سەرەڕای هەڕەشەکان و پەرەسەندنی قسە و باسەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئێران پابەندبوونی بە دانوستان دووپاتکردەوە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕوونی کردەوە کە وەڵامی تاران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا یەکدەگرێتەوە و دەرفەتی گفتگۆو کارى دیپلۆماسی پاراستووە. ناوبراو پێی وابوو کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە پابەندی هەڵوێستی دژبەیەک بێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکات، هیچ سوودێکی نییە. هەروەها لەبەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڵگرتنی سزاکان، لەسەر بنەمای لۆژیکی دروستکردنی متمانە. ئێوارەی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە فرۆكە سەرۆكایەتییەكەیەوە، كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێكرد ئایا بە پێشنیازی ئێران بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ ڕازی دەبێت، وەڵامی دایەوە و وتی "باشترە گفتوگۆە ڕاستەوخۆ بەڕێوەبچێت، دەزانم بەرپرسانی ئێران خواستی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان هەیە، بەڵام دوودڵن و هەست بە لاوازی دەكەن، من نامەوێت لەو دۆخەدا بیانبینم". وتەكانی ترەمپ لەكاتێكدایە، ئێران ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام ڕەتیدەكاتەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەژێر فشاردا ئەنجام بدات.

  بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی خۆیدا، تاوتوێی نرخی كارەبای 24 سەعاتی بكات، كە بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە لەئێستادا، ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو هاوڵاتیاندا دروست كردوە. میدیای پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەش، تاوتوێکردنی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی دەبێت. ئەوەش خراوەتەڕو، تیمێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی ئامادە کردوە و لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیارەکە دەکرێت. بەڵام ئاماژەی بە نرخە پێشنیاركراوەكان نەكردوە. عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 1ی 4ی 2025، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بڕیارە لەم مانگەدا بەفەرمی نرخی نوێ بۆ كارەبای 24 سەعاتی دیاری بکرێت. ئەو وتیشی، تائێستا دو جار نرخی کارەبای 24 سەعاتی دانراوە. هەردوکیان کاریان پێکراوە، بەڵام بەفەرمی ئیعلان نەکراون. ئەوشەی خستۆتەڕو، نرخی یەكەم زۆر زۆر گرانبو، دوەمیش هەر زۆر گرانبو، بەجۆرێک لە 750 کیلۆوات بۆ سەرەوە نرخەكەی دەچوە 166 دینار بۆ هەر کیلۆواتێك و بەوەش ماڵێکی زۆر ئاسایی نزیکەی 150 بۆ 200 هەزارو سەروتر دەهاتەوە. عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشدا، هەردو نرخەکەمان ڕەتکردنەوە.

  هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لەماوەى دوو ساڵدا  100 زیندانی پەککەوتوو لە گرتوخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. تولای حاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ڕایگەیاند، بەگوێرەى یاساکان پێوستە ئەو زیندانیانەی پەککەوتوون رەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە، بەڵام حکومەت هیچ رێکارێکی لەو بارەیەوە نییە. ئەو دەڵێت، مانەوەی پەککەوتووەکان لە گرتووخانە پرسێکی جدییە و هاوکات پرسێکی ویژدانی و ئەخلاقییە، ئازادنەکردنی زیندانە پەککەوتووەکان شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتی ئاک پارتی. لە درێژەى هەواڵەکەدا هاتووە هاوسەرۆکی دەم پارتی بەدەر لەوەى داوای کردووە زیندانییە پەککەوتووەکان لە گرتووخانەکاندا ئازاد بکرێن، داواشی کردووە تەواوی زیندانییە سیاسییەکانیش ئازاد بکرێن. لەوەڵامى ئەو قسانەدا وەزیری دادى تورکیا لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، "هیچ کەمتەرخەمییەک" سەبارەت بە دەستگیرکراوانی نەخۆش نەبووە.

لە مانگی ئاداردا خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە هەرێمى کوردستان بە رێژەی (78٪) کەمیکردووە و تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، ئەوەش بەپێی  تۆڕی هاوپەیمانی 19. تۆڕەکە کە چاودێری مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگی ئاداردا، ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، وەک مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، نەبوو. گردبوونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر نەدانی مووچە بە رێژەی ٩١٪ کەمیکردووە و هیچ گردبوونەوەیەک لەگەڵ یان دژی پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجام نەدراوە. دیارترین خۆپیشاندان لە سلێمانی بۆ مافی ژنان رێکخراوە و لە هەولێر دوو چالاک دەستگیر کراون. تۆڕەکە جەختدەکاتەوە، بەپێی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ، پێویستە هەموو کەس بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت لە بیروڕای خۆیان بکەن و رێز لە مافی ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی رادەربڕین بگیرێت. ئەمەش نیشاندەری ئاستی پابەندبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە بە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی. بەپێی ئامارەکانى تۆڕەکە، مانگی ئادار کە بە مانگی بۆنەکان لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، وەک یادی راپەڕین، رۆژی جیهانیی ژنان، جەژنی نەورۆز، تێیدا (١٢) گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دراون. ناڕەزاییەکان بەراورد بە مانگی شوبات کە (٥٤) چالاکی بوون، بە رێژەی (٧٨٪) کەمیان کردووە. بەپێی بەدواداچوونی تۆڕەکە، لە شارەکانی هەڵەبجە و دهۆک هیچ چالاکییەکی ناڕەزایی رێکخراو تۆمار نەکراوە. هەر (١٢) چالاکییەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بوون؛ (٧) چالاکی لە سلێمانی و (٥) چالاکی لە هەولێر بوون. داخوازییەکان بەم شێوەیە بوون: (٤) بۆ مافەکانی ژنان، (٣) بۆ خزمەتگوزاری، (٢) بۆ مووچە. ئەو (٣) چالاکییەی دیکە دژ بە سیستمی تەندروستی، بۆ مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت، و ئازادیی رۆژنامەگەری بوون. بەپێچەوانەی مانگی رابردوو (شوبات) کە زۆرینەی چالاکیی و ناڕەزاییەکان بۆ مووچە رێکخرابوون و ژمارەیان (٢٢) چالاکی بوو، ئەم مانگە (ئادار) تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، بەمەش ناڕەزاییەکان لەسەر مووچە بە رێژەی (٩١٪) کەمیان کردووە. هیچ گردبوونەوەیەک (لەگەڵ) یان (دژ) بە پرسی بەبانکیکردن ( هەژماری من) ئەنجام نەدراوە. ‎ئاماری نارهزایه‌تیبه_کانی ناره_زايه زايه تييه کانی 2025 نارهزایه‌تی بو موچه (%91) کهمی كردووه Alliance 19 هاویه_یمانی ئازار 2 نارهزایی %9 %91 شوبات 22 نارهزایی تؤورى هاوپهیمانی هاويه يمانى 19‎"‎ گەورەترین و فراوانترین خۆپیشاندانی مانگی ئادار لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، کە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنانەوە رێکخرا بوو. بەشداربووان لە سەرەتای شەقامی سالم (باخی گشتی) تا (سەهۆڵەکە) بە رێپێوان دروشمیان بۆ یەکسانی بەرز کردبووەوە و هوتافیان ده‌گوته‌وه‌، بەبێ روودانی هیچ بەرکەوتنێک لە نێوان بەشداربووان و هێزی ئەمنی. ئێوارەی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥، ئاسایشی هەولێر چالاکوان (هاوڕێ عەبدوڵا سابیر) ناسراو بە (هاوڕێ کوردی) و پاشان (زیوەر محەمەد) ناسراو بە (زیوەر گەردی) لە گەڕەکی نەورۆز دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی رەسمی روونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنیان بدات. تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، بەدواداچوونی بۆ کەیسی دەستگیرکراوان کرد. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕەکە، "تۆمەتەکەیان پەیوەندیی بە بانگهێشتکردنی هاونیشتیمانیانەوە بووە لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کە ساڵانە لە ٢٠ی ئازار لە چیای قەندیل رێکدەخرێت". هاوڕێ کوردی، وێنەی بانگهێشتنامەی "کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزی قەندیل"ی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردبووەوە و لەسەری نووسیبووی: "خۆشەویستانم لە شاری هەولێر". تێیدا دەڵێت: "بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئۆتۆمبێلی گواستنەوە (پاس) دابین کراوە بە خۆڕایی، هەر کەسێک دەیەوێت بەشدار بێت لە ئاهەنگی نەورۆز دەتوانێت پەیوەندیم پێوە بکات."

  دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، ڕایگەیاند نرخی کارەبا بە ڕێژەی ٢٥% بەرز دەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی وزە، بڕیارەکە لەئەمرۆ شەممە پێنجى  نیسانەوە کاری پێدەکرێت. هاوکات نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٤.٢ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.  لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا، دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (ئیپدک) ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، نرخی کارەبا بەرز دەبێتەوە.  ڕێژە نوێیەکان بەم شێوەیەن: زیادبوونی 25% بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون، زیادبوونی 15% بۆ خزمەتگوزارییە گشتی و تایبەتەکان، بەرزبوونەوەی 10% بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی، هەروەها زیادبوونی 12.4% بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان. لە ئەنجامی ئەو زیادبوونەدا، بەشداربوویەکی نیشتەجێبوون کە 100 کیلۆوات کاتژمێر کارەبا بەکاردەهێنێت ئێستا 259.04 ₺ (6.74 دۆلار) دەدات. جگە لە کارەبا نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون وەک خۆی ماوەتەوە جگە لەوەش نرخی غازی سروشتیش بەرزبووەتەوە، بەکارهێنەرانی پیشەسازیش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێکڕای 20% بوونەتەوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی نرخی غازیان بەخۆوە بینیوە. هاوکات بۆ بەکارهێنەرانی غازی سروشتی نیشتەجێبوون، باجەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، هیچ دەستکارییەکی نرخ لەلایەن کۆمپانیای بۆری نەوت (BOTAS) بۆ کۆمپانیاکانی دابەشکردن لە مانگی نیساندا جێبەجێ نەکراوە. نرخی غازی سروشتی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت لە نرخی غازی سروشتی ₺5.631 (149 دۆلار) بۆ هەر 1000 مەتر سێجایەک. بەڵام کۆمپانیای BOTAS هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی غازی بە جوملەی ڕاگەیاند، بەکارهێنەرانی پیشەسازی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی 20% و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

  ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، شەوی رابردوو روسیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر خارکێڤ بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتى مەدەنى کوژراون و برینداربوون. ئەو دەڵێت، هێرشەکان ژێرخانی وزەی خێرسۆنی بەئامانجگرتووە و مۆسکۆ ئاشتی و ئاگربەست رەتدەکاتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  هەفتەى ڕابردوو رەخنەی لە پووتین و زیلینسکی گرت و بێزاریی خۆی بەرامبەر بە چەقبەستنی هەوڵەکانی ئاشتی نیشاندا.    ترەمپ سەرەتا رەخنەی لە پوتین گرت لەسەر ئەوەی کە پێیوابووە زیلینسکی شیاوی دانوستاندن نییە. ترەمپ گوتی: "زۆر تووڕە و پەستم" لە پووتین.    بەڵام دواتر زمانێکی نەرمتری بەرامبەر پووتین بەکارهێنا و لە بری ئەوە، تووڕەیی لە بەرامبەر زیلینسکی دەربڕی و هۆشداری پێدا کە "ئۆکراینا کێشەی گەورەی دەبێت" ئەگەر خاوەخاو لە واژۆکردنی رێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئەمریکا بکات. لێدوانەکانی ترەمپ دوای ئەوە هاتن، پێشتر رەخنەی لە زیلینسکی گرت و گوتی: "لە شێوازی مامەڵەکردنی زیلینسکی لەگەڵ جەنگ بێزارم." جارێکیش بە "دیکتاتۆر" سەرۆکی ئۆکراینای وەسفکرد.    کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، بەڵێنێکی ترەمپ بوو کە بەردەوام لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن باسی دەکرد. هەر لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ توانی نێوەندگیریی تیمی ئۆکراینا و رووسیا بکات و لە سعودیە کۆیان بکاتەوە.   هەفتەی رابردوو رووسیا و ئۆکراینا گەیشتنە نیمچە ئاگربەستێک بڕیاریان دا هێرش نەکەنە سەر ژێرخانی وزەی یەکدی، هەروەها رێگە بە کەشتییەکانی دەریای رەش بدرێت بە ئازادی بجووڵێنەوە.

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و دەیان دووکان سووتان. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.   ئاگرەکە نزیک کاتژمێر چواری بەیانی ئەمڕۆ شەممەی بازاڕی دارە سووتاوەکە ئەو دووکانانەی گرتووەتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون.   د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیدەڵێت: ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کۆنترۆڵکراوە. پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە زیانەکان خۆی چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن".   هاوڵاتیەک کە سێ دووکانی لە بازاڕەکەدا هەیە وتى: سێ دووکانم لێرەیە هەر سێیان سووتاون، کە بەتانی و دۆشەکی تێدایە و هەمووی سووتاوە، بە بەهای نزیکەی سێ دەفتەر دۆلار {30 هەزار دۆلار} زیانم بەرکەوتووە".   تاوەکو ئێستا بەرگری شارستانی ئاماری زیانەکانی نەخستووەتەڕوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان لە شوێنی رووداوەکە، نزیکەی 100 دووکان سووتاون یان زیانیان بەرکەتووە. دووکاندارێکى  دیکە لە شوێنی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دووکانی خوشکەزایەکم لێرەیە هەموو شتەکانی سووتاون، کە هەموو شتەکانیان بە قەرز هێناوە".   کەسێکى دیکە دەڵێت تەلەفۆنیان کرد و ئاگاداریان کردمەوە، دوو دووکانمان هەیە یەکێکیان سووتاوە".   کاسبکارانی بازاڕەکە داوایان کرد، شارەوانی سلێمانی لە خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە و فڕێدانی پاشماوەکان هاوکارییان بکەن.   بەرگری شارستانی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکات، بەڵام کاسبکارانی زیانبەرکەوتوو دەڵێن، "هۆکارەکە شۆرتی کارەبا بووە".

  یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت، "بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەمان بە فەرمی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی نێوخۆ کرد؛ کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار دەکەن."    یەپەگە دەڵێت: "سەرکەوتووانە بەشێکی هێزەکانمان کشاندنەوە ئەو هێزانەی لەوێ ماون لە چەند رۆژی داهاتوو قۆناخ بە قۆناخ سەرلەنوێ بڵاودەکرێنەوە."   یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشینی شاری حەلەب بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. دەشڵێت، "کشانەوەی بەشێکی هێزەکانمان تەواو بوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە". فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای ململانێکانی سوریاوە، دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب توانیویانە سیستەمێکی ڕێکخراو و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان دابمەزرێنن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەو هێڵە بەرگرییەیان کرد. ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە و دەستکەوتی ستراتیژییان بەدەستهێناوە، ڕۆڵێکی چارەنوسسازیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنیدا بینیوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە کاریگەری و خۆڕاگری ئەو هەوڵە بەکۆمەڵانەیان پشتڕاستکردەوە، چونکە یەکەکانیان بە ڕێكخراون و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجامدا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. ئەوەشی خستەڕو، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانیان تەواوبوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پابەندن بە پرەنسیپەکانی خۆبەڕێوەبردن و ئیرادەی جەماوەری. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی پێداویستییە ستراتیژییەکانی قۆناغی نوێ.

  ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، لەزاری چوار سەرچاوەوە ئاشكرایكردووە،  تورکیا لانیکەم سێ بنکەی ئاسمانی لە سوریا بەسەركردووەتەوە، بۆ ئەوەی سەربازەکانی تێدا جێگیر بکات، لە چوارچێوەی رێککەوتنی بەرگری هاوبەشی پلان بۆ داڕێژراو، بەر لەوەی ئیسرائیل ئەو شوێنانە بۆردومان بکات. بۆردومانە چڕەكەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوی ئیسرائیل، ئەو سێ شوێنەی كردە ئامانج كە تورکیا پشکنینی بۆ کردبوو، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەنكەرە بۆ دڵنیاکردنەوەی واشنتۆن، بەوەی زیادبونی ئامادەیی سەربازی لە سوریا  مەبەستی هەڕەشەکردن نییە لە ئیسرائیل. بەرپرسێکی هەواڵگری ناوچەکە و دوو سەرچاوەی سەربازی سوریا و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە رایانگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، تیمە سەربازییەکانی تورکیا لە چەند هەفتەی رابردودا سەردانی بنکەی ئاسمانی (T4)و تەدموریان كردووە لە پارێزگای حمس، هەروەها فڕۆکەخانەی سەرەکی پارێزگای حەما. بەوتەی ئەو سەرچاوانە، سەردانی تیمەكانی توركیا پێشتر رانەگەیەندراوە.  بەرپرسە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تیمەکانی تورکیا بارودۆخی رێڕەوی فڕین و ژێرخانەكانی دیکەیان لە فرۆكەخانەكان هەڵسەنگاندووە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ رایگەیاندووە،  وڵاتەكەی بە دوای هیچ روبەڕوبونەوەیەکدا ناگەڕێت لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا. فیدان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز وتویەتی، کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا رێگە خۆشدەکات بۆ ناسەقامگیری داهاتوو لە ناوچەکەدا. لای خۆیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندوە، ئیسرائیل بەدوای ململانێ لەگەڵ تورکیادا ناگەڕێت لە سوریا. بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو بەرپرسە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، بەدوای ململانێدا ناگەڕین لەگەڵ تورکیادا، هیوادارین تورکیاش بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێمەدا نەگەڕێت، بەڵام نامانەوێت تورکیا لەسەر سنورەکانمان جێگیر بێت و هەموو ئامرازێک لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە.

  حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاندوە، ئەمرۆ هەینی بە بە موشيکی دورمەودا و بە  چڕی هێرشیان کردوەتە سەر گەورەترین کەشتیی جەنگیی ئەمەریکا لە دەریای سوردا و جەختیشیان کردوەتەوە هێرشەکەیان چەند کاتژمێرێکی خایاندوە. یەحیا ساری، وتەبێژی  چەکدارە حوسییەکانی یەمەن بە میدیاکانی نزیک لەخۆیانی راگەیاندوە، کە هێرشێکی نوێیان بۆ سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی هاری ئێس ترومان و کەشتییەکانی دیکەی هاوەڵی لە دەریای سور ئەنجامداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان،  هێرشەکان بە موشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە و  کەشتییە جەنگییەکانیان لە  دەریای سور کردوەتە ئامانج؛ "لە هەموی گرنگتر یەکێک لە کەشتییەکان، فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی هاری ئێس ترومان بوە". یەحیا ساری ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا، ئەمە دوەم هێرشیانە   بۆسەر گروپی  کەشتییەکانی نزیک لە ئەمەریکا لە دەریای سوردا. باسی لەوەش کردوە جگە لە هێرشەکانیان کە دوو کاتژمێری خایاندوە، بەرپەرچی دو هێرشی ئاسمانی ئەمەریکاشیان داوەتەوە کە کراوەتە سەریان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بونی روبەڕوبونەوەی قورس لە نێوانیاندا. ئەم هێرشانەی حوسییەکان لە کاتێكدایە، دوێنی  پێنجشەممە ڕۆژنامەی تێلێگراف بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردبوەوە، تاران بڕیاری داوە هێزە سەربازییەکانی لە یەمەن بکشێنێتەوە و واز لە پشتیوانیکردنی چەکدارە حوسییەکان بهێنێت. دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵ ئاگربەست لە غەززە سەپێندرا، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سور بەتەواوەتی کەمی کرد بو،  بەڵام دوای ئەوەی ئاگربەستەکە لە سەرەتای مانگی ئازاردا تێکچو، حوسییەکان ڕایانگەیاند هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سور دەستپێکردوەتەوە و هەروەها  دەستیانکردوە بە هێرشکردنە سەر  ئیسرائیل بە موشەکی دور مەودا. لە بەرامبەردا واشنتۆن  بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن و بەڵێنی لەنابردنیانی داوە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوەدا هێرشەکانی واشنتۆن بە تەواوەتی بۆ سەر حوسییەکان چڕبونەتەوە و بەو هۆیەشەوە زیانی مادی و گیانی زۆریان پێگەیشتوە.

  سوودانی دەڵێت، بە مامەڵەی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانییان عێراق لە چوونە نێو شەڕ دووربخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس هەبوون دەیانویست بیبەنە نێو شەڕ و ململانێوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتەیەکدا لە بەغدا رایگەیاند، "ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و گەورەترین تاقیکردنەوەی حکومەتیش ئەوە بوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا بکات کە هەن، سەرەڕای هەڵوێستی نەگۆڕی بۆ دۆسیەی فەلەستین. سوودانی دەڵێت، "بە مامەڵەکردنی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانیمان عێراق بپارێزین و رێگە نەدەین بچێتە نێو شەڕ، هەرچەندە هەندێک دەنگی هەڵچوو و پەلەکار هەبوون دەیانویست عێراق ببەنە نێو شەڕ و ململانێکانەوە."   سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ناتوانین ئاییندەی وڵات تەنیا بە نەوتەوە گرێ بدەین، بەتایبەتی کە عێراق خاوەنی توانای کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە. وڵاتەکەمان بە پێگە جوگرافییەکەی وەکو رێڕەوێکی بازرگانیی جیهانی جیادەکرێتەوە، هەربۆیە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانمان دەستپێکرد."   سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "کار دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، توانا، سەرچاوە و ویستمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان هەیە؛ کارکردنیش لە گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بەردەوامە."   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "ئاییندەی عێراق ئومێدبەخشە، ئەوەش لە سایەی گەلەکەی. ویستێكی راستەقینە بۆ چاکسازی هەیە. لە دوو ساڵ و نیوی تەمەنی حکومەتدا، پێشکەوتنی بەرچاومان لەم رووەوە بەدەستهێناوە."   ئەم گوتەیەی سوودانی لە کاتێكدایە، رووداوەکانی دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە کاریگەرییان لەسەر چەندین وڵاتی ناوچەکە هەبووە، لەوانەش فەلەستین، ئیسرائیل، لوبنان، سووریا و یەمەن.

  هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، تورکیا نایەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا ڕووبدات. ئەم پەیامەش دوای ئەوە دێت ئیسرائیل لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە دووجار هێرشی کردە سەر چەند شوێنک لەناوخاکی سوریا، ئەوشوێنانە بنکەی سەربازیی بوون تورکیا دەیویست بیانکات بەسەربازگە بۆخۆی. هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل، ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا ڕێگا بۆ ناسەقامگیری داهاتووی ناوچەکە خۆش دەکات. فیدان ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل "لەگەڵ لێکتێگەیشتنێکی دیاریکراو" بگات، ئەوە کاری خۆیەتی و پەیوەندی بەئێمەوە نییە. لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی بە هۆشداری بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق ناساند. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تورکیای بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سوریادا تۆمەتبار کرد.

  یەبەشە بڵاوی كردەوە، هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بەتەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، پابەندین بە پاراستنی هاوڵاتییان و سەقامگیری شارەكە. درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە ناوچەی بازاڕی کۆنی شنگال تەقینەوەیەک ڕوویدا و بە پێی وتەی دانیشتووانی شنگال، لە چەندین ناوچەوە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەکە بووە. هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزاندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تەقینەوەکە سوپای عێراق لە شوێنی تەقینەوەکە و چەندین شوێنی دیکەی شنگال دەستی بە جموجۆڵی سەربازیی کرد. فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) سەبارەت بەو تۆمەتانەی تایبەتە بە تەقینەوەكەی شنگال ئاراستەیان دەكرێت، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەتوندی هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بە تەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، ئەم تۆمەتانە ئامانجیان ناسەقامگیركردن و شێواندنی وێنەی بەرخۆدانی ئێمەیە. ئاماژە بەوەشكراوە، هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی لایەنگر لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی تۆمەتی بێ بنەما بە دوای شێواندنی ڕاستییەكان و هاندانی ناتەباییدان، ئێمە وەك قەڵغانی سەلامەتی و سەرچاوەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بوون و دەمێننەوە، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە خەڵك لە بەرامبەر هەر مەترسییەك بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان. باس لەوەشكراوە، ئەو تۆمەتە درۆیانە تەنیا خزمەت بە ئەجێندا گوماناوییەكان دەكەن، كە ئامانجیان ناسەقامگیركردنی ئاسایشی شنگال و گومانكردنە لە قوربانیدانی شەڕڤانانمان و پرەنسیپە چەسپاوەكانمان. لەكۆتایی بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە هەموو لایەك دەكەین وریا بن و نەخرێنە ناو هەواڵی ناڕاستەوە، كە هەوڵی هاندانی ململانێ دەدات، پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە شنگال و گەلەكەی لە بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەکی ئەمنیدا نوێ دەكەنەوە.

  رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی لەبارەی گەنجان بڵاوکردەوە و داوای لێکردن، "لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن''.   گرووپی گەنجانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە رۆژی سێشەممە، یەکی نیسانی 2025 لە مەیدانی داغکاپی لە شارۆچکەی ئامەدی باکووری کوردستان دەستیان بە رێپێوان کرد و چەند فێستیڤاڵ و چالاکییەکیان سازکرد.   گەنجانی دەم پارتی لە رۆژی دووی نیسانی ئەم مانگە، گەیشتنە رووهای باکووری کوردستان. رۆژی پێنجشەممە، سێی نیسانی ئەم مانگە، لە درێژەی چالاکی و فێستیڤاڵەکانیاندا پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەبارەی گەنجانەوە خوێندەوە.   ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ گەنجان دەڵێت، ''مانگی نیسان بۆ من وەک رینسانسە و سەرلەنوێ لەدایکبوونە. رێپێوانی گەنجان، هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی. هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، بەهادارە''.   لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: ''سۆسیالیزم، واتە کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵگەخوازی. سۆسیالیستی بەکۆمەڵگەییبوونە. پێویستە لە کوردستان بەم تێڕوانینەوە سیاسەت بکرێت. ئەمەش بە رێکخراوەییبوون دەبێت. بەڕێکخراوەییبوون گرنگترین چالاکییە. ئەگەر وانەکەن بەتووندی رەخنەتان لێدەگرم. بۆیە دەبێت لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن. پاڵپشتی لە چالاکییەکانتان دەکەم و سڵاوتان ئاراستە دەکەم''.   ئەمڕۆ هەینی چواری مانگ، کۆتا رۆژی رێپێوانەکەی گرووپی گەنجانی دەم پارتییە و بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی ئۆجەلان، فێستیڤاڵی ''چواری نیسان'' لە شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە رووهای باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.   ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و ئەو پەیامەی ئۆجەلانیان وەرگرت.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چواری نیسانی 1949 لە گوندی عەمارە سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی لە رووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە. ئۆجەلان لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دامەزراند.    ئەو پەیامانەی ئۆجەلان لە کاتێکدان، رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەمە لەلایەن دەم پارتی بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' ناوی دەهێنرێت.   دواتر داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازبکات. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.

  سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ناپێڕەوی و نایاساییە.   د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانی کوردستان لەدوای 5 مانگ لە هەڵبژاردن، تەنیا یەک دانیشتنی ئەنجامداوە ئەویش دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامەکانی بوو کە بەهۆی هێشتنەوەی دانیشتنەکە بە کراوەیی ئەو دانیشتنەش لەرووی یاساییەوە پووچەڵە و هەر بڕیارێکی تێدا درابێت ئەو بڕیارانەش پووچەڵن بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و بەستنی مووچە و پێدانی ئیمتیازاتیشیانەوە."   پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2 کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، "بەپێی پەیڕەو پێویستبوو لەو وادەیەوە تاوەکو ئێستا کە چوار مانگە پەرلەمانتاران سوێندیان خواردووە دەبوو زیاتر لە 16 دانیشتنی بەدواداچوونی لەگەڵ حکومەت ئەنجام بدایە، پێویستبوو زیاتر لە 35 دانیشتنی پەرلەمانی ئەنجام بدایە، پێویستبوو 19 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان پێکبهێندرانایە و هەر لیژنەیەک لە مانگێکدا دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدات بەڵام هیچ یەکێک لەم کارانە ئانجام نەدراون و تەنیا مووچە بۆ پەرلەمانتاران خەرجکراوە" د. سەروەر عەبدولڕەحمان وای وت.   هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی دامەزراوەی پەی گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، چونکە پەرلەمان وەکو دامەزراوە لەسەر 3 کوچکە دەوەستێت ئەوانیش پەرلەمانتار و لیژنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی، خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نە دەستەی سەرۆکایەتی هەیە و نە لیژنە هەمیشەییەکان و تەنیا پەرلەمانتاری هەیە، واتا ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە و پەرلەمانتاری بێ پەرلەمانی هەیە.   باسی لەوەشکرد: بەپێی مادەی 51 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە ئەندامانی پەرلەمان رۆژەکانی هەفتە بەمجۆرە کارەکانیان ئەنجام بدەن، رۆژی یەکشەممە پەرلەمانتاران دەبێت خۆیان تەرخان بکەن بۆ کاروباری هاوڵاتییان، رۆژی دووشەممە پێویستە لیژنەکان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دانیشتنی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە دەستنیشانکراوە بۆ کۆبوونەوە و بەدواداچوون لەگەڵ حکومەت."   دەشڵێت: "رۆژانی هەینی و شەممە وەکو پشووی پەرلەمانتاران دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان هیچ یەکێک لەم ئەرکانەیان جێبەجێ نەکردووە و هەموو رۆژەکانی هەفتە لای ئەوان هەر هەینی و شەممەیە و هەر لە پشوودان و هیچ ئەرک و کارێکیان نییە، هەربۆیە پێویستبوو خۆیان کە سوێندیان خواردووە پارێزگاریی لە یاسا بکەن و بەڵێنیان بە خەڵک داوە داکۆکییان لێبکەن مووچەی خۆیانیان رەتبکردایەتەوە و وەریان نەگرتایە و یەکەم کاریان بە گەندەڵی و نایاسایی دەست پێنەکردایە."   دامەزراوەی پەی، کە یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری کارەکانی پەرلەمانە و پێشتر چەند راپۆرتێکی بەدواداچوونیان لەبارەی کار و ئەدای پەرلەمان لە خوولەکانی رابردوو ئەنجامداوە، لە دواین راپۆرتیاندا بە داتا باسیان لەوە کردووە لە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2,240,700,000 (دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار) دینار.   لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو، کە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی 8,200,000 (هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە)، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7,700,000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23,100,000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە.   رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، بەڵام لەکۆی 100 ئەندامی پەرلەمان تەنیا 3 ئەندامیان بەشداریی دانیشتنی یەکەمیان نەکرد و سوێندی یاساییان نەخوارد دوو پەرلەمانتاریان لە کۆمەڵی دادگەری و یەک پەرلەمانتار لە بەرەی گەل و ئەوانی دیکە کە ژمارەیان 97 پەرلەمانتارە سوێندی یاساییان خواردووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ کار و ئەرکێک ئەنجام بدەن.