هاوڵاتی دوران کالکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە ماڵپەڕی پەکەکە ئۆنلاین بەبۆنەی ٤٤مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەکەکە، وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە:” کۆیلایەتی لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە کۆتایی هات، ئازادی سەرکەوت و ڕێپێوانی رێبەرایەتی نیو سەدەیە لە دژی سەخترین و دژوارترین زۆرداریی مێژوو بەردەوامە ”. دوران کاڵکان لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی پەکەکە ئۆنلاین (pkk-online) بڵاوی کردووەتەوە رایگەیاندووە: ڕێپێوانی رێبەرایەتی نیو سەدەیە لە دژی سەخترین و دژوارترین زۆرداریی مێژوو بەردەوامە. ڕێپێوانێکی مێژووییە، کە مانادارترین پێشکەوتنەکانی ئافراندووە. کاڵکان ڕاشیگەیاند، نابێت بەرخۆدانی ٤٣ ساڵ وەک بەرخۆدانەکانی پێشتر نیشان بدرێت و ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەمساڵ بەرخۆدانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ لە هەموو روویەک و لە هەموو ئاستێکدا ئەنجام دراوە. دەقی وتارەکەی دوران کاڵکان: “بەدامەزراندنی پەکەکە کۆیلایەتی کۆتایی هات” ڕێپێوانی ڕێبەرایەتیمان دەگاتە نیو سەدە. ئەم پرۆسەیە لە مێژووی کوردستاندا جوانترین و مانادارترینە، کە خاوەنی ئیرادە و تێکۆشانی بێ هاوتای تێکۆشەری بووە. پێش هەموو شتێک کۆیلایەتی لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە کۆتایی هات، ئازادی سەرکەوت. درۆ و هەڵەکان لابران و راستکرانەوە، ڕاستی و ڕاستەقینەبوون سەروەر بوو. کەسایەتی و کۆمەڵگای کورد هەموو جۆرە دواکەوتووییەکی لەناوبرد و گەیشتە ئاستی ژیانێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە. بە جۆش و پەرۆشییەکی زۆرەوە، ئێمە لە جەژنێکی نوێی حیزبداین. زۆر گرنگە بە بەهێزی قوڵبوونەوەی زیاتر جەخت لەسەر راستیی رێبەرایەتی و حیزب بکەینەوە و هەوڵ بدەین ئەو راستییە بە شێوەیەکی یەکگرتوانە و راست و دروست تێبگەین، بە شێوەیەکی راست لە ساڵانی بەردەممان و داهاتووی حیزب و خەبات و تێکۆشان نزیک ببینەوە و ئەو ساڵانە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بژین. پێش هەموو شتێک ئەوە مەرجێکە، کە ئێمە بە بەهێزی لە راستیی پەکەکە و رێبەرایەتی و شەهیدان تێبگەین. وەک هەموو جارێک ٤٤ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەمان لە رێبەرایەتی و شەهیدان پیرۆز دەکەین و پرۆسەیەکی هەڵمەتبەرانەى سەرلەنوێی بە پارتیبوون بەڕێوەدەبەین. بەو تێگەیشتنە و لەسەر ئەم بنەمایە بەسەر هەموو ئەرکێکدا سەردەکەوین و هەڵمەتی ‘کات کاتی ئازادییە’ تەنها بەوە بە سەرکەوتن دەگات. ئێمە لەسەر هێڵی رێبەرایەتی و شەهیدان بۆ پراتیکبوونی راست و پێویست هێزی خۆمان لە رێباز و ئیرادەیەدا بەهێز دەکەین. “وەک بزووتنەوەی پەکەکە بووینە ئامانجی هێرشی ڕێکخستنکراو و بەرنامە بۆدانراوی جیهانی” بەڵێ، هەموو ساڵێکی پەکەکە ساڵێکی گەورەی تێکۆشانە. ئەو هێزە داگیرکەر – پاکتاوکارانە، کە کێشەی کوردیان دروست کردووە، هەمیشە بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان کردووەتە سەر پارتەکەمان، کە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بەڕێوەدەبات، هەمیشە بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان کردووەتە سەر رێبەرایەتی، کادر، گەریلا، ڕێکخستنەکانی ژنان، گەنجان و وڵاتپارێزان. ئێمە وەک بزووتنەوەی پەکەکە بووینە ئامانجی هێرشی ڕێکخستنکراو و بەرنامە بۆ دانراوی ناوچەیی و جیهانی بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنمان. ئەو هێزەی، کە ئەو هێرشەی بەڕێوەبرد فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە. ئەو دیکتاتۆرە فاشیستە هەوڵیدا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەک بەشێک لە هێرشە بەرنامە بۆدانراوەکانی خۆی بەکاربهێنێت. “ هەڵوێستی مەسعود بارزانی هەڵوێستی خۆبەدەستەوەدان و سەرچەماندن و سەرنەواندنە” بۆیە ئێمە ناتوانین بەرخۆدانی ٤٣ ساڵە و هەروەها بەرخۆدانی ئەم ٣ – ٤ ساڵەی ڕابردوو وەک هێرش و بەرخۆدانی پێشوو پێناسە بکەین. لەو هێرشەدا لە هەموان زیاتر بەڕێوەبەریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) زۆر بە کار هێنرا. ئیدارەی بارزانی بەڕاستیش ئیدارەیەکی بێ سوود و بێ کەڵکە. هەڵوێستی لە هاوکاری و خیانەت ئەولاتر و زیاترە. زۆر نزیکە لە پێناسەی “کەری ئەڵغام”، کە ڕێبەر ئاپۆ ئەو پێناسەی کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کەرکوک و دەوروبەری لە دەست سەندراون، سەرۆکایەتیەکەشی لەلایەن ئەمریکا و کۆماری تورکیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، هەڵوێستی مەسعود بارزانی هەڵوێستی خۆبەدەستەوەدان و سەرچەماندن و سەرنەواندنە. بۆ ئەوەى، ئەوەی ماوەتەوە لە دەستی خۆیدا بیهێڵێتەوە داوای هەرچییەکی لێدەکرێت ئەنجامی دەدات. بە تەواوی وەک هەواڵدەرێک خزمەت بە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەکات. وا بیر دەکەنەوە ئەگەر پەکەکە تێکبشکێت و پاکتاو بکرێت، کوردستان لە دەستی ئەواندا دەمێنێتەوە. ئەگینا خۆیان هەر ئەوەش دەزانن کاتێک پەکەکە بوونی نەبێت و لاواز ببێت ئەوانیش نابن و نامێنن. دەزانن هێرشەکە تەنها بۆ سەر پەکەکە نییە، بەڵکو لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ سەر کەرکوک و بۆ سەر ئەوانیشە. دەیانەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) زیاتر بکەنە خزمەتکار و نۆکەری خۆیان. “هێرشەکان لە بنەڕەتدا و لە پێش هەموانەوە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان کردە ئامانج” لە بنەڕەتدا بەرخۆدانی ئیمڕاڵی لە دژی فشار و ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا گەورەترین بەرخۆدانە. لە مێژووی ئازادیدا لە دژی هێرشە قورسەکانی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی سەریهەڵدا. بەرخۆدانی ئیمرالی یەکێک لە گەورەترین سەرکەوتنە مێژووییەکانی بەدەست هێنا. هەر چەندە گوشار و ئەشکەنجەی دوژمنی فاشیستی بکوژی هەبێت، هەر چەند کۆمەڵکوژی کردبێت نەیتوانیوە بە ئەندازەی نوکە دەرزیەکیش ڕێبەرتی و بزووتنەوەکەمان لە هێڵی بەرخۆدان دوور بخاتەوە. درێژترین و مانادارترین و بەهێزترین بەرخۆدانی مێژووی ئێمە لەم پرۆسەیەدا و لە ئیمڕاڵی دروست بووە. بەرخۆدانی ڕێبەرایەتیی ئێمە هەڵوێست و ویست و چالاکی نیشان داوە بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو جۆرە فشار و کوشتار و ستەم و لەناوبردن. پێگەی ڕێنەرتی لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتوو بووە و ڕەنگە گەورەترین سەرفرازی و مەزنترین سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە چەکی کیمیایی بەکاردێنێت، تاوانی مرۆیی ئەنجام دەدات” بێگومان لەو ماوەیەدا هێزەکانی گەریلامان گەورەترین بەرخۆدانیان نیشاندا. بە شێوەیەکی کاریگەر پێشەنگایەتی ئەم بەرخۆدانەی کرد. لە دەوروبەری بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی شەڕی حەفتانین، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا تاوەکو سەرحەد، دێرسیم، مێردین، ڕۆژاڤا و باشور لە دەوروبەری هێزەکانی ئازادی بەرخۆدانی مێژوویی دروسی بوو. قارەمانێتی لە وەرخەلێ، زەندورا، گردی سوور، قارەمانێتی لە ئاڤاشین و مەتینا و زاپ دووبارەبوونەوەی ڕابردوو نییە. هەمووی نوێن، واتە، نوێنەرایەتی پێشکەوتنە نوێکان دەکەن. بەهۆیەوەیە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەموو جۆرە تاوانێکی مرۆیی ئەنجام دەدات، چەکی کیمیایی بەکاردێنێت، بەڵام ناتوانێت لەبەرانبەر هێزەکانی گەریلا میلیمێک پێشبکەوێت و چەتەکانی ئاکەپە – مەهەپە ناتوانن لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا سەربکەون. لە ئاستی هەڵوەشاندن و بێچارەییدان. لە ڕاستیدا بەرخۆدانی گەریلا پێشەنگایەتیی بەرخۆدانی کرد بۆ پوچەڵکردنەوەی هێرشی گشتی بە پیلانی لەناوبردن و لە سەختترین هەلومەرجدا بەرهەڵستییان کرد. گەورەترین بەربەستەکانیان شکاند. لە دژی هەموو جۆرە فشار و هێرشی قورس قاڕەمانێتی گەریلا دوژمنی تێکشکاند. “ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە تێکؤشانێکی جیهانی” خەباتی ئازادی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە بەرخۆدانی خۆی لە جیهاندا بەربڵاو بووە. لە ئاسیاوە بۆ ئەفریقا و ئەمریکا و ئەوروپا گەیشتە هێزی چەپی – سۆسیالیستی و ژنان و لاوان و کرێکاران و ڕەنجدەران بڵاوبووەوە. ڕاستیی ڕێبەرایەتیمان لە لایەن مرۆڤایەتییەوە بە چالاکی و فراوانبوونی بەرگری، بە هێزی فکری و لە چوارچێوەی هەنگاوی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا بڵاوبووەوە و ئازادی فیزیکی بووە تێکۆشانێکی جیهانی. تەڤگەری ئازادیی ئێمە لە ٤٤مین ساڵیادی پارتەکەمان و تێکۆشاندا، بە هەنگاوی ‘سەردەمی ئازادی’ لە چوار پارچەی کوردستان و جیهان لە دژی هۆشمەندیی فاشیستی و سیاسەتی قڕکردن تێکۆشان گەش دەکات”.
هاوڵاتی هێزی سنورپارێزی پۆڵەندا رایگەیاند:" لەلایەن کۆچبەرانەوە هەوڵی بەزاندنی سنورەکانی ئەو وڵاتە دەدرێت و تەنها دوێنێ یەکشەممە 118 هەوڵی لەو جۆرەیان پوچەڵکردوهتەوە". ئەمڕۆ دووشەممە، ھێزی سنورپارێزی پۆڵەندا رایگەیاند: "تەنھا دوێنێ یەكشەممە 118 ھەوڵی بەزاندنی سنوورەكانی وڵاتەکەمان پوچەڵكردوهتەوە، 39 كۆچبەریش گەڕێنراونەتەوە". بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ھێزی سنورپارێزی پۆڵەندا، تەنھا لەم مانگەدا لەلایەن کۆچبەرانەوە پێنج ھەزار و 100 ھەوڵی بەزاندنی سنور دراوە. هاوکات پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند: "چوار قاچاخچیان دەستگیر كردووە كە ھەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی و سویدی و ئۆكرانی و ئەڵمانی بوون و دەیانخواست 33 كۆچبەر بپەڕێننەوە". دوێنێ یەکشەممە پۆلیسی پۆڵەندا بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی شەوی رابردوو لەسەر سنورەکان بە ئارامی و بەبێ کێشە تێپەڕی لە ئێستادا جموجوڵێكی نائاسایی لە ناو کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوسیا دەستیپێكردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی بیلاڕوسیا و ئۆتۆمبێلی پەخشی تەلەفزیۆنی ئامادەكراوە و ھانی کۆچبەران دەدرێت ھەڵمەتی بەزاندنی سنووری پۆڵەندا ئەنجامبدەن. ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عیراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنوور زیاتر کردووە و دوێنێش سەربازێکی پۆڵەندا لەسەر سنور گیانی لەدەستدا. ئەو کۆچبەرانە باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابووری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، 571 کۆچبەری عێراقی کە بەسەر هەشت کەمپدا دابەشبوون گەیشتوونەتە سنورەکانی بێلارووس و رۆژی 18ی ئهم مانگهش یهكهم گەشتی گێڕانەوەی کۆچبەرانی وڵات لە بێلارووسەوە دهستپێدهكات. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ئەلئیخبارییەی عیراق، ئاماژەی بەوە کرد: "وەزارەتی دەرەوەی عیراق 571 کۆچبەری عیراقی لە سنوورەکانی بێلارووس تۆمارکردووە کە بەسەر هەشت کەمپدا دابەشبوون". وتیشی: "بەهۆی ئەوەی سنووری بێلارووس 680 کیلۆمەتر درێژە ئاسان نییە بەوردی بزانین ژمارەی راستەقینەی کۆچبەرە عیراقییەکان چەندە کە گەیشتوونەتە سنووری ئەو وڵاتە". لەبارەی ئەو دەروازانەی کۆچبەرە عێراقییەکان لێیانەوە گەیشتوونەتە بێلارووس، ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەدا، لە رێگەی تورکیا و ئیمارات و قەتەر و میسرەوە رۆیشتوون. وتیشی، "تورکیا دەستی کردووە بە رێگریکردن لە گەشتکردنی کۆچبەرانی عیراق بەرەو بێلارووس". لەبارەی گێڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوخۆی وڵات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، رۆژی پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، یەکەم گەشتی گێڕانەوەی کۆچبەرانی وڵات لە بێلارووسەوە بەرەو عیراق دەستپێدەکات. دەشڵێت، "ئێمە لەگەڵ گێڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەرانین بۆ وڵات و هۆشداریش دەدەین لە فریودانی هاوڵاتییان لەلایەن ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن". ئەمە لەکاتێکدایە، دوای زۆربوونی ژمارەی کۆچبەرانی عیراقی لەسەر سنورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا و سەرهەڵدانی گرژی لە نێوان بێلارووس و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لێشاوی کۆچبەران و داخستنی دەروازەکان و سەختبوونی ژیانی کۆچبەران لەسەر سنورەکان، حکومەتی عیراق بڕیاریدا بە شێوەی ئارەزوومەندانە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە وڵات کە خوازیاری گەڕانەوەن.
هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز دەکات مافی پەناخوازیی ئەوانە قبووڵ بکرێت کە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لەگەڵ خێزانەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا یەکبگرنەوە رێگەیان پێبدرێت، هەروەها ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بە سەلامەتی و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان. فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لەلای خۆمانەوە دوو ئاژانسمان هەن، رێکخراوی پەنابەریی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ئێمە لەت واناماندایە یارمەتیدەربین و خوازیارین ئەوەی لە دەستمان بێت بیکەین بۆئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین". پۆڵەندا 20 هەزار سەربازی رەوانەی سەر سنوور کردووە، بەریتانیاش 10 سەربازی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پۆڵەندییەکان ناردووەتە سەر سنوور، وڵاتانی ئەوروپییش پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ پۆڵەندا دەربڕیوە.
هاوڵاتی عوسمان ئۆجەلان، برای بچووکی عەبدوڵا ئۆجهلان، رێبەری بەندکراوی صارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) کۆچی دواییکرد. کاتژمێر 04:30 خولەکی بەرەبەیانی ئهمڕۆ دووشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2021، عوسمان ئۆجەلان کە ماوەیەکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر خەوێنرابوو و لەژێر چاودێریی چڕدا بوو، بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی دواییکردووە. عوسمان ئۆجەلان ساڵی 1958 لە گوندی ئامارای سەربە شارۆچکەی خەلفەتی لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە. یەکێک بوو لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە و دوای جیابوونەوەی لە پەکەکە لە ساڵی 2004 ـەوە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبووە و بڕیارە تەرمەکەشی لە هەرێمی کوردستان بەخاک بسپێردرێت.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند:" سزاکانی خۆمان بەسەر بێلاڕووسدا زۆر بە خێرایی زیادەکەین. هەروەها پێم راگەیێندراوە ئەمریکاش سزای ئامادەکردووە کە سەرەتای کانوونی یەکەم دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ سزاکانی ئەوروپا تەنیا بۆسەر کەسایەتییەکان نابن، بەڵکو دامەزراوەکانیش دەگرنەوە". ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت "سزاکانی خۆمان بەسەر بێلاڕووسدا زۆر بە خێرایی زیادەکەین. هەروەها پێم راگەیێندراوە ئەمریکاش سزای ئامادەکردووە کە سەرەتای کانوونی یەکەم دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ سزاکانی ئەوروپا تەنیا بۆسەر کەسایەتییەکان نابن، بەڵکو دامەزراوەکانیش دەگرنەوە." یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو ئێستا چوار پاکێجی سزای بەسەر بێلاڕووسدا سەپاندووە، ئەوەش بەرامبەر ئەو سیاسەتەی حکومەتەکەی لوکاشینۆی پەیڕەوی دەکات. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رۆژێک پێش کۆبوونەوەکە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بێلاڕووس قسەی کرد و دواتر لە رێگەی تویتەرەوە بڵاویکردەوە کە پێکەوە باسیان لە دۆخی مرۆیی خراپی سنووری بێلاڕووس و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە. جۆسێپ بۆرێل دەڵێت، ئەو دۆخەی ئێستا لەو سنوورە هەیە دەبێت کۆتایی بێت؛ نابێت خەڵک وەک چەک بەکاربهێندرێن. لەبارەی ئەم پاکێجەی نوێی سزاکانیش، بۆرێل وتی، چەند هێڵێکی ئاسمانی و ئاژانسی گەشتیاری پشک و پارەکانیان لەنێو یەکێتیی ئەوروپا سڕدەکرێن، 30 بەرپرسی بێلاڕووسی کە دەستیان لەو قەیرانە هەیە، سزاکان دەیانگرێتەوە. هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند "کێشەکە، بە تێگەیشتنی من، پۆڵەندا نییە؛ کێشەکە لوکاشینکۆ، بێلاڕووس و رژێمەکەی ئەوێیە. هەربۆیە پۆڵەندا لەم بارودۆخەدا شیاوی ئەوەیە یەکێتیی ئەوروپا هاوسۆز بێت لەگەڵی." ئەلێکسەندەر لوکاشینکۆ، دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی رابردوو، لە بەرامبەر مامەڵەی تووند لەگەڵ خۆپێشاندەران و گۆڕینی رێڕەوی گەشتێکی ئاسمانی بە ئامانجی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێکی رەخنەگر 4 گەڕی سزای بەسەردا سەپێندراوە. ئێستا بە هەزاران کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە؛ زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، ئەوەی لەو سنوورە دەبیندرێت پلانێکی بێلاڕووسیایە کە رووسیاش پاڵپشتی دەکات بە مەبەستی دروستکردنی کێشە بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکە و هەربۆیە دەبێت ئەوانیش وەڵامیان بۆ لوکاشینکۆ هەبێت.
هاوڵاتی نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا راگەیێندراوێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ناردنی پاس بۆ کۆچبەرانی سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا دەکەن. لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا کە لەتویتەر بڵاوکراوەتەوە، نووسراوە "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، گوایە ئەڵمانیا پلانی هەیە پاس بنێرێت بۆ هێنانی خەڵکی کۆچبەران لە بێلاڕووس لە ڕێگەی پۆڵۆنیا، راست نین". هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا راشیگەیاندووە، "ئەوەی لەم جۆرە درۆیانە بڵاودەکاتەوە، خەڵکی دەخاتە مەترسییەکی گەورە". ماوەی حەوت رۆژە لە سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا، هەزاران کۆچبەر، کە بەشێکی زۆریان کوردن، گیریانخواردووە. پێشتر لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەڵمانیا پلانی هەیە بەشێک لەو کۆچبەرانە کە لەسەر سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا گیریانخواردووە، وەردەگرێت.
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی 237 ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی-دا دەڵێت، "بەڵێن ئەدەم کە سلێمانی بکەینەوە بەو شارەی کە نەک تەنھا بۆ خەڵکەکەی بەڵکو بۆ ھەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە جێی شانازی بێت". ئەمرۆ، یەکشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2021، لە ئەژماری خۆی لە فەیسبووک بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، لە درێژەی بەڵێندانەکەی بە خەڵکی سلێمانی ئەوەشی نوسیوە، "شارێک بێت بە باڵای ناسناوەکەی، کە (پایتەختی ڕۆشنبیریی، ھەڵمەت و قوربانییە) خزمەت بکرێت، بە ھەموو ھێزێکمەوە تێبکۆشم بۆ کۆتاییھێنان بە پەراوێزخراوی و کەموکوڕییەکانی ئەم شارە و گۆڕانکاریی ڕیشەی لە کەرتی خزمەتگوزاری و سەرجەم لایەنەکانی دیکە بکەمە پێشینەی کارەکانم". ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەڵێن بێت ئەبینە پارێزەری ڕاستەقینەی سلێمانی، شارە حەیاتەکەی مام و پاراستنی گیان و ئاسایشی تاک بەتاکی ئەرکی سەرشانمان ئەبێت". دەقی نوسینەکەی بافڵ تاڵەبانی، لەئەژماری خۆی لە فەیسبووک: بەڵێن ئەدەم کە سلێمانی بکەینەوە بەو شارەی کە نەک تەنھا بۆ خەڵکەکەی بەڵکو بۆ ھەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە جێی شانازی بێت، شارێک بێت بە باڵای ناسناوەکەی، کە (پایتەختی ڕۆشنبیریی، ھەڵمەت و قوربانییە) خزمەت بکرێت. بە ھەموو ھێزێکمەوە تێبکۆشم بۆ کۆتاییھێنان بە پەراوێزخراوی و کەموکوڕییەکانی ئەم شارە و گۆڕانکاریی ڕیشەی لە کەرتی خزمەتگوزاری و سەرجەم لایەنەکانی دیکە بکەمە پێشینەی کارەکانم. بەڵێن بێت: ئەبینە پارێزەری ڕاستەقینەی سلێمانی، شارە حەیاتەکەی مام و پاراستنی گیان و ئاسایشی تاک بەتاکی ئەرکی سەرشانمان ئەبێت. یادی ٢٣٧ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی لە هەموولایەک پیرۆزبێت بافڵ جەلال تاڵەبانی
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی دیاریكردن و چارەسەركردنی زیادەڕەوی لە سلێمانی كرد، نوسینگەکەی دەڵێت، "داوای لە لیژنەکە کردووە، لەماوەیەكی دیاریكراودا ئەم دۆسییەیە بە تەواوەتی چارەسەر بكەن". ئەمرۆ یەکشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2021، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لە سلێمانی، کە تایبەت بوو بە چارەسەركردنی زیادەڕەویی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، "داوای لە لیژنەی راسپێردراو كردووە ھەموو توانای خۆیان بەكاربھێنن بۆ رێگریكردن لە زیادەڕەوی نوێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ستایشی ھەنگاوەكانی لیژنەكەی كردووە و جەختیكردۆتەوە كە دەسەڵاتی تەواویان ھەیە بۆ رێگریكردن و چارەسەركردنی پرسی زیادەڕەوی لە سنوری سلێمانی"، وتوشیەتی، "لە ھیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت لە ھەر پلە و پۆستێكدا بێت كە زیادەڕۆیی ئەنجامبدات یا رێگر بێت لە راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی". لیژنەی زیادەڕەوی سلێمانی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێکهێنراوە، نوسینەگەکەی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوای لە لیژنەکە کردووە، لەماوەیەكی دیاریكراودا ئەم دۆسییەیە بە تەواوەتی چارەسەر بكەن و ماف بدرێت تەنھا بە خاوەن ماف".
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی سەربەرزی شاری هەڵمەت و قوربانی دەکەین و سڵاو و رێز و خۆشهویستی بۆ خهڵکی شار، یادی ناودارانی به خێر ". ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تشرینی دووهمی 2021، له لاپهڕه و ههژماره تایبهتهكانی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبوك و تویتهر، نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی بنیادنانی شاری سلێمانی نوسیویهتی "لە دووسەد و سی و حەوتەمین ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانیی ئازیزدا، به گهرمی پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی سەربەرزی شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان و مەڵبەندی زیندووی ئازادیخوازی و ڕووناکبیری دەکەم." له كۆتایی پهیامهكهشیدا سهرۆكی ههرێمی كوردستان سڵاوی بۆ خهڵكی شاری سلێمانی ناردوه و دهڵێت "سڵاو و ڕێز و خۆشهویستی بۆ خهڵکی شار، یادی ناودارانی به خێر." ئەمڕۆ 237 ساڵ بەسەر بنیادنانی شاری سلێمانی تێپەڕ دەبێت، سلێمانی هەمیشە لانكەی رۆشنبیری و كۆڕ و كۆبوونەوەی شاعیران و نوسەران بووە، هەر بۆیە وەك پایتەختی رۆشبیری ناسێندراوە. لهو یادهی ئهمڕۆدا بەئامادەبوونی لێپرسراوانی حكومی و ئیداری و حزبی، ژمارەیەك چالاكی هونەری و كلتوری رۆشنبیری و وەرزشی ئەنجام دەدرێت.
هاوڵاتی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان نوسراوێکیان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و تیایدا داوادەکەن، دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بگەڕێندرێتەوە. لەنوسراوێکدا (48) پهرلهمانتار ئیمزایان لهسهر نوسراوێك كرد بهمهبهستی سازدانی كۆبونهوهیهكی پهرلهمان تایبەت بە (گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان) کە لەساڵی (2015-2016)وە بڕدراوە. بەهۆی هاتنی قەیرانی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان، لەساڵی 2015ەوە هیچ دەرماڵەیەک بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرجناکرێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارەگێڕاوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا سکاڵا لەبارەی گێڕانەوەی 17،7 ملیۆن دۆلار تۆمارکراوە، لە کاتێکدا پێشتر دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ بڕی 4،17 ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی جیاواز بەدەستهێنابوو و ئێستا کار بۆ گێڕانەوەیان بۆ عێراق دەکات". ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تشرینی دووهمی 2021، موعتەز فەیسەڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارەگێڕاوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دەستەکەیان زانیاریی ریزبەندی ئەو پارانەی دەستنیشانکردووە و بەپێی ئەرکەکان و تایبەتمەندیییەکان و بەپێی میکانیزمەکانی گێڕانەوەی ئەو پارانە، کار بۆ گێڕانەوەیان دەکات. بەڕێوەبەرەکە ئاشکرایکردووە، بەپێی یاسا، هەر بڕە پارەیەک بڕیاری دادگای لەبارەوە دەربچێت، کار بۆ گێڕانەوەی دەکەن، تاوەکو ئێستا سکاڵا لەبارەی گێڕانەوەی 17،7 ملیۆن دۆلار تۆمارکراوە، لە کاتێکدا پێشتر دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ بڕی 4،17 ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی جیاواز بەدەستهێنابوو و ئێستا کار بۆ گێڕانەوەیان بۆ عێراق دەکات. ئەو رونیدەکاتەوە، هاوکات دەستەکە رەزامەندی یاسای بەدەستهێناوە بۆ دەستەبەسەرداگرتنی 14 موڵک و پێنج پشکی کۆمپانیای جیاواز. ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو بڕە پارانەی بڕیاری دادگایان لەبارەوە دەرچووە و کاریان لەسەر دەکرێت، نزیکەی دوو ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلارە. بەڕێوەبەرەکەی دەستەی دەستپاکی عێراق، ئاشکرایکردووە پارە بردراوەکانی عێراق بۆ پێش و پاش ساڵی 2003 دەگەڕێنەوە، فەرمانگەی بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانە بەرپرسن لە گێڕانەوەیان. موعتەز فەیسەڵ وتی: "ئەو پارانەی پێش 2003 براونەتە دەرەوە، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ کەسایەتی و کۆمپانیای رووپۆش، کە دانراون لەپێناو خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان و پارەدارکردنی رژێمی پێشوو لە روی ئاسایشییەوە، هەروەها پارەدارکردنی چالاکییەکانی دەرەوە و بەکارهێنانیان بۆ تۆقاندن و ترسی خەڵک وەک رێکارێک بۆ پاراستنی رژێمی پێشوو و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە دەرەوەی عێراق". فەیسەڵ زیاتر ئاشكرایکردووە، هەر بڕە پارەیەک، کە لە دەرەوەی وڵات گومانی لێبکرێت و بە بەڵگە بسەلمێنرێ کە موڵکی گشتییە و براوەتە دەرەوە، دەستەکەیان داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکات و پاش بڕیاری دادگا، دەستیبەسەردا دەگیرێت و کار بۆ گێڕانەوەی بۆ عێراق دەکرێت.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەفدێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبوویەوە و چەند تەوەرێكییان تاوتوێكرد. دوێنێ، مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆکایەتی ئی سان گۆلدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوویەوە. لەكۆبوونەوەكەدا، هەردوولا کۆبوونەوەیەکی درێژیان لەسەر بارودۆخی ئەم دواییەی هەرێم و سوریا ئەنجامدا و وەفدی ئەمریکا جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا و سوریا بەگشتی و بەردەوامی هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش کردەوە. هەروەها باس لە گرفتە ئەمنی و ئابوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕێگاکانی زیادکردنی پشتیوانی مرۆیی کرا، بۆ تێپەڕاندنی کاریگەریەکانی شەڕ و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابووری بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
هاوڵاتی وهزیری دهرهوهی بهریتانیا رایگهیاند:" ڕوسیا دهبێت فشار بخاته سهر دهسهڵاتدارانی بیلاڕوسیا بۆ كۆتاییهێنان به قهیرانی كۆچبهران له سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵندا. ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تشرینی دووهمی 2021، لیز ترۆس لهپهیامێكدا رایگهیاند، ڕوسیا به ڕونی بهرپرسیارێتی خۆی لهئهستۆ گرتوه، دهبێت فشار بخاتهسهر دهسهڵاتدارانی بیلاڕوسیا بۆ كۆتاییهێنان به قهیرانی كۆچبهران و دهستپێكردنی دیالۆگ. وهزیری دهرهوهی بهریتانیا باسی لهوهشكرد، "وڵاتهكهی شان به شان لهگهڵ هاوپهیمانهكانی ناوچهكه دهوهستێتهوه و هێزهكانیشیان یارمهتی دهسهڵاتدارانی پۆڵندا دهدهن بۆ بههێزكردنی ئاسایشی سنور لهگهڵ بیلاڕوسیا. وهزیری دهرهوهی بهریتانیا رهخنهشی لهمینسك گرت و بهههڵكشانی ڕوبهڕوبونهوهكان تۆمهتباری كرد و وتی، "ئهلیكساندهر لۆكاشینكۆ سهرۆكی بیلاڕوسیا هۆكاری سهرهكی دروستكردنی قهیرانهكه و تێكچونی ئاسایشی ناوچهكهیه". ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە نزیكەی پێنج هەزار كۆچبەران گەیشتونەتە سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا ماوەنەتەوە.
هاوڵاتی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕبوونی 237 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سلێمانی لەم کاتەدا فرە ڕەنگی و فرە میمبەری دەوێت بۆ رەنگڕێژكردنی زیندویەتی نەك بۆ ماندووكردن و شەكەتكردنی ئەو شارەخۆشەویستە، هەروەها ئەم شارە پشت و پەنای زۆر کەس و ھێزی سیاسی بووە و سزای زۆرێکیشی داوە کە لەگەڵ بەڵێنی خۆی و لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی نەگونجاوە. " ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تشرینی دووهمی 2021، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕبوونی 237 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "لە یادی 237 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی-دا پیرۆزبایی لە خۆم و سەرجەم خەڵکی بەشەرەف و خۆراگری ئەو شارە دەکەم، سلێمانی چەتری کۆکەرەوەی ھەموو رەنگ و ئایدۆلۆژیا جیاجیاکانە، سلێمانی لە ئێستادا ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ژیان دۆستی دەوێت، دەبێت هەموومان بە ئاراستەی خواستەكانی ئەوشارە هەنگاو بنێین". ئاماژەی بەوشکردوە، "سلێمانی فرە ڕەنگی و فرە میمبەری دەوێت بۆ رەنگڕێژكردنی زیندویەتی نەك بۆ ماندووكردن و شەكەتكردنی ئەو شارەخۆشەویستە. سلێمانی شانازییەکی گەورەیە بۆ ھەموومان و شاری سەروەری و بەرخۆدان و پشت و پەنای زۆر کەس و ھێزی سیاسی بووە و سزای زۆرێکیشی داوە کە لەگەڵ بەڵێنی خۆی و لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی نەگونجاوە. " یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەکات هەموان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی شاری سلێمانی "ببێتەوە پێشەنگ و دانیشتوانەکەی دڵخۆش کەین بەشێکی بچوکی قەرزی جوانییەکانی بدەینەوە."
