ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکەن و گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە". ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی چەتەکانی هەتەشە و داعش کە بە هاوکاری و هەماهەنگی دەوڵەتی تورک هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کردووە، بەرخۆدان بکەن. موستەفا قەرەسوو، گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە"، بانگەوازی لە گەلی کورد و لایەنە دیموکراتیکەکان کرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن". پەیامەکەی موستەفا قەرەسوو بەم جۆرەیە: "بۆ هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان! بۆ هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی جیهان! ئێستە لە ڕۆژئاوا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێکی دڕندانە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. ئەمە هەمان ئەو گەلەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئازایانە بەرەنگاری هێرشەکانی داعش بوونەوە و خۆیان کردە قەڵغانی پاراستنی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر هێرشەکانی داعش و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشی. ئەم گەلە بۆ مرۆڤایەتی شەڕی کرد و تێکۆشا، ئێستا بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی، پیلانگێڕییەک کە هێزە نێونەتەوەییەکان تێیدا بەشدارن، هەوڵی لەناوبردنی خۆی و سیستەمە دیموکراتیکەکەی دەدرێت. ئێستە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێک بۆ نەهێشتنی کورد دەستی پێ کرد و دەسپێکەکەی لە شێخ مەقسوودەوە بوو. ئەمە هێرشی پاکتاوکردنە دژی کوردانی ڕۆژئاوا و دژی هەموو کوردێکە. ئەم هێرشە پەیوەندی بە هەموو گەلەکەمانەوە هەیە لە هەر چوار بەشی کوردستان. چونکە ئەمە هێرشی جینۆسایدە. دەبێت هەموو گەلەکەمان ئەم ڕاستییە ببینێت. پیلانگێڕییەک لە دژی کورد هەیە. تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و دیموکراسی، لەبەر بەرژەوەندییە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان سەرکوتدەکرێت. دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکرێتە ئامانج و هەوڵی تەسفیەکردنیان دەدرێت. هەوڵی شکاندنی ئیرادەی بەرخۆدان و خواستی ئازادی گەلی کورد دەدرێت. ئەمە تەنیا هێرشێک نییە بۆ سەر کورد لە ڕۆژئاوا. هێرشێکە دژ بە ئیرادەی ئازادی، ئیرادەی بوونی هەموو گەلەکەمان لە کوردستان. بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان، ڕاپەڕن. دەبێت لە تەنیشت گەلەکەمان بوەستین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەموو گەلەکەمان شەو و ڕۆژ بەپێوە بێت بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا. بە تایبەتی پێویستە گەلی باکوور و باشووری کوردستان پشتیوانی ئەم بەرخۆدانەی گەلی ڕۆژئاوا بکەن. دەبێت پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوا بکەین گەل و ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان بەشداریی تێکۆشانیان کردووە و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشیوە. گەلی ڕۆژئاوا بەم هەڵوێستە نەتەوەییە تێکۆشانی گەلی کوردیان بەهێزتر کردووە. ئەمڕۆ هەموو گەلی کوردستان، هه موو دۆستانمان، دەبێت دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە و بەرخۆدان بکەن. وەک چۆن گەلی کورد لە کۆبانێ لە دژی داعش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش بە هەمان ڕۆحی کۆبانێ، بە هەمان ئەو پشتیوانییەی کە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات بۆ کۆبانێ کرا، دەبێ لە پاڵ تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوادا بوەستین. لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥ بەرخۆدانی شەڕڤانان تاکە هۆکاری سەرکەوتن نەبوو. پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان و جیهان، دۆستان، هێزە سۆسیالیستەکان، پشتیوانی ئەخلاقی هۆکاری دەرکردنی داعش بوو لە کۆبانێ. بۆیە ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە ئێمە هەمان پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. پێویستە هۆشیاربین، سیاسەتی قڕکردن دژی گەلی کورد هەیە. پێویستە ئەمە ببینرێت. بۆیە ڕەنگە سبەی درەنگ بێت، دەبێت ئێستا هەستینە سەر پێ. بەتایبەت گەنجان و ژنان دەبێ هێزی خۆیان بدەنە ئەم تێکۆشانە. گەنجانی کوردستان بۆ ئەم ڕۆژانە هەن. بۆیە پێویستە گەنجان لە هەموو شوێنێکدا هەستنە سەر پێ. لە ساڵی ٢٠١٤ سنووری پیرسوس و کۆبانێ بوو بە هێمای بەرخۆدان لە دژی داعش. ئەمڕۆش دەتوانین بە هەمانشێوە پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. ئێستا کاتی هاتووە. چونکە هێرشەکان قێزەون و دڕندانەن. بینیمان چۆن تەرمی ژنێکی کورد لە شاری حەلەب فڕێدرا. کورد دەیان ساڵە بەرخۆدانی گەورەی نیشانداوە. لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا ڕاوەستاون و مەزنتر بوون. بەم ڕۆحی وڵاتپارێزیی و شۆڕشگێڕییە، بە حەسرەتی بوون و ئازادی، ئەم تێکۆشانە گەشەی کرد و سەرکەوتوو بوو. ئەمڕۆ ئەگەر باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەبێت، پاڵپشتی گەلەکەمان بکەین و هەموو خەڵکی چوار بەشی کوردستان هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت، دەتوانرێت ئەم هێرشە تێکشکێنرێت. هەروەها هێزە سیاسییەکانی چوار بەشی کوردستانیش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا هەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ ناکەن، گەلەکەمان لێیان قبووڵ ناکات. بۆیە بەبێ هیچ پاساوێک دەبێ پشتگیریی لە تێکۆشانی ڕۆژئاوا بکەن. بانگەواز لە گەلی عەرەب بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە گەلی عەرەبی ڕۆژئاوا و سووریا دەکەم. عەرەب و کورد و سریانی دەیان ساڵە پێکەوە بە ئاشتی و خوشک و برایەتی و دوور لە شەڕ دەژین. لە هەموو شوێنێکی سووریا شەڕ و کێشە هەبوو، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خوشک-برایەتی ژیان. ئێستا هەتەشە و هەندێک هێز دەیانەوێت کورد و عەرەب بکەنە دوژمن. ئەوان دەیانەوێت دوژمنایەتی لەنێو عەرەبدا دروست بکەن بەرامبەر بە کورد. ئەمە دۆخێکی زۆر قێزەونە. ئەو عەرەبانەی لە شەڕی سووریا هەڵهاتبوون، هاتنە ناوچە کوردنشینەکان و کورد هەمیشە پێشوازییان لێدەکردن. بۆیە داوا لە عەرەبەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو عەرەبەکانی سووریا دەکەین مەکەونە ناو ئەم پیلان و گەمەیەوە. ئەم پیلانە نەک هەر زیان بە کورد دەگەیەنێت، بەڵکو زیان گەلی عەرەبیش دەگەیەنێت. بۆیە کەسانێک هەن دەیانەوێت دژی یەکتر هانمان بدەن، نابێت گوێیان لێ بگرن. بانگەوازی من بۆ هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراسیخوازەکانی جیهان ئەوەیە. هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ پاڵپشتییەکی زۆریان لە کۆبانێ کرد و ڕۆڵیان لە سەرکەوتنی کۆبانێدا هەبوو، دەبێ ئەمڕۆش ڕۆڵیان هەبێت. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو گەلی کوردستان و دۆستان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەم بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە دژی ئەو هێرشانە تێبکۆشن. سڵاو بۆ بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا دەنێرم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا! بژی گەلی کورد!".
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، تەنیا مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە، بەڵکو ئامانجەکە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلی کوردە. ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، ڕێگە نەدات جارێکی دیکە کورد لەو بەشەی کوردستان پاکتاو بکرێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە هێرشبەرەکان کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ بوونی گەلی کورد هەیە و دەیانەوێت ئەو هێزە لەناو ببەن کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، ڕزگارکردنی زیندانییانی داعشە وەک ئەوەی لە ڕەققە ڕوو دەدات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا چاوی هێرشبەران لەسەر کۆبانێیە و پلان بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان لەو شارە دادەنێن. رامی عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر پێکهاتەی سوپای سووریا و ڕایگەیاند کە 18 هەزار چەکدار کە لە نێویاندا چەکداری چەندین وڵاتی بیانی هەن، دژی کورد شەڕ دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو لەبەردەستدایە، ئەو تاوانە گەورانە دەسەلمێنن کە سوپای سووریا دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات، بە بڕوای ئەو دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و ڕایگەیاند: ناوبراو جگە لە کوشتن و بڕین، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە. رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، حکوومەتی ئێستای سووریا تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتی ڕەها لەدەستی خۆیدا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە وەک کورد خاوەن دەسەڵات نەبێت، هەر بۆیە پەنایان بۆ کوشتن و وێرانکاری بردووە بۆ سەپاندنی خواستەکانیان. ئەم هۆشدارییانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە لوتکە و مەترسییەکی جددی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جۆراوجۆر و میلیشیا بیانییەکان بوونەتەوە.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازی ڕێپێوانی فراوانی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و داوا لە گەل و هەموو حزبەکان دەکەن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری و پشتیوانی ڕێپێوانەکە بکەن. ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازییەکی بەپەلەی سەبارەت بە ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی بەشداریی لە هەڵمەتی سەفەربەریی گشتیی دژی هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لە بانگەوازەکەدا هاتووە: لەم چرکەساتە مێژووییەدا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی و پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژیدایە، لەم سۆنگەیەوە و لەژێر درووشمی “یان بەیەکەوە دەژین، یان بەیەکەوە دەمرین” داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەین، لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەدابڕاوەکان خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرەو رۆژئاوا. ئەنجوومەنەکە داواش لە هەموو حزبەکان دەکات بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە شێوەیەکی فراوان بەشدار و پشتیوانی چالاکییەکە بن، هەروەها داوا لە میدیاکان دەکات لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ببنە بەشێک لەم چالاکییە جەماوەرییە. هەر لە بانگەوازەکەدا ئەنجوومەنەکە داوا لە ڕەوەندی کوردی دەکات، بکەونە ناو چالاکیی جۆراوجۆری جەماوەری و دیپلۆماسی و سیاسیی بەردەوام، لە پێناو پاراستی گیانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا. سەبارەت بە کات و شوێنی خۆپیشاندانەکەش ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سبەینێ کات و شوێنەکەی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێكدا: - لە 6ـی کانوونی دووەمەوە گەلەکەیان رووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووەتەوە، ئەمرۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کە خاوەن بیری داعشن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان چڕ کردووەتەوە، بەو خەیاڵەی کە بتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن. - وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێمان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعشانەی تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەمرۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیێنین کە شارەکانمان لە دێرکەوە تاوەکو حەسەکە و کۆبانێ، دەکەینە گۆڕستان بۆ داعشە نوێیەكان کە لە لایەن تورکیاوە ئاراستە دەکرێن." - سنورەكان تێكبشكێنن و یەكلگرن ئەمرۆ رۆژی کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مێژووییە؛ ئێمە جارێکی دیکە نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە داگیرکارییەک بەهێزترە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەزینی بەهای دینار پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەر و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکاوە هەیە. بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 500 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ناجێگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار دەگەڕێنێتەوە. رۆژی دووشەممە 19-01-2026 سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش سەری ساڵ، هەر 100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئێستا بە جیاوازییەکی بەرچاو بەهای دینار رووی لە دابەزین کردووە و نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 147 هەزار و 500 دینار." سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو دابەزینە خێرایە، سیامەند مەولوود گوتی، "دانانی پارە لە بانکەکان کەم بووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەری." سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکاری سەرەکیی دابەزینی دینار بۆ دۆخی سیاسی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کرد، هاووڵاتییان خستنەڕووی دۆلاریان کەم کردەوە." سەرەڕای ئەو دابەزینە، سیامەند مەولوود گەشبینە بەوەی دۆخەکە کاتییە و دەڵێت، "ئابووری راستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە؛ پێشبینی دەکەین دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی، بەهای دینار جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکات."
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕایدەگەیەنێت هۆشداری دەدەین لە پابەند بوونی هاونیشتیمانیان و شوفێران لە بەکارهێنانی رێگاکانی دەرەوە بەتایبەتی کە لە خێرای دیاری کراو کەمتر لێبخورن بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕانی کەش و هەواوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. هۆشداری گرنگی کەش و هەوا بۆ دوو رۆژی داهاتوو . بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی وەزارەتمان دەردەکەويت کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەوا و دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما پێشبنینی بکرێت لە زۆربەی پارێزگاکانمان و سەنتەری شار و رێگا سەرەکیەکان شەختە درووست بێت و شەقامەکان ببەستن بەهۆیەوە مەترسی زۆری درووستبوونی رووداوی نەخوازراوی لە ئارادایە ، بەو هۆیەوە هۆشداری دەدەین لە پابەند بوونی هاونیشتیمانیان و شوفێران لە بەکارهێنانی رێگاکانی دەرەوە بەتایبەتی کە لە خێرای دیاری کراو کەمتر لێبخورن بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕانی کەش و هەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمادا درووست دەبێت لەماوەی ٤٨ کاژمێری داهاتوو ، ويڕای هەبوونی بەفر و کڕێوە لەناوچە شاخاوی و نزیک سنوورەکان و بەشێک لە ناوچە بەرزەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی .. دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
هەسەدە: هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، دوای چەندجار هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر زیندانی ئەلشەدادی و شەهید و برینداربوونی ئەندامی هێزەکانمان، ئێستا رایدەگەیەنین، کە زیندانەکە کە هەزاران زیندانی داعشی تێدابوو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە. زیندانەکە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەیەکی هاوپەیمانان دوورە، بەڵام ئەوان دەستواردانیان نەکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی ڕایگەیاند، زیندانی شەدادێ کە هەزاران تیرۆریستی داعشی تێدایە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان چووەتە دەرەوە. ئەم پێشهاتە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، زیندانەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی چڕ و یەک لەدوای یەک بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، شەڕڤانان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتێکی ئەمنی و مرۆیی، لە چەندین قۆناغدا بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهید و برینداریان داوە، سەرەڕای بەرگرییەکی سەخت، بەهۆی توندیی هێرشەکان و بەردەوامیی فشارەکان، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵی ئەو گرتووخانە ستراتیژییەیان لەدەستداوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ئاماژەی بە هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە و ڕایگەیاندووە، زیندانی شەدادێ تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانان لە ناوچەکە دوورە، بەڵام سەرەڕای بانگەواز و داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هاوکاری و دەستوەردان، هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و نەچوونەتە هاناوەیان. زیندانی شەدادێ یەکێکە لە گرتووخانە هەرە گرنگ و مەترسیدارەکانی ناوچەکە، کە هەزاران چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدا ڕاگیرابوو. دەرچوونی ئەم زیندانە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەگەری دووبارە ڕێکخستنەوەی چەکدارانی داعش دروست دەکات، کە پێشتر لە چەندین هەوڵی هاوشێوەدا هەوڵی شکاندنی زیندانەکانیان داوە.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 19-1-2026 کەش / ئاسمان نیمچە هەور و هەندێ ناوچە هەوری تەواو دەبێت .لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆڵەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە دووبارە چالاک دەبێتەوە باران بارین لە سەر ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمە باران دەست پێدەکاتەوە لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاویە بەرزەکان و سنوورییەکان . ئیداەی ڕاپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی سۆران ڕێژەی دابارینی زیاتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی تر , شێوازی دابارینی مامناوەند دەبێت . خێراى با / لەسەر خۆ-مامناوەند ( 10– 20) کم/ک هەندێ کات دەگاتە سەرووی 20 کم لە کاتژمێرێکدا . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 8 کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (2-4) پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ هەولێر : 10 پلەی سیلیزی پیرمام : 7 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ : 10 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی سبەى سێ شەممە 20-1-2026 کەش/ باران بارین لە کاتەکانی بەرەبەیان لەسەر زۆربەی ناوچەکەمان کۆتای دێت و ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە جگە لە بەشێک لە سنووری پارێزگای( سلێمانی وهەڵەبجە ) کەمێک دابارینی دەبێت پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆ بە گشتی کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتای دێت ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت. خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما/ نزم دەبێتەوە بە (2-4) پلەی سیلیزی بە تایبەت نزمترین پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە . مەوداى بینین / 7– 9 کم لە کاتی تەم بۆ کەمتر لە 2 کم . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 7 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -4 پلەی سیلیزی سلێمانی : 5 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە :6 پلەی سیلیزی دهۆک :6 پلەی سیلیزی زاخۆ : 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی تێبینی /لەگەڵ کاریگەری ئەم شەپۆڵە ئەم شەو پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە کاریگەری ئەم نزم بوونەوەیە سبەی زیاتر دەبێت .
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو رۆژ کرایە پشوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییدا، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی. ئاماژەی بەوەشکرد، پشووەکە دوو رۆژە کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، 20 و 21 کانوونی دووەم دەگرێتەوە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەخت دەکاتەوە دەستبەرداری تایبەتمەندیی ناوچەکەیان نابن و بڕیارە سبەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سووریا، وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەشی مانگی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی دڕندانە و پلان بۆ داڕێژراو کرایە سەریان، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداریان دا و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون. فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی نەیاندەویست بچنە نێو ئەم شەڕەوە، بەڵام بە سەریان سەپێندرا و ئامانج لێی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن بوو. عەبدی گوتی: بەر لەوەی سبەی لە دیمەشق گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستەکە بکەن، هەندێک ڕوونکردەوە دەدات؛ ئاماژەشی دا، لەو چەند کۆبوونەوەی لەو ماوەیدا ئەنجامییان داوە، هەوڵییان داوە ڕێگری لەو شەڕە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕە لەلایەن چەند لایەنێکەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەسەرمان سەپێنرا، کە ئامانجی لێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ بوو. گوتیشی: بەهۆی ئەوەی کوشتن و بڕین، بەتایبەت لەناو خەڵکی مەدەنی، زیاد نەکات و شەڕەکە بێ ئەنجام بوو، بڕیارمان دا لەپێناو پاراستنی خەڵکەکەمان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، هێزەکانییان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەققە بکشێنەوە بۆ حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنێک ئامادە کرا. دەشڵێت: دوای ئەوەی لە دیمەشق گەڕایەوە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، وردەکاری زیاتر لەسەر ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکەنەوە. مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندیی ناوچەکە نابن و خەباتەکەیان بەردەوام دەبێت. لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆڕاگریی گەل و هێزەکانی کرد.
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی دووەمی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە پێ گەییشت. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا كرا و سەرۆك شەرع وێڕای باسكردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنامەی لەگەڵ قسد جەختی لەوە كردەوە كە ڕەچاوی مافەكانی كورد و پاراستنیان لە سووریا دەكرێت و كێشە و گرفتەكان بەپێی ڕێككەوتنەكان چارەسەر دەكرێن. هەرلەو پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە پێویستیی گەرەنتیكردنی مافەكانی گەلی كورد كردەوە و هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی دروست لە قەڵەم دا كە دەكرێ بۆ مافەكانی كورد لە سووریا بنەماییەكی پتەو و ئیجابی لەسەر بنیات بنرێت.
ئەحمەد شەرع داوای لە مەزڵوم عەبدی کردووە راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سوریا بڵاوبکاتەوە، بەڵام عەبدی رەتی کردووەتەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، کە چەند سەرچاوەیەکى جیاواز قسەیان بۆکردووە، لە دیمەشق زانیویەتی کە ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لە نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدراوە. لەو ماوەیەدا شەرع داوای ڕاگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکخستنی ئەندامانی وەک تاک لە سوپای سوریا کرد، بەڵام عەبدی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردەوە. ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی سووریا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەخشەڕێگەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەوڵەت ئیدارەی سەرجەم ناوچە و جوگرافیای سووریا دەکات. یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیار بوو ئەمڕۆ پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەم، بەڵام بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆوە، کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دواخراوە. لە بارەی چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکان، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات چارە دەکرێن. ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە و حەسەکە و دەست بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان دەکەنەوە.
ئەم مانگە مووچەی زیاتر لە سێ هەزار پێشمەرگەی دیكەی خانەنشینكراو دەبەسترێت كە لەمانگی هەشتەوە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی، چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەردەگرن، زیاتر لە دوو هەزار و 500ـی دیکەش دەکەوێتە مانگی دوو. لە مانگەکانی ڕابردوو لە 19 هەزار دۆسیەكەی خانەنشینانی پێشمەرگە، 13 هەزار و 774 کەس دۆسیەیان تەواو کراوە و مووچەیان بۆ بەستراوە، بەشێکی دیکەیان ماون وردبینی تێدا بکرێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو سەرجەمیان ئامادە دەبن. لیوا حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان؛ بە ئاڤای گوت، "سێ هەزار و 24 خانەنشین و کەمئەندام لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی یەک مووچەیان بۆ دەبەسترێت، 53 خانەنشینی پێشمەرگەن، دوو هەزار و 971 کەسیان کەمئەندامن، ئەوانە چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەردەگرن." بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان، هەزار و 712 دۆسییەی دیکەیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە، ئەگەر وردبینی تەواو بکرێت لەم مانگە مووچەیان دەبەسترێت و ژمارەی ئەو خانەنشین و کەمئەندامانەی لەم مانگە مووچە وەردەگرن دەبێت چوار هەزار و 736، ئەگەر دۆسییەکانیشیان بمێنێتەوە ئەوا دەکەوێتە سەر مانگی دوو.
بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و دەڵێت: دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ كاروباری سوریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە رایگەیاند، هیوادارین هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو. هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون. هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستوری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، لە زنجیرەیەک چالاکیی هاوبەشیاندا لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، تانکێک و پێگەیەکی سەربازیی سوپای عەرەبیی سووریایان تێکشکاندووە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان دژی سوپای عەرەبیی سووریا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجام داوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بەم شێوەیە بوون، لە دەوروبەری گردی سیرێتێل لە نزیک بەنداوی تشرین، هێزەکانی هەسەدە گردبوونەوەیەکی چەکدارانیان کردووەتە ئامانج کە خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد، لە ئەنجامدا تانکێکی چەکدارەکان بە تەواوی تێکشکێندراوە. هەروەها هەسەدە ئاماژەشی داوە، هەر لە هەمان ناوچە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لێدانێکی ورد و کاریگەر لە ناوەڕاستی گردبوونەوەیەکی چەکدارەکان دراوە و تەقینەوەیەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە گوندی حاجی حوسێنی سەر بە ناوچەی بەنداوی تشرین، هێزەکانی هەسەدە بنکەیەکی سەربازی و خاڵێکی جێگیربوونی چەکدارەکانیان وێران کردووە. هەسەدە جەختیشی کردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ژمارەیەک لە چەکداران کوژراو و بریندار بوون، وێڕای تێکشکاندنی تەواوەتی تانکێک و خاپوورکردنی پێگە سەربازییەکانیان.
