پەرلەمانى عێراق تاوتوێى یاسایەک دەکات بۆ دابینکردنى مووچە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەهۆى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێى پەسەندکردنى پرۆژە یاسایەکى نوێ دەکات لەژێر ناوى "پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان"، هاوشێوەى "یاساى ئاسایشى خۆراک" کە ساڵى 2022 پەسەندکرا.

پەرلەمانتاران پێیان وایە، پرۆژە یاساكە وەک رێگەچارەیەکی کاتییە بۆ گەرەنتیکردنى مووچە و بەشەخۆراکى مانگانە و خەرجییەکانى کارەبا و دابینکردنی پێداویستیی سەرەکیی هاوڵاتییانی عێراق و، دەخوازن ببێتە ئامڕازێکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کەمیی دارایی لە ناکاوی وڵات. لەبەرامبەردا بەشێکى تر لە پەرلەمانتاران پێیان وایە، خەرجکردنى یەک لەسەر 12 بەسە و پێویست بە دەرکردنى یاسای نوێ ناکات.

مورتەزا عەبود ئیبراهیمى، ئەندامى ئەنجومەنى نوینەرانى عێراق دەڵێت،  یاسای ئاسایشی خۆراک، ناکرێت ببێتە شوێنگرەوەی بودجەی گشتیی وڵات، بەڵام دەکرێت وەک رێگەچارەیەکی کاتی بۆ ئەم قۆناغە لێی بڕوانرێت بۆ دابینکردنی ماددە سەرەکییەکانى خۆراک و پاڵپشتی فۆڕمی خۆراک و گەرەنتی بەردەوامی پێدانی مووچە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و کەمئەندامان، هەروەها ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، لەگەڵ دابینکردن خەرجی گرنگی بەشێک لە دامەزراوەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم یاسایە تەنیا گرنگی دەخاتەسەر پێداویستییەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی خەرجی ناپێویست و ئیدارەدانی سەرچاوە داراییەکان. 

ئەو پەرلەمانتارە هۆشدارى دەدات، لەهەر دوا خستنێک بۆ چارەسەرکردنى ئەم قەیرانە، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆى کەڵەکەبوونى زیاترى گرفتە دارایی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکانى وڵات.

هاوکات، زولێخا ئەلیاس، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ده‌ڵێت، دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئێستا تەنیا لە بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەدا کورت بووەتەوە و ناتوانێت پڕۆژەی گەورە جێبەجێ بکات یان دامەزراندنی نوێ ئەنجام بدات.

هه‌روه‌ك پێشبینی دەرکردنی یاسایەکی دارایی فریاگوزاری کرد، بۆ دابینکردنی مووچە و قەرزەکان، یان پەنابردن بۆ قەرزی ناوخۆیی.

پرۆژه‌ یاساكه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنى كار و پرۆژه‌كانه‌ تا ئه‌وكاته‌ى ده‌توانرێت یاساى بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت. 

عودەی زاملی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران روونیکردووەتەوە، دەکرێت ئەو بڕە پارەیەی لە یاسای ئاسایشی خۆراک ماوه‌ته‌وه‌، وەبەرهێنانی پێوەبکرێت و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت، بۆ بەردەوامی کاری پڕۆژەکان و دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی هەلی کار، تاوەکو ئەو کاتەی بودجەی 2026 پەیڕەودەکرێت.

لای خۆشیەوە، زەهرا لوقمان ساعدی، پەرلەمانتار ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یاسایە رێکارێکی تایبەتە و خەرجییەکانی تەنیا بۆ مووچە، فۆرمی خۆراک و پڕۆژە بەردەوامەکان سنوردار دەبێت.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی، یاسای پاڵپشتی لە ناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان ژمارە 2ـی ساڵی 2022 بڕەکەی 25 تریلیۆن دینارە و پەرلەمانتاران پشتیان بەستووە بەو بڕە پارەیەی کە لەم یاسایە ماوەتەوە و دەکرێت ئێستا بەکاربهێنرێت بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و مووچەی کەمئەندامان و خانەنشینان و ئەو کەسانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کە ئەم رێکارانە تەنیا وەک هەنگاوی کاتی دەمێننەوە بۆ زامنکردنی بەردەوامیی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەڵام جێگەی نەبوونی بودجەی گشتی ناگرنەوە و وەڵامدەری پێداویستییى وەبەرهێنانە درێژخایەنەکان نین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار