سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار بەشدارن لە پرۆسەکە. وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاندووە، تێکڕای ژمارەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026 ملیۆنێک و 954 هەزار خوێندکارن، هەروەها حەوت هەزار و 438 ناوەندی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، 148 هەزار مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و 33 هەزار فەرمانبەریش لە ناوەندەکانی پەروەردە هەیە. لەلایەکى دیکەوە، عومەر گوڵپی كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "منداڵانی بەرپرسان لەقوتابخانە نێودەوڵەتیو ئەهلییەكانن، بۆیە حكومهتو بهرپرسهكانى ئهم وڵاته، بەلایانەوە گرنگ نییە قۆتابخانە حكومییەكان دەكرێنەوە یان نا". عومەر گوڵپی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگهیاندوه، "سبهینێ یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی دەوامی قوتابخانەکانە، لەکاتێکدا مامۆستا موچەی مانگی حهوتى وەرنەگرتوە". دهشڵێت، "منداڵەکانی بەرپرسانی باڵای حکومیو حزبی هەردوو حزبی دەسەڵات، لەقوتابخانە نێودەوڵەتیو ئەهلییەکانن، بۆیە بەلایانەوە گرنگ نییە قوتابخانەی حکومیی دەکرێتەوە یان نا!". وهكو گوڵپى نوسیویهتى، "زیاتر لە 10 ساڵە، پەروەردەو قوتابخانەو نەخۆشخانەو خزمەگوزاریی گشتییو موچەی خەڵکیان هەموى، کردوەتە قوربانیی نەوتو کۆمپانیاکانیان، بێباکی بەم ڕادەیە لەئاست ژیانی گشتییو خزمەتگوزاریی گشتییو پەروەردە، تەنها سیمای دەسەڵاتدارانی نەخوێندەوارو ستەمکارە".
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، هەندێك لە باڵەكانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبار دەكات بە تێکدانی رێککەوتنی مانگی ئازاری رابردوو و خاوکردنەوەی پرۆسەی سیاسی، هاوکات هۆشداریشی دایەوە لەوەی رووداوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییان لەسەر عێراق و تورکیا دەبێت. شەرع لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: هەتا ئێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات خۆی لە دەرەوەی پڕۆسەی چارەسەری دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتەکە داوای بەشداریکردنی كردوون، جەختیشكرد: دۆخی ئێستای باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دروست دەکات. راشیگەیاند: وڵاتەكەی دابەشبون قبوڵ ناکات یان هەر خواستێك بۆ سەربەخۆیی، وتیشی: لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی ئەنكەرە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سوریای دیموكرات ئەنجام نەدات و دەرفەت بە دانوستان بدات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی تورکیا رەنگە رێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر ئەگەر تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو یەکگرتنی تەواو بەدی نەهێنرێت. لە وەڵامی داواکارییەكانی هەسەدە بۆ حوکمڕانی نا ناوەندێتی، شەرع ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتەکەی بەكرداری بە پێی یاسای ژمارە (١٠٧)بە رێژەی (٩٠%) پشت بە سیستەمێکی نا ناوەندی دەبەستێت و، کۆمەڵگەی سوریا لە ئێستادا ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر سیستەمی فیدراڵی بکات، ئەم داواکاریانە لە واقیعدا فۆرمێکی شاراوەی جیابوونەوەن.
شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی کاریگەرییەکانیەوە، بەتایبەتی لە سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک، 85 کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و روویان لە نەخۆشخانەکان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە شاری سلێمانی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە تاوەکو کاتژمێر 11:00ـی شەوی هەینی، 44 هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی کەرکوک، 39 کەس بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک کراون، کە لەو ژمارەیە 9 کەسیان منداڵن. سەیاف عەبدوڵا، لێپرسراوی نەخۆشخانەی فێرکاری و فریاکەوتنی هەڵەبجە راگەیاند، دوو هاونیشتمانی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە. شەپۆلەکە لە نیوەڕۆی رۆژی هەینییەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تۆز و خۆڵ، مەودای بینین بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە رۆژی شەممە کۆتاییدێت و دۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و دانوستان، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێککەوتنى سێ قۆڵى لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان واژۆ بکرێت و دواتر دەست بەجێبەجێکردنى بکرێت و نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبیندرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، شەوى پێنجشەممە 18ى ئەیلولى 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆبونەوەتەوە و رەزامەندییان لەسەر تێبینییەکانی بەغداد داوە، پاشان رەزامەندى خۆیان لەسەر رێککەوتنەکە دەربڕیوە کە بەمشێوەیە؛ پێداویستی ناوخۆیی: رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت. شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان: حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێنراوە و لە یاسای بودجەشدا جێگیر کراوە. حکومەتی عێراق لەرێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەموو ئامادەکاری و رێکارێکی پێویستی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش و سەرەتای هەفتە رێککەوتنی سێ قۆڵی واژۆ کرا، ئەوا هەناردەکردنەوەى نەوتیش راستەوخۆ دەستپێدەکات". بڕیارە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، تیمێکی راوێژکاریی پسپۆڕ پێداچوونەوە بە هەموو بڕگەکانی کارکردنی کۆمپانیاکان و گرێبەستەکاندا بکات. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لە شەفافیەت و رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو لایەنەکان لە داهاتوودا. کۆمپانیا نەوتییەکان پێداگری دەکەن لەسەر بوونی گەرەنتییەکی یاسایی بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، کە ئەم رێککەوتنە سێ قۆڵییە وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە دێت. سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوت جەختی لەوە کردەوە کە هیواخوازن ئەمجارە هیچ لایەنێک گرفت بۆ ئەم پرۆسەیە دروست نەکات، چونکە "ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقە بەگشتی و هەرێمی کوردستانە بەتایبەتی." دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و گەڕانەوەی داهاتەکەی، بەشێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی کە لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەکردنەوە دروست بووە. حکومەتی عێراق و بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق رەشنووسی رێککەوتنێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو. ئەم رەشنووسە ماوەی سێ مانگە گفتوگۆی لەسەر کرابوو، پێی دەگوترا رێککەوتنی سێقۆڵی، واتە رێککەوتنی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت. لە رەشنووسەکەدا کە لەلایەن بەغداوە نێردرابوو، داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەمووی وەک خۆی جێگیر کرابوو. بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت چەند وردە تێبینییەکیان هەبوو کە ئەویش ئێستا چارەسەرکراوە. رێککەوتنەکە بەگوێرەى گرێبەستەکانی پێشوو کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کراوە ئامادەکراون، بەشێوەیەک سەدا60ی نەوتی بەرهەمهێنراو بۆ هەرێمی کوردستانە و سەدا 40ی بۆ کۆمپانیاکان. پاش رەوانەکردنى رەشنوسەکە بۆ هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەى حکومەتدا بڕیاردرا وەکو نیازپاکی و بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت و هات و نەهاتنی مووچەی مووچەخۆران ببڕێتەوە، حکومەتى کوردستان ئامادەیی خۆى دەربڕیوە کە بەشى بەرهەمهێنراوى نەوتى خۆى رادەستى سۆمۆ بکات. واتە لەو سەدا ٦٠ی نەوتەی کە هەیەتی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکان، 50 هەزاری لێ گلبداتەوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و پاڵاوگەکان و ئەوەى دیکە، کە باقییەکەیەتى، رادەستى وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاى سۆمۆ بکات.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە کە " ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار". دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی: بەناوی خوای بەخشندە و تۆڵەسێن مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێکراو دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کەپتکراو ستەم و برسیکردن و شکۆشکاندنی دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو سنوورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛ وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و مووشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن. بارتەقای ڕقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەکرێگیراوەیە. ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە (کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتوون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە مووچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە. ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بووە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە و پشتیوانیی تاکۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن. خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سبەیەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەنەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سەگێک سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت. داواش دەکات، ئەو سەگانەی بەچکەیان هەیە بەچکەکەیان لەگەڵدا ببرێت. راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات، کە هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دەکات". ئاگادارییەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنوری شارەوانیی سلێمانی بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیک بوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ (ماوەی هەفتەیەک). سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردۆتەوە تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە. " هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینی، رێکەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت وە لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت وە ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن". "هەروەها داواکارین لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان دەبێت". دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن: ژمارە مۆبایل: 07719914460 شوێنی شەلتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەت. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن داوا دەكات كێشەی موچە چارەسەر بكرێت و پلە بەرزكردنەوەش دەستپێبكاتەوە. یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بەبۆنەی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن داوا دەكات، بۆئەوەی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەباشی بەڕێوەبچێت، پێویستە كێشەی موچە چارەسەر بكرێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش بكرێت و تێكەڵ بە ئەجێندای جۆراوجۆر نەكرێت، داوا دەكات پلە بەرزكردنەوەش دەستپێبكاتەوە. لە بەشێكی تری داواكارییەكاندا هاتووە، ئەو مامۆستایانەی گرێبەستن بكرێن بە هەمیشەیی و سود لەو مامۆستا وانەبێژانەش وەربگیرێت كە گرێبەستیان بۆ نەكراوە.
مەلا بەختیار دەڵێت: یەکێتی کۆچی دوایی کردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمان رەوایەتی جەماوەریی بۆ (2%)دابەزیوە، چونکە لە سلێمانی تەنها (2%)ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. مەلابەختیار، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "الشرقیة نیوز" ئاماژەی بەوەكرد: یەكێتی توانیویەتی هەژمونی بەرچاوی خۆی لە حکومەتی هەرێم و ناوەندیدا بپارێزێت، بەهۆی ئەوەی خاوەنی هێزی چەکداری حزبیە، بەوتەی ئەو، ئەوەش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی لە ڕێگەی تەواوکردنی قۆناغی دیموکراسی لە عێراق و کوردستاندا. مەلابە ختیار، لە بەشێكی ترە قسەكانیدا وتی: دوای هەڵبژاردنی داهاتوو نە پەرلەمانی بەغدادو نە پەرلەمانی کوردستان ناتوانن کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن، هەرکەسێکيش باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەو دوو پەرلەمانە دەتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، لە دۆخی خەیاڵی دیموکراسیدا دەژی، تەنانەت رەوایەتی هەڵبژاردنیش بەرەو دابەزین دەچێت و رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا گەیشتووەتە (88%) مەلا بەختیار پێیوایە ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە دوایین هەڵبژاردن، یەکێتی 2%ـی دەنگەکانی لە سلێمانی بەدەستهێنا، پێشموایە "ئێستا دۆخەکە زۆر خراپترە خودا لێیان خۆش بێت"، ئێستا خەڵکی متمانەی زۆر کەمبووەتەوە لەو دۆخە سیاسییەی لە کوردستان هەیە، نەک تەنیا لە یەکێتی، بەڵام لە سلێمانی کێشەکان زۆرترن. لەبارەی داهاتووی حیزبەکە مەلا بەختیار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە دوای هەشتاکانەوە تاوەکو ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووینەتەوە، دوای ڕێکخستنەوەی نێوماڵی یەکێتی و دوای کۆنگرەی چوارەم پێموایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حیزبێکی دیموکرات و چەپ کە بڕوای گۆڕانکاری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبێت هەر لە دوای کۆنگرەی چوارەمەوە تاوەکو ئێستا دۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە. لەبارەی هۆکاری دابڕانیشی لە یەکێتی، مەلا بەختیار هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەو یەکێتییەی ئێستا ئەو یەکێتییەی جاران نەماوە کە من تێیدا خەباتم کرد، هەم لە ڕووی فیکری و هەم سیاسی و ڕێکخستنەوە، هاوکات جۆری سەکردایەتییەکەی، ئێستا وەک خۆی نەماوە.
کۆنسەی ئەورووپا داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و داوا لە تورکیاش کرد، تاکوو حوزەیرانی 2026، دەربارەی پێدانی مافی هیواش بە ئۆجەلان، زانیارییان پێ بدەن. لێژنەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، خەباتی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، دەمیرتاش و سیاسییەکانی دیکە کە بە دەنگی جەماوەر و خەڵک هەڵبژێردران، بێ هیچ بەڵگەیەک، بەهۆکاری سیاسی زیندانیی کراون. کۆنسەی ئەورووپا ڕەخنەی لە دادگای دەستووری تورکیا گرت کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی پرۆسەی سەردانیکردنی دەمیرتاش نەکردووە، داوایان کرد تورکیا دەستبەجێ داوای ئەورووپا جێبەجێ بکەن و دەمیرتاش و سیاسییەکانی دیکە ئازاد بکات. لەبارەی پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە تورکیا کرد، تاکوو حوزەیرانی 2026، زانیاری بە کۆنسەی ئەورووپا بدەن. جێی باسە،"مافی هیوا" یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە. بەپێی ئەم یاسایە، هەر بەندکراوێک کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابێت، دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ لە زیندانیکردن، مافی ئەوەی دەبێت کە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانەکەیدا بکات، یان ئازاد بکرێت، یان مەرجدار بەربدرێت.
بهڕێوبهرى كهناڵی ئاسمانی زووم ڕایدهگهیهنێت لەکۆی 2 ئۆفیسی دهزگاكهیان، تەنها یەک دانهیان وهرگرتووهتهوه، ئهو ئۆفیسهش زیانی سهرووى 22 دهفتهر دۆلاری لێدراوه. هێمن مەحموود، بەڕێوبەری کەناڵی زووم، بۆ پەنجەرە وتی: وەکو کەناڵی زووم 2 ئۆفیسمان هەیە، ئۆفیسی سەرەکیمان له بینای نالی کافێیە، ئۆفیسێکی دیکەمان لە دەروازه سیتییه، تاوەکو ئێستا تهنها ئۆفیسی دەروازەمان وەرگرتوەتەوە. دەشڵێت: تەنها لەو ئۆفیسهی وهرمانگرتووهتهوه، به بڕی 220 هەزار دۆلار (22 دهفتهر) زیانمان بەرکەوتووە. بهڕێوبهرى كهناڵی زووم باسی لهوهشكرد كه ههندێك له كهرهستهكانیان هێشتا پێنهدراوهتهوه. وتى: لەو ئۆفیسەی کە وەرمانگرتوەتەوە، هەندێک لە كهرهستهكان شکاون و هەندێکیشمان وەرنەگرتوەتەوە، داوای كهرهستهكانمان کردوە، وەڵامهكهیان بهشێوهیهك نییه كه ناماندهنهوه، بهڵام ئهوهش نییه كه بماندهنهوه. كهناڵی زووم به كهناڵێكى سهر به لاهور شێخ جهنگی- سهرۆكى بهرهى گهل ناوبراوه، ئهگهرچی خاوهندارێتى كهناڵهكه بهناوى ئهوهوه نییه. له ڕۆژی هێرشی سهر هۆتێل لالهزار و دهرووبهرى كه بهدهستگیركردنى لاهور شێخ جهنگى كۆتایی هات، دهست بهسهر ئۆفیسی ئهو كهناڵهشدا گیرا و كهناڵهكهش له پهخش و كاركردن راگیرا. ڕۆژی شهشى ئهم مانگهش، ئۆفیسی كهناڵهكه ڕادهست به بهڕێوبهرهكهى كرا، بەڵام هەر ئەو کات ڕایانگەیاند کە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی کۆبووەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێک ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025، بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لەسەرهەماهەنگیی لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتە سیاسییەکان کرایەوە.
حكومەتی بەریتانیا یاسای نوێی بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران جێبەجێكرد كە بە یاسای "کەسێک بۆدەرەوە، کەسێک بۆ ناوەوە" ناسراوە و ئەمڕۆ یەكەمین كۆچبەر بە فرۆكە دیپۆرتی فەرەنسا كرایەوە. حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو كەسە بەشێوەیەكی نایاسایی بە بەلەمی بچوك لە كەناڵی ئینگلیز پەڕیوەتە وڵاتەكە و رێگەیەكی نەشیاوی گرتەوەبەر و ژیانی خۆی خستوەتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتكراوەكان زیاتر دەبێت و رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار كەس بە بەلەمی بچوك لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتونەتە بەریتانیا و شابانا مەحمود وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش رایگەیاند ، رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن و ئەو دیاردەیە ناهێڵن.
وادەى تۆمارکردنى ناوى هاونیشتمانییان بۆ ئەنجامدانى فەریزەى حەج بۆماوەى شەش رۆژ دریژکرایەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو 26ى ئەم مانگە لە پرۆسەکە خۆیان تۆماربکەن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، بە مەبەستى رەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ هاونیشتمانییان بەبڕیارى وەزیرى ئەوقاف و بە هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیاریی، ماوەى ناونوسین بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج درێژکرایەوە و ماوەکە لە کاتژمێر 12ى شەوى 26ى ئەیلول کۆتایی دێت. رۆژى 10 ئاب ناونوسین و خۆتۆمارکردن بەشێوەى ئەلیکترۆنیی بۆ پرۆسەى حەج دەستیپێکرد، بڕیاربوو پرۆسەکە رۆژى شەممەى داهاتوو 20ى ئەیلول کۆتایی بێت بەڵام بەبڕیارى وەزیرى ئەوقاف ماوەى خۆتۆمارکردن دریژکرایەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵانى رابردوو لە رێگەى پڕکردنەوەى فۆڕم بەدەستى و لەبەرامبەر بڕێک پارە ناوى خوازیاران بۆ حەج تۆماردەکرا.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختدەكات لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ی ئازار. لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، عەبدی باسی لە گرنگی پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردووە لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی هەوڵی راکێشانی ناوچەکە دەدەن بۆ شەڕێکی نوێ. ئاژانسی "هاوار نیوز" بڵاويكردووەتەوە، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماژەی بەوەشكردووە، تێکەڵبون لەگەڵ سوپای سوریا لەسەر مێزە بۆ گفتوگۆکردن و هەسەدە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات. پێداگريشى لەسەر پرسی چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، ئەم بژاردەیەی بە هەمیشەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی گەلەکەی ناوبردووە. هاوکات ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و فەرماندەی ئەنجومەنە سەربازییەکانی هەرێم و دامەزراوەکانی پەیوەست پێیانەوە ئەنجام دا. کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، تێیدا فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەپێی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار کردەوە، هەروەها گرنگیی پابەندبوون بە ئاگربەست دووپات کردەوە. ئامادەبووان پرۆژەی یەکگرتن لەگەڵ "سوپای سووریا"ـیان تاوتوێ کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دووپات کردەوە. سەبارەت بە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە "زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی چەکداران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" کرد و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکە و پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دووپاتکردەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعش تێیدا دەستبەسەرن. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بڕیاری دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ ئەو کەسانە درا کە پابەندی ئامادەبوون نەبوون لە شوێنە سەربازییەکانیان و دەرفەتییان پێدرا کە بارودۆخیان ئاسایی بکەنەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی توانا و ڕاهێنانی هێزەکان.
لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکات کە "مافی هیوا" بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هاوڕێکانی بدات. لەمبارەیەوە ئەنجومەنەکە ماوەی هەشت مانگی دیکەی وەک مۆڵەت بە ئەنقەرە داوە، کە ئەمەش دوای کۆبوونەوەکانی رۆژانی 17 تا 19ی ئەیلولی 2025 دێت. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کۆبوونەوەی سێ مانگانەی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ١٥-١٧ی ئەیلول ئەنجامدا. کۆمیتەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤دا وادەی ساڵێکی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئاپۆ، حەیاتی کایتان، ئەمین گوربان و جڤیان بۆڵتان. لەم کۆبوونەوە نوێیەییدا، کۆمیتەکە بڕیارەکەی بەپێی مادەی ٤٦ بڕگەی ٢ی ڕێککەوتننامەی ؛داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان'دەرکرد، کە کۆمیتەکە ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارە کۆتاییەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای داوە. کە "لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک ئازاد نەکرێت ئەگەر مەرجەکانی سزا و ڕێگریکردن بە تەواوی جێبەجێ نەکرابێت یان ئەگەر کەسەکە هێشتا مەترسی لەسەر کۆمەڵگا دروست بکات". لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "یاسای نێونەتەوەیی مەیلێک نیشان دەدات بۆ دامەزراندنی میکانیزمی پێداچوونەوە کە لە ٢٥ ساڵ زیاتر نەبێت دوای سەپاندنی سزای هەتاهەتایی." کۆمیتەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەموو دەوڵەتێک بەپێی مادەی ٤٦ بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە پابەندە بە پابەندبوون بە تەواوی و کاریگەر و خێرا بە بڕیارە کۆتاییەکانی دادگا لەو کەیسانەی کە لایەنگرییە. سوود لە پرۆسەی کۆمیسیۆنی پەیوەست بە پرسی کورد وەربگیرێت؛ هەنگاوی پێویست بە پەلە بنێن کۆمیتەکە بە دەربڕینی پەشیمانی قووڵی خۆی ئاماژەی بەوەدا کە "رێوشوێنی یاسایی یان ڕێوشوێنی گونجاوی دیکە بۆ گونجاندنی یاساکانی تورکیا لەگەڵ مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکەدا وەک لەو بڕگانەدا هاتووە، هێشتا پەسەند نەکراون." لە بڕیارەکەییدا کۆمیتەکە داوای لە دەسەڵاتداران کرد کە هەنگاوی پێویست بەپەلە بنێن. کۆمیتەکە لە بارەی بڕیارەکەیەوە ئەمەی گوت: "بۆئەوەی ئەم دۆسییە گرووپییە بە خێرای جێبەجێ بکرێت، با سوود لە جێگرەوە جیاوازەکانی بەردەستان وەربگرن؛ گۆڕانکاری یاساییەکان کە لە چوارچێوەی 'پلانی نوێی چالاکی مافەکانی مرۆڤدایە' بە گوێرەی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی سزای قورسی هەتاهەتای؛ سوودوەرگرتن لە هەوڵدانەکانی 'تورکیای بێ شەڕ' کە پێشنیارکردنی گۆڕانکاری یاسایی لە پەرلەماندا ئەرکدارە، سوودوەرگرتن لە کۆمیسیۆنی دیموکراستی، خوشک-برایەتی، یەکگرتنی نەتەوەیی'؛ یان پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاسایی لە دۆخی ئێستادا لەسەر ئەم بابەتە لە لایەن پەرلەمانتارانەوە پێشنیارکراوە لە نێو ئەم جێگرەوانەیەدایە." پێدانەوەی هەشت مانگ بە تورکیا؛ پێویستە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ زانیاری بدات کۆمیتەکە لە کۆتاییدا وتی: "با سوود لە ئەزموونی وڵاتانی ئەندامی دیکە وەربگرن کە میکانیزمی پێداچوونەوەی لەو جۆرەیان دامەزراندووە."، کۆمیتەکە ئەم داوایەیی لە دەسەڵاتداری تورکیا کرد: " دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی پێشکەوتنی خێرا لە جێبەجێکردنی داواکاریی ئەم گرووپەدا بەدەستبهێنن، پێویستە لە دوایین کاتدا ڕاپۆرت لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە بدات کە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ گیراونەتەبەر."