هاوڵاتی وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرایدەکات کە بۆ ئەوەى هاوڵاتی زیاتر بتوانن سودمەند ببن، پڕکردنەوەى فۆڕمى یەکەکانى نیشتەجێبون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەى مانگێک درێژکراوەتەوە. وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌،پێشتر رۆژی 30ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2023 وه‌ك دوا واده‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ دیاریكرابو، به‌ڵام به‌بڕیاری دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن پرۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك و تا كۆتایی ئه‌مساڵ درێژكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌لی زیاتر و كارئاسانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌هه‌ر هۆكارێك بێت ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوه‌ فۆرمه‌كه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌.  رۆژی 8/8/2023، لە دوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە رێوەرەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، لەوکاتەوە زیاتر لە 22 هەزار خێزان لەسەرجەم ناوچەکان فۆرمەکەیان پڕکردوەتەوە. یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار زیاتر یەکەی نیشتەجێبونە و لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، کە بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.

دلێر عەبدوڵڵا بڕیارە ساڵی ئایندە كێشەو گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كۆكن لەسەر ئەو پرسە،  بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراقی پرۆژە یاسایەك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە شایستە داراییەكانی هەرێم دیاری بكرێت، پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند كە تاكە رێگەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، هەمواری یاسای بودجەیەو هەمووان هەوڵی ئەوە دەدەن ساڵی ئایندە كێشەی مووچە بنەبڕ بكەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات. لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە. یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات». بەپێێ زانیارییەکانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن. ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت». پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات. وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.  

هاوڵاتی عەممار حەکیم پشتیوانی خۆی بۆ مامۆستایانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنێت و دەڵێت، پێویستە ھەرێم و بەغداد کار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکەن. عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لەوەشکردوە، لەنزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی دەکات و ھاوسۆزی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەردەبڕێت، داواش لە حکومەتی ھەرێم دەکات شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات. سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەشڵێت، "هانی حکومەتی فیدراڵی دەدەین لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ لەخۆگرتنی داواکارییەکانیان و بەدواداچوون بۆ دۆزەکەیان بکات لەگەڵ حکومەتی هەرێم".  نزیكه‌ى سێ مانگه‌ بایكۆت له‌سنورى پارێزگاكانى سلێمانى‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانى گه‌رمیان‌و ڕاپه‌ڕین‌و هاوكات قه‌زاى كۆیه‌ش به‌رده‌وامه‌و مامۆستایانیش سورن له‌سه‌رئه‌وه‌ى، تائه‌وكاته‌ى داواكاریه‌كانیان جێبه‌جێنه‌كرێت، نه‌چنه‌وه‌ هۆڵه‌كانى خوێندن. داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە. 

هاوڵاتی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ژاپۆن لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند کە پەکەکەی لە لیستی "ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان" لابردووە. پێشتر لە ئەنجامی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ژاپۆن (PSIA)  پارتی کرێکارانی کوردستانی خستبووە لیستی "ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان." بەڵام لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمییان دوولیستی نوێیان بە ناوەکانی (Major international terrorist organizations ) و (International terrorist organizations around the world)  بڵاوکردەوەو لە هیچکام لە لیستەکاندا ناوی  پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا نییە. لیستى ڕێکخراوە قەدەغە کراوەکان لە ژاپۆن هەریەکە لە ڕێکخراوی قاعیدە و داعش و چەندین ڕێکخراوی دیکەى لە خۆی گرتووە، هاوکات پەکەکەش لە ڕیزبەندی ١٧ی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە قەدەغە کراوەکاندا بوو. بەگوێرەی نوێکردنەوەی ماڵپەڕەکە، پەکەکە لە هەردوو لیستی ڕێکخراوە “ناوخۆییەکان” و ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکانی نێودەوڵەتییەکاندا” نییە، بەم شێوەیە دەزگای هەواڵگیری ژاپۆن پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکەی لە لە لیستى رێکخراوە قەدەغە کراوەکان دەرهێناوە.

هاوڵاتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی ستراتیژی ئێستای عێراق داخستنی کەمپی هۆڵی سوریایە، چونکە مانەوەی ئەو کەمپە مەترسی لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ نەسیر مەمدوف باڵیۆزی ئازەربایجان لە بەغدا کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکە قاسم ئەعرەجی ئەوەی خستەڕو، ئامانجی ستراتیژی ئێستای حکومەتی عێراقی داخستنی کەمپی "هۆل"ی سوری تایبەت بە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشە، چونکە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق هۆشداری داوە لە مانەوەى کەمپەکە و جەختیکردووەتەوە، کە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەوان خاوەنی ئەزمونێکی باشن لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە، ئارەزومەندن لەو بوارەنە لەگەڵ عێراق هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی زانیاری و شارەزایی ئاڵوگۆڕ بکەن، بە شێوەیەک لە پتەوکردنی سەقامگیری جیهانی هاوکاربێت. کەمپی هۆڵ دەکەوێتە سنورى شارى حەسەکە لە رۆژئاواى کوردستان و نزیکەى ٧٠ هەزار ژن و منداڵى ئەمیر و چەکدارانى داعشی تێدایە کە خەڵکى چەندین وڵاتى جیاوازن و زۆرینەیان عێراقین.

هاوڵاتی  دادگای فیدڕاڵیی عێراق سكاڵایەكی رەتکردەوە کە داوای دەکرد شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا خەرج بکرێت بەپاساوی ئەوەی کە لایەنی سکاڵاکار کورد نییە و "هیچ بەرژەوەندییەکی لە سکاڵاکەدا نییە و زەرەرمەند نابێت." سكاڵاكە لەلایەن مەحمود عگێلی ئەمینداری گشتیی حزبی ئوومەی عێراقییەوە لە دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق تۆماركرابوو کە تێیدا  داوای دەكرد، حكومەتی عێراق پابەند بكرێت بە خەرجكردنی شایستە داراییە دواكەوتووەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023دا هاتووە. سکاڵاکە حكومەتی عێراقیش پابەند دەکرد بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی خۆیدا وەك فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق خەرج بکرێت. بەپێی وتەی مەحمود عگێلی دادگای فیدڕاڵی پاساوی رەتکردنەوەی سکاڵاکەی ئەوە بووە کە لایەنی سکاڵاکار لە نەتەوەی کورد نییە و لە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی زەرەرمەند نابێت.

هاوڵاتی  سەرچاوەیەک لە ئەندامی شاندەکەی هەرێم ئاشکرایکرد کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رازی نییە جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە، هیچ پارەیەکی تر بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان. ماوەی دوو رۆژە شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی مووچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەغدایە و بەپێی زانیارییەکان شاندەکە داوای ئەوەی کردووە کە حکومەتی عێراق بەپێی میکانیزمی پێشوو سێ گوژمەی تری 700 ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات. بەوتەی ئەندامێكی شاندەکە کە بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کردووە، وەزیری دارایی عێراق ڕازی نییە جگە لەگوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەپاساوی داخستنی ژمێرەی ئەمساڵی خەرجی عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە كە پێشتر بڕیاری ناردنی دراوە. هەر بەوتەی سەرچاوەكە ناردنی پارەی دیكە بۆ هەرێم دەكەوێتەوە سەر كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بریاریشە ئەمرۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە لەوبارەیەوە بدرێت. تا کاتی نوسین و ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدایە.

هاوڵاتی  نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی "گفتوگۆی تەکنیکین." سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا دەڵیت، ئەمڕۆ سێشەممە نیچیرڤان بارزانی پێشوازی لە عه‌لى ڕزا گويناى، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد و لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان "له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى ها‌وبه‌ش به‌تايبه‌تى له‌ بوارى بازرگانى و ئابووريدا كرده‌وه‌." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کراوە و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نەوتی هەرێم دووپات كرده‌وه‌تەوە.  هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە "ئێستا هه‌ولێر و به‌غدا خه‌ريكى گفتوگۆى ته‌كنيكين" سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە 25ی ئازاری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆی دۆسیەیەکی یاسایی لەنیوان ئەنقەرە و بەغدا. تا ئیستا زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێم نزیکبووەتەوە لە هەشت ملیار دۆلار.

هاوڵاتی  وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داواکارییان گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و لەکاتی گەشتنی بەشە نەوتی هەرێم بە هەر نرخێک بەغدا بینێرێت "وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشی دەکات." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆبونەوەی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە 12ی تشرینی دووەم جەخت کراوەتەوە لەسەر "دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتمان لەمانگەكانی (تەموز و ئەیلول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق." لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی سامانە سروستییەکان دەشڵێت، لەکاتی دەستپێکردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە "بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشی دەکات."

هاوڵاتی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی، دەشڵێت، "بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە." ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەکاتی مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ڤان ستیل وتارێکی پێشکەش کرد و لەسەر کێشەکانی حکومەتی هەرێمی و عێراق وتی، "شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو کیشانەی هێشتا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون، لە بەغدان و بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرینی." سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، "دوێنێ شاندەکە گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت، بەداخەوە بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت."

هاوڵاتی  خوێندنکارێک لە قەزای سێمێل لەناو خوێندنگا خوێندکارێکی هاوڕێی بە دەمانچە دەکوژێت و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت. خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل لەسەر روداوەکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە لەیەکێک لەخوێندنگاکانی قەزای سێمێل روویداوە و لەلایەن خوێندکارێکی 11ی ئامادەیی ئەنجامدراوە، پۆلیس دەستیان بە لێکوڵینەوە کردوە وهێشتا هۆکاری روداوەکە دیارنییە." سەرچاوەیەکی تایبەت لە قەزای سێمێل بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە لە یەکێک لەخوێندنگاکانی سنوری قەزای سێمێل خوێندکارێکی پولی 11ی ئامادەیی لەکاتی دەوام و لەناو پولدا خوێندکارێکی تری کوشتووە. ئەو کەسەی کۆژراوە ناوی مستەفا فەهمییە تەمەنی 16 ساڵە و تۆمەتباریش لە هەمان تەمەندایە. هاوکات هەردووکیان دانیشتووی یەک گەڕەکن لە سەنتەری قەزای سێمێل. شایەتحاڵێک کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو دوو خوێندنکارە دوێنێ لە دەرەوە شەڕەقسە لەنێوانیاندا رویداوە، ئەمرۆ بۆ تۆڵەسەندنەوە یەکێکیان بەدزییەوە دەمانچەیەک لەگەڵ خوی دەهێنێتە خوێندنگا و بەدەمانچە هاورێیەکی خوی دەکۆژێت." بەپێی زانیارییەکان، دوای روداوەکە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە و بکوژەکەیان دەستگیرکردووە، تەرمی خوێندکارە کوژراوەکەش رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوە لە روداوەکە. وێنەی مستەفا فەهمی: 

هاوڵاتی  پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێم هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ رێگریکردن لە مامۆستایانی ناڕازی لە چوونیان بۆ بەغدا و ئەوەی دەوترێت "راست نییە"، دەشڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد." رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی ناڕازی بەرێکەوتن بەرەو بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیان، بەڵام لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگرییان لێکرا و بەرپرسانی بازگەکە نەیانهێشت تێپەڕن. مامۆستایانی ناڕازی هەرزوو رایانگەیاند کە رێگرتنەکە "رێککەوتنی نیوان هەرێم و بەغدا بووە."  دواتر چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق لەوانە موسەنا ئەمین و دارا سێکانیانی رایانگەیاند کە حکومەتی هەرێم داوای لە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کردووە رێگری لە مامۆستایان بکات. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم وتانە رەتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ڕاست نییە و هیچ هەوڵێکی وانییە. هیچ هەولێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات." پێشەوا هەورامانی باس لەوەش دەکات، هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتنە بە رێککەوتن و "ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان، ئەسڵەن ڕوونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە. ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی موچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە."

هاوڵاتی دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن كاتی بۆ دیاریكراوه‌، ده‌شڵێت، "هیچ بیانویه‌ك نییه‌ بۆ ره‌وانه‌نه‌كردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان". دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردو کۆمەڵێک رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری موچە و بودجە و کەرتی نەوت و غازدا کرا، هەر کەسێکیش شارەزایی یاسایی هەبێت باش تێدەگەن کە دۆخی ئێستا هاوتای ئەوە نییە کە رێککەوتنی لەسەر کرابو. وتیشی، لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی ئەرێنیدایە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، شاندێکی حکومەتی هەرێمیش سەردانی بەغدایان کردوە، بەڵام خەڵکی هەرێم لە وشەی بەرەوپێشچون بێزاربون و هیوادارن بە زوترین کات کێشەی موچەکانیان چارەسەر بکرێت. ئەوەشی خستەڕو، هەر داتا و زانیارییەک لە بارەی ژمارەی فەرمانبەران و رێژەی موچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی بەغدا خراوەتەڕو، هیچ بیانوییەکیش نەماوەتەوە، دەرفەتێک هەیە لە ساڵی داهاتو حکومەتی هەرێم پێشنیازێک بۆ پێداچونەوە بە بودجەی عێراق پێشکەش بکات. باسی لەوەش کرد، دوای درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كارەكانی كۆمسیۆن زۆر بە باشی بەرێوەدەچێت، هیچ مەترسییەك لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نییە.   بڕیارە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و لەژێر چاودێری وردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت.  

هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە لە کاتەکانی شەو تەرمی هاوڵاتییەک لە گەراجی ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە، لە ئێستاشدا رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە. بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 9:20ی شەو، تەرمی هاوڵاتییەکی دانیشوی شاری زاخۆ بە مردویی لە ژورێکی تایبەت بە گەراجی ئۆتۆمبێلێک دۆزرایەوە.  سەرچاوەیەک لە پولیسی زاخۆ بە هاوڵاتی وت: ئەو هاوڵاتیە بەناوی (آ.س.ی) بەمردوویی لەپارکێکی ڕاوەستاندنی ئۆتۆمبێل دۆزرایەوە، دەستبەجێ پولیسی نەهێشتنی تاوان و تیمەکانی تایبەت بە بەڵگەکانی تاوانەکان لەشوێنی روداوەکە ئامادەبوون" سەرچاوەکەی پولیس دەشڵێت: ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە لەگەرەکی رکاڤا بووە و، ئەوەشخراوەتەڕو، تەرمی هاوڵاتییەکە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە، لێکۆڵینەوەش لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانی دەستی پێکردوە، هیچ شوێنەوارێکی تاوان لەسەر جەستەی نییە.

هاوڵاتی كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كۆتایی هات  ومیدیای یەكێتی دەڵێتحكومەتی عێراق رازی بووە بۆ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ سێ 700 ملیار دیناری دیكە وەك قەرز بداتە هەرێمی كوردستان . كەمێك لەمەوبەر لە بەغدا كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی كۆتایی هات، بەڵام كۆبوونەوەی لیژنە تەكنیكییەكان بەردەوامە. میدیای یەکێتی لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، شاندی هەرێم و بەغدا لەرێككەوتن نزیكن لەسەر مووچە و حكومەتی ناوەندی سێ 700 ملیاری دیكە هاوشێوەی سێ مانگی رابردوو بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ دەنێرێت. هاوکات  پێگه‌ى به‌غداد ئه‌لیه‌ومى عه‌ره‌بیش له‌سه‌رزارى سه‌رچاوه‌كانیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌، "شاندى هه‌ولێر و به‌غدا نزیكن له‌ رێككه‌وتن و پێشنیار كراوه‌ كه‌ به‌غدا سێ 700 ملیار دیناری تر بۆ مووچه‌ى سێ مانگى تر بۆ هه‌رێم بنێرێت و له‌دوای ئه‌وه‌ رێككه‌وتنێكى نوێ له‌پاش ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بكرێت".