وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا، هێرش دەکاتە سەر سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا و رایدەگەیەنێت، لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی دوورخستنەوەی جەنگ دەدەن، ئەوروپا بە فەرمانی ئەمریکا خەریکی خۆشکردنی ئاگری جەنگ و ئەنجامدانی هەڵەی ستراتیژییە. پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی توندی لە هەڵوێستەکانی وڵاتانی ئەوروپا گرت سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەوە تۆمەتباری کردن کە رۆڵێکی نەرێنی دەگێڕن. عراقچی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: " ئێستا چەندین وڵات هەوڵ دەدەن رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەماندا بکەن، بەڵام هیچ یەکێک لەو وڵاتانە ئەوروپی نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوروپا سەرقاڵی خۆشکردنی ئاگری ئەو جەنگەیە." وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە, کە ئەوروپا بە فەرمانی ئەمریکا، نەک تەنیا بە دوای کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕانەوەی خێرای سزاکانەوەیە (سناپباک)، بەڵکو خەریکی ئەنجامدانی "هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەی ترە" ئەویش لە رێگەی ناوزەندکردنی هێزە سەربازییە نیشتمانییەکانی ئێران (سوپای پاسداران) وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی". عراقچی دەڵێت: "ئەوروپا هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە نەبووە، کەچی ئێستا بە پەلە بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات." بە بڕوای ناوبراو، ئەم جووڵە میدیاییانەی ئەوروپا تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەیە کە ئەو کیشوەرە وەک ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی لە داکشانێکی گەورەدایە. هەروەها عراقچی هۆشداریی داوە لەوەی کە هەڵوێستەکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا زیان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەگەیەنێت، چونکە کیشوەری ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی جەنگێکی گشتگیری لەسەر دەبێت، بە تایبەتی لە رووی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە. ناوبراو ئەوەشی راگەیاندووە، "خەڵکی ئەوروپا شایستەی حکومڕانییەکی باشترن لەوەی ئێستا حکوومەتەکانیان پێشکەشیان دەکەن." هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیاندا، گەیشتنە رێککەوتنێک لەسەر بە تیرۆریستناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران.
هودا شەعراوی هونەرمەندی سوری ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ماڵەکەی خۆی لەناو دیمەشقی پایتەخت لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بەکوژراویی دۆزارەیەوە. بەرپرسی سەندیکای هونەرمەندان، مازن ئەلنەتور لە بەیاننامەیەکدا بۆ پلاتفۆرمی "ئیکس" ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو خانمە ئەکتەرە سورییە هودا شەعراوی کە لەناو ماڵەکەیدا کوژراوە. سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاشکرایان کرد کە هونەرمەندە سورییەکە لەلایەن خزمەتکارەکەیەوە کوژراوە و ئەویش تاوانەکەی ئەنجامداوە و هەڵاتووە، ماڵپەڕە سورییەکان باسیان لە مردنەکە کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە "لە ژێر بارودۆخێکی نهێنیدا" ڕوویداوە بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخەنەڕوو. هونەرمەندی کۆچکردوو لە زۆرێک لە بەرهەمە دراماییەکان بەشداری کردووە و لە بەرهەمە ژینگەییەکاندا سەرکەوتوو بووە. بەڵام دیارترین ڕۆڵی لە زنجیرە بەناوبانگەکەی “باب الحرا” بوو، کە تێیدا ڕۆڵی “ئوم زەکی”ی بینی. هەروەها بەشداری لە بەرهەمەکانی وەک: ڕۆژانی شەمیا، خێزانی ٧ ئەستێرە، نەبوونی تام و کێشەی زۆر، و چەندانی تر کردووە.
ئەحمەد شەرع ملی بۆ زۆربەی داواکارییەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ داوە ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کاتێکدا هێرشی چڕ دەکاتە سەر رۆژاڤا و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵکردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، خەریکە بە تەواوی مل بۆ داواکارییەکانی ئیسرائیل دەدات. ئەحمەد شەرع، بە پشتیوانی ئەمریکا و بەتایبەتی تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی خەریکی جەنگە دژی کورد، بەڵام لە رۆژئاوای وڵاتەکەی چیرۆکێکی دیکە هەیە و بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ئیسرائیلی جێبەجێکردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "میدڵ ئیست ئای"ـی بەریتانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها مانگێکی داناوە بۆ دیمەشق و تەلئەبیب تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و لێکتێگەیشتنی 6ـی مانگ، کە لە پاریس واژۆکرا، جێبەجێ بکەن، بەمزووانەش رێککەوتنەکە ڕادەگەیەنرێت. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ فشاری لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع کردووە تاوەکو سەرەتای مانگی سێ کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنن. ڕێککەوتنەکە چۆنە؟ سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ میدڵ ئیست ئای کردووە، دەڵێت، هەردوولا لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون و تەنها لەسەر چیای جەبەل شێخ ناکۆکن کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی ئەسەد داگیری کردووە. بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەیە، بە میدڵ ئیس ئای گوتووە، ئیسرائیلییەکان ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە هەرگیز سازش لەسەر جەبەل شێخ ناکەن و بە "هێڵی سووری" دەزانن. ئەو بەرپرسە پێیوایە، ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە هەرگیز لە ماوەی مانگێکدا ناگۆڕێت کە ترەمپ دیاریکردووە. ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل دەزانێت ئیستا بەرپرسانی ئەمریکا بوونەتە دوو بەش لەسەر بابەتی کوردانی سوریا و وا لە جەبەل شێخ دەڕوانێت کە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانییە، بەپێچەوانەی رۆژاڤاوە. ئەو بەپرسە دەشڵێت، "ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا و سیناتۆری کۆمارییەکان دژی هێرشی سوریان بۆ سەر کوردەکان، بەڵام تۆم باراک و دۆستەکانی پشتگیری" لە هێرشەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن، بۆیە ڕۆژاڤا لای ئیسرائیل هێڵی سوور نییە وەک جەبەل شێخ. لەبارەی دروزەکانەوە، ئەو بەرپرسە دەڵێت، بەپێی ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و تەلئەبیب، حکومەتی سوریا ڕازیبووە بەوەی لە ڕووی سەربازییەوە نەچێتە نێو سوەیدا، بەڵام بە پشتگیری ئیسرائیل دانوستان دەستپێدەکات بۆ ئەوەی سوەیداش تێکەڵی حکومەتی سوریا بکرێت، هەروەک ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کراون بۆ تێکەڵبوون بە سوپا. ئیسرائیل ئێستا کوێی سوریای بەدەستەوەیە؟ لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە کۆتایی 2024، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای داگیرکرد، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیەی بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ساڵی 1967ـەوە دەستی بەسەرداگرتووە. ئێستا ئیسرائیل بنکەی سەربازیی لە پارێزگای دەرعە و قونەیتەرەی سوریا هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە سوەیدا بەدەست دروزەکانەوەیە کە ئەمیش وەک پێگەی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت. بەپێی رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لە پاریس، هەردوولا ڕێککەوتن میکانیزمێکی هاوبەش دابمەزرێنن بۆ دروستکردنی شانەیەکی پەیوەندی تا بتوانن زانیاریی سەربازیی و هەواڵگری ئاڵوگۆڕ بکەن. لە ڕێککەوتنەکەدا حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ڕازی بوو بەوەی نووسینگەیەکی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە بەبێ ئەوەی سیفەتی دیبلۆماسی پێ بدرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی، "گفتوگۆی گەشبینانە هەیە لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ئیسرائیل باڵیۆزخانەیەک لە دیمەشق بکاتەوە." ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە باس لەوە دەکات، سوریا جگە لەوەی ملی بۆ ئەو داواکارییانە داوە، بەوەش ڕازی بووە بچێتە ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە و ماوەی 25 ساڵیش بەرزاییەکانی جۆلان بداتە ئیسرائیل، ئەمانەش هەمووی لەژێر فشاری ئەمریکایە و داوای لێکردوون جارێکی دیکە بەزوویی لە پاریس کۆببنەوە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە هەنگاوێکی "یەکلاییکەرەوە"یان ناوە و سوپای پاسدارانی ئێرانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026 کالاس لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "سەرکوتکاری ناتوانێ بێ وەڵام بمێنێتەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئێستا هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیان نا، بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی." بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە بەرپرسانی باڵای تاران و رایگەیاند: "هەر رژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێ، کار بۆ لەنێوچوونی خۆی دەکات." ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چەندین هەفتە لە گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی دێت و بە وەرچەرخانێک لە مامەڵەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێ. ئەم بڕیارە رێگە بە وڵاتانی ئەورووپی دەدات کە تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەورووپا سڕ بکەن، چوونە ناو خاکی ئەورووپا لە ئەندامانی قەدەخە بکەن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار بکرێ. ئەم هەنگاوەی برۆکسل هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەکە.
تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X)، راگەیەندراوی هاوبەشی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپای بڵاوكردوەتەوەو لەسەری نوسیویەتی: پاڵپشتی یەکگرتوو لەپێناو: کەمکردنەوەی گرژی نێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات؛ یەکخستنی هاوبەشی ڕێککەوتنی 18ی كانونی دووەمی 2026 لە نێوانیاندا؛ و بەردەوامی سەرەنج و هاوبەشی هەموو لایەنەکان بۆ بەرەوپێشچوون لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. رۆژی 27ی ئەم مانگەی ئەمریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنسا راگەیەندراوێكی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی سوریاو پەیوەندی كوردو حكومەتی دیمەشق بڵاوكردەوە، لە راگەیەندراوەكەدا جەختیان كرد لەسەر: پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەکەین. پێشوازی لە دامەزراندنی ڕێڕەوی مرۆیی دەکەین بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی سەلامەت و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان. جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت ئەم کۆریدۆرانە بپارێزرێن، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانێ دەست پێبکرێنەوە. پێشوازی لەو ڕۆڵە گرنگە دەکەین کە هاوبەشەکان لەوانە عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەیگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە داعش دروستیان دەكات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە خێرایی ڕازی بن بە ئاگربەستی هەمیشەیی، و بە زووترین کات دەست بە دانوستانەکان بکەنەوە بە ئامانجی یەكخستنی ئاشتیانە و بەردەوامی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریی، کە ڕێز لە مافەکانی هەموو هاوڵاتیانی بگرێت و بپارێزێت، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی 18ی كانونی دووەمی 2026، وەک کاریگەرترین ڕێگا بۆ سەقامگیری لە سوریا. ئێمە پێویستی پاراستن و چڕکردنەوەی هەوڵە بەکۆمەڵەکان لەسەر شەڕی دژی داعش دووپات دەکەینەوە. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دووربکەونەوە لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی لەناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش و دەوروبەری. بۆ چارەسەرکردنی ئەم نیگەرانیانە، ڕێککەوتین کۆبوونەوەی بەپەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بكەین. ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ گواستنەوەی سیاسی گشتگیر لە سوریا دووپاتدەکەینەوە، کە مافی هەموو سوورییەکان بپارێزێت و جەختیشدەکەینەوە سەقامگیرکردنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی ئاشتیانە ئەولەویەتە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بەدیهێنانی ئاسایش لە ناوچەکە. جەخت لەسەر ئامادەیمان دەکەینەوە بۆ پشتگیریکردن و چاودێریکردن، بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان، کە ئامانجی یەکخستنیگرتنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە بەشێوەیەكی ئاشتیانەو بەردەوام لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتووی گشتگیری خاوەن سەروەریدا، بە شێوەیەک كە زامنی مافی هەموو هاوڵاتیانی بكات.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوا لە لایەنەکانی سوریا دەکەن بە خێرایی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و لە زوترین کاتدا گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە یەکگرتنی ئاشتیانە ئەنجامبدەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەریەکە لە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر رەوشی سوریا بڵاوکردەوە و داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەن، کە بە خێرایی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی . راگەیەنداروەکە لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە دیمەشق بڵاوکراوەتەوە و پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی 15 رۆژەی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کراوە، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بە توندی پابەندی ئاگربەستەکە بن و خۆیان بەدور بگرن لە هەر هێرشێک بۆسەر یەکتری. ئەو وڵاتانە، پێشوازیان لەو رۆڵە گرنگە کردوە کە حکومەتی هەریمی کوردستان، عیراق، هەسەدە و حکومەتی سوریا دەیگێڕن لە روبەڕوبونەوەی داعشدا لە راگەیەندراوەکەدا پابەندبونی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی دووپاتکراوەتەوە و پێشوازی لە دامەزراندنی رێڕەوی مرۆیی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی سەلامەت و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان. جەختیان کردوەتەوە لە پێویستی پاراستنی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی چەکدارەکانی داعش و داوایان لە هەموو لایەنەکان کردوە، رێگەنەدەن بە دروستبونی بۆشای ئەمنی لە دەوروبەری ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارەکانی داعش.
سبەی هەینی، زیاتر لە 23 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان، هاوشانی کوردانی باکوور و تاراوگە، بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دێنە سەر شەقام. ئەم جووڵە جەماوەرییە و یەکگرتنی هاونیشتمانییانی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و دهۆک لەگەڵ وان و پایتەختەکانی ئەوروپا، پەیامێکی پۆڵایینە بۆ جیهان کە دۆزی کورد بەیەکپارچەیی ماوەتەوە. ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن خودی خەڵک و بەبێ ڕەنگی حیزبیی، گوشارێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گەورە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دروست دەکات تاوەکو ڕێگریی لە هەرەسهێنانی مرۆیی و سیاسیی ڕۆژئاوا بگرن. سبەی لە هەرێمی کوردستان لە چەند شوێنێکی جیاواز خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت بەمشێوەیە؛- هەولێر: "هەینیی ملیۆنی" کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ لەبەردەم قەڵا. سلێمانی: گردبوونەوەی جەماوەریی فراوان بۆ ئیدانەکردنی زوڵم لە دژی ڕۆژئاوا. ڕاپەڕین: کاتژمێر 2:30 لە پارکی گشتیی ڕانیەوە بەرەو مۆنۆمێنت. گەرمیان: خەڵکی کفری و خانەقین کاتژمێر 2:30 لە کەلار کۆدەبنەوە. کەرکووک: کاتژمێر 3:00 لە پردی عەلی عەسکەرییەوە بەرەو باروتخانە. ناوچەکانی دیکە: سۆران، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، زاخۆ و سەیدسادق کات و شوێنی تایبەتیان بۆ ڕێپێوان دیاری کردووە. جیاواز لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی پشتیوان، لە زاخۆ قوتابیان و مامۆستایان 40 ملیۆن دیناریان بۆ قوتابیانی ڕۆژئاوا کۆکردووەتەوە. هاوكات وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری داوە وتاری هەینیی سەرجەم مزگەوتەکان لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیی ڕێگەی سەرکەوتنە" بێت، تاوەکو لایەنی ئایینییش پاڵپشتیی ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک، داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی کۆتایی پار دەکات. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی تەیف سامی بە بیانوو بۆ دواخستنی مووچە دەزانێت. بە گوێرەی زانیارییەکان کە رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کەوتووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی پاری کردووەتە مەرج بۆ ناردنی مووچەی مانگی 1ـی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەر لەو بارەیە ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند، پێشتر ئەوان تەرازووی پێداچوونەوەی ئەو سێ مانگەیان ناردووە بەغدا، ''بەڵام داوکارییەکانی تەیف سامی بیانوون و تەنیا دەیەوێ پڕۆسەی ناردنی مووچە دوابخرێت. ئەگەرنا پێشتر تەرازووی پێداچوونەوەی هەر سێ مانگیان وەرگرتووە و رەزامەندییان لەسەر داوە.'' بە گوێرەی زانیارییەکان هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گۆڕینی تەرازووی پێداوچوونەوەی مووچەی مانگی 12ـی بەو شێوەیەی کە تەیف سامی داوای دەکات بە نایاسایی زانیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزیری دارایی عێراق بیانووی زیاتر نەگرێ، بەو شێوەیەی ویستوویەتی، گۆڕانکارییان تێدا کردووە. لەبارەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رووداو لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی زانیاری وەرگرتووە، کە چاوەڕێ دەکرێ یەکشەممە یان دووشەممەی داهاتوو داهاتەکە ئامادە بکرێ، کە وەک مەرجێکی سەرەکییە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران.
دیپلۆماتكارانی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكە سزای نوێیان دژ بە ژمارەیەك كەسایەتی و قەوارەی ئێراندا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و پەیوەندییان بە پاڵپشتییەكانی ئێرانەوە بۆ روسیا. یەكێك لەوانەی تایبەت بە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە سزادراوە، وەزیری ناوخۆی ئێرانە. بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی دەكرێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی بۆ ئەوەی (سوپای پاسدارانی ئێران) بخەنە لیستی یەكێتیی رێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە، ئەمەش وادەكات سوپای پاسداران بچێتە ناو هەمان خانەی رێكخراوەكانی وەكو "داعش"و قاعیدەوە، كە ئەمەش گۆڕانكارییەكی رەمزییە لە سیاسەتەكانی ئەوروپادا بەرامبەر بە سەركردایەتی ئێران. ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا، لەسەروو هەمووشیانەوە فەرەنسا بۆ ماوەیەكی زۆر دوودڵ بوون لەوەی سوپای پاسداران بخەنە ناو ئەم لیستەوە، بەڵام دوێنێ پاریس رایگەیاند پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەكات، ئەمەش رێگای كردەوە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات. ئەم جۆرە بڕیارانەی پێویستیان بە كۆدەنگی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا هەیە كە ژمارەیان 27 وڵاتە. سوپای پاسداران كە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 بۆ پاراستنی دامەزراوەی شیعەی دەسەڵاتدار دروستكراوە، خاوەنی قورساییەكی گەورەیە لە ئێراندا، كۆنترۆڵی كەرتێكی بەرفراوانی ئابوری و هێزە چەكدارەكانی كردووە، هەروەك بەڕێوەبردنی پرۆگرامی موشەكە بالستییەكان و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی لەئەستۆدایە.
هەسەدە دەڵێت، دوو کچە شەڕڤانەکە بەناوەکانی ئاکرێ زاگرۆس و دیالا کۆرۆ لە 18ـی ئەم مانگە لە رەققە شەهیدبوون. یەکێکی دیکە لەشەڕڤانەکان بەناوی کیڤارا کۆبانێ هەر لە 18ـی مانگ شەهیدبووە لە دێرەزوور و شەڕڤانەکەی دیکە بەناوی کێنداڵ کۆرتەک لە 25ـی مانگ لە شەڕی کۆبانێ شەهید بووە. شەهید بوونیان وەک پەیمانێکی نوێ لەسەر ڕێگای ئێمە دەمێنێتەوە، کە بەردەوامی خەبات و ئیرادەی ئێمە بۆ خۆڕاگری تا کۆتایی دووپات دەکاتەوە. خوێنی پاکیان بۆ هەمیشە دەبێتە ئەمانەتێک لەسەر شانمان، ڕێگای ئەو سەرکەوتنە ڕووناک دەکاتەوە کە ئەوان پێشبینیان دەکرد. قوربانیدانی ئەوان میراتی ئێمەیە، کە ئێمە بە دڵسۆزانە بەرزی دەگرین و بەم بەڵێنەشەوە بەرەو پێشەوە دەڕۆین تا ئەم خاکە خەونی ئازادی و کەرامەتی خۆی بەدەست دەهێنێت. هەڤاڵانی شەهید بریتین لە: 1- سیاجین/ دیالە کۆرۆ، 2- ئاکری زاگرۆس/ زەینەب عەتۆ، 3- کەڤرا کۆبانی/ دیار مەحمود، 4- کەنداڵ کورتەک/ محەمەد ئەحمەد.
موستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەی ئاشتیی، ئەم هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد و دەستکەوتەکانییەتی و نایانەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستاتۆیەکی هەبێت، پرۆژەیەکی وەها هەیە و تورکیاش بەشێکە لەمە دەشڵێت: گەل یەکێتی خۆی هێناوەتەدی، بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە سیاسییەکان ئەوەیە، کە ئەو یەکێتییە نەتەوەییە لە ڕووی سیاسییەوە جێبەجێ بکەن. ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی (مەدیا خەبەر)ـدا قسەی کرد و سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و پڕۆسەی ئاشتیی و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ هەڵسەنگاندی کرد، ڕۆژنیوز بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی بڵاو دەکاتەوە. بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیەیە: هێشتا هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بۆ ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان نەڕەخساوە، هەروەها لە چوارچێوەی ‘مافی هیوا’ـدا هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادی جەستەیی ئەو نەنراوە، هەروەها بوون و نەبوونی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نادیارە، ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ موستەفا قەرەسوو: یانزە مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ‘ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک’ لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ تێپەڕیوە، ماوەیەکی کەم نییە، هەروەها پێش ئەوە شتی تر هەبوو، پێش ئەوە، باخچەلی بانگەوازی کرد، پاشان ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە دەتوانێت پڕۆسەی شەڕی ٥٠ ساڵە و ١٠٠ ساڵە بگوازێتەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، بەڕاستی هەنگاوی ڕادیکاڵی لەم بابەتەدا ناوە، ئێمەش بەگوێرەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری گرنگمان دا، هەنگاوی گرنگمان ناوە. پەکەکە هەموو کار و چالاکییەکی لەژێر ناوی خۆیدا کۆتایی پێهێنا، تێکۆشانی چەکداریمان لەدژی تورکیا ڕاگرت، هەوڵماندا کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە ڕێگەی ماقووڵ چارەسەر بکەین، گەلی ئێمەش پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کرد، هەروەها وەڵامی ئەرێنیمان دایەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بانگەوازە، چ لە ڕووی دروستکردنی ڕای گشتی کوردەوە و چ بە هەڵوێست و ڕوانگەی خۆمان، پاشان چەکەکان سووتێنران و هەڤاڵان لە باکوور کشانەوە، ئەوانیش ڕاگەیاندراویان هەبوو، بەم جۆرە، تا ئاستێکی بەرز بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ کرد. لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەنگاوی لەو شێوەیە ئاسان نەبوو، هیچ ڕێکخستنێک هەنگاوی لەو شێوەیەی نەناوە، بەڵام ڕێبەرێتی ئیرادەی نیشاندا، بارودۆخی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕەچاوکرد، چونکە دەوڵەت باخچەلیش بەم شێوەیە بانگەوازی کردبوو و هەنگاوێکی لەو شێوەیە نرا، ١١ مانگە، لەوەش زیاترە، ڕێبەر ئاپۆ بە سەبرەوە ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەبات، پێشەنگایەتی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات، ئەگەر بە وردی لێکۆڵینەوە بکرێت لە هەر وشەیەک، هەر ڕستەیەکی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، ئەوە دەبینرێت کە ڕێبەرێتی بانگەوازەکەی بۆ ئەوەیە کە پرسی کورد، هەموو کێشەکانی تورکیا، چارەسەر بکرێت و تورکیا دیموکراتیک ببێت، بەرنامەیەکی خستەڕوو، هەڵوێستێکی ماقووڵی نیشان دا. بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستی چی بوو؟ هەندێک کۆبوونەوە ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی پەیامەکانمان بگات بە ڕێبەرێتی، پەیامەکانی ڕێبەریش بگاتە ئێمە، گۆشەگیری تا ئاستێک هەڵگیرا، پارێزەران جارێک چوونە ئیمراڵی، بنەماڵە چوون، بەتایبەت شاندەکان چوون؛ بەڵام ئەم هاتوچۆیە ئەنجامێ ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە. لە کۆتاییدا کۆمیسیۆنەکە پێکهێنرا، ئێمە ساڵانێکە ئەمەمان دەوێت، ڕێبەرێتی ساڵانێکە دەیەوێت پەرلەمان دەستوەردان بکات، جەهەپە کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە، ویستی پەرلەمان دەستوەردان بکات، لەم چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا، پەرلەمان بەم شێوەیە دەستوەردانی کرد، بۆیە گرنگ بوو، ئەرێنی بوو. پەرلەمان بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کۆمەڵگای تورکیا دەکات و بە ناوی کۆمەڵگا بڕیار دەدات و یاسا دادەڕێژێت و دەستور دەنووسێتەوە، دەستێوەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە پرسی کورددا گرنگ بوو، بەڵام هیچ ئەنجامێک لەوەش نەهاتە ئاراوە، ڕێبازی ئەو کۆمیسیۆنە ئەوە نەبوو کە ڕای گشتی پێکبهێنێت و پێشنیارەکان بخاتەڕوو. لە کۆتاییدا دیدارێکیان لەگەڵ ڕێبەرێتی ئەنجامدا، کۆنووسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوی بڵاو نەکرانەوە، سەرەتا ٤ لاپەڕە بڵاوکرایەوە، پاشان ١٦ لاپەڕە، چەند بەشێکیان بڵاوکردەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە یەک پارچەیە، ناوەڕۆکەکەیان شێواندووە و بەو شێوەیە خستیانە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەرکی کۆمیسیۆن ئەوە بوو کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا هەندێک پێشنیار بخاتەڕوو بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردن، بەڵام کات دەکوژن، ماوەی کارکردنی تا کۆتایی مانگی شوبات درێژ کرایەوە، بەحیساب ئەم کۆمیسیۆنە ناوی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەییە، بەڵام لە ئاست ناوەکەی و چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، ئەمە گرنگە. گەر هێشتا لە کۆمەڵگادا نیگەرانی لەبارەی پڕۆسەکە هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی حکومەت و کۆمیسیۆن کە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ نەگەیاندووە، مامەڵەی کۆمیسیۆن و حکومەت و دەوڵەت بەجۆرێکە، وەکبڵێی مامەڵە لەگەڵ پرسێکی جددییدا ناکەن، هەندێ لێدوان دەدەن و قسە دەکەن، کەچی هەنگاونانێن، گرنگترین شت، هێشتا ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگۆڕاوە، تا ئێستاش لە ئیمراڵی لە گۆشەگیریدایە، جگە لە کۆبوونەوەی ناوبەناو لەگەڵ شاندەکە، هیچ دەرفەتێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ نەبووە کە بۆچوونی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی جیاوازدا کۆببێتەوە. لەبەرئەوەی ڕێبەرێتی ڕای گشتیی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی کوردی، هەمووان بۆ ئەم پڕۆسەیە ئامادە دەکات، دەبوو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی پێ بدەن لە ئامادەکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەڵام دەرفەتی پێ نەدرا، ئەمە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە هەڵوێستێکی درووست بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نیشان نەدراوە. ئێستا، هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا، هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود دەستی پێ کرد، پاشان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستاش بۆ سەر هەموو هەرێمە کوردنشینەکان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵوێستێکی ناجدییە بەرانبەر پڕۆسەکە، تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەکە، بەم واتایە دێت، هەمووان دەڵێن؛ چۆن ئاشتی لە ناوخۆی سووریا بە دوژمنایەتی بەرامبەر کورد بەدی دێت؟ بۆیە ئەو مامەڵەیە لە ڕۆژئاوا نیگەرانی دروست دەکات کە لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن دەبێت. ئێمە دەزانین کە ڕێبەر ئاپۆ دوو جار پەیامێکی بۆ ڕۆژئاوا و ئیدارەی ئەوێ ناردووە، ئەو پەیامی “ڕووبکەنە ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک”ـی بۆ ئەوان نارد، واتە ویستی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەوێش بێتەدی، وەک چۆن باکوور و لە تورکیادا داوای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک دەکات، لە سووریاشدا هەمان شتی دەوێت. بەڵام ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، سەپاندن نییە، بە واتایەکی تر ڕوانگەیەکی یەکگرتوو دەگرێتەخۆ بۆ دیموکراتیکبوون، بەڵام بە هێرشەکە وەڵامی بانگەوازی ڕێبەرێتی درایەوە، بانگەوازەکانی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگیرا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە و ئیدارەی ئەوێ بانگەوازی ڕێبەرێتییان لەبەرچاوگرت، ئەگەر ڕێگەیان بە ڕێبەرێتی بدایە، دەیتوانی کێشەکان بەشێوەیەکی ماقووڵ و دوور لە شەڕ چارەسەر بکات. ڕێبەرێتی هۆشداریدا، مەکەونە نێو شەڕەوە و با شەڕ نەگاتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم هەڵوێستانەی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگرت، ئەمەش گرنگە، دەوڵەت دەزانێت هەڵوێستی ڕێبەرێتی چییە، ڕێبەرێتی چ جۆرە چارەسەرێکی دەوێت بۆ سووریا، چ جۆرە ئینتیگراسیۆنێکی دیموکراتیکی دەوێت، واتە ڕێوشوێنێکی ماقووڵ بۆ چارەسەر، بەڵام لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لە ڕێگەی دیالۆگەوەم سەرەڕای ئەمەش ئەمە لەبەرچاو نەگیرا، بەپێچەوانەوە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بە هاندان و دەستوەردانی دەوڵەتی تورک دەستی پێ کرد. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بەدیوێکدا هێرشە بۆ سەر پڕۆسەکە، شێواندنی پڕۆسەکەیە، چۆن ڕوودەدات؟ ئێوە پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئیمراڵی پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، بێگومان ئێمەش لەنێو ئەم کارەداین، وەک تەڤگەر ئێمەش لەنێو ئەم پڕۆسەیەداین، کار و چالاکییەکانمان لەژێر ناوی پەکەکەدا کۆتایی پێ هێنا، تێکۆشانی چەکداریمان ڕاگرت، ئەوەندە هەنگاومان ناوە، گەریلاکانمان لە ناوخۆی تورکیا کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی ئەرێنی لەم ڕووەوە نیشان نەدا. لە لایەکی تریشەوە هەم هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هەم هێرشی سەر ڕۆژئاوای گۆڕی بۆ هێرشێکی ڕاستەوخۆ دژی ئێمە، لە هەموو هێرشێکدا ئێمەیان خستە ڕۆژەڤەوە، کاتێک هەموو هێرشێک هەڵدەسەنگێنن، ئێمە دەخەنە ڕۆژەڤەوە و دەمانکەنە ئامانج. پڕۆسەیەک هەیە، ئێمەش لەنێو پڕۆسەکەداین، ئەمەش هەم تێکدانی هەوڵەکانی ڕێبەرێتییە و هەم تێکدانی هەوڵەکانمانە بۆ ئاسانکاری، بۆیە ئێمەش بیر لەوە دەکەینەوە؛ لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ ئایا بەم شێوەیە بەرەوپێش دەچێت؟ ڕێبەرێتی و ئێمە بە سەبرەوە ئەمەمان گەیاندە ئەم ئاستە، بەڵام ئەگەر مامەڵەیەکی جیاواز نیشان نەدرێت، واتە ئەگەر هەڵوێستەکانی ئێستا نەگۆڕێن، ئەم پڕۆسەیە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ زەحمەتە، دەکرێت بڵێین ئێستا بنبەستێک هەیە، هەمووان هەمان هەڵسەنگاندن و بیر و بۆچوونیان هەیە، دوای هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا کێ دەتوانێ بڵێت پڕۆسەکە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت؟ گەلی کوردستان و تەواوی جیهان سەرنجیان لەسەر ڕۆژئاوایە، ئەو هێرشە دڕندانەیە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش و هەتەشە دەستی پێکرد، لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەتەوە، چی دەڵێن لەسەر ئەم هێرشانە؟ موستەفا قەرەسوو: سەرەتا بە ڕێز و سوپاسەوە زیاد حەلەب و دەنیز چیا بیردەهێنمەوە کە لە شێخ مەقسوود شەهید بوون، هەروەها یازدەهەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ڕۆژئاوایە، بە ڕێز و سوپاسەوە هەڤاڵ گەلهات و ئارین میرکان کە لەوێ شەهید بوون، بیردەهێنمەوە، بێگومان ئەم شەهادەتە ڕێبازی ئێمە نیشان دەدات، تیشک دەخاتە سەر پێویستی تێکۆشان و ڕێبازمان، بێ ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی شەهیدان، بێ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی شەهیدان، ناتوانین هەنگاوێک بنێین، ناتوانین سیاسەتدا بکەین، ئەوان هێڵی ئێمە، هێڵی تێکۆشانمان پێناسە دەکەن، چونکە ئەوان لە پێناو دۆزێکدا شەهید بوون، بۆ ئەو ئامانجە شەهید بوون، بۆیە هەرچی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو دۆزە دەیکەین. ڕووداوی شێخ مەقسوود هێرشێکی ئاسایی نییە بۆ سەر شارێک، لە ڕاستیدا پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی هەیە، لە ٤ـی کانوونی دووەم بۆ کۆبوونەوەیەک چوونە دیمەشق، خەریک بوو ڕێککەوتن بکرێت، ڕوانگەی ڕێبەرێتیش لەسەر ڕۆژئاوا هەبوو، ڕێککەوتنێک کرابوو، لێدوانێک دەدرا، وەزیری دەرەوەی سووریا دەستوەردان دەکات، دەڵێت ‘با لێدوان نەدەین، دەتوانین دواتر کۆببینەوە’.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، کراوەن بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ هەر پاڵاوگەیەک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، هاوکات جەخت لە سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. عەلی نزار ئەلشاتری، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکەیان سیاسەتێکی نەرم پەیڕەو دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیارە باوەڕپێکراوەکان، بەتایبەت لە پرسی بەبازاڕکردنی نەوتی خاودا. بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەن گرێبەست لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەکان لە هەر شوێنێک بن واژۆ بکەن، بەمەرجێک دوو ئامانجی سەرەکییان بۆ بەدی بێت: فرۆشتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەناردەکردن بەردەستە. بەدەستهێنانی بەرزترین بڕی داهات. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرەکەی سۆمۆ، رێککەوتنە مێژووییەکەی نێوانیان بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم بە "سەرکەوتوو" وەسف کرد و رایگەیاند، کارکردن بەو رێککەوتنە تا کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ درێژ کراوەتەوە. جەختیشی کردەوە، هەموو لایەنەکان کار بۆ ئەوە دەکەن رێککەوتنەکە نوێ بکرێتەوە و درێژە بە سەرکەوتنەکان بدەن. هاوکات رۆژی یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمپانیای سۆمۆ، ئاماری فەرمیی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 107 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، لەو بڕەش 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە. هەروەها داهاتەکەشی 6 ملیار و 388 ملیۆن و 429 هەزار و 610 دۆلار بووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە بەردەوامی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما کراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتیی بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە. ئەگەری بارینی نمەبارانی پچڕپچڕ لە چەند ناوچەیەک هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم (ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، و ئیدارەی گەرمیان) بارانەکە کاریگەرتر دەبێت و بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هاوکات لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کەمێک بەفر دەبارێت و لە کاتەکانی شەودا تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 3 تا 3 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با لەنێوان 10- 20کم/ک دەبێت. مەودای بینین بەهۆی تەمەوە لە هەندێک ناوچە بۆ 1-2کم کەم دەبێتەوە. سبەی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ سبەی هەینی، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانیدا تەم دروست ببێت و ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. شەپۆلێکی نوێی بارانبارین سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری هەرێم دەست پێدەکات و دوای نیوەڕۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفربارین بەردەوام دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ 48کاتژمێری داهاتوو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: ئەمڕۆ 12 سبەی 14 سلێمانی: ئەمڕۆ 8 سبەی 10 دهۆک: ١ئەمڕۆ 12 سبەی 13 هەڵەبجە: ئەمڕۆ 8 سبەی 8 کەرکووک: (تۆمار نەکراوە) زاخۆ: ئەمڕۆ 12 سبەی 14 سۆران: ئەمڕۆ 5 سبەی 6 حاجی ئۆمەران:ئەمڕۆ 3 سبەی 3 چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 10سبەی 12 ئاکرێ: ١ئەمڕۆ 10سبەی 10 پیرمام: ئەمڕۆ 8 سبەی 9 کەشناسی داوا لە شۆفێران دەکات لە کاتی دروستبوونی تەم و کەمبوونەوەی مەودای بینین، وریایی زیاتر بگرنە بەر.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەرانی مەدەنی لە عێراق دابەش نەکراوە، بەڵام دوو پەرلەمانتار دڵنیایی دەدەن رێکارەکان تەواو بوون و "ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات." شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونی وردمان بۆ پرسی دواکەوتنی مووچە کردووە؛ بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بکرێت." هاوکات عودەی عەواد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عەسائیب ئەهلی حەق رایگەیاند: "رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچە ئەمڕۆ تەواو دەبن و لە رێگەی بانکەکانەوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی وەزارەت و دەستەکان دەکرێت." پێشتر رۆژانی 18ـی هەموو مانگێک رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستیپێدەکرد، بەڵام چەند مانگێکە ئەو وادەیە دوادەکەوێت. شێروان دووبەردانی سێ هۆکاری سەرەکی بۆ دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە بۆ رووداو خستەڕوو. یەکەم: بڕیارە نوێیەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی و دەستکاریکردنی دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەران (وەکو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و خزمەتی زانکۆیی)، ئەمەش وایکردووە ئامادەکردنی لیستەکان کاتی زیاتری بوێت. دووەم: کێشەی نەختینە و بوونی گرفت لە دابینکردنی پارەی کاش (دینار). سێیەم: دواکەوتنی گەیشتنی دۆلار؛ دۆلاری فرۆشی نەوتی عێراق مانگانە بە دوو کاروان لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا. کاروانی یەکەم گەیشتووە، بەڵام کاروانی دووەم بۆ ئەم مانگە دواکەوتووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەبووە.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دیراسەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی نوێ دەكات بۆ سەر ئێران، دوای ئەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە نەرمەكان نەیانتوانی پێشکەوتن بەدەستبهێنن. ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیریكردنی عومان لە نێوان ستیڤ ویتکۆف و وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامی كورتيان ئاڵوگۆڕ کردووە بۆماوەیەكی كەم، بەڵام هیچ كۆبونەوەیەكی راستەوخۆ نەكراوە . بەوتەی سەرچاوەكە، ئێستا ترەمپ پێی وایە بژاردە سەربازییەکانی فراوانتر بووە لەگەڵ بوونی گروپێک کەشتی فرۆكە هەڵگری ئەمریکی لە ناوچەکەدا. بەرپرسان دەڵێن ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان بریتین لە سەرکردەکانی ئێران، بەرپرسانی ئەمنی کە پەیوەندییان بە کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە هەیە، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە حکومییەکان. هاوكات زانیارییە هەواڵگریەكانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئێران شوێنە ئەتۆمییەکانی قووڵەكانی لە ژێر زەویدا ئاوەدان دەکاتەوەو ڕێگری لە پشکنینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. واشنتۆن داوای لە ئێران کردووە بۆ کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و بەرنامەی موشەکی بالیستیکی سنوردار بکات و پاڵپشتیکردنی گروپەكان لە ناوچەکە رابگرێت، بەڵام تاران سنوردارکردنی مووشەکی ڕەتکردووەتەوە و تەنیا بابەتی ئەتۆمی تاوتوێ دەکات. لەلایەكی ترەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا توانا سەربازییەكانی خۆی بەهێنانی چەكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتردەكات، لەو چوارچێوەیەدا تێكشكێنەرێكی موشەکی ئاڕاستەكراو و فڕۆکەیەکی نۆڕینی ئەلیکترۆنی RC-135V Rivet Joint، هێناوەتە ناوچەكە، ئەمەش توانای بەرگری موشەکی و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی لە لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەهێتركردووە. لە ئێستادا هێزی دەریایی ئەمریکا دە کەشتی جەنگی هەیە کە لە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) کاردەکەن.
