لە چاوەڕوانی رۆژهەڵاتدا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕوا بهرزنجى
* بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پەیامی روون بوون بۆ راپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە نزیکەیی زۆرینەی سەربازگە گەورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومانکران، بەردەوامیش دەبێت، واتە هێزی سەربازی گەورە لەسەر زەویی رۆژهەڵات ناهێڵن، هەروەک ئاسمان، رۆژهەڵات بەدەست ئیسرائیلەوەیە.
* چهند رۆژه بۆردومانی ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی کراوە کە هێرشدەکەنە سەر هەولێر و غازی کۆرمۆ، بە تەواوی کەوتونەتە ژێر چاودێری و بۆردومان ئەگەرنا تا ئێستا زیانی زۆریان لە هەرێمی کوردستان دەدا.
ئەمەیش وادەکات گوشاری هەرێمی کوردستان لەسەر هێزەکانی رۆژهەڵات نەمێنێت بۆ جوڵەکردن بەرەو سنوور و چوونە ناو خاکی رۆژهەڵات.
* سەرەتا وادیاربوو دەیانویست خۆپیشاندان و راپەڕین لە تاران و دەوروبەری دەستپێبکات، بەڵام ناسیۆنالیستی ئێرانی بەجۆرێک پتەو و قوڵە لەو جەهەنمەی کۆماری ئیسلامی دروستیکردووە، وایكردووه هێشتا بێدەنگبن تا کورد و ئەوانیتر داوای مافی خۆیان نەکەن و خاکی خۆیان جیانەکەنەوە! بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە بارودۆخی رۆژهەڵات بەرەو دۆخی راپەڕین ببرێت.
* ئەگەر پلانەکە بەپێی ئەو لێکدانەوانەی ئەمڕۆ بڕۆن، نەورۆزی ئەمساڵ زووتر لە رۆژهەڵات ئاگرەکەی دەکرێتەوە. بۆیە ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵات پشتگیری و گەرەنتی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل_یان وەرگرتبێت، کاتی چونە ناوەوەیە بۆ رۆژهەڵات.
* لەم کاتەدا زۆر گرنگە بەرە یان سەرکردایەتیەکی سیاسی و سەربازی هاوبەش دروست بکەن، ئاڵا و رەمزی حزب لە هێزی چەکدار قەدەغە بکەن، دەبێت ئەزموون لە هەڵەکانی باشوور کە گەیاندینییە شەڕی ناوخۆ وەربگرن، هەروەک ئەزموون لە هێزی پەروەردەکراو وەک رۆژئاوای کوردستان وەربگرن، چونکە راستییەک هەیە هێزەکانی رۆژهەڵات لە ئاستی سیاسی و سەربازی لە دۆخێکی هەژارانەدان!.
* کەوتن و کۆتایی هەر دیکتاتۆرێک، رۆژێکی نوێیە لە مێژوودا، ئەم رۆژانە رۆژانێکی زۆر تایبەت و یادهێنەرەوەی سەدان رۆژیترن، ئەم رۆژانە شیعری شێرکۆ بێکەس_م زۆر یاد دێتەوە بۆ قاسملۆ و بۆ کاک فوئاد و شەرەفکەندی و دەیانیتر، ئەو جارێک لە شیعرێکیدا نووسی:
لەم رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا
لە سەرەوە بۆ خوارەوەى ئەم وڵاتانە
لە کۆنەوە تا ئێستا سێدارەکان چییان لە ئێمەدا کوشت
توانییان چی لە هاوارى شۆڕش و ئازادیمان کەم بکەنەوە
سێدارەکان توانییان شاهۆ بترسێنن؟
توانییان دەریاچەى وان و ورمێ بێدەنگ بکەن؟
توانییان چۆک بە پیرەمەگرون دابدەن؟
ئەوەى تا ئێستا سێدارەکان کردوویانە هەمیشە پێچەوانەکەى هاتوونەتهدی
کاروانمان درێژتر بوەتەوە و دەنگمان زوڵاڵتر و ئاپوورەمان چڕوپڕتر و گەورەتر
سێدارەکان ترساون
لە کورد ترساون
سێدارەکان بەزیون و ئێمە هەر ماوین
کۆماری سێدارەى ئیسلامیى ئێران پیر پیر بووە، بەڵام ورەی ئێمە هەر گەنج
کۆماری سێدارەى ئیسلامی خوار خوار بووەتەوە،
بەڵام ئێمە تازە وا خەریکین لە ملەى بەرزەوە دەست بۆ خۆر بەرین و دایگرینە سەر عەرز
لەم بەیانییەوە شەقامی هەرە گەورەی سنە بوو بە فەرزاد کەمانگەر
لەم بەیانییەوە گەورەترین باخچەى مەهاباد بوو بە شیرین عەلەم هولی
لە کازیوەى ئەمڕۆوە هەموو ئەو مناڵانەى لە دایکبوون ناوی فەرهادی وەکیلی-یان لێنرا
لەمڕۆوە
لە یەکەم گزنگی دەمەوبەیانەوە مەهدی ئیسلامییان بوو بە گۆمی وان
لە شەفەقی ئەمڕۆوە عەلی حەیدەریان بوو بە تاقەوسانى کرماشان
دە فەرمون سنە لەسێدارە بدەن
مەهاباد سەربڕن
دە فەرمون مەهێڵن مناڵانى ئێمە لە دایک بن
دە فەرمون مەهێڵن باران ببارێ و مەهێڵن گیا سەوز بێ و مەهێڵن زەوی بژی
من ئیتر لەمڕۆوە عاشقی چاوانى شیرین عەلەم هولیم
لەمڕۆوە هەرچی شیعرم هەیە ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانى، بۆ باڵاى شیرین عەلەم هولی
لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم
لە ئێستەوە من نینۆکی پەنجەى ئەوم
لە ئێستەوە من ئیتر ئەبمە ئەو جووتە پێڵاوەى، کە دواجار لە پێى کرد و پێى چووە سەر سێدارە
لە ئێستەوە من بازنەى بەجێماوی دەستى شیرین عەلەم هولیم
کۆماری سێدارەى ئیسلامى چیى لەسێدارە نەدا
لە خەنەوە بۆ شیعر، لە شیعرەوە بۆ ژن، لە ژنەوە بۆ نان و بۆ ئاو و بۆ گوڵ و بۆ کانی…
کۆماری سێدارەى ئیسلامى ئەوەى ناتوانێ، هەرگیز هەرگیز
لەسێدارەى بدا
ئایندەیە و ئازادی
