هەندێک ئەگەر و رەواندنەوەی هەندێک نیگەرانی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
شێرکۆ کرمانج
ئەگەری زۆر هەیە، ئەمریکا لە دەوروبەری گەرووی هورمز، مارینز، واتە سەرباز، دابەزێنێت بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران لەسەر گەرووەکەی کردنەوەی گەرووەکە بەڕووی کەشتییەکان و باشتر پاراستنی وڵاتانی کەنداو.
ئەگەری زۆری هەیە کە هەر لەو ئانوساتدا هێزە کوردستانییەکان بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخل ببن، دیارە دوای لێدانی چڕی بنکەکانی پاسداران و بەسیج لە شارە کوردستانییەکان.
ئەگەری زۆرە کە بەلوچییەکانیش هاوشێوەی کوردستان هەنگاوی ڕزگارکردنی ناوچەکانی خۆیان بنێن.
ئەگەرێکی دیکەش هەیە، بەڵام زۆر نا، ئەویش جووڵەی عەرەبەکانی ئەهواز و ڕزگارکردنی ناوچەکانی خۆیانە.
ئەگەر ئەمانە رووبدەن، ئەوە ئێران نەشڕوخێت زۆر لاواز دەبێت. هاوکات، ئێرانی ناوک کەمێک دوورتر دەخرێتەوە لە ئیسرائیل و ئەو ناوچانە دەبن بە دابڕێک لە نێوان ئێران و عێراق، بەمەش جارێکی دیکە هیلالی شیعی دەپچڕێت و پێگەی ستراتیجی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزتر دەبێتەوە.
من پێم وایە ئەو قسەیەی عەرەب گوتویانە زۆر ڕاستە، الفرصة سریعة المرور بطیئة العودة، واتە هەلەکان خێرا تێدەپەڕن و درەنگ دەگەڕێنەوە. ئەوەی ئەمجارە بۆ کوردستانیانی رۆژهەڵات هەڵکەوتووە ٤٧ ساڵ پێش ئێستا جارێکی دیکە بۆیان ڕەخسا، ئەمجارە ئەم هەلە نەقۆزنەوە لەوانەیە پێویست کا ٥٠ ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەن.
ئەمریکا ئەمە بۆ چاوی رەشی کورد ناکات، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانی کورد تێکەڵ بە ئەمریکا و دژی داگیرکەرێکی کوردستان هەڵکەوت، گوناهە کە نەقۆزرێتەوە.
هیچ گرەوێک بێ مەترسی نییە، هەموو ئەو گرەوانەی کورد لەگەڵ ئەمریکا لە باشوور و لە ڕۆژاڤا کردویەتی مەترسیان لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام دواجار بە قازانجی کورد شکاوەتەوە.
ئەگەر ئەمریکا لە هەندێک قۆناغیشدا پاشەکشەی لە قسەکانی کردبێت بەڵام دواجار هەر کورد قازانجی کردووە. دۆخی رۆژاڤا سەرەڕای پاشەکشەکانی مانگی رابردوو هێشتا لە دۆخی رۆژاڤا پێش ٢٠١١ باشترە.
دۆخی باشوور سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵەنگارییانەی لە پێش حکومەتی هەرێم و ئەو هەموو خراپ بەکارهێنانەی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەڵام هێشتان نەک هەر لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ باشترە بەڵکوو لە تەمەنی عێراق دا دۆخی کورد هێندە باش نەبووە. ئەوە ئەگەر نەڵێم قەوارەی هەرێم هۆکاری هەرە سەرەکی پێشڤەچوونی ناسیونالیزمی کوردی و یەکبوونیی کوردە، کە دەرکەوتەکانیمان لەم چەند مانگەی رابردوودا دیت.
بۆیە گرەو لەگەڵ ئەمریکا نەک هەر هەڵە نییە، بەڵکوو زەروورەتە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە رەچاو بکەین کە دوای رووخانی رژێم ئەگەر کورد هاوپەیمانی ئەمریکا نەبێت ئەوە هەر دەکەوێتە ژێر پێی ئەوانەی دێنە سەر حوکم کە بەشی هەرە زۆرییان لەم رژێمەی ئێستا باشتر نین.
