هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا. مامۆستا ئاوات ئازاد کە ئامادەی دانیشتنەکەی بوو سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند "بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە تەواوکردنی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. سکاڵاکە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەکات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و داوادەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی رابگەیەنێت. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاولاتی راگەیاند "داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە رۆژی سێشەممە 19 - 3 - 2024 بکاتە پشووی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی باران و هەورە بروسکەی كە روو لەناوچەکە دەکات و لافاویشی پێوەیە بۆ ناوچە جیاوازەکان". ئاماژەی بەوەشکرد "پاش شیکاریە وردەکانمان بۆمان دەرکەوت کە سێشەممە شەپۆلەکە زۆر قوڵ دەبێتەوە و زۆر بەهێزدەبێت، بۆیە پێویستە بکرێتە پشوو بۆ سەلامەتی گیان و ماڵی هاوڵاتییان". هەروەها بەشی پێشبینییەکان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "سبەینێ دووشەممە ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی باران بارین لە کاتەکانی بەیانی زوودا لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، لەئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی باران بارین لەسەر ناوچەکەمان پێشبینی باران بارین دەکرێت بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند لەناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکان لە هەندێک کاتدا، زیادبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلە لەدرەنگانی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە دەبێت لەدوای یەکگرتنی هەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سوور".
هاوڵاتی فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی ئەمرۆ یەکشەممە 17/3/2024 بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند. سەبارەت بەم بابەتە سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناو فەرمانگەکەوە بە هاوڵاتی رایگەیاند "بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بەشێک لە فەرمانبەرانی دادنووسی دووی سلێمانی بریاری بایکۆتی دەوامیان داوە و لە ئێستادا لە کۆی 40 فەرمانبەر ، تەنها 7 فەرمانبەر هاتوونەتەوە بۆ دەوامەکانیان" . هەروەها سەرچاوەکە ئەوەشی بە هاوڵاتی وت "رەنگە تا کاتی دابەشکردنی مووچە و یەکلایی کردنەوەی پرسی مووچە ئەم بایکۆتە بەردەوام بێت" . لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمرۆ یەکشەممە کارمەندانی هاتۆچۆی سلێمانی بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیانەوە ، بایکۆتی دەوامیان کردو مامەڵەی هاوڵآتیانیان راگرت، هەروەها ئەگەر هەیە لە رۆژانی داهاتوودا بە هۆی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچەوە بایکۆت چەند فەرمانگەیەکی دیکەش بگرێتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیى دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى کرێکارانی سلێمانى بڵاویكردەوە، لە ئەمڕۆوە مووچەی دوو مانگی ئەمساڵى كرێكارانی خانەنشین لە سلێمانی دابەش دەكرێت. ئەمڕۆ یەكشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیى دەستەبەرى کۆمەڵایەتىی کرێکارانی سلێمانى رایگەیاند "ئاگادارى ئەو مووچەخۆرانە دەکەین، کە مووچەى خانشینانى هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی کرێکارانی سلێمانى سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى وەردەگرن، لە ئەمڕۆوە مووچەى مانگەکانى یەک و دووی ساڵی 2024 دابەش دەکرێت". بەڕێوەبەرایەتیى دەستەبەرى کۆمەڵایەتىی کرێکارانی سلێمانى ئاماژەی بەوەشکردووە "دەبێت لەو مووچەخۆرانە سەردانى بانکى مەڵکەندى بکەن بە مەبەستى وەرگرتنى مووچەکانیان".
هاوڵاتی يهكێتی مامۆستایانی كوردستان پهیامێك ئاراستهی بهرپرسانی حكومهتی ههرێمی كوردستان دهكات كه پێویسته رهچاوی بارودۆخی ئابووری خهڵكی كوردستان بكرێت و ههرچی زووه لهو داهاتهی لهبهردهسته مووچه دابهش بكرێت. لە پەیامێکەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هاتووە "سهبارهت به بارودۆخی ئێستای مامۆستایان و فهرمانبهران، یهكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا دهكات دابهشكردنی مووچه دهستپێدهكات لهو داهاتهی بهردهسته، بهتایبهت مووچهی وهزارهته مهدهنییهكان، ههروهك دابهشكردنی مووچه لهم كاته دهبێته راسته بهغدا لهمپهرو بیانوو و رێگری زۆر دروستدهكات لهبهردهم ناردنی بوودجه و مووچهی خهڵكی كوردستان، بهڵام بارودۆخی خهڵك زۆر لهوه نالهبارتره كه بهرگهی ئهو ماوه درێژه بكرێت". ئاماژە بەوەشکراوە "ناكرێت بیانووی نهناردنی مووچه لهلایهن بهغداوه ببێته رێگر لهبهردهم پرۆسهی دابهشكردنی مووچه، بۆیه داوا له ئهنجومهنی وهزیران و وهزارهتی دارایی دهكهین ههرچی زووه لیستی مووچه بڵاوبكاتهوه".
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کوژرا. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 16ی ئازاری 2024 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی شوعەیب زارعی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ئەو حزبە لە گوندی زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی کوژرا. سەرچاوەیەک لە ناو کۆمەڵە بە هاوڵاتی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شوعەیب زارعی کە خەڵکی شاری جوانڕۆیە و چەندین ساڵە پێشمەرگەی کۆمەڵەیە و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ئەو حزبە بووە، تەقەی لێکراوە و کوژراوە، دوای رووداوەکە بکوژەکە بەناوی (سەرکەوت ئەحمەدی) هەڵهات، بەڵام دواتر لە قەزای پێنجوێن دەستگیرکرا. بکوژ پێشتر خۆشی پێشمەرگە بووە، بەڵام ماوەی چوار بۆ پێنج مانگێک دەبێت دوورخراوەتەوە و بۆی نەبووە سەردانی بنکەکانی کۆمەڵە بکات، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی پشت ئۆردوگای کۆمەڵە، تەقەی لەم پێشمەرگەیە کردووە کە هاوڕێی نزیکیشی بووە و کوشتوویەتی و دوای رووداوەکە یەکسەر هەڵهاتووە و نازانارێت بەرەوکوێ چووە.
هاوڵاتی وەک لە نووسراوێکدا ئاماژەی پێکراوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رازی بووە بە خەرجکردنی زیاتر لە پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ ئەنجومەنی دادوەری کە پاشەکەوتی مووچەی دادوەرەکانی کوردستانە. بەپێی نووسراوێک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، نووسراوەکە لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە و رێباز حەملان، وەزیری پێشووتری وەزارەتی دارایی هەرێم واژۆی کردووە بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەرێم و پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران رازی بووە بە خەرجکردنی زیاتر لە پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ ئەنجومەنی دادوەری کە پاشەکەوتی مووچەی دادوەرەکانی کوردستان لە ساڵەکانی ۲۰۱٥ تا ۲۰۱٨ واتە چوار ساڵ بۆیان خەرجکراوە و گەڕێندراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدا ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوام فەرمانبەران و مامۆستایان داوای پاشەکەوتی مووچەکانیان دەکەن، بەڵام تائێستا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە بۆیان خەرج نەکراوە.
هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، سبەینێ یەکشەممە 17ی ئازاری 2024 دادگاکە سکاڵایەک تاوتوێدەکات کە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت. لە سکاڵاکەدا، داواکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 22ی ساڵی 2008، بەتایبەت مادەکانی 6، 7، 8، 9 و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە کە ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە راگیراوە. دادگای فیدڕاڵی عێراق 25ی شوبات بڕیاردانی لەسەر ھەمان سکاڵا بۆ 17ی ئازار دواخست و چاوەڕێدەکرێت لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵاکە بدات.
هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک ئاشکرایکرد لە 22 کەسی پاکستانی لە سنووری سلێمانی دەستگیرکراون. لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک رایگەیاند "لەلایەن مەفرەزەیەکی فەوجی دووی سەربە لیوای سێی فەرماندەیی پاسەوانی سنوری ناوچەی یەک 22 کەسی پاکستانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون". ئەوەش روونکراوەتەوە"دەستگیرکراوەکان ویستوویانە بەنایاسایی بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوای دەستگیرکردنیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون". فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک، بەشێک لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق پێکدەهێنێت و ئەرکی پاراستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە دواکەوتنی موچە و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵآوکردەوە و هۆشداری دەدەن لەوەی دووبارە دەستدەکەنەوە بە بایکۆت و خۆپیشاندان و داوایەکیش ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک دەکەن. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی ئهمڕۆ شهممه له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی موچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان دەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران". سەبارەت بە دواکەوتنی مووچە و دەستکردنەوە بە خۆپیشاندان ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی باسی لهوهشكردوه، "هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەین، کە ئەگەر چیتر موچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەمو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و لە داهاتویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی. (ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت)". مامۆستایان داوایەک ئاڕاستەیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک دەکەن و دەڵێن، "داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دروستکراوی موچە، هەروەها داوا لە چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر دەکەین، کە بێدەنگیی بشکێنن و هەنگاوبنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمەی دەسەڵات، کە ساڵانێکی زۆرە بەسەرماندا سەپاندویانە". هاوکات له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، "ئەگەر دەسەڵاتی سنوری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵیی و خەڵکی ئەم سنورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی موچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدات بەزویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ موچەخۆران دروستبکرێت؛ چونکە بڕیاری دابەشکردنی ڕاستەوخۆی موچەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان؛ لەلایەن هەمان دادوەرو دادگا و لە هەمان ڕۆژدا، دەرچوە، ناکرێت بۆ یەکێکیان خۆڵەمێشیانە مامەڵە بکەیت و بۆ ئەوی تریان شایی بگێڕیت". بەیاننامەکەی مامۆستایانی ناڕازی لە کاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێکیدا سەبارەت بە سکاڵای مامۆستایان بڕیاریدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەشبکرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کرد بۆ مانگی دوو هاوکات دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بۆ مووچەکانی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوو ی ساڵی ٢٠٢٤، لە ئێستاشدا لەگەڵ ئەوەی بەغدا بەشێکی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی ناردووە بەڵام حکومەتی هەرێم هێشتا دەستی بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە نەکردووە و هیچ هەنگاوێکیشی بۆ دروستکردنی ئەو هەژمارە بانکیانە نەداوە کە لییان داوا دەکرێت لە لایەن عێراقەوە ئەمەش مامۆستایان و فەرمانبەرانی توڕە و بێئومێد کردووە.
هاوڵاتی لە ٣٦ ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵبجە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "ئهگهر هيچ دادپهروهرييهك ههبوايه، تهنيا جينۆسايدى ههڵهبجه بهس بوو بۆ ئهوهى ههموو مافه ڕهواكانى گهلى كوردستان، بناسرێن." ئەمڕۆ شەممە ١٦-٣-١٩٨٨ یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە و سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا جەختی لەوەکردەوە " كه دهبێ ههڵهبجه و ههڵهبجهيييهكان و تهواوى قوربانييانى جينۆسايد و ئهنفال و تاوانهكانى رژێمى پێشوو له ههرێمى كوردستان له ههموو روويهكهوه قهرهبوو بكرێنهوه." هەروەها باسی لەوەشکردووە کە پێويسته حكوومهتى عێراق ههموو ئهرك و بهرپرسياريهتييهكان و دادپهروهرى بۆ قوربانييان جێبهجێ بكات. دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: له (36)ههمين ساڵيادى مهرگهسات و تاوانى سامناكى كيميابارانكردنى ههڵهبجهدا، سهرى ڕێز نهوازش بۆ گيانى پاكى زياتر له پێنج ههزار شههيدى ههڵهبجه و تهواوى شههيدانى كوردستان دادهنوێنين، به ڕێز و شكۆدارييهوه ياديان دهكهينهوه، سڵاو بۆ خێزان و كهسوكاريان و بۆ ههموو ئهو قوربانييانه دهنێرين كه هێشتا به شوێنهوار و پاشماوه و نهخۆشييهكانى ئهو تاوانهوه، دهناڵێنن. كيميابارانكردنى ههڵهبجه ئهڵقهيهكه له زنجيرهيهك تاوان و جينۆسايد و ئهنفال و زيندهبهچاڵكردن كه زۆر دڕندانه دهرههق به گهلى ستهملێكراوى ئاشتيخواز و ژياندۆست و مرۆڤپهروهرى كوردستان كراوه، تهنيا گوناهيشى ئهوه بووه له وڵاتى خۆيدا داواى ماف و ژيان و ئازادى و شكۆمهندى كردووه. ئهگهر هيچ دادپهروهرييهك ههبوايه، تهنيا جينۆسايدى ههڵهبجه بهس بوو بۆ ئهوهى ههموو مافه ڕهواكانى گهلى كوردستان، بناسرێن. لهم يادهدا جهخت دهكهينهوه كه دهبێ ههڵهبجه و ههڵهبجهيييهكان و تهواوى قوربانييانى جينۆسايد و ئهنفال و تاوانهكانى ڕژێمى پێشوو له ههرێمى كوردستان له ههموو ڕوويهكهوه قهرهبوو بكرێنهوه، له ههموو بوارهكانيشدا باشترين خزمهت بكرێن. بۆ ئهمه پێويسته حكوومهتى عێراق ههموو ئهرك و بهرپرسياريهتييهكان و دادپهروهرى بۆ قوربانييان جێبهجێ بكات. لهسهر ئاستى جيهانيش دهبێ كار بكرێت بۆ ئهوهى ههرگيز ڕێگه نهدرێت تاوان و كۆمهڵكوژيى ئاوا له هيچ شوێنێك دووباره ببنهوه. دهسكهوتهكان و قهوارهى سياسى و دهستووريى فيدراڵيى ههرێمى كوردستان، بهرههمى خوێنى شههيدان و قوربانيدانى گهلى كوردستانن به ههموو پێكهاتهكانييهوه، بۆيه ئێستاش ئهركى ههمووانه به يهكڕيزى و تهبايى بيانپارێزن و گيانى شههيدان و دڵى خێزان و كهسوكاريان شاد بكهن، تا پێكهوه بهرهو داهاتوويهكى باشتر و ئارام و پارێزراو ههنگاو بنێين.
هاوڵاتی ئەمڕۆ (36) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، بەڵام دواى ئەو ماوەیە و زیاتر لە (33) ساڵ لە حکومڕانى کوردیى و دوای ساڵێک لە بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە خەڵکەکەى چاوەڕوانى خزمەت و گەشەپێدانى زیاترن. ئەمڕۆ 16ی ئادار لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا چەندین ڕێوەڕەسمی جیاجیا بەڕێوەدەچن و بڕیارە لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە لە مەزارگەی شەهیدان لە پێشوازیی میواناندا دەبن و کاتژمێر 10:00ی بەیانی، رێوڕەسمی سەرەکی دەستپێدەکات. لە رێڕەسمەکەدا لە مەزارگەی شەهیدانی هەڵەبجە، وێڕای دانانی تاجە گوڵینە، چەند وتارێک پێشکەش دەکرێن هاوکات هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ساڵیادەکەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ لە زانکۆی هەڵەبجە چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن. هەروەها سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێوەڕەسمەکە بانگهێشت کراون. لە رۆژى (16/3/1988) هەڵەبجە لەلایەن رژێمى بەعسەوە کیمیاباران کرا و پێنج هەزار هاوڵاتى شارەکە شەهید بون، هاوکات دانیشتوانى شارەکە بۆ دەربازبون لە کاریگەرییەکانى چەکى کیمیایى رویان لە وڵاتى ئێران کرد و شارەکە لەژێر کاریگەریى چەکى کیمیایى و بۆمباران کرندا بوە وێرانە. هەزاران هاوڵاتی هەڵەبجە برینداربون و بەشێکى زۆریان بەهۆى برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا و ئیستاش سەدان قوربانى بەدەست ئازار و کارییگەرییەکانى چەکى کیمیاییەوە دەناڵێنن. جێگەیباسە دوای تێپەڕبونی زیاتر لە 36 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە تا ئێستاش بەرکەوتووانی چەکی کیمیای لەو شارەدا بە پێی پێویست چارەسەریان بۆ نەکراوەو بە دەست نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
هاوڵاتی وەزیری دارایی رایگەیاند، "تەیف سامی خودی خۆی پێی وتوین کە ئەو لیستانەی بۆ موچە رەوانەمان کردوە کێشەیان نییە، ئێمەش هیچ پاساوێکمان بۆ نەهێشتون، بەڵام هێستا موچەی کەسوکاری شەهیدان، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و 307 هەزار ئەندامی دەزگا ئەمنییەکان نەنێردراوە." ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە میدیای گۆڕانی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کرا و بڕگەیەکیش بۆ دابەشکردنی مووچە تەرخان کرا. بە کۆی دەنگی وەزیرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش بڕیاردرا مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەتبکرێتەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، مامەڵەكردنی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیە، بڕیارەكەی دادگا باسی لە ئەوە كردوە سەرجەم موچەخۆرانی عێراق بەهەرێمی كوردستانەوە بەیەك جۆر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. ئەوەشی خستەڕو، بۆ دابەشكردنی موچە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێویستمان بەبڕی زیاتر لە (940) ملیار دینارە، بەڵام بەغداد (560) ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی كوردستان كردوە، بەڵام موچەی شەهیدان و دامەزراوە ئەمنییەکان و موچەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و (307) هەزار ئەندامی دەزگا ئەمنییەكان نەنێردراوە. رۆژی چوارشەممە 13-03-2024 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی داوای پارەدارکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردبوو، "بێ جیاوازی بۆ مانگی شووباتی 2024 بە بڕی (949,813,146,170) ملیار دینار." بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ "تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە رێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وا دەکات کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شووبات دروست ببێت."
هاوڵاتی ئەنجوومەنی ئەورووپا دوای سێ رۆژ کۆبوونەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، داوایکرد سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد بکرێت. کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئەورووپا رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024 لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 15-03-2024 بەردەوام بوو. ئەمڕۆش ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە. ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە تورکیا کرد، هەرچی زووە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر دەمیرتاش ئازادنەکرێت، مانگی حوزەیرانی 2024 کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت و ئەوجارە هۆشداری بە تورکیا دەدرێت. زیندانیکردنی دەمیرتاش لە کاتێکدایە پێشتریش دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوو جار داوای ئازادکردنی ئەو سیسەتمەدارە کوردەیان کرد بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نەبوو لە رێگەیەوە دەمیرتاش بە تاوانی تیرۆر سزا بدرێت، بەڵام تورکیا هەر دوو جارەکە بڕیارەکەی دادگای ئەوروپای ڕەتکردەوە. بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا پابەندکەرن بۆ وڵاتانی ئەندام کە تورکیا یەکێکیانە. سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیر کرا و تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانییە. ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە ئەنقەرەش کرد، لە دۆسیەی عوسمان کاڤاڵادا دەست بە دیالۆگ بکات.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاری پارەی فیعلی رەوانەکراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بڵاوكردهوه و، رایگهیاند، "بەغداد 9 ترلیۆن دیناری پشكی هەرێمی لایەو نەیناردووە" سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ هەینی (15ـی ئاداری 2024) وردەکاری پارەی فیعلی رەوانەکراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لەساڵى ٢٠٢٢٣دا زیاتر لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینارە، بەڵام بەغدا 998 ملیار دیناری وەک پشک و سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناریشی وەک قەرز رەوانەکردووە و ئاشکراى کردووە، زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. گرنگترین خاڵەکانی ڕونکردنەوەکەی حکومەتی هەرێم: • پشكی هەرێم لە لە بودجەی 2023ی عێراق (16 ترلیۆن و 497 ملیار) دینار • ئەو پارانەی حكومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی پشكی هەرێم ناردوویەتی: 998 ملیار دینارە • ئەو پارانەی حكومەتی فیدراڵ وەكو قەرز ناردوویەتی بۆ هەرێم: 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینارە • كۆی ئەو پارانەی دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە لە بەغداد و نەوت و ناوخۆ: 7 ترلیۆن و 119 ملیار دینارە • تێكڕای بڕی پارەی ماوە لە پشكی هەرێم كە لای حكومەتی فیدراڵە: 9 ترلیۆن و 378 ملیار دینارە. دەقی ڕونکردنەوەکەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پارەی فیعلی رەوانەکراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بەمشێوەیەیە : پارەداركردنی هەرێم وەک شایستەی خۆی لە بودجە و ئەو قەرزانەی لە 2023 بە هەرێمی کوردستان دراوه لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە پێشبینی دەکرا وەک پارەی مانگانە لە ماوەی ئەو ساڵەدا بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کورستان بریتییە لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینار (12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار). ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵ بە پێی پشکی خۆی لە بودجەی گشتی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 بڕی 400 ملیار دینار و و لە مانگی تەمموزی 2023 بڕی 598 ملیار دینار بووە، کە کۆی گشتی دەکاتە 998 ملیار دینار (756 ملیۆن دۆلار). ئەو بڕە پارانەی وەک قەرز لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2023 دا کە بە پێنج بەش نێردراوە بریتی بووە لە سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار (دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار). داهاتەكانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان لە 2023 داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق، داهاتی سافی بەدەستهاتوون تا ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە (25ـی ئاداری 2023)، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە ئەم ژمارە و داتایانە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی دیلۆیتەوە وردبینییان لەسەر کراوە، بەپێی راپۆرتی پەسەندکراوی دیلۆیت: بریتییە لە یەک ترلیۆن و 693 ملیار دینار (یەک ملیار و 282 ملیۆن دۆلار). داهاتی دەروازە سنوورییەکان: رێژەی 50%ـی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی/21 دووەم یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13 ساڵی 2023 هەروەها ماددەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019؛ کە بریتییە لە 728 ملیار دینار (551 ملیۆن و 515 هەزار و 151 دۆلار). كۆی گشتی کۆی ئەو بڕە پارانەی کە لە ماوەی ساڵی 2023ـدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، قەرزەکان، پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان، و داهاتی سافی نەوتی حکومەتی هەرێم تا بەرواری راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە (25ـی ئاداری 2023) دوای دانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بریتی بووە لە حەوت ترلیۆن و 119 ملیار دینار (پێنج ملیار و 393 ملیۆن و 181 هەزار 818 دۆلار). تێكڕای بڕی ماوه لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2023 كە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و تاوەکو ئێستا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردراوه بریتییە لە نۆ ترلیۆن و 378 ملیار دینار (حەوت ملیار و 104 ملیۆن و 545 هەزار و 454 دۆلار). تێبینی و روونکردەوەکان لە بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە کە نرخی هەژمێردراو بۆ دینار لە بەرامبەر دۆلار بریتییە لە 1,320. سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران روونیکردووەتەوە، سەبارەت بە شایستەکان لە پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی خەرجییە حاکمییەکانی، ئەو خەرجییانە بە پارەی نەختینەیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵکو بە شێوەی کەلوپەل هەژمار دەکرێن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە تەواوەکانی وەرنەگرتووە لە بەشەخۆراک و بابەتی دەرمان کە داتا و زانیاریەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستە. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی شایستە لە خەرجییە حاکمییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان." لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (25ـی حوزەیرانی 2023 تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەلایەن وەزارەتی فیدراڵییەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە رادەستکراوانە بدرێت و نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن." سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەشکردووە:" داهات و خەرجییەکانی نەوتی و نانەوتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وردبینییان بۆ کرا، و هەماهەنگییەکان لە ئێستادا بەردەوامە لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی وردبینی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2023 و راپۆرتێک پێشکەش کرا. ئەنجامی کۆتایی وردبینی بۆ تەواوی ساڵی 2023 بۆ حکومەتی فیدراڵی راپۆرت دەکرێت." "سەرجەم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی ساڵی 2023 بۆ سەرجەم یەکەکانی ناو وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی کراوە." "وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە (25ـی ئاداری 2023)ـەوە زیانی زۆری بە گەنجینەی فیدراڵی گەیاندووە و هەروەها زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانیش گەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت."
