هاوڵاتی  روفاتی 172 ئەنفالكراو لە بەغدادەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم روفاتانە نزیكەی چوار ساڵ و شەش مانگە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوە، بەدیاریكراویش لە ناوچەی (تل الشیخ) دەرهێنراون، بەڵام رادەستی هەرێمی كوردستان نەكراونەتەوەو لە پزیشكی دادی بەغداد دانراون.  هۆكاری رادەستنەكردنەوەی روفاتەكان بۆ ناكۆكی كەسوكاری ئەنفالكراون لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و بەرپرسانی كەیسی ئەنفال دەگەڕایەوە، كەسوكاری ئەنفالكراوان داوایان دەكرد بەبێ ئەنجامدانی پشكنینی (دی ئێن ئەی)، روفاتەكان نەگەڕێندرێنەوە.  بەوتەی رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ، تائێستا شوێن دیاری نەكراوە بۆ بەخاكسپاردنی روفاتەكان، دوای گەڕاندنەوەیان لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتیی كۆمار شوێنێك دیاری دەكرێت بۆ بەخاكسپاردنیان.

هاوڵاتی  سەرۆكی هەرێم لەبەغداد رایگەیاند لەبەر نەبوونی مووچە، فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی زۆر خراپدا دەژین و داوا لەسەركردەو لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنەكان و ئەندامانی پەرلەمانی دەكەم پشتیوان بن بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەساڵیادی تیرۆركردنی محەمەد باقر حەكیم لە بەغداد رایگەیاند"ئێستا لەبەر نەبوونی مووچە، فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی زۆر خراپدا دەژین، ئەوەش كاریگەرییەكی خراپی كردوەتە سەر هەموو كەرتەكان لەهەرێمی كوردستان" وتیشی" پێویستە ئەو كێشە گەورەیە بەزووی چارەسەر بكرێت، ئەوەش بەرپرسیارێتی هەمووانە، چونكە هەرێمی كوردستان و فەرمانبەرانی بەشێكن لەعێراق، داوا لەتەواوی سەركردەو لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنەكان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەكەم پشتیوان بن بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران".

هاوڵاتی  كەشناسی هەرێم بڵاویكردەوە كە باران و بەفربارین لەناوچەكانی هەرێم تا سبەینێش بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرماش نزمتر دەبنەوە. بەشی پێشبینیەكانی كەشوهەوا لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم بڵاویكردەوە " ئەمڕۆ 13ی كانونی دووەمی 2024، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی كاتەكان و لەزۆربەی ناوچەكاندا بارانبارینی مامناوەند دەبێت  و رێژەی دابارینیش لە ناوچە شاخاوییەكان زیاترە بە بەراوورد لەگەڵ سەنتەری شارەكان، هەروەها بەفر دەبارێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان و ناوچە شاخاوییە سنووریەكان و پلەكانی گەرماش نزمتر دەبنەوە".  ئەوەشی خستوەتەڕوو " سبەینێ یەكشەمە ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان و ناوچە شاخاوییە سنووریەكان، لە دوایی نیوەڕۆە بارانبارین لە زۆربەی ناوچەكاندا بە نمە باران و بارانی پچر پچر بەردەوام دەبێت تا كاتەكانی شەو، بەراورد بەئەمڕۆش پلەكانی گەرما 3  پلە دادەبەزێت". 

هاوڵاتی  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی ساڵیادی رۆژی شەهیدی عێراقی گەیشتە شاری بەغدا. محەمەد باقر حەكیم سەركردەی دیاری شیعە لە عێراق لەساڵی 2003 لە نەجەف بەهۆی كردەوەیەكی خۆكوژییەوە گیانی لەدەستدا. سەردانی نێچیرڤان بارزانی لە سەرداوای عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەیەو لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا باش نیەو چەند پەیامێكی توندیش لەنێوان هەردوولا هەبوە. چاوەڕێ دەكرێت سەرۆكی هەرێم لەمەراسیمەكەدا وتارێك پێشكەش بكات و ئاماژە بەپەیوەندیەكانی ئێستای دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا بكات.  

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لەئەنجامی شەڕوپێكدادان لەنێوان سەربازەكانیان و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەپارێزگای دهۆك ژمارەی سەربازە كوژراوەكانیان بۆ 9 سەرباز بەرزبوەتەوە. وەزارەتی بەرگری توركیا شەوی رابردوو راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "لەئەنجامی شەڕو پێكدادانی سەربازانمان لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لەهەرێمی كوردستان پێنج سەربازمان كوژراون و هەشت سەربازی دیكەش برینداربوون  كە برینی سیانیان مەترسیدارە". بەچەند كاتژمێرێكی كەم لەبڵاوكردنەوەی ئەو راگەیەنراوە، وەزارەتی بەرگری توركیا راگەیەنراوێكی تری بڵاوكردەوەو رایگەیاند ژمارەی سەربازە كوژراوەكانیان لەهەرێمی كوردستان بۆ 9 سەرباز بەرزبوەتەوە.      

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لەئەنجامی شەڕوپێكدادان لەنێوان سەربازەكانیان و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەپارێزگای دهۆك 13  سەربازیان كوژراون و برینداربوون. پەیامنێری هاوڵاتی لەبارەی پێكدادانەكەی ئەمڕۆی نێوان گەریلاكانی پەكەكەو سوپای توركیا وتی" شەڕو پێكدادانەكەی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە لە بەرزاییەكانی گوندی سگێرێ لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی روویداوە" هاوكات دوای چەند كاتژمێرێك بەسەر شەڕوپێكدادانەكە، وەزارەتی بەرگری توركیا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "لەئەنجامی شەڕو پێكدادانی سەربازانمان لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لەهەرێمی كوردستان پێنج سەربازمان كوژراون و هەشت سەربازی دیكەش برینداربوون  كە برینی سیانیان مەترسیدارە".      

هاوڵاتی کەشناسی ھەرێم رایگەیاند تا پێش نیوەڕۆی سبەینێ شەمە باران و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەی بچڕ بچڕ بەردەوام دەبێت. بەشی پێشبینییەكانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاند "بارانبارین و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەكان بە شێوەی بچڕ بچڕ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت لەدوای نیوە شەوەوە بارانبارین درێژە بكێشێ بۆ زۆربەی ناوچەكانی تری هەرێم. پێشبینیش دەكرێت تا پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك، هەولێر، راپەڕین زۆرترین ڕێژەی باران ببارێت. هەروەها بۆ دوای نێوەڕۆ و ئێوارەی شەممەش نمە باران بەشێوەی بچڕ بچڕ لە سەنتەری شارەكان و بەفرو باران لەناوچە شاخاوییەكان بەردەوام دەبێت.  

هاوڵاتی  پەرلەمانتارێكی كورد رایگەیاند حكومەتی عێراق دەیەوێت پشتبەست بەهەناردەی نەوتی هەرێم خشتەی خەرجی و موچەكانی بۆ ئەمساڵ دیاری بكات و بنێردرێتە پەرلەمان و لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم و تێچووی دەرهێنانەكەی لێكتێگەیشتن دروستبوە. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند لەگەڵ وەزیری نەوتی حكومەتی فیدڕاڵ و بریكارانی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنان و دابەشكردن كۆبوەتەوە، راشیگەیاند "هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم و تێچووی دەرهێنـانی نەوت كە كێشەی سەرەكی نێوان هەردوو حكومەت بوو لەئێستادا لێكتێگەیشتنی لەسەر دروستبووە" ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕوو" حكومەتی فیدڕاڵ دەیەوێت دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتیەكان لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە پێداچونەوەی پێكرا بگەن بەڕێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لەسەر نرخی دەرهێنانی نـەوت، وەفدی حكومەتی هەرێمیش لەدوا سەردانیاندا بۆ بەغدا ئامادەیان دەربڕیوە سەرجەم گرێبەستەكان بخاتە بەردەم دیوانی چاودێری دارایی عێراق". "حكومەتی عێراق دەیەوێت پشتبەست بەهەناردەی نەوتی هەرێم خشتەی خەرجی و موچەكانی بۆ ئەمساڵ دیاری بكات و بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی،  لە هەمواری یاسایی بودجە پرسی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمیش چارەسەر بكـات". بڕیار رەشید وا دەڵێت.  

هاوڵاتی  پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی وەزیرانی دارایی و نەوت و پلاندانانی عێراق سكاڵای تۆمار كرد.  نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق سكاڵایەكیانی لە دژی تەیف سامی، وەزیری دارایی و محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان تۆماركردوەو داوای لە دادگا كردوە دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خەرجیی كردەیی 15 پارێزگاكەی عێراق بەنادەستوری بزانێت، هەروەها وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراقیش بەپرەنسیپی یەكسانی لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە پابەند بكات، بەتایبەت پارەداركردن لەسەر بنچینەی پارە بڕیار لێدراوەكان لەیاسای بودجە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق. بەپێی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای باڵای فیدراڵیش، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 24ی كانوونی دووەمی 2024، دادگاكە بۆ تاووتوێكردنی دوو سكاڵاكە كۆدەبێتەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی  سكاڵای دووەمی لەسەر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتە تۆماركردوەو داوایكردوە دادگاكە رێكارەكانی وەزارەتی نەوت لە دیاریكردنی بڕو نرخی بەرهەمە نەوتییەكانی فرۆشراو بەهەرێمی كوردستان بە نادەستوری بزانێت و وەزارەتی نەوت پابەند بكات بە پرەنسیپی یەكسانی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دابینبكات و بەهەمان نرخی پارێزگاكان.  

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی "میلیشیا شیعەکان" لە هێرشکردنە سەر هەولێر داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ دەنگی (ئەمریکا) ڕایگەیاندووە: "ئامانجی میلیشیا شیعەکان لە هێرشکردنە سەر شاری هەولێر هاوپەیمانان نییە، بەڵکوو هاوپەیمانانیان کردووەتە بیانوو، ئەگینا ئامانجی سەرەکیان داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا." شایانی باسە لەم هەفتەیەدا بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، درۆنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا، بەڵام درۆنەکان تێکشکێندران و خرانە خوارەوە. هاوکات بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی بەرگری ئەمریکا، لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، 127 هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا، بە تایبەت بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و فرۆکەخانەی هەریر لە هەولێر. لە هەرێمی کوردستانیش، سەرەڕای هێرشی بەردەوام بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی هەریر، لە ڕۆژی شەممە 30ی مانگی 12ی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزی گوڵانی پێشمەرگە لە پیرمام کە، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، چەند کیلۆمەترێک دوربوە لە سنوری بارەگای بارزانییەوە. میلیشیا شیعەکان لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا چڕکردوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات لە شەڕی غەزەدا.

هاوڵاتی  ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ئەمریكا هاوكارییەكانی بۆ مووچەی پێشمەرگە كەمكردوەتەوەو لە ساڵی 2026دا سفر دەبێتەوەو بڕینی هاوكارییەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر وەزارەكەیان و دەبێت حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو كەمكردنەوەیە بكاتەوە.  لیوا ڕوكن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە "یاداشتنامەیەكی تێگەشتنمان هەیە لەنێوان پەنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حكومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێك 20 ملیۆن دۆلارو چەندین چەك و ئەجهیزات ومەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوكاریە ماددیەكان كەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026دا سفر دەبێتەوە." وتیشی "كەمكردنەوەكە سزا نیە، بەڵكو بەپێی ئەو لێكتێگەشتنەیە كە هەیە لە نێوانماندا." یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ساڵی 2016 ئەنجامدراو لە مانگی 10ی 2022 نوێكرایەوە، بەپێی لێكتێگەشتنەكە پەنتاگۆن مانگانە 20 ملیۆن دۆلارو چەندین چەك و ئەجهیزەی جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشكەش بەهێزە هاوبەشەكانی پێشمەرگە دەكات و هاوكاردەبێت لە یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 و دروستكردنی هێزی پێشمەرگەیەكی هاوبەش. هاوكارییەكانی ئەمەریكا بەكاردەهێندرێن بۆ دابینكردنی مووچەی نزیكەی 54 هەزار پێشمەرگە كە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، كەمكردنەوەی ئەو هاوكارییانە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. لیوا ڕوكن بەختیار دەشڵێت " كەمبوونەوەی هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، كاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەك و ئەجهیزاتەكانی پێشمەرگە، بڕینی هاوكارییەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقیش." ئەمنیداری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستوەتەڕوو "دەبێت وەزارەتی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەم بوونەوەیە".  

هاوڵاتی شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند لەئەمشەوەوە كاریگەری شەپۆلی باران و بەفربارین لەسەر ناوچەكەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت بۆ سبەینێش لەگەڵ بارینی تاوە بارانی بەخوڕو تەرزە هەورە بروسكەی توند رودەدات.  محەمەد كەلاری شارەزا لەبواری كەشناسی لەهەرێمی كوردستان و عێراق بڵاویكردەوە"كاریگەری شەپۆلەكە لە ئەمشەو و سبەی ڕۆژی هەینیدا زیاتر چڕ دەبێتەوەو ئەگەری بارینی باران و بەفری زیاترو ڕوودانی بروسەكەی توند هەیە لەگەڵ بارینی تاوە بارانی بەخوڕو تەرزە لە زۆرێك لە ناوچەكان". رونیشیكردوەتەوە"ئەگەری بەفر زیاتر دەبێت بەتایبەت لە سبەی  و درەنگانی سبەی شەوی شەممە كە ئەگەر هەیە بەشێكی لوتكەی چیاكان یەكەم بەفری ئەمساڵیان  لێ ببارێت، ئەم بارودۆخەش هەتا ڕۆژی یەكشەمە و بەشێكی دووشەمە لەسەر ناوچەكانمان بەردەوامی هەبێت".    

هاوڵاتی – عەمار عەزیز وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ سەرجەم كەمپی ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان دابخات، بەرپرسێكی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمیش دەڵێت لەو بڕوایەدا نین ئاوارەكانی شەنگال لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم لەدهۆك بە هاوڵاتی وت "حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لەناوەڕاستی ئەمساڵدا هەموو كەمپەكانی ئاوارەكان دابخات، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری ئاوارەكان، ئەوان سەرپشكن كە ئایا دەگەڕێنەوە یاخود بەپێچەوانەوە". وتیشی "لەو بڕوایەدا نین ئاوارەكانی شەنگال لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان، چونكە هێشتا شەنگال ئاوەدان نەكراوەتەوەو كێشەی خزمەتگوزاریان هەیە".  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ی حوزەیرانی 2023، بڕیاریدا سەرجەم كەمپەكانی ئاوارەكان دابخات بەهەرێمی كوردستانیشەوە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو "هیچ ئاوارەیەك بە زۆر ناگەڕێنرێتەوە، ئێمە داوامان نەكردوە كە كەمپەكان دابخرێن، بەڵكو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیایداوە". زۆرترین ئاوارەی شەنگال لە 15 كەمپی سنوری پارێزگای دهۆكدا  نیشتەجێن و ژمارەیان 337 هەزار كەسە، هەروەها 37 هەزار خێزانی دیكەش لەدەرەوەی كەمپەكاندا دەژین.  

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند ئەو هێرشانەی دەكرێنەسەر هەرێمی كوردستان، هێرشە بۆ سەر حكومەتی ناوەندی و ئەگەر هێرشە درۆنییەكانیش بۆ سەر هەرێم بەردەوام بێت كاریگەری لەسەر ئاسایشی هەموو عێراق دەبێت. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێكەوتێكیدا لەگەڵ كەناڵی (العربیە)، وتی "نامانەوێ پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكادا ئاڵۆز بێت و لەپێش دانوستانەكانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریكی بۆ كشانەوەی هێزەكانیان، دەبێت پێش هەموو شتێك ناوخۆی وڵات ئارام بێت و پاشان بەپێی بەرەوپێشچونی دانوستانەكان بڕیار بدرێت لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا یان دانانی خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراقدا". ئەوەشی وتوە "تەنها عیراق دەتوانێت بڕیار لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق یا رۆیشتنیان بدات، هێزەكانی هاوپەیمانانیش لەسەر داوای حكومەتی عیراقی لەوڵاتەكەدا بوونیان هەیە". وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی "چەند مانگێك پێش ئێستا وەفدێكی سەربازی عێراقی سەردانی واشنتۆنی ئەمریكایان كردووە، بەڵام لە ئێستادا دانوستانەكان سەبارەت بەم بابەتە ڕاوستاوەو لەداهاتویەكی نزیكدا دووبارە دەستدەكەینەوە بەدانوستانەكانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریكیدا". لەبارەی هێرشە درۆنیەكانییشەوە، فوئاد حسێن دەڵێت "بەغداد لەگەڵ ئاشتی و ئارامی وڵاتدایەو ئەم خواستەشمان بە ئەمریكییەكان راگەیاندوە، هەر وەك چۆن ئەوەشمان بە ئەمریكییەكان وتووە كە رووداوەكانی ئەم ماوەیەی پێشوو مایەی قبوڵكردن نین" . وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وتوە "بەشێك لەو كێشانەی كە بەرۆكی عیراقی گرتووە، پەیوەستە بە كێشەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لە ناوچەكەدا، بێگومان ئەو كێشانەش لەناوخۆی عێراقدا رەنگی داوەتەوە، هەروەها بەشێكی دیكەی كێشەكان پەیوەستن بەوڵاتانی دراوسێ و لەمبارەیەوە بەغداد بەمەبەستی گەیشتن بەڕێكەوتنێكی ئەمنی هاوشێوەی ئێران، چەند گفتۆگۆیەكی چڕی لەگەڵ لایەنی توركیدا ئەنجام داوە".  وتیشی "بەهیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی نادەین ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە". ماوەیەك لەمەوبەر هێرش و پەلامارەكانی گروپە نزیكەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنكەو سەبازگەكانی هێزەكانی  ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووەو ئەمریكاش لەڕێی بۆردومان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە و كە دیارترینییان بۆردومانەكەی سەر بنكەیەكی حەشدی شەعبی بوو لە جادەی فەڵەستینی بەغداد.    

هاوڵاتی  دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی رایانگەیاند یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چاوەڕێی ئەنجامی بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەكەن لەسەر ئەو سكاڵایەی لەبارەی 5 مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماریان كردوە.  تەلار لەتیف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "وەك یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، بەڵام بەیاسایەك هەڵبژاردنەكە بەڕێوەبچێت كە لەگەڵ داخوازییەكان و پرۆسەی دیموكراسی یەكبگرێتەوە". " ئەو تێبینیانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمانبوە لەدادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆماركردوەو چاوەڕێی ئەنجامی بڕیاری دادگای فیدراڵین كە چاوەڕێ دەكرێت رۆژی 21ی ئەم مانگە دادگاكە بڕیاری كۆتایی خۆی بدات" تەلار لەتیف وای وت. هاوكات زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"یەكێـی هەمووكاتێك ئامادەی هەڵبژاردنە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش هەركاتێكی بەگونجاو زانی وەك رۆژی هەڵبژاردن، ئەوا یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن". لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایەكی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماریان كردوە، وتی" چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی دەكەین لەسەر 5 مادەیەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان". دوێنێ 10ی كانونی دووەمی 2024، نوسراوێكی موهەنەد فازل عەباس، یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بۆ كاروباری تەكنیكی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە رۆژی 9ی كانونی دووەمی 2024 دەرچووەو ئاڕاستەی سەرۆكی ئەو فەرمانگەكەی كردووە بڵاوكرایەوە كە خشتەیەكی نوێی ئامادەكاری كۆمیسیۆنی ئاڕاستە كردوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ئەمساڵداو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی خشتەیەكی زەمنیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 30ی ئایاری 2024ی پێشنیار كردوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. هەر بەپێی نوسراوەكە، خشتەی كارەكە بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران دەنێردرێت بەمەبەستی پەسندكردنی تا لەسەر ئەو بنەمایەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكرێت. رۆژی 3ی ئەم مانگە، كۆمیسیۆن هەڵبژاردنەكانی عێراق نوسراوی فەرمی بۆ هەرێمی كوردستان ناردو رایگەیاند ناتوانێت ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 25ی شوباتی 2024 بوو هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، ئەویش بەهۆی یەكلانەبوونەوەی ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوەو هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.