ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەهای تمەن دروست کردووە و تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 10%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە؛ شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت. ئابووریی ئێران لەبەردەم فشارێکی دووقۆڵیدایە؛ لە لایەک سزا نێودەوڵەتییەکان و لە لایەکی دیکەش پەککەوتنی جووڵەی بازاڕ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە. ناجێگیریی سیاسی متمانەی بە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە لاواز کردووە، ئەمەش وای کردووە بەهای دۆلار بە خێرایی لە بازاڕەکانی تاران و دەرەوەش بەرز ببێتەوە. ژمارەکان وادەڵێن: نرخی ئێستای دراوەکە لە بازاڕەکاندا بەم شێوەیەیە: 1 دۆلار (کاش): 115 هەزار تمەن. 1 دۆلار (حەواڵە): 140 هەزار تمەن. 100 دۆلار (حەواڵە): 14 ملیۆن تمەن. جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە ئاڤای ڕاگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێران، تمەن 10%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. ئەگەر ئەم ئاڵۆزییانە بەردەوام بن، بێگومان بەهای تمەن زیاتر دەشکێت و داڕمانی گەورەتر ڕوو دەدات." دابەزینی بەهای تمەن ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت لە بواری هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە ئێرانەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی زیاتر لە نرخەکاندا.

ئالپئەرسەلان کویتول بانگخوازێکی تورکییە، دەڵێت: ئەحمەد شەرع توانای بەرامبەر کورد نییە و نایەوێت هێرش بکاتە سەریان، بەڵام تورکیا بەزۆر پێی دەکات. بزانە لەبارەی دەوڵەتی کوردییەوە چی دەڵێت.    

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا، کە ڕەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئامادەیبوون، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان خرایەبەر باس. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا. لە کۆبوونەوەکەدا، دووپات لە پابەندبوون بە وادەی دەستووری کرایەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بنەما سەرەکییەکەی خزمەتکردنی خەڵک بێت، بە شێوەیەک ببێتە مایەی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی زیاتری وڵات.

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، وتەکانی مەلا مەزهەر خۆراسانی لەبارەی ژنان و سوکایەتیپێکردنیان دژی بنەما ئاینییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە، بۆیە لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنین و ناوبراو رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە. دەستەکە دەشڵێت، بەتووندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان رێکاری پێویست بگرنەبەر دژی ئەو کەسانەی لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قسانەى مامۆستا ئایینییەکە، بە تەواوی دژی بنەما ئایینەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە، هەربۆیە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو دۆسییەیە دەجوڵێنێت و مامۆستا ئایینییەکە ڕووبەڕووی یاسا دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی وتەکانی، دژی ماددەی ١٤ـی دستووری عێراقە، کە ئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەکات، یەکسانی لەنێوان ژن و پیاو هەیە. دەستەکە داواشی لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان کردووە، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، لێدوانی مامۆستایەکی ئاینی کە ڕایگەیاندووە، "ژن نابێت چەک هەڵگرێت و لەبەرەی جەنگدا بێت" بەڵکو دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی ماڵ و مێردی بکات"  کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، لێدوانی ئەو مامۆستا ئایینییەش لەپاش خستنەخوارەوەی تەرمی کچە شەڕڤانێک بوو لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییەوە لە حەلەب، کە لە گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ شەپۆلێکی تری بەفر و باران لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بەرەو ناوچەکانی هەرێم بەڕێوەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بەگشتیی نیمچە هەور دەبێت. تەمومژێکی چڕ لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و سەنتەری پارێزگای سلێمانی دروست دەبێت و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت. لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە، کاریگەریی شەپۆلێکی نوێی دابارین سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە بە نمەباران دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت، پاشان لە درەنگانی شەودا کاریگەرییەکە دەگاتە ناوچەکانی ناوەڕاستی هەرێم. کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات؛ سبەی سێشەممە ئاسمانی هەرێم دەبێتە هەوری تەواو و بارانبارین سەرتاسەری ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت. پێشبینیش دەکرێت ئەم ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت. پلەکانی گەرما لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا ڕوو لە دابەزین دەکەن، بە جۆرێک سبەی سێشەممە 3 بۆ 4 پلە ساردتر دەبێت لە ئەمڕۆ. خێرایی با لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێت و دەگاتە سەرووی 30کم/ک، بەتایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان. هەروەها بەهۆی تەم و دابارینەوە، مەودای بینین لە هەندێک شوێن بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە. نزمترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی سێشەممە: حاجی ئۆمەران: 1 پلەی ژێر سفر سۆران: 3 پلە سلێمانی: 6 پلە دهۆک و زاخۆ: 7 پلە هەولێر: 11 پلە کەرکوک و گەرمیان: 12 پلە

جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزی، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی پێشبینی دەکات بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر داببەزێت و ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 146هەزار و 600  دینارە.    جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، بە ئاڤا میدیای وت: "ئێستا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 146 هەزار و 600 دینارە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە."   وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی دەشڵێت: "پێشبینی دەکەم جارێکی دیکە بەهای 100 دۆلار ببێت بە 149 هەزار دینار، دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە ئەستەم دەیبینم."   بەگوێرەی زانیارییەکانی جەبار گۆران،  خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیادبووە، بەتایبەت لەلایەن بازرگانەکانەوە، هەروەها  سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە، ئەمە سەرەڕای دۆخی سیاسیی و ئابووری و تەکنیکییەکان.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕاگەیاند، ئەوەی لە شێخ مەقسود ڕوویدا زوڵمێکی ئاشكرای دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بوو.، وتیشی، حكومەتی نوێی دیمەشق بە هاوكاری وڵاتێكی ئیقلیمی هێرشەكانی ئەنجامدەدا. ئاڵدار خەلیل بە ئاڤای وت، كوردی حەلەب دانیشتووی ڕەسەنی سووریان، لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو، دۆخی ئەو دوو گەڕەكە بەمجۆرە ناهەموار نەبوو كە بگاتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی قورس، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەو دەستدرێژییەی دەسەڵاتدارانی سووریا بكرێت. لەبارەی مافەکانی کورد لە سووریای نوێ، ئاڵدار پێیوایە مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و پێویستە گەرەنتییەك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێ، گرنگە هێزێكی نێودەوڵەتی وەك لایەنی سێیەم بێتە نێو ڕێككەوتنەكانی كورد و دیمەشق، ئەمریكا و ئیسرائیل چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد. ئاڵدار خەلیل ئەمانەشی وت: ٠ ئەو هێرشانەی ڕوویدا چوار مانگ پێش ئێستا پلانی بۆ داڕێژرابوو. ٠ سەرەڕای هەبوونی ڕێككەوتن بۆ دانووستان، هێرشكرایە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. ٠ لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو. ٠ مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و هیچ مسۆگەرییەك بۆ كورد نییە. ٠ پێویستە زەمانەتێك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا. ٠ ئیسرائیل و ئەمریكا چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد. ٠ ڕۆڵی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كورد و دیمەشق سەرەكییە. ٠ پێویستە ئاسایشی گەڕەكە كوردییەكان بە هاوبەشی بپارێزرێت. ٠ پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان خێرا نێوەندگیری بكەن. ٠ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە قبووڵكراو نییە. ٠ سووریا بە زۆرداری و تاڵانكردن و سڕینەوە بەڕێوەناچێت. ٠ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەدەستی خۆیان ئایندەی سووریا لەناودەبەن.

فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کشایەوە."   گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، "بڕیارەکە بە کۆی دەنگی هاوپەیمانییەکەمان دراوە."   بە گوتەی فیراس مەسلەماوی، "کشانەوەکەی سوودانی بۆ کردنەوەی گرێکوێرە و چەقبەستوویی سیاسیی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران ئەو هێڵە سورەی بەزاندووە كە من بۆم داناوە و خەڵکی بێتاوانی کوشتووە، من ئەمە زۆر بە جدی وەردەگرم، سوپاش دیراسەی ئەمە دەكات، ئێمە بیر لە بژاردەی زۆر بەهێز دەکەینەوە، لەوانەش بژاردەی سەربازی. ترەمپ لە ناو فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی وتی: هەموو كاتژمێرێك پێشهاتە نوێکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانم پێدەگات، بەم نزیکانە بڕیار دەدەم. ترەمپ ئەوەشی ئاشكراكرد: تاران داوای دانوستانی لەگەڵ واشنتۆن كردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ئامادەکاری بۆ کۆبونەوە لەو بارەیەوە لە ئارادایە، بەڵام بەدووری نەزانی پێش ئەو كۆبونەوەیە رێوشوێن بگیرێتەبەر. ئەوە لەكاتێكدایە،  رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە: ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە سەبارەت بە بژاردە بەردەستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێران گفتوگۆ دەكات.

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە ئەندامانی بەرەی گەل بۆ وردبینی گوازرایەوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر، بەڵام جارێ هەر 12 کەسەکە لە سلێمانی دەمێننەوە. بورهان رەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە وتى: دادگاییکردنەکە بەپێی ماددەی 56 بوو, لەسەر داوای ئەوان و دادگای پێداچوونەوە، دادگا بڕیاریدا دۆسیەکە بۆ وردبینی بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر. بەوتەى ئەو پارێزەرە، دوای وردبینی, دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بە گشتی بە باشی بەڕێوەچوو.  ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار هێندرانە بەردەم دادگای سلێمانی كە لاهور شێخ جەنگی ، پۆڵاد شێخ جەنگی ، رێبوار حامید حاجی خالید، بورهان رەشید وتیشى“ئەو 12 کەسە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و رێبوار حاجی غالیـشیان تێدایە” . “تەنیا کەیسی 56 کە تایبەتە بە ئیتفاقی جینایی و لەسەر سکاڵای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەسەریان تۆمارکراوە، دەنێردرێتە دادگای تەمیزی هەولێر و کەیسی 406 جارێ هەر لەدادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشە”، بورهان رەشید وای وت. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی دادگای تەمیزی هەولێر وەڵام دەداتەوە، ئەو 12 کەسە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە.

شەیبانی لە کاتی کۆبوونەوەکە چی گوتووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە شەشی ئەم مانگە، قسە و باسی زۆر کرا لە بارەی کۆبوونەوەکەی دوو رۆژ پێشتری هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام زانیارییەکان لەو بارەیەوە کەمبوون. پێگەی ئەلمۆنیتەر چەندین زانیاریی نێو کۆبوونەوەکەی بڵاویکردووەتەوە، کە لەلایەن هەسەدە و حکومەتی دیمەشقەوە پشتڕاشتکراوەتەوە. پێگەی ئەلمۆینتەر دەڵێت، سەرەتا گفتوگۆکان بە ئاسایی بەڕێوەچووە، وەزیری بەرگری سوریا، مورهەف ئەبوو قەسرە سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە. فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دەڵێت: رەفتاری شاندی سوریا لە کۆبوونەوەکەدا نامۆ بوو کە تێیدا باسمان لە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هەدەسە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سوریا دەکرد، دواتر رازی بوون کە سێ لیوا بۆ هێزەکانی هەسەد پێکبێت، کە بریتین لە لیواکانی ژنان،  بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوور. فەوزا یوسف دەڵێت، لامان سەیر بوو چونکە نەرمییەکی زۆری تێدا نوێنرا بوو، لەبەرئەوەی پێشتر ئەحمەد شەرع داوای هەڵوەشاندەوەی بێ مەرجی هەسەدەی دەکرد. هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، وەزیری بەرگریی سوریا داوای لە شاندی هەسەدە کردووە رێگەیان پێبدەن بێنە ناو سنوورەکانیان بۆ پشکین و بەدواداچوون بە بیانوی ئەو ناوچانە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریان، بەڵام شاندی هەسەدە بە توندی رەتیانکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، هەر کاتێک لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بوون پێویستە مۆڵەت لە ئێمە وەربگرن. کەشی کۆبوونەوەکە چۆن تێکچوو؟ لە کۆبوونەوەکەدا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا وەک نێوەندگیر و پشتیگریکاری رێککەوتنی 10ـی ئازار بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام لەناکاو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا خۆی دەکات بە ژووردا و داوا لە لامبێرت دەکات چەند خولەکێک بەجێیان بهێڵێت. بە گوتەی ئەلمۆنیتەر، دوای هاتنەوە ژوورەوەی شەیبانی کەشی کۆبوونەوەکە تێکچووە، دوای چەند خولەکێک گوتوویەتی، کۆبوونەوەکەمان بۆ هەشتی ئەم مانگە دواخستووە. شاندی هەسەدە دەڵێت: ئێمە ویستوومانە راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوولامان هەبێت بۆ خەڵک بۆ ئەوەی رێژەی بەرەپێشچوونەکان بزانرێت، بەڵام لایەنی سوریا رەتی کردووەتەوە. پێگەی مۆنیتەر دەڵێت: تێکدان یان راگرتنی ئەم رێککەوتنە پلانێکی پێشوەختەی تورکیا بووە، چونکە ماوەیەکە گروپەکانی سەر بەخۆی و هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە نزیک حەلەب کۆدەکاتەوە و چاوەڕێی کاتێکی گونجاوی دەکرد. دوای ئەوەی ئیسرائیل و سوریا رێککەوتینێکان واژۆکرد، تورکیا دەرفەتەکەی بەدەستهێنا. ئیتر دوای ئەمە خۆتان دەزانن چی روویدا، گروپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و زیاتر لە 155  هەزار دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکە ئاوارەبوون و 28 کەسیش شەهیدبوون. هەرچەندە ماوەی پێنج رۆژ شەڕڤانان بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد، بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، بۆ رێگری لە هێرشی زیاتر لەگەڵ نێوەندیگیرانی نێودەوڵەتی رێککەوتوون بگەن بە ئاگربەست تاوەکو شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازنەوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، "شەهیدبوونی زیاد حەلەب، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی لە شاری حەلەب" راگەیاند، کە لە کاتی بەرگریکردن لەو دوو گەڕەکەدا گیانی سپاردووە. بەپێی راگەیێندراوی ئاسایش، زیاد حەلەب لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتی "بەرگرییە مێژووییەکەی" گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی،" گەیشتووەتە پلەی شەهادەت." ئاسایش سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی کورد دەکات و بەڵێنی درێژەپێدانی رێگەکەی دەدات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە پاڵپشتیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە هەموو جۆرە چەکێک کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە." ئاسایش دەڵێت، هێزەکانیان و خەڵکی گەڕەکەکە بەرگرییەکی سەختیان کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە هێرشکاران وەشاندووە، کە تێیدا چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆشیان تێکشکاندوون. زیاد حەلەب وەک فەرماندەی گشتی، "لە یەکەم ساتەوە لە ناو سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بووە و سەرپەرشتیی بەرگریی کۆڵان بە کۆڵانی کردووە." ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی "رێگەی شەهادەتیان هەڵبژارد نەک خۆبەدەستەوەدان."   بەگوێرەی ئاسایشی خۆسەر، زیاد قەدوور، ناسراو بە (زیاد حەلەب)، لە ساڵی 1988 لە عەفرین لەدایکبووە و لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، پەیوەندی بە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـەوە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حەلەب. ئاسایش هەروەها دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رژێمی بەعس و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر حەلەب. خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە لە "شەڕی ناو شار و گەڕەکەکاندا،" ئەمەش وای لێکرد ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. پێش گیان لەدەستدانی، زیاد حەلەب لە پەیامێکدا گوتبووی: "ئێمە کوڕی ئەم خاکەین؛ لێرە لەدایکبووین و لێرەش دەمێنینەوە. هیچ کات نەبووینەتە کێشە بۆ کەس، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەستەوەستان نابین. سوێند دەخۆین بەرگری لە گەلی خۆمان بکەین و تاوەکو دوایین هەناسە شەڕ دەکەین. بڕیاری شەهادەتمان داوە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە."

سەرچاوەکان باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەو دوو بەرپرسە لە پەیوەندییەکدا باسیان لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کردووە، لەوانە دۆخی ئێران. بە گوێرەی فۆکس نیوز ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە "ئامادەباشییەکی بەرزدا" بووە. ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران پێیان ناوە هەفتەی سێیەمی خۆیانەوە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە کە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە دۆخی غەززە، پێشهاتەکانی سوریا و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێران. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە کە ناوەکانیان نەهاتووە، ناتانیاهۆ و ڕوبیۆ، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە باسیان لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران، دۆخی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە غەززە کردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ناتانیاهۆ و ڕوبیو هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستوەردانی ئەمەریکایان لە ئێران تاوتوێ کردووە. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە ئامادەی گفتوگۆکە بووە، ئەمەی پشتڕاستکردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمەریکایی تەنها پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئامادەنەبوو وردەکارییەکان بخاتەڕوو. هاوکات باراک ڕاڤید، سەرپەرشتیاری ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پەیوەندییە گفتوگۆیەکی ڕۆتینی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی نائارامییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی زیاتر بووەتەوە. ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڕژێم پەنا بۆ توندوتیژیی بەربڵاو ببات، ئەمەریکا وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەداتەوە.

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تورکیا کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار، کەسکین بایندەر، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگول دۆغان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە بوون. 'تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارەکانیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە و هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کۆبوونەوە و گوتی: "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا، بەپێی ڕێککەوتن مامەڵە ناکات. بە ئاڵای داعشەوە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن گرووپێک دڕندەن. لە هیچ باوەڕی و فکرێکدا قبوڵ ناکرێت". 'وتیشی: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕابگرن. هێرشەکانی هەتەشە و چەتەکان لە دژی مرۆڤایەتیین. ئامانجیان بێ‌کورد کردنی حەلەبە. وەک دەم پارتی بۆ سووریا سیستەمێکی یەکسان و ئازادەمان دەوێت کە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات. ئەگەر کورد لە سووریا لە سەلامەتییدا نەبێت، ئەوا ئارامی بەدی نایەت. تا هەموو گەلان و باوەڕییەکان ئازاد نەبن، ئاشتی لە سووریا بەدی نایەت". 'تونجەر باقرخان سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و گوتی: "بە ئامانجگرتنی منداڵان و ژنان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕژێم هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. لێرەدا دەڵێین دەست لە بێڕێزیکردن لە بەرانبەر ژنانی کورد هەڵبگرن. بانگەواز لەو کەسانە دەکەین کە شەڕ بە گوڕ دەکەن، ڕێگە بۆ دیالۆگ خۆش بکەن. قسەکانی هاکان فیدان شەڕ و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. دەپرسین؛ دیپلۆماسیت یان سەرباز؟ ئەم قسانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە". 'ە کۆتایی قسەکانییدا تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر لە حەلەب شەڕ و قەیرانەکان قووڵببنەوە لێرەدا چارەسەریی بەدی نایەت. چونکە کودەتایە لەدژی پرۆسەکە. چارەسەرەکە ڕوونە. دەبێت قەسەدە و تورکیا لەسەر مێزێک دابنیشن و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. کەس ناتوانێت کورد لە حەلەب کۆچبەر بکات. کورد سەد ساڵە لە حەلەبدایە و هەمیشە لە حەلەب دەبێت".

دوێنێ شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە و بڕیاریدراوە پارتی بەردەوام بێت لەسەر کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆمار رێککنەکەوتوون، چونکە یەکێتی پاکێجێکی پێشکەش کردووە کە لای پارتی قبوڵکراو نییە. یەکێتی لە کۆی 22 وەزارەت و پلەی وەزیر، داوای نۆ پۆستی کردووە، بە وەزارەتی ناوخۆشەوە، پارتیش ئەمەی رەتکردووەتەوە. پارتی پێیوایە بەهۆی ئەمەوە دەبێتە کەمینە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. لەلایەکى دیکەوە،  شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەڕووداوى ڕاگەیاندووە:  یەکێتی دەبێت لایەک هەڵبژێرێت، یان پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  یان پۆستی سەرۆککۆمار.  هەروەها وتیشى: ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی یەکێتییە. ناکرێت یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماریشی بوێت و داوای پۆستی باڵای زۆریش بکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە دانوستان بەمشێوەیە، دەبێت تۆ شتێک وەربگریت و سازش لەسەر شتێکی دیکە بکەیت. وتى: ئەوەی یەکێتی دەیەوێت لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای پارتی قبوڵکراو نییە.