردووە، وەک خاوەن ماڵ و زۆر بێشەرمانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچە داگیرکراوانەدا دەکات.   هەروەها، داواش دەکات پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت و بە زمان و رەفتاری بەرپرسیاریانە و دوور لە توندوتیژیی بانگاشەی هەڵبژاردن بکرێت. لە بەشێکی ڕاگەندراوەەشدا هاتووە، هەڵبژاردنێکی روون کە خەڵکی باشووری کوردستان ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن. ئێمە دڵنیاین کە گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگی خۆیان بەو بەربژێرانە دەدەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و بەرگری لە دەستکەوت و ماف و ئازادیەکانیان دەکەن و بۆ کوردستانێکی ئازاد و دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن. کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) چوار داواکارییش دەخاتەڕوو: ١. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن، پێویستە خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدی نیشتمانپەروەر بدەن کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بپارێزن و خزمەتی خەڵک بکەن. ٢. هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک بە شەفافیەت و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە دەربکەوێت. ٣. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن بانگاشەو پلان و پڕۆژەکانیان بە زمانێکی سیاسی لە پەیام و پڕوپاگەندەی خۆیاندا بخەنە ڕوو، زمانی تاوانباری و سوکایەتی بەکارنەهێنن. هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسیدا ئەنجام بدرێت، لە هیچ شوێنێکدا توندوتیژی بەرامبەر کەس بەکارنەهێنرێت. ٤. هەموو لایەنەکان ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن و حکومەتێکی دیموکراسی و دادپەروەر دابمەزرێت.

هاوڵاتی پشتیوان پێنجوێنی شارەزایی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە حاڵەتێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات.  دەشڵیت، بە چالاکبوونی بای باشوور بە بەهێزی لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق لە کەنداوی عەرەبیەوە شێیەکی زۆر دێنێتە ناوچەکان و زیاتر مەودای باران بارینەکە سبەی شەو کاتژمێر 7ی شەو بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هاتنی بارستە هەوای ساردی لاواز بۆ ناوچەکانمان، بە پلەی یەک باران بارینەکە سنوری سلێمانی و دواتر ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیانە، ئەگەری دروستبوونی کەڵە هەوری بەهێز هەیە لەگەڵ بارینی تاوە بارانی بەخوڕ، لە ناوچەی جیا جیا ئەگەری ڕوودانی لافاو هەیە، لەم حاڵەتی ناسەقامگیری کەشوهەوا بەرکەوتنی بەرە هەوای گەرم و سارد دابارینەکە بەهێزتر دەکات وە زۆرترین ڕوودانی هەورەگرمەی توندو هەورەبروسکەی بەهێز.

هاوڵاتی  بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل پێگەی گروپە چەکدارییەکان لە لوبنان‌ و سوریا ده‌كاته‌ ئامانج‌و مەترسی ئه‌وه‌ش هەیە بەهۆی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق، ئیسرائیل بارەگای ئەو گروپانەش له‌ناو خاكى عێراق بکاتە ئامانج، لە بەر مەترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناچەکە سووپای عێراق دەخرێتە حالەتی ئامادەباشییەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یاڕەڵا سوپاسالاری عێراق کۆبونەوەیەکی ئەمنیی بەبەشداریی فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی، وشکانی‌و پلاندانان‌و چەند بەرپرسێکی تر ئەنجامدا.   لەکۆبونەوەکەدا دۆخی ئەمنیی ‌و ئەو ئاستەنگییانەی ڕوبەڕوی ناوچەكه‌ بوەتەوە تاووتوێکراون، هاوکات فەرماندەکان باسیان لەئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵات بەباشترین شێوە، ئاگاداربون ‌و ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو کرد.

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ١٠٠ هەزار کاغەزی زیاتر لە ژمارەی دەنگدەران چاپ دەکات، لە ئەگەری بێکەڵکبوونی هەندێک لە کاغەزەکان لە کاتی دەنگداندا. ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، محەمەد یونس، ئەندامى تیمى ڕۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، پێنج جۆرى کاغەزى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاپ کراوە. دەشڵیت، لە کاغەزانە چواریان بۆ چوار بازنەى هەڵبژاردنى هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و پێنجەمیان بۆ دەنگدانى تایبەتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کاغەزى زیاتر لە ژمارەى دەنگدەرانى خاوەن کارتى بایۆمەترى چاپ دەکرێن، بە بڕى زیاتر لە ١٠٠ هەزار کۆپى، ئەوەش لەبەر ئەگەرى بێکەڵکبوونى هەندێک لەو کاخەزانە.   جێگەی ئاماژیە، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، کە خاوەنەکانیان دەتوانن لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەنگ بدەن، بەوپێیەى ژمارەى ئەو کاغەزى دەنگدانانەى چاپ دەکرێن زیاتر لە سێ ملیۆن کاغەز دەبێت.   ئەندامى تیمى ڕۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکراشیکردووە، لەدواى کۆتایهاتنى هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەى، تەواوى کاغەزەکانى دەنگدان بێکەڵک دەکرێن و لەناو دەبرێن کە لە کۆکاگانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان کۆگاکرابن، یان لە ناوەندى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغدا. ٢٠ی تشرینى یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هاوڵاتی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار $100=150,650 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دینار €100=168,250 نرخی پاوەن بەرامبەر دینار £100=200,000 نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دینار 1000=124,500 نرخی کرۆنی نەرویجی بەرامبەر دینار 1000=117,500 نرخی تمن بەرامبەر دینار 1000,000=25,750 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دۆلار €100=111$ ‎نرخی پاوەن بەرامبەر دۆلار  £100=132$ ‎نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دۆلار 1000=82$ نرخی کرۆنی نەرویجی بەرامبەر دۆلار 1000=78$ نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار $100=5,890,000 نرخی تمەن بە حەواڵە $100=6,000,000 نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار $100=3,350  

هاوڵاتی پرسی کۆچ و کۆچبەرانی نایاسایی، یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی کامالا هاریس لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئەمریکا لەبەرامبەر رەتکردنەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی پشتگیری لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پیێشووی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند، پەنابەرە نایاساییەکان هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەر هاوڵاتییانی ئەمریکی لە ماڵەکانی خۆیاندا، هاوکات بەڵێنیدا هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی و داواکردنی مافی پەنابەری چڕبکاتەوە. ئەم وتانەی ترەمپ لەدوای سەردانەکەی ڕۆژی هەینی کامالا هاریسی ڕکابەری دێت بۆ سەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک و ڕایگەیاند، هاریس نەخۆشی دەروونی هەیە، پێویستە بەرپرسیارێتی کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکە لەلایەن ئەو تاوانبارانەوە لە ئەستۆبگرێت. لە بەرامبەریشدا کامالا هاریس سوورە لەسەر بۆچوونەکانی خۆی لە پشتگیریکردنی کۆچبەران و دەڵێت،"وتارەکانی دووبارەن و چەندین ساڵە گوێمان لە هەمان شت دەبێتەوە".

هاوڵاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لوبنان تا دێت زیاتر دەبێت و بەم هۆیەوە زیاتر لە ١٢ وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە لوبنان ڕاگرتووە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، هاوکات سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە و ئەوان بڕیاردەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە. لەم بارەیەوە، هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی لوبنان، بڕیار دراوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت ڕابگیرێت.  هێڵی ئاسمانی عێراقی دەشڵێت، پێشهاتەکانی لوبنان لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەندە بە پێشهاتە ئەمنییەکانەوە، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی نیگەرانیانە بۆ سەلامەتیی گەشتیاران، کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە. باسلەوەشدەکات، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات، هەر ڕێنماییەکی نوێ سەبارەت بە دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەکاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت. هاوکات لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت ڕاگرت و ئاشکرایکرد، تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتەکان ڕادەگیرێن. جێگەی ئاماژەیە بەپێی دواین زانیارییەکان سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە، هەروەها هۆشداریشی داوە کە ئەوان بڕیار دەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە. بە پێی دواین ئامار تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە دەیان گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت هەڵوەشێنراوەتەوە و زۆربەی گەشتە هەڵوەشاوەکان لە ئەڵمانیا، سعوودیە، ئیمارات، تورکیا، ئەسیوپیا، سویسرا، فەرەنسا، ئوردن، میسر، عێراق و قەتەر و ئێرانەوە بووە. لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە گەشتەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرت، بریتی بوون لە هێڵی ئاسمانی قەتەر، میسر ئەیر، تارۆم، لوفتهانزا لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی لوبنان ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن و ڕوونیان کردەوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانیان بۆ بەیروت ڕاگرتووە.

هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا لە دوو هێرشی جیادا بۆسەر چەکدارانی داعش لە سووریا توانیا ٣٧ چەکدار بکوژن و دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانەوە هیچ زیانێک بە هاوڵاتییانی مەدەنی نە گەیشتووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی ئەیلوول، هێزەکانمان هێرشێکی ئاسمانیان لە دژی کامپێکی مەشقی دوورە دەستی داعش لە ناوەڕاستی سووریا ئەنجامدا، بە هۆیەوە لانیکەم ٢٨ چەکداری داعش کوژراون، دەشڵێت، پێدەچێت چواریان سەرکردەی پلە بەرزبن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ٢٤ ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هێرشێكی دیکەیان ئەنجامداوە و بە هۆیەوە ٩ چەکدار کوژراون، یەکێک لەوانە مەروان بەسام عەبدولڕەئەف، "حراس الدین"ە کە بەرپرس بوو لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا. فەرماندەیی ناوەندیى هێزەکانی ئەمریکا، ئاشکراشیکردووە "حراس الدین" ڕێکخراوێکی سەر بە قاعیدەیە و بنکەی لە سووریایە و خواستی ئەنجامدانی هێرشی هەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانمان. باسیلەوەشکردووە، هیچ ئاماژەیەک نییە هاوڵاتییان لە هیچ کام لە هێرشەکاندا زیانیان پێگەیشتبێت.