هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرەنجام توانرا لەكاتی دزیكردنەكەدا، تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیر بكرێت". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێستا تۆمەتبار (ب، ل، ع) لەدایكبووی 2003، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لە لێكۆڵنەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە، كە لە چەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لە شاری هەولێر، دزیی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێر بۆ ئەو مزگەوتانە كردووە".
هاوڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو حەوت خەڵات لە یەک کاتدا بەدەستدەهێنێت، لەڕێگەی بەرنامەکانی دوا زەنگی زەوی، تێکست، بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر و بەڵگەفیلمی خانووی زەوی. رووداو لە خولی 45ی راگەیاندنی خەڵاتەکانی تێلی دا، لەنێوان 13 هەزار رکابەر لە 56 وڵاتی جیهانەوە، توانی 7 خەڵاتی زێڕین، زیوین و برۆنزی بباتەوە، رووداو لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای نێوداری جیهان دا بووە براوەی خەڵاتەکانی ئەم ساڵی تێلی، لەوانەش: مێتا، نێتفلێکس، ناسا، فۆکس نیوز، بی بی سی، ئێن بی سی نیوز، ئێم تی ڤی، جەزیرە، سکای نیوز عەرەبیە، شەرق و چەندان دەزگا و کۆمپانیای نێوداری دیکە. لیژنەی داوەریی ئەم ساڵی خەڵاتی تێلی لە 200 جێبەجێکاری دەزگا و کۆمپانیا نێودارەکان پێکهاتبوو. دامەزراوەی خەڵاتی ساڵانەی تێلی، لە ساڵی 1979 دامەزراوە و ساڵانە خەڵات دەداتە باشترین بەرهەمە ڤیدیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەکان، دامەزراوەی خەڵاتی تێلی دەڵێت "براوەکانی خەڵاتی تێلی نوێنەرایەتیی کاری هەندێک لە رێزدارترین دەزگاکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکەرەوەکان دەکەن لە سەرانسەری جیهان دا". ئەماندا نیدهام، بەڕێوەبەری گشتیی خەڵاتەکانی تێلی لە نامەیەک دا پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی رووداو خواست. بەرنامەی دوا زەنگی زەوی، خەڵاتی زێڕینی لە چوارچێوەی بەرنامە ژینگەییەکان بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتی بەرنامەکانی ژینگە و دارستان دا بردەوە، بەرنامەی (دوا زەنگی زەوی) لە وەرزی رابردووی رووداو دا بایەخی بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەدا، ئەڵقەی تایبەت بە زۆنگاوەکانی جیایش لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، خەڵاتی بەدەستهێناوە. بەرنامەی تێکست خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی تەندروستیی گشتی و سەلامەتی دا بەدەستهێنا. بەرنامەی (نێکست)ی رووداو بایەخ بە پێشکەوتنەکانی جیهان دەدات لە بوارە جیاوازەکان دا و باسی ئاییندە دەکات، هەروەها بەڵگەفیلمی خانووی سپی خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کاریگەریی کۆمەڵایەتی دا بەدەستهێنا. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، چیرۆکی خانووێکە لە شاری موسڵ کە ژمارەیەک ژنی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە تێیدا دەستبەسەرکرابوون. بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی بڕۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کولتوور و شێوازی ژیان دا بردەوە. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، باسی هەنگوینێکی تایبەت لە وڵاتی نیپاڵ و چۆنیەتی دەرهێنانی لە شاخ و کاریگەرییەکەی دەکات. عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو، لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو 7 خەڵاتەی تێلی دەڵێت "ئەم خەڵاتانە نیشانەی ئاستی بەرزی کارکردنی هاوکارانی رووداوە، هەروەها بەڵگەی جیهانین لەسەر ئاستی بەرزی بەرهەمی رووداو. ئەم خەڵاتانە ناوی رووداو و میدیای کوردییان بردووەتە ریزی گەورەترین دەزگا میدیاییەکانی جیهانەوە، ئەو پێشەنگییە بۆ رووداو شانازییەکی گەورەیە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی وارشۆ وادیارە شەڕەکەی حەماس دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بۆ فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بێنێتە بەرهەم. ئەوەش لەبەر ئەوەی وردە وردە تەواوی جیهان لەوە تێدەگەن، بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پێویستە فەڵەستین ببێتە دەوڵەت. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس پەلاماری بۆ سەر ئیسرائیل برد؛ لەو هێرشەدا حەماس 1,139 کەسی کوشت کە 695یان هاوڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی بوون و 36 کەس لەوانە منداڵبوون. 71 کەسیان هاوڵاتی بیانی بوون و 373 کەسیشیان پۆلیس و ئاسایش بوون. هەر لەو پەلامارەدا 24 هاوڵاتی و پۆلیس لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، ئەمە جگە لەوەی رووبەرێکی لە ئیسرائیلیش کۆنترۆڵکرد. هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی لەگەڵ حەماسدا راگەیاند کە تا ئێستا بەردەوامە و ئامانجەکەشی لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە لە غەززە. لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا کە وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی لەناوبردنی حەماسە، تاوەکو نوسینی ئەم راپۆرتە 35 هەزار و 647 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و لانیکەم 79 هەزار و 852 کەسیش برینداربوون. جەنگەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و تا رادەیەک وەک هەمیشە زەوی کردووە بە دوو جەمسەری دژیەکەوە. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا تا ئەمڕۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن و بە "شەڕ لە دژی تیرۆر" ناوی دەبەن؛ بەشێکیان بێ لایەنیان هەڵبژاردووە و هەرچی دەمێنێتەوە ئێستا سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن بەوەی لە غەززە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و رەشەکوژی" دەکات. "ئاڕاستەی گفتووگۆ دیپلۆماسییەکان رووەو کوێ؟" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشتووە، ئەگەر ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە کۆتایی نەیەت، بەدەر لەو کارەساتە مرۆییەی دوای خۆی جێیدەهێڵێت، پریشک دەهاوێژێت بۆ رووبەرێکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش بۆ جیهان. هەروەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەربازی و ستراتیجییەکانی یەکدی لە دەرەوەی خاکی خۆیان و دواتریش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر یەکدی؛ ئێران لە 13 و 14ی نیسانی ئەمساڵ و ئیسرائیل لە 19ی هەمان مانگ. ئەمە جگە لە مەترسی پەلکێشبوونی لوبنان لە شەڕەکەدا بەهۆی هێرشە جار بە جارەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی. هەربۆیە دەنگی دروشمی "چارەسەری دوو دەوڵەت" لە کۆبوونەوە فەرمی و لوتکەکانی جیهاندا خەریکە زیاتر بەرزدەبێتەوە. چارەسەری دوو دەوڵەت بریتییە لە پێشنیازێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1947، کە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلی بەوە دەکرد، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی ئێستا هەردووکیانی تێدان دروستبکرێت. هەروەها مزگەوتی ئەقسا و رووبەرێکی دیاریکراوی چواردەوری کە لەلای موسڵمان و جووەکان بە پیرۆز دادەنرێت، بە سەربەخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت. جگە لەوەش، ئێستا وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی نێودوڵەتیدا ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەنە فەڵەستین. 10ی ئاداری 2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی ماف و بەرژەوەندی زیاتر بە فەڵەستین و کردنی بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 193 ئەندام، 143 ئەندامیان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. هەروەها ئەمڕۆ ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت جێبەجێبکرێت و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی رژد رووەو ئەو مەبەستە بنێن. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای تێدا ئەندامن بە فەرمی داوای دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە. ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەیەکەوە لەسەری بگەنە رێککەوتن؛ ئەوەش لای زۆرێک "ئەستەمە". هەر ئەمڕۆ، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەوان یەکێکن لە هەرە پاڵپشتە گەورەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتییەکە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، چین پاڵپشتی تەواوەتی خەڵکی فەڵەستین دەکات لە بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆییان. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە چین بە رژدی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و لە پێشووتریشدا پەکین هەر زوو دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. تێڕوانینی ئێستای عەرەب، ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازە بەساڵاچووەکە هەرچی وڵاتانی عەرەبییە هەرچەندە لە رابردوودا دوو جار لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دژوەستانەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت چوونەتە جەنگەوە، لە دواین لوتکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەریەککەوتنەکانی فەڵەستین، بەتایبەت حەماس و ئیسرائیل بهێنن. مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد، هەروەک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری لەسەر بکەن و دەکرێت، "ئەمە کۆتا هەل بێت بۆ پەیڕەوکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت". هەرچی حەماس و ئیسرائیلە بیروڕای پەڕگیر و تێکدەرانەیان بۆ بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە. حەماس لە 2017دا پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیازەکە خستەڕوو، بەو مەرجەی سنوورەکان بگەڕێنەوە پێش ساڵی 1967. لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوتووە، بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین گەورەترین خزمەتە بە "گرووپی تیرۆرستی حەماس". پێشنیازێک کە بە دوایدا دوو جەنگ هاتووە، ئێستا دەبێتە هەوێنی ئاشتی؟ دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچوو، لە ساڵی 1918دا بەریتانیا کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد کە بەشێک لەو رووبەرە ئەو خاکەیە ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن. لەو کاتەدا دانیشتووانی فەڵەستین بریتیبوون لە موسڵمان، کریستیان و جووەکان کە زۆرینە موسڵمان بوون. لە ساڵی 1936، شۆڕشی عەرەب لە دژی بەریتانییەکان روویدا، ئەوەش لەبەر مەترسی زۆربوونی دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین. دواتر بەریتانیا بڕیاریدا چارەسەری دوو دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە کە لەو کاتەدا 80٪ی رووبەری ئەو خاکە بۆ فەڵەستینییەکان و 20٪ی بۆ جووەکان دانرا، بەڵام فەڵەستینییەکان ئەو چارەسەرەیان رەتکردەوە. دواتر لە ساڵی 1947، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا دووبارە چارەسەری دوو دەوڵەتی هێنایە ئاراوە. پێشنیازەکە 56٪ی خاکەکەی بۆ ئیسرائیل و 44٪ی بۆ فەڵەستین یەکلادەکردەوە. ئەم جارە جووەکان چارەسەرەکەیان قبوڵکرد و ئەو هەنگاوە بووە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی ئاداری 1948، بەڵام عەرەب بۆ جاری دووەم رەتیانکردەوە. هەرچی لوبنان، عێراق، ئوردون، میسر و سووریا بۆ رووخاندنی ئەو دەوڵەتە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بردییەوە و رووبەرێکی گەورەتری لەسەر خاکی فەڵەستین کۆنترۆڵکرد و ئوردونیش کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ساڵی 1967، دووبارە ئوردون، میسر، سووریا و لوبنان هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل و جەنگەکە شەش رۆژی خایاند، بەڵام دووبارە ئیسرائیل بردییەوە و تەواوی خاکەکەی بە غەززە و کەرتی رۆژئاواوە کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2000، دووبارە فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتووگۆی ئاشتی لە ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیهود داراک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات بۆ ماوەی 14 رۆژ بە نێوەندگیر بیڵ کڵینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا گفتووگۆیان کرد. پێشنیازکرا 94٪ی کەرتی رۆژئاوا و تەواوی غەززە بچێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانەوە و وەک دەوڵەتی فەڵەستین بناسرێت؛ هەروەک رۆژهەڵاتی ئۆرشلیم\قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین. یاسر عەرەفات، سەرۆکی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بە پێشنیازەکە رازی نەبوو و دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە. لە ساڵی 2008، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لەگەڵ ئیهود داراک کۆبوونەوە و هەمان پێشنیاز بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین هاتەوە بەرباس، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن فەڵەستینەوە رەتکرایەوە. لەو کاتەوە چارەنووسی دەوڵەتی فەڵەستین بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێگیر کراون، کە ئەمەش ئێستا یەکێکە لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، چونکە بە دروستبوونی فەڵەستین دەبێت تەواوی ئەو نیو ملیۆن کەسە ماڵەکانی خۆیان جێبێڵن و بگەڕێنەوە ناو سنووری ئیسرائیل. "چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت بەرەو کوێ؟" لە دوای ساڵی 2020 کە رێککەوتننامەی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا کە ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی بوو، لە نێوان بەحرەین و ئیمارات لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە واژۆکرا، وردە وردە نێوانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئامانجی رێککەوتننامەی ئەبراهام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. مەغریب و سوودان لە دواتردا بڕیاری بە چوونە ناو رێککەوتنەکەیاندا و ئێستاش سعودیە لە گفتووگۆدایە بۆ چوونە ناو رێککەوتنەکە. سعودیە کە وەک ناوەندی بڕیاری دەوڵەتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت جێبهێڵێت. پاڵپشتیی چین، رووسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەرمی نواندنی ئەمریکا، پاڵپشتی زۆرینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەو پێشنیازە، دوای 77 ساڵ لە دژایەتیکردنی، دەکرێت ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ جێبەجێکردنی لە داهاتوویەکی تا رادەیەک نزیکدا و بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارینی 12 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە. ئەمشەو چوارشەممە 22ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارینی 12 کاتژمێری رابردووی ناوچەکانی هەرێمی بە ملم بڵاوکردەوە، کە بەمجۆرە بووە: بامەڕنی 0.4 بازیان1.2 دەربەندیخان0.2 هەولێر دڵۆپ حاجی ئۆمەران 0.8 هەڵشۆ 0.2 خەبات 8.8 مانگیش 4 سۆران 0.4 پێنجوێن 8.2 رەواندز 0.2 شەمامک 5.8 سلێمانی 3 چەمچەمال دڵۆپ زاخۆ دڵۆپ
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا دەستی بە مانۆڕی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کرد کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجامدانەکەی راگەیاند. مانۆڕەکەی مۆسکۆ وەک ئاگادارییەکە بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا کە نەکەن دەستێوەردانی زیاتر لە شەڕی ئۆکراینادا بکەن. درەنگانێکی رۆژی سێشەممە 21-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی فراوان لە ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکە کردووە کە هاوسنووری ئۆکراینایە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، مانۆڕەکە پێی ناوەتە بەشێک لە رۆژهەڵاتی خاکی ئۆکرایناشەوە کە ئێستا رووسیا کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام ئاماژە بە شوێنی بەڕێوەچوونی بە دیاریکراوی نەکراوە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، مانۆڕەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئامادەیی سەرباز و چەکە ئەتۆمییە تاکتکییەکانی رووسیایە بۆ دڵنیابوون لە توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بۆ سەر سەروەریی خاکی رووسیا دەکرێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، مانۆڕەکە وەڵامێکە بۆ "لێدوانە دنەدەر و هەڕەشەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا". سەرەتای ئەم مانگە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بەڕێوەچوونی مانۆڕە ئەتۆمییەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پەیامی دەستێوەردان و بەشداریکردنی راستەوخۆی شەڕی ئۆکراینایان بڵاودەکردەوە؛ لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی رووسیا و دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوو لەو بەرپرسە رۆژئاواییانەن کە "هەڕەشەی" بەشداریکردنی زیاتر و راستەوخۆی جەنگی ئۆکراینایان لەگەڵ رووسیا کردووە. ماکرۆن رایگەیاندبوو ئامادەیە سەربازی فەرەنسی بۆ ئۆکراینا بنێرێت و کامیرۆنیش گوتی، ئۆکراینا مافی ئەوەی هەیە مووشەکەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت. چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی وێرانکەر کە رووبەری وێرانکارییەکەی لە چەکی ئەتۆمیی گەورە کەمترە و دیاریکراوە. بە واتایەکی دیکە، دەکرێت چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تەنیا ئەو رووبەرە وێران بکات کە بەکاربەرەکەی بۆی دیاری دەکات. رووسیا ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ پێشڕەویکردنی زیاتر لە جەنگی ئۆکراینا دەکات. هەرچی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواشە بە روونی بە مۆسکۆیان گوتووە ئەوە تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئەوانە.
هاوڵاتی/ مەهران رەمەزان شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، " رۆژی دووشەممەی داهاتوو پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و دەستپێکی هاتنی وەرزی هاوین دەبێت". ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایاری 2024، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشناسی بە هاوڵاتی نیوزی ڕاگەیاند،"هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و دەستپێکی وەرزی هاوین دەبێت". سەبارەت بە کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتووش ئەوەیخستەڕوو، "بەیانی کەشوهەوا سەقامگیرە و ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک باران دەبارێت". ئاماژەی بەوەشدا، "رۆژی هەینی و شەممە 24 و 25ی ئایاری 2024، کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت و لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ شەو لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەباران دەبارێت لەگەڵ روودانی هەورەگرمەی بەهێز". وتیشی، "خۆڵ بارین کە لەناوچەکانی خوارووی عێراق روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە ڕۆژی شەممە بۆ یەکشەممە کۆتای پێدێت و ڕۆژی دووشەممە 26ی ئایاری 2024، بەشێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و وەرزی هاوین دەست پێدەکات".
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی فرۆشتنی غازی کێڵگەی کۆرۆمۆر روونکردنەوە دەدات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی ئایاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرهەمی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانە غاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا". لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "هەر بڕە غازێک کە بەرهەم بێت، نابێت بەبێ رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ لایەنێک بفروشرێت".
هاوڵاتی بەهۆی تووشبوونی دوو کەس لە هەرێمی کوردستان بە نەخۆشی تای خوێبەربوون ئامادەکارییەکان بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکە چڕترکراونەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایاری 2024، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئامادەکارییەکانمان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک تای خوێنبەربوون چڕ کردووەتەوە"، ئەمەش لە کاتێکدایە لە عێراق 50 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، هەشت حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە. هەر لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەشدا جەختی لەوەکردەوە، "بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدرێت، لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، دەشڵێت، “لە جەژندا حاڵەتاکان ڕوو لە زیادبوون دەبن". وەزیری تەندروستی، داوا لە هاوڵاتییان دەکات پێویستە هۆشیارییان هەبێت لەبارەی نەخۆشییەکەوە، هاوکات لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکان پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکەن، بۆئەوەی لە قۆناغە سەرەتاییەکان نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت تا چارەسەری پێویست وەربگرن. وتیشی، "بەپێی ئامارەکان ساڵانە لە دوای جەژنی قوربانی پیرۆزەوە حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون سێ هێندە دەبن، بۆیە پێویستە ڕێکارەکانی خۆپارێزی چڕ تر بکرێنەوە، هاووڵاتییانیش بە وریاییەوە لە ئاژەڵەکان نزیکببنەوە". وتیشی، بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون چەند ڕێنماییەک بڵاوکراوەتەوە، بە تایبەت کە لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە و بەهۆی قوربانی کردن مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە زیاتر دەبێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سێ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە ئێرلەندا، نەرویج و ئیسپانیان بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن. رۆژی چوارشەممە 22-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، "ئەمڕۆ حکومەت بڕیاری خۆی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەرکرد لە 28ی ئایار". سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا رایگەیاندووە، چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگەیە بۆ ئاشتی و ئاسایش بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین و خەڵکەکەیان. هەر ئەمڕۆ، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. باسی لەوەشکرد، ئەوان "خوێنڕشتن لە غەززە و شوێنەکانی دیکەی فەڵەستین رەتدەکەنەوە" و جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئاگربەست بکرێت و چارەسەری دوو دەوڵەت لە فەڵەستین جێبەجێبکرێت. ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، داوای لە باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئێرلەندا و نەرویج کردووە بە زووترین کات بگەنەوە ئیسرائیل تاوەکو گفتووگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن. باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل بێدەنگ نابێت لە ئاست بە کەم سەیرکردنی سەروەریی خاکەکەی. دەبێت پەیامێک بە جیهان بدەین، کە دەبێت تیرۆر باج بدات.
هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پرسێک دەبێتەوە و لەکارنامەی کۆبونەوەکەدا پەرلەمان برگەی دەنگدان لەسەر پێشنیازی ھەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەیە ماوەی دەنگدانیش بۆ کارکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە. بە گوێرەی کارنامەی کۆبونەوەی ژمارە 26ی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانان، بریارە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایار 2024 پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند بڕگەیەک کۆببێتەوە. لەکارنامەی کۆبونەوەکەدا پەرلەمان برگەی دەنگدان لەسەر پێشنیازی ھەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، بە دەنگدانیش بە پرۆژەکە ماوەی کارکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە. برگەیەکی دیکەی دانیشتنەکە پەیوەستە بە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، ئەم بڕیارە پێشتر، لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتیی رژێمی بەعس دراوە؛ بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە چاوەڕوان دەکرێت کێشەی موڵکداریی جوتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە سنوری پارێزگایکەرکوک کۆتایی بێت. بریاریشە لە دانشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای ھەمواریی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و پڕۆژەیاسای ھەمواریی یەکەمی یاسای دامەزراوەی شەھیدان و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی بکرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دوکان بۆ ئەنفلۆنزای باڵندە دەگەڕێتەوە. سامر حەبیب، بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، "ئەنفلۆنزای باڵندە کە بە “H5N1” ناسراوە، لە نێو نەورەسەکانی دوکان بڵاوبووەتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "کە سەرجەم ڤێتێرنەرییەکانیان راسپاردووە ئەوپەڕی چاودێریی پرۆژەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر و شوێنەکانی فرۆشتنی باڵندە بکەن و لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی گوماناویدا سامپڵ بۆ تاقیگەی ناوەندیی بەغدا رەوانە بکەن". دوو هەفتە پێش ئێستا بە هۆکارێکی نادیار بە نەورەسەکانی دەریاچەکەی دوکان تووشی مردنی بە کۆمەڵ بوون و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵە لایەنی پەیوەندیدار سەردانی ناوچەکەی کرد و دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە و داوایانکرد هاوڵاتییان نزیکی ئەو ناوچەیە نەکەونەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایدەگەیێنێت، 9 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ رووسیا دەستگیرکردووە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە تەواوی ئەو کەسانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبووە و وەک گرووپ کاریان کردووە. رۆژی سێشەممە 21-5-2024، دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "ئێستا 9 گومانلێکراومان دەستگیرکردووە کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگریی رووسیاوە هەبووە و سیخوڕییان بۆ کردوون". تەسک باسی لەوەکردووە، لە دەستگیرکراوەکاندا هاووڵاتی پۆڵەندی، بێلارووسی و ئۆکراینیشیان تێدایە. باس لەوەش دەکات، هەوڵی نانەوەی پشێویان لە پۆڵەندادا داوە و تەنیا لەو وڵاتەشدا نین، بەڵکو لە لیتوانیا، لاتڤیا و سوێدیش ئێستا گرووپی هاوشێوە هەن. ئەو سەرکردە پۆڵەندییە دەشڵێت، لێکۆڵینەوەی تیمی نێودەوڵەتی لەو کەسانە ئێستا بەردەوامە و چاوەڕێدەکەن زانیاری زیاتریان دەستبکەوێت. لە چەند هەفتەی رابردوودا وارشۆ رایگەیاند، کەسێکی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەستگیرکردووە. دەستگیرکردنی ئەو 9 گومانلێکراوە دەچێتە ریزی ئەو رووداوانەی دیکەوە کە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا قسەیان لەبارەوە کردووە؛ گوایە رووسیا هەوڵی ناسەقامگیرکردنی یەکێتیی ئەوروپا دەدات. رووسیاش ئەو قسانە بە پڕوپاگەندەی پڕۆ نازی ناودەبات.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد نوێنەری گشتیی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ شایستە داراییەکانی مانگی دووی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایاری 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ شایستەی مانگی دووی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت لە سنوری پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەفتەی داهاتوو لە رۆژی یەکشەممەوە 26ی ئایاری 2024 شایستە داراییەکانی سەرجەم پەروەردەکانی سنووری هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ترامەکانی ئیستەنبووڵ دوای 100 ساڵ لە کارکردن لادەبرێن و بە جۆرێک ترامی مۆدێرن جێگەیان دەگیرێتەوە. هەوڵدراوە ترامە نوێیەکان شێوەیان بچێتەوە سەر ئەوانی پێشوو. ترامەکانی ئیستەنبووڵ لە شەقامی تەقسیم بووەتە رەمزی شارەکە و ئەوانەی دەچنە ئیستەنبووڵ سەردانی دەکەن. لە ساڵی 1914 خراوەتە کار و تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو شەقامە ماوە. لە ترامە نوێیەکاندا دوو کامێرا لە پێشەوەی دانراوە کە شێوەکەی بە تەواوەتی گۆڕاوە بەراورد بەوانەی پێشوو. ئەمەش تاوەکو شۆفێرەکە باشتر کۆنترۆڵی بکات. بە گوێرەی شارەوانی ئیستەنبووڵ، تەواوی ترامە کۆنەکان لەو شارەدا لادەبرێن و بە ترامی نوێ شوێنیان دەگیرێتەوە. ترامە کۆنەکانیش دەکرێنە مۆزەخانەی هاتووچۆی ئیستەنبووڵەوە کە تاوەکو ئێستا لە بنیاتناندایە. ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکشارەوانی ئیستەنبووڵ دەڵێت، هۆکاری گۆڕانکاری لە ترامەکان رێگریکردنە لە بەهەردانی وزەیەکی زۆر و ترامە نوێیەکان کەمتر وزەیان دەوێت و زیاتر دەتوانن لەکاردابن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە میسر 10 ژن بەیەکەوە لە ناو مینی پاسێکدا گیانیان لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی مینی پاسەکە کەوتە ناو رووباری نیلەوە. رۆژی سێشەممە 21-5-2024، حوسام عەبدولغەفار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی میسر رایگەیاند، مینی پاسێک لە نزیک گوندی ئەبو غالب کە دەکەوێت دووری 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای قاهیرە، کەوتووەتە ناو رووباری نیلەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە 10 کەسن و 9 کەسیش رزگارکراون. سەرجەم سەرنشینەکان ژن بوون؛ بە گوێرەی میدیای میسر، شۆفێرەکە دەمەقاڵێی لەگەڵ یەکێک لە سەرنشینەکانی پاسەکە کردووە و لە دواتردا هاند برێکی پاسەکەی لابردووە و کەوتووەتە ئاوەکەوە. دوای ئەوەی ویستوێتی هەڵبێت، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. حەسەن شەحاتە، وەزیری کاری میسر دەڵێت، پاسەکە ژمارەیەک کچ و ژنی بۆ کێڵگەیەک بۆ کارکردن گواستووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە منداڵی تێدابووە یان نا. وەزارەتی هاوخەمی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، وەک هاوخەمییەک بۆ خێزانەکانیان، حکومەت قەرەبووی خێزانی برینداران و ئەوانەش گیانیان لەدەستداوە دەکاتەوە. داواکاریی گشتی تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی لە رووداوەکە و دۆزینەوەی هۆکاری روودانی راسپاردووە.