هاوڵاتی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 73 دۆلار بەرزبووەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی ڕۆژی ڕابردووی خۆی. بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 72 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییەکانی باهۆزی (فرانسین) لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا و کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچە کۆدەبنەوە کۆبوونەوەکەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو بەڕێوەدەچێت، تێیدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر وردەکارییەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای خانەنشینی، سەرنج و تێبینییەکان و کێشە و گرفتەکان دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگێک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیار درا مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت. لە مانگی تەمووزەوە بۆ یەکەمین جار یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و خانەنشینانی هەرێم مووچەکانییان هاوتایی مووچەی خانەنشینانی عێراق کرا. جێگەی ئاماژەیە، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار خانەنشین هەن، کە نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 90 هەزار خانەنشینی سەربازین.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، 3 تۆمەتباری بە ناوەکانی (م. م. غ) و (م. ل. ع) و (ع. م. ق) دەستگیر کرد، کە چەندین هاووڵاتییان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندبوو. تۆمەتباران دەچوونە ماڵی هاووڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت و پێیان دەگوتن کە دەزگایەکی خێرخوازی هاوکارییان دەکات و دەزگا خێرخوازییەکەش دەبەنە ماڵیان، بەڵام ئایا چەند پارەیان هەیە، دواتر فریویان دەدان و دەیانگوت بڕەپارەکە بشارنەوە با دەزگای خێرخوازی نەزانێت، بەڵام پاشان پارەکەیان لێ دەدزین و خۆیان دەشاردەوە. تۆمەتباران کە چەندین هاووڵاتیی پیر و بەساڵداچوو و کەمدەرامەتیان هەڵخەڵەتاندبوو و پارەیەکی زۆریان لێ دزیبوون، لە ئێستادا بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (٤٤٤) لە یاسای سزادان دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دراونەتە دادگا. تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، کە خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، بەڵام بۆ ئەم کارە دەهاتنە هەولێر و بە چەندەها شێواز خۆیان گۆڕیوە و ناسنامەیان ساختە کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق: بڕیاردرا حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەسەتی دەستپاكی رەوانەی دادگا بكرێت بە مەبەستی لێپێچینەوە، بە تۆمەتی چەواشەكاری رای گشتی. حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی تۆمەتباركراوه بە چەواشەكردنی رای گشتی، لەبارەی ئەو لێدوانانەی رۆژی چواری ئەم مانگە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندو، بە بانگەشەی ناڕاست ناویبردووە. حەدیدەر حەنون رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ كراوه لە بەغداد، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بەرامبەری. بڕیاردراوه سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی دادوهری یەكەمی دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی دوو، دادوەر زیا جەعەفەر لەفتە بكات كە (حەنون تۆمەتباریكرد بە شاردنەوەی دۆسیەی دزی سەدە) لە بەرانبەر بە جێگەیاندنی ئەو ئەركانەی پێی سپێردراوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لە ( نیو تۆن )ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت. لەماوەی زیاتر لەدوومانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٥/١٤ بۆ ٢٠٢٤/٨/١ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەزگای ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و بەدواداچوون و چاودێری ووردی هێزەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیویانە دەستبگرن بەسەر بڕی( ٥١٤ ) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین ، کریستاڵ ، ماریجۆنا ، تلیاک ، کریستاڵی شل ، حەبی کابتاگۆن ) و توانرا ( ٥١ ) تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن. بازرگانان وویستویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ ی حەشاردان ماددە هۆشبەرەکان لەناوچە سنورییەکانەوە بەرەو شارەکان و دواتر بەنیازبوون بینێرن بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق و ووڵاتانی ناوچەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو کۆمەڵگایەکی تەندروست لە هەوڵەکانی بەردەوامە، وەک هەمیشە توانیویەتی ڕێگری بکات لە بازرگانان و شکست پێهێنانی هەوڵ و تەکنیکەکانی شاردنەوە و گواستنەوەی ئەو ماددانە. لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٢٥ و ٢٦) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
سەرتیپ جەوهەر هاوڵاتی لەم چەند رۆژەی رابردوو توركیا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر سەرباز و چەك و تفاقی سەربازیی نوێی گواستۆتەوە چەند ناوچەیەك لە بەرواری باڵا و مەتینا و نزیك گارە. لەچەند ناوچەیەك سەربازگە و قەرەقۆلی نوێی دامەزراندووە، پێدەچێت هەوڵبدات سەربازگە یاخود بنكەی چاودێریكردن لەسەری گارە و چەند شوێنێكی شاخی مەتینا دابنێت و شاخی گارە كۆنترۆڵ بكات، ئەمەش پێشهاتێكی زۆر مەترسیدار و نوێیە لەهەرێمی كوردستان، رەنگە بەم نزیكانە دەست پێبكەن. بەپێی خەملاندنی چاودێران، تا ئێستا توركیا نزیكەی 4 هەزار سەربازیی لەوناوچانە جێگیر كردووە، سەرقاڵی دروستكردنی ژمارەیەك بنكە و سەربازگەی نوێن. بەپێی بەدواداچوونم لە هەریەكە لە (رەشئاڤا) و (سەرگەلی)، لەبەری شیلادزێ لەنزیك دێرەلوك سەربازگەیەكی مەزن دروست دەكات، تائێستا نزیكەی 300 سەربازیان لەو شوێنە جێگیر كردووە. شەوانە هێز و تفاقی نوێ دەگوێزرێتەوە ناوچەكە وەك تۆپی گران و زرێپۆش و كەلوپەلی چاودێریی، هەندێكجاریش بە هێلی كۆپتەر تفاق دەگوێزنەوە. وەک چۆن لە چەند ناوچەیەك شەو و رۆژ كاردەكەن بۆ دروستكردنی رێگەوبانی سەربازیی، ئەمەش نیشانەی جێگیربوون و نەكشانەوەیانە لەوناوچانە. شەوانە لەبەرواری باڵا و قەدپاڵی شاخەكانی مەتینا و گارە پێكدادان و رووبەرووبونەوە لە نێوان پە#كە#كە و هێزی توركدا هەیە. هەندێكجار چەكدارانی (پارتی كرێكارانی كوردستان (پە#كە#كە) پەلاماری جەندرمەی تورك-ان دەدەن و هەندێجاریش هێزەكەی تورك پەلاماری هێزەكانی پە#كە#كە دەدات بەتایبەت لە زاپ و دەوروبەری گوندی گوهەرزێ و گەلی هەسپان لە قەدپاڵ و دامێنی شاخی مەتینا. بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەكرێت، ئەو جموجۆڵە نوێیەی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی گرنگی شاخی گارەیە، ئەگەر تورك بتوانن گارە كۆنترۆڵ بكەن، لە ڕووی سەربازییەوە بادینان بەتەواوی دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی جەندرمەی تورك، چونكە بەدڵنیاییەوە تورك تەنها بە دانانی چەند بنكەیەكی چاودێریی راناوەستن، بەڵكو سەربازگە و بنكەی گەورەی كۆنترۆڵكردن دروستدەكەن. ئەم پلانەی تورك، بەكردار داگیركردن و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بادینان و بێ ئەرزشكردنی زیاتری هەرێمی كوردستانە. سەرباری بەردەوامبوونی ئەو هەموو شەڕو پێكدادان و داگیركارییەی تورك، حزبە سیاسیەكانی كوردستان بەوانەی لەدەسەڵاتن و ئەوانەیشی لە دەرەوەی حكومەتن تەواو بێدەنگن، نە لەسەر پەلاماردان و داگیركارییەكانی تورك قسەیەكیان هەیە، نە چارەسەرێكی راشكاوانە بۆ بەردەم سەركردایەتی پە#كە#كە و دەوڵەتی تورك دەخەنەڕوو، چونكە بیانوی تورك بۆ هاتنیان بۆ باشور بوونی پە#كە#كەیە لەوناچانە. تەنها لاهور شێخ جەنگی وەك رابەری رەوتێكی نوێ و ئۆپۆزسیۆن، لە بادینانەوە بەر لەچەند هەفتەیەك لەبارەی پەلامارەكانی توركیا وتارێکیدا و بە داگیركاریی ناوی برد. هەڵوێستی پارتی روونە و قسەی لێناكەین، بەڵام یەكێتیی جاران لە پەلامارەكانی توركیا جارجار دەهاتە دەنگ، مخابن ئێستا توركیا لە سلێمانی و سنوری سەوزیش رۆژانە بەڕێگەی جیاواز خەڵك تیرۆر دەكات، كەچی بڕیاردەرانی ئەو حزبە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی تورك بە ئاشكرا كۆدەبنەوە، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكیان نییە و قسەیەك لەو بارەیەوە ناكەن. لەنێو ئەو هەموو شەڕ و پێكدادان و سوتاندن و داگیركاریانەی ئەو گوندانەی بادیناندا، میدیای پارتی و یەكێتی بێدەنگن وەك ئەوەی رێككەوتنێك هەبێت! وەک چۆن میدیای عەرەبیی و جیهان بەتەواوی قسەیەك لەوبارەیەوە ناكەن، بۆیە پێدەچێت ئەم جموجۆڵە نوێیەی تورك بەچاوپۆشی ئەمریكا بێت. جار جارە بەشێك لە میدیای كوردستان هەوڵی گوێزانەوەی رووداوەكانی ئەو ناوچانە دەدەن. هەندێكیان هەوڵدەدەن تەنها دیوێكی رووداوەكان بگوێزنەوە، هەندێك لەو میدیایانە رێگایان پێنادرێت نزیك رووداوەكان بكەونەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچانە رێگەیان لێدەگیرێت. لەمە خراپتر، نوسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسانی كوردستانیش قسەیەكی ئەوتۆیان لەبارەی ئەو رووداوانەوە نییە. ئەوەی باسی لێوەدەكرێت ئێستا 125 خاڵی سەربازیی و بنكە و بارەگا و سەربازگەی تورك لەبادینان هەیە، زیاتر لە 3 بۆ 4 هەزار جەندرمە لەو شوێنانە جێگیركراون. بەپێی خەمڵاندن لە 40% بادینان لەژێر كۆنترۆڵ و هەژموونی توركیادایە. نزیكەی 200 گوند چۆڵكراون یان مەترسی چۆڵكردنیان هەیە. هەروەها شارو شارۆچكەكانی وەك سیریێ، شیلادزێ، دێرەلوك، كۆمەڵگای قەدیش و ناحیەی بامەڕنێ و گوندی نهێلێ؛ كە گوندێكی مەزنە، مەترسی جددیان لەسەرە و رەنگە بەشێك لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بۆ خۆپارێزیی روو لە دهۆك و زاخۆو ناوچەكانی دیكە بكەن.
هاوڵاتی بڕیاربوو لەبەرانبەر تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتیی كە شیعە داوای دەكات و ناڕەزایەتیی لەسەر دروستبووە، یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنەكانیان پەسەند بكرێت كە كورد داوای دەكات، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراو دواخرا بۆ ئەوكاتەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت. یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوەی عێراق لەبارەی خاوەندارێتیی زەوییە كشتوكاڵییەكان كە خواستی فراكسیۆنە كوردییەكانی لەسەر بوو، لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراو دواخرا بۆ كاتێكی تر. لەبارەی دواخستنی دەنگدان لەسەر یاساكە، موهەیمن حەمدانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پیكهاتەی عەرەبی كەركوك سوپاسی هەریەكە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی (لایەنە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق)و حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی و حزبی سیادەی خەمیس خەنجەرو عەزمی موسەننا سامەڕایی كرد، هەڵوێستی ئەم لایەنانەی بۆ راوەستان دژی پەسەندكردنی یاساكە بە "هەڵوێستی نیشتمانی" ناوبرد. بەپێی قسەی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی كوتلەی توركمانیی لە پەرلەمانی عێراق، دواخستنی دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە رەزامەندی هەردوو کوتلەی کوردو تورکمان بووە، بۆ ئەوەی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا بگەنە رێککەوتن. هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ماددەی ١٤٠ـی دەستورە، ئەمڕۆ چووە ناو پەرلەمان و كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵای جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و نوێنەرانی پارێزگای كەركوك كرد، ئەمە بۆ تاوتوێكردنی پەسەندكردنی یاساكەو ئاگاداربوون لە بۆچوونە جیاوازەكان. بەگوێرەی زانیارییەكان، جگە لە كۆبوونەوەكەی عامری، لەسەر هەمان پرۆژە یاسا كۆبوونەوەیەكی تری لە نوسینگەی موحسین مەندەلاوی كراوە، بەڵام هێشتا وردەكاریی گفتوگۆكان ئاشكرا نەكراون. ئەمەش لەکاتێکدا شیعەكان بەنیازن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراق تێپەڕێنن، هەموارێك كە رێگە بە بەشودانی كچانی تەمەن (٩ ساڵ) دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی شەقام دروستكردووە، بۆ كۆنترۆڵی ناڕەزایەتییەكان لەناو پەرلەماندا، دوو ئۆفەریان پێشكەشی كوردو سوننە كردووە، ئۆفەرەكەی سوننە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای (لێبوردنی گشتیی)، ئۆفەرەكەی كورد دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵەكان بۆ خاوەنەكانیان، ئەوانەی كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی (هەڵوەشاوە) دەیانگرێتەوە، ئەمە خواستی كوردی لەسەرە، بەتایبەتی لە كەركوك ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كورد لەم یاسایە سودمەند دەبن. هەروەها جێگەی ئاماژەیە، تەنیا لە كەركوك بەهۆی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رژێمی پێشووەوە، دەست بەسەر زیاتر لە ١٣٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كورددا گیراوە. ئەم بڕیارانەی بەعس لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرچوون و بە پلەی یەكەم ئامانج لێیان گۆڕینی دۆخی دیمۆگرافیا بووە لە ناوچە جێناكۆكان.
هاوڵاتی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بڵاوی كردەوە، بڕیاردراوە لە ڕۆژی دەنگداندا جگە لە هەژماركردن دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، دەبێت سندووقەكان لەبەردەم نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانیش بكرێنەوە و بەشێوەی دەستی دەنگەكان جیا بكرێنەوە، بە هەموو شێوەیەكیش مۆبایل بردنەژورەوە و وێنەگرتن قەدەغەیە. میدیاكان نووسراوێكی فەرمیان كە واژۆی دادوەر حسێن فوئاد، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی لەسەرە، سەبارەت بە بڕیارێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە. بەپێی نووسراوەكە، حسێن فوئاد، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی بڕیاریداوە بەوەی، تەواوی سندووقەكانی دەنگدان لەناو بنكەی دەنگدان و لەبەرچاوی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان جگە لە ژماردنی ئەلیكترۆنی، ژماردنی دەستیشی بۆ بكرێتەوە. ئاماژە بەوەشكراوە، هیچ سندووقێك لەناو ویستگەكانی دەنگدان ناگوازرێتەوە هەتا ژماردنی دەستی بۆ نەكرێت، هەروەها مۆبایل بردنەژورەوە و وێنەگرتنی دەنگدان لە ناوەندەكانی دەنگدان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و نابێت مۆبایل ببرێتە ناوەندەكانەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەتیشدا دەبیت پاش تەواوبوونی دەنگدان، تەواوی سندووقەكان بكرێنەوە و دەنگەكان لە بەردەم نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان ژماردنی دەستی بۆ بكرێت. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ٢٠ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەروەها بڕیارە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ـی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێ بكات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، بانکى ناوەندى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بڕى 252 ملیۆن و 16 هەزار و 660 دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە. دەشڵێت، لەو بڕەدا 18 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە. لەبارەی بڕی خستنە بازاڕی دۆلاری بەشێوەی حەواڵەش ئەوەی خستۆتەڕوو، 233 ملیۆن و 766 هەزار و 660 دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە نرخی دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتە 2586 دۆلار. هۆکاری سەرەکی بەرزوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا. بە پێی زانیارییەکان، دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.
هاوڵاتی حکومەتی ئوسترالیا سزای بەسەر پێنج بەرپرسی ئێراندا سەپاند، کە بەشدارییان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، پێنی وۆنگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق و هەڵمەتی دەستپێکردنی دەستبەسەر کردنی هاوڵاتییانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی ئوسترالیا سزای دارایی و قەدەغەکردنی هاتوچۆی بەسەر پێنج بەرپرسی باڵای ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسایی ئێراندا سەپاند. لە ڕاگەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئوسترالیادا هاتووە، ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە لە نێو ئەو بەرپرسانەن کە بەشدارییان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کردووە. دەشڵێت، بارودۆخی مافەکانی ئێران خراپە و بە تایبەت بۆ ژنانی ئەو وڵاتە، ئێران هەڵمەتێکی ئامانجدار بەڕێوە دەبات بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ لە ڕێگەی زیادکردنی چاودێری و هەراسانکردنی ژنان. جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ دووساڵ بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕیت، کە لە 16ی ئەیلوولی 2022، لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق بە هۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە گیانی لەدەست دا.12:03
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵا لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان، ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن ١٠ ھاوڵاتی و جوتیاری کوردەوە تۆمارکراون بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ژمارە ٨٢٤ و ٩٤٩ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی ٢١ تەممووزدا بڕیاڕیدا ئەو دوو سکاڵایە بۆ ١٥ ئەیلوول دوابخات بەڵام لەبەر ئەوەی دوێنی پشووی فەڕمی بوو لە تەواوی عێراقدا کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسى و خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای لێبوردنی گشتی دەكات، هەروەها دەنگ بە پرۆژە یاسای بە كرێدانی زەوی كشتوكاڵی حكومەت دەدرێت. دەشڵێت، هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای پاراستنی خاوەنداریی فكری دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە حزبەكان، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسى دەکات.
کاوە ڕەش، هاوڵاتی بەریتانیا باندێكی كوردی دادگای کرد كەتاوانباربوون بەبازرگانی كردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، کە لە ڕێگەی جیاواز پارە و ماددەی هۆشبەریان لەنێوان شار و شارۆچكەكانی بەریتانیا گواستۆتەوە. باندێکی ١٢ کەسی کە لە کوردبوون لە لایەن دادگای بەریتانیا دادگای کران، کە بەهای ٤٠٠ هەزار پاوەند بازرگانیان بەمادەی هۆشبەرەوە كردووە. ئەم شوێنانەی کە ئەم باندە ١٢ کەسییە بە کاریان هێناوە بۆ مامەڵەکردن و گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان، بریتیبوون لە سەرتاشخانە و شوێنی ئۆتۆمبێل شۆردن و ئۆتۆمبیلی تەكسی. ئەم باندە بە چەندین ڕێگەی جیاواز پارە و ماددەی هۆشبەریان لەنێوان شار و شارۆچكەكانی بەریتانیا گواستۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم باندە بنكەی سەرەكیان هەردوو شاری بێرمینگهام و سواینسی بووە، لەڕێگای چەندین مۆبایلی جیاوازەوە پەیوەندیان بەكڕیار و بەكارهێنەرەكانی ماددەی هۆشبەرەوە كردووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم ١٢ کەسە لە دادگای شاری سواینسی، دوو ژنشیان بەكار هێناوە بۆ مامەڵە و گوستنەوەی ماددەی هۆشبەرەكانیان لەنێوان شارو شارۆچكەكانی بەریتانیا. ئەو ماددە هۆشبەرانەی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردون لەجۆری (كۆكاین و كانەبی) دابوون. لەكاتی ئۆپراسیۆنی گرتن و پشكنینی شوێنی بازرگانیی و ماڵی ئەوگروپەدا، پۆلیس دەستی بەسەر چەندین كیلۆ مادەی هۆشبەری (كۆكاین و كانەبی) داگرتووە، لەگەڵ بڕێكی زۆر پارەی كاش و چەك و چەقۆی نایاسایی. لەكاتی دادگای كردنی ئەو گروپە، كەلە١٢ تاوانبار پێك هاتبوون دادوەر ڕایگەیاند، بەڕاستی جێگای داخ و بێزارییە لێرەدا، كاتێك سەرۆكی ئەو باندەو ئەوانی دیكە، لەووڵاتی عێڕاقەوە پەنایان بۆ بەریتانیا هێناوەو لێرە مۆڵەت و مافی مانەوەیان پێدراوە بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوبێت، بەڵام بەبەشداری كردنیان لەتاوانی وەها گەورەدا پاداشتی ووڵاتەكەمان دەدەنەوە!! دادگای شاری سواینسی سزای زیندانی كردنی بۆ ئەو گروپە كوردە دەركردووە كەپێك هاتوون لەهەریەكە: (ت، ئ) تەمەن ٣٣ساڵ و سەرۆكی گروپەكە، بە١٢ساڵ زیندانی سزا دراوە. (ک، ک)، تەمەن ٣٩ساڵ، بە٤ساڵ زیندانیكردن (ع، م) تەمەن، ٣٩ساڵ، بە٣ساڵ و ٤مانگ زییندانیكردن (ب، س)تەمەن ٣٣ساڵ، بە٤ساڵ زیندانیكردن (ئ، پ)، تەمەن ٢٦ساڵ، بە ٤ساڵ زیندانیكردن (د،خ) تەمەن ٢٣ساڵ، بە٣ساڵ زییندانیكردن (ک،ع)، تەمەن ٣٠ساڵ، بە٣ساڵ زیندانیكردن وەلید (ی، ع)، تەمەن ٣٤ساڵ، بە ٣ساڵ زیندانیكردن (س، ع)، تەمەن ٤١ساڵ، بە ٣ساڵ زیندانیكردن (ل، ج) تەمەن٢١ساڵ، بە٤ساڵ و ٣مانگ زیندانیكردن (م، ح، ش) تەمەن ٢٧ساڵ، بە٣ساڵ زیندانیكردن هاوكات لەگەل ئەوگروپە كوردە، دوو ئافرەتی بیانیش كەبۆئەوان كاریان كردووە سزا دراوان. دوو كوردی دیكەش، كەپۆلیس بڕوای وایە بەریتانیایان جێ هێشتبێت و هەڵاتبنەوە بۆ كوردستانی عێڕاق. هێشتا سزا نەدراون، بریارە دادگا، لەكاتی ئامادە نەبوونیان لەمانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو ، ئەگەر ئامادە نەبن، سزایان بەسەردا بسەپێنێت. لەگەڵ سزای زیندانی كردن بۆ تاوانبارای ئەو گروپە دادوەر دەڵێ، دوای كۆتای هاتنی سزای تاونباران، ڕەوشی ئەو گروپە دەكەوێتەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانی، كەبەچ شێوازێك دواتر مامەڵەیان لەگەڵ دەكات.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، سبەی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و لە 21ی ئەم مانگەشەوە لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی ئەیلوولی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە. لەم بارەیەوە محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسیی وتی: سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما سێ پلە دادەبەزێت و تاوەکو 22ی ئەیلوول کە یەکەم رۆژی وەرزی پاییز دەبێت، پلەی گەرما بەشێوەیەک دادەبەزێت بەیانیان و شەوان هەست بە سەرما دەکرێت. دەشڵێت، 21ی ئەم مانگە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەگەری بارانبارین هەیە. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمێشوەیە دەبێت: هەولێر: 39 پلەی سیلیزی سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی دهۆک: 38 پلەی سیلیزی کەرکووک: 40 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 38 پلەی سیلیزی زاخۆ: 39 پلەی سیلیزی سۆران: 36 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی