فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەلەب هاتە دەنگ و داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی وڵاتەکە، دانبەخۆدابگرن و لەبری توندوتیژی، بە نیازپاکییەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە بارەی دۆخی حەلەب ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە نزیکەوەی چاودێری پەرەسەندنەکانی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەین. دەشڵێت: داوا لە هەموو لایەنێک دەکەین خۆیان لە هەر کردەوەیەکی توندوتیژ کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر بە دوور بگرن و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانە گرنگەکان بکە کاری هەرە لە پێشینەیان. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەردەوام داوا لە لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکەین بە نیازێکی باش بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگەیەوە بگەنە ڕێگەچارەسەرێکی دیپلۆماسی. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دووپاتیشی دەکاتەوە، بوونی سووریایەک ئاشتی بۆ خۆی و دراوسێکانی، دەبێتە هۆی فەراهەمبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر و ئاوەدانتر. جەختیشی دەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سووریا بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی سەرانسەری ناوچەکەدا هەیە.

ئیلی ناكوزی، بەڕێوەبەری كەناڵی شەمس لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی ئەحمەد شەرع: بەرپرسێکی باڵای پارتی پەیوەندی پێوەکردم گوتی، 'سەرۆکی سوریا دەیەوێت چاوپێکەوتنێکتان لەگەڵ بکات' ئێمەش رازی بووین، بەڵام لە کاتی چاوپێکەوتنەکە قسەکانی زۆر توندبوو لەبارەی هەسەدەوە بە جۆرێک گوتی، هیچ هێزێک لە دەرەوەی سوپای سوریا قبوڵ ناکەن' ناكوزی گوتیشی، زۆرم هەوڵدا قسەیەکی نەرمی لەبارەی کوردە لێوەبگرم، بەڵام ئەو هەموو قسەکانی تووند بوو. لەبارەی پەخشکردنی چاوپێکەوتنەکەش گوتی، لەبەر تووندی قسەکان پەخشناکرێت. ئیلی ناكوزی، بەڕێوەبەری كەناڵی "شەمس" كە لە هەولێر بەزمانی عەرەبی پەخشی خۆی دەكات دەڵێت: ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لە چاوپێككەوتنەكەیدا لەگەڵم بەشێوەیەكی زۆر توند هێرشی كردە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات گەیشتە ئەو رادەیەی پێمگوت قسەكانت یەكسانە بە شەڕ. ئاماژە بەوەشدەكات: هیچ پەیامێکی هێوكردنەوەی توندوتیژیم لێی نەبیست وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بۆیە ئێمە ناتوانین ببینە بڵندگۆیەك بۆ ئاڕاستەكردنی تونتیژی دژی كەس. ئیلی ناكوزی، لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵەكەی سەبارەت بە هۆكاری پەخش نەكردنەكەی لەگەڵ شەرع، وتی: بەرپرسێكی باڵای پارتی پەیوەندی پێوەكردم و تی، سەرۆكی سوریا دەیەوێت چاوپێكەوتن لەگەڵ كەنالێكی كوردی بكات بۆ هێوكردنەوەی دۆخەكە، بەوپێیەی هەست دەكات كە ئاستی رق و كینە لەنێوان عەرەب و كورد لە ئاستێكی مەترسیداردایە. راشیگەیاند: شەرع لە دیدارەكەدا تا دەهات توندتر دەبوو بەرامبەر هەسەدە، بۆیە پرسیاری ئەوەم لا دروستبوو كامەیە پەیامی هێوركردنەوە كە دەیەوێت ئاڕاستەی كوردی بكات، زۆرم هەوڵدا پەیامێكی نەرمی لێوەربگرم بۆ هێوكردنەوە بەڵام سودی نەبوو، بەشێوازێكی زیرەكانە هاوسۆزی بۆ كورد دەردەبڕی بەڵام بەتوندی هێرشی دەكردە سەر هەسەدە. قسەكانی وەك ئاگاداركردنەوەی كۆتایی وابوو، بە ئاشكرا وتی: هیچ هێزێكی چەكدار قبوڵناكەم و سوریا دەبێت دەوڵەتێكی یەكگرتوو بێت.

لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو ئەمە وتەى سەربازێکى وڵاتى  ڤەنزوێلایەو باسى شەوى ئەو هێرشەدەکات کە ئەمریکا کردیە سەر وڵاتەکەى. سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گێڕانەوەی شایەتحاڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزێلا، هێزەکانی ئەمریکا "چەکێکی نهێنیی بەهێزیان" بەکارهێناوە کە سەربازانی بەچۆکداداوە و خوێن لە دەم و لووتیان هاتووە.   بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە کە کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانێکی ڤەنزوێلی وردەکاریی هێرشەکەی خستووەتەڕوو.   پاسەوانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بێ ئەوەی یەک سەربازیشیان لێ بکوژرێت، سەتان سەربازی لایەنی بەرامبەریان کوشتووە و تەکنەلۆژیایەکیان بەکارهێناوە کە وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ئەرکدا بووین، لەناکاو سیستمی رادارەکان هەموویان بێ هیچ روونکردنەوەیەک لەکارکەوتن. دواتر ژمارەیەکی زۆر درۆنمان بینی بەسەر سەنگەرەکانماندا دەفڕین و نەماندەزانی چی بکەین."   بە گوتەی پاسەوانەکە، دواتر تەنیا نزیکەی 20 سەربازی ئەمریکی بە هەشت هەلیکۆپتەر دابەزینە خوارەوە، بەڵام چەکی زۆر بەهێزیان پێبووە. ئەو دەڵێت: "شەڕ نەبوو، بەڵکو کوشتارگە بوو. ئێمە سەتان کەس بووین بەڵام هیچ دەرفەتێکی رزگاربوونمان نەبوو، ئەوان بە وردی و خێراییەکی زۆر تەقەیان دەکرد."   چەکە نهێنییەکە چی بوو؟   سەبارەت بەو چەکەی کە "ترسێکی گەورەی" دروستکردووە، پاسەوانەکە دەڵێت: "لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو. هەستم دەکرد سەرم لە نێوەوە دەتەقێتەوە."   کاریگەریی چەکەکە خێرا و ترسناک بووە: "هەموومان لووتمان تووشی خوێنبەربوون بوو، هەندێک رشانەوەیان بوو بە خوێن. کەوتینە سەر زەوی و نەماندەتوانی بجوڵێین. تەنانەت دوای وەستانی شەپۆلە دەنگییەکەش نەماندەتوانی هەستینەوە."   لێڤیت پۆستەکەی بە کۆمێنتی "دەست لە کارەکەت هەڵگرە و ئەمە بخوێنەرەوە" بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی راستەوخۆ وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە کە ئایا ئەم چیرۆکە پشتڕاست دەکەنەوە یان نا.   بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ڤەنزوێلا، لە هێرشەکەی 3ـی کانوونی دووەمدا نزیکەی 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام روون نییە چەندیان بەو چەکە نهێنییە بانگەشەکراوە گیانیان لەدەستداوە.   سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ساڵانێکە خاوەنی "چەکی وزەی ئاراستەکراو"ـە وەک مایکرۆوەیڤ یان لەیزەر بۆ لەجووڵەخستنی ئامانجەکان، بەڵام رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت لە شەڕدا بەکاربهێنرێت.   سەرچاوەکە دەڵێت خوێنبەربوون، ئازار، سووتانەوە و لەکارکەوتنی جەستە بەشێکن لە نیشانەکانی کاریگەریی ئەو چەکانە و "دەیان ساڵە وەشانی جیاوازی ئەو چەکانەمان هەیە."   پاسەوانە ڤەنزوێلییە رزگاربووەکە هۆشداری دەدات: "ئەمە پەیامێکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت شەڕی ئەمریکا بکات. ئەوان نازانن ئەمریکا توانای چی هەیە. دوای ئەوەی بینیم، قەت نامەوێت جارێکی دیکە لە بەرەی دژی ئەوان بم."   پاسەوانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رووداوە و هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتی مەکسیکیش "لە لیستەکەدایە"، ترسێکی گەورەی لە ئەمریکای لاتین دروستکردووە و "ئەوەی لێرە روویدا زۆر شت دەگۆڕێت."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کەسێک بە تەنیا خاوەنی سووریا نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەبێت بە ئاشتیانە تێیدا بژین. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند: پێویستە گرەنتی ژیان هەبێت، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی سووریا بۆ بارودۆخی بکرێت و هەڵوێستێکی جیددی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە ئیرادە هەبێت هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا بەیەکەوە بژین، چونکە تەنیا ئەوان لە سووریا ناژین، بەڵکوو سووریا لە ژمارەیەک نەتەوە و پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە. ئیلهام ئەحمەد، گوتیشی: قسە تەنیا بەس نییە، کە دەگوترێت، کورد خۆشەویستی ئێمەنە، بەڵکوو دەبێت لە کردەوەکانیان ڕەنگبداتەوە، هەروەها فشارێکی نێودەوڵەتیی هەبێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە، ئێمە هەمیشە ئامادەییمان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام جەخت لە ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەینەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتی دیمەشق ئەوەی لە ڕاگەیاندەکان باسی دەکات، تەنیا چەواشەکارییە، چونکە لە ڕاستیدا هیچ یەکێک لە بەڵێن و کردارەکانی جێبەجێ ناکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بێدەنگ و بێ هەڵویستن، ئەمەش کارێکی هەڵەیە. داوا دەکەین دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێشخەریی بکات و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت، بەڵام دوای کوژرانی سەدان هاووڵاتی کورد و دواتر داوای ئاشتی بکرێت ئەوکات شتێک بەناوی ئاشتی نامێنیت، پرسی کورد بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێت. رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دوپاتکردەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین. ترەمپ وتیشی، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتییان، بڕیاریداوە سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تاران هەڵوەشێنێتەوە و تا سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران ڕانەگیرێت، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک ئەنجام نادات.

سوپاسالاری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەی خاکەکەی ناکات.   ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، "بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی مێژوویی خۆیان لە شەڕی 12 رۆژیدا، ئەمریکا و رژێمی زایۆنی تیرۆریستانی داعشیان نارد بۆ ئەم میلـلەتە مەزنە، ئەم بەکرێگیراوانە کە لە ئاژەڵە کێوییەکان خراپتر بوون، بە ناڕەوا خەڵک و ئەفسەرانی ئەمنییان شەهید کرد."   عەبدولڕەحیم موسەوی دەشڵێت، "ئێران سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ناکات."   سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "پاسەوانانی ئەمنیی ئێران رێگە نادەن هیچ تیرۆریستێکی تاوانکاری داعش لەلایەن هەر دەسەڵاتێکی خۆبەزلزانەوە پەروەردە دەکرێن، بێتە مەیدان."   عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسی بەشداریی خەڵکی کرد لە خۆپێشاندانی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.   قسەکانی سوپاسالاری ئێران دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 12-01-2026، لە 16یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا، حکومەت لایەنگرانی خۆی بردە سەر شەقامەکان. ئەوەش لە کاتێکدایە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە. بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، بەبێ نەرمی نواندن رووبەڕووی ناڕازییان دەبنەوە.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوەست لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژە بەوە دەکات کە تادێت گومانەکان لەسەر پرسی کشانەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی نوری مالیکی، ڕکابەر و سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا زیاتر دەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوو جەمسەرەکە و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ بەیاننامەیەکی ڕوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو "خۆنەویستییەی" سودانی دەرنەچووە. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، چاودێران و شارەزایانی وەک ئیحسان شەمرانی پێیان وایە ئەوەی ڕوودەدات تەنها مانۆڕێکی سیاسیی کاتییە، چونکە سودانی باش دەزانێت مالیکی ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە، لەوانە ڤیتۆی مەرجەعیەتی نەجەف و دژایەتی توندی موقتەدا سەدر، بۆیە بەم کشانەوەیە دەیەوێت کات بکوژێت و دوای شکستی کاندیدبوونی مالیکی، جارێکی تر وەک تاقە بژاردە بگەڕێتەوە. هاوکات غالیب دەعمی، مامۆستای زانکۆ بۆ ڕۆژنامەکە دەڵێت کە ئەگەری هەیە هەردوو پیاوەکە کەوتبێتنە ناو تەڵەیەکەوە کە لەلایەن "هێڵی ناوەند"ی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (حەکیم، عامری و خەزعەلی) بۆیان چنراوە؛ بەو پێیەی ئەو لایەنانە دەزانن بەهێزبوونی سودانی یان مالیکی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە هانی سودانییان داوە بکشێتەوە تا شەرعیەتی ویلایەتی دووەمی لاواز بکەن و دواتر بە پاساوی نەبوونی کۆدەنگی لەسەر مالیکی، هەردووکیان لە کایەکە دووربخەنەوە و کاندیدێکی "تەوافوقی" بێننە پێشەوە کە تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی ئەوان بێت. لە ئێستادا کە پەرلەمانی عێراق تەنها دوو هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دیاریکردنی کاندیدی کوتلەی گەورە، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم "شانۆگەرییە سیاسییە" ڕەنگە ببێتە هۆی سووتانی چانسی هەردوو سەرکردەکە و گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات بۆ ئاراستەیەکی نوێ کە تێیدا بڕیاردەری سەرەکی ئەو لایەنانە بن کە لە پشت پەردەوە یاری بە کارتەکانی سودانی و مالیکی دەکەن.

سەرۆک بارزانی، لە پیرمام پێشوازیی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. هەردوولا باسی دۆخی عێراق و پێکهێانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد، شاندەکە و هاریس، سوپاس و ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانییان کرد لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا. سەرۆک بارزانیش جەختیکردەوە، کە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەڕێی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن. رۆژی سێشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێز جوشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، کە خاتوو گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد و کورتەیەکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ  پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی یەکگرتوو لە عێراق بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆشنایشی خستەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی سوریا، و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە خستنەسەرپێی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا. لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێ کردن. هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپاتکردەوە کە هەرچی لە توانایدابێت، بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بەهێز  درێخی ناکەن، هەروەها لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. سەبارەت بە دۆخی سوریا و ئالنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتی، سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و، دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و  ئەمەریکا، و هەوڵەکان بۆ بەردەوامی و باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە، تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و دانوستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاووتوێ کرا . هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، بە هەر دوو مووچەی مانگەکانی یازدە و دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە. هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پشتیوانيی وڵاتەکەی بۆ هەرێم و بە تایبەتی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە و ئاماژەی دا بەوەی هەرێمی کوردستان هاوبەش و هاوپەیمانێکی بەهێز و گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا. سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد. دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پەرلەمانی عێراق وردەکاریی نوێی لەبارەی کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرا کرد.  بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی زیاتر لە 80 کەس کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبوو، 70ـیان بەهۆی مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانەوە دوورخراونەتەوە و ئێستا تەنیا 11 کاندید لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە. هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە، زۆرینەی ئەو 11 کاندیدەی کە لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە، کوردن. لەنێو دیارترین ئەو ناوانەی کە پەسەندکراون بریتین لە: - فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی: هەردووکیان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانن. - نزار ئامێدی: کاندیدی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. - لەتیف ڕەشید: سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، کە بۆ جاری دووەم کاندیدبوونی پەسەند کراوە.  سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لەو کەسانەی دوورخراوەتەوە "مەلا بەختیار"ـە، کە هۆکارەکەی بۆ پەسەندنەکردنی بڕوانامەکەی دەگەڕێتەوە.  پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە بەڕێوەچووە، کە تێیدا ڕەچاوی مەرجگەلێکی وەک پێشینەی تاوان و بڕوانامەی خوێندن کراوە. پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو. بەپێی یاسا، پەرلەمانی عێراق دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی، سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت.

کەجەکە بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە هێرش بۆ سەر حەلەب گرت و ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر حەلەب شكاندنی ئاگربەست بوو، پێویستە هەنگاو و کردارە تێکدەرەکان لە پڕۆسەکە دووربخرێنەوە. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر دوو گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە پرۆسەکەدا ڕاگەیاندراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، ئامانجی هێرشەکانی سەر حەلەب لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە و ئەم هێرشانە بۆ شکاندنی پرۆسەی ئاگربەست بوو. لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لەو ڕێباز و سیاسەتانە کراوەتەوە کە پرۆسەکە تێکدەدەن و کەجەکە دەڵێت: بەبێ دوودڵی و بە بوێرییەوە بەرپرسیارێتی خۆمان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا جێبەجێکردووە؛ داوا لە حکومەت و بەرپرسانی دەوڵەتیی ئاکەپە و مەهەپە دەکەین کە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێویستە گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک تێکۆشانیان بەهێزتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک کە پرۆسەکە لەناودەبات ڕاوەستێندرێت. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەمشێوەیەیە: “ئامانج لە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب نەهێشتنی کوردان بوو لەو ناوچانە. ئەو کەسانەی کە دوای ڕێککەوتنی ١ـی نیسانی ٢٠٢٥ لە نیوان حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەرپرسیارێتی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکەیان لەسەر شان بوو شەهیدکران. ئامانج ئەوەبوو کە ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک نەهێڵن. ئەم هێرشانە کە لەسەر بنەمای دژایەتی کوردان کران، ئامانجیان ئەوەبوو کە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک نەهێڵن کە گەلی کورد شانبەشانی عەرەب و سریانی و گەلانی دیکەی سووریا دایانمەزراندووە. ئەم هێرشە درێژەپێدەر و بەشێکە لە زنجیرە هێرشێک دژی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا دەژێت. کاتێک چەتەکان بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک دەستیان بە هێرشەکان کرد، هێزەکانی ئاسایشی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەش دەستیان بە بەرخۆدانی خۆپاراستن کرد. خۆپاراستن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە ئامانج لێی لەناوبردنی کورد و نەهێشتنیەتی مافێکی ڕەوایە. ئەنجوومەنی گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و گەلەکەیان بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ١ـی نیسان بۆ پاراستنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکیان بەشدارییان لە بەرخۆدان کرد. بەڵام بۆ ئەوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کە لە سووریا سیستەمیكی دیموکراتیکی بونیادناوە نەهێڵن، ئەو هێزانەی سووریا کە دژە دیموکراتین هێرشیان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستپێکرد. ئێمە بە ڕێز و سوپاسەوە ئەو کەسە قارەمانانەی کە دژی هێرشەکان بەرخۆدانیان کرد و شەهیدبوون بەبیر دەهێنینەوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ شەڕڤانانی ئاسایش کە برینداربوو دەخوازین. هەروەها داوا لەو کەسانە دەکەین کە لە گەڕەکەکانیان دوورخراونەتەوە بۆ ئەوەی “لە کوردان دوور بن” لە زۆر ناوچەدا پەرش و بڵاوبوونەتەوە وەک مافێکی ڕەوای خۆیان بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان. ئاواتی شەهیدان و ئەوانەی قوربانییان داوە لە سووریایەکی دیموکراتیک و ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەردا دەژین. بێگومان ئەم هێرشانە دوای کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، ئیدارەی دیمەشق و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوویانداوە. هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب لە هەمان ڕۆژدا ڕوویدا کە ڕێککەوتنێک کرا بۆ ڕادەستکردنی باشووری دیمەشق بە ئیسرائیل. ڕاستینەی بە ئامانجگرتنی گەڕەکەکان دوای ڕێککەوتنی دیمەشق دەرخەری ئەوەیە کە ڕەزامەندی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمەکە وەرگیراوە، یان سوود لە بێدەنگییان وەرگیراوە. هەروەک ئاشکرایە کە ئەمریکا و فەڕەنسا نێودەندگیرییان لە نێوان دیمەشق و شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە. دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتاوە دەستی لە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب هەبووە. لێدوانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە ڕوونی ئەمەیان بەدەرخستووە. ڕاگەیاندن و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ڕێبازێکیان گرتووەتەبەر وەک ئەوەی سوپای دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ لە شەڕدایە. لە ڕاستیدا فەرماندەیی قەسەدە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانکی دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا بەشدار بوون. تەنانەت ئاماژەیان بەوە کرد کە بەشێک لە ئەفسەرانی دەوڵەتی تورک بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی ئەم شەڕەدا کردووە. سیاسەتی دەوڵەتی تورک، کە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی قەسەدەیە، بە تەواوی دژە کوردە. ئەوان درێژەیان بەو قسە و هێرشانە داوە کە دژی کورد و تەڤگەری ئازادیی کورد، کە پێش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پرۆسەی هەڵمەتی “بێ کوردکردن” لە حەلەب ئەنجامیان داوە. لە کاتێکدا کە پەکەکە کۆتایی بە چالاکییەکانی لەژێر ئەو ناوەدا هێناوە و لە ١ـی ئازاری ٢٠٢٥ـەوە ئاگربەست لە ئارادایە، ئەم هێرشانە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان، کە بە بەردەوامی ئاماژە بە پەکەکە دەکەن، هێرشکردنە بۆسەر تەڤگەری ئازادیی و هەوڵدانە بۆ پەکخستنی ئاگربەست کە بە وردی جێبەجێ کراوە. چۆن دەکرێت باس لە پڕۆسەیەک بکرێت لە کاتێکدا تەڤگەری ئازادییمان لایەنێکی ئەم پرۆسەیەیە و بە بەردەوامی هێرشی دەکرێتەسەر؟ بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای ئاگربەست و دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەکداری دامەزراو بێت، چۆن بەم ڕێبازە بەردەوام دەبێت؟ لە ژێر ناوی تیرۆر و تیرۆریستان هێرش دەکرێتە سەر کورد، لە هەمان کاتدا باس لە برایەتی کورد-تورک دەکرێت! ڕوونە کە ئەمە جێی باوەڕی نییە بۆ کورد. هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و نزیکبوونەوە و هەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەت بەرامبەر بە تەڤگەرەکەمان هەوڵێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەم هێرشە لە کاتێکدابوو کە دانووستان لە نێوان ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتی دیمەشق بەڕێوەدەچوو. ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵا ئۆجالان) داوای کرد کە ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار بەبێ ململانێ جێبەجێ بکرێت و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت. پەیامی خۆی سەبارەت بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان و چەندین بابەتی دیکە گەیاندە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کورد هانی ئەو هەنگاوانە و دروستکردنی کەشێکی متمانەمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەم هێرشە لەم قۆناغەدا کە دەستپێشخەری و هەنگاوی لەم شێوەیە دەگیرێنەبەر، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە داخوازی بۆ چارەسەریی نییە. ڕوونە کە ئامانجیان گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. ڕاگەیاندنی دەوڵەتی تورک و عومەر چەلیک، وتەبێژی دەوڵەت بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە ئەم هێرشانە تەنها لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب سنووردار نابن. بەکارهێنانی دەستەواژەی “تورکیا بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر” لەلایەن عومەر چەلیکەوە ئەوە دەردەخات کە ئەم هێرشانە بڵاودەبێتەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و تەواوی ئەو ناوچانەیە کورد تێیاندا نیشتەجێیە. لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی کورد بۆ ئازادیی و دیموکراسی بە تیرۆر ناوزەند دەکەن. هەروەها دەیانەوێت سیستەمی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی هەڵوەشێننەوە. بە کورتی دوژمنایەتی بەرامبەر کورد یەکسانە بە دوژمنایەتییە بەرامبەر دیموکراسی لە هەموو وڵاتێکدا کە کورد تێیدا دەژی. هێزە نێودەوڵەتییەکانیش پاڵپشتی ئەم دوژمنایەتییه دەکەن کە بەرامبەر دیموکراسی له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێت. ئەم پشتگیرییە لە هەمان کاتدا بە مانای پشتگیرییکردنی سیاسەتی قڕکردنە دژی کوردان. بە ڕاستی کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کورد، ئەو هێرشانە پەسەند دەکرێن یان بێدەنگ دەکرێن. ئەم ڕاستییە لە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیشدا بینرا. هەروەها هێرش بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکان بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات ئاگربەستی نێوان تەڤگەرکەمان و دەوڵەتی تورک و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئەو ئاگربەستە دەخاتە ژێر گومانەوە. هێرشەکان کە ڕاستەوخۆ لەم پرۆسەیەدا تەڤگەرەکەمان دەکەنە ئامانج، ئەوە دەردەخەن کە یاسای تایبەتی ڕاگوزەر کە دەوترێت ئامادەکراوە، هەنگاوێک نابێت بەرەو چارەسەری. بەو هەموو هێرشانەی کە لە دژی تەڤگەرکەمان ئەنجام دەدرێت و هێرش دەکرێتە سەر ئیرادەی دیموکراتیکی کوردان، پێدەچێت زەحمەت بێت ئەم یاسایە کەشێکی سیاسیی دیموکراتیک بۆ تەڤگەرەکەمان و کورد بکاتەوە. ئایا دەکرێت یاسایەکی قبوڵنەکراو دەربکرێت بۆ دەستپێکردنی شەڕ؟ ئەو سیاسەت و پراکتیکانەی کە ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێکدەدەن، نیشاندەری ئەمەن. بەرپرسانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە بەرپرسیارەکان پێویستە سیاسەت و نزیکایەتییەک بگرنەبەر کە لەگەڵ ڕۆح و ئامانجی پرۆسەی ئێستادا بگونجێت و خۆیان لە هەنگاو و کردەوە تێکدەرەکان بپارێزن. ئێمە بەبێ دوودڵی و بە بوێرییەوە بەرپرسیارێتی خۆمان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا جێبەجێ کردووە؛ داوا لە حکومەت و بەرپرسانی دەوڵەتیی ئاکەپە و مەهەپە دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بنێن. هەروەها پێویستە گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک تێکۆشانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕاگرتنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک کە خەریکی تێکدانی پرۆسەکەن.”

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانم کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەسەنتەری شارەکان بەفر دەبارێت. کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات کەشی ئەمڕۆ سێشەممە، 13-1-2026، بە گشتی هەورو باران بێ، لەگەڵ زیادبوونی خێرای با و دروست بوونی هەورە تریشقەو بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی دابارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دهۆک هەڵەبجە  زیاد دەبێت و هەندێ کاتیش دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و  لێزمە باران، هەروەها لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دابارین سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە.  هەروەها پلەکانی گەرماش 1 تا 2 پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ نزمدەبنەوە.   بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی هەولێر : 13پلەی سیلیزی  پیرمام : 10پلەی سیلیزی سۆران : 8 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  5پلەی سیلیزی    سلێمانی :  10 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ :  12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی  دهۆک :12 پلەی سیلیزی  زاخۆ  :13 پلەی سیلیزی  ئاکرێ :12 پلەی سیلیزی کەشناسی هەرێم پێشبینی کەشی سبەى چوار شەممەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کاریگەری شەپۆڵی باران بارین بەردەوامی دەبێت باران لە سەرجەم ناوچەکەمان دەبارێت، بە بڕی جیاجیا و لەگەڵ هاتنی بارستە هەوایەکی سارد و  نزم بوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما، هەروەها لە سەنتەری سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین  و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارینی دەبێت. کاریگەری ئەم شەپۆڵەش لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی چوارشەممە بە پلەی سیلیزی هەولێر : 8 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  2 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی   سلێمانی : 4 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 8 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 7 پلەی سیلیزی دهۆک :4 پلەی سیلیزی زاخۆ  : 5  پلەی سیلیزی ئاکرێ: 8 پلەی سیلیزی

یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکەی لالەزار لە سلێمانی دەڵێت، 17 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کراون.   قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "17 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار رێکارە یاساییەکانیان تەواو کراوە و لە زیندان ئازاد کراون و هاتوونەتە دەرەوە".   ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارانە دوای ئەوە دێت، کە "هیچ تۆمەتێکیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە".   بورهان رەشید گوڵە، یەكێکی دیکەیە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاربوو ژمارەیەک لە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن، بەڵام بە فەرمی ئازادکردنەکەیان بە من نەگوتراوە".   دوێنێ بۆ یەکەم جار، لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی. بورهان رەشید گوڵە، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ وردبینیکردن دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی نێردرا بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت".   شەوی 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.   دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە و گوتیان، بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە و کاریان لەسەر کردووە.

ڤیدیۆیەکی تازە بڵاوکراوەی دەنیز عەفرین، ئەو شەڕڤانەی تەرمەکەی لە بینایەکەوە فڕێدرا، دەڵێت: سەربڵندم و کەس زۆری لێنەکردووم ئەمە هەڵبژێرم. دەنیز عەفرین پێش ئەوەی شەهید ببێت، بە قەناسەکەی 15 بۆ 20 چەکداری دیمەشقی کوشتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەوترێت ئەو ڤیدیۆیەی کۆتا ڤیدیۆیەتی.  

 وەزارەتی بەرگریی سوریا رۆژئاوای فورات (دێرحافر و چەند ناوچەیەکی دیکە)ـی بە ناوچەی سەربازیی ناساند و دەڵێت، دەبێت هەسەدە بکشێتەوە بۆ بەشی رۆژهەڵاتی رووباری فورات. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبی سووریا لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکانەوە هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە دەوروبەری حەلەب (بە دیاریکراوی ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنە و دەوروبەریان) وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو دەستنیشان کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سوپای سووریا بڕیاری داوە ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی سوور لەسەر نەخشەکە دیاریکراون بەڕووی هاتوچۆدا دابخات. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە بۆ پاراستنی گیانیان لە بارەگا و شوێنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) دووربکەونەوە. هەر لەو هۆشدارییەدا، سوپای سووریا داوا لە تەواوی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەکات، دەستبەجێ پاشەکشە بکەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات. سوپای عەرەبی سووریا جەختی کردووەتەوە سوپا هەموو هێز و توانایەکی بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی چەکداری و ڕێگری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەوە. ئەم هەنگاوەی سوپای سووریا لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و سوپا ئامادەکاری دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر ناوچە ستراتیژییەکانی دەوروبەری حەلەب.