وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە، بەپێی چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ی ئازار، پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە شێوەی تاکەکەسی تێکەڵ بە ڕیزەکانی سوپای سوریا ببنەوە، نەک وەک یەکەی سەربازیی سەربەخۆ. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەدا لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وردەکاریی کۆتا چالاکییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و پیشەسازیی بەرگری خرانە ڕوو. سەبارەت بە بابەتی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) بە سوپای سوریا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، پێشتریش ڕایانگەیاندووە چاوەڕوان دەکەن ئەو هێزانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا تەنها وەک تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دانیشتنی گفتوگۆی بودجە لە پەرلەمان بە ڕوونی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە خستووەتە ڕوو. هاوکات وەزارەتەکە ڕەخنەی لە هەسەدە گرت بەوەی سەرەڕای ڕێککەوتنی 10ی ئازار، لەبری تێکەڵبوونەوە بە سوپای سوریا بەردەوامە لە چالاکییەکانی، ئەمەش زیان بەو سەقامگیری و ئاسایشە دەگەیەنێت کە هەوڵی بۆ دەدرێت لە سوریا جێگیر بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە کرا، کردەوە و لێدوانی هەندێک وڵات هاندەرن بۆ ئەوەی هەسەدە چەک دانەنێت و تێکەڵ بە سوپای سوریا نەبێتەوە. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا هۆشداریشی دا لەوەی، هەوڵەکانی هەسەدە بۆ کات کوشتن بێهودەن و هیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لە تێکەڵبوونەوە بە سوپای سوریا ئەنجامی نابێت.
دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری پەنابەران وەرگرت. پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە پۆستە هەرە باڵا و کاریگەرەکان لە دوای سكرتێری گشتی لە رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. لیژنەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاندیدەكان كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتیی بۆ کاروباری پەنابەران. پێشتر سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لە نیویۆرک ئاشكرایان كرد، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاندید کراوە، كە لەدوای پۆستی ئەمینداری گشتی، یەکێکە لە دیارترین پۆستەكانی ناو ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەو، لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا، هیچ کەسایەتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم پۆستەی وەرنەگرتووە. جگە لە "سەدرەدین ئاغاخان" کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییەو، لە چوارچێوارچێوەی ئەرستۆکراتی ئەوروپی هەژماركراوە، لە ماوەی (٧٥) ساڵی رابردوودا هیچ کەسایەتییەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە، پێشتر ئەو پۆستە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەبراوە. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەگان، ژمارەی کاندیدەکانی بۆ ئەو پۆستە زیاتر لە (10) کەس تێناپەڕێت، کە زۆرینەیان كەسایەتی ئەوروپی بوون.
وەفدی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنکەرە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنوسساز ئەنجام بدەن، کە دیارترینیان کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکانە. بەپێی زانیارییەکان، وەفدەکەی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئوزگور، سەرەتا سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای گشتیی پارتی دەڤا لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی ئەو حزبە کۆدەبنەوە. دواتر و لە رووداوێکی گرنگی سیاسیدا، سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا، وەفدی ئیمراڵی سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکەن. سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە گفتوگۆکردنە لەسەر "قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی". سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئامادەکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، وەفدی ئیمراڵی مۆڵەتی پێبدرێت و جارێکی دیکە لە گرتوخانەی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەنەوە.
هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسیمیم دەڵێت، 9 کاندید کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکەن و ڕەنگە بەر لە ساڵی نوێ، ئەم پرسە یەکلایی ببێتەوە و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت. عامر فائیز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ناوی 9 کاندید پێشکەش بە کووتلەکان کراوە و کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکانیش بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش هیچ کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە یەکلایی نەبووەتەوە. گوتیشی، هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران. سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم، ڕەتیکردەوە، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان دەستێوەردانی لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیراندا کردبێت، یاخود هیچ کاندیدێک لەسەر داوای مەرجەعییەت دوورخرابێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بۆ نەهێشتنی متمانەیە لەنێوان لایەنەکان. سەبارەت بە دیاریکردنی کاتێک بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن لایەنە شیعەکان، عامر فائیز گوتی، بەگوێرەی دەستووری عێراق سەرەتا دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و دواتر سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێنەوە و دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەو کات کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری دەکرێت، ڕەنگە ئەم مانگەش پرسی دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی یەکلایی ببێتەوە. لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر هەڵبژاردن، تاوەکو ئێستا سوننە و شیعەکان لەسەر دیاریکردنی کاندید بۆ هەریەک لە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بەشێوەیەکی فەرمی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ،محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی بۆ سەرۆکوەزیران کاندید کردووە، هەروەها نووری مالیکی، کاندیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێڕاق
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی دەستدەکات بەهەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل لە کێڵگەی تاوکی و پێشابوور. ئەمرۆ پینجشەممە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، جارێکی دیکە دوای دوو ساڵ و نیو دەستدەکەنەوە بە لێدانی بیری نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 25٪. دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستە دوو بورجی هەڵکۆڵینی بیری نوێی گواستووەتەوە بۆ کێڵگەکانی. لەراگەیێندراوێکی کۆمپانیاکەدا هاتووە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لە کێڵگەی تاوکێ تاوەکو ئێستا 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، دەستدەکات بە هەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ لە ساڵی 2026 دا و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 25% و گەیاندنی بەرهەمی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکی. بێژەن مسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەو بارەیەوە دەڵێت " دوای دوو دەیە لە کارکردن لە ئاڵۆزترین کێڵگەی نەوتی، بڕوامان وایە دەتوانین نەوتی زیاتر دەربهێنین لەم کێڵگەکەوە کە گرێبەستی تاوکی و پێشابوور دەگرێتەوە". رەحمانی دەڵێت، "سەرەرای ئەوەی لە دوای داخرانی بۆیی هەناردەکردنی نەوتەوە هیچ بیرە نەوتێکیان لە ساڵی 2023 هەڵنەکۆڵیەوە، بەڵام توانیویان رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنن." کۆمپانیای دی ئێن ئۆ یەکەم کۆمپانیای نەوتی بیانی بوو کە لە ساڵی 2004 هاتە هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی خۆیان ئەوان دەستیان بە دروستکردنی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە.
سەرکردەیەکی باڵای چوارچێوەی هەمانگی دەڵێت، چاوەڕوانی مارک ساڤایا دەکەین بۆ ئەوەی بگاتە بەغدا و گوێ لە پێشنیارەکانی بگرین. بڕیارە رۆژی 19ـی ئەم مانگە، مارک ساڤای ،نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بگاتە بەغدا، ئەگەر گۆڕانکاری لە وادەی سەردانەکەدا روو نەدات. سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ساڤایا خۆی قورسایی نییە، بەڵام لەناو لایەنە شیعەکاندا بڕیار دراوە چاوەڕێی بکرێت تا دەگاتە بەغدا و گوێ لە پەیامەکەی بگیرێت.
وڵاتەکە بەپێی چەند مەرجێک رێ بە فرۆشتنی ماددە کحولییەکان دەدات ئامادەکردنی هاوڵاتی. دوای 73 ساڵ سعودیە رێکارەکانی فرۆشتنی مادە کحولییەکان ئاسانتر دەکات، لە چوارچێوەی دیدگای سعودیە بۆ ساڵی 2030. سعودیە کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و زۆربەی یاساکانی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە، زیاتر لە 73 ساڵە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ماددە کحولییەکانەوە تێیدا قەدەغەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، یاسای نوێ دەردەکرێت کە خۆی بە کرانەوەی وڵاتەکەی بە رووی جیهاندا وەسفی دەکات. پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، سعودیە دەیەوێت فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بۆ کەسانی ناموسڵمان ئاسانتر بکات بەڵام بە مەرج. یەکەم، کەسەکە دەبێت موسڵمان نەبێ. دووەم، داهاتی مانگانەی زیاتر بێت لە 50 هەزار ریاڵی سعودی کە دەکاتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار. ئەمە چۆن بوو؟ لە ساڵی 1952 پاشا عەبدولعەزیز بن سعود بە فەرمی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لە سعودیە قەدەغەکرد و ئەگەر کڕین یان فرۆشتن یان ئاسانکاری بۆ بکرایە بە زیندانی کردنی چەند مانگ یان چەند ساڵێک کەسەکە سزا دەدرا، جگە لە سزای مادی و هەندێک جار 500 قامچیشی لێدەدرا. ئەم بڕیارەی پاشا عەبدولعەزیز دوای ئەوە هات کە مشاری کوڕی پاشا عەبدولعەزیز بە سەرخۆشی تەقەی لە ماڵی جێگری کونسوڵی ئەوکاتی بەریتانیا کرد و لە رووداوەکەدا جێگری کونسوڵ کوژرا. سزاکەی پاشا عەبدولعەزیز بۆ کەسانی بیانی جیاواز بوو، چونکە تەنها لە وڵاتەکە دەردەکران. بەڵام دوای فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی محەمەد بن سەلمان و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان و دروستکردنی پڕۆژە گەورەکان، حکومەتی سعودیە لە 24ـی مانگی یەکی 2024 رایگەیاند، رێگە بە کردنەوەی یەک فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەدەن ئەویش لە ریازی پایتەخت لە ناوچەی باڵویزخانەکان و تەنها بۆ دیپلۆماتکار و بالیۆزەکانە دەبێت. ئێستا ئەوەی جارێکی دیکەی میدیای عەرەبی و جیهانی سەرقاڵ کردووە هەواڵەکەی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکییە کە باس لەوە دەکات دەبێت ئەو کەسانەی دانیشتووی سعودیەن و ناموسڵمانن، بە فەرمی بیسەلمێنن داهاتی مانگانەیان لە 50 هەزار ریاڵی سعودی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە فرۆشگاکەوە و خواردنەوە کحولییەکان بکڕن. حکومەتی سعودیە ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسە بیانی و ناموسڵمانانە دەردەکات کە مەرجەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵە بە خواردنەوە کحولییەکانەوە بکەن. ئێستا تەنها یەک فرۆشتگای مادە کحولییەکان لە سعودیە هەیە کە دەکەوێتە ریازی پایتەختەوە، بەڵام هەوڵی کردنەوەی دوو فرۆشگای دیکە دەدرێت لە شارەکانی جیدە و زەهران. لە کافێیەکی ریازیش دیاردەیەکی نوێ دروستبووە و پیاوانی موسڵمان و ژنانی عەبابەسەر و نیقاب سەردانی دەکەن بۆ خواردنەوەی بیرەی بێ کحول کە بە بیرەی حەڵال ناسراوە. کافێکە کەشێکی تەواوی وەک باڕ و یانەکانی هەیە، خاوەنی کافێکەش دەڵێت، دەمانەوێت ئەزموونێکی وا بدەین بە سەردانیکەرانمان کە بتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە بڵاوی بکەنەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بەهۆی ئەو باران و لافاوەی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، بڕیاریدا هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست بۆ هەرێم دابین بکەن. دەقى ڕاگەیەندراو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکانی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی، هەروەها وەزارەتی دارایی پارەی فریاگوزاری تەرخان بکات بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمەش دوابەدوای ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا کە بووە هۆی شەپۆلێکی لافاوی بەهێز. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران 10ی کانوونی یەکەمی 2025
دوای ئەو مشتومڕەی لەسەری دروستبوو؛ رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڕیاری دەرهێنانی (ئەنساروڵا)ی یەمەن "حوسییەكان" و (حزبوڵای)ی لوبنان لە لیستی ئەو رێكخراوانە بڵاوكردەوە كە عێراق سەروەت و سامانیان بلۆك دەكات. رۆژنامەی وەقایع پێشتر لە لیستەكەدا حزبوڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەنی (كە دوو رێكخراوی شیعەن) لە لیستی رێكخراوە تیرۆرستییەكاندا بڵاوكردەوە، بەڵام هەرزوو لیژنەی بلۆككردنی سەروەت و سامانی رێكخراوە تیرۆرستییەكان لە بانكی ناوەندیی عێراق پاشگەزبوونەوەی خۆی راگەیاندو وتی لیستەكە بەر لە پاكنوسكردن لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانیش بۆ خۆدەربازكردن لە مشتومڕەی دروستبووە رایگەیاند لیژنەی بۆ لێكۆڵینەوە لەو هەڵەیە دروستكردووە.
ئەمشەو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەمار حەکیم، کۆبوونەوە بۆ یەكلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران بەگوێرەی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە محەمەد شیاع سودانی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی خستەڕوو، تاوتوێی دیاریکردنی کاندیدی نوێی سەرۆکوەزیران کرا. لە پێشهاتێکی سیاسیی گرنگدا کە ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی وادەی گۆڕانکارییەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە شیعییەکان لە دواین کۆبوونەوەیدا بە فەرمی دۆسیەی دیاریکردنی بەربژێری نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق خستە سەر مێزی گفتوگۆ. لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانی چوارچێوەکە ڕێککەوتن لەسەر دانانی خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە سیاسییە. چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی خولیی ژمارە 253ـی خۆی لە نووسینگەی عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی ئەنجام دا. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزم و هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی کەسایەتییەک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو پەیوەندی و گفتوگۆیانە کراوە کە ئێستا لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان لەلایەک و هێزەکانی ناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەکی ترەوە لە ئارادان. لەو چوارچێوەیەدا، بەشداربووان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی پابەند بن بە وادەیەکی دیاریکراوەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان و شایستەکان. هاوکات محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دوایین گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکان خستووەتە ڕوو، تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە. چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک کردووە ببێتە هۆی بەهێزکردنی کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بە ئامانجی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرانبەر بەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە. ئەم کۆبوونەوەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە، عێراق بە قۆناغێکی سیاسیی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەپێی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی، جووڵاندنی پرسی بەربژێری نوێ بۆ سەرۆک وەزیران، ئاماژەیە بۆ ئامادەکاریی هێزە شیعییەکان کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانین بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن یان ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆربەی هێزە شیعییەکان (جگە لە سەدرییەکان) لەخۆ دەگرێت، وەک بڕیاردەری سەرەکی لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران دەمێنێتەوە، دیاریکردنی وادەی دیاریکراو بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکە، نیشانەی ئەوەیە کە لایەنەکان دەیانەوێت ڕێگری لە دروستبوونی بۆشایی سیاسی یان دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بکەن، هاوشێوەی سیناریۆکانی ساڵانی ڕابردوو کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بۆ ماوەیەکی درێژ پەک دەخرا.
هەنگاوی داهاتووی تورکیا بەرامبەر رۆژاڤا چییە؟ هەسەدە ئامادەکاری دەکات و ئەنقەرەش خەریکی ناردنی هێز و چاودێریکردنە ئامادەکردنی، هاوڵاتی بەیانییەکی زووی هەشتی مانگ هادی ئەلبەحرە، سەرکردەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە وتارێكی 25 چرکەیی گرتنی دیمەشق و کەوتنی رژێمەکەی ئەسەدی راگەیاند. ئەمە چۆن روویدا؟ دەستەی تەحریر شام لە ساڵی 2017 بە پشتگریی تورکیا دامەزرا کە لە چەند گروپێک پێکهاتبوون بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع کە ئەوکات بە ئەبو محەمەد جۆلانی ناویدەرکردبوو. لە کۆتاییەکانی مانگی 11ـی ساڵی 2024 تەحریر شام ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد و بە توندی رووبەڕووی هێزەکانی ئەسەد بوویەوە. سەرەتا لە حەلەب دەستی پێکرد تا دیمەشق بەردەوام بوو. تەنها بە 11 رۆژ زۆربەی ناوچەکانی سوریای گرت و لە رۆژی هەشتی مانگی دوانزە سەرکەوتنیان راگەیاند. دوای ساڵێک لە رووداوەکان چی روویدا؟ دوای ئەوەی بەشار ئەسەد وڵاتی بەرەو سوریا بەجێهێشت ئەحمەد شەرع چووە شوێنەکەی و بەشێک لە وڵاتان پشتگریان کرد، لەوانەش بە پلەی یەکەم تورکیا بوو. دوای 12 ساڵ لە جەنگی ناوخۆ و کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، سوریا جارێکی دیکە بەڕووی جیهاندا کرایەوە و ئەمریکا، بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ، بەشێکی زۆری سزاکانی لەسەر لابرد. لەدوای رووخانی ئەسەد هێزەکانی تەحری شام هێرشیان کردەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوا کوردستان و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد. هەرچەندە بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی گەورەتر لەنێوان سوپای سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) روونەدات، لە مانگی ئازاری 2025 ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رێککەوتنێکی ئیمزاکرد کە بە رێککەوتنی 10ی ئازار ناسرا. لە رێککەوتنەکەدا تێیدا ئاگربنەست راگەیاندرا و زەمینە خۆشکرا بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا. بەڵام دوای ساڵێک لە دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سوریا بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە لە پێدانی ماف بە کەمە نەتەوایەتییەکان و بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی و تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا. مەزڵوم عەبدی بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی راگەیاندووە، 2026 بۆ ئەحمەد شەرع یەکلاکەرەوە دەبێت، ئەگەر بزانێت بە ژیری مامەڵە بکات، ئێمەش گۆڕانکاری جدیمان لەو دەوێت نەک تەنها بەڵێن. مەزڵوم عەبدی باسی لەوەش کرد، هەسەدە 100 هەزار شەڕڤانی هەیە و تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا قورسە، هەرچەندە بڕیاریانداوە کە سێ فیرقەی هێزەکانی هەسەدە و دوو یەکەی تایبەت، کە یەکێکیان یەکەی ژنان، بە سەربەخۆیی بهێڵنەوە بۆ پاراستنی و بەرگریکردن لە رۆژاڤا. تورکیا زۆر هەوڵدەدات لەمیانی پرۆسەی ئاشتیدا و لەرێی فشارکردن لە ئەحمەد شەرع هەسەدە چەک دابنێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشتری ئەلمۆنیتەر رێبەر ئۆجەلان سازش لەسەر ئەوە ناکات و هەسەدە لای ئەو هیڵی سوورە. ئەنقەرە دەشیەوێت بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لەناوبچێت و سوریا یەک دەوڵەت بێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەر نایەوێت سازش لەسەر ئەمە بکات و دەیەوێت بە لامەرکەزی بمێنێتەوە. مەزڵوم عەبدی زۆر بە راشکاوانە گوتی، هەسەدە هیچ جێگرەوەیەکی نییە و هاوکاری ئەمریکا پێویستە بۆ دەسەڵاتی ناناوەندی لە سوریا و دەبێت واشنتن رۆڵێکی هاوسەنگتر بگێڕێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی دەرەوەی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند: سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، شەرع جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و میسر ئاساییە، بەڵام هەوڵدەدەن بیگەیننە ئاستێکی بەرزتر. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گوتارێکیدا بەو بۆنەوە، باسی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ هەر یەک لە تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئیمارات گەیشتووەتە ئاستێکی نموونەیی. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و میسر، ئەو پەیوەندییانەی بە قبووڵکراو وەسف کرد و هیوای خواست لە داهاتوودا گەشەسەندنی گەورە بەخۆیانەوە ببینن. هاوکات ئاستی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین بە باش لە قەڵەم دا. لەلایەکی دیکەوە و وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵیادی لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، ئەحمەد شەرع دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق، جەختی لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز. ناوبراو بە هەمان ئەو جلوبەرگە سەربازییە سەوزەی کە ساڵێک لەمەوبەر پێی گەیشتە دیمەشق، دەرکەوتەوە و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکیی ئێستای هەموو سوورییەکان پارێزگاریکردنە لەو سەرکەوتنە و بنیاتنانەوەی وڵاتە بە شێوەیەک شایستەی مێژوو و قوربانییەکانی گەلەکەی بێت.
بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و دزەکردن لە بۆرییەکی هەناردەکردندا، عێراق بەرهەمهێنانی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە کێڵگەی زەبەلاحی (ڕۆژئاوای قورنە 2) لە بەسڕە ڕاگرت. دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی کەرتی وزەی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی دزەکردنی نەوت لە یەکێک لە بۆرییەکانی هەناردەکردندا، عێراق تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی "ڕۆژئاوای قورنە 2" لە پارێزگای بەسڕە ڕاگرتووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کێڵگەیە کە لەلایەن کۆمپانیای "لوکۆیل"ی ڕووسییەوە کاری تێدا دەکرێت، ڕۆژانە نزیکەی 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. کێڵگەی "ڕۆژئاوای قورنە 2" بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دادەنرێت و قەبارەی بەرهەمهێنانی نزیکەی 0.5%ی (نیو لە سەدی) کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (8/12/2025) بەڕێوەچوو، هەردوولا بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عیراق وەسف کرد و هیوایان خواست لایەنە عیراقییەکان بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەسەر بنەمای داواکاری هاووڵاتییان و پێویستییەکانی عیراق هەرچی زووتر بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی عیراق بکات. قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا روون کردەوە و رایگەیاند یەکێتی پێیوایە حکومەتی داهاتوو دەبێت لەلایەکەوە هەوڵی جدی بدات بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەربەخۆیی عیراق و لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق. ئاماژەی بەوەشدا یەکێتیی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی هەرچی زووتری کێشەکانی نێوانیان بێت بەتایبەتیش کێشەی بەشە بودجەی هەرێم و رایگەیاند بودجە وەک مافێکی دەستووری هاووڵاتییانی کوردستان نابێت ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی.
لە یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریادا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) دووپاتیان کردەوە، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەیە، كە دوور لە جیاکردنەوە و بڕیارى تاکلایەنەبێت، هەروەها پێویستمان بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە، کە ڕێگری لە گەڕانەوەی عەقڵییەتی بەعس بکات و ماف و هاوبەشی بۆ هەموو سوورییەکان دەستەبەر بکات. فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە بۆنەی تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر روخانی رژێمی بەشار ئەسەددا، دەڵێت: لەكاتێكدا هاوڵاتیانی سوریا چاویان لە بونیادنانی ئایندەیەكی نوێیە، هێشتا زمانی دنەدان و رق و كینە لەلایەن هەندێك لەلایەنەكانی دەسەڵات و نزیكەكانیەوە بەكاردەهێنرێن، كە لە هەوڵی دووبارەكردنەوەی هەمان گوتاری دابەشكاری رابردودان. راشیدەگەیەنێت: ئەم گوتارە گرژو خۆبەزلزانە چیتر قبوڵكراونیەو ناكرێت ببێتە بنەمایەك بۆ بونیادنانی وڵاتێكی نوێ، بەڵكو بەردەوامییەكی راستەوخۆیە بە عەقڵییەتی رژێم كە رووخاو ناگەڕێتەوە. فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیدا جەخت دەكات: لەم قۆناغە هەستیارەدا، وەك هێزێكی بنەڕەتی دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە گەلەكەی، روبەڕوی هەر دوژمنكاری و هەڕەشەیەكيش دەبێتەوە بكرێتە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا.
