هاوڵاتی قوباد تاڵە‌بانی لە‌گە‌ڵ وەفدێكی سە‌ربازی بە‌ریتانی کۆبۆوە و وتی، "لە‌ھە‌موو كات زیاتر پێویستە‌ پە‌نا ببرێتە‌بە‌ر گفتوگۆ بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌كان"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاکسازییەکانی وەزارەتی پیشمەرگە بەردەوام دەبن". بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، ئە‌مڕۆ دووشە‌ممە‌ لە‌ ھە‌ولێر قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی سە‌ربازی بە‌ریتانی بە‌سە‌رۆكایە‌‌تی مارشال سامی سیمپسن گە‌ورە‌ راوێژكاری سە‌ربازی حكومە‌تی بە‌ریتانیا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقا کۆبۆتەوە.  لە کۆبوونەوکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە‌رە‌وشی عێراق كردووە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە‌ لە‌ھە‌موو كات زیاتر پێویستە‌ پە‌نا ببرێتە‌بە‌ر گفتوگۆ بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌كان بە‌تایبە‌ت ئە‌و گرفتانە‌ی لە‌ دە‌رئە‌نجامی ھە‌ڵبژاردنە‌كانە‌وە‌ لە‌نێوان لایە‌نە‌ سیاسییە‌كانە‌وە‌ سە‌ریانھە‌ڵداوە‌. هاوکات، جێگری سە‌رۆكوە‌زیرانی هەرێم، ئاماژە‌ی بە‌وە‌داوە كە‌ گرنگە‌ كورد یە‌ك دە‌نگ و یە‌ك ریز بێت بە‌تایبە‌ت لە‌ئێستادا کە قۆناغی دە‌ستپێكردنی گفتوگۆكانە‌ لە‌ بە‌غدا ئە‌وە‌ش لە‌پێناو باشتر دە‌ستە‌بە‌ركردنی مافە‌كانی گە‌لی كوردستان دا. لەو کۆبوونەوەدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ئامادەیبوو، لە‌بارە‌ی چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگەوە‌، قوباد تاڵە‌بانی وتویەتی، قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە‌ و بە‌ردە‌وامیش بە‌و پڕۆسە‌یە‌ دە‌درێت. وەفدە سە‌ربازییە‌كە‌ی بە‌ریتانیاش ئامادە‌ییان دە‌ربڕیوە بۆ ھە‌ماھە‌نگی زیاتر و بەردەوامی لەپشتیوانیکردنی هەوڵەکانی چاکسازی، هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، راشیانگەیاندووە، "دەبێ هێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و گفتوگۆ و دانوستان بکەنە بنەماى کارکردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە".

 هاوڵاتی سەرۆکی پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان دەکات لەبارەی دۆخی کۆچبەران لەسەر سنووری وڵاتەکەی کرد و لە ماوەیەکی کەمدا کۆبوونەوەکە رێکخرا. وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش تێیدا بەشداربوو. دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی سەرۆکایەتی پۆڵەندا بڵاویکردەوە باسی ئەو رێکارانە کراون بۆ روبەڕوبونەوەی دۆخەکە دەگیرێنەبەر. سەرۆکی وڵاتەکەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ پەیوەندی دەبەستێت بۆ هاوکاریی زیاتر. ئەمڕۆ دووشەممە بەشێکی بەرچاو لە کۆچبەران کە زۆربەیان کۆچبەری کوردن لە بێلاڕووس کۆبوونەوە و بە لێشاو هەوڵی چوونە نێو خاکی پۆڵەندا دەدەن. وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا ڤیدیۆی کۆچبەرانی بڵاوکردووەتەوە و لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە کۆچبەرێک بە خاکەناز هەوڵی بڕینی تەلبەندەکانی سنوورەکە دەدات. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی دەبنەوە.  بەپێی وتەی وەزارەتەکە کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "هەموو چالاکییەکانی کۆچبەران لەژێر چاودێریی سەربازانی بێلاڕووس بەڕێوەدەچن."  ماریوش بلاشچاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا لە تویتەری خۆی ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 12 هەزار سەربازیان لەسەر سنوور بڵاوەپێکردووە.  لەلایەکی دیکەوە بێلاڕووس پۆڵەندا بەوە تۆمەتبار دەکات کە کۆچبەران لەسەر سنوور دەچەوسێنێتەوە.   

 هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند:" ژماردنەوەی دەستی وێستگە تانەلێدراوەكان كۆتایی هاتووە، وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان هاوتان. ئەمڕۆ دووشەممە، كۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ژمارەی تانەكان هەزار و 436 بوون، كە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی، (موسڵ، سەڵاحەدین، میسان، دیالە، بەغداد، هەولێر، كەركوك، كەربەلا، موسەننا، قادسە، ئەنبار، زیقار، بەسرە و نەجەف)، ژماردنەوەی دەستی وێستگە تانەلێدراوەكان كۆتایی هاتووە، وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان چونیەكن. ئەوەشخراوەتەڕوو، ''كۆمسیۆن دەستیكردووە بە وردبینیی وێستگەكان و ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی ئەو وێستگانەی بەڵگەیان لەسەر بووە و ژمارەیان 87 تانە بوون، ئەمەش كۆی ئەو وێستگانەی سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنەوەیان بۆ كراوە چوار هەزار و 324 وێستگە بوون، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.'' باسکەوەشکراوە، ''وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان چونیەكن، تەنها كارتە پوچەڵەكان نەبێت، كە لیژنەكانی كۆمسیۆن لەڕێی وردبینی بە چاو بۆی دەركەوت ژمارەیەكی زۆر كەمیان كارتی دروستن، ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان گیرایەبەر بەپێی ڕێوشوێن و ڕێنوێنییەكان.'' ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''تەواوی وردەكارییەكان لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو، دواتریش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.'' دوای پرۆسەی ژماردەنەوەكە، ئەنجامەكان لەلایەن لیژنەكانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی كۆمسیاران و ئەویش لای خۆیەوە بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی بەرزكردەوە، بەمەبەستی دەربڕینی ڕای خۆی.

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر شێوازی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێل رێککەوتوون و لە چەند مانگی داهاتوودا تابلۆکان لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن".  ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021،  رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بنەمای پرۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە؛ ئێمە نیازمان هەبوو تابلۆکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕین و بیانگونجێنین لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان؛ دواتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی بەغدا هاتە سەر خەت؛ خۆشبەختانە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتی فیدراڵیش پشتیوانی کرد؛ کۆنووسێکمان واژۆکرد و هەردوولامان لەسەر شێوازی تابلۆکان رێککەوتین؛ ئەوەی لەسەر رێککەوتووین لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت". بە وتەی رێبەر ئەحمەد، هەم ئەوان و هەم حکومەتی عێراق گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هەیە کە "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو گرێبەستە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند مانگی داهاتووشدا تابلۆکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن". سەبارەت بە بڕیاری پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان لە هەرێمی کوردستان، کە لە عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیە دەرچووە، وەزیری ناوخۆ گوتی: "لە عێراق بڕیارێک دەرچووە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021، بەڵام ئێمە پێشتر لە هەرێمی کوردستان، داوام لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کردبوو سەرژمێرییەک بکەن بۆ ئەوەی بزانین چەند ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا یان تۆمارنەکراون هەن؛ ئێستا ئەو ئامارانەمان لەبەردەستە؛ داوام لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانیش کردووە خوێندنەوەیەک بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکەن".

 هاوڵاتی دواى گه‌یشتنى 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا، وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم خشته‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانى ڕاگه‌یاند. ئەمڕۆ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند 200 ملیارەكە تەمویل كراوە و گەیشتە هەرێمی كوردستان، هەر دوا بەدوای ئەوە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكوەمتی هەرێم خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی راگەیاند. بەپێی خشتەكە سبەینێ‌ سێ شەممە، 9 تشرینی یەكەمی 2021 زۆرترین وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتی موچە وەردەگرن و  پێنج شەممە كۆتا وەزارەت موچە وەردەگرێت.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی  بە سەرپەرشتی رەفعەت عەبدوڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و كۆبونەوە. لەدوای تەواو بونی كۆبونەوەكە  یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵا,كردەوە و رایانگەیاندووە لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و دوا گۆڕانكاریەكان تاوتوێكرا، بەتایبەت ئەو بارودۆخەی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتۆتە كایەوە. ئەوەشخراوەتە ڕوو، لە گرتنەبەری هەمو ئەو ڕێوشوێنانەی كە یەكڕیزی گەل ئەپارێزێت و لەو چوارچێوەیەشدا مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان بەدیدەهێنێ‌. لە كۆبونەوەكەد  باس لە  هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و چاككردنی گوزەرانی هاوڵاتیان کرد، بەتایبەت خۆئامادەكردن بۆ ئەو ئاڵانگاریانەی ڕوبەڕوی هەرێم دەبێتەوە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و سازان. ئەمەش لەكاتێكدایە لە پێش هەڵبژاردنی نپەرلەمانی عێراق یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانیەتیەكیان واژۆ كردو و پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد و لەلایەن هەموو بەرپرسانیشەوە تەئكید لەوە دەكرایەوە هاوپەیمانێتیەكەیان بۆ دوای هەڵبژاردنیشە و بەردەوام دەبن.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق رایگەیاند:"  بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان  رێککەوتنێکی واژۆکردووە دەشڵێت، بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان پێویستی بە مامەڵەی تەواونییە. ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021،  حەیدەر کەریم بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەسەر دیزاینی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بەھەموو جۆرەکانییەوە رێککەوتنێکی واژۆکردووە و لە ماوەیەکی تردا دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە.  ئەوەشیخستۆتەڕوو، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان پێویستی بە مامەڵەکردنی تەواونییە، بەڵکو تەنھا ھەرکەس بەنیازە بیگۆڕێت بۆ تابلۆی نوێ یان تابلۆی نوێ تۆمار بکات دەتوانێت لەکاتی رایکردنی ھەر مامەڵەیەکی دیکەدا کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆدەکات ئەو کارەش ئەنجامبدات. باسیلەوەشکردووە، دەست کردن بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان دوای تەواوکردن و ئامادەکردنی تابلۆکان دەبێت کە لەنزیکترین کاتدا بەردەست دەبن.

 هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"ئەمریكا تۆمەتبارە بە هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراق دەشڵێت، وڵاتەكەی هاوکاری حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئاشكراكردنی ئەوانەی لە هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان داوە".  ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021،  سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی، ''عێراق پێویستی بە نێوەندگیری نییە و حكومەتی خۆی هەیە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا باشن، وڵاتەکەمان بەردەوامە لە یارمەتیدانی عێراق لەپێناو سەقامگیربوونی ئەو وڵاتە.'' سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسیلەوەشکرد، ئەمریكای تۆمەتباركرد بەوەی هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراق. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەپێویستی زانی هەمووان هاوكاربن بۆ ئاشكراكردن و دۆزینەوەی ئەوانەی فەرمانیان بە هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی كردووە و ئەوانەشی ئەنجامیانداوە.  

  هاوڵاتی وەزیری بەرگریی نیشتمانی پۆڵەندا "دۆخی لەناکاو"ی لە وڵاتەکەی راگەیاند و دەڵێت، لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بێلاڕووس زیاتر لە 12 هەزار سەربازیان خستووەتە ئەرکەوە. ماریوس بواشتاک، وەزیری بەرگریی نیشتمانی پۆڵەندا لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "زیاتر لە 12 هەزار سەربازمان لەسەر سنووری وڵاتەکەمان لەگەڵ بێلاڕووس خستووەتە ئەرکەوە و باری لەناکاومان راگەیاندووە". وەزیرە پۆڵەندییەکە رایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی وڵاتەکەیان ئامادەکاری دەکەن بۆ "بەرگریکردن لە سنووری پۆڵەندا". پێشتر وەزیری بەرگریی نیشتمانی پۆڵەندا رایگەیاندبوو، "دۆخەکە لەسەر سنوور تادێت ئاڵۆزتر دەبێت"، هەروەها دۆخەکەشی بە "نائاسایی" ناوبردووە و نووسیویەتی، "دەبێت سوپاسگوزاری سەربازەکانمان و پاسەوانانی سنوور بین بۆ ئەو خزمەتەی دەیکەن".

  هاوڵاتی نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا رایگەیاند:" حكومه‌تى عێراق ته‌مویلى 200 ملیار دیناره‌كه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێمى كوردستان ناردوه‌" ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021، فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌غدا ئاشكرایكردوه‌، ئێستا ته‌مویلی 200 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌ولێر نێردراوه‌. ئه‌و لێدوانه‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ میدیاى پارتى له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ دابه‌شكردنى موچه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكردوه‌و ته‌نها شه‌ش وه‌زاره‌ت موچه‌یان وه‌رگرتوه‌.

هاوڵاتی كۆڕه‌وى هه‌زار كۆچبه‌رى كورد له‌سنوره‌كانى بیلاڕوسیا ده‌ستى پێكردو سه‌رباریی ته‌قه‌ى هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانى ئه‌و وڵاته‌، كۆچبه‌رانى كورد به‌ره‌و سنورى پۆڵه‌ندا كۆڕه‌ویان ده‌ستپێكردو هێزه‌كانى بیلاڕوسیاش كشانه‌وه‌.  ئه‌مڕۆ کۆڕەوی هەزار کۆچبەریی کورد دەستپێکردوه‌و سەربازانی بیلاڕوسیاش تەقەیان بەسەرداکردون. ئه‌وه‌ش زانراوه‌، سه‌ربارى ته‌قه‌ى سه‌ربازانى ئه‌و وڵاته‌ به‌سه‌ر كۆچبه‌رانى كورددا، بەڵام کۆچبەران بەردەوامن لەڕۆیشتن‌و هێزەکەی بیلاڕوسیاش پاشەکشەیکردوه‌. به‌گوێره‌ى وته‌ى به‌شێك له‌و كۆچبه‌رانه‌، تەنها نیو کاتژمێریان ماوە بگەن بەسەر سنورو هەوڵدەدەن بەدەروازەی فەرمی بچنە ناو خاکی پۆڵەندا.

  هاوڵاتی  سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان رایگەیاند:"دوو لە زیندانیان ئازادکران و دووانی دیکەش بە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی کران". بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دادگە پشتی بە نامەیەکی مەسعود شنگالی بەستووە کە بۆ باڵیۆزی ئەمریکای نووسیوە و دەڵێ داوا دەکەین کە پشتگیری کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی NGO بکە، بەڵام نازانم ئەوە چ سەرپێچییەکی تێدایە کە دادگە لەم دانیشتنە پشتی پێبەستووە." سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان دەشڵێت "سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ مەسعود شنگالی ئێمەی تووشی شۆک کرد، هەروەها دوو ساڵ و شەش مانگ بۆ شێروان تەها کە هەموو ژیانی خۆی لەنێو رێکخراوەکان بەسەربردووە و پەیوەندی بە حیزبەکان نەبووە ئەوەش نایاساییە کە حوکمدراوە." بەوتەی بەشدار حەسەن، کارگەر عەباس و بەندەوار ئەیووب ساڵێک و دوو مانگ حوکم بوون، بەڵام لەبەرئەوەی کە ماوەکەیان تەواوکردووە ئەمڕۆ ئازاددەکرێن. سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ تیمی پارێزەران ماوەی 30 رۆژ تانە لەو بەڵگانە دەدەین و دڵنیاین کە برادەرانی دادگەی تەمیز بڕوایان بەو بەڵگانە نایەت کە پێشکێش کراون." مەسعود شنگالی یەکێک لەو گیراوانەی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ حوکمدراوە، باوکی مەسعود شنگالی دەڵێت "حوکمدانی کوڕەکەم زووڵمە و تێکەڵی بابەتێکی سیاسیی کراوە. دەڵێن کوڕەکەم نامەی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا نووسیوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنییە کە مەسعود داوا لە خەڵک بکات خۆپێشاندان بکات و هەرێمی کوردستان تێکبدات، ئەوە کفرە، بەس بزانم ئەو حوکمدانە چییە، وەڵام نایاساییە." ئەو راگیراوانە، زیاتر لە ساڵێک بەسەر راگرتنیاندا تێدەپەڕببوو، ئەوان بەپێی قسەی پارێزەرەکەیان لە مانگەکانی ئەیلوول و ئۆکتۆبەری ساڵی 2020وە دەستگیرکراون. ئەو یاسایەی ئەو راگیراوانەی پێ دادگایی دەکرێت یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستانە. بەپێی ئەو یاسایە "هەر کەسێک بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک بێت لە کارێکدا تێوەگلێت بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان / عێراق و ببێتەهۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت".

 هاوڵاتی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" خولی پەرەپێدان بە تواناكانی مامۆستایانی ئاینی دەكەینەوە تا هەموو مامۆستایان وتارەكانیان میانڕەوانە بن و زیاتر بابەتی ڕۆژ و پەیوەست بن بە كێشەی هاوڵاتیانەوە". ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" وەزارەتەکەمان پلانی ئەوەی هەیە سەرجەم مامۆستایانی ئاینی خولی پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ بکرێتەوە، لەو خولەشدا بوارەکانی برەودان بە وتاری میانڕەوی وپێکەوەژیانی ئایینی ھەروەھا رۆشنبیری یاسایی و پەروەدەیی بەمامۆستایانی ئاینیی دەوترێتەوە". وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لەراگەیاندراوێكدا راشیگەیاند:" رۆژی یەکشەممە بڕوانامەی بەشداری خولی پەرەپێدانی تواناکانیان بۆمامۆستایانی ئایینی دابەشکرد کە ئەم پڕۆژەیە بەھەماھەنگی دەستەی مافی مرۆڤ ویەکێتی زانایان بۆ "100" مامۆستای ئایینی رێکخراوە". لەراگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، ئەم خولە بوارەکانی برەودان بە وتاری میانڕەوی وپێکەوەژیانی ئایینی ھەروەھا رۆشنبیری یاسایی، پەروەدەیی دەرونزانی و زانستە شەرعیەکان لەخۆدەگرێت.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق رایگه‌یاند:"ئەو شوێنەی درۆنە هێرشبەرەکانی‌ بۆ سەر ماڵی‌ مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لێهەڵدراوە، لەناوچەکانی‌ باکووری‌ رۆژهەڵاتی‌ بەغداوە بووە. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021، سەعد مەعن، بەڕێوەبەری‌ راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی‌ ناوخۆی عیراق ئاشکرایکرد، لەناوچەکانی‌ باکووری‌ رۆژهەڵاتی‌ بەغداوە، درۆنە هێرشبەرەکان بۆ سەر ماڵی‌ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق هەڵدراون. سه‌عد مه‌عن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ماوەی‌ 10 بۆ 20 کیلۆمەتر درۆنه‌كان بە نزمی فڕیوون و هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە حه‌وت کەس له‌ پاسه‌وانه‌كانی كازمی برینداربوون. پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو، لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی ئەو شوێنەیان گرتووە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا هەڵدراون. شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ 7ی تشرینی دووه‌می 2021، هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق درا له‌ رێگه‌ی سێ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق رایگه‌یاندبوو، كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان دوو فڕۆكه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌، یه‌كێكیشیان به‌ ماڵه‌كه‌ی كازمیدا ته‌قییه‌وه‌

  هاوڵاتی  سەرۆکی‌ ئەمریکا بەتوندی‌ ئیدانەی‌ هێرشکردنە سەر ماڵی‌ مستەفا کازمی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق کرد و رایگەیاند، ئامانج لەو هێرشە لەباربردنی‌ پڕۆسەی‌ دیموکراسییە لە عیراق. جۆ بایدن، سەرۆکی‌ ئەمریکا ئاماژەی‌ بەوەشکرد، دەبێت ئەنجامدەرانی‌ هێرشەکەی‌ سەر ماڵی‌ مستەفا کازمی‌ سزا بدرێن.   دەشڵێت، "داوای‌ لە تیمی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ کردووە هاوکاری‌ پێویست پێشکەشی‌ هێزە ئەمنییە عیراقییەکان بکەن کە سەرقاڵی‌ لێکۆڵینەوەن لە هێرشەکە".   شه‌وی رابردوو شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بووەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون. لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و رایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".