خۆری رزگاربوونی كورد، لە پارچەیەكی دیكەی دەركەوتووە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر
پێدەچێت لەماوەی زۆر نزیكدا گۆڕانكاریی گەورە لەسەر زەوی لە خاكی ئێران رووبدات. بە هەندێك ئامادەكارییەوە جموجۆڵی جەماوەریی لە كوردستان و دواتر لە بلوجستان واتە لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەستپێبكات. ئەو پەیوەندیكردنانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردایەتی حزبە سەرەكییەكانی باشور و رۆژهەڵات، جارێكی دیكە ئەو راستییە دووپاتبویەوە هەم ئەمریكا جگە لە كورد هیچ پێكهاتە و گروپێكی چەكداریی لە ناوچەكە بەدەستەوە نییە لەسەر زەوی تا شەڕ بكات و هاوكاربێت بۆ ئەجێنداكەی، هەمیش كوردیش بێدەرەتانە و تاكە میللەتە سەدان ساڵە لەژێر چەپۆكی زوڵم و ستەمكارییەو هەر دەرفەتێك بێتە پێشەوە لە دەستی نادات، كوردیش گوتەنی "ئاو بردی، دەست بە دەسكە پوشیشەوە دەگرێت بۆ رزگاربوون لە خنكان".

بەدڵنیاییەوە بەشداریكردنی كورد لەم گۆڕانكارییە ریسككردنە بە چارەنوسی خۆی نەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكو ریسككردنە بە دۆخی باشوری كوردستانیش! چونكە ئەمریكا جێی متمانە نییە و ناجسنە، بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ رێز لە هیچ بەهایەكی مرۆیی و چارەنوسی میللەتان ناگرێت، ئیدارەیەكی چەقاوەسووە و بەدوای بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا وێڵە، هیچ بەدوورنازانرێت رۆژێك بێت ئاوها كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بە دەردی رۆژئاوای كوردستان ببات كە هێشتا مانگێك بەسەر رووداوەكانی تێنەپەڕیوە.
 
لەدوایین سەردانیدا بۆ هەولێر و سلێمانی بەر لە 10 رۆژ، لە كۆبونەوەكانیدا، هەردوولا بەشێك لەو راستیانەیان رووبەروو گەیاندە ئەمریكا. لەو سەردانەدا تۆم باراك داوای هاوكاریی لەكورد كرد، پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی ترەمپ و سەركردایەتیی حزبە كوردستانیەكانیش لەوێوە دروستبوو. بەپێی زانیاری لەو دیدارانەدا كە لە بەشێكی مەزلوم عەبدی ئامادەی بوو، هەمووان مەترسیی بەشداریكردنی هەرێمی كوردستانیان لەم بارودۆخەدا خستبووەڕوو.

لە دیدارەكاندا بە تۆم باراك-یان راگەیاندبوو كە هەرێمی كوردستان سەدان كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە مەترسییەكی گەورەیە بۆ هەرێمێك كە لاوازە و توانای رووبەرووبوونەوەی هێزێكی هەرێمی وەك ئێرانی نییە، بۆیە توانای هیچ هاوكارییەكیان نییە ئەگەر ئەمریكا گرەنتی نەكات. ئەگینا كورد هەمیشە هاوپەیمان و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەمریكا هەبووە.

بەپێی زانیاریی پێیان راگەیاندبوو هەرێم سیستمی دژە موشەك و فڕۆكەی نییە تا بتوانێت بەر لە پەلاماری ئێران بگرێت، هەروەك هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە زۆر لاوازە و مانگانە چاوەڕێی موچەی بەغدایە، بۆیە ئەگەر ئێران لەڕێی بەغداوە موچە لە هەرێم بگرێتەوە ئەوا دیسان گرفتی گەورە دروست دەبێت! هاوكات بە ئەمریكایان راگەیاندبوو كە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان ئەوانی زۆر ترساندووە كە هێشتا مانگێك بەسەر رووداوەكانیدا تێنەپەڕیوە، بۆیە ئاسان نییە متمانەكردن. پێشتریش لە دیدارەكەی سەڵاحەدین لەنێوان بارزانی و تاڵەبانی بەر لەسەردانی تۆم باراك، هەردوولا رێككەوتبوون لەسەر هەماهەنگیكردن سەبارەت بەهەر ئەگەر و پێشهاتێكی ناوچەكە، بەڵام جگە لەپرسی هەماهەنگیكردن، تائێستا ناوەرۆكی ئەو كۆبونەوەیە نەزانراوە.
 
ئەوەی زۆر گرنگە سەركردایەتیی حزبەكانی كوردستان بەتایبەت پارتی و یەكێتیی كە هێزی پێشمەرگە و ئاسایشیان بەدەستەوەیە، هەوڵبدەن هەرچی زووە كابینەی نوێ دروستبكەن و شەرعیەت بگەڕێننەوە بۆ حوكمڕانیی هەرێم. لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە پێویستە چاوێكیان لە ناوچە جێناكۆكەكان بێت كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە 2017 لەلایەن شیعە و ئێران پەلاماردرا و داگیركرا.
 
ئەوەی پێشبینی دەكرێت، سەرەتای گۆڕانكارییەكانی ئێران لەسەر زەوی، لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەمزوانە دەستپێدەكات. چونكە زەمینەی ئامادەبوونی جەماوەریی بۆ راپەڕین و گۆڕانكاریی و رووبەروویوونەوەی رژێمی ئێران هەیە. ئەگەری زۆرە دواتر لە ناوچەی بلوجستانیش دەستپێبكات كە دەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. دواتر خوزستان یاخود عەرەبستانی ئێران بە هاوكاریی ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی.

خەڵكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چاوەڕوانیی راپەڕینێكی سەرتاسەرین بە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات و تیمی تایبەت ئەمریكا لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە لەماوەیەكی زۆر نزیك.

ئەم هەنگاوەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دوو مەبەستی سەرەكییە، یەكەمیان دوورخستنەوەی بنكە و سەكۆ موشەكییەكانە رژێمی تارانە بۆ قوڵایی خاكی ئێران و كەمكردنەوەی مەترسیە بۆسەر ئیسرائیل، دووەمیشیان بەرتەسككردنەوەی سنوری قەڵەمڕەوی رژێمی حوكمڕانی ئێرانە بۆ ناوچە دوورەدەستەكانی سنوری عێراق سەرئەنجام لاوازكردنیەتی بۆ قۆناغی رووخاندن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار