ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: گرووپە چەکدارە جوداخوازە کوردییەکان هەوڵیانداوە لە عێراقەوە سنور ببەزێنن بۆ ناو ئێران، لە ئاماژەیەكدا بۆ هەوڵی لایەنە بیانیەكان كە رەنگە بە دوای قۆستنەوەی  ناڕەزایەتییەکانی ئێراندابن، ئەوەش دواى چەند ڕۆژێک لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەكان دژی تاران. ئەو سێ سەرچاوەیه كە لەنێویاندا بەرپرسێکی باڵای ئێرانی هەیە،  رایانگەیاندووه: دەزگای هەواڵگری تورکیا له چەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێرانی لەبارەی ئەو سنور بەزاندنه لەلایەن چەکداره کوردەكانەوە ئاگادار کردووەتەوه . بەرپرسەكەی  ئێران وتویەتی: روبەڕوبونەوەی چەكداری لەنێوان سوپای پاسداران و چەکداره کوردەكان روویداوە، كە بەوتەی ئەو هەوڵ دەدەن نا ئارامی دروست بکەن و ناڕەزایەتییەکان بقۆزنەوه. سوپای پاسداران هێزێکی دەستەبژێرە کە شەپۆلەکانی پێشوی نائارامییەکانی ئێرانی سەرکوت کردووە. رێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەدا، هەروەها سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاش لە ئەنكەرە هیچ لێدوانێکی نەدا، تورکیا کە چەکدارە کوردەکان لە باکووری عێراق بە تیرۆریست دەزانێ، لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداری دا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە ئێران قەیرانەکانی ناوچەکە بەرەو هەڵکشان دەبات. ئەو بەرپرسه ئێرانییه رایگەیاندووە: ئەو چەکدارانه له عێراق و تورکیاوه رەوانه کراون، تاران داوای لەو وڵاتانه کردووه رێگە لە هاتنی چەكداران و چەك بۆ ئێران بگرن. گروپێكی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، لە هەڵمەتەكانی سەركوتكردنی  چەند رۆژی رابردووی ئێران دوو هەزارو 600 کەس کوژراون، کە لەلایەن ئەمریکاوە هاندەدرێن و هەڕەشەی دەستوەردانیش دەكات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریک دۆڕێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد؛ نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رەوشی سووریا گوتی، "هەرێمی کوردستان هەموو پشتگیرییەک لە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سووریا دەکات".  کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بوو، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاند دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هیوایان خواست رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وادەی یاسایی خۆیاندا بەڕێوەبچن و حکومەتێک پێکبێت کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان و ئاڵنگارییەکان بێت. هەروەها جەختیان لە گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە. نێچیرڤان بارزانی و پاتریک دۆڕێل نیگەرانییان دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دەربڕی و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و رێگە دیپلۆماسییەکان. دووپاتیان کردەوە کە گرژییەکان و رووبەڕووبوونه‌وه‌ی سەربازی، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن. سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پشتگیرییەک لە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سووریا دەکات. نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هەر لە سەرەتای رووداوەکانی حەلەبەوە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە هەوڵدا بووین بۆ راگرتنی شەڕ و پاراستنی سەقامگیری، لە هەوڵەکانمان بۆ هێورکردنەوە بەردەوامین." لای خۆیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی لەپێناو ئارامی و سەقامگیریدان کرد. پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و دەوڵەتی تورکیا کرد و رایگەیاند، هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان، وەڵامێکی تووندی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە. رۆژی چوارشەممە 14-01-2026 گرام لە پەیامێکدا لە ئێکس، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سیناتۆر ریش (سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران) دەربڕی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا. گرام ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی نوێی سووریا ئاگادار دەکەینەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی کەمینەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت." ئەم سیناتۆرە باڵایەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، راپۆرتی باوەڕپێکراوی پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی سوپای سووریا و تورکیا رەنگە بەرەو پێشڕەویی زیاتر بچن دژی هاوپەیمانە کوردەکان. گرام گوتی: "پێموایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکان." گرام جەختی کردەوە، هەرچەندە پشتگیری لە پێدانی دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا دەکات، بەڵام "قبووڵی هیچ هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان ناکات." ئەو وەک "هێزی سەرەکی لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش" وەسفی کوردەکانی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، کوردەکان لە ساڵانی رابردوودا "پەیوەندییەکی توکمەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە." لینزی گرام پەیامەکەی بە هۆشدارییەکی روون بۆ دیمەشق و ئەنقەرە کۆتایی پێهێنا و نووسی: "ژیرانە بژاردەکانتان هەڵبژێرن." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شاری حەلەب لە هەفتەی رابردوودا شاهیدی پێکدادانی خوێناوی بوو لە نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون. لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن دیمەشق و کورد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە ناو حکومەتی نوێدا، بەڵام پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، نیگەرانییەکانی لە واشنتن زیاتر کردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین، لەلایەن چەکدارانی دیمەشق و بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بۆردومان دەکرێت، ئەمەش مەترسییەکی زۆری لەسەر ئاسایشی مەدەنی و دامەزراوە گرنگەکانی ناوچەکە دروستکردووە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەكدا: 🔹لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەکانی دێرحافرو مەسکەنەو بەنداوی تشرین هەڵکشانی سەربازيی بەردەوام بەخۆوە دەبینن. 🔹دوژمنكارییەكی چڕ لەلایەن گروپەكانی سەر بە دیمەشقەوە هاوشانی هەڵکشانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوامە. 🔹لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، گروپەكانی دیمەشق چەندین جار هێرشیان کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تیشرین و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و تۆپخانە و هاوەن. 🔹ژمارەی هێرشەکان 12 كردنە ئامانجی تێپەڕاندووە، گوندەکانی ئەلمەحشیەو شێخ حەسەن و گوندی قشلە کردووەتە ئامانج، تۆپبارانی دەوروبەری بەنداوەکەش تا کاتی بڵاوبونەوەی ئەم راپۆرتە بەردەوامە. 🔹گروپەکانی سەر بە دیمەشق بە ئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانيان لە شارۆچکەی دێرحافر چڕكردووەتەوە.  🔹بارەگای پۆستەخانەی دێرحافر بە تۆپخانەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆردومان کرا. 🔹فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی نانەواخانەی دێرحافری کردە ئامانج و کارەکانی پەکخست و مەترسی راستەوخۆی بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی دانیشتووان دروستکرد. 🔹هێزەکانمان هەوڵێکی دزەکردنیان لە لایەن گروپەكانی سەربە دیمەشق لەمیحوەری گوندی زوبەیدە لە گوندەواری باشوری دێرحەفەر بەرپەرچ دایەوە.  🔹هەوڵەکە شکستی هێنا و هێرشبەرەکان ناچاربوون هەڵبێن، سەرەڕای ئەوەی بە پشتیوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەکارهێنانی دۆشکەدا ئەنجامدرا. 🔹هاوتەریب ناوچەکە شایەتی چالاکیی چڕو پڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بایراکتەری تورکیا بوو.  🔹فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا پێگەیەکی سەربازیی سەر بە هێزەکانمانی لە شاری مەسکەنە کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.  🔹ئەمە دووەم هێرشی لەو جۆرە بوو لەو رۆژەدا، پێگەیەکی دیکەش گوندی ئەلبوعاسی، لە گوندەواری تەبقە، کرایە ئامانج. 🔹فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە کردنە ئامانجی شاری مەسکەنە بۆ چوارەم جار لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵکشانەكانەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ زیادبوونی خێرایی هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا.

لە ١٨ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران تا ئێستا سەلمێندراوە ٢ هەزار کەس کوژراوە و زیاد لە هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون. هەندێک ئامار باس لە کوژرانی ١٢ هەزار کەس دەکات. لە ١٨ـەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، لە ٦١٤ ناوچە و لە ١٨٧ شار لە ٣١ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان پەرەی سەندووە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ زانکۆ هاتوونەتە پاڵ خۆپیشاندانەکان و زانکۆکان بوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان. هاوکات، لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ٩٧ خۆپیشاندەر بڵاوکرایەوە، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن. سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە شارەکان تەنها بە شەقامەکان سنووردار نەبوو، بەڵکوو ژمارەیەک هاووڵاتیی بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کراون. بڕینی هێڵی ئینتەرنێت حەوت ڕۆژی تێپەڕاند و جگە لە ئینتەرنێتی جێگیر و مۆبایل، پەیوەندی تەلەفۆنی و ئامرازەکانی تری پەیوەندیش پچڕاون، سەرەڕای ئەوەش بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆ و زانیاری پەیوەست بە تەرمی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان و بریندارەکان بە دەستی دەسەڵاتی ئێران  لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە. بەپێی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەریدەخەن ئەو خێزانانەی تەرمی ئەو کەسانەیان وەرگرتووەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون ولە شوێنی ناشتنەکە کۆبوونەتەوە و درووشمی ناڕەزاییەتی دەڵێنەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران لە هێرشکردنەکانیان بۆ سەر نەخۆشخانەکان بەردەوامە بە مەبەستی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران بە برینداریی. هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنییان لەسەرجەم زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا گرتووەتەبەر، زانراوە لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکاندا، دەوڵەت سەرجەم ئامێر و ڕێگەکانی پەیوەندیگرتنی لە زیندانەکاندا داخستووە. هەروەها لە زیندانی کرماشان ئیدارەی زیندانەکە لە دژی بەرخۆدانی زیندانیان وەستاوەتەوە، کە وەک پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکان دەریان بڕیووە. ئاماری دەستبەسەرکردن و کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ماوەی ١٨ڕۆژی خۆپیشاندانەکان، ١٨هەزار و ٤٣٤ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و دوو هەزار و ٤٠٣ خۆپیشاندەر کوژراون، کە لەو ژمارەیە ١٢ کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدان، هەروەها نۆ کەس لە هاوڵاتییانی مەدەنی و ١٤٧ کەسیش لە هێزی سەربازی و پۆلیس و داواکارێکی گشتی کوژراون، هەروەها هەزار و ١٣٤ خۆپیشاندەریش بریندار بوون. لەنێو دەستبەسەرکراوەکاندا، زیاتر لە ١٦٧ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و ٤٨ خوێندکاری زانکۆ تۆمار کراون. ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان؛ ١٢ هەزار کوژراو کەناڵی سی بی ئێس نیوز ڕایگەیاند کە سەرچاوەیەک لە ناوخۆی ئێرانەوە پێی ڕاگەیاندوون ئەو گرووپانەی لە بواری تۆمارکردنی قوربانییەکاندا کار دەکەن، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوەندە تەندروستییەکان و پزیشکی دادوەری لە سەرتاسەری وڵات پێیان گەیشتووە، ژمارەی کوژراوەکان بە لانیکەم ۱۲ هەزار کەس دەخەمڵێنن. گوتاری ئێران و ئەمریکا؛ پشتیوانی و دژایەتی دوێنێ وناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: نیشتمانپەروەرانی ئێران، بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و دەست بەسەر دامەزراوەکانتاندا بگرن، ناوی بکوژان و دەستدرێژیکاران بزانن، چونکە باجێکی قورس دەدەن، من هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران هەڵوەشاندەوە تا ئەو کاتەی کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران دەوەستێت. لای خۆیەوە عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپدا وتی: "یەکەم ترەمپ و دووەم نەتانیاهۆ لە سەرووی لیستی ئەو کەسانەن کە دەوڵەتی ئێران بە بکوژی خەڵکیان دادەنێت."

دوای ئەوەی سوپای عەرەبیی سووریا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر دێر حافر کرد، بەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی پشتیوانیی بە چەکی قورسەوە بەرەو سنوورەکە جووڵاند ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی سووریا (سانا) رایگەیاند، "سوپای عەرەبیی سووریا هێزی پشتیوانیی سەربازی لە پارێزگای لازقییەوە بەرەو بەرەی دێر حافیر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب رەوانە دەکات." ئاژانسی سانا، وێنەی هێزەکەی بڵاوکردووەتەوە کە لە دەیان سەرباز و چەندین ئۆتۆمبێل پێکهاتووە کە چەکی جۆری دۆشکەیان لەسەرە. رۆژی سێشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ناوچەیەکی فراوانی لە باشووری رۆژهەڵاتی حەلەب وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێنەوە. ناوچەکە لە دێرحافرەوە دەستپێدەکات تاوەکو قەواسە و مەسکەنە لە کەناری رۆژئاوای فورات. دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە راگەیێندراوەکەدا کە لە میدیای فەرمیی سووریا بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "هەسەدە بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزەکانی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و پاشماوەکانی رژێمی پێشوو لەو ناوچەیە."   بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو ناوچەیە بووەتە سەرچاوەی هەڵدانی "درۆنە بۆمبڕێژکراوە ئێرانییەکان" کە شاری حەلەبیان کردووەتە ئامانج.  سوپاکە داوا لە خەڵکی سڤیل دەکات لە پێگەکانی هەسەدە لەو ناوچەیە دووربکەونەوە. هەروەها دەڵێت، پێویستە "سەرجەم گرووپە چەکدارەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بکشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات." دەشڵێت: "سوپای عەرەبی سووریا تەواوی رێکارە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپانە لەوەی ناوچەکە بۆ هێرشکردن بەکاربهێنن." بەگوێرەی نەخشە بڵاوکراوەکە، ناوچە قەدەخەکراوەکە دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری فورات و باشووری منبج، هەریەک لە شارۆچکەکانی دێر حافر، مەسکەنە و گوندەکانی دەوروبەری تاوەکو کەناری دەریاچەی ئەسەد دەگرێتەوە.

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ چوارشەممە و پێنجشەممەی بڵاو کردەوە و ئەگەری بەفر و باران بارین هەیەو لە ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتای دێت و لە شەودا ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە. . ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی کانوومی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینی کەشوهەوای 48 کاژێری داهاتووی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە؛ کاریگەری شەپۆڵی باران بارین و بەفر بارین لەسەر ناوچە جیا جیاکانی هەرێم بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی دوای نیوەرۆ، نمە باران لەسەر ناوچەی جیا جیا دەبێت و ئەگەری بەفر بارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک هەیە بە تێکەڵی لەگەڵ باران." پیشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ چوارشەممە: خێراى با: لەسەرخۆ ( 5– 15 ) کم/ک.  ئاراستەی با: باشوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین: (7 – 9 )کم دەبێت  پلەکانی گەرما: نزم دەبێتەوە بە (3 - 5) پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ  بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینی کراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی؛ هەولێر : 8 پلەی سیلیزی  پیرمام : 4 پلەی سیلیزی سۆران : 2 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 1- پلەی سیلیزی  سلێمانی : 6  پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 7  پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 6 پلەی سیلیزی  دهۆک : 6 پلەی سیلیزی زاخۆ : 6 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 6 پلەی سیلیزی بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، سبەى پێنچ شەممە ‌15ی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتەکانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ نمە بارانێکی کەم لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و لە ناوچە سنووریەکان بەفرێکی کەم دەبێت، لە دوای نیوەرۆ ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆرێت. پیشبینی کەشوهەوای ڕۆژی پێنجشەممە: خێراى با: لەسەرخۆ ( 10 –5 ) کم/ک . ئاراستەی با: باشوورى ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما: نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ مەوداى بینین: 7– 8 کم.  بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینی کراوی سبەی بە پلەی سیلیزی؛ هەولێر : 8 پلەی سیلیزی پیرمام : 5 پلەی سیلیزی سۆران : 2 پلەی سیلیزی   حاجی ئۆمەران : 0 پلەی سیلیزی سلێمانی : 6 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 6 پلەی سیلیزی دهۆک : 6 پلەی سیلیزی زاخۆ: 6  پلەی سیلیزی ئاکرێ: 6 پلەی سیلیزی

پرۆسەی وردبینیکردنی کردن لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق لە پەرلەمان گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو ناو کاندیدە پەسەندکراوەکان بڵاودەکاتەوە. کێبڕکێی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆککۆمار لە قۆناغەکانی کۆتاییە، بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، لە کۆی 81 کاندید تا ئێستا 23 کاندید ماون، تەنیا نۆیان کوردن. سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پەرلەمانی عێراق، بە ئاڤا میدیای وت: "پرۆسەی وردبینکردنی ناوی کاندیدانی سەرۆککۆمار لەلایەنە پەیوەندارەکان گەڕاوەتەوە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و لە کۆی 81 کاندید 23 کاندید ماون کە 12یان جێگرکراون." ٠ نۆ کورد و 11 کاندیدی  دیکە، لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت، بەشێک لەم 11ـیە کوردن، ئێستا پەرلەمان عێراق، چاوەڕێی گەڕانەوەی بڕوانامەکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات. ئەو نۆ کاندیدە کوردەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە، ئەمانەن: ٠ نەوزاد هادی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.  ٠ فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان. ٠ نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ٠ لەتیف ڕەشید، سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان. ٠ موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. ٠ سەردار عەبدوڵڵا، سەربەخۆ. ٠ شوان داوودی، سەربەخۆ. ٠ عەبدوڵڵا عالیەوایی، سەربەخۆ. ٠ حوسێن تەها حەسەن سنجاری، سەربەخۆ.  دوورخستنەوەی کاندیدەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە وەکو؛ نەبوونی ئەزموونی سیاسی، دەستپاکی و نەبوونی بڕوانامە، هاوکات بەشێکیان بەر ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کەوتوون کە پەیوەستە بە ڕیشەكێشكردنی بەرپرس و ئەندامانی حیزبی بەعس. تەواوی پرۆسەی وردبینیکردن لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانەوە تەواو دەکرێن، دواتر بە فەرمی ناوی کاندیدەکان ڕادەگەیێنرێت، کاندیدە دوورخراوەکانیش ماوەی سێ ڕۆژیان لە بەردەمە بۆ ئەوەی لە دادگای فیدراڵ سکاڵا تۆمار بکەن. دادگا، لە ماوەی سێ ڕۆژ وەڵامی سکاڵاکان دەداتەوە، دواتر پەرلەمانیش لە ماوەی سێ ڕۆژ لیستی کۆتایی کاندیدە پەسەند کراوەکان ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، پێویستە لە 29 مانگ هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بکرێت و پڕۆسەکە کۆتایی بێت، ئینجا پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکوەزیران عێراق دەست پێ دەکات. 

ئەمیر موسەوی، دیپلۆماتكارو شرۆڤەكاری ئێران دەڵێت: چاوەڕوان دەكەین ئەمریكا گورزی سەربازی لە دامەزراوە نەتەوتیەكان لە باشوری ئێران و فرۆكەخانەكان بوەشێنێت لەگەڵ  وەشاندنی گورز لە كارخانەی دروستكردنی موشەك، ئامانجی یەكەمیش لە ناوبردنی ئیمام خامنەئییە. موسەوی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "رەشید" ئاماژەی بەوەكرد: وێستگەكانی كارەباش دەبنە ئامانج هێرشەكانی ئەمریكا، تەنانەت ئەگەری گەورە هەیە ئەمریكا گورزی ئەتۆمی لە ئێران بوەشێنێت. قسەكانی ئەو دیپلۆماتكاری ئێرانیە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكل لە دویان هەڕەشەیدا لە ئێران وتی: دۆئەگەر تاران دەست بکات بە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران، ئەمریکا کردەوەی زۆر بەهێزی دەبێت.  ترەمپ چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" رایگەیاند: واشنتن بێدەنگ نابێت ئەگەر ئێران پەنا بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ ببات. وتیشی: کاتێک ئەوان دەست دەکەن بە کوشتنی هەزاران کەس و ئێستا باسی لەسێدارەدانم بۆ دەکەن، دەبینین دەرەنجامەکەی بۆ ئەوان چۆن دەبێت، من هەموو کۆبونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران رادەگیرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا داوای 7 مووچەی نەدراوی فەرمانبەرانی و بودجەی ئەم ساڵیش لە عێراق بکات؛ هاوکات رێژەی 14٪ بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکرێتە بنەما. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و ژمارەیەک بڕیاری دا؛ کە وێنەیەکی سەنگەر عەبدولڕەحمان، بێژەری نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، دانەوەی 7 مووچەی نەدراوی ساڵانی رابردوو، بودجە بۆ یەک ساڵ و رێژەی 14٪ بکرێتە بنەما بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا. هاوکات لە بڕیارەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە، کە گفتوگۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە دەبێت نەک مووچە؛ جگە لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەشەبودجەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیش بکرێت. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەوەیشی داوە کە داوا لە عێراق بکات، لە بودجەی ساڵی 2026دا، مافی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن دیاری بکرێت؛ رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوت لە دوای مانگی 3 درێژ بکرێتەوە. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی زیادکردنی داهاتی وەزارەتەکان کرا؛ هاوکات وەزارەتەکان راپۆرت لەسەر داهاتیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەی ساڵی 2026 بچێتە بەغدا.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەلەب هاتە دەنگ و داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی وڵاتەکە، دانبەخۆدابگرن و لەبری توندوتیژی، بە نیازپاکییەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە بارەی دۆخی حەلەب ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە نزیکەوەی چاودێری پەرەسەندنەکانی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەین. دەشڵێت: داوا لە هەموو لایەنێک دەکەین خۆیان لە هەر کردەوەیەکی توندوتیژ کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر بە دوور بگرن و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانە گرنگەکان بکە کاری هەرە لە پێشینەیان. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەردەوام داوا لە لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکەین بە نیازێکی باش بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگەیەوە بگەنە ڕێگەچارەسەرێکی دیپلۆماسی. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دووپاتیشی دەکاتەوە، بوونی سووریایەک ئاشتی بۆ خۆی و دراوسێکانی، دەبێتە هۆی فەراهەمبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر و ئاوەدانتر. جەختیشی دەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سووریا بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی سەرانسەری ناوچەکەدا هەیە.

ئیلی ناكوزی، بەڕێوەبەری كەناڵی شەمس لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی ئەحمەد شەرع: بەرپرسێکی باڵای پارتی پەیوەندی پێوەکردم گوتی، 'سەرۆکی سوریا دەیەوێت چاوپێکەوتنێکتان لەگەڵ بکات' ئێمەش رازی بووین، بەڵام لە کاتی چاوپێکەوتنەکە قسەکانی زۆر توندبوو لەبارەی هەسەدەوە بە جۆرێک گوتی، هیچ هێزێک لە دەرەوەی سوپای سوریا قبوڵ ناکەن' ناكوزی گوتیشی، زۆرم هەوڵدا قسەیەکی نەرمی لەبارەی کوردە لێوەبگرم، بەڵام ئەو هەموو قسەکانی تووند بوو. لەبارەی پەخشکردنی چاوپێکەوتنەکەش گوتی، لەبەر تووندی قسەکان پەخشناکرێت. ئیلی ناكوزی، بەڕێوەبەری كەناڵی "شەمس" كە لە هەولێر بەزمانی عەرەبی پەخشی خۆی دەكات دەڵێت: ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لە چاوپێككەوتنەكەیدا لەگەڵم بەشێوەیەكی زۆر توند هێرشی كردە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات گەیشتە ئەو رادەیەی پێمگوت قسەكانت یەكسانە بە شەڕ. ئاماژە بەوەشدەكات: هیچ پەیامێکی هێوكردنەوەی توندوتیژیم لێی نەبیست وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بۆیە ئێمە ناتوانین ببینە بڵندگۆیەك بۆ ئاڕاستەكردنی تونتیژی دژی كەس. ئیلی ناكوزی، لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵەكەی سەبارەت بە هۆكاری پەخش نەكردنەكەی لەگەڵ شەرع، وتی: بەرپرسێكی باڵای پارتی پەیوەندی پێوەكردم و تی، سەرۆكی سوریا دەیەوێت چاوپێكەوتن لەگەڵ كەنالێكی كوردی بكات بۆ هێوكردنەوەی دۆخەكە، بەوپێیەی هەست دەكات كە ئاستی رق و كینە لەنێوان عەرەب و كورد لە ئاستێكی مەترسیداردایە. راشیگەیاند: شەرع لە دیدارەكەدا تا دەهات توندتر دەبوو بەرامبەر هەسەدە، بۆیە پرسیاری ئەوەم لا دروستبوو كامەیە پەیامی هێوركردنەوە كە دەیەوێت ئاڕاستەی كوردی بكات، زۆرم هەوڵدا پەیامێكی نەرمی لێوەربگرم بۆ هێوكردنەوە بەڵام سودی نەبوو، بەشێوازێكی زیرەكانە هاوسۆزی بۆ كورد دەردەبڕی بەڵام بەتوندی هێرشی دەكردە سەر هەسەدە. قسەكانی وەك ئاگاداركردنەوەی كۆتایی وابوو، بە ئاشكرا وتی: هیچ هێزێكی چەكدار قبوڵناكەم و سوریا دەبێت دەوڵەتێكی یەكگرتوو بێت.

لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو ئەمە وتەى سەربازێکى وڵاتى  ڤەنزوێلایەو باسى شەوى ئەو هێرشەدەکات کە ئەمریکا کردیە سەر وڵاتەکەى. سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گێڕانەوەی شایەتحاڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزێلا، هێزەکانی ئەمریکا "چەکێکی نهێنیی بەهێزیان" بەکارهێناوە کە سەربازانی بەچۆکداداوە و خوێن لە دەم و لووتیان هاتووە.   بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە کە کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانێکی ڤەنزوێلی وردەکاریی هێرشەکەی خستووەتەڕوو.   پاسەوانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بێ ئەوەی یەک سەربازیشیان لێ بکوژرێت، سەتان سەربازی لایەنی بەرامبەریان کوشتووە و تەکنەلۆژیایەکیان بەکارهێناوە کە وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ئەرکدا بووین، لەناکاو سیستمی رادارەکان هەموویان بێ هیچ روونکردنەوەیەک لەکارکەوتن. دواتر ژمارەیەکی زۆر درۆنمان بینی بەسەر سەنگەرەکانماندا دەفڕین و نەماندەزانی چی بکەین."   بە گوتەی پاسەوانەکە، دواتر تەنیا نزیکەی 20 سەربازی ئەمریکی بە هەشت هەلیکۆپتەر دابەزینە خوارەوە، بەڵام چەکی زۆر بەهێزیان پێبووە. ئەو دەڵێت: "شەڕ نەبوو، بەڵکو کوشتارگە بوو. ئێمە سەتان کەس بووین بەڵام هیچ دەرفەتێکی رزگاربوونمان نەبوو، ئەوان بە وردی و خێراییەکی زۆر تەقەیان دەکرد."   چەکە نهێنییەکە چی بوو؟   سەبارەت بەو چەکەی کە "ترسێکی گەورەی" دروستکردووە، پاسەوانەکە دەڵێت: "لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو. هەستم دەکرد سەرم لە نێوەوە دەتەقێتەوە."   کاریگەریی چەکەکە خێرا و ترسناک بووە: "هەموومان لووتمان تووشی خوێنبەربوون بوو، هەندێک رشانەوەیان بوو بە خوێن. کەوتینە سەر زەوی و نەماندەتوانی بجوڵێین. تەنانەت دوای وەستانی شەپۆلە دەنگییەکەش نەماندەتوانی هەستینەوە."   لێڤیت پۆستەکەی بە کۆمێنتی "دەست لە کارەکەت هەڵگرە و ئەمە بخوێنەرەوە" بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی راستەوخۆ وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە کە ئایا ئەم چیرۆکە پشتڕاست دەکەنەوە یان نا.   بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ڤەنزوێلا، لە هێرشەکەی 3ـی کانوونی دووەمدا نزیکەی 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام روون نییە چەندیان بەو چەکە نهێنییە بانگەشەکراوە گیانیان لەدەستداوە.   سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ساڵانێکە خاوەنی "چەکی وزەی ئاراستەکراو"ـە وەک مایکرۆوەیڤ یان لەیزەر بۆ لەجووڵەخستنی ئامانجەکان، بەڵام رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت لە شەڕدا بەکاربهێنرێت.   سەرچاوەکە دەڵێت خوێنبەربوون، ئازار، سووتانەوە و لەکارکەوتنی جەستە بەشێکن لە نیشانەکانی کاریگەریی ئەو چەکانە و "دەیان ساڵە وەشانی جیاوازی ئەو چەکانەمان هەیە."   پاسەوانە ڤەنزوێلییە رزگاربووەکە هۆشداری دەدات: "ئەمە پەیامێکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت شەڕی ئەمریکا بکات. ئەوان نازانن ئەمریکا توانای چی هەیە. دوای ئەوەی بینیم، قەت نامەوێت جارێکی دیکە لە بەرەی دژی ئەوان بم."   پاسەوانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رووداوە و هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتی مەکسیکیش "لە لیستەکەدایە"، ترسێکی گەورەی لە ئەمریکای لاتین دروستکردووە و "ئەوەی لێرە روویدا زۆر شت دەگۆڕێت."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کەسێک بە تەنیا خاوەنی سووریا نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەبێت بە ئاشتیانە تێیدا بژین. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند: پێویستە گرەنتی ژیان هەبێت، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی سووریا بۆ بارودۆخی بکرێت و هەڵوێستێکی جیددی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە ئیرادە هەبێت هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا بەیەکەوە بژین، چونکە تەنیا ئەوان لە سووریا ناژین، بەڵکوو سووریا لە ژمارەیەک نەتەوە و پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە. ئیلهام ئەحمەد، گوتیشی: قسە تەنیا بەس نییە، کە دەگوترێت، کورد خۆشەویستی ئێمەنە، بەڵکوو دەبێت لە کردەوەکانیان ڕەنگبداتەوە، هەروەها فشارێکی نێودەوڵەتیی هەبێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە، ئێمە هەمیشە ئامادەییمان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام جەخت لە ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەینەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتی دیمەشق ئەوەی لە ڕاگەیاندەکان باسی دەکات، تەنیا چەواشەکارییە، چونکە لە ڕاستیدا هیچ یەکێک لە بەڵێن و کردارەکانی جێبەجێ ناکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بێدەنگ و بێ هەڵویستن، ئەمەش کارێکی هەڵەیە. داوا دەکەین دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێشخەریی بکات و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت، بەڵام دوای کوژرانی سەدان هاووڵاتی کورد و دواتر داوای ئاشتی بکرێت ئەوکات شتێک بەناوی ئاشتی نامێنیت، پرسی کورد بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێت. رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دوپاتکردەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین. ترەمپ وتیشی، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتییان، بڕیاریداوە سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تاران هەڵوەشێنێتەوە و تا سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران ڕانەگیرێت، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک ئەنجام نادات.