هاوڵاتی حکومەتی ئوسترالیا سزای بەسەر پێنج بەرپرسی ئێراندا سەپاند، کە بەشدارییان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، پێنی وۆنگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق و هەڵمەتی دەستپێکردنی دەستبەسەر کردنی هاوڵاتییانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی ئوسترالیا سزای دارایی و قەدەغەکردنی هاتوچۆی بەسەر پێنج بەرپرسی باڵای ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسایی ئێراندا سەپاند. لە ڕاگەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئوسترالیادا هاتووە، ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە لە نێو ئەو بەرپرسانەن کە بەشدارییان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کردووە. دەشڵێت، بارودۆخی مافەکانی ئێران خراپە و بە تایبەت بۆ ژنانی ئەو وڵاتە، ئێران هەڵمەتێکی ئامانجدار بەڕێوە دەبات بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ لە ڕێگەی زیادکردنی چاودێری و هەراسانکردنی ژنان. جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ دووساڵ بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕیت، کە لە 16ی ئەیلوولی 2022، لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق بە هۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە گیانی لەدەست دا.12:03
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵا لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان، ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن ١٠ ھاوڵاتی و جوتیاری کوردەوە تۆمارکراون بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ژمارە ٨٢٤ و ٩٤٩ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی ٢١ تەممووزدا بڕیاڕیدا ئەو دوو سکاڵایە بۆ ١٥ ئەیلوول دوابخات بەڵام لەبەر ئەوەی دوێنی پشووی فەڕمی بوو لە تەواوی عێراقدا کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسى و خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای لێبوردنی گشتی دەكات، هەروەها دەنگ بە پرۆژە یاسای بە كرێدانی زەوی كشتوكاڵی حكومەت دەدرێت. دەشڵێت، هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای پاراستنی خاوەنداریی فكری دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە حزبەكان، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسى دەکات.
کاوە ڕەش، هاوڵاتی بەریتانیا باندێكی كوردی دادگای کرد كەتاوانباربوون بەبازرگانی كردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، کە لە ڕێگەی جیاواز پارە و ماددەی هۆشبەریان لەنێوان شار و شارۆچكەكانی بەریتانیا گواستۆتەوە. باندێکی ١٢ کەسی کە لە کوردبوون لە لایەن دادگای بەریتانیا دادگای کران، کە بەهای ٤٠٠ هەزار پاوەند بازرگانیان بەمادەی هۆشبەرەوە كردووە. ئەم شوێنانەی کە ئەم باندە ١٢ کەسییە بە کاریان هێناوە بۆ مامەڵەکردن و گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان، بریتیبوون لە سەرتاشخانە و شوێنی ئۆتۆمبێل شۆردن و ئۆتۆمبیلی تەكسی. ئەم باندە بە چەندین ڕێگەی جیاواز پارە و ماددەی هۆشبەریان لەنێوان شار و شارۆچكەكانی بەریتانیا گواستۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم باندە بنكەی سەرەكیان هەردوو شاری بێرمینگهام و سواینسی بووە، لەڕێگای چەندین مۆبایلی جیاوازەوە پەیوەندیان بەكڕیار و بەكارهێنەرەكانی ماددەی هۆشبەرەوە كردووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم ١٢ کەسە لە دادگای شاری سواینسی، دوو ژنشیان بەكار هێناوە بۆ مامەڵە و گوستنەوەی ماددەی هۆشبەرەكانیان لەنێوان شارو شارۆچكەكانی بەریتانیا. ئەو ماددە هۆشبەرانەی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردون لەجۆری (كۆكاین و كانەبی) دابوون. لەكاتی ئۆپراسیۆنی گرتن و پشكنینی شوێنی بازرگانیی و ماڵی ئەوگروپەدا، پۆلیس دەستی بەسەر چەندین كیلۆ مادەی هۆشبەری (كۆكاین و كانەبی) داگرتووە، لەگەڵ بڕێكی زۆر پارەی كاش و چەك و چەقۆی نایاسایی. لەكاتی دادگای كردنی ئەو گروپە، كەلە١٢ تاوانبار پێك هاتبوون دادوەر ڕایگەیاند، بەڕاستی جێگای داخ و بێزارییە لێرەدا، كاتێك سەرۆكی ئەو باندەو ئەوانی دیكە، لەووڵاتی عێڕاقەوە پەنایان بۆ بەریتانیا هێناوەو لێرە مۆڵەت و مافی مانەوەیان پێدراوە بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوبێت، بەڵام بەبەشداری كردنیان لەتاوانی وەها گەورەدا پاداشتی ووڵاتەكەمان دەدەنەوە!! دادگای شاری سواینسی سزای زیندانی كردنی بۆ ئەو گروپە كوردە دەركردووە كەپێك هاتوون لەهەریەكە: (ت، ئ) تەمەن ٣٣ساڵ و سەرۆكی گروپەكە، بە١٢ساڵ زیندانی سزا دراوە. (ک، ک)، تەمەن ٣٩ساڵ، بە٤ساڵ زیندانیكردن (ع، م) تەمەن، ٣٩ساڵ، بە٣ساڵ و ٤مانگ زییندانیكردن (ب، س)تەمەن ٣٣ساڵ، بە٤ساڵ زیندانیكردن (ئ، پ)، تەمەن ٢٦ساڵ، بە ٤ساڵ زیندانیكردن (د،خ) تەمەن ٢٣ساڵ، بە٣ساڵ زییندانیكردن (ک،ع)، تەمەن ٣٠ساڵ، بە٣ساڵ زیندانیكردن وەلید (ی، ع)، تەمەن ٣٤ساڵ، بە ٣ساڵ زیندانیكردن (س، ع)، تەمەن ٤١ساڵ، بە ٣ساڵ زیندانیكردن (ل، ج) تەمەن٢١ساڵ، بە٤ساڵ و ٣مانگ زیندانیكردن (م، ح، ش) تەمەن ٢٧ساڵ، بە٣ساڵ زیندانیكردن هاوكات لەگەل ئەوگروپە كوردە، دوو ئافرەتی بیانیش كەبۆئەوان كاریان كردووە سزا دراوان. دوو كوردی دیكەش، كەپۆلیس بڕوای وایە بەریتانیایان جێ هێشتبێت و هەڵاتبنەوە بۆ كوردستانی عێڕاق. هێشتا سزا نەدراون، بریارە دادگا، لەكاتی ئامادە نەبوونیان لەمانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو ، ئەگەر ئامادە نەبن، سزایان بەسەردا بسەپێنێت. لەگەڵ سزای زیندانی كردن بۆ تاوانبارای ئەو گروپە دادوەر دەڵێ، دوای كۆتای هاتنی سزای تاونباران، ڕەوشی ئەو گروپە دەكەوێتەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانی، كەبەچ شێوازێك دواتر مامەڵەیان لەگەڵ دەكات.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، سبەی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و لە 21ی ئەم مانگەشەوە لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی ئەیلوولی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە. لەم بارەیەوە محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسیی وتی: سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما سێ پلە دادەبەزێت و تاوەکو 22ی ئەیلوول کە یەکەم رۆژی وەرزی پاییز دەبێت، پلەی گەرما بەشێوەیەک دادەبەزێت بەیانیان و شەوان هەست بە سەرما دەکرێت. دەشڵێت، 21ی ئەم مانگە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەگەری بارانبارین هەیە. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمێشوەیە دەبێت: هەولێر: 39 پلەی سیلیزی سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی دهۆک: 38 پلەی سیلیزی کەرکووک: 40 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 38 پلەی سیلیزی زاخۆ: 39 پلەی سیلیزی سۆران: 36 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی
هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی، لە شاری کفری ڕایگەتاند: ئێمە ئامادەین گیان و ڕووحی خۆمان لە پێناوی ئەم خاک و نیشتمانەدا فیدا بکەین، هەروەها وتیشی، دواکارم لە هاوڵاتیان ئەم جارە دەتوانن بە دەنگەکانتان گۆڕانکاریی بکەن. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل، وتی: تەنها یەک داوام هەیە لە ئەو خەڵک و گەنجانەی کە لەماڵەوە دانشتوون و چوار ساڵ جارێک دەنگ نادەن و دواتر گلەیی ئەوە دەکەن و دەڵێن ئەمانە حکومڕانییەکی چەوت دەکەن و هەلی کارمان بۆ ناڕەخسێنن. وتیشی: نابێت گلەیی لەم دەسەڵاتە بکەین، چونکە ئەم دەسەڵاتە تەنها بە ٪١٩ـی دەنگی ئەو خەڵکە هاتوونەتە سەر دەسەڵات و حکومڕانی ٪ـ٨٠ـی ئەو خەڵکە دەکەن. هەروەها جەختیشی کردوە، ئەمڕۆ هاتووم پێتان بڵێم، ئەو مافەی کەهەتانە مافێکی دیموکراسی خۆتانە و بڕۆن ئەو مافە پەیڕەوبکەن، لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی دروست بووە، لە سیستەمی هەڵبژاردندا، دەکرێت لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری بکرێت. سەرۆکی لیستی بەرەی گەل، لە درێژەی قسەکانیدا، وتی، ئەم دوو حزبەی دەسەڵات لە پێناوی داهاتی مەرزەکان ڕادەست نەکەنەوە، مووچەخۆران بوونەتە قوربانی و سێ مانگ جارێک مووچە وەردەگرن یان مووچەکانیان دەفەوتێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی ئەم دەسەڵاتە ئامادە نییە مەرزەکان ڕادەست بکەنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دەسەڵاتە غروور گردوویەتی و بێ منەتن، چونکە دەڵێن ٪٨٠ـی خەڵکی دەنگ نادەن، هەر بۆیە ئەم دەسەڵاتە بە فێلکردنیش بێت دەنگی خۆی دەهێنێت، دواکارم لە خەڵکی ئەم جارە دەتوانن بە دەنگەکانتان گۆڕانکاریی بکەن، بەداخەوە یەکیتی و پارتی خەڵکیان نائومێد و بێ کار کردووە و بوونەتە هۆکاری ئەوەی گەنجاکەنمان مل لە ئاوەکانی ئیجە و ئیتاڵیا بنێن و دەڵێن لە کوردستان باشترە! لە کۆتای قسەکانیدا، لاهور شێخ جەنگی، جەختی کردوە، ئێمە ئامادەین گیان و ڕووحی خۆمان لە پێناوی ئەم خاک و نیشتمانەدا فیدا بکەین.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ لەبارەی هەڵبژاردنەوە رایگەیاند، دەبێت بانگەشە بکرێت بەو شێوەیەی کەس کەس نەشکێنێت. دڵنیاییشی دا کە "مووچە دەدرێت". رۆژی یەکشەممە، ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر پردی دەلالی زاخۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، کێشە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، دەبێت لە بەغدا ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. هاوکات، لەبارەی مووچەوە، رایگەیاند، تائێستا، لەدوای ئەوەی ئەو شاندە لە بەغدا هاتن، شتی روون ئەوەیە کە "مووچە دەدرێت، ئێمە داوای لێبووردن دەکەین، هەندێ جار دوادەکەوێت، بەڵام پێموانییە کێشە بۆ پرسی مووچە دروستبێتەوە." نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە گوتی: "هێشتا بۆ بانگەشە ماوە، پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم کە دەبێت بانگەشە بکرێت بەو شێوەیەی کەس کەس نەشکێنێت، لە ئەنجامدا ئێمە هەموومان لە کەشتییەکداین، هەڵبژاردن شتێکی سرووشتییە، هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام یەکتر شکاندن و یەکتر سڕینەوە، بەڕای من نابێت ئەوە بکەین و نابێت بگاتە ئەو قۆناخە. دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەک نەبێ کە ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت."
هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان: دەستبەسەر بڕی ٧٨ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە بازگەی هیران ڕاگەیهندرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکانی سەر بە "بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش" لە بازگەی هیران دوو بازرگان دەستگیرکران و بڕی ٧٨ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستیبەسەرداگیرا. بازرگانەکان بەنیازبوون ئەو بڕە ماددەهۆشبەرە بۆ هەولێر و دهۆک بگوازنەوە.
هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لەنیو ئاپۆڕەی جەماوەری شارۆچکەی کفریدا دەڵێت: لە سفرەوە دەست پێدەکەمەوە و بە خۆمدا چوومەتەوە هیچ شەرمی تێدا نیە مرۆڤ بکەوێت، من کەوتم هەستامەوە ئەوان هەموویان کەوتنێک چاوەڕێیانە. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، وتی: لەسەردەمی دەسەڵاتی مندا کامیان توانیان وەک من کوردستان بپارێزن. هەروەها وتیشی: لەژێر سێبەری مندا کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرچاوتانەوە بەر شەق دەدرێن، بەڵام لەژێر سیبەری مندا پیاو هەبوو دەست بۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرێت. هەروەها جەختیشی کردوە، کاتێک کوردانی ڕۆژئاوا لێیان قەوما و ئەردۆغان وتی لە ماوەی ٢٤کاتژمێردا کۆبانێ نامێنێت ئەوە من بووم پەڕیمەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ پاراست. ئاماژەی بەوەشکرد، کام لەوانە ئیستا لە دەسەڵاتدان، جگە لەنمایش کردنی خۆیان بە قەدەر منیان کردوە، من هاتوومەتە ناو خەڵکەوە با ئەوانیش بێنە ناو خەڵک بزانن جیاوازی من و ئەوان لە چیدایە. ئەوەشی خستەڕوو، لە سفرەوە دەست پێدەکەم من بە خۆمدا چوومەتەوە، هەروەها هیچ عەیبێکی تێدانییە مرۆڤ بکەوێت و هەستێتەوە، بەڵام ئەوان هەموویان کەوتنێک چاوەڕوانیانە.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی مەولوودی پێغەمبەردا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لەم یادهدا، هیواخوازین ئاشتی و سهقامگیری له ههموو شوێنێک بێته کایهوە، هەروەها جهخت له پێکهوهکارکردنی ههمهلایهنه لهپێناو جێگیربوون و قووڵبوونهوهى زیاترى كولتووری پێکهوهیی و لێبوردهیی و گیانى ئاشتهوایى و چهمكه مرۆیییهكان لهناو پێکهاته جیاوازهکانی كوردستان و عێراقدا دهکهینهوه". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: پهیامی سهرۆک نێچیرڤان بارزانی له یادی مهولوودی پێغهمبهردا له یادی لەدایکبوونی حهزرهتی محەمەد، پێغەمبەری ئیسلامدا “د.خ” گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستهی تهواوی موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان بهگشتی دەكەم. هیوادارم ئهم یاده پیرۆزه، خێر و خۆشی و ئارامی و ئاسوودهیی بۆ ههمووان لهگهڵ خۆیدا بهێنێت و ببێته هاندەری نوێبوونهوەی پابهندیی به ڕێنمایی و پەیام و بهها و فەرمایشته باڵاکانییهوه. لهم یادهدا، هیواخوازین ئاشتی و سهقامگیری له ههموو شوێنێک بێته کایهوە، هەروەها جهخت له پێکهوهکارکردنی ههمهلایهنه لهپێناو جێگیربوون و قووڵبوونهوهى زیاترى كولتووری پێکهوهیی و لێبوردهیی و گیانى ئاشتهوایى و چهمكه مرۆیییهكان لهناو پێکهاته جیاوازهکانی كوردستان و عێراقدا دهکهینهوه. دووباره یادی مهولوودی پێغهمبهر "د.خ" له ههموو لایهک پیرۆز بێت. نێچیرڤان بارزانی سهرۆکی ههرێمی کوردستان ١١ی ڕهبیعولئهووهلی ١٤٤٦ی کۆچی
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای نمایشی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' رایگەیاند: "نماییشەکە شاکارێکی گرنگ بوو، چیرۆکی کۆڵنەدانی میللەتێک بوو. دەرخەری ئەوەبوو کە ئەو شتانەی میللەتەکەمان پێی گەیشتووە بە ئاسانی نەبووە." رۆژی شەممە، ١٤-٩-٢٠٢٤نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە دهۆک و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی هەن، لەنێویاندا بەشداریی کرد لە نمایشی شانۆگەریی "دارستانی کوردستان" و لەپاش نمایشەکە گوتارێکی پێشکێشکرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئەو کارە مەزنەیان کردووە، کە ساڵێک و ٧ مانگە لەم پرۆژەیەدا کار دەکەن." "پەیامی نمایشەکە بۆ گەنجانە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەوەی ئەمڕۆ بۆ میللەتەکەمان بەدەستهاتووە بە ئاسانی نەبووە، بەڵکو بەرخودانی میللەتێکە بۆ ئازادی و سەرفرازی." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا وای گوت. سەرچاوە - ڕووداو
هاوڵاتی سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە تایبەتن بە گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سنووری کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ جوتیارانی کورد. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، سبەینێ دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن ١٠ ھاوڵاتی و جوتیاری کوردەوە تۆمارکراون بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ژمارە ٨٢٤ و ٩٤٩ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان. محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیاران پێشتر زانیاریی لە بارەی سکاڵاکانەوە بۆ میدیاکان ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە، جوتیاران داوای گەڕاندنەوەی ٣٠٠ دۆنم زەوی دەکەن کە بەپێی ئەو دوو بڕیارەی حزبی بەعس دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی ٢١ تەمووزدا بڕیاڕیدا ئەو دوو سکاڵایە بۆ ١٥ ئەیلوول دوابخات.
هاوڵاتی عەباس دزەیی، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: "تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین دەستنیشان نەکراوە". "وەزارەتی پەروەردە لیستی دەرچووانی هەردوو خولی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ و ساڵەکانی پێشووی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشە جیاوازەکانییەوە پێشکەشی وەزارەتەکەمانی نەکردووە، بۆیە کاراکردنی زانکۆلاینمان ڕانەگەیاندووە". زانکۆلاین سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیییە؛ لە ڕێگەیەوە دەرچووانی بەشە جیاوازەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی فۆرمی پێشکەشکردن بۆ بەشی دڵخوازیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان پڕ دەکەنەوە.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی عەرەبى لەندەنى لە ژمارەى ئەمڕۆیدا راپۆرتێکى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێتت ببێتە رکابەرى پارتی و یەکێتى. ڕۆژنامەکە لە لاپەڕەى یەکەمدا بابەتەکەى لەسەر، هەڵبژاردن و لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردووەتەوە، نووسیویەتى، ئەو دەیەوێت خۆی و پارتەکەی کە بەرەی گەلە، وەک هێزێکی کاریگەر بۆ هەڵبژاردن نیشان بدات و کێبڕکێی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش لەڕێی گوتارە پڕ جۆش و خرۆشەکانییەوە دژ بە نەیارەکانی بۆ راکێشانی دەنگدەران. ڕۆژنامەکە دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت لەڕێی دەروازەی هەڵبژاردنەوە دەست بە چالاکییە سیاسییەکانی بکاتەوە و بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە، بۆ ئەوەش لەماوەی رابردوودا کاریکردوە بۆ پەیوەندیکردن بە هاووڵاتیان و بەشداریکردن لە بۆنە تایبەتەکانیان و دڵنیاکردنەوەیان لەوەی بارودۆخی سیاسی وەک ئێستا نامێنێتەوە. هەروەها ڕۆژنامەی عەرەب ئاماژەی بەوەشداوە، لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەڕێی گوتاری پڕ لە جۆش و خرۆشەوە داوا لە هاووڵاتیان دەکات بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، کە بەهۆی ناکۆییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لەدەستدانى متمانەی دەنگدەرانیان، بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵبژاردنەکەیان دوایان خست. ڕۆژنامەکە باسی لە چالاکییەکانی ئێستای لاهور شێخ جەنگی کردوە و دەڵێت، هەموو رۆژێک دێتە سەر شەقام و بە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێت و خۆی هەڵمەتێکی گەورە بەڕێوەدەبات. ڕۆژنامەکە بۆچوونى چاوێدرانى وەرگرتووە، ئەوان دەڵێن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرفەتێکی سیاسییە بۆ لاهور شێخ جەنگی و هەوڵدەدات زۆرترین رێژەی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت، چونکە پێشتر سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی بووە. دەشڵێن، بەرەی گەل بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی، دەرفەتی ئەوەی هەیە لەگۆڕەپانەکەدا دەستبەسەر جێگەی خۆیدا بگرێت، ئەمەش بەهۆی وردبینی سیاسی دامەزرێنەرەکەیەوە، هەروەها بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی متمانەی خەڵک بە تەواوی لایەنەکانی دیکەی سەر گۆڕەپانەکە.
هاوڵاتی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات. بڕیارە لە ١٨-١٠ـی ئەمساڵ دەنگدانی تایبەت و لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت. ئەمڕۆ شەممە ١٤-٩-٢٠٢٤، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ پەسندکردنی کاندیدەکانى پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە. وتیشى، دوای پەسندکردنی ناوی پاڵێوراوان، رۆژێک دواتر بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات. هەروەها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ـیان دەنگدەری تایبەتن. بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ١٣ حزبى سیاسى و دوو هاوپەیمانى بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستاندا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان.