ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، جیاوازی لە نێوان دۆلاری سپی و شین حەرامە و ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر، جیاوازیەکەی بۆ 900 دینار کەمبووەوە. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بە هێرۆ مەولوودی پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فەتوای دوێنیی ئەنجوومەنی باڵای فەتوانی هەرێمی کوردستان زۆرباش و پێویستبوو، چونکە خەڵکانێکی زۆر خانوویان دروستدەکرد یان ئۆتۆمبێلیان دەکڕی یاخود مامەڵەی دیکەیان هەبوو، زۆر زیاتر لەسەریان گران دەبوو. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەکبوو جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین چوار هەزار دیناربوو، بەمەش خەڵکێکی زۆر زەرەرمەندبوون، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازیەکە لە چوار هەزارەوە بۆ 900 دینار کەمیکردووە، دوای چەند ڕۆژێکی دیکە ئەم جیاوازیەش نامێنی. کەیفی خۆشناو داوا دەکات، چارەسەری پارەی دڕاویش بکرێت، بەتایبەتی لە بانکەکان، چونکە بەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت. دوێنێ چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، دەربارەی جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین فەتوایەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: نابێت جیاوازی لە نێوانیان بکرێت، چونکە لە یەک ڕەگەزن و نابێت جیاکاریی لەنێوانیاندا بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەرچەیەکی شەرعی هێناوەتەوە. هەروەها عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لەکاتی گۆڕینەوەی دۆلاری شین بە سپی، وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە بیانووی جیاوازیی جۆرەکەیان، حەرامە." ناوبراو ڕوونی کردەوە، کە لە ڕووی یاساییەوە دۆلاری سپی و شین یەک بەهان و یەک ڕەگەزی دراون؛ بۆیە دەبێت ئاڵوگۆڕەکە دەستبەدەست و بە هەمان بڕ بێت، هەر زیادەیەک لەم نێوەندەدا وەربگیرێت، حەرامە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری پڕچەکی رەوانەی دێرحافر و مەسکانە لە لادێکانی حەلەب کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد؛ قسە دزەپێکراوەکانی ئەحمد شەڕع راگەیاندنی شەڕە دژی کورد و ئەوەشی  لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە روویدا، دەرئەنجامی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بوو. ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوان دەزانن حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری ناردوە بۆ دێر حافر و لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و  چەندین دەستپێشخەریان بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان کردوە و چاوەڕوانی وەڵامن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی ئەمریکا دەرگایەکی فراوانی بۆ حکومەتی کاتی سوریا کردوەتەوە و پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ئەو مەرجانە بکات بۆ هەڵگرتنی سزاکان. ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا:  * حكومەتی دیمەشق هێزێكی زۆرەی رەوانەی (دێرحافر)و (مەسكەنە) كردووە لە ریفی حەلەب.  * لەگەڵ ئەمریكاو توركیا لە پەیوەندیداین و، چەند دەستپێشخەرییەكمان پێشكەشكردووە بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكەو چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكەین.  *قسە دزەپێكراوەكانی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سوریا بەواتای راگەیاندنی جەنگە دژ بە كورد (مەبەستی بڵاوكردنەوەی چاوپێكەوتنەكەیەكی لەگەڵ كەناڵی شەمس) *ئەمریكا بوارێكی گەورەی بە حكومەتی راگوزەری سوریا داوە، دەبێت كۆنگرێس چاودێری مەرجەكانی هەڵگرتنی سزاكان بكات.  *بانگەشەی حكومەتی دیمەشق لەبارەی ئەوەی گوایا ئێمە رێككەوتنی 10ی ئازارمان جێبەجێ نەكردووە، ناڕاستەو لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش ئەوە ئەزانن.  *هەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق لەژێر فشاری ئەمریكاو فەرەنسا بۆسەر حكومەت بەڕێوەچوون، لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەباشی ئەمە ئەزانن.  *حكومەتی دیمەشق پێكهێنانی دەستەی دانوستانەكانی قبوڵ نەكرد.  *حكومەت چەندجارێك پەیوەندی بڕی تاوەكو لایەنی ئەمریكی دەستوەردانی كردو پەیوەندی دروستكردەوە.  *حكومەت خۆی بەسەر سوریادا سەپاندووەو بۆخۆیان دەستورێكیان راگەیاندووەو ئەنجومەنی گەلیان دروستكردووە.  *دەبێت وڵاتانی عەرەبی یارمەتی سوریا بدەن بۆ ئەوەی نەخزێتە ناو شەڕی ناوخۆییەوە.

کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردوودا 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کردووە. جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دوومەی 2026، عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە". جەختیشی کردەوە "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە." ئەلشەتەری ڕوونیکردەوە "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەوە لە 27ی ئەیلوولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل،" ئاماژەی بەوەش کرد "تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیلە." ناوبراو گوتیشی: "سرووشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە." ڕوونیشیکردەوە "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت، و ڕێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە ڕێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبوڵکراودایە بەپێی پێوەر و ڕێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت." 22ى ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان واژۆ کرد؛ ماوەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بوو. دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گوتی "ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ بێت؛ ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا  ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە." شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026)، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە 27ی ئەیلوولی 2025، تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەم، 19 ملیۆن و 594 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای 'سۆمۆ'ـەوە هەناردە کراوە و داهاتەکەی هەمووی چووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی %70 لەلایەن خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.

سری ساکک، پەرلەمانتاری دەمپارتی، لە کۆمەڵێک پەرلەمانتاری ئی پارتی تووڕە دەبێت بەهۆی ئەوەی یەکێکیان سووکایەتی بە کورد دەکات.  

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکانی عێراق بۆ "گەندەڵی و دەستتێوەردانی میلیشیاکان" دەگەڕێتەوە، نەک هەرێمی کوردستان. ئەم وەڵامەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە، لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق میوانداری کرابوو، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ناوبراو "بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتى هەرێم و دوور لە هەموو عورفێکی یاسایی، هۆکاری کەمیی داهاتی دەروازەکانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی هەرێم و ژمارەیەک تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستە کردووە". هۆکارە ڕاستەقینەکانی دابەزینی داهاتی عێراق وەزارەتی دارایی بە چەند خاڵێک وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەگەر داهاتی دەروازەکانی عێراق کەمی کردبێت، هۆکارەکەی بۆ ئەمانە دەگەڕێتەوە: 1-گەندەڵی ئیداری و دارایی و نەبوونی دەسەڵاتی حکوومەت  بەسەر بەشێک لە دەروازەکاندا. 2- دەستتێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچی و سەرۆک هۆزەکان بۆ هێنانەناوەوەی کاڵا بەبێ گومرگ. 3- وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی ڕێکخراو لەژێر ناوی "تەرکیات" بۆ بارهەڵگرەکان. 4-بەرزکردنەوەی لەناکاو و بەرچاوی باج لەسەر کاڵاکان (زیاتر لە 30 هێندە)، کە بووەتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی. تۆمەتی قاچاخچێتی و خاڵە گومرگییە نایاساییەکان سەبارەت بە تۆمەتی هێنانەناوەوەی کاڵای قەدەغەکراو، وەزارەتەکە ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "پێچەوانەکەی ڕاستە، چەندین کاڵا لە هەرێم قەدەغەن کەچی لە دەروازەکانی عێراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە نێو هەرێم". هەروەها وەزارەتی دارایی ڕەخنە لە دانانی خاڵە گومرگییەکانی (ئەلسەد، چیمەن و دارەمان) دەگرێت لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێم و بە "نایاسایی و سەرچاوەی گەندەڵی و بەرتیل" ناویان دەبات، کە بوونەتە هۆی دووجار باج وەرگرتن لە بازرگانان، شتێک کە لە هیچ یاسایەکی دنیادا بوونی نییە. مووچە و نەوت  لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا، وەزارەتی دارایی وەڵامی قسەکانی وائیلی دەداتەوە سەبارەت بە مووچە و نەوتی بەسڕە و دەڵێت: "ناردنی پشکی هەرێم دەستوورییە و خێر نییە، دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکووک و کوردستان دامەزراوە کاتێک نەوتی بەسڕە بوونی نەبوو، بۆیە دەبێت عێراق قەرەبووی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشوو بەرامبەر کورد بکاتەوە نەک (منەت) بەسەردا بکات". وەزارەتەکە وەبیر عێراقی دەهێنێتەوە کە لە شەڕی داعش و سەردەمی کۆرۆنا مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە، لەکاتێکدا "لە کۆی 94 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێم لە 7 ساڵی ڕابردوودا، تەنها 33 ترلیۆن نێردراوە". دزی سەدە و هەڕەشەی یاسایی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی دارایی دەپرسێت: "ئەگەر دابەزینی داهات لە ئەستۆی هەرێمە، ئەی کێ بەرپرسە لە دزی سەدە و دەستکاریکردنی سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی؟". وەزارەتەکە ئامادەیی خۆی بۆ وردبینی و شەفافیەت دووپات دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات کە مافی خۆیانە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر بەرپرسێک بگرنەبەر کە تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی هەرێمی کوردستان بکات.

هاوڵاتی راپرسییەکی نوێی کەناڵی سی ئێن ئێن دەریدەخات، سێ لەسەر چواری خەڵکی ئەمریکا دژی ئەوەن وڵاتەکەیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بدات. بەپێی راپرسییەکە، تەنها یەک لەسەر چواری ئەمریکییەکان پشتگیری ئەوە دەکەن حکومەتی ئەمریکا دەستبەسەر گرینلاندا بگرێت و 75٪ـی دژی ئەو هەنگاوەن. راپرسییەکە بە بەشداری هەزار و 209 کەس لەنێوان 9-12ـی ئەم مانگە ئەنجامدراوە و تێیدا دەرکەوتووە، ئەو بەشداربووانەی سەر بە پارتی کۆمارییەکانن یان مەیلیان بۆ پارتەکە هەیە نیوەیان لەگەڵ بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا نین بۆ دەستبسەرداگرتنی گیرنلاند. دیموکراتەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو دژی هەنگاوەکەن و ٩٤٪ـی لایەنگرانی پارتەکە رەتیدەکەنەوە. لەو کاتەوەی بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ چەندینجار باسی کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاندی کردووە و لەنوێترین لێدوانیشیدا گوتی، "هەر شتێک کەمتر لە کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر گرینلاند قبووڵکراو نییە." ترەمپ هۆکاری دەستبەرداگرتنی گرینلاند بۆ ئەوە دەگەرێنیتەوە کە وڵاتەکە خاوەنی کانزای بەنرخە و سنووری لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەگەر ئەمریکا دەستیبەسەردا نەگرێت، ئەوا رووسیا یان چین کۆنتڕۆڵی دەکەن. تەنانەت راپرسییەکە دەریدەخات ئەمریکییەکان نیگەرانن لە هەوڵی پاوانخوازی ئەمریکا چونکە نزیکەی شەش کەس لە هەر 10 کەسێک پێیانوایە ترەمپ زۆر زیادڕۆیی کردووە لە هەوڵی فراوانبوونی هەژموونی ئەمریکا.  هاوکات، زیاتر لە نیوەی بەشداربووان دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەربازیدا کردووە. نزیکەی 57٪ـی بەشدرابووانیش پێیانوایە سیاسەتەکانی ترەمپ سیمای ئەمریکایان لە سەرانسەری جیهاندا ناشرینکردووە.

هاوڵاتی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار ئەمریکا دەستی بە فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا کرد دوای دەستگیرکردنی نیکولاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. بەپێی هەواڵەکەی سی ئێن ئێن کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دایناوە، واشنتن بە بەهای ٥٠٠ ملیۆن دۆلار یەکەم کاروانی نەوتی ڤەبزوێلای فرۆشتووە. ئەم فرۆشتنە بەشێکە لە گرێبەستێکی فراوانتری نەوتی وڵاتەکە بە بەهای دوو ملیار دۆلار. ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، داهاتی فرۆشتنەکە دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا، کە بە پلەی یەکەم لە قەتەر جێگیرکراون، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارانە و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی . بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا زیاتر ببێت. فرۆشتنی نەوتی ڤەزوێلا هەنگاوێکی بەرچاوە لە بەشداریکردنی نوێی واشنتۆن لە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە. لەئێستادا چەندین کۆمپانیای بازرگانی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای وزە کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە نەوتی خاوی ڤەنزوێلا.  لەو کاتەوەت واشنتن مادوۆری دەستگیرکردووە، دۆناڵد ترەمپ بەروونی رایگەیاندووە پلانی ئەوەیە نەوتی ڤەنزوێلا بفرۆشێت و دەڵێت، پیشەسازی نەوتی ئەمریکا بە بەهای ١٠٠ ملیار وەبەرهێنان لە نەوتی ڤەنزوێلا دەکات.  لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمریکا هیرشیکی بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجامدا و تێیدا نیکۆلاس مادورۆی دەستگیرکرد، دواتر گواستییەوە بۆ نیویۆرک بە چوار تۆمەتی جیاواز دادگایی دەکرێت.

هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' هۆشداری دەدات لەوەی کە پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی زیندانەکانی داعش دروست کردووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دا، بەهۆی ئەم دۆخە ئەمنیی و هێرش و کۆکردنەوەی هێز لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دیمەشقـەوە بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بووە، جموجۆڵی شانەکانی داعش دەستی پێکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "شانە تیرۆریستییەکانی داعش هەوڵ دەدەن ئەم ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییانە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو زیندانانەی کە چەکدارەکانیانی تێدایە." سەبارەت بە دۆخی ئێستای زیندانەکان، هەسەدە دڵنیایی داوە کە هێزەکانیان لە ئامادەباشی و وریایی تەواودان و سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر، جەختیشیان کردووەتەوە،"ئێستا زیندانەکان ئارامن و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواودان و ڕێگە بە هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی نادرێت." لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە هۆشدارییەکی توندی داوە لەوەی کە بەردەوامی ئەم گرژییە سەربازییانە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری گشتی و دروستبوونی مەترسی ڕاستەقینە لەسەر زیندانەکان، ئەمەش هەڕەشەی گەڕانەوەی ناوچەکە دەکات بۆ خاڵی سفر دوای ساڵانێک لە قوربانیدان بۆ لەناوبردنی تیرۆر.

هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا ئەمڕۆ لەلێدوانێکیدا وتى: •  بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. •هیوادارین ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەر بكرێن و دژی هەر چارەسەرێكی سەربازین.  •بەردەوام دەبین لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان لەبارەی ئێران و ئەولەویەت دورخستنەوەی تێكچوونی سەقامگیرییە. •هەسەدە بووە بە بەربەست لەبەردەم سەقامگیری و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی.  •هێزەكانی (هەسەدە) لە سوریا دەبێت نیازپاكی نیشان بدەن و لە بازنەی توندوتیژی بچنە دەرەوە.  •چەمكی هاوڵاتیبوونی دەستوریی سەقامگیریی لە سوریا بەهێز دەكات. 🔹دەبێت (هەسەدە) رێككەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بكات و خۆی نەدزێتەوە.

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2026/1/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمه‌ڵه‌ى ئامه‌دسپۆر كرد. له‌ ديدارێكدا ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئامه‌دسپۆر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌يان بۆ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵه‌كه‌يانه‌ له‌گەڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى بوارى وه‌رزش و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كيان له‌سه‌ر مێژووى دامه‌زراندن و كار و چالاكييه‌كانى ئامه‌دسپۆر و په‌يامى كۆمه‌ڵه‌كه‌يان خسته‌ ڕوو كه‌ په‌يامى ئاشتى و برايه‌تييه‌. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ستخۆشیى له‌ ئامه‌دسپۆر كرد و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى كار و چالاكييه‌كانيان نيشان دا. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگيى وه‌رزش كرده‌وه‌ وه‌ك كه‌ناڵێك بۆ گه‌ياندنى په‌يامى ئاشتى و برايه‌تى و كاركردن له‌پێناو پێشخستنى گيانى وه‌رزشى و هاوكارى و پره‌نسيپه‌ مرۆييیه‌كاندا.

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڤا ئاشکرای کرد لە ساڵی ڕابردوودا 22 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەکراوە و ڕۆژانە 250 بۆ 270 هەزار بەرمیل ڕەوانە دەکرێت، لەو ڕێژەیە 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەکاربردنی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی کوردستان بە وەکالەت، بە ئاڤای ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ مانگی سێی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە و لە ماوەی ڕابردوو و ئیستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی ڕێککەوتنەکە بووە، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی عێراق، پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە، ئەمەش وایکردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لەمەودوا لە حکومەتی فیدڕاڵ بوودجە بنێرێت نەک مووچە، ئەو مووچەیەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت 58%ـی  داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستانە.

دەمەقاڵێیەکی تووندی پەروین بوڵدان و پەرلەمانتارانی ئی پارتی، بزانە پەروین بوڵدان چۆن لێیان تووڕە دەبێت دوای ئەوەی یەکێکیان بێڕیزی بە کورد و کوردستان کرد.     

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنچ شەممە    15-01-2026 کەش /  ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە لە ناوچە سنورییەکان ئەگەری بارینی کەمێک بەفر بارین هەیە .  خێراى با / لەسەرخۆ  ( 5– 10 ) کم/ک.  ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژئاوا دەبێت  مەوداى بینین / ( 8  – 10 )کم دەبێت  پلەکانی گەرما /  نزیک دەبێتەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ  هەولێر : 8 پلەی سیلیزی  پیرمام : 3 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 5  پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 6  پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 5 پلەی سیلیزی  دهۆک :  7 پلەی سیلیزی زاخۆ : 7 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 6 پلەی سیلیزی سبەى هەینی  ‌ 16-01-2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ  ( 5– 10 ) کم/ک.  ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژئاوا دەبێت  پلەکانی گەرما/ نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ مەوداى بینین / لە نێوان 8 – 10 کم.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 9 پلەی سیلیزی پیرمام : 3 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی   حاجی ئۆمەران : 0 پلەی سیلیزی سلێمانی : 6 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 5 پلەی سیلیزی دهۆک : 7 پلەی سیلیزی زاخۆ: 8  پلەی سیلیزی ئاکرێ: 7 پلەی سیلیزی

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: دۆخەكە زۆر سەخت و مەترسیدارە، تائێستا هەموو بەڵێنانەی شام بە كۆمەڵگەی  نێودەڵەتی و ئەو شاندانەی داوە سەردان دەكەن، تەنها لە چوارچێوەی بەڵێندا ماوەتەوە، ئەوەی دەیكەن پێچەوانەی بەڵێنەكانیانەو كۆمەڵگەی خۆیان قڕ دەكەن. ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێكدا دەڵێت: تەنها لە خێزانەكەی من لە شێخ مەقسود (7) كەس گیانی لە دەستداوە، كە لەناو پاسێكدا بوون و درۆنێك لێیداون و گیانیان لەدەستداوە، ماڵی خەڵكی تاڵان دەكەن، جیهان بێدەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژنە شەڕڤانەكان دەكرێت كە جیهان قەرزاری ئەوانە.  ئاماژە بەوەشدەكات: جیهان تائێستا هەڵوێستێكی روونی بەرامبەر ئەو داعشانەو بەرامبەر ئەو تاوانانەى ئەنجامدەدرێن، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵوێستێكی توندیان بەرامبەر نەگیرێتەبەر ئەو شەڕ بۆ دەرەوە پەلدەكێشێت، جارێكی بیری توندڕەوی پەلدەكێشێتەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە.

بە پێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران تا ئێستا (48) هاوڵاتی كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون.   " گوڵاڵە مەحموودی ئازەر لە مەهاباد، زارا مورادی و سیاوەش شێرزاد هەردووکیان لە بۆکان، عرفان عەلیزادە لە لۆماری شاری سیروان و عەلی عەباسی لە گێەلان"  پێنج هاووڵاتیی کورد لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە کوژراون. لەگەڵ ئەمانەدا، هەنگاو هەتا ئێستا توانیویە ناسنامەی ١٢ هاووڵاتیی کورد بریتین لە سێ ژن کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران کوژراون. - گوڵاڵە (مریەم) مەحموودی ئازەر، هاووڵاتیی ٢٦ ساڵەی کورد و خەڵکی مەهاباد کە لەگەڵ هاوژینەکەی کە خەڵکی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشانە لە تاران نیشتەجێ بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و تەرمی ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ مەهاباد لە کەشێکی تەواو ئەمنیی و لە بێدەنگی زۆرەملێ بە خاک ئەسپێردرا، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە ناوی “ڕۆژین” کە خوشکی گوڵاڵەیە وەک گیان بەختکراو بە هەڵە بڵاو کراوەتەوە. - زارا مورادی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی حەسار سەر بە بۆکان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تارانسەر لە ڕۆژئاوای تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ لای سەر و سینگی کوژراوە. زارا لە تاران سەرقاڵی کار ئارایشگەری بووە، بە پێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هەنگاو، خاڵۆ و خاڵۆزای زارا هاوکات لەگەڵ زارا بە تەقەت چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار بوونە. ناوبراو خێزاندارە بووە و بەم تازەییانە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو. - سیاوەش شێرزاد هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و کورد و خەڵکی بۆکان، هاووڵاتییەکی دیکەیە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و پاش دانەوە تەرمەکەی بە بنەماڵەکەیەوە بە هۆی گوشارە ئەمنییەکان و بە زۆرەملێ ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنەکەی ناوبراو لە گوندی تازە قەڵا لە بۆکان بەڕێوە چووە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. - عرفان عەلیزادە هاووڵاتیی کوردی ٢٤ ساڵەی خەڵکی لۆمار سەر بە شاری سیروانی پارێزگای ئیلام لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شاری وەرامین لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای تاران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە. - عەلی عەباسی هاووڵاتیی کورد و ١٨ ساڵە خەڵکی گێەلان سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە تاران سەرقاڵی کار بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان لەم شارە کوژراوە، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە فیشەکە جەنگییەکان لای ڕاسی لاپاڵ و گورچیلەی ناوبراوی پێکاوە و پاش گواستنەوەی عەلی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی چەند کاتژمێر گیانی خۆی لە دەست داوە. هەنگاو وەری گرتووە، تەرمی ئەم پێنج هاووڵاتییە پاش گەڕانی بنەماڵەکانیان لە نێوان سەدان تەرم لە ساردخانەکانی تاران وەرگیراونەتەوە. بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانی کەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کوژراون کە ١٢ کەس لەوان واتا ٢٥٪ی تەواویی هاووڵاتییانی کوردی گیانبەختکراو لە تاران کوژراون.