هاوڵاتی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت،"داگیرکەرانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پیلانی لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەڕێوەدەبەن". ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر ڕایگەیاند،داگیرکەران و دوژمنانی کورد لەباکوروڕۆژهەڵات سیاسەتی نکۆڵیکردن و توانەوە،لەناو بۆتەی نەتەوەی سەردەستدا پەیڕەوەکەن و لەڕۆژئاواوباشوریش پیلانی لەناوبردنی خۆسەری ڕۆژئاواوقەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن. دەشڵێت، بەهۆی سیاسەتی "پەرتکەوزاڵبە" ی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە ئیرادەی خەڵکی لەبەرانبەر دوژمنانی کورددا لاوازبووە ، و سەڕەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکان سەرەخۆشی خۆیان بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان ڕاگەیاند. هاوکات کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە چەند خاڵێکدا ژمارەیەک داوایان لە هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد: ١- لەهەموو شارەکان خەڵک بەهەموو جیاوازی و چین وتوێژەکانەوەناڕەزیی دەرببڕن و دژی هەرهێرش و پەلامارێک بوەستنەوە. ٢- دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەهیچ ناوچەیەک ڕێگری لەدەربڕینی ناڕەزایی گەل نەکات،کەدژی داگیرکەرانی ئێران و تورکیا بێت،داوالەڕەوەندی کوردیش دەکەین ناڕەزایی فراوان دەرببڕن و وەک هەمیشە پشتیوانی ناوەوەبن. ٣- داوالەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهاوپەیمانان دەکەین بێنەدەنگ و سنورێک بۆئەم هێرش و پەلامارانەدابنێن. ٤- بەپێی دەستوورئەرکی سەرۆکایەتیەکانی عێراقی فیدڕاڵ و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کورستانە،سەروەری خاک وخەڵک بپارێزن و ڕێگەنەدن،لەژێر هیچ پاساوێکدا پێشێلبکرێت و ناوچەکە بکرێتە مەیدانی شەڕویەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان ولاوازکردن و لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی گەلەکەمان،پێویستە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و حکومەتی ئیتیحادی،لەناوخۆودەروە ئەرکی دەستووری خۆیان جێبەجێبکەن. دەقی ڕاگەیەنراوی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر: داگیرکەرانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پیلانی لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەڕێوەدەبەن،لەباکوروڕۆژهەڵات سیاسەتی نکۆڵیکردن و توانەوە،لەناو بۆتەی نەتەوەی سەردەستدا پەیڕەوەکەن و لەڕۆژئاواوباشوریش پیلانی لەناوبردنی خۆسەری ڕۆژئاواوقەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن. لەوچوارچیوەیەدا دەوڵەتی تورکیاوئێران ڕۆژانە، لەهێرش و داگیرکاری بەردەوامن، شەوی ڕابووردوو بۆچەندەمین جار،لەلایەن ئێرانەوەبەموشەک هێرش کراوەتە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان و شوێنی مەدەنی بەئامانج گیراوەو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە. ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئیدانەی هەموو جۆرە هێرش و پەلامارێکی سەرگەلەکەمان ودەستکەوتەکانی دەکەین، بەداخەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تەواوکەری پیلانی دەوڵەتانیداگیرکەرن، بەوەی سیاسەتی پەرتکەوزاڵبە وخوڵقاندنی ناکۆکی نێون شارەکانیان پەیڕەوکردووە وئیرادەی خەڵکیان لەبەرانبەر دوژمنانی کورددا لاوازکردووە، کەتەنیا بەوئیرادە ویەکگرتووییە دەتوانیین، ڕووبەڕووی داگیرکەران ببینەوە وپیلانەکانیان شکست پێبهێنرێت، بۆیە ئێمە داوادەکەین: ١- لەهەموو شارەکان خەڵک بەهەموو جیاوازی و چین وتوێژەکانەوەناڕەزیی دەرببڕن و دژی هەرهێرش و پەلامارێک بوەستنەوە. ٢- دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەهیچ ناوچەیەک ڕێگری لەدەربڕینی ناڕەزایی گەل نەکات،کەدژی داگیرکەرانی ئێران و تورکیا بێت،داوالەڕەوەندی کوردیش دەکەین ناڕەزایی فراوان دەرببڕن و وەک هەمیشە پشتیوانی ناوەوەبن. ٣- داوالەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهاوپەیمانان دەکەین بێنەدەنگ و سنورێک بۆئەم هێرش و پەلامارانەدابنێن. ٤- بەپێی دەستوورئەرکی سەرۆکایەتیەکانی عێراقی فیدڕاڵ و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کورستانە،سەروەری خاک وخەڵک بپارێزن و ڕێگەنەدن،لەژێر هیچ پاساوێکدا پێشێلبکرێت و ناوچەکە بکرێتە مەیدانی شەڕویەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان ولاوازکردن و لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی گەلەکەمان،پێویستە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و حکومەتی ئیتیحادی،لەناوخۆودەروە ئەرکی دەستووری خۆیان جێبەجێبکەن. پارت و لایەنە دەسەڵاتداردوئۆپۆزسێۆنەکانی کوردستان دەبێت ئەوڕاستییەباش بزانن هیچیان بەپشتیوانی دەوڵەتانی دراوسێ ناتوانن بمێنەوە،بۆیە دەبێت یەک و یەکگرووتووبن ولەناوخۆدا کێشەکانی خەڵک چارەسەربکەن و بنەماکانی دیموکراسی و حوکمی ڕەشیدپەیڕەوبکەن، هاوکات،لەسەر ستراتیژێکی نیشتمانی نەتەوەیی ڕێکبکەون،ئەگەر وانەکەن دەبنە هۆکاری لەناوچوونی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پیلانی دوژمنان تەواودەکەن. ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەهەموو کارێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا، وەک هەمیشەهاوکاروپشتیوان دەبین. ڕۆحی قوربانییەکان شادبێت. هیوای چاکبوونەوە بۆبریندارەکان دەخوازین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی 16/01/2024 بروكسل

هاوڵاتی  سوپای پاسدارانی ئێران لەدوای هێرشەكانی سەر هەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام زانیاری ناو راگەیەنراوەكان دژبەیەك و ناكۆكن. سوپای پاسدارانی ئێران لە 12 كاتژمێری دوای هێرشەكەی سەر هەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوكردوەتەوە، راگەیەنراوی یەكەم و سێیەمیاندا كە تایبەتن بە هێرشەكەی سەر هەولێر. لەڕاگەیەنراوی یەكەمدا سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت " هێرشەكەی هەولێر لەكاردانەوەی هێرشەكەی كرماندا ئەنجامدراوە و بنكەی سیخوڕیی و كۆبوونەوەی دژبەرانی ئێرانی تێدا كراوەتە ئامانج". بەڵام سوپای پاسداراندا لەراگەیەنراوی سێیەمیدا ئەوەی خستوەتەڕوو " ئەو شوێنانەی لە هەولێر بەئامانجیان گرتوون، بنكەی سەرەكی هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە مۆسادیان تێدا بووە  بەموشەكی بالیستی كراونەتە ئامانج، هێرشەكەش لەكاردانەوەی كوژرانی سەركردەكانی سوپای پاسداران و بەرەوی مقاوەمەدا ئەنجامدراون".

هاوڵاتی  سەرۆكایەتی هەرێم ئیدانەی هێرشكەی سەر هەولێر دەكات و رایگەیاند هەرێمی كوردستان هەرگیز بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نەبووەو نابێت، بەهانەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بۆ هێرشەكە بێ بنەماو دوورە لەڕاستییەوە.  سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "زۆر بەتوندی سەركۆنەی‌ ئەو هێرشە دوژمنكارییە دەكەین كە سوپای پاسدارانی ئێران شەوی ڕابردوو بە مووشەكی دوورهاوێژ كردیە سەر هەولێرو لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون".  "بەردەوامی بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاووڵاتییان، تاوانكارییەكی بێ پاساو و دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و دراوسێیەتی و بەها مرۆیییەكانە‌، هەروەها پێشێلكردنێكی زەقی سەروەری و ئارامی و سەقامگیریی عێراقە" سەرۆكایەتی هەرێم وا دەڵێت.  ئەوەشی خستوەتەڕوو "هەرێمی كوردستان هەرگیز بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نەبووەو نابێت، بەهانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هێرشەكە بەتەواوی بێ بنەماو دوورە لەڕاستییەوە" سەرۆكایەتی هەرێم داواش لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق دەكات بەپەلە دەست بەلێكۆڵینەوە بكات بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ئەركی خۆی لە پاراستنی هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیەنێت و ڕێ لەو هێرشانە بگیرێت.    

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند هێرشەكەی سەر هەولێر لەچوارچێوەی بەرگریكردندایە لە سەروەری و ئاسایشی ئێران و بەهەموو توانای زانیاری و هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنێكی وردو ئامانجداردا شوێنی نەیارانمان كردە ئامانج. ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "هەنگاوەكانی شەوی رابردوو لە پێناو بەرگری لە دەسەڵات و ئاسایشی وڵات بووەو هێرشەكان بەشێك لە سزای ئێرانە بۆ تێكدەرانی وڵات". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی وتوە "ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بووەو بەمافی یاسایی و شەرعی خۆمانی دەزانین رووبەڕووی سەرچاوەكانی هەڕەشە ببێتەوە".  

مەسعود بارزانی رایگەیاند دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان و ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیەو ناكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر یەپامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاند"لەساڵی 2020ەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان، ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەكی ئاشكرایە بەرانبەر خەڵكی كوردستان". ئەوەشی وتوە "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەو ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەكانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاك دەزانن كە بوختان و بیانوو و ئیدعاكانیان هیچ بنەمایەكی نیەو بۆ داپۆشینی كێشەو گرفتەكانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێرو خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدەن". بارزانی دەشڵێت "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامارو تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێكی بێتاوانی هەولێریان كۆمەڵكوژ كردووە كە زۆر ب توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییەو نە شەهامەت، بەڵكو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران".  "لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانەو هەمیشە ڕێزو حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیەو دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ كردووە. دەمەوێ دڵنیایان بكەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەكانیان لەدژی هەولێرو خەڵكی كوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نیە و دوورە لە ڕاستی، داواتان لێ دەكەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەكان ببینن" سەرۆكی پارتی وا دەڵێت. مەسعود بارزانی لەبەشَكی تری پەیامەكەیدا رایگەیاندوە "ناكرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین، پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەك و درۆنەكانی ئێرانی ئەوەیە، دەتوانن بمانكوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن".  

هاوڵاتی  ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر بۆ لێكۆڵینەوەكانیان لەبەغداوە بەرەو هەولێر كەوتنەڕێ. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر پێكبهێنرێت و دوای بڕیارەكەش قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەسەرۆكایەتیی لیژنەیەكی ئەمنی بەرەو هەولێر بەڕێكەوت بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكیدا ئیدانەی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكات و رایگەیاند"حكومەتی عێراق ئیدانەی خۆی بۆ دەستدرێژییەكانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەردەبڕێت، كە بۆردومانكردنی شوێنە سەلامەتەكانی نیشتەجێبون بە موشەكی بالیستیك دەكرێت،  لەئەنجامیشدا بوە هۆی زیانی گیانی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا". ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەبەرچاوگرتنی ئەو وێرانكارییەی كە بەهۆی بۆردومانەكەو كەوتنەوەی ژمارەیەك قوربانی بێتاوان لە ئەنجامی بۆردومانی شوێنەكانی نیشتەجێبون، لەوانەش شوێنی نیشتەجێبونی سەرمایەداری كورد پێشڕەو دزەیی و ئەندامانی خێزانەكەی، حكومەتی عێراق ئەم هەڵسوكەوتە بەدەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق و زیانگەیاندن بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەكە دەزانێت". "هەموو ڕێوشوێنە یاساییەكان بەرامبەر بە ئێران دەگیرێتەبەر، لەوانەش پێشكەشكردنی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش" وەزارەتی دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.     

هاوڵاتی  لاهور شێخ جەنگی  ئیدانەی هێرشەكەی سەر شاری هەولێر دەكات، راشیگەیاند ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی تر دەستی دوژمنانی كوردی واڵاكردوە پێشێلكارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن. لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردوی سەر هەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتوە "دڵمان لای هەولێرو هەولێرییەكانە، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆكانەی سەر شاری هەولێری خۆشەویست دەكەم كە تیایدا هاووڵاتییانی مەدەنی بوونە قوربانی، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكان دەكەم، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم". لاهور شێخ جەنگی  راشیگەیاند "داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەم ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن، ئەركی حكومەتی فیدراڵییە كە رێگە لەم پێشێلكارییانە بگرێت". لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئەوەشی وتوە "بەداخەوە  ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی تر دەستی دوژمنانی كوردی واڵاكردووە كە زۆر بەئاسانی بتوانن پێشێلكارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، پێویستە لایەنە سیاسییەكان چیتر نەبنە داردەستی وڵاتان و جێبەجێكردنی ئەجندای ئیقلیمی بۆ لەناوبردنی ئەزموونەكەمان".  

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی هێرشەكەی هەولێر دەكات و دەڵێت هێرشەكانی ئێران سەقامگیری عێراق تێكدەدات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر، راگەیەنراوێكی بڵاویكردەوەو رایگەیاند "واشنتۆن ئیدانەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر هەولێر دەكات و دژایەتی خۆشی بۆ هێرشە بێباكەكانی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت كە دەبنە هۆی دروستكردنی ناسەقامگیری لە عێراقدا". "بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عێراق، بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی یەوڵەكانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان" وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وا دەڵێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆئەوانەی لە ھێرشەكەشدا گیانیانلەدەستداوە، پرسەنامە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەكانیان كرد.  

هاوڵاتی  پارێزگاری هەولێر داوا لەگەورەو بچووك و چین و توێژەكانی هەولێر دەكات بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ڕیسواكردنی بكەرانی هێرشەكانی سەر هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان گردبوونەوەی جەماوەری بكەن. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "لەپێناو ئیدانەكردن و شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی دوێنێ شەوی سەر هەولێری هەمیشە سەربەرزو كردەوە تیرۆریستیەكانی پێشوتریش، ئەمڕۆ ژمارەیەك هاوڵاتی شارەكەمان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردوە". پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو" بڕیارە كاتژمێر 10:30 خولەكی ئەمڕۆ گەورەو بچووك چین و توێژەكان، بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ڕیسواكردنی بكەرانی ئەوتاوانە لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر شەقامی 100 مەتری گردبوونەوەی جەماوەری بكەن و مۆڵەتیان پێدراوەو ئێمەش پشتیوانیان لێدەكەین و لەگەڵیان دەبین". "بۆیە داوا لەجەماوەری هەمیشە سەربەرزی هەولێرو دەووربەری دەكەین، بۆ گەیاندنی دەنگی هەولێرو پڕۆتستۆكردنی ئەو تاوانە، بەشداری فراوان بكەن" ئومێد خۆشناو وا دەڵێت.

هاوڵاتی  سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند بەتوندی ئەم تاوانە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان شەرمەزار دەكەم و داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلكارییەی دەكرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر هەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "جارێكی دیكە هەولێری سەربەرز كرایەوە ئامانجی هێرشی موشەكیی سوپای پاسدارانی ئێران، بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە، بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان شەرمەزار دەكەم"  سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلكارییەی دەكرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان". "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەم لە سەر ئەو ستەمكاریەی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێت بێنە دەنگ، لەڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لە پێناو كۆتایی هێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەكرێنە سەر خەڵكی بێ تاوانی كوردستان" سەرۆكی حكومەت لەپەیامەكەیدا وا دەڵێت.

هاوڵاتی  وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند دەمێكە گفتوگۆو هاتووچۆی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە ئارادایە، بەڵام سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم كاریگەری گەورەی لەسەر بڕیارەكەی حكومەتی ناوەندی هەبوو بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم.   دڵشاد شەهاب، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "دەمێكە گفتوگۆو هاتووچۆی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە ئارادایە، سەرۆكی هەرێمیش وەك بەرپرسیاری یەكەم لەڕێكخستنی پەیوەندییەكان و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی چاودێری دۆخەكە دەكات، سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم گرنگبوو، كاریگەری گەورەی لەسەر بڕیارەكەی حكومەتی ناوەندی هەبوو." وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی ئەوەشی بە دەنگی ئەمریكا وتوە "هەرێم یەك سیستەم و یەك حوكمڕانییە، سەرۆكی هەرێمیش كەسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەو بابەت ئەوە نییە بەجیا سەیری هەنگاوەكان بكرێت، بەڵكو هەوڵەكان تەواوكەری یەكترین، بەڵام سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم هەنگاوێكی یەكلاكەرەوە بوو." "ئەگەر لە مانگەكانی داهاتوودا ڕێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای بودجە كرا و لەپەرلەمان تێپەڕێنرا دۆخەكە باشتریش دەبێت، گەر خوانەخواستە ئەم پرسە دوا بكەوێت، ئەم بڕە پارەیە قەرز و سلفە نییە، بەڵكو پشك و مافی هەرێمە لە بودجەی ناوەندی و بەردەوامیش دەبێت" دڵشاد شەهاب. وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو "دۆخی هەرێم باشتر دەبێت گەر یاساكە هەموار بكرێتەوە، چونكە پشكی هەرێم زیاترە، هەرێم پشكی لەخەرجییەكانی سیادی و حاكیمەو پەرەپێدانی پارێزگاكانیش دەبێت، ئەولەویەت بۆ مووچەی مووچەخۆرانە كە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەی ناوچەكانی تری عێراق بدرێت، هەموو لایەنەكان لەسەر ئەمە هاوڕابوون."  

هاوڵاتی ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لە سێدارەدانی شەش هاوڵاتی کوردی خەڵکی کرماشانی راگەیاند کە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکرابوون. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەش هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خوڕەمتاش، ئەمیرحوسێن مەلەکی، عەلی ئەکبەر مورادیان، هادی نەزەری و عەلی میری کە خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەحنە بون، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەجی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو شەش بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکرابوون و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.  دەشڵێت هەتا ئێستا، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە. بەپێی ئاماری رێکخراوەکە؛ ساڵی رابردو 823 کەس لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون کە 151 کەسیان کورد بون و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا لانیکەم 19 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.

هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، حەوت وێستگەی کارەبا لە رۆژئاوای کوردستان لە کار کەوتوون و بە ڕێوبەرایەتی خۆسەریش بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشەکان  بڵاوکردەوە. ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكرده‌وه‌، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردودا سوپای تورکیا 56 ناوچەی بۆردومانکردوه‌، کە زۆربەیان ناوچەی خزمەتگوزارین و زۆرترین هێرشه‌كان بۆسه‌ر وێستگەی کارەباو ئاوو بوه‌ له‌و به‌شه‌ى كوردستان.، لە ئەنجامدا 5 سەربازی دیمەشق گیانیان لەدەستدا و 6 هاوڵاتی مه‌ده‌نیش برینداربون و زیانی ماددی زۆریش لێكه‌وته‌وه‌. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ساڵی 2017وە بەردەوامە، لە دو ڕۆژی ڕابردودا قورستر بووە، لە شەوی 12ی ئه‌م مانگه‌دا فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی توركیا لە ناوچه‌كانی دێریکەوە تا قامیشلۆ و عامودا و دەرباسییە و کۆبانێ و شەهبا ژێرخان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان بۆردومان دەکەن. ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر بەشێکی زۆریان وێستگەی کارەبا و خزمەتگوزارین بەم شێوەیەی خوارەوەن:  دووجار وێستگەی شاری کۆبانێ کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کارەبای ئەو شارە و 400 گوندی سەر بە کۆبانێ پچڕاون. وێستگەی گواستنەوەی کارەبای عەین عیسا لە گوندەواری رەققە و بەهۆیەوە کارەبای ئەو وێستگەیە و 150 گوندی سەر بەوێ پچڕان. لە قامشلۆش بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر وێستگەی کارەبا بووە هۆی ئەوەی کارەبای زیاتر لە سەدا 60ی شارەکە و گوندەوارەکانی رۆژهەڵات ببڕدرێت. لە عامودێ بۆردومانەکە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و 90 گوند . لە ترپەسپیش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و 190 گوندی دەورووبەری. درباسیەش لە باکووری حەسەکە بەهەمان شێوە بەر بۆردومانی تورکیا کەوتووەت و بەهۆیەوە زیان بە وێستگەی کارەبای شارەکە گەشت و کارەبای پچڕا. هاوکات لە کاتژمێرکانی درەنگانی ئەمشەودا، تورکیا وێستگەی غازی سوەیدییەی لە گوندەواری دێریک بۆردومان کرد، کە وزە بۆ دەیان وێستگەی گواستنەوەی کارەبای دابین دەکات. لەو بارەیەوە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) بەیاننامەیەکی سەبارەت بەهێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوەو ڕایگه‌یاندوه‌، "وەزارەتی بەرگری تورکیا لەچوارچێوەی بانگەشەی درۆینە دوبارەبوەکانیدا، بانگەشەی ئەوەیکردوە کە بەشێک لەچەکدارەکانمان لەهێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهید بون، به‌ڵام ئه‌وه‌ درۆیه‌". دەشڵێت، "ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەو بانگەشانە درۆیەو ئامرازی هەمیشەیی داگیرکەرانن، لەڕێگەی ئەم ئامرازانەوە داگیرکەران هەوڵدەدەن تاوانەکانیان بشارنەوە کە بریتین لەبەئامانجگرتنی ژێرخانی، ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، ناوچەی نیشتەجێبون‌و سەرچاوەی بژێوی ژیان، بەڵگە بینراوەکان دەیسەلمێنن کە ئەو تاوانانە گەورەترو ڕونترن لەهەموو ئەو تاوانانەی کە دوبارە دەکرێنەوەو بەڵگەنامەكانیش ده‌یسه‌لمێنن كه‌ تورکیا تاوانباره‌". له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :"لەدوو ڕۆژی ڕابردودا تورکیا بەفڕۆکە جەنگییەکان‌و فڕۆکە بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى، دامەزراوەکانی وزەو کۆگاکانی دانەوێڵە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ماڵە مەدەنییەکان، باخەکانیان، سەرچاوەی بژێوی ژیانیان، ڕێگا سەرەکییەکان‌و ناوچەکانی دەوروبەریانى کردوه‌تە ئامانج، بەهۆی ئەم هێرشانەوە وێرانکارییەکی گەورە ڕویداوه‌، لەئەنجامیشدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بەوزەو کارەباو ئاوەوە بۆ سەدان هەزار کەس وەستاون".  

هاوڵاتی خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها رایده‌گه‌یه‌نن، كچه‌كه‌یان "تیرۆركراوه‌" ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ روداوى گیان له‌ده‌ستدانه‌كه‌ى "خۆكوژى" بێت. شەوی 26ى 10ى 2023 ڕوداوێکی هاتوچۆ لەجۆری وەرگەڕان لەناوچەی هەڤنکای ناوچەی بارزان ڕویداو لەئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە گڕیگرت‌و نەتواندرا شۆفێرەکە ڕزگاربکرێت بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا، بەهۆی پۆستێکی شۆفێرەکەشەوە گومان لەسەر گیانلەدەستدانەکەی دروستبوو. جیهان تەها مامۆستای وانەبێژ تەمەنی 35 ساڵ بوو یەکێکبوە لەو مامۆستا ناڕازییانەی کە لەڕابردودا لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازیی بەشداریی گردبونەوەو خۆپیشاندانەکانی کردوەو لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەمیشە ناڕەزایی ده‌ربڕیوە دژی دانەمەزراندنیان. لەم بارەیەوە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە خانەوادەی ئەو مامۆستایە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند:  "هەروەک هەمو لایەک ئاگادارن لەبەرواری 26ی 10ی 2023 هەواڵی گیانلەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتوی هەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بە ڕوداوێکی هاتوچۆی گوماناوی، هاوکات لە فەیسبوکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابو کە ئاماژەی بەوەدەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت، هەرلەسەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایە خەڵکی کوردستان،  دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنوسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی  لە ساڵانی ڕابردو ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسان وئازادیخوازان  لە سنوری هەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبوە". له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "خۆپیشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و هیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە، شایەنی ئاماژەپێکردنە کە  مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر دەژی لەماوەی ڕابردو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتوە لە لەکەمتەرخەمی و بەداوانەچونی داواکاریەکانی وانەبێژان". ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، "لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لە سنوری هەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان و خەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیهان". ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌ بەیاننامەیەک لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکوردستان تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکوردستان هەروەک هەمولایەک ئاگادارن ڕۆژى 26ى 10ى 2023 هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتوی هەولێر لەکوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بەڕوداوێکی هاتوچۆی گوماناوی، هاوکات لەفەیسبوکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوەدەکرد، خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابێت. هەرلەسەرەتاوە ئەم ڕوداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لەساڵانی ڕابردوو  ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان‌و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسان‌و ئازادیخوازان لەسنوری هەولێرو بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبوە. بەجۆرێک کەئازادی ڕادەربڕین، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات‌و حکومەت‌و بەرپرسان هەروەها چالاکی‌و خۆپیشاندان بۆ داواکردنی ماف بەهەموو شێوەیەک سنوردارو قەدەغەکراو بوە، بۆ نمونە ڕفاندن‌و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، تیرۆرکردنی وەدات حسێن، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل، زیندانیکردنی شێروان شێروانی، گوهدار زێباری‌و قارەمان شوکری‌و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەمدواییانەش ڕێگریکردن لەچالاکی‌و خۆپیشاندانی مامۆستایان‌و وانەبێژان لەسنوری هەولێر دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند هەفتەیەک دوای ڕوداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان  بەبیانوی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان‌و مامۆستایان لەسنوری سلێمانی‌و دەوروبەری کە لەژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیەو هیچ ڕێگریەک لەخەڵک نەکراوە. شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیهان تەها کە لەهەولێر دەژی لەماوەی ڕابردوو لەسێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لەدەسەڵات‌و وەزارەتی پەروەردە گرتوە لەکەمتەرخەمی‌و بەداوانەچونی داواکاریەکانی وانەبێژان. لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لەتاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لەسنوری هەولێرو بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان‌و خەڵکی کوردستان‌و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرتاسه‌رى جیهان. هەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن کە مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە: 1. جیهان شۆفێرێکی باش  نیە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک  لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار ، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو ڕێگایەی کە  جیهان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوارو یەک سایدە، پێچانەوەو شاخ‌و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی ڕوداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە. بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت‌و دژوارە بگرێتەبەر کە پێشوتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت‌و بۆی نەڕۆیشتبێ لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لەهەولێر ئەوکارە ئەنجامبدات یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت. 2. جیهان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی‌و بەڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردوە، بۆ نمونە دەوامی خوێندنگه‌، وەرگرتنی موچە، بازاڕیکردن، پەیوه‌ندیی لەگەڵ کەسوکارو دۆست‌و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین‌و ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگ‌و پێویست لەڕۆژەکانی دواتردا. هەر لەهەمان ڕۆژ کاتژمێر 2:06ی دوانیوەڕۆ پەیوەندیی لەگەڵ برایەکەی هەبوەو بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتوە، بەڵام لەکاتژمێر 4:10ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوەو لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لەژێر هەڕەشەو فشار قسەدەکات. 3. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کەبەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە  هەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت. 4. لەهەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلەو بارزان ،ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش  دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لەلوتکەکانی حوکمڕانی دان  تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن، نەخۆشخانەو دادگاو بنکەی پۆلیس‌و تەواوی کەلوپەلەکانی مامۆستا جیهان کەپەیوەندی بە ڕوداوەکەوە هەیە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە. 5. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار هاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە. وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە ، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە. 6. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بەبەرنامە وپلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە ، دەشوترێت کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە. 7. بەرگری شارستانی سۆران(حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کەئەم ڕوداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس  کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان بڵاوکردەوەکە قوربانیانی ئەو ڕوداوە لەیەک کەس زیاترە. 8.  بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەهێزەو هیوابەخشە، خاوەن کۆمەڵێ هیوا و ئاواتی خۆی بووە. هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێهیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان.  لەهەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرهات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە. لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لەکەسایەتی مامۆستا جیهان. 9. مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو  خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت ، وە خۆشی بە پێ ی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەیو دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە هەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین. 10. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات،گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی  پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا،  هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕوداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت. ئێمە وەک  خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان هەیە کە بەدوا داچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان کە لە شاری هەولێر لە  کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.

هاوڵاتی  توركیا چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانی بۆردومان كردو بەهۆی هێرشەكانیشەوە 300 گوند كارەبایان پچڕاوە. پەیامنێرمان لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ 14ی كانونی دووەمی 2024، فڕۆكەكانی توركیا هێرشیانكردوەتە سەر ناوچەكانی درباسیە لە حەسەكەو كۆبانێ و منبج. وتیشی "ئەو شوێنانەی بەئامانجگیراون، كۆمپانیای چیمەنتۆی لاڤارج و نەخۆشخانەی مشتەنورو دارستانەكانی كۆبانی بوون و بەهۆی هێرشەكانیشەوە 300 گوند كارەبایان پچڕاوە". ئەوەشی خستەڕوو "لەناوچەكانی منبج و درباسیە هێرشكراوەتە سەر ماڵی هاووڵاتیان و ژنێك و منداڵێك بریندار بوون، هەروەها دوێنێ كێڵگە نەوتیەكانی تربە سپی و دێرك و وێستگەكانی كارەبا بەئامانج گیراون".