هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوشانە پۆڵەندییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسیان لە دۆخی کۆچبەران لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا - پۆڵەندا کرد. نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی, سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشتووە و هەردوولا باسی چەند پرسێکیان کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی مستەفا کازمی، هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی دوو قۆڵی عێراق و پۆڵەندا و عێراق و یەکێتی ئەوروپا کردووە و باسیان لە پەرەدان بەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکان کردووە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو پەیوەندییەدا تاووتوێی رێگەچارەکانی نەهێشتنی ئەو ئازار و نەهامەتییانە کراوە کە عێراقییە گیرخواردووەکانی سنووری پۆڵەندا بەدەستیانەوە دەناڵێنن؛ جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت ئەو کۆچبەرانە شکۆیان بپارێزێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن. بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەت سوورە لەسەر وەبەرهێنانی پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو هاوئاهەنگیی زیاتری هاوبەش لە داهاتوودا. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە هەزاران کۆچبەر لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا - پۆڵەندا گیریانخواردووە. هەروەها رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 یەکەم کاروانی بەشێکی ئەو کۆچبەرانە ئارەزوومەندانە گەڕانەوە عێراق و 95%یشیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی 2,000 کۆچبەری سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا وەربگرێت و دەڵێت لەو بارەیەوە پەیوەندیی بە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە و هەواڵەکەی بە ناراست باسکردووە. رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 هۆرست سیهۆفەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی، کە لە وارشۆ بەڕێوەچوو رایگەیاند ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن گوایە 2 هەزار کۆچبەر لە بیلاڕوسیاوە رێگایان بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بچنە نێو وڵاتانی ئەوروپا و ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک کۆچبەر نیشانداوە دوورە لە راستییەوە و گوتی: "هەوڵدەدرێت بە "هەواڵی ناراست" گوشار بکرێت. رۆژی پێنجشەممە لە سەروبەندی گەڕانەوەی 431 کۆچبەری کورد و عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ناتالیا ئیزمۆنت، گوتەبێژی سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاند: "یەکێتیی ئەوروپا رێڕەوێکی مرۆیی بۆ 2000 پەنابەری نێو کەمپەکان دەکاتەوە. ئێمەش هێندەی پێمان بکرێت و ئەگەر کۆچبەران خۆیان بیانەوێت، بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی 5000ـەکەی دیکە دەگرینە ئەستۆ". وتەبێژەکەی سەرۆکی بیلاڕوسیا وتیشی، ئەنگێلا مێرکل گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی رێڕەوە مرۆییەکە بکرێتەوە تاوەکو کۆچبەران لە رێگەیەوە بگوازرێنەوە ئەڵمانیا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا هیچ کاردانەوە و لێدوانێکی لەبارەی ئەو هەواڵە نەبووە. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە گەیشتەوە هەولێر کە لەکۆی 431 کۆچبەر، نزیکەی %95 یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت و باسیان لە پرسی کۆچبەرانی سەر سنووری وڵاتەکە لەگەڵ بێلاڕووس کرد، لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "هەردوولا هاوڕا بوون کە کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی رێکخراو". ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت. بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕوسیا - پۆڵەندا تاووتوێ کراوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی رەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هەن و لە بارودۆخێکی سەختدان". سەرۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و باشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوە، وتیشی "بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکیی نێوان بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا". ئاماژەی بەوەش داوە، هەرێمی کوردستان ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر. مەسرور بارزانی و ماتێیۆش مۆراڤیتسکی گفتوگۆیان دەربارەی رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد، هەردوولا هاوڕابوون کە "کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانیی تاوانێکی رێکخراو"، لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو رێکارانەی کرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و رێکاری تووند و پێویست لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش دەربڕیوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو رێکارانەی پێویستن بۆ "رێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ"، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە بێلاڕووس، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا، "ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە رێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن".
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" یەکەم کاروانی کۆچبەران دەگەڕێتەوە هەولێر کە نزیکەی 95%ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. هاوکات ناونوسین بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان و وتیشی، تاوەکو ئێستا 10 قاچاخچی دەستگیرکراون. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وتەی د. جووتیار عادل، سزای هەر کەسێک دەدات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە "فێڵ و قاچاخ" بباتە وڵاتانی دیکە. وتیشی، "با خەڵک ئاگاداری فێڵی قاچاخچییەکان و بازرگانی سیاسی بن." حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەگەرمی" پێشوازی لە کۆچبەرە گەڕاوەکان دەکات، هاوکات "هەموو ئاسانکارییەک" دەکات تاوەکو ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. وتەبێژی حکومەت باسی لەوە کرد کە چەند لایەنێک ویستوویانە ئەو بابەتە بە سیاسی بکەن و بۆ "لەکەدارکردنی" نێوبانگی هەرێمی کوردستان بیقۆزنەوە، گوتی، "بەڵام خۆشبەختانە ئەو ئەنجامە بەدی نەهات و هەموو راستییەکان دەرکەوتن." دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانە بوونەتە "قوربانیی دەستی قاچاخچێتی." وتەبێژی حکومەت "دڵنیایی" دایە هەموو دۆستەکانیان لەسەر ئاستی عێراق و ئەوروپاش کە هەوڵیان داوە و درێخی ناکەن لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو جۆرە کۆچکردنە. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ و ساڵی رابردوو رێژەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە کەمتر بووە، "بەڵام بەداخەوە، هەندێک کەس و لایەن بابەتی کۆچکردنیان بەستەوە بە پرسی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، کە هیچ بنەمایەکی نییە. بێگومان ئەوانەی رۆشتوون، فریودراون و فێڵیان لێکراوە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە". لەبارەی ئەو کۆچبەرانەی کە کێشەی پاسپۆرتیان هەیە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق هەماهەنگییان هەیە و ئەو کەسانە "ڤیزا پاسیان بۆ دروستکراوە و لە غەرامەی دواکەوتنی ڤیزاکەشیان بەخشراون". رۆژی دووشەممە 08-11-2021 لێشاوێکی کۆچبەران بۆسەر سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا دەستیپێکرد بەمەبەستی پەڕینەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام پۆڵەندا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران سوپا و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی جووڵاند. بەهۆی سەرما و برسێتی و تینوێتی و سەختیی رێگەکە، بەشێک لە کۆچبەران بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دا و بەشێکیشیان هێشتا لەسەر سنوور و نێو کەمپەکانی بێلاڕووس کە لەسەر سنووری وڵاتەکەی بۆی دروستکردوون، ماونەتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی کارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پرۆژەی پێوەری زیرەک، رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا، بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆچوو کێڵگە نەوتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نێوان هەرێم و عێراق شاندی پایەبەرز دەنێرێتە هەرێمی کوردستان". ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پۆختەیەک سەبارەت بە کەرتی کارەبای هەرێم خستەڕوو، ''ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی پیشاندا بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق سوودمەند بن.'' ئەوەشخراوەتەڕوو، ''لە پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کەی ڤی لە تورکیاوە بۆ کوردستان و عێراق کرد کە لە تەواوبوون دایە.'' وەزیری کارەبای عێراق بۆ سەردانکردنی بەغدا بانگهێشتی وەزیری کارەبای هەرێمی کرد و بۆ دابینکردنی کارەباش بۆ ناوچەکانی مادەی 140 سوپاسی کرد. باس لە دامەزراندنی وێستگەی کارەبای شێخان کرا کە بودجەکەی لەلایەن عێراقەوە دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. بڕیاریاندا کەشفی بۆ بکرێت و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت. هەروەها باس لە قەزای بەردەڕەش و چەندین قەزا و ناوچەی دیکەی هاوشێوە کرا.
شاناز حەسەن بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند:" لەكاتژمێر 6ی ئێوارە بەدواوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی یەکەمی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە دەگاتە هەولێر". ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" لەكاتژمێر 6ی ئێوارە بەدواوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی یەکەمی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە دەگاتە هەولێر". فڕۆکەکە تایبەتە بە هێڵی ئاسمانی عێراقی و 300 کۆچبەری هەڵگرتووە، سەرنیشنانی نێو فڕۆکەکە، کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقن، کە دوای بێئومێدبوون لەوەی پۆڵەندا سنووری یەکێتیی ئەوروپایان بەسەردا بکاتەوە، بڕیاریانداوە بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە. رۆژی 11ی تشرینی دووەم باڵێۆزخانەی عێراق لە بێلاڕووس رایگەیاند ئامادەیە گەشت بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانە رێکبخات کە دەیانەوێت لە بێلاڕووسەوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی کارئاسانکاری بۆ ئەو مەبەستە نیشانداوە، پەرلەمانی کوردستانیش بەنیازن لەبارەی دۆخی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلاڕووس سەردانی چەند وڵاتێک و ئەو کۆچبەرانە بکەن، شاندەکە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی رەزامەندی حکومەتی پۆڵەندان. بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق، 3000 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندان کە زیاتر لە 1000 کەسیان خەڵکی باشووری کوردستانن.
راپۆرتی: جەزیرە وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا ماوەی چەند مانگێکە سەرکردایەتی تورکیا سووربونی خۆیان دەربڕیوە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژی هێزە کوردییەکان لەباکوری سوریا. بەڵام بەپێی قسەی شارەزایان، ئەنقەرە خۆی لەبەرداشی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و روسیا دەبینێتەوە ئەمەش وایلێکردووە رووبەڕووی گرێکوێرەیەک ببێتەوە کە ئەگەری زۆرە تموحەکانی پەکبخات و هەرچی لەشکرکێشیی گەورەیە کە بەنیازە ئەنجامی بدات دوای بخات. عومەر ئۆزکیزیلچیک، توێژەر لە دامەزراوەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ توێژینەوە لە ئەنقەرە، دەڵێت: روودانی ئۆپراسیۆن حەتمییە، بەڵام کاتەکەی دەکەوێتەوە سەر دیبلۆماسیییەت وەك لەوەی بکەوێتەوە سەر لایەنە سەربازییەکان لەناوچەکەدا». بە بڕوای ئۆزکیزیلچیک، هەر کردارێکی تورکیا لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کاردانەوە لەلایەن روسیا یان ئەمریکا یان هەردووکیان کە ئامادەیی سەربازییان هەیە لەو ناوچانەی ئەنقەرە دەیەوێت لەدەستی هێزە کوردییەکان دەریبهێنێت. تێکهەڵچوونی بەرژەوەندییە جیۆپۆڵەتیکییەکان ئێستا باکوری سوریا بەشێکی پەرشوبڵاوی تێکهەڵچوونی ئامادەیی سەربازییە و سێ لەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆ ناوچەکە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە کە پێشتر ناوچەیەکی رێکخراو بوو لەنێوان هێزەکانی روسیا و ئەمریکا لەگەڵ رژێمی سوریا و داعش و هەرێمە سەربەخۆکانی کوردەکان. تورکیا لە ٢٠١٦ چووە نێو خاکی سوریاوە و بەهاوکاری سوپای سوریای ئازاد، داعش و هێزە کوردییەکانی لە شارۆچکەی ئەعزاز دوورخستەوە. لە ٢٠١٨دا بۆ جاری دووەم ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێکی تری ئەنجامدا و کۆنترۆڵی عەفرینی کرد. لەساڵی ٢٠١٩دا ئەنقەرە سێیەم ئۆپراسیۆنی خۆی ئەنجامدا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە گرێ سپی و سەرێکانی دوورخستەوە. ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵات کشایەوە بۆ ناوچەیەک لەنزیک سنوری عێراق، کە تێیدا هێزەکانی بەهاوشانی هەسەدە تێیدا جێگیربوون و پاسەوانی لە کێڵگە نەوتییەکان دەکەن. لەوکاتەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، و هاوتا روسیەکەی، ڤلادمیر پۆتین، چەندین رێککەوتنامەیان واژۆکردووە بەئامانجی کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە سنوری وڵاتەکەی. تورکیا چەندین خاڵی پشکنینی دامەزراندووە لە دەوروبەری ئیدلیب، کە دوایین ناوچەیە بەدەست ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، وەک ناوچەیەکی ئارام لەگەڵ روسیا و هیزەکانی رژێمی سوریا لە رۆژهەڵاتەوە. هێزەکانی تورکیا و روسیا لەو ناوچەیەدا دەوریەی سەربازی ئەنجام دەدەن و لەهەمان کاتدا روسیا بەڵێنی داوە بەقوڵایی ٣٠ کم هێزە کوردییەکان لە تەواوی سنوری سوریا-تورکیا دووربخاتەوە بەتایبەتی لەکۆبانێ. بەڵام ئەنقەرە دەڵێت مۆسکۆ بەڵێنەکەی بەجێنەهێناوە و هێزە کوردییەکان بەتایبەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بەردەوامن لە هێرشکردنەسەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا. لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەردۆغان دووپاتیکردەوە کە تورکیا «ئەوەی پێویست بێت دەیکات» بۆ دوورخستنەوەی هەر هەڕەشەیەکی کوردەکان لەسەر سنوری وڵاتەکەی. بەشەکانی تری ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکوری سوریا کێشەیەکی گەورەی بۆ تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا دروستکردووە، ئۆزکیزیلچیک وا دەڵێت. ئەنقەرە باس لەوە دەکات هێزەکانی یەپەگە لە مەنبج و تەل رەفعەت تۆپبارانی عەفرین دەکەن لەهەمانکاتدا لە کۆبانێوە تۆپ و هاوەن بەرەو گوندە تورکییەکانی سەر سنور هەڵدەدەن. لە چەند هەفتەی رابردوودا، تورکیا سەدەها سەرباز، زرێپۆش، کەلوپەلی سەربازی گواستوەتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەکەی لە ئیدلیب کە ئەگەر ئەنقەرە نەتوانێت رێککەوتن لەگەڵ روسیا بکات لەسەری، ئەوا دەکەوێتە بەر هێرش. هەروەک ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو، چاوەڕوان دەکرێت تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان پشت بەو هیزە سوریانە ببەستێت کە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریادان و خۆی راهێنانی پێ کردوون و چەکی بۆ بەردەست کردوون لەچەند ساڵی رابردوودا. لانی کەم ٢٠ هەزار چەکدار لە ئێستادا لەژێر ئاڵایەکدا چالاکی ئەنجام دەدەن بەناوی سوپای نیشتمانی سوریا. «سوپای نیشتمانی سوریا ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە و بە هەموو توانایەوە بەشداری دەکات ئەگەر دۆخەکە بخوازێت»، موستەفا سەجاری، وتەبێژێکی سوپاکە وای وت. سەجاری دەشڵێت سوپای نیشتمانی سوریا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزە لە تورکیاوە و ئامادەیە بۆ هەر شوێنێک بڵاوەی پێ بکرێت دژی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەدا. پەنیری سویسری لەکایەی سیاسیدا (پەنیری سویسری ئەو پەنیرە کە کەمێک رەقە و کون کونە و ئاسان کەرت دەکرێت) تورکیا لەمێژە دەڵیت کە قبوڵ ناکات گروپەکانی نزیک لە پەکەکە لە نزیک سنورەکەی بێت لەگەڵ سوریا کە ٩١١ کیلۆمەترە، ئەوەش لە ماوەی درێژخایەندا بەوتەی سۆنەر جاگەپتای، بەڕێوبەری پرۆگرامی توێژینەوەی تورکی لە پەیمانەگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵات، مانای دابەشکردنی ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی کوردەکان دەگەیەنێت تا کاری ئاسانتر بکات بۆ رێککەوتنی لەگەڵ رژێمی ئەسەد سەبارەت بە پەرشوبڵاوکردنیان. «هۆکاری سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە سیاسەتی تورکیایە سەبارەت بە رۆژئاڤا، ئامانجەکە ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە وەک پەنیری سویسری لێبکات، پارچە پارچەی بکات بۆ بەشی بچوک بچوک بۆ ئەوەی بێ سنور بێت و توانای بەردەوامی نەبێت تا ئەوەی ئەگەر رێککەوتنێکی جیهانی کرا بۆ ململانێی سوریا لەداهاتوودا، رژێمی ئەسەد بتوانێت بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی»، جاگەپتای وا دەڵێت. ئۆزکیزیلچیک پێیوایە هەم مۆسکۆ و هەم واشنتن دەبنە بەربەست لەبەردەم تموحەکانی تورکیادا سەبارەت بە گرتنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان. تەل رەفعەت و مەنبج کە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانن مانای ئەوە دەگەینێت کە لە ئێستادا دەبێت لەگەڵ هێزە روسیەکاندا دانوستانی لەسەر بکات. ئامانجێکی تر کۆبانێیە، یان ناوچەیەکی تری باشوری هەمان شارە کە شارەکانی جەرابلوس و گرێ سپی پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش پێویستی بە دوورخستنەوەی روسیەکان هەیە. لەکۆتاییدا، رەنگە تورکیا بیەوێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەسەرێکانی فراوان بکات و تا قامیشلۆ نەوەستێت کە لەوێ روسیەکان بنکەیەکی ئاسمانییان هەیە و سەربازانی ئەمریکیش دەوریە ئەنجام دەدەن، یان رەنگە بەرەو رۆژهەڵات هەتا سنوری عێراق نەوەستێت کە لەوێش ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی هەیە و هاوکاری هەسەدە دەکەن لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکاندا. جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا و راوێژکاری پێشووی ئیدارەی ترەمپ بۆ کاروباری سوریا، لەو بارەیەوە دەڵێت، بەپێچەوانەی رابردووەوە ئەنقەرە نابێت چاوەڕوانی لە واشنتن بکات کە هەنگاوی هەڵە فەرامۆش بکات بەتایبەتی هەنگاوێک کە مەترسی بێت بۆ هەسەدەی هاوپەیمانی. ئۆپەراسیۆنەکەی ٢٠١٩ی تورکیا کە هەسەدەی بەئامانج گرت لەسەرێکانی و گرێ سپی رووبەڕووی رەخنە بووەوە لە واشنتن، بەجۆرێک ئەندامانی کۆنگرێس داوایان کرد ئەردۆغان سزا بدرێت. ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشیکی زۆری واشنتنی شۆک کرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا و رێدان بەتورکیا بۆ چوونە ناوەوە ئەمەش دەرگای کردەوە بۆ ئەو هەڵمەتەی رەخنەگەران ناویان لێنا پاکتاوی نەژادی هاوپەیمانە کوردیەکان لە ناوچەکە و تێکدانی هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی داعش. دواتر ترەمپ بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوەو سەربازە ئەمریکییەکانی رەوانەی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ کرد و سزای بەسەر تورکیادا سەپاند هەتا ئەو کاتەی کە رێیکەوتن کرا لەنێوان هەردوولا و ئاگربەست راگەیاندرا. لەوکاتەوە، ئیدارەی بایدن ئەوە بۆ کۆنگرێس دووپات دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەسەدە و رووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانە کوردەکەی. جێفری دەڵێت ئیدارەی بایدن وەک ئیدارەکەی ترەمپ نابێت و هیچ ئۆپراسیۆنێکی تورکیا فەرامۆش ناکات ئەگەر هێرش کردنەسەر هەسەدە لەخۆبگرێت. «هەرشتێك رووبدات وەک هێرشەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ سەر هەسەدە، پێشێلکارییەکی روون دەبێت لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەی ١٧ی تشرینی یەکەم لەنێوان ئەمریکاو تورکیا»، جێفری وای وت. «ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە کە ئیدارەی بایدن کەمتر لە ئیدارەی ترەمپ ئەنجام بدات کە خێرا سزای بەسەر تورکیا سەپاند، بەڕەچاوکردنی ئەو لاوازییەی ئابوری ئێستای تورکیا، کە لە قۆناغێکی خراپتردایە وەک دوو ساڵ لەمەوبەر، سزا خستنەسەری کاریگەرییەکەی گەورەی دەبێت»، جێفیری وا دەڵێت. جگە لە سزادان، توڕەکردنی ئەمریکا هەوڵەکانی ئەنقەرەش تێکدەدات بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف-١٦ی ئەمریکی کە تورکیا زۆر پێویستییەتی بۆ هێشتنەوەی فشارەکانی لە هەرێمەکەدا. ئەندامانی کۆنگرێس چەندین جار ئەوەیان دووپات کردووەتەوە و نامەیان ئاراستەی ئیدارەی بایدن کردووە کە فرۆكەی ئێف-١٦ بە تورکیا نەفرۆشێت بەهۆی کڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ی روسی لەلایەن ئەردۆغانەوە. «ئەگەر لەشکرکیشی رووبدات، ئەوا دەرگاکانی پەسەندکردنی فرۆشتنی ئێف-١٦ لەلایەن کۆنگرێسەوە بەتەواوەتی دادەخرێن»، جاگەپتای وای وت. بەڵام جێفری پێیوایە هێرش بۆ سەر تەل رەفعەت سەرنجی ئەمریکا راناکێشێت بۆ لای خۆی چونکە لەلایەن یەپەگەوە کۆنترۆڵ کراوە کە واشنتن دەڵێت گروپێکی جیاوازە لەهەسەدەی هاوپەیمانی. جێفیری پێیوایە، لەکاتێکدا شاری کۆبانێ رەنگە جەنگێکی کۆڵان بەکۆڵانی تێدا دروست بێت کە توررکیا ئەوەی ناوێت، بەڵام بە رێککەوتنی لەگەڵ روسیا دەتوانێت تێیپەڕێنێت و لکاندنی جەرابلوس بە گرێ سپییەوە ئەگەرێکی ترە. رەنگە روسیا لە حەقی ئەوەدا شتێکی بوێت کە ئەگەری زۆرە هەندێک ناوچە بێت بەدرێژایی رێگای خێرای ئێم-٤ لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیدلیب. بەپێی وتەی جێفری، هەر رێککەوتنێك لەگەڵ روسیەکان کە لەدەستدانی خاکی زیاتر بێت بۆ تورکیا جەنگێکی قورس دەبێت ئەگەر بڕوانینە دانوستانەکانی پێشوو ئەوا بەجوانی دەردەکەوێت. «لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ روسیەکان – ناچمە وردکارییەکانەوە – بەڵام بڕوام پێ بکەن ئەوان زۆر زۆر زۆردارن (فیز دەکەن و فەرمان دەکەن) و ئاماژەیان بەوە کردووە دەستدرێژی زیاتری تورکیایان ناوێت لەسەر خاکی سوریا و من دەزانم کە ئەسەدیش زۆر بەتوندی دژی ئۆپەراسیۆنە»، جێفیر وای وت.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خۆلادان لە شەڕی مالکی نایەوێت سەرۆکوەیران راستەوخۆ لە رەوتەکەی خۆی بێت، بەڵکو دەیەوێت دووبارە مستەفا کازمی بەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دابنرێتەوە، بەڵام گروپە شیعەکانی تر ناڕازین. دوابەدوای شكستهێنانی هەوڵی تیرۆركردنەكەی، مستەفا كازمی وەکو كاندیدی هەرە بەهێزی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق باس دەکرێت، ئەگەرچی كازمی پاڵپشتیەکی زۆری هەیە، بەوپێیەی پێشنیارکراوی رەوتی سەدرە و كوردو سوننەش لارییان لەسەر نییە. بەڵام گروپە شیعەکانی نزیک لەئێران بە توندی دژی دانانەوەین و پێیانوایە لەبەرژەوەندیەکانیان دەدات. کازمی؛ دڵخوازەکەی سەدر بۆ خستنەوەی مالکی ئەگەرچی رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی، بەڵام ئێستا هەوڵەكان بەرەو ئەوەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاتی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش پێشبینی دەكرێ رەوتی سەدر زۆرترین نەرمی پێشان بدات. لەلایەكی دیكەوە هێزە شیعییە دۆڕاوەكانی ئەم هەڵبژاردنە كە خۆیان لەچوارچێوەیەكی ناوماڵی شیعی بەدەر لەڕەوتی سەدر بە ناوی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی» كۆكردووەتەوە، بەنیازی كاندیدكردنی نوری مالكی یان حەیدەر عەبادی هەردوو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقن، بەڵام هەریەك لەم دوو كاندیدە رووبەڕووی تەگەرەی زۆر دەبنەوە. لای خۆیەوە مالكی بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی هەردوو كابینەی حكومەتەكەیدا شكستی گەورەی هێنا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیدا، بووە هۆی ئەوەی چەندین كەیسی گەورە و ئابڕووبەرانەی گەندەڵی لە سەردەمی حكومەتەكەی ئەودا ئەنجام بدرێن، سەرباری شكستە گەورەكەی لەڕووی سەربازییەوە كاتێك داعش دەستی بەسەر بەشێكی بەرچاوی جوگرافیای عێراقدا گرت، بەبێ ئەوەی مالكی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هیچ رۆڵێك ببینێت لە پاراستنی خاكی وڵاتەكەی. لەگەڵ ئەمانەشدا، میدیاكانی عێراق پێیانوایە نوری مالكی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی زیاترە لە حەیدەر عەبادی، سەرباری ئەوەی لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا داعش بەشێوەیەكی رێژەیی لەناوچوو، بەڵام بەهۆی لەشكركێشییەكەی بەرەو كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، ئەستەمە لەلایەن كوردەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرێت، ئەمەش وا دەكات عەبادی زۆر دوور بێت لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران. بەهۆی ئەوەی مستەفا كازمی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە پشتی پێدەبەسترێت و رەزامەندییەكی بەرچاوی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیشی هەیە، ئەگەرێكی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی نوێی عێراق بۆ مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ. سەرباری ئەم سێ كاندیدەی سەرەوە، ناوی جەعفەر ئەلسەدر باڵیۆزی ئێستای عێراق لەبەریتانیا، لەناو ناواندایە و یەكێكە لە كاندیدەكانی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق. شیعە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن ترسیان لەکازمی هەیە لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی مانگی رابردوو مستەفا کازمی بە هۆکاری شکستی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە دەزانن و ترسیان هەیە لەئەگەری دووبارە دانانەوەی بە سەرۆکوەزیران زیاتر سنوورداریان بکات، هەربۆیە دژی دووبارە دانانەوەین. محەمەد بەیاتی سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاند، لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆدەنگییەک دروستبووە لەسەرئەوەی رێگەنەدرێت مستەفا کازمی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێتەوە. بەیاتی وتی «پێدانەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مستەفا کازمی بووە بەڕابردوو». هەروەها سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە کە رەوتەکە یەکێکە لە چوارچیوەی هەماهەنگی شیعەکان کە نزیکن لە ئێران، دژایەتی خۆی بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی کازمی دەربڕی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و تۆمەتباری کرد بە کوشتنی خۆپیشاندەران. حەسەن فەدعەم، سەرکردەی رەوتی حیکمە کە عەمار حەکیم سەرۆکەیاتی دەکات لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند «ئەگەر هێزە سیاسییەکان مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەستنیشان بکەن، ئەوا چوار ساڵی دیکە بەردەوام دەبین لەکوشتار و پشێویی». فەدعەم کە پەرلەمانتاری پێشووی عێراقە وتیشی «ناتوانین بێدەنگ بین لەئاست کوشتنی خۆپیشاندەران، دەستی دەرەکی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە». بەوتەی ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە، «پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، لەچوارچێوەی پلانێکدایە بۆ نەهێشتنی یان سنووردارکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل». لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا گەورەترین هیز، دەوڵەتی یاسای نوری مالکیە. هەربۆیە ئیئتیلافەکە دەیەوێت نوری مالكی بکرێتە سەرۆکوەزیران و دەڵێن ئاستێكی جهماوهری بهرزی ههیه و دهتوانێت لهقۆناغی داهاتوودا رابهرایهتی عێراق بكات. عهباس مالكی ئهندامی ئیئتیلافی دهوڵهتی یاسا وتی «نوری مالكی خاوهن ئهزمونه و مێژوویهكی ههیه له بهڕێوهبردنی وڵات و دهستكهوتیشی بهدهستهێناوه، ههروهها لهڕاپرسیهكانیشدا مالكی ئاستێكی جهماوهری بهرفراوانی ههیهو رای گشتیش پێی وایه كه پیاوێكی بههێزهو دهتوانێت لهم قۆناغه ئاڵۆزهدا رابهرایهتی وڵات بكات». بەبڕوای ئەو پهیوهندییهكانی مالكی لهگهڵ كوردو سوننه باش و باوهڕپێكراوه، ههروهها پهیوهندیهكی نایابی لهگهڵ هێزهكانی چوارچێوهی ههماههنگیدا ههیه. عهباس مالكی وتی «نوری مالکی پهیوهندیهكی نایابی لهگهڵ هێزهكانی چوارچێوهی ههماههنگیدا ههیه و قۆناغی داهاتوش پێویستی بهپیاوێكی بههێزه، ههروهها برایهتیش لهڕهوتی سهدر بهشێكی گرنگی پرۆسهی سیاسیهو چوارچێوهی ههماههنگیش له ئێستاوه باوهش بۆ برایانی له رهوتی سهدر دهكاتهوه«. ئهو ئهندامهی ئیئتیلافی دهوڵهتی یاسا داوایكرد لایهنهكان دووربكهونهوه لهرق و كینهو وتی، «باشترین بارودۆخ بۆ پرۆسهی سیاسی ئهوهیه كه هاوپهیمانی ههبێت له نێوان كوتلهی سهدر و چوارچێوهی ههماههنگیدا». هێشتا شەڕی ئەنجامی کۆتایی ماوە 8ی ئەم مانگەش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگی وێستگە تانەلێدراوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان هاوتا بوون. دوای جیاكردنهوهی بهدهستی دهنگهكان، كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، دوا ئهنجامی پرۆسهی ههڵبژاردنی پێشوهختی پهرلهمانی بڵاوكردهوه و بهگوێرهی ئهنجامهكانیش، جگه لهموقتهدا سهدر كه ، 73 (حهفتا و سێ) كورسی بهدهستهێناوه، لایهنه شیعیهكان به رێژهیهكی بهرچاو دهنگیان كهمیكردووه و هاوپهیمانێتیهكیان لهژێر ناوی «چوارچێوهی ههماههنگی» پێكهێناوه و ناڕهزایهتی بهرامبهر ئهنجامهكان دهردهبڕن و كۆی پرۆسهكه رهتدهكهنهوه. هێشتا بەوردی دیارنیە کەی کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنێت چونکە لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن هیشتا سوورن لەسەر قسەکانیان کە دەڵێن ساختەکاری لەهەڵبژردنەکان کراوە، بەڵام کۆمسیۆن رەتی دەکاتەوە ساختەکاریی کرابێت. ئەگەرچی کۆمسیۆن ئەو سندوقانەی بەدەست هەژمارکردۆتەوە کە سکاڵایان لەسەرە، بەڵام دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن داوای هەژمارکردنەوەی تەواوی سندوقەکان دەکەن بە دەست. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی 8ی تشرینی دووەم ئەنجامی کۆتایی پەسەندنەکراوی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی بنکە تانە لێدراوەکان راگەیەنران، لەم کاتەدا ئەنجامەکان ئاڕاستەی دەستەی دادوەری کراون و لەماوەی 10 رۆژدا ئەنجامەکان یەکلایی دەکرێنەوە. نبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تائێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی بنکە تانە لێدراوەکان پێشکەشی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن نەکراوەو بەگوێرەی یاسا لەماوەی 10 رۆژدا لایەنەکان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی دەستەکە بکەن. باسی لەوەشکردووە، وێستگە تانەلێدراوەکان ژمارەیان 1436 تانە بووە، لەو ژمارەیەش ئەنجومەنی کۆمسیاران تەنها 87 تانەی پەسەندکرد کە بەڵگەیان لەگەڵدا بووە، کۆی ئەو وێستگانەش کە تانەیان لێدرابوو بریتی بوون لە 4324 وێستگە، لەئەنجامیشدا دەرکەوت سەرجەم ئەنجامەکانی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکان هاوتا بوون. نبراس ئەبو سودە ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوای تەواوبوونی پرۆسەی دووبارە بژاردنەوەی وێستگە تانە لێدراوەکان، ئەنجامەکان رەوانەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن کراون بۆ پەسەندکردنیان، دواتریش کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنێت.
هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان." حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات "ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى 20 هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان." فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێکهێنرا. نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەکرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە 460 کۆچبەر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە ئەو کۆچبەرانەی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، "بە خۆڕایی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە هەولێر و بەغدا بۆ دەکرێت." دواى دابەزینى کۆچبەرە کوردەکان لە هەولێر، فڕۆکە بێلاڕووسییەکە دەچێتە بەغدا بۆ دابەزاندنى کۆچبەرە عێراقییەکان. هەر لە راگەیێنراوەکەی حکومەتدا هاتووە "بەشێکى ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەى کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە و بەشێکی دیکەشیان ڤیزاکانیان بەسەرچووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانى لیژنە باڵاکەى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا چوونەتە بێلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە." ئاماژە بەوەشکراوە کە تیمەکە "پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بێلاڕووس بەسەرچووە و داواش لە حکومەتی بێلاڕووس کراوەکە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆرۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن." حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "بڕیارە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە فڕۆکەخانە چارەسەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بکات، چونکە چەندین رۆژە لەسەرسنوورەکان و لەبەردەم سەرما و سۆڵەیەکى زۆر و لە دۆخێکى نەخوازراو و ناتەندروست ماونەتەوە. هەر کۆچبەرێکیش پێویستی بەچارەسەر هەبێت، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام دەدرێت."
کاکەلاو عەبدوڵا ئەو کارتە فشارەی پێنج ساڵ لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لەدژی وڵاتانی ئەوروپی بەکاریهێنا ئێستا لەلایەن ئەلیکزاندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕووسیاوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەرپرسان و شارەزایان پێیانوایە ئەوە سەرناگرێت و ئەوەی زەرەرمەند دەبێت تەنها کۆچبەرانن. نزیکەی دە رۆژە کۆچبەران لە سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووەو لە سەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا ژیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ ئەوەی پۆڵەندا ناهێڵێت سنور تێپەڕێنن و بیلاڕووسیاش ناهێڵێت بگەڕێنەوە. یەکێتی ئەوروپا بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لێشاوەکەی دروستکردووە بۆ فشارخستنەسەر یەکێتییەکە و تۆڵەکردنەوە لەو سزایانەی بەسەریدا سەپاندووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکی بیلاڕووسیاوە. کارتێکی سووتاو شارەزایان باس لەوە دەکەن ئەو فشارەی بیلاڕووسیا دروستی کردووە بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە. «ئەم تاکتیکە دڕندانەیە وا لە بیلاڕووس دەکات ژەهراوی دەرکەوێت و هەموو ئەگەرێکی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دوادەخات، سیاسەتمەدارانی ئەوروپی بە فشارو گوشار نایەنە سەر مێزی گفتوگۆ»، ئارتیۆم شرایبمان، شیکەرەوەیەکی سیاسی بیلاڕووسی ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس وت. دوای هەڵبژاردنی ئابی ٢٠٢٠ لە بیلارووسیا، لۆکاشینکۆ شەش خولی تر بووەوە سەرۆک و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی ناوخۆو وڵاتانی ئەوروپی و ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد. لەناوخۆدا خۆپیشاندان ئەنجامدراو حکومەتی بیلاڕووس خۆپیشاندانەکانی سەرکوتکرد و ٣٥ هەزار کەسی دەستگیرکرد. بەهۆی ئەمەوە یەکێتی ئەرووپا سزای بەسەر بیلاڕووسیادا سەپاند کە چەندین بەرپرسی بیلاڕووسی تێدایە. شیکەرەوان دەڵێن لۆکاشینکۆ دەیەوێت بەم پلانەی یەکێتی ئەوروپا ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆو سزاکان لاببات. «لۆکاشینکۆ چاوەڕێی ئەوە لە یەکێتی ئەوروپا دەکات کە بۆ فشارەکان خۆی داچەمێنێت و داوا لە پۆڵەندا بکات کۆچبەرەکان سنور بەرەو ئەڵمانیا تێپەڕێنن، بەڵام یەکێتی ئەوروپا درک بەوە دەکات ئەگەر ئەوە ئەنجام بدات لۆکاشینکۆ وەک براوە دەردەکەوێت و دواتر هەزارەها کۆچبەری تر دێنە سەر سنوری پۆڵەندا»، پاڤێڵ ئوسان، بەرپرسی ناوەندی شیکاری سیاسی لەپۆڵەنەدا ئەمەی وت. بەڵام نەک هەر ئەو ئامانجەی نەپێکا کە دەیویست بەڵکو پلانەکەی بەسەر خۆیدا شکایەوە بەو پێیەی یەکێتی ئەوروپا لەدووشەممەی رابردوودا سزاکانی سەر بیلاڕووسیای فراوان کردو سەرجەم ئەو هێڵە ئاسمانی و کۆمپانیا گەشتیاری و بەرپرسانەی دەستیان هەبووە لەدروستکردنی لێشاوەکەدا دەچنە چوارچێوەی سزاکانی یەکێتییەکەوە. بەپێی وتەی بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی ئەوروپا هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆچوونی یەکێتی ئەوروپا گۆڕاوە سەبارەت بەدۆخی کۆچبەران و وەك پێنج ساڵ لەمەوبەر نەماوە کاتێك ئەڵمانیا هەزارەها پەنابەری سوری وەرگرت. ئەو بەرپرسە بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە کە ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژاکاری ئەڵمانیا، هەڵە بوو لەوەرگرتنی پەنابەران و دواتر دابەشکردنی بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە. ساڵی ٢٠١٥ تورکیا بەسەرکردایەتی ئەردۆغان لێشاوێکی کۆچبەرانی سوریای دروستکرد بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی و دواتر بە ناچاری کۆچبەرکانیان وەرگرت دوای ئەوەی ئەنجێلا میرکل لەوتارێکیدا رایگەیاند «ئێمە دەتوانین پێکەوە ئەوە ئەنجام بدەین»، وەک ئاماژەیەک بۆ هاوکاری کردن و دابەشکردنی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپیدا. دیپلۆماتکارێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا ئەوەی بۆ گاردیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتانی ئەوروپی چیتر وەک پێشوو مامەڵە ناکەن و کۆچبەران وەرناگرن. «ئێمە بە راستی لە دۆخێکی جیاوازداین وەک لە پێنج ساڵ لەمەوبەر. دەبێت لەوە تێبگەین کە لەهەندێک بەشی جیهان بەربەستی بەرجەستە پێویستییە»، دیپلۆماتکارەکە وا دەڵێت. کۆچبەران ‹هەڵخەڵەتێنراون› لە نوێترین پێشهاتدا، کۆچبەران بۆ فشار خستنەسەر پۆڵەندا چوونە بەردەم دەروازەیەکی فەرمی پۆڵەندا و بیلاڕووسیا و گردبوونەوە تا ئەوەی سنوریان بۆ بکرێتەوە، بەڵام نەک هەر سنوریان بۆ نەکرایەوە بەڵکو بڵاوەشیان پێکرا و گرژی لەنێوانیاندا دروستبوو، لە ئیستادا گەڕانەوەتەوە بۆ دارستانەکانی ببیلاڕووسیا. پێشتر بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکرا کە ئامێڕی بڕینی تەلبەندی داوەتە کۆچبەران بۆ ئەوەی سنوری پۆڵەندا ببڕن. بی بی سی لە راپۆرتێکدیدا پەیوەندی بەکوردێکەوە کردووە لە بیلارووسیاوە و پێی راگەیاندووە کە هێزەکانی بیلاڕووسیا فشاریان دەخەنە سەر بۆ تێپەڕاندنی سنور. شوان کورد بە بی بی سی وتووە کە هیچ رێگایەک نییە بۆ دەربازبوون، نە رێی رۆشتن بۆ پۆڵەنەدا و نە رێی گەڕانەوە بۆ بیلاڕووسیا. کۆچبەران ئێستا تێگەشتوون لەوەی هیچ رێگەیکیان بۆ نەماوەتەوە و پۆڵەندا ناهێڵیت تێبپەڕن. حکومەتی پۆڵەنەدا ٢٠ هەزار سەربازی لەسەرتاسەری سنورەکەیدا جێگیر کردووە بۆ رێگریکردن لەو لێشاوەی کە ژمارەیان بە چوار هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەیان خەڵكی هەرێمی کوردستانن. ئێستا بەشێك لە کۆچبەران تەواو بێئومێد بوون و بڕیارە ١٧٠ کۆچبەر لە رۆژی پێنجشەممەدا بگەڕێنەوە. بەپێی وتەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق ١٧٠ کۆچبەری عێراقی رەزامەندیان پیشانداوە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە دوای ئەو دۆخە ناهەموارەی تووشی بوون لە دارستانەکانی بیلاڕووسیا. ئەوەی لەمیدیا جیهانییەکانەوە باس دەکرێت ئاسانکردنی رێگاکەیە بەرەو بیلاڕووس و تێپەڕاندنی سنور کە بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکرێت ئاسانکاری زۆر کردووە بۆ ئەم لێشاوە. لە راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هاتووە کە تەنها کارمەندێکی کۆمپانیایەکی گەشتیاری بەناوی مەلا رەوەز ١٠٠ پاکێجی گەشتیاری بیلارووسیای فرۆشتووە لەهەفتەیەکدا لەسلێمانی و پاکێجەکە بریتیبووە لە ڤیزەی بیلارووسیاو مانەوەی ئوتێل لە مینسکی پایتەخت. لە راپۆرتێکی تری گاردیانی بەریتانی ئەوە ئاشکرا بووە کە بیلارووسیا هەواڵی پێدانی ڤیزەی بە کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە. «پێش هاتنی هاوین لە کارمەندێکی بەغدادەوە بڕیارێکمان بەدەست گەیشت کە تێێدا هاتبوو بیلاڕووس ڤیزە دەدات، زۆری نەخایاند پێش ئەوەی دەنگۆی ئەم هەواڵە بڵاوببێتەوە، بەڵام لەم دوو مانگەی کۆتاییدا زۆر سەرقاڵ بووین»، کارمەندێکی گەشتیاری لەهەولێر ئەمەی بەگاردیان وتووە. لە راپۆرتەکەی گاردیاندا ئەوەش هاتووە کە کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون چونکە پێیان وتراوە نێوان مینسک، پایتەختی بیلارووسیا، و سنوری پۆڵەندا بە سێ کاتژمیر پیادە دەبڕن و بە ئاسانی دەردەچن لەکاتێکدا نێوانی مینسک و سنوری پۆڵەنەدا ٣٢١ کیلۆمەترە. لۆکاشینکۆ کۆچبەرانی لا گرنگ نییە تا ئێستاش هەندێك لە کۆچبەرانی کورد سوورن لەسەر گەشتەکە و دەڵێن ناگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. «مەحاڵە بگەڕێمەوە و پێشموانییە ئەوانەی ئێرە بگەڕێنەوە بۆ ژیانێک کە هیوای تێدا نییە»، کۆچبەرێک بەناوی شڤان کە خەڵکی شارۆچکەی سۆرانە ئەمەی بە جەزیرەی ئینگلیزی وت. کۆچبەرێکی تر بەناوی دڵسۆز کە خەڵكی هەولێرە، بە جەزیرەی وتووە: زۆر ئاسان بوو کاتێك رۆشتین چونکە کۆمپانیا گەشتیارییەکە خۆی هەموو شتێکی بۆ کردین، پێموابوو ئەو رێگەیە شایەنیەتی چونکە پێم باشتر بوو ئەم گەشتە بکەم وەک لەوەی لە نیشتیمانی خۆم بمێنمەوە و هیوای ژیانکردن لەوێ لەدەست بدەم. زۆربەی میدیا جیهانییەکان هۆکاری لێشاوی کۆچبەرانی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ زۆری بێکاری، گەندەڵی حکومەت، خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری و یاسایی، خزم خزمێنە و حوکمی خێڵەکی دەگەڕێننەوە کە هاووڵاتیانی بێزارکردووە و ناچار بە رۆشتنی کردوون. هەندێك لەشیکەرە و چاودێران بڕوایان وایە لۆکاشینکۆ کۆچبەرانی لا گرنگ نییە و تەنها بۆ مەرامی خۆی وەک ئامرازێک بەکاریان دەهێنێت. «دەسەڵاتدارانی بیلاڕووسیا سەرکەوتوو نەبون لە رازیکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ دانوستان و کۆچبەران لێرەدا تەنها ئامێرێکن بەدەست مینسکەوە»، ڤالێری کاربالێڤیچ، شیکەرەوەی سیاسی، ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس وت. ئەندریاس کلوس، ستوونوسی تۆڕی میدیای بلومبێرگ دەڵێت: لۆکاشینکۆ کۆچبەرانی لا گرنگ نییە، تەنها گرنگی بە ناسەقامگیرکردنی یەکێتی ئەوروپا دەدات و ئەم تاکتیکەی وەک ئامرازێک دەبینێت لە جەنگەکەیدا دژی ئەوروپا، هەر کە تەکتیکی کۆچبەرانی نەما یان کۆتایی پێ هێنرا، ئەوا دەست دەبات بۆ بەکارهێنانی تاکتیکی تر.
هاوڵاتی سەرۆکی ليژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لهپهرلهمانى كوردستان رایگەیاند:" حكومهتى بیلاڕوسیا ڕێگهى نهداوه كۆچبهرانى كورد بچنه نێو كهمپهكانو دۆخیان لهمهترسیدایه". ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، ڕێبوار بابكهیی سەرۆکی ليژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لهپهرلهمانى كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " ئهمڕۆ 300 بۆ 350 كۆچبهر لهبیلاڕوسیاوه دهگهڕێنرێنهوه ههرێمى كوردستان كه لهسهرو 180 كۆچبهریانهوه خهڵكى ههرێمى كوردستانن". ئهوهشى باسكرد، "كێشهگهلێكى زۆر لهبیلاڕوسیاوه سهریههڵداوه بهتایبهت لهناو جهنگهڵى ئهو وڵاتهدا، بیلاڕوسیا زۆر ههوڵیداوه ئهم وهجبهیهى ئهمڕۆش نهگهڕێنهوه عێراقو ههرێمى كوردستان". بهوتهى ئهو پهرلهمانتاره، "ئهو وڵاته دهیهوێ ئاستهنگ بۆ كۆچبهران دروستبكاتو كێشهى تهكنیكى دروستبكات بۆ نمونه، پۆلیسى بیلاڕوسیا ڕێگهى نهداوه ههموو كۆچبهرێك بچێته نێو كهمپهكان، ئهو كهمپانهى دروستكراون شهش كهمپن یهكێكیان لهسنورى لیتوانیاو بیلاڕوسیایه، چواریشیان لهسنورى نێوان بیلاڕوسیاو پۆڵهندایه، ئهوى دیكهش لهدهرهوهى دارستانهكهیه". بابكهیی ئهوهشى وت:"ئهوهى جێگهى تێبینىو نیگهرانیه ئهوهیه، پۆلیسى بیلاڕوسیا ڕێگهى نهداوه ژمارهیهك لهكۆچبهران كه خهڵكى ههرێمى كوردستانن بچنه نێو كهمپهكانهوه، بهنیازین لهگهڵ نوێنهرایهتى ههرێم لهمۆسكۆو باڵیۆزى عێراق لهمۆسكۆو حكومهتى ههرێمیش قسهبكهین لهبارهى ئهو كێشه تازهیهوه كه ژیانى كۆچبهرانى ههرێمى خستۆته مهترسیهكى گهورهوه". سهبارهت بهتێچوى ئهو كۆچبهرانهى ئهمڕۆ دهگهڕێنهوه، بابكهیی وتى:"هاتنهوهى كۆچبهران لهوهجبهى یهكهمى ئهمڕۆدا لهسهر ئهركى حكومهتى ههرێمه بههاوكاریی حكومهتى عێراق". ئهوهشى ڕاگهیاند، "بیلاڕوسیا دهستیگرتوه بهسهر پاسپۆرتى ژمارهیهكى زۆر لهكۆچبهرانداو ئهوهش گرفتى گهڕانهوهى بۆ دروستكردون، لهو ڕوهشهوه ئێمه لهههوڵى ئهوهداین ڤیزه پاسیان بۆ دابین بكرێت تاوهكو بتوانین بیانگێڕینهوه".
هاوڵاتی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە مامۆستایان و دەڵێت ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ڤاکسینى کۆرۆنا وەرنەگرن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان دەتوانن دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەرامبەر بەکاربهێنن. ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ڤاکسین بۆ مامۆستایان دابینکراوە، لەدواى 1-12-2021ەوە بەڕێوەبەرى گشتىی پەروەردەکان دەتوانن دەسەڵاتى یاسایی خۆیان بەرانبەر ئەو مامۆستایانە بەکاربهێنن، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە". تایبەت بە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ، ئالان حەمەسەعید وتی: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە،لە چوارچێوەی مافی دارایی و مەعنەوی توانیومانە کۆمەڵێک پێوەری نوێ دابنێین بۆ چارەسەری کێشەکانیان". وەزیری پەروەردە راشیگەیاند رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ دابینکردنی 7 ملیۆن لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکان، پڕۆسەی تەندەرکردنیش لە پارێزگاکانە نەک لە وەزارەتی پەروەردە و دیوانی وەزارەت، دەشڵێت: "بەپێی رێنماییەکان دەبێت پارێزگاکان ئەو بڕە نەوتە بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش بکەن".
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا رایگەیاند:"شەوی رابردوو لەسەر سنوری بێلاڕوسیا 100 کۆچبەریان دەستگیرکردوون. دەشڵێت، "بێلاڕوسیا کۆچبەران ناچاردەکات بەرد بگرنە هێزەکانی پۆڵەندا." رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا رایگەیاند، کۆچبەرەکان هەوڵی پەڕینەوەیان لە بێلاڕوسیا بۆ پۆڵەندا داوە و ئەوانیش رێگیرییان کردووە. وتەبێژی پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاندبوو کە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە کاتێک رووبەڕوبووونەوە لە نێوان کۆچبەران و هێزە ئەمنییەکانیاندا درووستبوو، کۆچبەران بەردیان گرتووەتە هێزەکانیان بۆیە ئەوانیش بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان داونەتەوە. رۆژی سێشەممە رووبەڕووبوونەوە لە خاڵێکی سنووریی نێوان بێلاڕوسیا و پۆڵەندا دروستبوو، کۆچبەران لە هەوڵێکی پەڕینەوە بۆ ئەودیوی سنوور شکستیانهێنا، بەڵام پێش شکستهێنانیان، پێکدادان لەنێوان هەردوولا دروستبوو، کۆچبەران بەردیان گرتە پۆلیسی سنوور و ئەوانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوڕشاندن وەڵامی کۆچبەرانیان دایەوە. فەرماندە تۆماسز کرووپا دەڵێت، حەوت پۆلیسیان لەو رووبەڕووبوونەوەیە برینداربوون، وتەبێژی پۆلیسی پۆڵەندا دووپاتیدەکاتەوە، کۆچبەران بۆمبی دەنگیی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، هاوکات وەزارەتی تەندروستی بێلاڕوسیا ش دەڵێت چارەسەری پزیشکییان گەیاندووەتە 20 کۆچبەر کە پێنجیان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە زیان بە چاوەکانیان گەیشتبوو. لەسەر ئەو پێکدادانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە دەنگ، سەرکۆنەی بەکارهێنانی تووندوتیژی لەبەرامبەر کۆچبەران کرد.
هاوڵاتی ئهندامێكى پهرلهمانى كوردستان لهپهیامێكى توندا بۆ حكومهتى ههرێمو بهرپرسانى حكومهتى ههرێم ههڵهدنى ڕایدهگهیهنێت، "کە کوردستانتان کردە جاشخانەو دانەری سرودەکەتان بەپلەی باڵا خانەنشین کرد، پێتان سەیرنەبێت بەڕۆژی ڕوناکو لەهەولێری پایتەخت گوێبیستی سەرۆکمان زێڕەبن". ئهبوبهكر ههڵهدنى ئهندامى پهرلهمانى كوردستان لهفهیسبوكى خۆى نوسیویهتى:"هەمدیسان لەدیرۆکی چ گەلێکدا بوە ئەوانەی کون بەکون بەدوای پێشمەرگەوە بونو لەشاریش چاوێكیان دەکرد بەسەدچاو لەسەر ماڵە پێشمەرگەو نەیارەکانی ڕژێمو لەنمونەی بۆسەدانان بۆ سیروان تاڵەبانیو شەهیدکردنیو لەناو ئامێزی خێزانیدا ئاسۆی دەلاک قۆڵبەست بکەنو لەتەنگیسەریش ژیان بۆ ئارام بەڕەوا نەبیننو مەلا عەلی شاعیر لەقەندیلەوە ببنە ژێر پەتی سێدارەی موسڵو لەیاری نازەنینی هەڵبڕن". دهشڵێن:"ئێستا ئەوانە مردوەکانیان لەڕیزی لیستی موچەی شەهیدانو زیندوەکانیشیان خانەنشینی پێشمەرگەبنو کوڕو نەوەکانیشیان کاربەدەستو کەڵەگای ئەمڕۆن". لهبهشێكى دیكهى نوسینهكهیدا ههڵهدنى دهڵێت:"ئێوە خۆتان پیرۆزیتان لەناوی شەهیدو پێشمەرگەو زیندانی سیاسی داڕنی، بۆیە ئەگەر لەکافتریاش سرودی سەرۆکمان زێڕەیان لێ قەدەغەبکەن، ئەوا بەزمانی حاڵو ڕۆژانە بەهەوای ئەو ئەو سەرۆکە گۆڕبەگۆڕە دەژینو هەڵدەپەڕن، چونکە لەسایەی ئەوا هەموو شتێکیان دەستکەوت لەپارەو پاروو پێگە جگە لەکەرامەتو ئابڕوو". لهپهیامێكى توندا بۆ حكومهتى ههرێمو بهرپرسانى حكومهتى ههرێم ههڵهدنى ڕایدهگهیهنێت، "کە کوردستانتان کردە جاشخانەو دانەری سرودەکەتان بەپلەی باڵا خانەنشین کرد، پێتان سەیرنەبێت بەڕۆژی ڕوناکو لەهەولێری پایتەخت گوێبیستی سەرۆکمان زێڕەبن". پهیامى ئهندامهى پهرلهمانى كوردستان لهكاتێكدایه، دوو ڕۆژ بهر لهئێستا لهیهكێك لهكافتریاكانى شارى ههولێر سرودى "سهدام زێڕه" لێدراو بۆ ڕۆژى دواتر بهبڕیارى پارێزگارى ههولێر خاوهنى كافتریاكه دهستگیركراو كافتریاكهش داخرا.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری ئێران بە فەرمی یوسف نوری، وەک وەزیری پەروەردەی ئێران بە پەرلەمان ناساند. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی 17-11-2021 لە نامەیەکدا بەشێوەی فەرمی یوسف نووری، وەک وەزیری پەروەردەی ئێران بە پەرلەمان ناساند. ئیبراهیم رەئیسی پێشتر دوو ناوی دیکەی بۆ وەزیری پەروەردە داوەتە پەرلەمان، بەڵام هیچ کامیان متمانەی پەرلەمانتارانیان بەدەستنەهێنا. دوو کەس لە وەزیرەکانی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی کوردن. عیسا زارع پوور، وەزیری تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییەکان، کە خەڵکی شابادی کرماشانە، لەگەڵ حوجەتوڵڵا عەبدولمالکی، وەزیری کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی، کە خەڵکی شاری قورەیە لە پارێزگای سنە. نوێنەرانی پارێزگای ئیلام لە پەرلەمانی ئێران لە پەیامی جیاوازدا پشتگیری خۆیان بۆ یوسف نوری دەربڕی، کە بۆ یەکەمجارە کەسێکی خەڵکی ئیلام بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکرێ. یوسف نوری لە کارنامەکەیدا بۆ وەزارەتی پەروەردە هیچ ئاماژەیەکی بە خوێندن بە زمانی دایک نەکردووە. خوێندنی زمانی دایک لە ماددەی 15 یاسای بنەڕەتی ئێراندا بە فەرمی ناسراوە، بەڵام دوای زیاتر لە چوار دەیە هێشتا جێبەجێ نەکراوە. جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەی دەستوور لانیکەمی داواکارییەکانی چالاکڤانانی کولتووری کورد بووە. یوسف نوری، لە دایکبووی ساڵی 1961، دکتۆرای لە بواری بەڕێوەبردنی گەشتیاریدا هەیە، مامۆستای زانکۆیە، 5 کتێب و 10 توێژینەوەی نووسیووە و بەرپرسایێتی جۆراوجۆری هەبووە. یوسف نوری لە سەرەتای دەیەی 80ی سەدەی رابردوودا لە شاری ئیلام مامۆستای سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی بووە. لە سەرەتای دەیەی 90دا وەک جێگری بەڕێوەبەری پارێزگای ئیلام دەستنیشانکراوە و سەرەتای 2000 بووەتە شارەزای پەروەردەی قوتابخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی قەتەر و بەحرەین.
