هاوڵاتی لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٣ دا لانیەکم ١٢٢ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران لە سێدراوە دراون کە ئەم ئامارە لە چاو مانگی پێشتر (تشرینی یەکەم) ٤٤ کەس زیادی کردووە بەشێوەیەک لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٧٨ کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران. بە پێی راپۆرتی بەشی تۆماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٣ دا لانیکەم ١٢٢ کەس بە تۆمەتی جیاجیا لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە راون. لەم ژمارەیە ٥٦ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ئێعدام کراون. بە پێی ئامارەکان١١ بەندکراوی سیاسی- ئایینی لەم مانگەدا سزای سێدارەیان جێبەجێکراوە. هەروەها سزای سێدارەی لانی کەم ٢ منداڵی تاوانبار و ٢ ژن لە بەندیخانەکانی سەبزەوار، چابەهار، کرمان و ڕەشت جێبەجێ کراوە. هاوکات وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ، لە ماوەی مانگی تشرینی دووهەمدا سزای سێدارەی ٢٣ بەندکراوی بەلووچ کە دەکاتە ١٩% کۆی گشتیی ئاماری لەسێدارەدراوانی ئەم مانگە، ١٩ بەندکراوی کورد کە دەکاتە ١٥.٥٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ئەم مانگە و هەروەها ٨ بەندکراوی تورک، ۵ بەندکراوی لوڕ و بەختیاری، ۵ بەندکراوی گیلەک و ٣ هاووڵاتیی خەڵکی وڵاتی ئەنفانستانیش لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون. لەم ئامارە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراون لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز بووە کە ٣٩ حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەکانی پارێزگای بەلووچستان ١٣ کەس، پارێزگای فارس ١٢ کەس و پارێزگای ئیسفەهان ۵ کەس لەسێدارە دراون و باقی حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی دیکە تۆمارکراون.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتى کارەباى سلێمانى نرخى ئەمپێرێک کارەباى موەلیدەى بۆ مانگى رابردو راگەیاند و بەپێى خشتەى کارى موەلیدەکانیش نرخەکە جیاوازییان هەیە. بەرێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئهمڕۆ یەکشهممه، لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان کۆبونەوە، بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك بۆ یهك ئهمپێڕ (44) دینارە. بەم شێوەیەش نرخی یهك ئهمپێڕ كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناوشاری سلێمانی لهنێوان 10 هەزار بۆ 11 هەزار دیناره، بەوپێیەى موەلیدەکان لە نێوان (225 بۆ 250) کاتژمێر کاریان کردوە. لەبارەى ئەو موەلیدانەى کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە کارەباى سلێمانى دەڵێت نرخەکەیان (13) بۆ (14.500) دینارە. هەروەها خشتهی كارپێكردنی موهلیده بۆ مانگى (12) گۆڕانکارى تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنها لەنێوان 1ى پاشنیوەڕۆ تا 1ى شەو ئەگەر کارەباى نیشتیمانى کۆژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر 7:00 تا 8:00ى بەیانى کاردەکەن. لە راگەیەنراوەی بەرێوەبەرایەتی کارەبا ئەوەش ئاشکرا کراوە، رۆژانى هەینى و پشوە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبرى ئەوە کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.
هاوڵاتی درەنگانی ئێوارەی دوێنێ هەینی، ژمارهیهك چهكداری نهناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگا و بازگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندهواری دێرهزوور. سهرچاوهیهكی سهربازی هێزهكانی “ههسهده" بە نۆرس پرێسی رایگهیاندوە، چهكدارانی نهناسراو به چهكی كلاشینكۆف دوو بارهگای ههسهدهیان له شارۆچكهی كهسرهی گوندهواری دێرهزوور كردۆته ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردوە، هیڕشەکە لە شارۆچکەی حهوائیجی گوندهواری دێرهزووربووە، لەسەر ڕێگای سەرەکی دەروازەی شارۆچکەی حهوائیج”ه هاوکات هێرشەکە تهنها زیانی ماددی لێكهوتهووەتەوە ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە هێرشێکی دیکە کرد کە تیایدا بە ” ئاڕ پی جی” و كلاشینكۆف بۆ سهر بارەگای “ههسهده” لە نزیك کەناری ڕووباری فورات لە شارۆچکەی جهرزی لە ڕۆژهەڵاتی گوندهواری دێرهزوور ئەنجامدراوەو دەشڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تایبەت بە سکاڵای نایاسایی پێنج ماددەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدات، کۆتا دانیشتنی ئەو دۆسیەیەش لە 19ی مانگی رابردو بو. بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدڕاڵی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنی تایبەت بە بڕیاردان لەسەر سکاڵای نادەستوری پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بدرێت. سكاڵایهكیان تایبهته بهیاساى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و زیاد جهبار سهرۆكى پێشووى فراكسیۆنى یهكێتى پێشكهشى كردوهو داوادهكات كار بهدواین یاساى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان نهكرێت. تایبهت بهم سكاڵایه، دادگاى فیدراڵى داواى بۆچونى كۆمیسیۆنى ههڵبژاردنى كردوهو كۆمیسیۆنهكه بۆچونى فهرمى خۆى ئاراستهى دادگاكه كردوهو چاوهڕى دهكرێت ئهمرۆ دواین بڕیار بدرێت. سكاڵاى دووهم پارێزهر مهسعود محێدین پێشكهشى كردوهو بههۆى دواكهوتنى ههڵبژاردنى سهندیكاى پارێزهرانهوه بۆماوهى 4 ساڵ داوادهكات ههموو بڕیارهكانى سهندیكاى پارێزهران لهساڵى 2019وه ههڵوهشێندرێتهوه. هاوکات کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق میکانیزمێکی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریکردوە، بەپێی ئەو میکانیزمەش، پێشنیار دەکات سیستمی بازنە بەکاربهێنرێت و لە پارێزگای سلێمانی 41 کورسی دیاریبکرێت، لە هەولێر 34 کورسی و لە دهۆکیش 25 کورسی، هەروەها 11 کورسی کۆتایش تایبەت دەبێت بە پێکهاتەکان. ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە: مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت. مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان. مادەی بیست و دوو: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت. مادەی 36: یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
هاوڵاتی لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە و داوای لێكردووە ڕۆڵی هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد. بەپێی هەواڵێكی میدیای پارتی رۆژی شەممە (2ـی کانوونی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە شاری دوبەی، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتیی نهتهوهیەکگرتووەکان کۆبووەوە. میدیای پارتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا، لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی رۆڵی یونامی و بەردەوامبوونی لە ئەرکەکانی لەپێناو سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق کردەوە. وەك لەهەواڵی میدیای پارتی ئاماژەی پێكراوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرد و داوایکرد نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی کارای خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بگێڕێت.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سبەینێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام دەدەن و داواش لە هەموو چین و توێژەکان دەکەن، لەگەڵیان بەشدار بن و کاسبکاران دووکانەکانیان دابخەن. ئەمڕۆ لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان لە بارەی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر پێنەدانی شایستە دارایییەکانیان ئەنجامدا. لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە لایەن سامان تاهیر خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو: وەک مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی، بڕیارمان داوە بە هاوکاریی هاوڕێیانمان لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، سبەینێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام بدەین. ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوەکەیان داوایان لە مامۆستایانی ئایینی، دایک و باوکی خوێندکاران، ڕۆشنبیران و هەموو چین و توێژەکان کرد، سبەینێ لەگەڵیان بەشدار بن و بچنە ڕیزی خۆپیشاندانەکانیانەوە، پاشان داوایان لە کاسبکار و دووکاندارەکان کرد بۆ چەند کاتژمێرێک دووکان و بازاڕەکانیان دابخەن. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتبوو: قەیرانەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی بێ دەنگی دوێنێ یە، بێ دەنگی زیاتر قەیرانی زیاتر و بێ مووچەیی و بێ کارەبا و ئاو و بازاڕیی زیاتر دەهێنێت. بڕیارە سبەینێ هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆچکەی کۆیە، لەبەردەم پەروەردەی گشتی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بەڕێوە دەچێت. خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان لەناوەندەكانی خوێندن لە کاتێکدایە، دەبوو لە ١٣ـی مانگی ئەیلوول، پرۆسەی خوێندن لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستی پێ بکردایە، بەڵام وەك مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن بەهۆی پێ نەدانی شایستە دارایییەکانی مامۆستا و فەرمانبەران و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، تا ئێستا خوێندن دەستی پێ نەکردووەتەوە.
هاوڵاتی مەسعود حەیدەر سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پابەندی یاساین." دوێنێ هەیینی 1ی کانونی یەکەمی 2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمانێکی وزاری سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی عێراق لە پشکی پارتی سەندەوە. ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی عێراق وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە بە پێی ماددەی 71 لە یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی و بەرژەوەندی کارەکان دەرکراوە. مەسعود حەیدەر لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "بە پێی ماددەی ٧١ ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لەبەرواری ١ /١٢ / ٢٠٢٣ ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و صلاحياتى ئەو پۆستانە بەکاربێنن." مەسعود حەیدەر دەشڵێت، "ئێمەش پابەندی یاساین و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتەو پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان."
هاوڵاتی فەرماندەی خۆبەخشی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند شەڕەکەی چەکدارانی تیرۆرستی داعش و سوپای عێراق لە سنوری مەخمور کۆتایهاتووە و لە ئەنجامدا 11 چەکداری داعش و سێ سەربازی سوپای عێراق کوژراون، هاوکات چەند سەربازێکی عێراق وێنەیەکیان لەگەڵ تەرمەکانی داعشەکاندا گرتووە و بڵاویانکردووەتەوە. شەوی رابردوو دوای ئەوەی چەند چەکداریکی داعش هەڵیانکوتایەسەر گوندێکی سنوری مەخمور، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو چەکدارانە و سەربازانی سوپای عێراق لەدەوروبەری گوندی عەلیەرەش و دووسەرە لە دەشتی قەراجی مەخموور دروستبوو. دواتر چەکدارەکانی داعش روویانکردە گوندی گۆپتەپەی ناحیەی قەراج و لەوێ لەلایەن سوپای عێراق و پیشمەرگە گەمارۆدران. غازی فەیسەڵ، فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لەمەخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، "شەڕەکە کۆتایی هاتووە، پێنج چەکداری داعش کوژراون، هاوکات 9 چەکداری تر ڕایانکرد بۆ چیای قەڕەچوغ، لە هێزەکانی عیراقیش ئەفسەرێک شەهید بووە لەگەڵ برینداربوونی 5 بۆ 6 کەسی تر." غازی فەسەڵ وتیشی لەئێستادا گوندی گۆپتەپە بەتەواوی پاککراوەتەوە لەچەکدارانی داعش و هیچ کێشەی ئەمنی تیادا نەماوە. هاوکات دوای کۆتایهاتنی شەڕەکە، وێنەی لاشەی داعشەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا چەند سەربازێکی سوپای عێراق بە دەستیان ئاماژەیان بە سەرکەوتن کردووە.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیوەندی بە ماددەیەکە لە یاسای بودجەی عێراق، مەسعود حەیدەر خۆشی لەسەر دوورخستنەوەکەی دەڵێت، "پرسیار لە وەزیری دارایی عیراق بکەن." دوێنێ هەیینی 1ی کانونی یەکەمی 2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمانێکی وزاری سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی لە پشکی پارتی سەندەوە. ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە بە پێی ماددەی 71 لە یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی و بەرژەوەندی کارەکان دەرکراوە. لەسەر دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "پێم وانییە هیچ هۆکاريک هەبێت جگە لەوەی ئەو بە وەکالەت لەو پۆستە بوو، بڕیارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە." نەرمین مەعروف لەسەر ئەو ماددەیە دەڵیت، "بەپێی مادەی 71ی یاسای بودجە پێویستە هەموو پۆستە باڵاکان کە بە وەکالەت ئەبران بەڕێوە تا کۆتا ڕۆژی مانگی یازدە کۆتاییان پێبێت." لە ماددەی 71 لە یاسای بودجەی عێرادا هاتووە کە "حکومەت پابەندە بە کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن تا رێکەوتی 30/11/2023 و دەبێت فەرمانگە پەیوەندییدارەکان، هەموو ئەو دەرماڵە و دەسەڵاتانە رابگرن." هاوکات مەسعود حەیدەر لەسەر هۆکاری دوورخستنەوەی هیچ قسەیەکی نەکردووە و تەنها دەڵێت، "پرسیار لە وەزیری دارایی بکەن سەبارەت بە بڕیارەکە."
هاوڵاتی چەند تیرۆرستێکی داعش هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی سنوری مەخموور و سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە رووبەروویان بوونەوە. لە ئەنجامیشدا چەند کوژراو و بریندارێک هەیە. غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخش لە ھێزی پێشمەرگە لە سنوری مەخموور راگەیاند، شەوی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی داعش و سەربازانی سوپای عێراق لەدەوروبەری گوندی عەلیەرەش و دووسەرە لە دەشتی قەراجی مەخموور دروستبوو. غازی فەیسەڵ باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی شەڕەکە سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و دوو سەربازی تریش برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان تیرۆریستێکی داعشیش کوژراوە. هاوکات لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خێزانێکی کورد لە دەستی تیرۆریستان رزگارکران، کە لە گوندی کۆڵتەپە لەلایەن تیرۆریستانەوە گەمارۆدرابوون.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی رابردوی فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بڵاوکردەوە، کە کۆی هەناردەکردن و داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ ئەو مانگە 8 ملیار و 512 ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سومۆ" لە ماوەی مانگی (تشرینی دوەم/11) 102 ملیۆن و 975 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە. ئاماژە بەوەکراوە، کۆی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی رابردو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 101 ملیۆن و 764 هەزار و 620 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتوەتە 172 هەزار و 383 بەرمیل، جگە لەوەش هەناردەی گەیارە ملیۆنێک و 38 هەزار و 779 بەرمیل بووە. لە راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوەشکراوە، رێژەی هەناردەی نەوتی رۆژانە سێ ملیۆن و 433 هەزار بوە، نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکیش 82.66 دۆلار بوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز هیچ ئامارێک، هۆشداریەکی بڵاونەکردەوە و هیچ چالاکیەکی پەیوەست بە ئایدزئەنجام نەدا. ئەمرۆ ١ی کانووی یەکەم لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە تایبەت کراوە بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری وبەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئێج ئای ڤی، بەپێی دواین ئامار کە وەزارەتی تەندروست هەرێم لەساڵی ٢٠٢٢ بڵاویکردبۆیەوە لە هەرێمی کوردستان ٥٤ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون، کە چل لەوانە بیانی بوون. هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی ئامارەکانی توشبوانی ئایدز و ڕێنمایی و کار وچالاکیەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی " ئێچ ئای ڤی" ونەخۆشی ئایدز، پەیوەندی کرد بە وەزارەتی تەندروستی بەڵام بێ ئەنجام بوو. پڕۆفیسۆر محەمەد بابەکر، پسپۆڕی وردی ڤایرۆسزانی وپزیشکی مایکرۆبایلۆجی و بەرگری لە بارەی پەرەدان بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، بەتایبەت چینی گەنجان و هەرزەکارانەوە وتی" ئەم هەوڵە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەنەکانە هەر لە پەروەردەوە تاوەکو مامۆستاینی ئاینی و وەزارەتی تەندروستی و میدیاکارانیش". دکتۆر محەمەد بابەکر باسیشی لەوەکرد کە هەوڵیان داوە سیمینار و کۆڕی تایبەت بکرێتەوە بۆ مامۆستایانی ئاینی تاوەکو زانستیانە ڤایرۆسەکەیان بۆ باسبکرێت تاوەکو لەڕێگەی مینبەرەکانەوە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە. هاوکات باسیشی لەوە کرد میدیاکاران کەمتەرخەمن لەبەرامبەر ڤایرۆسێکی وەک "ئێچ ئای ڤی" لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هیچ یەک لە میدیاکان بە هەواڵێکیش باسیان لێوەنەکرد، لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەرەوکرانەوە دەچێت. نەخۆشی ئایدز کە هۆکارەکەی جۆرەکانی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی"یە و هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەش و لاوازی دەکات، ئەمەش لەڕێگەی گواستنەوە و تێکەوڵاوبوونی جۆرە جیاوازەکانی شلەی لەش دەگوازرێتەوە وەک، شیرپێدانی دایک بۆ کۆرپەکەی، تێکەڵاوبوونی سپێرم، لیک، خوێن لەرێگەی سێکسکردن یان بەکارهێنانی دەرزی، ئامێرەکانی پاکردنەوەی پزیشکی ددان. ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا چارەسەری تەواوەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەڕێگەی چەندین جۆری جیاوازی دژە ڤایرۆس دەتواندرێت بەرەوپێشچوونی نەخۆشیەکە هێواشبکرێتەوە وتەمەنی کەسەکان درێژبکرێتەوە.
هاوڵاتی هێزەکانى پاراستى گەل - هەپەگە ئاماری شەڕی مانگی ڕابردووى لەگەڵ سوپاى تورکیا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە ١٩٣ هێرشدا ١٢٤ سەربازى تورکیا کوژراون و چوار گەریلاش شەهیدبوون. لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە ، ١٤٠ هێرشیان بە فڕۆکەی شەڕ لەلایەن تورکیاوە کراوەتەسەر و هەروەها ١٢٤ هێرشیان بە چەکى کیمیایی کراوەتەسەر. هەپەگە دەشڵێت، ١٠٣ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لەلایەن تورکیاوە کراوەتە سەریان و لە ئەنجامى هێرش و پێکدادانەکاندا چوار گەریلا شەهید بوون. هاوکات ئەوەشخراوەتەڕوو، ١٩٣ هێرشیان کردووەتە سەر سوپاى تورکیا و لەگەڵ ٩٩ هێرش بە چەکى قورس و لە ئەنجامدا، ١٢٤ سەربازى تورکیا کوژراون.
هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە لە سەرەتا بۆ ناوەڕاستی هەفتەی ئایندە بەغدا 700 ملیاری دیكە بەسێ جار ڕەوانەی هەولێر دەکات. بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" كە لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق زانیاری وەرگرتووە" وەزارەتی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕی 700 ملیار دینار بە سێ گوژمە ڕەوانەی هەولێر دەکات و لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوەوە دەستپێدەکات. ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی: وەزارەتی دارایی، لە ڕێگەی بانکەکانی سەر بە بانکی ناوەندی کە بریتین لە بانکی ڕەشید، و بانکی تی بی ئای و بانکی ڕافیدەین، بڕی 700 ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم. بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هاوڵاتی: پاش گەیشتنی پارەکە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات. وەك ئەو سەرچاوەیە وتی: دوای ئەوەی وەفدی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، دوو داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، ئەوانیش داواکاری یەکەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بودجە و ناردنی پشکی تەواوی هەرێم لە بودجە، داواکاریەکەی تریش ناردنی بڕی سێ مووچەی دیکەیە ئەوانیش مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم . بەڵام وەك سەرچاوەكە وتی "تائێستا ڕێككەوتن لەبارەی سێ مووچەكە نەكراوە و گفتوگۆكان بەردەوامن لەبارەی پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق و جیاكردنەوەی بودجەی هەرێم لە خەرجی فیعلی". پێشتر هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات. لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە. یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات». بەپێێ زانیارییەكانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن. ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت». پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات. وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و گەڕاندنەوەی ئەو مووچە و دەرماڵانەی کە سەندیکاکە لەماوەی پێنج ساڵدا وەریگرتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی هەریەك لەپەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، رۆژی سێی کانوونی یەکەمی 2023 تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان پێشکەشکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات لەساڵی 2019ـەوە هەر مووچە و دەرماڵەیەک کە سەندیکاکە وەریگرتووە، بگەڕێنرێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن پارێزەر مەسعود محێدین لەدژی نەقیبی پارێزەرانی کوردستان تۆمارکراوە و داوا دەکات سەندیکاکە و سەرجەم ئەو بڕیارانەشی هەڵبوەشێندرێنەوە، کە لە ساڵی 2019ـەوە دەریکردوون، جگە لەوەش کارەکانی سەندیکا رابگیرێن. لە سکاڵاکەدا داواکراوە کە لە دوای ساڵی 2019ـەوە هەرچی مووچە و دەرماڵە کە سەندیکای پارێزەران وەریانگرتووە بگەڕێندرێتەوە بۆ سندوقی پارێزەران و دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی کاتی دەربکات بۆ راگرتنی سەرجەم چالاکیەکانی ئەو سەندیکایە لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە. سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە ساڵی 1993 دامەزراوە و پێنج لقی هەیە، ئەنجوومەنەکەشی لە 10 ئەندام پێکهاتووە.