سوودانی دەڵێت، بە مامەڵەی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانییان عێراق لە چوونە نێو شەڕ دووربخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس هەبوون دەیانویست بیبەنە نێو شەڕ و ململانێوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتەیەکدا لە بەغدا رایگەیاند، "ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و گەورەترین تاقیکردنەوەی حکومەتیش ئەوە بوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا بکات کە هەن، سەرەڕای هەڵوێستی نەگۆڕی بۆ دۆسیەی فەلەستین. سوودانی دەڵێت، "بە مامەڵەکردنی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانیمان عێراق بپارێزین و رێگە نەدەین بچێتە نێو شەڕ، هەرچەندە هەندێک دەنگی هەڵچوو و پەلەکار هەبوون دەیانویست عێراق ببەنە نێو شەڕ و ململانێکانەوە." سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ناتوانین ئاییندەی وڵات تەنیا بە نەوتەوە گرێ بدەین، بەتایبەتی کە عێراق خاوەنی توانای کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە. وڵاتەکەمان بە پێگە جوگرافییەکەی وەکو رێڕەوێکی بازرگانیی جیهانی جیادەکرێتەوە، هەربۆیە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانمان دەستپێکرد." سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "کار دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، توانا، سەرچاوە و ویستمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان هەیە؛ کارکردنیش لە گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بەردەوامە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "ئاییندەی عێراق ئومێدبەخشە، ئەوەش لە سایەی گەلەکەی. ویستێكی راستەقینە بۆ چاکسازی هەیە. لە دوو ساڵ و نیوی تەمەنی حکومەتدا، پێشکەوتنی بەرچاومان لەم رووەوە بەدەستهێناوە." ئەم گوتەیەی سوودانی لە کاتێكدایە، رووداوەکانی دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە کاریگەرییان لەسەر چەندین وڵاتی ناوچەکە هەبووە، لەوانەش فەلەستین، ئیسرائیل، لوبنان، سووریا و یەمەن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، تورکیا نایەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا ڕووبدات. ئەم پەیامەش دوای ئەوە دێت ئیسرائیل لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە دووجار هێرشی کردە سەر چەند شوێنک لەناوخاکی سوریا، ئەوشوێنانە بنکەی سەربازیی بوون تورکیا دەیویست بیانکات بەسەربازگە بۆخۆی. هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل، ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا ڕێگا بۆ ناسەقامگیری داهاتووی ناوچەکە خۆش دەکات. فیدان ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل "لەگەڵ لێکتێگەیشتنێکی دیاریکراو" بگات، ئەوە کاری خۆیەتی و پەیوەندی بەئێمەوە نییە. لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی بە هۆشداری بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق ناساند. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تورکیای بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سوریادا تۆمەتبار کرد.
یەبەشە بڵاوی كردەوە، هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بەتەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، پابەندین بە پاراستنی هاوڵاتییان و سەقامگیری شارەكە. درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە ناوچەی بازاڕی کۆنی شنگال تەقینەوەیەک ڕوویدا و بە پێی وتەی دانیشتووانی شنگال، لە چەندین ناوچەوە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەکە بووە. هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزاندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تەقینەوەکە سوپای عێراق لە شوێنی تەقینەوەکە و چەندین شوێنی دیکەی شنگال دەستی بە جموجۆڵی سەربازیی کرد. فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) سەبارەت بەو تۆمەتانەی تایبەتە بە تەقینەوەكەی شنگال ئاراستەیان دەكرێت، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەتوندی هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بە تەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، ئەم تۆمەتانە ئامانجیان ناسەقامگیركردن و شێواندنی وێنەی بەرخۆدانی ئێمەیە. ئاماژە بەوەشكراوە، هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی لایەنگر لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی تۆمەتی بێ بنەما بە دوای شێواندنی ڕاستییەكان و هاندانی ناتەباییدان، ئێمە وەك قەڵغانی سەلامەتی و سەرچاوەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بوون و دەمێننەوە، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە خەڵك لە بەرامبەر هەر مەترسییەك بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان. باس لەوەشكراوە، ئەو تۆمەتە درۆیانە تەنیا خزمەت بە ئەجێندا گوماناوییەكان دەكەن، كە ئامانجیان ناسەقامگیركردنی ئاسایشی شنگال و گومانكردنە لە قوربانیدانی شەڕڤانانمان و پرەنسیپە چەسپاوەكانمان. لەكۆتایی بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە هەموو لایەك دەكەین وریا بن و نەخرێنە ناو هەواڵی ناڕاستەوە، كە هەوڵی هاندانی ململانێ دەدات، پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە شنگال و گەلەكەی لە بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەکی ئەمنیدا نوێ دەكەنەوە.
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی لەبارەی گەنجان بڵاوکردەوە و داوای لێکردن، "لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن''. گرووپی گەنجانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە رۆژی سێشەممە، یەکی نیسانی 2025 لە مەیدانی داغکاپی لە شارۆچکەی ئامەدی باکووری کوردستان دەستیان بە رێپێوان کرد و چەند فێستیڤاڵ و چالاکییەکیان سازکرد. گەنجانی دەم پارتی لە رۆژی دووی نیسانی ئەم مانگە، گەیشتنە رووهای باکووری کوردستان. رۆژی پێنجشەممە، سێی نیسانی ئەم مانگە، لە درێژەی چالاکی و فێستیڤاڵەکانیاندا پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەبارەی گەنجانەوە خوێندەوە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ گەنجان دەڵێت، ''مانگی نیسان بۆ من وەک رینسانسە و سەرلەنوێ لەدایکبوونە. رێپێوانی گەنجان، هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی. هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، بەهادارە''. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: ''سۆسیالیزم، واتە کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵگەخوازی. سۆسیالیستی بەکۆمەڵگەییبوونە. پێویستە لە کوردستان بەم تێڕوانینەوە سیاسەت بکرێت. ئەمەش بە رێکخراوەییبوون دەبێت. بەڕێکخراوەییبوون گرنگترین چالاکییە. ئەگەر وانەکەن بەتووندی رەخنەتان لێدەگرم. بۆیە دەبێت لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن. پاڵپشتی لە چالاکییەکانتان دەکەم و سڵاوتان ئاراستە دەکەم''. ئەمڕۆ هەینی چواری مانگ، کۆتا رۆژی رێپێوانەکەی گرووپی گەنجانی دەم پارتییە و بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی ئۆجەلان، فێستیڤاڵی ''چواری نیسان'' لە شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە رووهای باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و ئەو پەیامەی ئۆجەلانیان وەرگرت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چواری نیسانی 1949 لە گوندی عەمارە سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی لە رووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە. ئۆجەلان لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دامەزراند. ئەو پەیامانەی ئۆجەلان لە کاتێکدان، رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەمە لەلایەن دەم پارتی بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' ناوی دەهێنرێت. دواتر داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازبکات. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ناپێڕەوی و نایاساییە. د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانی کوردستان لەدوای 5 مانگ لە هەڵبژاردن، تەنیا یەک دانیشتنی ئەنجامداوە ئەویش دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامەکانی بوو کە بەهۆی هێشتنەوەی دانیشتنەکە بە کراوەیی ئەو دانیشتنەش لەرووی یاساییەوە پووچەڵە و هەر بڕیارێکی تێدا درابێت ئەو بڕیارانەش پووچەڵن بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و بەستنی مووچە و پێدانی ئیمتیازاتیشیانەوە." پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2 کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، "بەپێی پەیڕەو پێویستبوو لەو وادەیەوە تاوەکو ئێستا کە چوار مانگە پەرلەمانتاران سوێندیان خواردووە دەبوو زیاتر لە 16 دانیشتنی بەدواداچوونی لەگەڵ حکومەت ئەنجام بدایە، پێویستبوو زیاتر لە 35 دانیشتنی پەرلەمانی ئەنجام بدایە، پێویستبوو 19 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان پێکبهێندرانایە و هەر لیژنەیەک لە مانگێکدا دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدات بەڵام هیچ یەکێک لەم کارانە ئانجام نەدراون و تەنیا مووچە بۆ پەرلەمانتاران خەرجکراوە" د. سەروەر عەبدولڕەحمان وای وت. هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی دامەزراوەی پەی گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، چونکە پەرلەمان وەکو دامەزراوە لەسەر 3 کوچکە دەوەستێت ئەوانیش پەرلەمانتار و لیژنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی، خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نە دەستەی سەرۆکایەتی هەیە و نە لیژنە هەمیشەییەکان و تەنیا پەرلەمانتاری هەیە، واتا ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە و پەرلەمانتاری بێ پەرلەمانی هەیە. باسی لەوەشکرد: بەپێی مادەی 51 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە ئەندامانی پەرلەمان رۆژەکانی هەفتە بەمجۆرە کارەکانیان ئەنجام بدەن، رۆژی یەکشەممە پەرلەمانتاران دەبێت خۆیان تەرخان بکەن بۆ کاروباری هاوڵاتییان، رۆژی دووشەممە پێویستە لیژنەکان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دانیشتنی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە دەستنیشانکراوە بۆ کۆبوونەوە و بەدواداچوون لەگەڵ حکومەت." دەشڵێت: "رۆژانی هەینی و شەممە وەکو پشووی پەرلەمانتاران دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان هیچ یەکێک لەم ئەرکانەیان جێبەجێ نەکردووە و هەموو رۆژەکانی هەفتە لای ئەوان هەر هەینی و شەممەیە و هەر لە پشوودان و هیچ ئەرک و کارێکیان نییە، هەربۆیە پێویستبوو خۆیان کە سوێندیان خواردووە پارێزگاریی لە یاسا بکەن و بەڵێنیان بە خەڵک داوە داکۆکییان لێبکەن مووچەی خۆیانیان رەتبکردایەتەوە و وەریان نەگرتایە و یەکەم کاریان بە گەندەڵی و نایاسایی دەست پێنەکردایە." دامەزراوەی پەی، کە یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری کارەکانی پەرلەمانە و پێشتر چەند راپۆرتێکی بەدواداچوونیان لەبارەی کار و ئەدای پەرلەمان لە خوولەکانی رابردوو ئەنجامداوە، لە دواین راپۆرتیاندا بە داتا باسیان لەوە کردووە لە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2,240,700,000 (دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار) دینار. لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو، کە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی 8,200,000 (هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە)، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7,700,000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23,100,000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە. رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، بەڵام لەکۆی 100 ئەندامی پەرلەمان تەنیا 3 ئەندامیان بەشداریی دانیشتنی یەکەمیان نەکرد و سوێندی یاساییان نەخوارد دوو پەرلەمانتاریان لە کۆمەڵی دادگەری و یەک پەرلەمانتار لە بەرەی گەل و ئەوانی دیکە کە ژمارەیان 97 پەرلەمانتارە سوێندی یاساییان خواردووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ کار و ئەرکێک ئەنجام بدەن.
سوپاى ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشێکی ئاسمانی دەستپێکرد و باڵەخانەیەکی شوقەی لە شاری سیدۆنی باشووری لوبنان کردە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، لە هەڵمەتەکەی ئیسرائیل لانیکەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاژانسەکانى هەواڵ ڕایانگەیاند کە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل حەسەن فەرهات سەرۆکی حەماس بووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی فەلەستینی، فەرهات (ئەبو یاسر) لەگەڵ کوڕ و کچەکەی لە کاتی خەوتبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژراون. ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای بینت جبەیل لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، دوو کەس برینداربوون، هاوکات ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک. وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی کردە ئامانجی ئۆتۆمبیلێک لەسەر ڕێگای بینت جبەیل و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، وەزارەتی تەندروستی لوبنان "ئیدانەی خۆی بۆ بەئامانجکردنی دوو ئەمبولانس و ماتۆڕێکی ئاگرکوژێنەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، جگە لە وێرانکردنی بنکەیەکی تەندروستی کاتی بۆ دەسەڵاتی تەندروستی لە شارۆچکەی نەقورە" لە باشوور. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "خۆی ڕازی نەبن و چاوپۆشی لە جددیەتی ئەم هێرشانە نەکەن، کە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری ڕێکخراوە مرۆییەکان و نۆرمەکان پێکدەهێنن". سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە کاری پێدەکرێت، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامانجکردنی باشووری لوبنان بە هێرشە ئاسمانییەکان کە ئامانجەکانی حزبوڵای لوبنان دەکاتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''لێدوانە چەواشەکارییەکانی وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی وڵاتەکەمان، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە کە تێیدان''. هەروەها دەشڵێت، ''ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە''. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شەوی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێدوانە چەواشەکارەکانی وەزیرانی ئیسرائیل" لەبارەی وڵاتەکە، "رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە هێرشکار و فراوانکارییەی حکومەتی نەتەوەپەرستی ئیسرائیلە کە پەیڕەوی دەکات''. وەزارەتەکە دەڵێت، ''وێڕای ئەوەی لە سووریا هیچ هێرشێک بە ئاراستەی ئەو (ئیسرائیل) نەکراوە، ئیسرائیل دوێنێ شەو (2ـی نیسان) هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر زۆر شوێن کرد''. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها راشیگەیاند، ''وەزیرانی ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی تورکیا، ناتوانن ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەیکەن، ئەو شەڕەی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین دەیکەن، ئەو تیرۆرەی دەیکەن، ئەو نیازەی کە لەبارەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوا هەیانە، هەروەها ئەو ئامانجە فراوانکارییانەی لە پشت هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و سووریا هەیانە، بیشارنەوە''. وەزارەتەکە دەشڵێت، ''ئیسرائیل کە لە رێگەی هێرشەکانی، یەکێتیی نیشتیمانیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بەئامانج دەگرێت، هاوکات بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەمان، بەو شێوەیە دەبێتە هۆی نانەوەی پشێوی و پەرەدان بە تیرۆر''. تورکیا داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: ''لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە، پێویستە سەرەتا ئیسرائیل واز لە سیاسەتە فراوانکارییەکانی بهێنێت. هەروەها لەو ناوچانە بکشێتەوە کە داگیریکردوون و کۆتایی بە هەوڵەکانی لە دژی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە سووریا بهێنێت''. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێکاری پێویست لە بەرامبەر ''هێرشەکانی ئیسرائیل'' بگرێتەبەر. ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی پارێزراوی خۆی. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راشیگەیاند، ئیسرائیل لە "هەڵوێستی تووند"ی تورکیا بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی کورد، بە تایبەتی لە رۆژئاڤا نیگەرانە.
دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكانیان بۆ بەستنی سێهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی پاڵپشت بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران تەواوكردووە. دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكی نوسراودا، ئاماژەی بە چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردووە، یەكەمیان بڕیاری ژمارە چوارە لە كۆنوسی ئاسایی ژمارە شەش لە ڕێكەوتی 11-2-2025 نوسراوی فەرمانگەی پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان ژمارە (507) لە ڕێكەوتی 20-2-2025 . دووەم بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران كە دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی پێاوە، بڕیاری ژمارە یەكە لە كۆنوسی ئاسایی ژمارە نۆ لە رێكەوتی 4-3-2025 بۆ هەمان بابەت كە بەستنی كۆنفرانسە بەو مەرجەی وادەكەی لە 10-4-2025 تێپەڕنەكات. دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "وەكو بزوتنەوەی گۆڕان سەرجەم ئامادەكارییەكانمان بۆ بەستنی كۆنفرانس تەواوكردووە، پابەند بە هەموو ئەو كاتانەی لە بڕیارەكانی سەرەوەدا ئاماژەی پێدراوە، فەرمانگەی پارت و رێكخراوەكان لە نوسراوی ژمارە (875) لە رێكەوتی 26-3-2025 بەستنی كۆنفرانسی بۆ رۆژی شەممە رێكەوتی 5-4-2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی كۆنفرانسەكان دیاریكردووە. دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت "رەچاوی سەرجەم بۆنە ئایینی و نیشتمانییەكانمان كردووە، لە هەڵبژاردنی رۆژ و كاتی گونجاو بۆ بەستنی كۆنفرانسەكە، پاڵپشت بە دواین بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران". "لە ئێستاوە رێكەوتی 3-4-2025 بانگهێشتی بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و رێكخراوەكان، هەر لیژنەیەك كە نوێنەرایەتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات لە بەغداد بەمەبەستی ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی پرۆسەكە، هەروەها سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای شارستانی بانگهێشت دەكەین، بەمەبەستی ئامادەبوون و چاودێریكردنی بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی سێهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەمان لە پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژی شەممە رێكەوتی پێنجی نیسانی 2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە- هۆڵی كۆنفرانسەكان". دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان وا دەڵێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، دوو هاووڵاتیی فەڕەنسی کە نزیکەی سێ ساڵە لە ئێران دەستبەسەرکراون، زیاتر لە ساڵێکە کونسوڵگەری فەرەنسا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزاریەکیان پێبگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە پاریس سکاڵایەک لە دادگای نێودەوڵەتیی داد ئامادە بکات. سێسیل کۆهلەر و هاوبەشەکەی جاک پاریس لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ەوە دەستبەسەرن، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە کۆتایی ئەو ساڵەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەخش کرد کە وا دیار بوو دانیان بەوەدا ناوە کە بەناوی دەزگای هەواڵگری فەرەنساوە ڕۆڵیان گێڕاوە، ئەمەش شتێک کە پاریس بە توندی ڕەتیدەکاتەوە. فەرەنسا کە لە زیندانی ئەوینی تاران ڕاگیراون، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەوان لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەشکەنجەدان. کاربەدەستانی فەرەنسا زمانی خۆیان بەرانبەر ئێران توندتر کردووە، بەتایبەتی لەسەر بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییە ناوچەییەکانی، بەڵام لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی ئەوروپی لەو وڵاتە. ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دوای کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانى ئێران لە ڕۆژی چوارشەممەدا، ئاماژەی بەوەدا کە پاریس بەم زووانە بابەتی پێشێلکردنی مافی پاراستنی کونسوڵگەری دەباتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتی. کریستۆف لیمۆین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە سکاڵا کۆدەکەینەوە کە لە دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری تۆماری دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆهلەر و پاریس لە دۆخێکی "شۆککەر"دا ڕاگیراون. لیمۆین ئامادەنەبوو بڵێت کەی تۆمار دەکرێت و دانی بەوەدانا کە ڕێکارەکان لە دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری درێژخایەنن، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە تاران پێویستی بە ئاگادارکردنەوەیە لەسەر ئەو پرسە، چونکە زیاتر لە ساڵێکە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکە دەستیان بە هاووڵاتیانی خۆیان نەگەیشتووە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی ئێران و هاوپەیمانەکانی دەبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی خۆی، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا. ناتانیاهۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکەی، ڤیکتۆر ئۆربان، ڕوونیکردەوە، وڵاتەکەی و هەنگاریا دیدێکی هاوبەشیان هەیە کە "پێویستی بەرگریکردن لە بەهاکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا و خەباتکردن بۆ داهاتووەکەی". ناوبراو زیادی کرد: "دوژمنی سەرەکی" ئیسرائیل لەم بارەوە "ئیسلامی توندڕەو"ە، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕێگەی سێ لایەنی سەرەکییەوە پاڵپشتی سەرەکی ئەو وڵاتەیە کە بریتین لە حـ.ـەماس، ح.زبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی ئەنسارڵای یەمەن. لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە دەسەڵات و قەڵمڕەویی تیرۆریستی ئێران لەناو دەبەین، کە نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەڕەشە لە ئەوروپا و زۆرێک لە دراوسێکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئێمە پابەندین بەم کارە بەمەش پارێزگاری لە ئەوروپا دەکەین. ئاژانسی هەواڵی فەرمی هەنگاریا، MTI، لە زاری گێرگلی گولیاس، سەرۆکی ئەرکانی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاری کشانەوەی لە دادگای داوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بوداپێست و لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکەی کۆبووەوە. ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاند، "بەڵگەنامەیەکم واژۆکرد بۆ کشانەوە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، چونکە بەسیاسی کراوە"، بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەلامەتی و سەقامگیری ئیسرائیل کلیلی ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پەرلەمانتارانی عێراق بوونی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە عێراق ڕەتدكەنەوە و دەڵێن، پەرلەمان بیر لە دەركردنی بڕیارنامەیەك دەكاتەوە، كە تێیدا داوا لە حكوومەت دەكات ئەو هێزانە بكاتە دەرەوە، بەڵام نەبوونی كۆنترۆڵی عێراق بەسەر هەرێمدا، ئەوەش وایكردووە ڕێگری لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەو هێزانە بكرێت. عامر فایز پەرلەمانتار ڕایگەیاند، لە سەرەتاوە بوونی توركیا لە خاكی عێراق ڕەتكراوەتەوە، بەڵام بارودۆخی سیاسی دەوروبەری عێراق و نەبوونی كۆنتڕۆڵی ئێمە بەسەر هەرێمی كوردستاندا ڕێگری لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەو هێزە داگیركەرانە كردووە، كە بەبێ هیچ ڕەزامەندییەكی عێراق بوونیان هەیە. عامر فایز ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سكاڵای یاسایی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمار نەكرد، بەڵكو داوای كشانەوەی توركیای كرد لەڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. باسی لەوەشكرد، ئەنجوومەنی نوێنەران داوا دەكات سكاڵای فەرمی لەسەر توركیا تۆمار بكرێت، بەتایبەتی ئێستا (پـ.ـەكە.كە) ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ بوونی ئەو هێزانە لە عێراق، پەرلەمان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێداچوونەوە بەم بڕیارە دەكات و بڕیارنامەیەك دەردەكات، تێیدا داوا لە حكومەت دەكات بەردەوام بێت لەم هەنگاوە.
بەپێى ئامارەکانى ڕیکخراوى CPT ئەمریکى، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. هەر بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوەکە، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەیپەکەکە و بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ڕێکخراوى CPT. بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥دا، لە وەڵامی بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لە دوای دەستپێشخەری ئاشتی، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپە و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتییانە، پارتی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی تاکلایەنەی بەرامبەر بە سوپای تورکیا ڕاگەیاند و ئامادەیی حزبەکەی بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە دەربڕی بە مەرجی ئامادەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەدا بۆ دروستکردنی بڕیار لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەیپەکەکە و بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. هەر لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا هێرشێکی بە بەکارهێنانی تی ئێن تی ئەنجامداوە. لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە مانگی ئاداردا، پارتی کرێکارانی کوردستان ٩ جار وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. لە وەڵامی یەکێک لە هێرشەکاندا، چەکدارانی پەکەکە لە ڕۆژی ١٦ی ئادارادا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیان لە جۆری "ئاکنجی"، لە گوندی سۆفیانی سەر بە ناحیەی بنگرد، لە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی خستە خوارەوە. داتا و ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، ئەوە نیشاندەدەن کە سوپای تورکیا لە هێرش و بۆردووومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە و ڕێژەی هێرشەکان بڕێک کەمی کردووە. هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم بە ڕێژەی ١٢٪ کەمی کردوووە. هەروەها بەراورد بە مانگی شوبات، ٢١٪ کەمی کردووە. چاوەڕواندەکرا لە دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێژەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە، هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەراورد بە دواین هەفتەی پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، بە ڕێژەی ١٤٥٪ زیادیکرد. بەگشتی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لە مانگی ئاداردا زۆرترین جار بە ئامانجگیراون. سوپای تورکیا ٥٥ هێرشی بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر و ٥١ هێرشی تری بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. سنوری پارێزگای سلێمانیش لە مانگی ئاداردا، ١٢ هێرش و بۆردوومانی کراوەتە سەر. ئەمە لەکاتێکدا لە مانگی ئاداردا، هیچ هێرش و بۆردوومانێک بۆسەر سنوری پارێزگای موسڵ ئەنجامنەدراوە. لە مانگی ئاداردا، ڕێژەی بۆردوومانەکان بۆ سنوری سەرجەم پارێزگاکان بێجگە لە سنوری پارێزگای هەولێر کەمیکردووە. ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی شوبات، بە ڕێژەی ١٢٠٪ زیادیکردووە. هەروەها لەگەڵ کەمبوونی ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانیشدا، ڕێژەی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر لە هێرشەکاندا زیادیکردووە بە شێوەیەک لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا ١٠ جار هەلیکۆپتەری لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە، ئەمە لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا، سوپای تورکیا تەنیا ١ جار هەلیکۆپتەری بەکارهێناوە. سەرباری ئەمانە، سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە ڕیگەی بەکارهێنانی ماددەی تەقەمەنی وەکو تی ئێن تی، هەروەها بۆردوومانی ڕاستەوخۆوە ئەشکەوتە سروشتییەکانی نزیک بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئامانجدەگرێت و خاپوریان دەکات، لە کاتێکدا ئەو ئەشکەوتانە لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی چەکدارانی پەکەکەدانین. بۆ نموونە، لە ٢٥ی ئاداردا، سوپای تورکیا، لە ڕێگەی بەکارهێنانی تی ئێن تییەوە ٥ ئەشکەوتی لە گوندی سگیرێ لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە. ئەو ئەشکەوتانە، سورشتی بوون و تونێلی دەستکرد و دروستکراوی چەکدارانی پەکەکە نەبوون، بەڵام بەهۆی مەترسی بەکارهێاننیان لەلایەن پەکەکەوە، سوپای تورکیا هەر پێنج ئەشکەوتە سروشتییەکەی تەقاندەوە. هەر لەم ساڵیشدا و لە ٢٢ی شوباتدا، سوپای تورکیا بۆردوومانی ئەشکەوتی شێخی کرد لە گوندی بەلاڤەی سەر بە قەزای ئامێدی، کە یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ناوچەکە و وەکو شوێنێکی دێرینی سەردەمی شۆڕشی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد سەیرکراوە. لە ڕۆژی ٢٦ی ئاداردا، هەواڵی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە بنکە سەربازییەکانی گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلوک بڵاوبۆوە. بەڵام ئەمە تەنیا دەنگۆ بوو. سوپای تورکیا لە ڕێگەی ٢٥ کامیۆنی سەربازییەوە ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی ئەنجامدابوو و ئەمەش لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە وەکو کشانەوەی سەربازانی تورکیا بڵاوکراویەوە، لە کاتێکدا تەنیا ئاڵوگۆڕ بە سەربازەکان کرابوو و سوپای تورکیا لە هیچ بنکە و بارەگایەکی لە هەرێمی کوردستاندا نەکشاوەتەوە. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. بەردەوامی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەی کاریگەر بە شەڕ و بۆردوومانەکانی خستۆتە مەترسییەوە. بەتایبەت ژیانی ئەو هاووڵاتی و گوندنشینانەی کە بژێوی ژیانییان لەسەر کشتوکاڵکردنە و لە وەرزی بەهاراندا بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای خۆڕسک ڕوودەکەنە چیاکان بەردەوام لە مەترسیدایە. تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و بانگەواز لە هەردوولای ئەو شەڕ و ململانێیانە دەکات کە لەڕێگەی بەشداری چالاکانە لە پڕۆسەی ئاشتیدا کێشە و ململانێکانییان کۆتاییپێبهێنن و چیتر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان، لە هەرێمی کوردستاندا نەخەنە مەترسییەوە. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT هەرێمی کوردستانی عێراق
دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ داوایان لە خەڵک کرد بۆ ماوەی یەک ڕۆژ شت نەکڕن و لای خۆیشیەوە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پشتیوانی لەو داواکارییە کرد و حکومەت دژی وەستایەوە، وێڕای هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر ئەو چالاکوانانە، دوێنێ تاک و تەرا خەڵک لە مۆڵەکانی تورکیا دەبینرا و بازاڕ و فرۆشگاکانیش چۆڵ بوون. وەک بە دەمەوە هاتن بۆ داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە داوای لە خەڵک کرد بەرهەمەکانی ئەو بڕاندانە بایکۆت بکەن کە لەو کەناڵانەوە ڕێکلامییان بۆ دەکرێت ئامادە نین ڕووماڵی ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانە بکەن بۆ پشتگیری لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ئەنجام دەدرێن، ژمارەیەک چالاکوان داوایان لە هاوڵاتییان کرد 2ـی نیسان هیچ نەکڕن و شت کڕین بایکۆت بکەن. ئەمەش هەر زوو دەسەڵاتدارانی تورکیای هێنایە سەر هێڵ و ڕۆژێک بەر لەو هەڵمەتی بایکۆتە و لە 1ـی نیسان سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لەوانەی بایکۆتی کاڵا و کەلوپەلی ژمارەیەک لە بڕاندەکان دەکەن. وەک ئەوەی ئەوە بەس نەبێت کاتژمێر 03:57ـی سەرلەبەیانیی دوێنێ 2ـی نیسانی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند ئەمە هەوڵدانە بۆ ئەنجامدانی “کودەتا” بەسەر سەقامگیریی ئابوری تورکیادا. لە دوای داواکارییەکەی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ دوێنێ مۆڵی ناوچەی شیشلی لە ئیستانبوڵ ئێجگار چۆڵ بوو و لە هۆبەی بڕاندی ئەو قاوەیەی کە بایکۆت کراوە تەنیا 10 کەس بەدی دەکران و هۆبەی بڕاندی سمیتیش ببوو بە چۆڵەوانی. فاتمە هۆشگۆر تەکەشین بە میدیای سۆزجوی ڕاگەیاند: وەک هاوڵاتییەک بایکۆتکردن تەنیا کاردانەوە نییە بەرامبەر ناحەقی، بەڵکو دەچێتە خانەی ئازادی ڕادەربڕینیشەوە. چەند کەسێکی دیکەیش کە بایکۆتیان کردووە بە ئاژانسی هەواڵی ئانکا'یان ڕاگەیاندووە کە هیچ کەسێک بۆی نییە دەست وەربداتە گیرفانیان و ئەوەی دژی ئەو بڕیارەیان دەوەستێتەوە با بۆ خۆی بچێت شت لەو بڕاندانە بکڕێت. دوکاندارێک لە ئیستانبوڵ کە دوێنێ دوکانەکەی داخست ئاماژە بەوە دەدات یەکێک لە وەزیرەکان بەس ئەوە ماوە بە "ناپاکیکەر لە وڵات" ناویان بهێنێت، بەڵام ئەو جۆرە قسانە کاریان تێ ناکات و ئەو بەشداری لە بایکۆتەکەدا کردووە. عەلی یەرلیکایا لە پەیامەکەی دوێنێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بایکۆتکردن زیان بە سەربەخۆیی ئابوریی تورکیا دەگەیەنێت و وتی: "ئیسرائیل بە چێژەوە سەیری بڕیاری بایکۆتکردنەکەی جەهەپە دەکات. بایکۆتکردن تەنیا زیان بە ئابوری تورکیا ناگەیەنێت، بەڵکو هەڕەشەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا". ئەم وتانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدا دێن، پێشتر ژمارەیەکی دیکەی گەورەبەرپرسانی تورکیا بە توندترین شێوە دژی ئەو بڕیارەی جەهەپە وەستاونەتەوە و لە دوێنێشەوە سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ بە پاساوی "هاندانی خەڵک بۆ دوژمنایەتی" و "بڵاکردنەوەی ڕق و کینە و جیاکاری" دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی لە بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمی ئەو بڕاندانە دەکەن کە لەو کەناڵانەوە ڕێکلامیان بۆ دەکرێت ڕوماڵی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان ناکەن بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو. لە دوای داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل کە پێشتر ناوی ژمارەیەک بڕاندی ڕاگەیاند و پاشان لیستەکەی فراوانتر کرد، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ داوایان کرد 2ـی نیسان بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەو هەڵمەتی بایکۆتکردنە دەست پێ بکات، لای خۆشیەوە ئۆزگور ئۆزەل پشتیوانی بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاند و داوای کرد هەموو کەسێک بەشدار بێت تێیدا. کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تورکیا لە کاتێکدایە، تا سێ مانگ لەمەوبەریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە خەڵک دەکرد چەند جۆرە بەرهەمێک بایکۆت بکەن و ئەمەیان بە ڕەواترین مافی هاوڵاتی دەزانی.
کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە بەبۆنەی ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە ڕایگەیاند کە ٤ی نیسان، مزگێنی ڕزگاریی گەلی کوردە لە چارەنووسی قڕکردن. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا کەجەکە جەخت دەکاتەوە کە بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەین، لەسەر بناغەی دیدگای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەک نەمام بچێنن و دەوروبەر سەوزپۆش بکەن". کەجەکە دەشڵێت: گەلی کورد و ژنان و گەنجان بەو هەڵوێستە بەجۆش و پڕ هیوا و بڕیارەی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و ڕێپێوانی ئامارا نیشانیاندا، وا دەکات لەمساڵدا بگەنە ئاستێکی بەرزی چالاکی و هێزی ڕێکخستنی بەهێز. وەک تەڤگەر، ئێمەش ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بناغەی تێکۆشانمان و بەم دیدگایەوە خەبات دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی هێژا دەکەین، بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن". ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: "٤ ی نیسان، لە ڕێبەر ئاپۆ و ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و هەموو گەلان و دۆستان و تەواوی جیهانی دیموکراتیک پیرۆز دەکەین. دیسانەوە هاوڕێ موستەفا داغ و مەعسوم کارائۆغلان، شەهیدانی ٤ ی نیسان کە بوونە سیمبولی گەنجی دڵسۆزی ڕێبەر ئاپۆ، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە. سڵاو لە ڕێپێوانکەرانی ئامارا دەکەین کە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا ڕوویانکردە بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی، سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشداربوون لە چالاکییە دیموکراتیکەکان. گەلی کورد تا دەرکەوتنی ڕێبەرێتی، مەحکوم بوو بە چارەنووسی قڕکردنی چەند بارە. ڕووبەڕووی قڕکردنی کەلتووری و جەستەیی دەبوویەوە و نامۆکرابوو لە ڕاستینەی مێژوویی خۆی. لەسەر بناغەی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن کە لە کوردستان پیادە دەکرا، تەنها ژیانێکی بایۆلۆژی بە کوردان ڕەوا دەبینرا، ئەویش بە مەرجی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کەلتووریی خۆیان. ناوی وڵات و کەلتووری کوردان لە مێژوودا سڕابووییەوە. بەم مانایە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، نوێنەرایەتی سەرلەنوێ ژیانەوەی هەبوونی کوردە کە دەخوازرا ناوەکەی لەمێژوودا بسڕێتەوە. واتای گەیشتنەوەی وڵاتی کوردستانمانە بە خۆری ژیانی خۆی. بۆیە، ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، مزگێنی ڕزگاریی گەلی کوردە لە چارەنووسی قڕکردنی سەد ساڵە. بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ی نیسان، مێژوو لە کوردستان دووبارە نووسرایەوە. مێژوویەکی نوێی هەبوون و ئازادی بە تێکۆشانی ئازادیی کورد کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، نووسرایەوە. زەمینەی بۆ سەردەمێکی نوێ بۆ ژنان و گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆشکرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گەلی کورد و ژن و گەنجانی کورد مانایەکی قووڵ بە ٤ی نیسان دەدەن. گەلەکەمان، بەتایبەت ژنان و گەنجان ٤ی نیسان وەک ڕۆژی لەدایکبوونەوە بۆ خۆیان پێناسە دەکەن و لەسەر ئەم بناغەیە لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لەم ڕۆژە دەکەن و پیرۆزی دەکەن. ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕۆژبوونی خۆیان دەزانن. دەڵێن: "ڕۆژبوونی تۆ، ڕۆژبوونی ئێمە". ئەو ڕاستییەی کە گەلەکەمان ئەم واتا قووڵە بە ٤ ی نیسان دەبەخشێت و لە هەموو جێیەک پیرۆزی دەکات، تادێت زیاتر دەبێتە بەهایەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژیانەوەی کوردی ئازاد بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد، هاوکات مانای ژیانەوەی کەلتووری و ئایینی و ناسنامەی گەلانی ترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ڕاستییەی کە کوردان ئەزموونی دەکەن، لەگەڵ ڕاستی مێژوویی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمان یەک دەگرێتەوە. ئەو کەسەی ئەم ڕۆح و کەلتووری پێکەوەژیان و خوشک_برایەتییە کەلتووری و مێژووییەی گەلەکەمان دەرخست، ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەم ڕۆحی ئاشتی و خوشک_برایەتییەی کە لە مێژووی و ژیانی گەلاندا هەبوو، لەسایەی ڕێبەر ئاپۆدا لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ زیندووبوویەوە. لە دژی ئەو زستانە تاریکەی کە لەلایەن دەوڵەت_نەتەوەکانەوە هاتەکایەوە، ئەمڕۆ ئەم ڕۆح و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و کەلتووریی و مێژووییەی کە وەک کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بنیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی گەلی کورد پێشدەکەوێت، تا دێت بەهێزتر دەبێت. گەلەکەمان ئێستە ڕوویکردووەتە ئامانجی ئازادیی ڕێبەرێتی. ڕۆژەڤی سەرەکیی گەلەکەمان ئەمەیە. گەلەکەمان ئیدی دەیەوێت ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی لەنێو خۆیدا ببینێت. لە هەموو دەرفەتێکدا پێداگری خۆی لەسەر تێکۆشانی دیموکراتیک بۆ ئەم ئامانجە دەردەبڕێت. ئەم ڕاستییە دوایین جار لە گۆڕەپانە پڕ جۆشوخرۆشەکانی نەورۆز بینرا. ئەم داوا و ئیرادەیەی گەلەکەمان ئیدی لەڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە بووەتە داوایەکی مومکین، دەبێت لەلایەن هەموو موخاتەبەکانەوە ببینرێت و بەدرووستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. چونکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ واتای چارەسەری پرسی سەد ساڵەی کوردە، چارەسەری پرسی کوردیش، دیموکراتیکبوونی تەواوی تورکیا دەگەیەنێت. گەلی کورد و ژنان و گەنجان بەو هەڵوێستە بەجۆش و پڕ هیوا و بڕیارەی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و ڕێپێوانی ئامارا نیشانیاندا، وا دەکات لەمساڵدا بگەنە ئاستێکی بەرزی چالاکی و هێزی ڕێکخستنی بەهێز. وەک تەڤگەر، ئێمەش ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بناغەی تێکۆشانمان و بەم دیدگایەوە خەبات دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی هێژا دەکەین، بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەین، لەسەر بناغەی دیدگای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەک نەمام بچێنن و دەوروبەر سەوزپۆش بکەن".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا دەدات و دەڵێت، باجێکی گەورە دەدەن، ئەگەر رێگە بدەن لە سووریاوە هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکرێت. رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پەیامێکی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا نارد. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامەکەدا ئەحمەد شەرعی بە 'ئەبو محەممەد جۆلانی' ناوبردووە و دەڵێت: "هۆشداری دەدەمە جۆلانی، سەرکردەی سووریا: ئەگەر رێگە بدەیت هێزە شەڕەنگێزەکان بچنە نێو سووریا و هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکەن، باجێکی قورس دەدەیت." وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئیسرائیل رێگە نادات سووریا بۆ کۆمەڵگە و بەژەوەندییە ئەمنییەکان [ـی ئیسرائیل] ببێتە هەڕەشە." کاتز ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیی دوێنێ بۆ سەر بنکەی سەربازی T-4 و فڕۆکەخانەی حەما و دەوروبەری دیمەشق پەیامێکی روون و هۆشداریین بۆ داهاتوو: رێگە نادەین زیان بە ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل بگات." شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان لە سووریا بۆردوومان کرد. سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازیی سوپای پێشووی سووریای لە دەرعا کردووەتە ئامانج؛ دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون. ئاژانسی هەواڵیی سووریا دەڵێت، هێرشێک کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی توێژینەوە لە گەڕەکی بەرزە لە باکووری دیمەشق و هێرشێکیش کراوەتە سەر پێگەیەک لە نزیکی شاری حەما، بەڵام زانیاری زیاتری لەسەر هێرشەکان ئاشکرا نەکرد. هێرشەکە کاردانەوەی حکومەتی سووریای لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی سووریادا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێنج شوێنی جیاواز لە سەرانسەری وڵات." وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد، رێگە لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێت. لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی داماڵدراو لە سنووری نێوان بەرزاییەکانی گۆلان و سووریا بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە کە تەواوی باشووری سووریا لە چەک دابماڵدرێت. بەگوتەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا، لەو رۆژەوەی کە ئەسەد رووخاوە، ئیسرائیل زیاتر لە 540 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.
