هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ١٠٠ هەزار کاغەزی زیاتر لە ژمارەی دەنگدەران چاپ دەکات، لە ئەگەری بێکەڵکبوونی هەندێک لە کاغەزەکان لە کاتی دەنگداندا. ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، محەمەد یونس، ئەندامى تیمى ڕۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، پێنج جۆرى کاغەزى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاپ کراوە. دەشڵیت، لە کاغەزانە چواریان بۆ چوار بازنەى هەڵبژاردنى هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و پێنجەمیان بۆ دەنگدانى تایبەتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کاغەزى زیاتر لە ژمارەى دەنگدەرانى خاوەن کارتى بایۆمەترى چاپ دەکرێن، بە بڕى زیاتر لە ١٠٠ هەزار کۆپى، ئەوەش لەبەر ئەگەرى بێکەڵکبوونى هەندێک لەو کاخەزانە. جێگەی ئاماژیە، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، کە خاوەنەکانیان دەتوانن لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەنگ بدەن، بەوپێیەى ژمارەى ئەو کاغەزى دەنگدانانەى چاپ دەکرێن زیاتر لە سێ ملیۆن کاغەز دەبێت. ئەندامى تیمى ڕۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکراشیکردووە، لەدواى کۆتایهاتنى هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەى، تەواوى کاغەزەکانى دەنگدان بێکەڵک دەکرێن و لەناو دەبرێن کە لە کۆکاگانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان کۆگاکرابن، یان لە ناوەندى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغدا. ٢٠ی تشرینى یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار $100=150,650 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دینار €100=168,250 نرخی پاوەن بەرامبەر دینار £100=200,000 نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دینار 1000=124,500 نرخی کرۆنی نەرویجی بەرامبەر دینار 1000=117,500 نرخی تمن بەرامبەر دینار 1000,000=25,750 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دۆلار €100=111$ نرخی پاوەن بەرامبەر دۆلار £100=132$ نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دۆلار 1000=82$ نرخی کرۆنی نەرویجی بەرامبەر دۆلار 1000=78$ نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار $100=5,890,000 نرخی تمەن بە حەواڵە $100=6,000,000 نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار $100=3,350
هاوڵاتی پرسی کۆچ و کۆچبەرانی نایاسایی، یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی کامالا هاریس لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئەمریکا لەبەرامبەر رەتکردنەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی پشتگیری لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پیێشووی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند، پەنابەرە نایاساییەکان هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەر هاوڵاتییانی ئەمریکی لە ماڵەکانی خۆیاندا، هاوکات بەڵێنیدا هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی و داواکردنی مافی پەنابەری چڕبکاتەوە. ئەم وتانەی ترەمپ لەدوای سەردانەکەی ڕۆژی هەینی کامالا هاریسی ڕکابەری دێت بۆ سەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک و ڕایگەیاند، هاریس نەخۆشی دەروونی هەیە، پێویستە بەرپرسیارێتی کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکە لەلایەن ئەو تاوانبارانەوە لە ئەستۆبگرێت. لە بەرامبەریشدا کامالا هاریس سوورە لەسەر بۆچوونەکانی خۆی لە پشتگیریکردنی کۆچبەران و دەڵێت،"وتارەکانی دووبارەن و چەندین ساڵە گوێمان لە هەمان شت دەبێتەوە".
هاوڵاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لوبنان تا دێت زیاتر دەبێت و بەم هۆیەوە زیاتر لە ١٢ وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە لوبنان ڕاگرتووە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، هاوکات سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە و ئەوان بڕیاردەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە. لەم بارەیەوە، هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی لوبنان، بڕیار دراوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت ڕابگیرێت. هێڵی ئاسمانی عێراقی دەشڵێت، پێشهاتەکانی لوبنان لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەندە بە پێشهاتە ئەمنییەکانەوە، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی نیگەرانیانە بۆ سەلامەتیی گەشتیاران، کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە. باسلەوەشدەکات، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات، هەر ڕێنماییەکی نوێ سەبارەت بە دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەکاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت. هاوکات لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت ڕاگرت و ئاشکرایکرد، تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتەکان ڕادەگیرێن. جێگەی ئاماژەیە بەپێی دواین زانیارییەکان سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە، هەروەها هۆشداریشی داوە کە ئەوان بڕیار دەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە. بە پێی دواین ئامار تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە دەیان گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت هەڵوەشێنراوەتەوە و زۆربەی گەشتە هەڵوەشاوەکان لە ئەڵمانیا، سعوودیە، ئیمارات، تورکیا، ئەسیوپیا، سویسرا، فەرەنسا، ئوردن، میسر، عێراق و قەتەر و ئێرانەوە بووە. لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە گەشتەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرت، بریتی بوون لە هێڵی ئاسمانی قەتەر، میسر ئەیر، تارۆم، لوفتهانزا لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی لوبنان ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن و ڕوونیان کردەوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانیان بۆ بەیروت ڕاگرتووە.
هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا لە دوو هێرشی جیادا بۆسەر چەکدارانی داعش لە سووریا توانیا ٣٧ چەکدار بکوژن و دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانەوە هیچ زیانێک بە هاوڵاتییانی مەدەنی نە گەیشتووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی ئەیلوول، هێزەکانمان هێرشێکی ئاسمانیان لە دژی کامپێکی مەشقی دوورە دەستی داعش لە ناوەڕاستی سووریا ئەنجامدا، بە هۆیەوە لانیکەم ٢٨ چەکداری داعش کوژراون، دەشڵێت، پێدەچێت چواریان سەرکردەی پلە بەرزبن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ٢٤ ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هێرشێكی دیکەیان ئەنجامداوە و بە هۆیەوە ٩ چەکدار کوژراون، یەکێک لەوانە مەروان بەسام عەبدولڕەئەف، "حراس الدین"ە کە بەرپرس بوو لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا. فەرماندەیی ناوەندیى هێزەکانی ئەمریکا، ئاشکراشیکردووە "حراس الدین" ڕێکخراوێکی سەر بە قاعیدەیە و بنکەی لە سووریایە و خواستی ئەنجامدانی هێرشی هەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانمان. باسیلەوەشکردووە، هیچ ئاماژەیەک نییە هاوڵاتییان لە هیچ کام لە هێرشەکاندا زیانیان پێگەیشتبێت.
هاوڵاتی گەنجێکی کوردی خەڵکی زاخۆ بەناوی دیار غەریب لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو. لەم بارەیەوە ئەمڕۆ یەک شەممە، 29ی ئەیلوولی 2024، هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین(HRE) راگەیاندراوێکدا ڕاینگەیاند،هاوڕێمان دیار غەریب کە کوڕێکی هێژای باشووری کوردستان بوو، لە زۆر مەیدانی شەڕی کوردستان تێکۆشانی کرد، دواجار ڕووی کردە ڕۆژئاوا و لە دژی دوژمنی گەل و شۆڕشەکەمان هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی نیشان دا و تا دوا هەناسەی تێکۆشانی خۆی ئەنجامدا، لە بەرواری 22ی ئەیلوولی 2024، لە ناوچەی عەفرین کاتێک لەسەر ئەرکی خۆی بوو شەهیدبوو. دەشڵێت، وەک هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین بەڵێنی خۆمان نوێ دەکەینەوە کە خەون و ئامانجی هاوڕێ شەهیدەکانمان بەدی دەهێنین، ئەو ئاڵایەی کە هاوڕێ دیار غەریب ڕادەستی ئێمەی کرد، هەر بە شەکاوەیی دەیهێڵینەوە، لەسەر ئەم بنەمایانە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی هاوڕێمان دیار غەریب و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. ناسنامەی گەنجە کوردەکە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو: ناسناو: دیار غەریب ناو و پاشناو: کاروان حاجی ناوی دایک: بەهار ناوی باوک: محەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: 22ی ئەیلوولی 2024 هەرێمی عەفرین
هاوڵاتی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشێكدا بۆ سەر ناوچەی شیاح سەر بە بەیروتی پایتەختی لوبنان شێخ نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی حزبوڵای كوشت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردومانێکیاندا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، شێخ نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبوڵا کوژرا. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، هێرشیان کردە سەر نەبیل قاووق، سەرۆکی یەکەی ئەمنیی خۆپارێزیی و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبوڵا و کوژرا. ئاماژەی بەوەشکرد، قاووق یەکێکە دیارترین سەرکردەکانی حیزبوڵا دادەنرا و ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە دانانی پلانەکان دژ بە ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا. دەشڵێن، نەبیل قاووق، لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە حزبوڵای لوبنانەوە کردوە، شارەزا بووە لە بواری کارەکەیدا، پێشتر وەک جێگری بەرپرسی هەرێمی باشوور بەناوی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە کاری کردووە، هەروەها بەرپرسی هەرێمی باشوور و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار بووە. ڕۆژی ٢٧ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر چەند بارەگایەكی حزبوڵا لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدا، توانیان لەو هێرشەدا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان و چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەو گرووپە بكوژن.
هاوڵاتی گوندنشینانی سنووری بادینان ڕایدەگەیەنن، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە چەکی کیمیایی و چەکی فسفۆڕی سوتێنەری قەدەغەکراو هێرشی کردوەتە سەر ناوچەکەیان لە سنووری بادینان. پێشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە، سوپای داگیرکەری تورکیا چیای مەتینا لە نزیک گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆکی بۆردمان کرد، بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن کە دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە؛ هاکات بە چەکی فسفۆڕت سوتێنەر چیای مەتنیا بۆردومان کرا.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری حیزبوڵای لوبنان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵا و یاوەرانی پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکە. دەقی ڕاگهيهندراوی سهرۆكایهتیی ههرێمی کوردستانهوه: لە راگەیێنراوەکەدا هەروەها هاتووە، به نیگهرانییهكى زۆرهوه له پێشهاته سهربازییهكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و بهئامانجگرتنى سهید حهسهن نهسروڵڵا، ئهمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى و یاوهرانى دهڕوانین، پرسه و سهرهخۆشى له خێزان و كهسوكارى شههیدان دهكهین و هاوخهمیانین. هەر لە ڕاگەیانراوەکەدا هاتووە، ئەم پێشهاتانه مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکەن، هۆشداری دەدەین کە بەردەوامیى ئهم دۆخه تەنیا کارەسات و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ ههموو لایهك بهبێ جیاوازى لێ دەکەوێتەوە، بۆیە داوا لە هەمووان دەكهین به دانایى و دانبهخۆداگرتن، ڕێگه له تێکچوونی دۆخەکە بگرن و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزن. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئێوارەی رۆژی هەینی (٢٧-٩-٢٠٢٤) بە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا، کە ئەوەش مەترسیی فراوانبوونی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاترکردووە.
هاوڵاتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی پرۆسەی ژمارەدانان بۆ سەرژمێری گشتی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە مەبەستی دەستپێكردنی یەكەم قۆناغی كاری مەیدانی لە سەرژمێریی گشتیی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی ١ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ بە جێبەجێكردنی پرۆسەی ژمارەدانان لە پارێزگاكان و گوندەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات. ئاماژە بەوەشكراوە، لەم پرۆسەیەدا زیاتر حەوت هەزار و ٤٠٠ كەس كە پێشتر ڕاهێنانیان پێ كراوە، سەردانی ماڵەكان هەرێمی كوردستان دەكەن و بەپێی ئەو میكانیزمەی لە كاری ژمارەدانان پەیڕەو دەكرێت، فۆرم بۆ گشت ماڵ و باڵەخانەكان پڕ دەکرێتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو خاڵانەی هێشتا ڕێكەوتنیان لەسەر نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەردەوام پێداگریمان لەسەر ئەو خاڵانە كردووە، بەتایبەتی سەرژمێری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە پرسێكی گرنگە. جێگاى ئاماژەیە، پرۆسەی ژمارەدانان بۆ سەر ژمێری گشتی دانیشتوان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كورستان دەستی پێكردووە، بڕیارە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی بە فەرمی بە عێراق ئەنجام بدرێت.
هاوڵاتی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە. عێراق و ئەمریکا ، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند: ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی (٢٠٢٥) كۆتایی دێت و دەچنە قۆناغی هاوبەشیی ئەمنیی. بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاندووە: ئەو هەنگاوە كشانەوە نییە، رەتیشیكردووەتەوە هیچ بدركێنێت لەبارەی كشانەوەی سەربازەكانیان لە عێراق. زانیارییە نافەرمییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بەگوێرەی رێككەوتنەكە سەدان سەرباز لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو دەكشێنەوە، لەگەڵ رۆیشتنی ئەوانی تریش لە كۆتایی ساڵی (٢٠٢٦)، چاوەڕوانیش دەكرێت، سەربازانی ئەمریكا لە هەولێر بمێننەوە. حسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: ساڵی (٢٠٢٦) كۆتا ساڵی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت و ئەركەكەیان لەسوریا بەردەوام دەبێت، بەو جۆرەی لیژنە هاوبەشەكە دیاریكردووە.
هاوڵاتی محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی، سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوای هەرێمی کوردستان، وتی: رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کەش و هەوا ئاسایی دەبێت، هەروەها لە سەرەتای مانگی ١٠ ەوە ئەگەری هاتنی شهپۆلێكی بههێزی بارانبارین بۆ گهرمیان، سلێمانی و سنووری پارێزگای ههڵهبجه هەیە. محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی، وتی، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کەش و هەوا ئاسایی دەبێت، بەڵام دواتر گۆرانکاریی لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان روودەدات". هەروەها باسی لەوەش کرد، له شهوی سێشهممه ١-١٠-٢٠٢٤، ئهگهری هاتنی شهپۆلێكی بههێزی بارانبارین بۆ گهرمیان، سلێمانی و سنووری پارێزگای ههڵهبجه هەیە. محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی، ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی گۆڕانكاریی زۆرهوه ناتوانم بهوردی باسی بكهم"، بهڵام ئهگهر وهك ئێستا بمێنێتهوه، ههندێك ناوچه ئهگهری زیاتر له ٥٠ ملم بارانبارینی ههیه.
هاوڵاتی ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سەبارەت بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژیی ساڵانی پێشوو ڕایگەیاند، هەوڵ بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ساڵانی پێشوو هەیە. ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، وتی، هەوڵ بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ساڵانی پێشوو هەیە، بەڵام کاتی دەوێت و دەبێت سەرەتا ئامارێکی دروست بەردەست بێت. هەروەها باسی لەوەش کرد، نیازێکی باش بۆ ئەو وانەبێژانەی رابردوو هەیە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دابنرێن. ئەحمەد گەرمیانی، جەختیشی کردەوە، لە داهاتووشدا هەر ئەو مامۆستا وانەبێژانە لەپێشینە دەبن بۆ دامەزراندن.
هاوڵاتی فلیپۆ گراندی دەڵێت، بەهۆی مەترسیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتی لوبنانی و سوورییەکانی لوبنانیش بەرەو سووریا هەڵاتوون و بەمەش کۆی گشتیی ئاوارەکان لە لوبنان گەیشتووەتە ٢١١ هەزار و ٣١٩ کەس. ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، فلیپۆ گراندی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنى پەنابەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند، لە ترسى هێرشەکانى ئیسرائیل زیاتر لە ٥٠ هەزار لوبنانى و سوورى کە لە لوبنان دەژین، بەرەو سووریا هەڵاتوون. فلیپۆ گراندی ئەوەشی ئاشکراکرد، لەناوخۆى لوبنانیشدا زیاتر ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. دەشڵێت، کۆی گشتیی ئاوارەکان لە لوبنان گەیشتووەتە ٢١١ هەزار و ٣١٩ کەس، لەو ژمارەیەش ١١٨ هەزار کەسیان لە ڕۆژى دووشەممەوە ئاوارەبوون.
هاوڵاتی نەبەرد عومەر، دەڵێت، 95%ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و تەنیا دابەشکردنی فۆڕمی هەڵبژاردن ماوە. ئەمڕۆ شەممە، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 95%ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، داواشمان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کە پێنج رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی و ڕۆژێک دواتر پشوو لە قوتابخانەکان ڕابگەیەنێت. دەشڵێت، داوامان کردووە وەزارەتی پەروەردە لە 15ی تشرینی یەکەم تاوەکو 21ی هەمان مانگ بکرێتە پشوو و ئەو قوتابخانانەمان ڕادەست بکەن، کە وەکو بنکەی هەڵبژاردن دیاریکراون، چونکە بۆ گواستنەوەی ئامێر و کەلوپەلەکانمان پێویستمان بە چەند ڕۆژێک دەبێت. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێشتا وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کۆتایی نەداوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.
