هاوڵاتی ئاری هەرسین دەڵێت: "وەزارەتی خوێندنی باڵا و دارایی، ئەرکیانە کە هەم کێشەی دەرماڵە و هەم خزماتگوزاریەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر ئیش لەکاتی خۆیاکرا، بەم جۆرە نابێتە بارخانە". ئەمرۆ شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021 ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە لە بڵاوکراوەیەکیشدا دەڵێت، "بەندە خۆپیشاندان بە مافێکی ڕەوای چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ئەزانم. خۆپیشاندان کەرەسەیەکی مەدەنیانەی دەربڕینی ناڕەزاییە. بەڵام ئەگەر توندوتیژی تێکەوت، ئیتر لە قاڵبی مەدەنیەت دەر ئەچێت و ئەبێتە قانون شکێنی. ئیتر ئەگەر ئەم توندو تیژیە خۆپیشاندەران لێی بەرپرسیار بن یان لایەنی ئەمنی". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ جیاوازیەکی نیە، خۆپیشاندانی خوێندکاران مافێکی ڕەوای خۆیانە، بەڵام نابێت ڕێگە بدەن لایەنێک یان چەن لایەنێکی سیاسی، بەمەبەستی دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێم و دروستکردنی فەوزا و شەڕی سەر جادە سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکە بکات بۆ مەرامی سیاسی خۆی". ئەوەشیختۆتەڕوو، "وەزارەتی خوێندنی باڵا و دارایی، ئەرکیانە کە هەم کێشەی دەرماڵە و هەم خزماتگوزاریەکان چارەسەر بکەن. تەنسیقی نێوان پارێزگار، بەڕێوەبەرە گشتیەکان، شارەوانی و دام و دەزگا ئەمنیەکان ئەبێت باشتر بکرێن، بۆ ئەوەی ئیش کەڵەکە نەبێت و کاتێک خەبەر یان بێتەوە کە، تەختە خەوەکانی خوێندکاران شکاون، گەرم کەرەوەیان نیە، ئاوی خواردنەوەیان پیسە و غازیان نیە، ئەگەر ئیش لەکاتی خۆیا کرا، بەم جۆرە نابێتە بارخانە". ئەوەشی وتووە، "دواجار سوکایەتیکردن بە توێژ، چین، یان گروپێکی بەرچاوی کۆمەڵگە، وەک سوکایەتی کردن بە هەموو کۆمەڵگە وایە، لە ڕاستیا ئەو کەسانە سوکایەتی بە خوێندکاران ئەکەن، کە خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا ئەبەن و کچ و کوڕی خەڵک بە کوشت ئەدەن و، دواتریش ئەچنە تەعزێکانیانەوە و بەنزین بە ئاگری جگەری دایک و باوک و کەسوکاریان ئەکەن".
هاوڵاتی وهزارهتی دارایی رایگەیاند:" رۆژی یهكشهممه 28ی تشرینی دووهمی 2021، مووچهی دیوانی وهزارهتی پێشمهرگه و لیواكان دابهش دهكرێت". ئهمڕۆ شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021، وهزارهتی دارایی دهستی به دابهشكردنی مووچهی ئهم مانگه كرد، ههر ئهمڕۆ خشتهی دابهشكردنی مووچهی رۆژی یهكشهممه 28ی تشرینی دووهمی 2021ی بڵاوكردهوه. وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێم رایگهیاند، رۆژی یهكشهممه 28ی تشرینی دووهمی 2021، مووچهی دیوانی وهزارهتی پێشمهرگه و لیواكان دابهش دهكرێت.
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی بەریتانی-عێراقی کرد و رایگەیاند:" کاردەکەن بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووریی و سەرچاوەکانی داهات و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان، ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە ناوچەکەدا". رۆژی شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بارۆنێس ئێما نیکلسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی بەریتانی-عێراقی IBBC و شاندێکی یاوەری کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و کارکردن بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات کردووە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئامانجمان ئەوەیە هەرێمی کوردستان، ببێتە سەنتەرێکی بازرگانیی گرنگ لە ناوچەکەدا". لە دیدارەکەدا بارۆنێس نیکلسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی بەریتانی-عێراقی کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنەکەیان خستەڕوو بەتایبەتی دوا کۆنفرانسیان کە لە شاری دوبەی ئەنجامدرا، کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی مەلا بەختیار ڕایگەیاند:" دەرماڵەی خوێندکاران بە 10ملیۆن دۆلار چارەسەر دەبێ، مەسول هەیە 500ملیۆن دۆلاری دزیوە". ئەمڕۆ شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵاى سياسى و بەرژەوەندی یەكێتی لە كۆنفڕانسی دابڕان لە سلێمانی ڕایگەیاند، "یەكێتی و پارتی نزیكەی 700 هەزار دەنگ كەمیان كردووە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەڕلەمانە، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت". وەک ئاماژەدان هۆشدارییەک بە بەرپرسان ئاماژەی بەوەشکرد، "یان بەرپرسیارێتی یان لەدەستدانی متمانە"، دەربارەی دەرماڵەی خوێندكاران وتی،"دەرماڵەی خوێندكاران 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت، كە هیچ نییە و مەسئولی وا هەیە 500ملیۆن دۆلاری دزیوە، بێ لە پارەی ژێرزەمینەکان و پارەی دزراو بۆ دەرەوەی ووڵات و پارەی کۆنتڕۆڵی گومرکەکان کە خەڵک هەمووی دەزانێت". ئەوەشی وت، "مەسئول هەیە 200 ملیۆن دۆلاری دزیوە، هەیە 500 ملیۆن دۆلاری دزیوە، ئێستاش دەیڵێمەوە پارەی ژێرزەمینەكان دەربهێنن و پارەی دەرماڵەی خوێندكارانی لێبدەن". مەلا بەختیار وتیشی، "جێگای خەفەتە لەوڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو کوردستاندا گەنجانمان وڵاتەکە جێدەهێڵن".
هاوڵاتی زۆربەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدان سزاكانی سەر بیلاڕوسیا زیادبكرێت لە بابەتی پێشێلكاریەكان بەرامبەر بە كۆچبەران. وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا ڕایگەیاند:"ئێمە رێککەوتن لەگەڵ کەسێکدا ناکەین کە فەرمانڕەوای دانپێدانراوی وڵات نییە. با بە بیرت بێنمەوە کە هاوینی رابردوو لە بێلاڕوسیا چی رویدا؛ ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ وەکو سەرۆکی وڵات هەڵنەبژێردرا، خەڵکەکەی و یەکێتی ئەوروپاش رەتیدەکەنەوە". ئەمڕۆ شەممە، 27ی تشرینی دووهمی 2021، ویتۆڵد ویشکۆڤسکی، وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا وتی، "ئێمە رێککەوتن لەگەڵ کەسێکدا ناکەین کە فەرمانڕەوای دانپێدانراوی وڵات نییە. با بە بیرت بێنمەوە کە هاوینی رابردوو لە بێلاڕوسیا چی روویدا؛ ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ وەکو سەرۆکی وڵات هەڵنەبژێردرا، خەڵکەکەی و یەکێتیی ئەوروپاش رەتیدەکەنەوە." یەکێتی ئەوروپا لە پرسی کۆچبەراندا پشتیوانی لە پۆڵەندای ئەندامی دەکات. راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر بێلاڕوسیا لێشاوی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا نەوەستێنێت، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن. ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "لە بەرنامەماندایە سزای زیاتر بەسەر لوکاشێنکۆدا بسەپێنین، ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێکی رون دیار نەبوو کە تا ئێستاش هەر بەو جۆرە بەردەوامە. ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو شتەی کە ئەڵمانیا و پۆڵەندا هیوای بۆ دەخوازن." بەگوێرەی داتاکانی سەنتەری پیوی ئەمریکی، ساڵی 2015، ملیۆنێک و 300 هەزار کۆچبەر گەیشتبوونە نێو 28 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا، کە زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بوون. وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا لەو بارەوە گوتی، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چیدیکە ئامادەنین ئەو شتە دووبارە بکەنەوە بۆیە ئێستاش پاڵپشتی لە هەڵوێستی پۆڵەندا دەکەن. ویتۆڵد ویشکۆڤسکی ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا هەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆریان نایانەوێت خۆیان لەگەڵ ئێمە بگونجێنن؛ ئەوان کار ناکەن و لەسەر ئەرکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەژین. بۆیە نامانەوێت ئەو هەڵەیەی ساڵانی 2015 و2016 دووبارە بکەینەوە." دوای ساڵێک لە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ لوکاشێنکۆ، لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەنگێلا مێرکل دوو جار پەیوەندی پێوەکرد بۆ ئەوەی لەسەر وەستاندنی لێشاوی کۆچبەران بگەنە رێککەوتن. ویتۆڵد ویشکۆڤسکی رەخنە لەو کارەی راوێژکارە ئەڵمانییەکە دەگرێت، چونکە پێیوایە مێرکل بەو کارەی، رەوایەتی بە سەرۆکایەتی لوکاشێنکۆ داوە و ئامانجی سەرۆکی بێلاڕوسی بەدیهێناوە کە بە گوتەی خۆی دەیویست کۆچبەران وەکو گوشار بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەوروپییەکان ناچار بکات لەگەڵیدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن.
هاوڵاتی راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیاری لەبارەى هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی ئاشکرادەکەین". موشریق عەباس، رۆژنامەوان و راوێژکاری سیاسی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین بەڵگە و زانیاریی، لەبارەى هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاودەکەینەوە". هاوکات، له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی تویتهر، ئهو راوێژكارهی كازمی نووسیویهتی، "له رۆژانی داهاتوودا بهشێك له راستییهكان، ڤیدیۆ، وێنه و بهڵگه لهبارهی پرۆسهی ستهمكارییهكهی بهئامانجكردنی مستهفا كازمی، سهرۆكوهزیرانی كۆماری عێراق لهلایهن تیرۆرستانهوه ئاشكرا دهكرێن". ههروهها ئەوەشی نوسیوە، "ههوڵه چهواشهكارییهكان بۆ ئێمه گرنگ نییه، ههروهك بهداخهوهین بۆ ئهوانهی دهكهونه ژێر كاریگهری ئهو ههوڵانه، راستییهكان نامرن". ئەو قسانەی ڕاوێژکارەکەی کازمی لە کاتێکدایە، شەوی 7/11/2021، لە رێگەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هێرشکرایە سەر شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ژمارەیەک لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.
هاوڵاتی سوپای توركیا بە مووشەك هێرشی كردە سەر ناوچەیەكی ستراتیجی لەناوخۆی سووریاو زیانێكی زۆری پێگەیاند. بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی سانا، ئەمڕۆ هەینی سوپای توركیا بەهاوكاری گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی خۆی لەسووریا، چەند مووشەكێكی ئاراستەی دەوروبەری رێگەی نێودەوڵەتی ئێم فۆرو گوندەكانی سەر بە شاری رەققە كرد. ئاژانسەكە ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی ئەو هێرشەی سوپای توركیا، زیانێكی زۆر بەناوچە بۆردومانكراوەكە گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە. سوپای توركیا كە بەزەبری هێز بەشێك لەناوچەكانی سووریای داگیركردووە، ناوبەناو لەرێگەی ئەو گروپە تیرۆریستانەی كە خۆیان بە لایەنگری ئەنكەرە دەزانن، هێرشی سەربازی دەكاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو حكومەتی سووریا.
هاوڵاتی هەفتەی داهاتوو لە سەرجەم بەش و کۆلێژەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین) دەوام راگیرا و پشوو دەبێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز کە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستیکەوتووە، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی خوێندکاران و بە هەندوەرگرتنی داواکاری کەسوکاری خوێندکارەکان، بڕیاردراوە تا رۆژی 2ی مانگی داهاتوو دەوام رابگیرێت. بەرپرسانی خوێندنی باڵا دەڵێن، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و هەلومەرجی قۆناغەکە و ڕەچاوکردنی سەلامەتی گیانی خوێندکاران و بە هەندوەرگرتنی داواکاری کەسوکاری خوێندکارەکان، بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو دەوامی خوێندنی زانکۆ لە سەرجەم بەش و کۆلێژەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین) رابگیرێت. ماوەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانی ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە شارەکانی سلێمانی رانیە، هەڵەبجە، کەلار و هەولێر دەستیپێکردوە و خوێندکاران داوای باشتکردنی ژیانیان و پێدانی دەرماڵە دەکەن.
هاوڵاتی بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بەرپرسانی ئاسایش سەردانی ماڵی ئەو خوێندکارەیان کرد، کە لەلایەن کارمەندێکی ئەمنیەوە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بە شەق لەسەری درا لەڕاگەیاندراوێکدا، ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند":لیژنەیەکی ئاسایش سەردانی ئەو خوێندکارەمان کرد کە لەلایەن کارمەندێکی ئەمنیەوە شەقی لێدراوە". لەڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە ئەو لیژنەیە داوای لێبورنیان لە خوێندکارەکە کەسوکاری کردووە.
هاوڵاتی دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستاون كە بریتییە لەپاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەكان. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاند: " لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە بەناوی یاسای (ڕێكخستنی خۆپیشاندان) ژمارە 11ی ساڵی 2010، بەپێی ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێكی یاسایی و دەستورییە، هەر خۆپیشاندانێك لە هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەكانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەركی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵكی گشتی ئەستۆ دەگرن لە كاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان". دیندار زێباری وتیشی: "لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستاون كە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەكان و پشتیوانیكردن لە داوا رەواكانیان بەشێوەیەكی مەدەنی، لەلایەكی دیكەوە زانكۆ و دامەزراوە فەرمییەكان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەكەن و داوا دەكەن كە خۆپیشاندەران بەشێوەیەكی ئاشتیانە گوزارشت لە داواكانیان بكەن و هیچ لایەك پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی". رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد: "بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەكان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكان زیان بەر بەشێك لە ماڵ و موڵكی گشتی و بارەگای حزبەكان كەوتووە و هەندێك شوێن سوتاوە، لە هەمان كاتدا لیژنەی بەدواداچون پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە و ئەو كەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر كراوە".
شاناز حەسەن دوای نزیکەی دوو مانگ لەگیرخواردنیان بەهۆی بەهەڵە رۆشتنیان بۆ کەناراوەکانی لیبیا، ئەمڕۆ هەینی 40 کۆچبەری کورد لەلیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان کە دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تێچووی گەڕانەوە و رێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجامداون. ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە هاوڵاتی وت:" ئەو کۆچبەرانە لەکاتی گەشتکردنیان لەرێگەی یەختەوە بۆ ئیتاڵیا بەهۆی تێکچوونی یەختەکەیان و شەپۆلی دەریاوە لە کەناراوەکانی لیبیا گیرساونەتەوە، لەو وڵاتەش لەلایەن هێزەکانی خەلیفە ئەفتەرەوە دەستبەسەرکراون. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای زیاتر لە مانگێک و 15 رۆژ دەستبەسەرکردنیان لەلیبیا، دەزگای لوتکە بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم توانیویەتی سەرجەم رێکارەکانی گەڕانەوەیان تەواو بکات و لەبەنغازییەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ قاهیرە و لەوێشەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی مەسعود قەرەخانی، ئەندامی پەرلەمانی نەرویج لە پارتی سۆشیال دیموکراتی کرێکار رۆژی پێنجشەممە بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. قەرەخانی لە ساڵی 2017ـەوە ئەندامی پەرلەمانە و جێگەی ئاوا کریستین هانسن، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی نەرویجی گرتەوە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەژێر گوشاری رای گشتی بە گومانی بەکارهێنانی نایاسایی ئاپاڕتمانێکی پەرلەمان لە ئۆسلۆ ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە. ئەو سیاسەتڤانە بەشی رادیۆلۆژی تەواوکردووە و پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، لە بەشی رادیۆلۆژی نەخۆشخانەکان کاری کردووە. ئەو لە خێزانێکی خەڵکی پیرانشارە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان. ساڵی 1982 لە تاران لە دایکبووە و ساڵی 1987 کۆچیکردووە بۆ نەرویج و لەوێ وڵاتینامەی نەرویجی پێدراوە. مەسعود قەرەخانی دوای هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی پەرلەمانی نەرویج لە پەیامێکدا لە فەیسبووک ستایشی دیموکراسی لەو وڵاتەی کرد کە رێگەیداوە کەسێکی پەنابەر ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان. قەرەخانی دەشڵێت: لەگەڵ دایک و باوکی دوای شۆڕشێکی ناسەرکەوتوو و شەڕ ئێرانی جێهێشتووە، دوای گەشتێکی دوور و درێژ بێ ئەوەی یەک دۆلاریان لە گیرفاندا بێت، خۆیان گەیاندووەتە نەرویج. قەرەخانی دەڵێت، دایک و باوکی سەرەتا بە کۆکردنەوەی شیلک دەستیان بەکارکردووە و ئێستا دایکی ئەزموونی 25 ساڵ مامۆستایەتی هەیە و باوکیشی بەرپرسێکی شارەوانییە. دوای پاشای وڵات، سەرۆکی پەرلەمان لە نەرویج دووەم دەسەڵاتداری باڵای وڵاتە. مەسعود قەرەخانی دەڵێت، وەکو سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەموو پەرلەمانتاران و حکومەت کار دەکات تاوەکو متمانەی گشتیی خەڵک بۆ دەسەڵات زیاتر بگەڕێنێتەوە. دەشڵێت، ئەوە کارێکی ئاستەمە، بەڵام پێویستە بیکەن بۆ ئەوەی دیموکراسی نەرویج بەردەوام بێت.
هاوڵاتی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بوون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن. لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن. لێرەوە بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.
هاوڵاتی بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تێیدا کەسێک بە گریانەوە دەڵێت، عەقید موراد کانی کوردەیی کوژراوە. عەقید موراد کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە نەبراوەتە نەخۆشخانە. تاوەکو ئێستاش دیار نییە کە گیانی لەدەستدابێت، بەڵام بە سەختی برینداربووە. سەرچاوەیەک لە ئاسایشی ڕانیە بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:" تا ئێستا نازانرێت عەقید موراد گیانی لەدەستداوە یان بریندارە، چونکە تەنیا سەیارەکەی لەبەردەم بانکی ڕانیە بەجێ ماوە و شوێنی فیشەکی پێوە و خوێناوییە". سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد لەدوای ڕوداوەکە دووان لە پاسەوانەکانی بە برینداری براوەتە نەخۆشخانەی رانیە. سەرچاوەکە وتیشی": لەئێستادا لەگەڕان و بەدواداچونەکان بەردەوامیین و زانیاری ڕاست و دروست ڕادەگەیەنێنین".
هاوڵاتی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی پێشوازی لە یڤیس دوڤال، لێپرسراوی نووسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی، ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا کردووە. بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "پێشوازی لە ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێک دەکەین کە بنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک." بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دەرباز کۆسرەت رەسوول، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشوازی لەو بەرپرسە کردووە. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "پێشوازی لە ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێک دەکەین کە بنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، کاری لەپێشینەی یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەییە لە بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆمان و چاکسازییەکانی ناو رێکخراوەیی و حکومەتیش ھەر لەو پێناوەدایە."
