هاوکات لەگەڵ ئەو بڕیارەی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) بۆ ڕێگریکردن لە دانانی ئەمیندارێک بۆ ئەو پارتە، ئۆزگور ئۆزێل لە بیست و یەکەمین کۆنگرەی نائاساییدا وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە. ئۆزێل لە هەزار و 323 دەنگ هەزار و 171 دەنگی کۆنگرەی جەهەپەی بەدەستهێناوە، 105 دەنگ پووچەڵ بووەوە. کورسییەک بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ تەرخانکرابوو، کە لە کۆنگرەکەدا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. هەریەک لە کەمال کلچدارئۆغڵو، ئاڵتان ئۆیمەن، حیکمەت چەتین و سەرۆکی پارتی پۆپۆلیستی سۆسیال دیموکرات، موراد قەرەیالچین، سەرۆکی پێشووی پارتەکەش لە کۆنگرەکەدا بەشدارییان کرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسان، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، جەهەپە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بە بەشداری هەزار و 323 ئەندام کۆنگرە بەست. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، بەرهان شیمشەک پەرلەمانتاری پێشوو و ئومیت ئویساڵ، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی مورادپاشا لە ئەنتاڵیا خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە بەربژێر کردبوو. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوی جەهەپە، لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کە لە 60 کەس پێکدێن لەگەڵ لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دیسپلین کە لە 15 کەس پێکدێن، پێشکێشی سەرۆکایەتیی دیوانی کۆنگرە کرد بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدان. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە لە 19ـی ئادارەوە لە گرتووخانەی سینجان لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەرە، ناوی لە لیستی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدایە. رۆژی 10ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەی تاوانی لە دژی جەهەپە تۆمارکرد و 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2023 کرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی نوێی جەهەپە هەڵبژێردرا، بە کۆنگرەیەکی گوماناوی ناساند. راشیگەیاند، بە بەرتیل و بەڵێنی پێدانی پۆست و هەڕەشەکردن، ئەندامانی کۆنگرەیان ناچارکردووە دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل بدەن. دەرکەوت، ئەندامە دەرکراوەکانی جەهەپە لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو سکاڵایان پێشکێش کردووە. رۆژی 12ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا بەڵگەکان دروستن، بەپێی یاسا کۆنگرەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل پوچەڵ دەبێت. لەمبارەیەوە رۆژی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 104 بەرپرسی شارەوانییەکانیش ناوەستێت، دەیەوێت قەییوم بەسەر جەهەپە دابنێت. بۆ رێگری لەم هەنگاوەی دەسەڵات، رۆژی 6ـی نیسانی 2025 کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە دەکەین. ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، وەک سەرۆکی جەهەپە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەمان پێیداوم، بەپشت بەستن بە بڕگەی شەشەمی مادەی 48، لە ماوەی 15 رۆژدا کۆنگرەیەکی نائاسایی رادەگەیێنم. داوام لە لیژنەی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەمان کرد هەرچی زووە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە بکات. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزراوە، کە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی کردووە. ئۆزگور ئۆزەل، سیاسەتڤانی تورک کێیە؟ - دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازییە لە زانکۆی ئیجە - 21ـی ئەیلوولی 1974 لە پارێزگای مانیسا-ی تورکیا لە دایکبووە - 2007 بە سەرۆکی یەکێتیی دەرمانسازانی تورکیا هەڵبژێردرا - 2008 بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی دەرمانسازانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژێردرا - پێنج خول پەرلەمانتاری جەهەپە-یە - سێ خول بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوو - 2015 بووە ئەندامی سەرکردایەتی جەهەپە - 5ـی تشرینی دووەمی 2023 لە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا - 6ـی نیسانی 2025 لە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە - لە سەردەمی ئۆزگور ئۆزەل دوای 48 ساڵ جەهەپە بووە یەکەمین پارتی تورکیا لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024 - خێزاندارە باوکی کچێکە بەناوی ئیپەک. - زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت.
ژمارەی کۆگاکانی چەکی کیمیایی زۆر زیاترن لەوەی پێشبینیکرابوو. وەک لە راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزدا هاتووە تائێستا زیاتر لە 100 کۆگا هەن کە گومان دەکرێت چەکی کیمیایی سەردەمی بەشار ئەسەدیان تێدا مابێتەوە. وەک لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکیدا هاتووە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ژمارەی ئەو کۆگا و جێگایانەی چەکی کیمیاییان تێدا هەڵگیراوە زیاترە لەوەی پێشتر مەزەندە کرابوو. کۆگای چەکە کیماییەکان بۆ سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، لەسەردەمی ناوبراودا لەژێر ناوی ناوەندی توێژینەوەی سەربازیی، چەکی کیمیایی دروستکراوە. بەپێی راپۆرتەکە چەکە کیمیاییەکان، سارین، گازی کلۆری بکوژ لەخۆدەگرێت، لەسەردەمی حوکمڕانی خۆیدا، بەشار ئەسەد دژی نەیارەکانی و هاوڵاتی سڤیلی سوریا بەکاریهێناوە. دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، حوکمی کەوتووەتە دەست دەستەی تەحریر شام، کە لە لیستی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکاندایە، بۆیە وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکان ترسیان لەوە هەیە ئەو چەکە کیمیاییانە بکەوێتە دەست دەستەی تەحریر شام و بەکاری بهێنێت دژی نەیارەکانی بەتایبەت کەمینەکان. هەرچەندە حکومەتەکەی تەحریر شام رایگەیاندووە کە پاشماوەی چەکە کیمیاییەکان لەناو دەبات ئەویش دوای سەردانی، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، بەڵام رێکخراوەکان بەگومانن. شەیبانی لە مانگی ئازاردا سەردانی بارەگای چاودێری چەکی کیمیایی جیهانی لە لاهای کرد و رایگەیاند، "حکومەتی سوریا هەموو پاشماوەی چەکە کیمیاییەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد لەناو دەبات و پابەند دەبن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان".
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان دەڵێت، کارکردن لەسەر رێگای رانیە-خەلەکان وەستاوە، دەستپێکردنەوەی کارکردنیش لەسەر رێگاکە بەندە بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و پێناچێت بەمزووانە کارکردن دەستپێبکاتەوە. کامەران عەبدوڵا وتیشی، لەئێستادا کۆمپانیای گەردین کاری چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگایەی وەرگرتووە و پێویستە لەگەڵ کۆمپانیای پێشتردا دەستاودەستی کارەکانیان بکەن و دواتر دەست بە نۆژەنکردنەوەی رێگاکە بکرێت. بەڕێوەبەری کۆمپانیای سروشتی هیران کرد، ڕاگەیاند تائێستا هیچ دەستاودەستێکی کارەکانیان نەکردووە و چاوەرێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن. ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە رێگای رانیە-خەلەکان خراپ بووە و هاووڵاتیانی سنوورەکەش جەندینجار نارەزایی و خۆپیشاندنانیان کردووە، لە دوایین نارەزایەتیدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە رێگاکەیان داخست و پاشان بە بەڵێنی حکومەت بۆ چاککردنی، رێگاکەیان کردەوە.
سوپای داگیرکەری تورکیا ١٣جار بە فڕۆکەی جەنگی و بە گشتی ٦٩٣جار بە چەکی قورس، تۆپ و دوورهاوێژ هێرشی ئەنجامداوە. هێزەکانی گەریلا وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا کەمێرایەکی چاودێری تێکشکا. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەم شێوەیەیە: هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی: لە ڕۆژانی ٣، ٤، ٥، ٦ی نیسان ٨جار ناوچەکانی درێشە، یەکماڵە و شاخ کۆن لە گارێ و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سنینە لە خاکورک ١ جار و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازە و دەرگەلێ و بێشیلی لە هەرێمی مەتینا ٤جار بە گشتی ١٣جار تۆپباران کران. هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بە چەکی قورس و تۆپ و هویترز لە ڕۆژانی ٤و ٥ ی نیسان گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرزینێ، شەهید شەریف، لۆلان و سنینە لە هەرێمی خاکورک ٤٤جار تۆپباران کران و گۆڕەپانەکانی مژێ، گرگاشە، دێرەشە و شاخی کۆن و شاخی زەنگوڵ ٤٦جار تۆپباران کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازە، سەرێ مەتینا و دەرگەلێ لەهەرێمی مەتینا ٩٠جار تۆپباران کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامیدی و شاخی بەهار کە دەکەوێتە هەرێـمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ ٥١٣ جار بە گشتی ٦٩٣جار بە چەکی قورس و تۆپ و دوور هاوێژ بۆردومان کران. چالاکییەکانی هێزەکانمان لە وەڵامی هێرشەکان: ڕۆژی ٤ی نیسان کامێرایەکی چاودێری داگیرکەران لە ناوچەی بەرخۆدانی کانی قەرژ لە هەرێمی خاکورک تێکشکێندرا ڕۆژی ٤ ی نیسان کاتژمێر ٠٧:٠٠داگیرکەران هێرشیان کردە سەر تونێلەکانی بەرخۆدان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی وڵام درانەوە. ڕۆژی ٤ی نیسان کاتژمێر ١٣:٠٠ داگیرکەران بەهەمان شێوە هێرشیان دەکردە سەر تونێلەکانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی وڵامی هێرشەکە درایەوە."
جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەپیکور لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆ دەبنەوە. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، ئەمرۆ یەکشەممە، 06-04-2025، ڕاگەیاند "ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆ دەبنەوە." سەباح سوبحی وتیشی: "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، نوێنەری ئەپیکوریش بەشدار دەبێت، چونکە ئەوان لە تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت ناڕازین. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ بەشداریی بکات." بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز "نیازی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە ئەو شاندانەی بۆ دانوستان دەیانێرێت دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە." ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات." ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن. کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق."
پارتی و لایەنە سوننەکان هەوڵدەدەن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن و ئەو بڕیارانەی پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەوە لەبارەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان دراون، هەڵبوەشێننەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجوومەنەکە ئەم هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پارتی و نەینەوا (لیئەهیلها)، کە لە 16 ئەندام پێکدێن، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن. بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، ئەوان واژۆ کۆدەکەنەوە بۆئەوەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن بکرێت و بڕیار لەبارەی "راستکردنەوە"ـی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بدات سەبارەت بە دیاریکردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان. دووبەردانی پێیوایە، دەبێت هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان "رێڕەوی دروست"ی خۆیان وەربگرن، وەکو کردنەوەی دەرگای پاڵاوتن، پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەن بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان و وردبینی لە بڕوانامەکان، دەستپاکی و لێپرسینەوەی دادپەروەرانە، ئەزموونی کارکردن، پاشان پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێری گونجاو رەوانەی ئەنجوومەن بکات بۆئەوەی یەکێکیان پەسند بکرێت، "بەڵام هیچ کام لەمانە لە کاتی بڕیارەکەی ئەنجوومەندا نەکران و ئەمانە دیاریکراون نەک هەڵبژێردراو." محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا راگەیاند، ئەوان ئاگاداری هەوڵێکی لەو شێوەیەن. بڕیار بوو ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ سەردانی بەغدا بکات و لایەنی بەرامبەر هەوڵیانداوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەن سەردانی بەغدای نەکردووە و لە ئەنجوومەنە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە حیزبەکەی لە گۆڕانکارییەکان سێ پۆستیان بەرکەوتووە (قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ)، ئەو هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت و دەڵێت: "ئەمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە، کە بڕیاری پێویستی لە بارەوە داوە".
كۆما جڤاكێن كوردستان (كهجهكه) ڕایدهگهیهنێت، "تا هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەریان بەردەوامبن، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندەوە نابەستن"، هۆشداریشدهداتو دهڵێت:"ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا بوەستن". مستەفا قهرهسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بتوانێت کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت، پێویستە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەریان ڕابگرێتو خودی عەبدوڵڵا ئۆجهلانیش کۆنگرەکە بەڕێوە ببات. قهرهسو بەپێویستى زانیوه، "دەسەڵات قسەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەکە بەجێبگەیەنێتو پەرلەمان پرۆسەکە بخاتە نێو چوارچێوەی یاسایی، چونكه ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا بوەستن". ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنج مانگ لەمەوبەر، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) داوای لەعەبدوڵڵا ئۆجهلان کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوهبوو، لە 27ی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازی کرد پەکەکە چەک دابنێتو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ماڵپەڕی خەبەرتورک لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندوە، چاوەڕێدەکرێت لەمانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەک دانان بەڕێوەبچێت، بەرلەوەش وهفدى ئیمراڵیی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند ڕۆژی ئاییندەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار تورکیا ڕێکەوتێک بۆ دەم پارتی دیاریدەکات.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد سەبارەت بە كاریگەرییە ئابوری و بازرگانییەكانی بڕیاری ئەمەریكا سەبارەت بە زیادكردنی باجی گومركی، بڕیاریدا چوار هەنگاو بگرێتەبەر. بەپێی هەواڵێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، باس لەو رێوشوێنانە كراوە كە ئەمەریكا بۆ باج خستنەسەر كاڵای وڵاتان پەیڕەوی دەكات، كاریگەرییەكانی لەسەر ئابوری جیهان و عێراق تاوتوێ كراوە. هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سودانی "داتاكانی وەزارەتی بازرگانی خراوەتەڕوو، كە رێژەی بەرزكردنەوەی باجی گومركی ئەمەریكا لەسەر كەلوپەلی عێراق ئاشكرادەكات، كە لەسەر بنەمای جیاوازی هاوسەنگی بازرگانی نێوان دوو وڵات دیاریكراوە، نەك بەهۆی باجی گومركی عێراق لەسەر كەلوپەلی ئەمەریكی". "لەرێگەی داتاكانەوە دەركەوتووە زۆربەی هاوردەی عێراق لە كەلوپەلی ئەمەریكی لەرێگەی بازاڕی وڵاتانی دیكەوەیە، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتەی بەشێك لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بەرامبەر عێراق دەیگرنەبەر، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داتایانە و بۆ گرەنتیكردنی رێرەوی گەشەی ئابوری عێراق، سەرۆك وەزیران فەرمانیدا بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كە لەبەرژەوەندی ئابوری عێراق بێت". نوسینگەكەی سودانی وا دەڵێت. یەكەم: كاركردن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، لەرێگەی كردنەوەی دەروازە بۆ دابەشكەران و كۆمپانیا بازرگانییەكانی ئەمەریكا، چالاككردنی بریكارە بازرگانییەكانی عێراق، مامەڵەی ڕاستەوخۆی كەرتە هاوشێوەكان لەگەڵ ئەمەریكا. دووەم: كاركردن بۆ گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانكییەكان لەنێوان كەرتە بانكیی و ئابورییەكانی عێراق و ئەمەریكا، كە بەشێوەیەك بێت بەرژەوەندی ئابوری هەردوولا بپارێزێت. سێیەم: ئاراستەكردنی تیمی دانوستانكار لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بنەماكانی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا، بە ئامانجی باشتركردنی. چوارەم: وەزارەتەكانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و لایەنی پەیوەندیدار ئەركدار دەكرێن بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بە ئامانجی گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی، چاودێریكردنی بازاڕی ئابوری و بەرزكردنەوەی راپۆرتی هەفتانە. نیوەشەوی چوارشەممە (2ـی نیسانی 2025)، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بەرزكردنەوەی پێناسی گومرگی و باجی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان راگەیاند و رۆژەكەی ناوناو رۆژی رزگاریی و ئازادبوونی ئابوری و بازرگانی ئەمەریكا و زۆرترین پێناسی گومرگی و باجی خستە سەر كاڵا و شمەكی وڵاتانی دەرەوە. بەپێی بڕیارە نوێیەكەی ئەمەریكا، پێناسی گومرگی و رێژەی باجی 39% دەسەپێنێت سەر كاڵای هەناردەكراوی عێراق بۆ ئەمەریكا، ئەوەش دوەم بەرزترین رێژەیە لەناو وڵاتانی عەرەبی و كەنداودا كە دوای سوریا دێت، كە رێژەی پێناسی گومرگی سەر كاڵای سوریی بە رێژەی 41% دیاری كرد، كەمترین رێژەش كە بۆ وڵاتانی جیهان دیاریكراوە رێژەی 10% دانراوە، كە توركیا و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە. لەكاتی راگەیاندنی بڕیارەكەیدا كە لە باخچەی كۆشكی سپی بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژوییە، رۆژی رزگاریی ئابوریی ئەمەریكایە، پێناسی گومرگی دەسەپێنین بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە گومرگ لەسەر كاڵاكانی ئێمە دادەنێن. بەپێی بڕیارەكە كەمترین پێناسی گومرگی سەپێنراو بەسەر كاڵاكاندا 10% دەگرێتەوە، بۆ سەر كاڵای چین بە رێژەی 34% و 20% بۆ سەر وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهانیش بە رێژە و بڕی جیاواز. كۆشكی سپی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، سەپاندنی پێناسی گومرگی بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆنای یەكەم رۆژی 5ـی نیسان و قۆناغی دووەم لە 9ـی نیسانی 2025 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەزاران خۆپیشاندەر لە واشنتن و شارەکانی دیکەی ئەمریکا رژانە سەر شەقامەکان وەک گەورەترین رۆژی ناڕەزایەتی دژی دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانە دەوڵەمەندەکەی، ئیلۆن مەسک. ئەم ناڕەزایەتیانە بەهۆی هەوڵە خێراکانی ترەمپ و مەسک بۆ داڕشتنەوەی حکومەت و زیادکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بووە. زیاتر لە 20 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەی واشنتۆن کرد و هەندێکیان ئاڵای ئۆکراین و فەڵەستینیان لەبەردا بوو. لە هەمانکاتدا هەزاران کەس لە شارەکانی دیکەش خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارە ئابوورییەکان و بەتایبەت بڕینی بودجەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی. خۆپێشاندەران هەروەها دەڵێن، ئیلۆن مەسک زیاتر لە 200 هەزار هەلی کاری حکومی لەناوبردووە و رێکخراوەکانی وەک ئاسایشی کۆمەڵایەتی کردووەتە ئامانج.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە ئەنقەرە دەکات و سێ کەس بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە بەربژێرن. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، لە هۆڵی رۆشنبیری نازم حیکمەت لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، جەهەپە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بە بەشداری هەزار و 323 ئەندام کۆنگرە بکات. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، بەرهان شیمشەک پەرلەمانتاری پێشوو و ئومیت ئویساڵ، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی مورادپاشا لە ئەنتاڵیا خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە بەربژێر کردووە. ناوەندی راگەیاندنی جەهەپە بڵاویکردەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، بە فەرمی هەریەک لە ئاڵتان ئۆیمەن، حیکمەت چەتین، موراد کارایاڵچن و کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکانی پێشووی جەهەپەی بانگهێشتی کۆنگرەکە کردووە. رۆژی 10ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەی تاوانی لە دژی جەهەپە تۆمارکرد و 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2023 کرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی نوێی جەهەپە هەڵبژێردرا، بە کۆنگرەیەکی گوماناوی ناساند. راشیگەیاند، بە بەرتیل و بەڵێنی پێدانی پۆست و هەڕەشەکردن، ئەندامانی کۆنگرەیان ناچارکردووە دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل بدەن. دەرکەوت، ئەندامە دەرکراوەکانی جەهەپە لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو سکاڵایان پێشکێش کردووە. رۆژی 12ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا بەڵگەکان دروستن، بەپێی یاسا کۆنگرەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل پوچەڵ دەبێت. لەمبارەیەوە رۆژی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 104 بەرپرسی شارەوانییەکانیش ناوەستێت، دەیەوێت قەییوم بەسەر جەهەپە دابنێت. بۆ رێگریکردن لەم هەنگاوەی دەسەڵات، رۆژی 6ـی نیسانی 2025 کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە ئەنجام دەدەین. ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، وەک سەرۆکی جەهەپە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەمان پێیداوم، بەپشت بەستن بە بڕگەی شەشەمی مادەی 48، لە ماوەی 15 رۆژدا کۆنگرەیەکی نائاسایی رادەگەیێنم. داوام لە لیژنەی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەمان کرد هەرچی زووە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە بکات. دوای قسەکانی ئۆزگور ئۆزەل، لیژنەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا نووسراوێکی فەرمیی بۆ سەرجەم رێکخستنەکانی پارتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆ لە بڕگەی شەشەمی مادەی 48 بە سەرۆکی جەهەپەی داوە، بڕیاردرا رۆژی 6ـی نیسانی 2025 پارتەکەمان 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجام بدات. بەپێی نووسراوەکە، کۆبوونەوەی یەکەم بەیانی لە هۆڵی نازم حیکمەت لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. ئەگەر زۆرینە بەدی نەکرا، کۆبوونەوەی دووەم دەکرێت. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا کە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
سەرەڕای هەڕەشەکان و پەرەسەندنی قسە و باسەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئێران پابەندبوونی بە دانوستان دووپاتکردەوە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕوونی کردەوە کە وەڵامی تاران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا یەکدەگرێتەوە و دەرفەتی گفتگۆو کارى دیپلۆماسی پاراستووە. ناوبراو پێی وابوو کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە پابەندی هەڵوێستی دژبەیەک بێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکات، هیچ سوودێکی نییە. هەروەها لەبەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڵگرتنی سزاکان، لەسەر بنەمای لۆژیکی دروستکردنی متمانە. ئێوارەی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە فرۆكە سەرۆكایەتییەكەیەوە، كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێكرد ئایا بە پێشنیازی ئێران بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ ڕازی دەبێت، وەڵامی دایەوە و وتی "باشترە گفتوگۆە ڕاستەوخۆ بەڕێوەبچێت، دەزانم بەرپرسانی ئێران خواستی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان هەیە، بەڵام دوودڵن و هەست بە لاوازی دەكەن، من نامەوێت لەو دۆخەدا بیانبینم". وتەكانی ترەمپ لەكاتێكدایە، ئێران ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام ڕەتیدەكاتەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەژێر فشاردا ئەنجام بدات.
بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی خۆیدا، تاوتوێی نرخی كارەبای 24 سەعاتی بكات، كە بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە لەئێستادا، ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو هاوڵاتیاندا دروست كردوە. میدیای پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەش، تاوتوێکردنی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی دەبێت. ئەوەش خراوەتەڕو، تیمێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی ئامادە کردوە و لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیارەکە دەکرێت. بەڵام ئاماژەی بە نرخە پێشنیاركراوەكان نەكردوە. عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 1ی 4ی 2025، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بڕیارە لەم مانگەدا بەفەرمی نرخی نوێ بۆ كارەبای 24 سەعاتی دیاری بکرێت. ئەو وتیشی، تائێستا دو جار نرخی کارەبای 24 سەعاتی دانراوە. هەردوکیان کاریان پێکراوە، بەڵام بەفەرمی ئیعلان نەکراون. ئەوشەی خستۆتەڕو، نرخی یەكەم زۆر زۆر گرانبو، دوەمیش هەر زۆر گرانبو، بەجۆرێک لە 750 کیلۆوات بۆ سەرەوە نرخەكەی دەچوە 166 دینار بۆ هەر کیلۆواتێك و بەوەش ماڵێکی زۆر ئاسایی نزیکەی 150 بۆ 200 هەزارو سەروتر دەهاتەوە. عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشدا، هەردو نرخەکەمان ڕەتکردنەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لەماوەى دوو ساڵدا 100 زیندانی پەککەوتوو لە گرتوخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. تولای حاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ڕایگەیاند، بەگوێرەى یاساکان پێوستە ئەو زیندانیانەی پەککەوتوون رەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە، بەڵام حکومەت هیچ رێکارێکی لەو بارەیەوە نییە. ئەو دەڵێت، مانەوەی پەککەوتووەکان لە گرتووخانە پرسێکی جدییە و هاوکات پرسێکی ویژدانی و ئەخلاقییە، ئازادنەکردنی زیندانە پەککەوتووەکان شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتی ئاک پارتی. لە درێژەى هەواڵەکەدا هاتووە هاوسەرۆکی دەم پارتی بەدەر لەوەى داوای کردووە زیندانییە پەککەوتووەکان لە گرتووخانەکاندا ئازاد بکرێن، داواشی کردووە تەواوی زیندانییە سیاسییەکانیش ئازاد بکرێن. لەوەڵامى ئەو قسانەدا وەزیری دادى تورکیا لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، "هیچ کەمتەرخەمییەک" سەبارەت بە دەستگیرکراوانی نەخۆش نەبووە.
لە مانگی ئاداردا خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە هەرێمى کوردستان بە رێژەی (78٪) کەمیکردووە و تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، ئەوەش بەپێی تۆڕی هاوپەیمانی 19. تۆڕەکە کە چاودێری مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگی ئاداردا، ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، وەک مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، نەبوو. گردبوونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر نەدانی مووچە بە رێژەی ٩١٪ کەمیکردووە و هیچ گردبوونەوەیەک لەگەڵ یان دژی پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجام نەدراوە. دیارترین خۆپیشاندان لە سلێمانی بۆ مافی ژنان رێکخراوە و لە هەولێر دوو چالاک دەستگیر کراون. تۆڕەکە جەختدەکاتەوە، بەپێی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ، پێویستە هەموو کەس بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت لە بیروڕای خۆیان بکەن و رێز لە مافی ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی رادەربڕین بگیرێت. ئەمەش نیشاندەری ئاستی پابەندبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە بە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی. بەپێی ئامارەکانى تۆڕەکە، مانگی ئادار کە بە مانگی بۆنەکان لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، وەک یادی راپەڕین، رۆژی جیهانیی ژنان، جەژنی نەورۆز، تێیدا (١٢) گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دراون. ناڕەزاییەکان بەراورد بە مانگی شوبات کە (٥٤) چالاکی بوون، بە رێژەی (٧٨٪) کەمیان کردووە. بەپێی بەدواداچوونی تۆڕەکە، لە شارەکانی هەڵەبجە و دهۆک هیچ چالاکییەکی ناڕەزایی رێکخراو تۆمار نەکراوە. هەر (١٢) چالاکییەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بوون؛ (٧) چالاکی لە سلێمانی و (٥) چالاکی لە هەولێر بوون. داخوازییەکان بەم شێوەیە بوون: (٤) بۆ مافەکانی ژنان، (٣) بۆ خزمەتگوزاری، (٢) بۆ مووچە. ئەو (٣) چالاکییەی دیکە دژ بە سیستمی تەندروستی، بۆ مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت، و ئازادیی رۆژنامەگەری بوون. بەپێچەوانەی مانگی رابردوو (شوبات) کە زۆرینەی چالاکیی و ناڕەزاییەکان بۆ مووچە رێکخرابوون و ژمارەیان (٢٢) چالاکی بوو، ئەم مانگە (ئادار) تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، بەمەش ناڕەزاییەکان لەسەر مووچە بە رێژەی (٩١٪) کەمیان کردووە. هیچ گردبوونەوەیەک (لەگەڵ) یان (دژ) بە پرسی بەبانکیکردن ( هەژماری من) ئەنجام نەدراوە. ئاماری نارهزایهتیبه_کانی ناره_زايه زايه تييه کانی 2025 نارهزایهتی بو موچه (%91) کهمی كردووه Alliance 19 هاویه_یمانی ئازار 2 نارهزایی %9 %91 شوبات 22 نارهزایی تؤورى هاوپهیمانی هاويه يمانى 19" گەورەترین و فراوانترین خۆپیشاندانی مانگی ئادار لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، کە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنانەوە رێکخرا بوو. بەشداربووان لە سەرەتای شەقامی سالم (باخی گشتی) تا (سەهۆڵەکە) بە رێپێوان دروشمیان بۆ یەکسانی بەرز کردبووەوە و هوتافیان دهگوتهوه، بەبێ روودانی هیچ بەرکەوتنێک لە نێوان بەشداربووان و هێزی ئەمنی. ئێوارەی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥، ئاسایشی هەولێر چالاکوان (هاوڕێ عەبدوڵا سابیر) ناسراو بە (هاوڕێ کوردی) و پاشان (زیوەر محەمەد) ناسراو بە (زیوەر گەردی) لە گەڕەکی نەورۆز دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی رەسمی روونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنیان بدات. تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، بەدواداچوونی بۆ کەیسی دەستگیرکراوان کرد. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕەکە، "تۆمەتەکەیان پەیوەندیی بە بانگهێشتکردنی هاونیشتیمانیانەوە بووە لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کە ساڵانە لە ٢٠ی ئازار لە چیای قەندیل رێکدەخرێت". هاوڕێ کوردی، وێنەی بانگهێشتنامەی "کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزی قەندیل"ی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردبووەوە و لەسەری نووسیبووی: "خۆشەویستانم لە شاری هەولێر". تێیدا دەڵێت: "بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئۆتۆمبێلی گواستنەوە (پاس) دابین کراوە بە خۆڕایی، هەر کەسێک دەیەوێت بەشدار بێت لە ئاهەنگی نەورۆز دەتوانێت پەیوەندیم پێوە بکات."
دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، ڕایگەیاند نرخی کارەبا بە ڕێژەی ٢٥% بەرز دەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی وزە، بڕیارەکە لەئەمرۆ شەممە پێنجى نیسانەوە کاری پێدەکرێت. هاوکات نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٤.٢ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا، دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (ئیپدک) ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، نرخی کارەبا بەرز دەبێتەوە. ڕێژە نوێیەکان بەم شێوەیەن: زیادبوونی 25% بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون، زیادبوونی 15% بۆ خزمەتگوزارییە گشتی و تایبەتەکان، بەرزبوونەوەی 10% بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی، هەروەها زیادبوونی 12.4% بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان. لە ئەنجامی ئەو زیادبوونەدا، بەشداربوویەکی نیشتەجێبوون کە 100 کیلۆوات کاتژمێر کارەبا بەکاردەهێنێت ئێستا 259.04 ₺ (6.74 دۆلار) دەدات. جگە لە کارەبا نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون وەک خۆی ماوەتەوە جگە لەوەش نرخی غازی سروشتیش بەرزبووەتەوە، بەکارهێنەرانی پیشەسازیش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێکڕای 20% بوونەتەوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی نرخی غازیان بەخۆوە بینیوە. هاوکات بۆ بەکارهێنەرانی غازی سروشتی نیشتەجێبوون، باجەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، هیچ دەستکارییەکی نرخ لەلایەن کۆمپانیای بۆری نەوت (BOTAS) بۆ کۆمپانیاکانی دابەشکردن لە مانگی نیساندا جێبەجێ نەکراوە. نرخی غازی سروشتی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت لە نرخی غازی سروشتی ₺5.631 (149 دۆلار) بۆ هەر 1000 مەتر سێجایەک. بەڵام کۆمپانیای BOTAS هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی غازی بە جوملەی ڕاگەیاند، بەکارهێنەرانی پیشەسازی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی 20% و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
