رادیۆى زەمانە ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 400 تانکەر، کە نەوتی قاچاخی هەرێمی کوردستانیان هەڵگرتووە، لە سنووری ئەفغانستان گیریانخواردووەو تانکەرەکان بەبیانووی ئەوەی لە پشکنین دەرنەچوون رێگەی چوونە نێو خاکی ئەو وڵاتەیان پێنادرێت. بەپێى راپۆرتى ڕادیۆى ناوبراو، لە کاتێکدا زیاتر لە 400 بارهەڵگر (تەنکەرى سوتەمەنى) کە گازۆیلیان هەڵگرتبوە شۆفێرانی ئێرانی و عێراقی بوون لە ئەفغانستان گیریان خواردووە، گرووپێک لەو شۆفێرانەکەى کە تانکەری سووتەمەنی ترانزێتیان پێبووە ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئاب لە بەردەم ئیدارەی ڕێگاوبانەکان لە تاران گردبونەتەوەو ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بەو دۆخەى بۆیان هاتوەتەپیش. رادیۆ دەڵێت: ئەوان 400 تانکەرن نەوتی قاچاخیان لە هەرێمی کوردستانەوەو لە دەروازەی باشماخەوە بەرەو ئەفغانستان بەرێکەوتوون، ئەو شۆفێرانە دەڵێن پێشتر بارەکانیان لە سلێمانی و مەرزی باشماخ پشکنینى بۆکراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بە بیانووی "کێشە لە پشکنینی سووتەمەنی" ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی بارەکان کردووە. چەند ڕۆژێکە لەسنورى ئەفغانستان تانکەرەکان بەبیانووی ئەوەی لە پشکنین دەرنەچوون رێگەی چوونە نێو خاکی ئەو وڵاتەیان پێنادرێت، ئەم دۆخە نەک هەر زیانێکی زۆری بەسەر شۆفێراندا سەپاندووە، بەڵکو زنجیرەی گواستنەوەی ترانزێتی پەکخستووە. پێشتر حسێن محەممەدیان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ژووری هاوبەشی ئێران و ئەفغانستان ڕایگەیاندبوو کە ئەو سووتەمەنیەی کە بارهەڵگرەکانی ئێران بۆ ئەفغانستان دەیانگواستەوە لە عێراقەوە بارکراوە. بە وتەی ناوبراو، ئەو سووتەمەنییە لەلایەن بازرگانێکی ئەفغانییەوە لە عێراق کڕدراوە، بەڵام دوای چوونە ناو ئەفغانستان، تاڵیبان بەهۆی کێشەی کوالیتی ڕێگەی نەداوە بارەکان خاڵى بکرێت.
ماڵپەرى ئەکسیۆسى ئەمریکى بڵاویکردەوە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر بەرێوەیە بۆ میسر بۆ دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەزە بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی میسر و نوێنەرانی حەماس کۆببێتەوە. بەپێى ناوەڕۆکى هەواڵەکەى ئەکسیۆس ئامانجی کۆبوونەوەکانى سەرۆکوەزیرانی قەتەر بۆ ئەوەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لایەنەکانی دیەکەی فەڵەستین بکرێت و دانوستانەکان بەرەوپێش ببرێن. چەند سەرچاوەیەکیش بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر وەزیری دەرەوەی ئەوڵاتەشى لەگەڵە دەڕوات بۆ گفتوگۆکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر غەززە، لە هەمان کاتدا کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە کە حەماس پێشنیارێکی نوێی بۆ ڕێککەوتنێک پێگەیشتووە و بڕیارە ئەمڕۆ وەڵامی بداتەوە. میسر و قەتەر و ئەمریکا نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە. دوایین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا لە دەوحە، بە سەرپەرشتی نێوەندگران، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو، پێش ئەوەی لە ٢٥ی تەمووزدا بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی پێهات. ناوبژیوانانی دانوستانەکانی ئاگربەستی ناڕاستەوخۆ لە کەرتی غەززە پێشنیارێکی نوێیان پێشکەش بە حەماس کردووە کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە. سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە پشتڕاستیان کردەوە کە نوێنەرانی میسر و قەتەر ئەو دەستپێشخەرییە نوێیەیان بە بزووتنەوەکە گەیاندووە، بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی چەند لایەنێکی فەلەستینی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرکردەکانی گروپەکان داوایان لە حەماس کردووە کە "لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بۆ ئەو پێشنیازە ئامادە بکات". ئەمەش لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەیەکی گشتی لەناو ئیسرائیلدا، بەتایبەتی لەلایەن بنەماڵەی دەستگیرکراوەکانەوە، هەوڵدەدەن فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە هەمووان بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار لە وردەکارییەکانی غەززە ڕایگەیاند، دوێنێ نێوەندگرانی میسر و قەتەر لە قاهیرە لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەوە و بیرۆکەی نوێیان بۆ ڕێککەوتنی بارمتەگرتن و ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامێکی بە ناوبژیوانان گەیاندووە، کە "دوا دەرفەت" هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بە پاڵپشتی واشنتۆن. میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی کاتی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لەو ماوەیەدا 10 ئیسرائیلی زیندوو و ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. پاشان دانوستانی دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەست پێدەکات، کە ڕێککەوتن لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە کەرتی غەززە مسۆگەر دەکات.
ڕاوێژکاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ھەر ساتێکدا و جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە بە "جەنگگەرایی" دەمێنێتەوە و ھەموو سیناریۆکان لەسەر مێزن. یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری مەزنی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایدەگەیەنێت ڕایگەیاندووە، بڕوای وایە شەڕێکی دیکە ڕووبدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپا پلان دادەنێت و سیناریۆکان پەرەپێدەدات خۆی بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە دەکات. ئەو راوێژکارە دەشڵێت: هیچ ڕێککەوتن و پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیلدا نییە، لە هەر کاتێکدا بێت، پێکدادانەکان دەستپێ دەکەنەوە. یەحیا ڕەحیم سەفەوی ئەوەشى ڕایگەیاندوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل یان ئەمریکا ئەگەری هەیە، هەروەها گرنگیی ئاگربەستی ئێستای کەمکردەوە، کە بە وتەی خۆی ئێستا لە قۆناغێکی دیکەی شەڕی بەردەوامن، "ئێمە لە ئاگربەستدا نین، ئێمە لە شەڕێکداین. هیچ ڕێککەوتنێک نییە". هاوکات سێ سەرچاوە لە ڕێژیمی ئێران هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، خامنەیی بڕیاری داوە پشتیوانی لە گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بکات. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، خامنەیی "گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دانوستان تاکە ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی سەربازی - کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژیم". هەروەها ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی نزیکەی ٣٠ زانای ئەتۆمی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازى ئیسرائیلدا کوژراون، ئێران ئەوانەی کە ماونەتەوە گواستووەتەوە بۆ شوێنی نهێنى و حەشاردراون. شارەزایانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی تەلەگرافیان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت نەوەیەکی نوێی زانایانی ئەتۆمی ئێرانی شوێنپێی ئەو کەسانە بکەون کە کوژراون و بە "مردووانی ڕێپێوان" وەسفیان بکەن - سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئەو ئاسایشەی کە لەژێریاندایە، کە بریتییە لە خانووی سەلامەت و پاسەوانی بەدرێژایی شەو ڕؤژ.
دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندوە: ئەوەی بەناوی سوپای نوێی سوریا ناسراوە هاوپەیمانییەكی فشۆڵی گروپە توندەڕەوەكانە و" تەحریرى شام و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی سوننە لەخۆدەگرێت" دەشڵیت ئەمریكا هەڵوێستی گۆڕاوە لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو ئەو سوپایە. هەڵسەنگاندنێکی دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) کە بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ئامادەکراوە، ئاشکرایکردووە: ئەوەی بەناوی سوپای نوێی سوریای سەر بە حکومەتی راگوزەر ناودەبرێت، خاوەن پەیكەرێكی رێکخراوەیی یەکگرتوو نییەو پشت بە هاوپەیمانییەکی فشۆڵ و پارچەپارچە دەبەستێت، کە سەرکردەکانی دەستەی تەحریری شام كە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی سوننە لەخۆدەگرێت. راپۆرتەکە دەریخستووە، ئەو گروپانەی کە واشنتۆن بە مەترسیدار ریزبەندی كردوون، وەک رێکخراوی (حراس الدین)، هەژمونێكی بەرچاوی لە دیمەشق بەدەستهێناوەتەوە، سەرەڕای بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد. ئەم گروپانە تائێستا كاریگەرییان هەیە لە لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر، سەرەڕای ناکۆکییەکانی پێشوییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام. راپۆرتەكە بەشێوەیەكی وردو تێروتەسەل ئامادەكراوەو نزیکەی (٧٠) لاپەڕەیە، ئاماژە بەوە دەکات: پنتاگۆن بە وریاییەوە لە فراوانبونی دەسەڵاتەکانی حکومەتی راگوزەر یان زیادکردنی سەرچاوەکانی روانیویەتی. راشیگەیاندووە: پێدەچێت ئەم دۆخە هەژمونی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەهێزتر بکات و سەربەخۆیی زیاتریان پێببەخشێت لە جاران. راپۆرتەکە ئاماژە بۆ گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا دەكات، لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی پاراستنی لە هەڕەشەکانی تورکیا، جەختیش دەکاتەوە، هێشتنەوەیان خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەيی ئەمریکا دەکات. رونیشكردووەتەوە: ئیسرائیل مەیلی بەرەو فراوانکردنی ناوچەی پارێزراوی هەیە لەسەر سنورەکانی لەگەڵ سوریا، رەنگە بەشێک لە باشوری سوریاش کۆنترۆڵ بكات، كە ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەخت نزیک دەکاتەوە. راپۆرتەکە، نیگەرانییەکانی ناو کۆنگرێسی سەبارەت بە هەرچەشنە سوککردنێكی سزاکانی سەر دیمەشق وروژاندووە، ئەمەش وایکردووە بۆ ئیدارەی ئەمریکا قورس بێت بۆ نوێكردنەوەی لێخۆشبونەكان یان رێگەدان بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئابوری، کە لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە لەگەڵ هەندێک وڵات واژۆ کراوە. راپۆرتەكە، کە لەلایەن ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆرە"وە بڵاوکراوەتەوە: ئاشکرایکردووە، هەندێک لە شوێنکەوتوانی رێکخراوی (حراس الدین) بەدوای هەژموندا دەگەڕێن لەناو حکومەتی نوێی دیمەشقدا. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا، گروپەکانی پەیوەست بە قاعیدە بە جۆرێك لە سەربەخۆیی كاردەكەن لەژێر چاودێری دەستەی تەحریر شام و درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن، ئەوەش ئازادیی هاتوچۆ بە چەكدارانی پێشوی (حراس الدین) داوەو توانای پێداون کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر لە سوریا هەبێت. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە کە ئەم گروپە دامەزراوە، لە دەیان چەكداری (حراس الدین) کوشتووە لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکوری رۆژئاوای سوریا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر. هێزەکانى ئەمەریکا مانگى داهاتوو سێ بنکەى سەرەکى لە عێراق جێدەهێڵن و بەرەو هەولێر دەجوڵێن، ئەوەش بە هەنگاوێکى "پێشبینینەکراوى" واشنتن لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو پڕۆسەى کشانەوەکە بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕاگەیاند، لە مانگى داهاتووەوە هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە بۆ هەولێر و تەنها راوێژکارە سەربازییەکان دەمێننەوە. سەباح نوعمان گوتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئەوەشی وت، تەنها هێزەکانی ئەمریکا نییە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە. لەبارەی مانەوەی هێزەکان لە هەولێر باسی لەوەکرد، ئەو هێزانە کە کاریان راوێژکارییە بەگوێڕەی ئەو رێککەتنەی کە کراوە بۆ ماوەی ساڵێک لە هەولێر دەمێننەوە. گوتیشی، جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر بڕیارێکی کتوپڕ نەبووە پێشووتر رێککەوتنی لەبارەوە کراوە. رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشکرای دەکات، لەماوەی رابردوودا راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردووەتەوە پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد بکشێننەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەر دوو لایەن لەسەری رێککەوتنیان کردبووە، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا پێشبینی نەکراو بووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی سوریا بە ڕۆژنامەی زە ناشناڵیان ڕاگەیاندووە، سوپای سوریا پلانی هەیە تا مانگی تشرینی یەکەم هێرشی گەورە ئەنجامبدات بۆ گرتنی دوو پارێزگای سەرەکی لەسەر ڕووباری فورات لە(رۆژئاواى کوردستان)کە ئێستا بەدەستی هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوەیەوە و ئامادە نین ملکەچی دیمەشق بن. سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکی زۆری موڵک و ماڵی خاکی خۆیان ڕادەست نەکەن و هاوکارى تەواوى حکومەتى دیمشق نەکەن، هێزێکی هێرشبەری سوریا کە ٥٠ هەزار کەسی دەبێت، کە لە نزیک شاری بیابانی پاڵمیرا کۆدەبنەوە، بەرەو باکوور دەڕوات و پارێزگاری ڕەقە و دێرەزوور بە پشتیوانی دانیشتوانی هۆزەکانیان کە زۆرینەیان عەرەبن، دەگرن. یەکێک لەو سەرچاوانە کە پێگەیەکی ئەمنی هەستیاری لە سوریا هەیە و داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی هێرشەکە "بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکی" بەرەو پێشەوە ناچێت. کلیلێکی دیکە دڵنیابوونە لە دەستێوەردان نەکردنی ئیسرائیل کە مانگی ڕابردوو دیمەشقی بۆردومان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی حکومەت بۆ سەر سوەیدا پایتەختی باشووری پارێزگاکە. دانوستانەکان بە فشارى ئەمریکا نەیانتوانیوە پێشکەوتن بەدەستبهێنن و ناکۆکی نێوان هەردوولادا بڕوێننەوە. سەرچاوەکە وتی، بەشێک لەئەمریکیەکانی واشنتۆن پێیان باشە هەسەدەو دیمشق رێککبکەون، بەهۆی ئەوەی تورکیا دەیەوێت هەسەدە لەناببات. لەسەر داوای سعودیە و تورکیا، ئەمریکا لە مانگی ئایاردا لەگەڵ دیمەشق دەستی بە ئاساییکردنەوە کرد. دۆناڵد ترەمپ لە ڕیاز چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوت و وردەکارییەکی هاوپەیمانییەکی ئەگەری خستەڕوو کە دەتوانێت ئێران و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بکات. کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ماوەیەکە داوایان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە سازش بکات، هەرچەندە بە هێشتنەوەی پشتیوانییەکی بەهێز لە ناو لقە ئەمنییەکانی ئەمریکادا سەیر دەکرێت. هەسەدە دەیەوێت سیستەمێکی فیدراڵی، لە دیمەشق هەبێت و ئەوان وەک یەکەیەک بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بچنە ناو سوپای سوریاشەوە. لە کاتی شەڕی ناوخۆدا ڕووسیا، ئێران، تورکیا و ئەمریکا ناوچەی نفوزی خۆیان لەو وڵاتەدا دروست کرد. بەڵام تەنها هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سوریا ماونەتەوە، هەروەها سەربازانی ڕوسیا لە دوو بنکەی سەرەکیدا ماونەتەوەو قەتیس کراون. زۆربەیان بە مەزەندەکردنی ٢٠ هەزار هێزی تورکیا لە نزیک ناوچەکانی SDF جێگیرکراون، لە کاتێکدا هەزار سەربازی ئەمریکی بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەکانی ناو خاکی SDF جێگیرن.
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق دەڵێت: کۆمپانیا بیانییەکان بە (16) دۆلارەكە رازی نین و تێچوی گواستنەوەی نەوتیان زیاد كردووە، توركیاش هیچ ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق نەناردووە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەكردن. مەرسومی، لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی وەڵامی پرساری ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی داوەتەوەو تیایدا دەڵێت: بەربەستی یەکەم: رەزامەندی کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکانە، ئەم کۆمپانیایانە هێشتا پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن و ئامادە نین بە تێچوی (16)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت هەناردە بکەن، تێچوی دیکەشیان زیاد کردووە، لەوانە تێچوی گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بە مەودای 200 بۆ 300 کم بۆ بۆرییەکە. هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن بەغداد دان بە گرێبەستە بازرگانییەکانیاندا بنێت و گەرەنتی پارەدانیان بۆ دابین بکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی رابردوو و داهاتوو، لەگەڵ رەوانەكردنی پارەی چاوەڕوانکراوی فرۆشتنی نەوت بۆ کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ ئەو کۆمپانیایانە و رێککەوتنێکی نوسراویش لەگەڵ بەغداد بکات. بەربەستی دووەم: رەزامەندی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە، هەرچەندە تورکیا پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنی ئەو نەوتە، بەڵام پێویستە ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق دەربکات و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە رابگەیەنێت، لەو کاتەدا نەوتەکە دەخرێتە ناو تانکیەکانی بەندەری جەیهان و کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە فرۆشتنی نەوتەکە دەکات.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە وتارێکدا جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و سیناریۆی دابەشکردنی وڵاتەکەی بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هۆکارەکانی دابەشبوون "لە سووریادا بوونیان نییە و نزیکە لە مەحاڵ". لە میانەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر، ئەکادیمی، سیاسەتمەدار، و کەسایەتی دیاری پارێزگای ئیدلب، شەرع بە توندی ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە بیری دابەشکردنی سووریا دەکەنەوە و گوتی: "هەرکەسێک داوای دابەشبوون بکات لە سووریا، لەڕووی سیاسییەوە نەزانە و خەونبینە". ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆرجار بیرۆکەی خەوناوی، لایەنگرەکانیان بەرەو خۆکوشتن دەبات". سەرۆکی سووریا دڵنیایی خۆی نیشاندا و گوتی: "من مەترسی دابەشبوون لە سووریا نابینم." ئەو دانی بەوەدانا کە هەندێک لایەن ئارەزووی دابەشکردنی وڵات و دروستکردنی کانتۆنی ناوخۆییان هەیە، بەڵام پێی وایە "لۆژیکی، سیاسی، نەتەوەیی، و کولتوورییەوە ئەمە مەحاڵە". شەرع هۆشداری دا لە "ڕکابەریی نەرێنی، پۆستی سیاسی، و گەڕان بەدوای ڕۆڵدا" و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دیاردانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگا دادەنێن، بەتایبەتی لە قۆناغی هەستیاری بنیاتنانی دەوڵەتدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پشتبەستنی هەندێک لایەنی ناوخۆیی بە هێزە ئیقلیمییەکان، وەک ئیسرائیل، کارێکی "زۆر قورسە". ئەو بۆچوونی خۆی ڕوونکردەوە بەوەی کە "ناوچەی باشوور دانیشتووانێکی چڕی هەیە و هەر دوژمنێک بیەوێت بێتە ژوورەوە، پێویستە پۆلیسێک لەبەردەم دەرگای هەموو ماڵێکدا دابنێت، ئەمەش لە واقیعدا ئەستەمە". سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا، ئەحمەد شەرع، دووپاتی کردەوە کە دەوڵەت پابەندە بە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە لەو پارێزگایە پێشێلکارییان ئەنجامداوە.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێران، جارێکی دیکە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: واز لە پیلانگێڕی و چەواشەکاری لە دژی ئێرانی زلهێز و نەدۆڕاو ڕابگرن. ئێوارەى ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بەیاننامەیەکى ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێرانى بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە: مێژووی شکۆمەندی شۆڕشی ئیسلامی، لە هەوراز و نشێوی پێچاوپێچیدا، گەلێک داستان و سەرکەوتنى شکۆمەندانەى لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تۆمار کردووە. هەر لەو بەیاننامەیەدا ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان جارێکی دیکە هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکاو ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئەوەی دەست لە پیلانگێڕی و چەواشەکاری لە دژی ئێرانی زلهێز و نەدۆڕاو ڕابگرن. دەڵێت: چونکە لە ئەگەری هەر حیسابێکی هەڵە و کردەوەیەکی خراپ، ئەوەی بووە هۆی خۆگرتن و ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان لە شەڕی سەپێنراوی 12 ڕۆژەدا، ئەگەر دووبارە بکرێتەوە، ڕووبەڕووی سوپرایز و کردەوەی نوێ دەبێتەوە کە زۆر ترسناکتر و وێرانکەرترە لە جاران. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، لە هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران درێغی ناکات. ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێران لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەوەدەخەنەڕوو دوای ٤٦ ساڵ جارێکی دیکە بە هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی ساختە و بەربەری و منداڵکوژی زایۆنی لە ناوچەکەدا، دەستدرێژییەکی دیکەی بۆ سەر ئێرانی ئیسلامی دەستپێکردووە. لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی ١٢ ڕۆژەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردە ئامانج. هەروەها سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد و تاران وەڵامی دایەوە و بە مووشەکى بالیستیکی بارەگای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیلی کردە ئامانج. لەگەڵ پەرەسەندنى ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بێ وێنەیەی ئەمریکا، لە ٢٢ی حوزەیران هێرشی کردە سەر دامەزراوە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و جەختی لەوە کردەوە کە کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێناوە. تاران بە بۆردومانی بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر وەڵامی دایەوە. پاشان واشنتۆن لە ٢٤ی حوزەیران ئاگربەستی نێوان تەلئەبیب و تاران ڕاگەیاند.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایدەگەیەنێت لەڕووی دەستورییەوە، كاری بەغداد نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت و ئەوە كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شمس، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، باس لەچەند پرسێکى جیاوازدەکات لەوانە کێشەکانى هەولێرو بەغداو شەڕە ئیسرائیل و ئێران و پرۆژەیاساى حەشدى شەعبى. لەبەشێکى قسەکانیدا دەڵێت: عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، سیستمی فیدراڵی مانای دابەشكردنی دەسەڵات و سامان لەنێوان ناوەندو لایەنەكان، دژبەیەكیەكە لێرەدایە، من رۆژانە لە بەغداد بەشێوەیەكی ناوەندی مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت. هاوکات باس لەوەدەکات كورد لەسەر بنەمای دەستور لێكدانەوە بۆ كێشەكان دەكات، دەستور نا ناوەندی و فیدراڵییە، لە بەغدادش پشتیان بە یاساكان بەستووە، زۆرینەی یاساكانیش یاسای كۆنن و ناوەندین. سەبارەت بەپرسى یاساى حەشدى شەعبى، فواد حسێن، دەڵێت ئەمریكا هەڵوێستی روونە لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان، كاتی خستنەڕووی یاسای حەشدی دروست نییە، من تاكە وەزیر بووم ئەمەم راشكاوانە وتووە، لە سۆنگەى بەرژەوەندی عێراقەوە، چونكە كاتەكەی گونجاو نییە. لەسەر کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لێكگەیشتنێكی روون هەیە لەبارەی رادەستكردنی نەوت بە بەغداد، چارەسەرەكە كاتیە، چارەسەری هەمیشەیی دەبێت لەڕێی یاسای نەوت و غازە بێت، ئەم چارەسەرە تا كۆتایی ئەم ساڵە. ناوبراو جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، لەڕووی دەستورییەوە، كاری بەغداد نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت و ئەوە كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم. وتیشى: ئەوەی بەغداد دەیكات دەستدرێژە بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، دەبێت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا رێكبرێتەوە. وەزیرى دەرەوەى عێراق، ئەوەش باسدەکات ئەگەر هاوپەیمانان نەبوایە، تائێستا داعش كۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری خاكی عێراقی لەژێر دەستدابوو، هەڕەشەی لەسەر بەغدادو هەولێر دروست كردبوو، دەلێت: ئێمە ئێستا لە گۆڕەپانی جەنگداین، كێ بەرگری لە عێراق دەكات. فواد حسێن پێشى وایە، تائێستا لۆژیكی جەنگ زاڵە بەسەر ناوچەكەدا، دوای جەنگی دوانزە رۆژە بۆ سەر ئێران، هەموان باس لە ئاگربەست دەكەن باس لە ئاشتی نەكراوە. ناوبراو ئەوەشى زیادکرد: راگرتنی ئاگربەست و ئاشتی دوو چەمكی جیاوازن، ئاگربەست مانای دۆخێكی كاتی و رەنگە سەرهەڵبداتەوە، هەڕەشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و بەرەوپێشنەچوونی دانوستانەكان، هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر ئێران زیادبونی فشارەكان، هەموو ئەمانە چاوەڕوانی خولێكی تری جەنگیان لێدەكرێت و ئێرانیش خۆی بۆ ئەمە ئامادەكردووە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامی پیرۆزباییان بۆ سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ناردووە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن دامەزراندنی پارتی وێستگەیەکی مێژوویی گرنگە لە کاروانی خەبات و تێکۆشان. عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە مەسعود بارزانی دەکات، دەڵێت:هیوای بەردەوام بوون و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین لە خزمەتكردنی گەلی كوردستان و عێراق و پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسیەت و بەیەكەوە ژیانی هاوبەش لەنێوان پێكهاتەكانی نیشتمانە ئازیزەكەمان. سەرۆکی ڕەوتی حیکمە گوتیشی: هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پاڵپشتی كردنی ڕێرەوی دیموكراسییەت بەرز دەنرخێنین و هانی سەرجەم هێزە نیشتمانییە چالاكەكانی گۆڕەپانی عێراقی دەدەین كە زمانی گفتوگۆ و بەرژەوەندی نیشتمانی باڵا ڕەچاو بكەن و بەسەر هەر بەرژەوەندییەكی دیكە لەلایەکى دیکەوە هەر بەو بۆنیەوە، مەحموود مەشهەدانى سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامەکەیدا، بەو بۆنەوە، پیرۆزبایی لە بارزانی و ئەندامانی سەرکردایەتی و گەلی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی کردووە. مەحموود مەشهەدانی ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی بارزانی نەمر لە ساڵی 1946، وێستگەیەکی مێژوویی گرنگە لە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانیی، دەڵێت: پارتی قوربانیی زۆری داوە لەپێناو ئازادی و دادپەروەری، ڕۆڵی هەبووە لە پاراستن و فەراهەمکردنی بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی سیاسیی لە عێراق. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بەو بۆنەوە، بە گەورەیی و شکۆدارییەوە، قارەمانێتی و ئازایەتی پیاوەکانی ئەو پارتە وەبیردەهێنینەوە، ڕۆڵی پڕ بەرهەمی ئەو پارتە لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و پەرەپێدانی هاوبەشیی نیشتمانی، بەرزدەنرخێنین کە خزمەتی بە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق کردووە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لێکتێگەیشتنی ئەمنیمان لەگەڵ ئێران واژۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگریکردنە لە قاچاخچێتی. لە بەیاننامەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بڵاویکردەوەتەوە، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ئۆفیسەکەی خۆیدا پێشوازی لە ڕاوێژکاری کاروباری ئەمریکا لە عێراق، باڵیۆز ستیڤن فاگین کردووە. لە میانی دیدارەکەدا ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست تاوتوێ کراون، هەروەها گرنگیی بەردەوامی هاوکاری هاوبەش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی دووپاتکراوەتەوە. هەر لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوەشکراوە،عەرەجی پێداچوونەوەی بە وردەکاریی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی کردوە کە لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کراوە، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، کە بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و دزەکردنى گروپە چەکدارەکان. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەگوێرەی بەیاننامەکە، دووپاتی کردەوە کە "سیاسەتەکانی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی دامەزراوە و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری مامەڵە دەکەن. وەكو ئاماژەیەكیش بۆ دژایەتی ئەمریكا لەگەڵ یاداشتەكە، ئەعرەبی وتویەتی: عێراق لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خۆی و وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری سیاسەت دەكات و، پەیڕەوی هاوسەنگی دەكات لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، بەردەوامە لەسەر سیاسەتی كرانەوەی دیپلۆماسی بەڕووی وڵاتانی دۆست و برا. بەپێی قسەی ئەعرەجی، لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سیاسەتی هاوسەنگی ئەمریكا لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیدا دەربڕیوەو هەوڵەكانی لە پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بەرزنرخاندووە. ستیڤن فاگن ئاشكرایكردووە، بەمزوانە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك دەبەسترێت بۆ هاندانی وڵاتان بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی خۆیان لە كەمپی (هول)ی سوریا بكێشنەوەو بەتەزاوەتی كۆتایی بەم دۆسیە بهێنرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، لە یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا پەیامێکى پیرۆزبایی ئاڕاستەى مەسعود بارزانى دەکات. محەمەد شەیاع سودانی لەو پەیامەیدا، کە ئەمڕۆ شەممە ناردویەتى پیرۆزبایی لەپارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەلێت: خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی سەرەکی لەگەڵ هێز و لایەنە نیشتیمانییەکان لە ڕەوت و لایەنە جیاوازەکان لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەشداریکردن لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێی دیموکراسی وەبیرهێنایەوە. لەبەشیکى دیکەى پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە گرنگی و بەردەوامی بدرێت بە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بۆ هەموو گەلی شەرەفمەندمان بەدەست هاتوون. ئەمرۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕدەبێت. پارتی لە پەیڕەوى ناوخۆیدا وەک پارتێکی دیموکراتی جەماوەری خۆى ناساندووە، کە بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان هەیە. لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا پارتی 14 کۆنگرەی ئەنجامداوە، لە نۆیەم کۆنگرەیدا لە ساڵی 1979، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا، دوایین کۆنگرەش رۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2022 لە دهۆک بەسترا، ئێستاش هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی برازای و مەسرور بارزانی، کوڕە گەورەکەی، جێگری سەرۆکن. لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسیی بەدەستهێنا، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش خاوەنی 31 کورسیی و جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنەکەیە و لە حکومەتەکەى سودانییشدا بە پۆستی وەزارەتەکانی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشدارە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت وەزارەتى دارایی بەغداد داوایکردووە تا دووشەممەى داهاتوو دەبێت 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێرین. کۆمپانیا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردو وەفدە تەکنیکییەکەی هەرێم وبەغدا دەربارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆدەبنەوە، بەپێی زانیارییەکانیش خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچە خۆران پەیوەستە بە هەناردەی نەوتەوە سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت: بەغداد دەیەوێت لەگەڵ هەناردەى نەوت رێکارەکانى ناردنى مووچە دەستپێبکات، ئەم هەفتەیەش شاندێکى وەزارەتى دارایی دەچێتەوە بۆ بەغدا. سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی جەختى لەسەر ئەوەکردەوە بۆ مانگى حەوت تواناى ناردنى 120 ملیار دینارمان نابێت. بەغدا جگە لە رادەستکردنی نەوت، داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەکات، تاوەکو مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. لەلایەکى دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، وابڕیارە ئەمڕۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردو وەفدە تەکنیکییەکەی هەرێم وبەغدا لەسەر ئاستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەربارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆببنەوە. بەرەو پێشچونێکی باش لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردەی نەوت هەیە، ئەو بڕگە ناکۆکەی کە ماوەتەوە لەبەر ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە دوری بۆری نەوتی هەناردە کردنەوەن بۆیە داوا دەکەن خەرجی گواستنەوەی نەوت بۆ بۆرییەکان سەرف بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، 120 ملیارەکە ئامادەیە، بەڵام ناینێرن و چاوەڕێ دەکەن نوێنەرانی کورد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسە بکەن و دڵنیایی وەربگرن، کە مووچەی مانگی شەش دەنێرن ئینجا داهاتەکەیان بۆ دەنێرن. ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕێی یەکشەممە و دووشەمە دەکەن لە بەغداوە ئاماژەیەکیان پێبدرێت، کە 120 ملیار دینارەکە بنێرین یان نا.
بە بەشدارى زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکار رێوڕەسمى چلەى ئیمام حسێن کۆتاییهات، موقتەدا سەدر داواى هەڵمەتى پاکردنەوەى هەردوو شارى نەجەف و کەربەلا دەکات. عەتەبەى عەباسى لە عێراق، رایگەیاند، 21 ملیۆن و 103 هەزار و 524 زیارەتکار بەشدارییان لە چلەى ئیمام حسێن کرد. پارێزگاری نەجەف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "کامێراکانی چاودێری لە پارێزگاکەدا هاتنی 17 ملیۆن سەردانکەریان بۆ نەجەف لە کاتی زیارەتی عەربەین تۆمارکردووە". موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى نیشتمانیی شیعى لە عێراق، داوا دەکات هەڵمەتێکى دوو رۆژە بۆ پاکردنەوەى هەردوو پارێزگاى نەجەف و کەربەلا بەهاوبەشى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت. لەلایەکى دیکەوە ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرای دەکات، لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، 3.8 ملیار پەرداخ ئاوی خواردنەوە و زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بێبەرامبەر بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە. ناوەندی نەجەف بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، راپۆرتێکی شۆکهێنەری لەبارەی ئەو ئاو و خۆراکانەوە بڵاوکردوەتەوە کە لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا دابەشکراوە، کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی ئامارە سەرتاییەکان لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو لە کەربەلا بەڕێوەچوو، 3.798.634.320 زیاتر لە سێ ملیار و 798 ملیۆن پەرداخ ئاوی خواردنەوە بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، هەر سەردانیکارێکی چلە رۆژانە لایەنی کەم 45 پەرداخ ئاویان بەرکەوتووە. هەر پەرداخێک ئاو بە 170 ملیلیتر و هەر شەش پەرداخێک ئاویش بە یەک لیتر خەمڵێنراوە. ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە تەنها ئاوی خواردنەوە بوون، جگە لەو بڕە زۆرەی ئاو کە بۆ ئامادەکردنی خۆراک و پاککردنەوە و پێداویستییەکان دیکەی رۆژانە بەکارهاتوون. ناوەندەکە راپۆرتێکی دیکەی لەسەر بڕی خۆراکی دابەشکراو بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، لە مەراسیمی چلەدا زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، کە هەر زیارەتکارێک بە تێکڕا رۆژی 5 ژەمە خۆراکی بەرکەوتووە، وەک ژەمی سەرەکی لە مەراسیمی چلەدا. ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەوە ژەمە سەرەکیی و دیارەکانە جگە لە هەزاران ژەمە خۆراکی دیکە کە لەلایەن خێرخوازان و لەسەر رێگا سەرەکییەکان بەسەر سەردانیکاران و زیارەتکاراندا دابەشکراوە.