هاوڵاتی دەستەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە بەغدان بە مەبەستی چاودێریکردنی بەرەوپێشچونی کەیسی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە بەغدادن. کارۆخ عبدوڵا گوڵاوی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەیان بە هاوڵاتی ڕاەیاند، "دەستەیەک لەنوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد ، بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانی وەزارەتی دارایی عێراق و پەڕلەمانتارانی لیژنەی دارایی عێراق و پەڕلەمانتارانی دیکە سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە ەرێمی کوردستان ." وتیشی، " لەهەوڵداین سبەی پێنج شەممە لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق کۆبینەوە ". باسی لەوەشکرد کە لەگەڵ ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردەی هەرێم کۆبونەتەوەو پێی ڕاگەیاندوون "هەموو داتا و زانیاری وانەبێژانمان بە نووسراو و سیڤی بەزمانی عەرەبی بەشێوەی گرێبەست ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقمان کردوە بۆ تەرخانکردنی دارایی پێویست لەلایان حکومەتی ناوەند بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستبکات بەدامەزراندنی مامۆستایایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست ، لەئێستادا چاوەڕێی وەڵامی فەڕمی حکومەتی فیدڕاڵن ." ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ڕاشیگەیاند کە ، دوێنێ سێ شەممە 30 ی4 لەگەڵ هەریەک لە جمال کۆچەر ئەندامانی لیژنەی دارایی عێراق و سۆران عمر ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق سەبارەت بە هەمان پرس کۆبوونەتەوە و لەدانیشتنەکەدا سەرجەمیان پشتیوانی خۆیان بۆ پشتوانی کردنی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم دووپاد کردۆتەوە. ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێم 740 ،37 هەزار وانەبێژە پێویستی تەرخانکردنی دارایی بۆ گرێبەست بوونیان زیاتر لە 18 ملیار دیناری مانگانەی پێویستە .
هاوڵاتی دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات: ئەمشەو سێشەممە 30ی نیسانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و هۆشدارییان پێ دەدات کە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن: 1ـ دووربکەونەوە لەو شوێنانەی ئاوی زۆری لێ کۆبووەتەوە. 2ـ دەستکاری هێل و تەلەکانی کارەبا مەکەن ئەگەر لەسەر زەوی کەوتبوون چونکە تۆ دلنیا نیت کارەبای تێدا ماوە یان نا. 3- بەهیچ شێوەیەک نزیک چەم و دۆڵ و ڕووبارەکان مەکەونەوە، چونکە لەوانەیە لە ناکاو ئاستی ئاو بەرز ببێتەوەو مەترسی بۆ سەر گیانت هەبێت. 4ـ لەم چەند ڕۆژەی ئەم شەپۆلە باشترە هاونیشتیمانیان زەرور نەبێت سەفەر نەکەن بۆ شارەکان بۆ سەلامەتی خۆیان. 5- شوفێرانی بارهەلگر پێویستە هێواش ئۆتۆمۆبیلەکانیان لێ بخووڕن بە پێچەوانەوە کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. 6ـ ئاژەلداران و شوانکاران هەولبدەن دووربکەونەوە لە بەرزاییەکان و ئەو شوێنانەی دار و محاویلەی لێیە لەبەر مەترسی هەورە بروسکە. 7ـ لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەکاتی بوونی مەترسی بەزووترین کات پەیوەندی بکەن بە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە رێگای ژمارە 115.
هاوڵاتی چوار فراکسیۆنی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رەتیدەکەنەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024 هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند "بە تووندی دژی هەموو هەوڵێكین بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان". بەیاننامەكە لەلایەن سەرۆكی هەر چوار فراكسیۆنەكەوە واژۆكراوە و داوا لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەن دژی ئەو هەوڵانە بوەستنەوە و گرەنتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكەن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 10ی حوزەیرانی 2024. هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، هەروەها بڕیاری دادگای فیدراڵیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان بوونەتە بیانوویەک کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ماوەی چەند رۆژێک دەبێت بەهۆی ئەو هێرشەی کرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راگیراوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەهەمهێنانی کارەبا کردووە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024، سەرچاوەیەکی تایبەت لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەپێی ئەو کارانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا کردووەیەتی ئەمشەو سێشەممە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە". ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى کۆمیسیارانى عێراق کۆبوەوە و جەختى لە گرنگیی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کرد بە رێککەوتنى سیاسی سەرجەم لایەنەکان. نوسینگهی سهرۆك وهزیرانی عێراق له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، ئهمڕۆ سێشهممه محەمەد شیاع سودانى پێشوازی لە عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان كرد و لەمیانی دیدارەکەدا، گرنگترین ئەو ڕێکارانەیان خستەڕو، کە کۆمسیۆن دەیگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. ئاماژه بهوهشكراوه، سودانی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی و بەشداریکردنی هەمو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لە هەرێم و دڵنیابون لە بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی لە جێبەجێکردنی ئەم مافەدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە دەبێت، بە شێوەیەک گرەنتی بەدیهێنانى مەبدەئى دادپەروەریى و یەکسانى بکرێت لە جێبەجێکردنى ئەو دەستکەوتە. ههرچهنده بڕیاره 10ی 6ی 2024 ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهبچێت، بهڵام تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتهكان بڕیاری بایكۆتیان له پڕۆسهكه داوه، لهكاتێكدا یهكێتی نیشتیمانی كوردستان و لایهنهكانی دیكه لیست و ناوی كاندیدانیان پێشكهش كردوه و دهڵێن، لهگهڵ ئهوهدانین ههڵبژاردنهكه دوابخرێت
هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی سبەی چوارشەممە ئاستی دابارین زیاتر دەبێت و کەشناسێکی کوردیش هۆشداری دهداته هاووڵاتییان له بارهی سهردانی كردنی ناوچه شاخاوییهكان. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ سێشهممه ئاسمان هەور و نیمچە هەوردەبێت لەگەڵ بونی تۆز و خۆڵ و زیادبونى خێرایی با، لەکاتەکانی دواینیوەرۆ شەپۆلێکى هەورە تریشقە و باران بارینى پچڕ پچڕ لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لەشەودا کاریگەرى باران بارین کۆتایی دێت. ئاماژهی بهوهشكردوه، لەبەربونى گۆڕانکارى لەم وەرزەدا ئەگەرى گۆڕانکارى هەیە دروست بێت لەکات و جۆرى دابارین و کەشەکە، بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لەنێوان (5-10 ) ملم دهبێت و خێرایى با مامناوەند دەبێت 15 بۆ 25 كیلۆمهتر دهبێت. لەبارەى کەشوهەواى رۆژى چوارشەممە 1ی ئایارى 2024 باسلەوەکراوە، ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با، ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆل لەسەر بەشێک لەناوچەکانى باشوورى پارێزگاى هەولێر و بەشێک لەئیدارەى گەرمیان و پاریزگاى کەرکوک هەیە. ئەوەشهاتووە، لەدواى نیوەڕۆ لەئەنجامى ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەکەشی ناوچەکەمان بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، لەگەڵ شەپۆلێکى هەورە تریشقە و ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت و پلەکانى گەرما (3 بۆ 5) پلەى دیکە نزمدەبنەوە. هاوکات پشتیوان ئیبراهیم، شارهزای كهشناسی رایگهیاند، لە ئێوارەی ئهمڕۆ سێشەممە 30ی نیسان، تا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 5ی ئایاری 2024، كاریگەریی باران بارین بەردەوامی دەبێت. وتیشی: "بەتایبەتی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە بارانی زۆرتر لەو سێ رۆژە دەبارێت، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەو سێ رۆژە شاخی رەوی و ناوچە شاخاوییەکان بهكار نههێنن، چونكە هەورەگرمە و هەورەتریشقە (بروسکە) هەیە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات". بڕی بارانبارینی پێسبینیکراو لە سنوری پارێزگاکانی هەرێم: سەنتەرى پارێزگاى هەولێر (4-6 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ناوچەشاخاوییەکان (7-10 )ملم سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى (6-10 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەرین (8-10 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان (8-10 )ملم سەنتەرى پارێزگاى دهۆک (2-5 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ (2-5 )ملم بەرزترین پلەکانی گەرمای پێسبینیکراو بە پلەی سلیزی: هەولێر : 25 سلێمانی : 24 دهۆک : 25 زاخۆ : 25 هەڵەبجە : 25 کەرکوک : 27 سۆران : 23 حاجی ئۆمەران : 15 گەرمیان : 29
هاوڵاتی بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە دادگاکە لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان پەیوەندی بە مووچەى ساڵی رابردووی فەرمانبەرانەوە هەیە. سکاڵای یەکەم لەلایەن جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و تایبەتە بەناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە سکاڵاکەدا داوادەکرێت، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 2023 بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. سکاڵای دووەمی تایبەتە بە پرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى پەروەردە تۆمارکراوە. سکاڵاکار لەسکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان کە بڕیارە تاوەکو 30ی تەموزی 2024 سەرجەم کەمپەکان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. دادگای فیدڕاڵی عێراق لهماوهی رابردودا چهند جارێك لهبارهی پرسی موچه و پشكی دارایی تایبهت به ههرێمی كوردستان تاوتوێ كردوه، 21ی شوباتی ئهمساڵ بڕیاری "تهوتین" و پێدانی موچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان لهكاتی خۆیدا دهركردوه. هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشی زۆری تەرخاندەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ی ئاداری 2023 وەهەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم ئاشکرادەکات. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "بەھۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی ھەبووە لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران، بۆیە رەوانەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانی کردووەتەوە و جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی پێداچوونەوەی بە لیستەکەدا کردووە و کەموکورتییەکانی چارەسەرکردووە و ناردوویەتییەوە بۆ بەغداد، بۆیە وردبینی لیستی مووچە دواکەتووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێم بخاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان". رۆژی 21ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرد و بڕیاربوو پێش کۆتایی ئەم مانگە مووچەی مانگی نیسان دابەشبکرێت.
هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت نائومێدی کوشندەترین نەخۆشییە کە تووشی هەر میلـلەتێک دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات گەل سەرمایەکی مەعنەویی و مرۆیی گەورەیە کە نابێت لەدەستی بدەن. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەگەل سەردانی هەولێری کرد لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووەوە رایگەیاند "پارتی و یەکێتی کوردستانیان بە ئاقارێکدا بردووە هیچ ئومێدێکیان نەهێشتووە، ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە گەل بکەینەوە خاوەن بڕیار". ئاماژەی بەوەشکرد "رابردووم کردووەتە دەرسێک کە لە داهاتوودا کەڵکی لێوەربگرم، هەروەها گەل سەرمایەکی مەعنەویی و مرۆیی گەورەیە کە نابێت لەدەستی بدەین". وتیشی "نائومێدی کوشندەترین نەخۆشییە کە تووشی هەر میلـلەتێک دەبێت، تاکە چەک کە بەدەستی ئێمەیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، کە یەکێتی و پارتی نیانە. باسی لەوەشکرد "شەڕی سیاسی خۆمان، دەبێت بە دەست و بازووی خۆمان بیکەین و هەرگیز پەلی دوژمن رانەکێشین بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی خۆمان پێ یەکلابکەینەوە، چونکە دڵنیابن بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە دەکەوێتە پێش بەرژەوەندیی میلـلەتەکەمانەوە".
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ بۆری گواستنەوەی غاز لە گوندی قزلەری سنووری پارێزگای کەرکوک شکا دوای چەند کاتژمێرێک توانرا بۆرییەکە چاک بکرێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024 بۆری گواستنەوەی غاز لە گوندی قزلەری سنووری پارێزگای کەرکوک شکا و دانیشتووانی گوندەکە ناوچەکەیان چۆڵکرد دوای چەند کاتژمێرێک کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ غاز لە بۆرییەک لەکێڵگەی جمبور دزەیکردووە بەھۆی کۆنی و بوونی پاڵەپەستۆوە لەسەر بۆرییەکە و راستەوخۆ لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "تیمەکان بۆرییەکەیان چاککردووەتەوە و رووداوەکە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی بەرھەمھێنان نەبووە و ھیچ زیانێکی گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە". بۆرییەکە دەکەوێتە گوندی قزلیار و لەھەمان ئەو شوێنەوە شکا کە لە 24ی کانونی دووەمی 2024 شکابوو.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دانیشتنی دادگا بوو سەبارەت بە تاوانی تیرۆرکردنی خواناس وریا کە لە 22ی 6ی 2023 لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، و لە دادگاییەکەدا بكوژی خواناس وتویەتی، " لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو". بههار مونزیر، بهرێوهبهری رێكخراوی خهڵك بۆ گهشهپێدان (PDO) ئەمڕۆ دووشەممە له ههژماری خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبوك بڵاویکردۆتەوە، كه دانیشتنهكه بە ئامادەبوونی خێزان و کەسوکاری وریا و 5 پارێزەر و ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران لە ماف و ئازادی لە کوردستان لە دادگای تاوانەکانی 3ی دادگای شاری سلێمانی بەڕێوە چووه. له دانیشتنهكهدا، وهك بههار مونزیر باسی دهكات، وتەی تۆمەتبار وەرگیراوهو دادگا چەندین پرسیاری سەبارەت بە تاوانەکە لێكردووەو، لهو وهڵامیشدا بکوژ 23 جار وتی: "من مەلا فڵان هانی نەداوم و هیچ کەس هانی نەداوم بۆ ئەم کوشتنە تەنها خۆم بووم، بەتەنها بیرم لێکردۆتەوە و بەتەنها تاوانەکەم ئەنجامداوە". خواناس وریای تەمەن ٢٥ ساڵ رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ، لە لایەن ناسیاوێکی گەنجی خۆیەوە، کە لەسەر "بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت"، بە شەش فیشەک کوژرا. ئەو گەنجەی خواناسی " تیرۆر" کرد به ناوی ( ه ، ک ) لای هێزە ئەمنییەکان ناسراوەو بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو پیشەی پێشمەرگە بووه، هاوکات " گەنجێکی توندڕەوی بیروڕا ئیسلامی بووە". بههار مونزیر باس لهوه دهكات كه له دانیشتنهكهی ئهمڕۆدا پرسیاری داواکاری گشتی و پارێزەرە خۆبەخشەکانی ڕێکخراوەکان وورد بوون و نوسیویهتی: "ئێمە لەگەل دادپەروەریداین، هەمان کات نیگەرانین لە کاریگەری ئەو گوتارانەی بەم ڕۆژەی بردین، بە پێویستی دەزانین هەڵوێست هەبێت بەرامبەر بەم جۆرە لە کوشتن کە لە کودستان هەبوە بەڵام کەم بوە لە رابردوودا".
هاوڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن." ئەمڕۆ دوشەممە ٢٩/٤/٢٠٢٤ میدیای پارتی لە زاری تیمی پڕۆژەی هەژماری منەوە بڵاویانکردەوە،ئەمریکا ئامادە نییە لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە پارەی مووچەی پێشمەرگە بدرێت. حکومەتی ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە. تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" هۆکاری نەناردنی هاوکارییەکانی پێسمەرگە لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت." وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات." ئەم گوتانەی تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە کاتێکدایە، بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە بەبێ کێشە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە بکرێت و حکومەتی عێراقیش داوا دەکات لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بکرێت. هەر ئەمڕۆش، عەزیز ئەحمەد, جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی هەژماری منی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات. وتیشی، هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری_من مۆڵەتیان لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێدراوە و بە تایبەتی پەسەند کراون بۆ پرۆژەکە. دوای ئەم ڕاستکرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە بەردەوام بین تا هێڵی کۆتایی. هەروەها وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆز و خۆڵ و سبهی سێشەممەش ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ بونی تۆز و خۆڵێکی کەم لەناوچەکانی باشوری هەرێم. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ دوشهممه ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆز و خۆڵ، لەکاتەکانی شەودا نمەباران لەناوچە جیاجیاکان دەبارێت و لەناوچە شاخاوییەکان رێژەکەی زیاتر دەبێت. ئاماژهی بهوهشكردوه، خێرایى با مامناوەند دهبێت و له نێوان 15 بۆ 25 كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دهبێت و ئاڕاستەی با باشوری خۆرهەڵات دەبێت، پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبێتەوە ناوچەکانی گەرمیان نەبێ کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . هاوکات کەشناسی هەرێم پێشبینى دەکات، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لەناوچەکانی باشووری هەرێم، لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆ تاوە باران و هەورە بروسکە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە پاشان زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی پچرپچر. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەى کەشناسیدا هاتووە، لەکاتەکانی سبەى شەودا کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت، بەڵام به هۆی ناجێگیری بەرگە هەوای ناوچەکە بۆ رۆژانی دیکە دابارینی ناو بەناو بەردەوامی دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 32 سلێمانی : 30 دهۆک : 32 زاخۆ : 32 هەڵەبجە : 31 کەرکوک : 33 سۆران : 28 حاجی ئۆمەران : 20 گەرمیان : 35
هاوڵاتی كۆمپانیای داناگازی ئیماراتی رایگهیاند، بههۆی هێرشهكهی ههینی رابردو زیانێكی كهم بهر كێڵگهی غازی كۆرۆمۆر كهوتوه بهڵام بهداخهوه چوار كهس گیانیان لهدهستداوه و ههشت كهسیش برینداربون، دهشڵێت،بەشێوازی کاتی بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرتووە لە راگەیهندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024-ی داناگازدا هاتووە، "کاتژمێر 6 و 45 خولەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی 26ی ئەم مانگە کۆگایەکی گازی کۆندێنسەیت لە رێگەی هێرشێکی تیرۆریستی درۆنییەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیراژیدییەدا چوار لە کارمەندان گیانیان لەدەستدا و ههشتی دیکەش بە سووکی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگاکە بوون". لە راگەیهندراوەکە هاتووە، "هەموو کەس لە داناگاز و کۆمپانیا هاوبەشەکانی هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ بنەماڵەی قوربانیان و ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەتووە، دەردەبڕن و هەموو شتێکیش بۆ پاڵپشتی و یارمەتیی زیانلێکەوتووان دەکەن". داناگاز ئهوهشی وتووه، "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و بەڵێندەران گرینگترین شتە لەلای کۆمپانیای دانەغاز. هەرچەندە زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانمان بە شێوازی کاتی وەستاندووە و رێوشوێنەکانی کارکردنمان گۆڕیوە". ئهوهشخراوهتهڕو، کۆمپانیاکە و هاوبەشەکانی هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دهكهن لە ئاستە بەرزەکاندان بۆ پشتگیری لە پابەندبونەكانیان و دادگاییکردنی تاوانباران. كۆمپانیای داناگاز دهڵێت، "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەت کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی ئەمنی و بەرگری بۆ ڕێگەدان بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان لە دامەزراوەی كۆرمۆر". جهختیش دهكاتهوه، کۆمپانیاکە پابەندبونی پتەوی خۆی بە خەڵکی هەمو هەرێمی کوردستان و عێراق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپات دەکاتەوە و چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان لە كۆرمۆر دهكات بە زوترین کات. جێگەیباسە هەر دوێنێ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی شەممە، 27ـی نیسانی هاوپەیمانییەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی سەرەداویان لەبارەی ئەو کەسانە دەستکەوتووە، کە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر تێوەگلاون و لەکاتی کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە، رەوانەی دادگا دەکرێن.
هاوڵاتی گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرسی ماف و چارەسەری شایستە داراییەکان و بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانیدا لەگەڵ لایەنەکانی عێراق تاوتوێ کراون و ئامانجی سەرۆکی هەرێم ئەوەیە پڕۆسەکە لە وادەیەک ئەنجامبدرێت کە گونجاوبێت بۆ هەمو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان. دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمشەو ٢٨/٤/٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەلێک پرسی گرنگی پەیوەست بە داهاتوی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان باسکردوە، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ سەردانی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمریکا و سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کردووە. وتیشی: "خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش و هاوبەش هەیە بۆ سەرجەم پرسەکان و لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان، دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی و جێبەجێکردنی دەستوور". لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، دڵشاد شەهاب باسی لەوەکرد: پرسی شایستەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کۆتایی موچە لە گرنگترین بابەتاکنی کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێم بوە لەگەڵ لایەنە سیاسی و دامەزراوە عێراقییەکان، نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستێکی جدی لەسەر پرسی ئەمنی وهەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەبوە وەک هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر. هاوکات بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژی سەرۆکی هەرێم، حکومەتی عێراقی دەلێن گرنگە موچەی فەرمانبەران لە رێگەی سیستمی بانکییەوە دابەش بکرێت، لە ئێستاشدا گفتوگۆیەکی باش لەو بارەیەوە هەیە و پرسی شێوازی دابەشکردنی موچە بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا کە، "بانکەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و پرۆسەی بەبانکیکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازی نییە". هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە باسی لەوەشکرد: هەموو لایەنە عێراقییەکانیش گرنگی بەو پرسە دەدەن و دیدگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لایەنەکان بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێیدا بەشداری بکەن. لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە، بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەن یان سەردانیان دەکەن و هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و بۆ ئەو مەبەستەش نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵیان لەسەر هێلە.
