میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل دەوروبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لە دیمەشق و ناوچەیەکی دیکەی لە حەما لە نێوەڕاستی سووریا کردووەتە ئامانج.   رۆژی چوارشەممە، 02-04-2025، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی داگیرکار دەورووبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی کردە ئامانج."   بەگوێرەی ئەو میدیایە، هێرشەکە لە گەڕەکی بەرزە لە دیمەشق کراوە و پێشتر لەوێ دامەزراوەیەکی سەربازی کرابووە ئامانج.   ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیل دەوروبەری شاری حەمای بۆردوومان کردووە. لە ھێرشەکانی ئەمشەودا زۆربەی ئەو ناوچانەی سوریا کرانە ئامانج کە تورکیا دەیەوێت سەربازگەی نوێی تێدا دروست بکات. رادیۆی دەنگی ئیسرائیل: ھێرشەکانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆسەر 20 ئامانج لە سوریا پەیامی ئاگادار کردنەوە بوو بۆ سەرۆککۆماری تورکیا. سەرچاوەیەکی سەربازیی ناونەهێنراو ئاشکرای کرد، چوار فڕۆکە هێرشەکانیان کردووە. تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووە یان نا.    لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان پێگەی خۆی قایمتر کردووە.   لەوکاتەوە ئیسرائیل چەندین جار پێگە سەربازییەکانی سووریا، لەوانەش فڕۆکەی جەنگی، سیستمی مووشەک و بەرگری بۆردوومان کردووە.

  مینا کچێکی تەمەن چوار ساڵە، باوکی بەشێکی لە جگەری خۆی بەخشی بە کچە بچووکەکەی، تیمێکی پزیشکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی یەکەم چاندنی جگەر لە شاری پزیشکیی فاروق ئەنجامدرا. ئەمڕۆ دوای چوار مانگ لە نەشتەرگەرییەکە، مینا بە تەواوی چاکبووەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی پڕ لە خۆشی . دەقى ڕاگەیەندراوى نەخۆشخانەى پزیشکیی فاروق   خۆشەویستی و قوربانیدان و زانست پێکەوە موعجیزە دروست دەکەن مینا کچێکی ئازای تەمەن چوار ساڵە کە لەدایك بووە بە کێشەیەکی زگماکی لە جگەریدا کە یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستە. نیشانەکانی بە زەردبوونی پێست و نەمانی ئارەزووی خواردن دەستی پێکرد، بەڵام خۆشەویستی و قوربانیدانی باوکی لە کۆڵنەدان بەردەوام بوو. دوای ڕاوێژکردن بە ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان لە کوردستان و ئێران و هیندستان، هەمووان کۆك بوون لەسەر ئەوەی کە تاکە چارەسەر چاندنی جگەر بوو کە ئەوەش ئەبێت یا باوکی یاخود دایکی بێت، پاشان باوکی بووە هۆی ڕەواندنەوەی ئازاری کچەکەی و بەشێکی لە جگەری خۆی بەخشی بە کچە بچووکەکەی ، بە خۆشحاڵیەوە بە بوونی تیمێکی پزیشکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی یەکەم چاندنی جگەر لە شاری پزیشکیی فاروق ئەنجامدرا. ئەمڕۆ دوای چوار مانگ لە نەشتەرگەرییەکە، مینا بە تەواوی چاکبووەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی پڕ لە خۆشی . چاندنی جگەر یەکێکە لە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکانی جیهان و پێشتریش خێزانە عێراقییەکان بۆ چارەسەری پێویست دەبوو گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن. بەڵام بەهۆی پێشکەوتنە پزیشکییەکان و هەوڵەکانی شاری پزیشکیی فاروق، ئێستا ئەم نەشتەرگەریە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو لە شاری پزیشکیی فاروق بەردەستە و دەبێتەو هۆی گەڕاندنەوەی هیوایەك بۆ سەدان نەخۆش و خێزانەکانیان . ئەم چیرۆکە تەنها گەشتێکی چاکبوونەوە نییە، بەڵکو نموونەیەکی نایاب و سەرنجڕاکێشە کە چۆن ''خۆشەویستی قوربانی دانی باوکێك بە پاڵپشتی زانست دەبێتە دروست کەری موعجیزە. هیوای تەمەنێکی درێژ و تەندروست و بەختەوەری بۆ مینا و خێزانەکەی دەخوازین! لەم لینکەوە ڤیدیۆکە ببینە.   https://t.me/hawlatinews/23839

  ئەمڕۆ جیهان چاوەڕوانی دوایین بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا دەكات، كە بڕیارە شەڕی نوێی گومرگی بۆ سەر بازرگانی جیهانی رابگەیەنێت. ترەمپ بەنیازە، پاکێجێکی گەورەی سەپاندنی باج بەسەر سەرجەم وڵاتاندا بسەپێنێت، وەک خۆی ئاماژەی پێكردووە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی تەرازوی بازرگانی لە بەرژەوەندی ئەواندایە، واتە زیاتر هەناردەی ئەمریکا دەکەن لەوەی کە لێیەوە هاوردە دەکەن، ئەم بڕگەیە عێراقیش دەگرێتەوە. ئەو بڕیارانەی کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ترەمپ دەریانبكات، بەهۆی گرنگی و گەورەیی قەبارەكەی، ترەمپ رۆژی ٢ی نیسانی ناو ناوە بە رۆژی ڕزگاری، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەریان دەكات. ترەمپ باسی لەوەکردووە، ئەو روسوماتە گومرگیانەی لەم هەفتەیەدا رایدەگەیەنێت، هەموو وڵاتان دەگرێتەوە، نەک تەنها ژمارەیەکی سنوردار لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ناهاوسەنگی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە. عێراق، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هاوسەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا لە بەرژەوەندیدایە، لە ساڵی 2023، عێراق بە بەهای نزیکەی (9)ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکا کردووە، لەنێویاندا (6) ملیار دۆلار نەوتی خاو، لەبەرامبەردا عێراق بە بەهای تەنها یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئەمریکاوە هاوردە کردووە.

  چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو پارتى و یەکێتى لەسەر ئاستى باڵا کۆبنەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، کە یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیش لەخۆ دەگرێت. سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت ڕاگەیاند، چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو پارتى و یەکێتى کۆبنەوە و بڕیار لەسەر داواکارى یەکێتى بدرێت لەبارەى وەرگرتنى دوو سەرۆکایەتى هەرێم لە کۆى چوار سەرۆکایەتى. وتیشى هەردوو سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت بۆ پارتى یەکلابوونەتەوە، سەرۆکایەتى پەرلەمانیش بۆ یەکێتى، بەڵام یەکێتى داواى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى دادوەریش دەکات و چاوەڕواندەکرێت لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر رێککەوتنى نێوانیان بدرێت کە دروستکردنی هاوپەیمانی لەنێوان هەردوو حزب بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە خۆ دەگرێت. بەوتەى سەرچاوەکە، شەش وەزارەت بۆ یەکێتى یەکلابوونەتەوە کە پێشمەرگە و داراییان تێدایە ئەگەر لە دانوستانەکاندا گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت. رۆژى 18ى ئازار، هەردوو شاندى باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و گەیشتنە دواڕەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەش دواى دوو رۆژ لەکۆبوونەوەى لوتکەى نێوان مەسرور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى لەو بارەیەوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت رۆژى سێشەممە 19ى ئازار بە سبەى راگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە کە دواى جەژن هەردوولا کۆبنەوە و پرسی پێکهێنانى حکومەت و دابەشکردنى پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە، بۆ ئەوەى پێش ناوەڕاستى مانگى نیسان کابینەى نوێ پێکبهێنرێت. سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پێشتر بە میدیاى فەرمى حزبەکەى راگەیاندبوو، دواى رێککەوتن لەسەر رەشنوسى کۆتایی، کۆبوونەوەیەکى دیکە دەکرێت بۆ دابەشکردنى پۆستەکان، کە لەپەرلەمانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سەرۆکى هەرێم، ئەویش کەسێک بۆ بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ رادەسپێرێت و پێشکەشى پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردنى. یەکێتى و پارتى لە رەشنوسەکەى نێوانیاندا پۆستەکانیان بەسەر سێ ئاستدا دابەشکردووە، پۆستە باڵاکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، سەربارى دیاریکردنى دەسەڵاتەکان، بەتایبەتى دەسەڵاتى جێگرى سەرۆکى حکومەت کە یەکێتى داواى زیادکردنى دەکات. لەکۆبوونەوەکانى پێشووى نێوانیاندا پۆستە باڵاکان یەکلاکراونەتەوە، بەجۆرێک سەرۆکى هەرێم و سەرۆک وەزیران بۆ پارتى، سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى حکومەت و هەرێمیش بۆ یەکێتى دەبن، هەروەها نیمچە رێککەوتنێکیان کردووە لەسەر دابەشکردنى وەزارەتەکان بەجۆرێک وەزارەتەکانى، دارایی و تەندروستی و سامانە سرووشتیەکان و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاریی، بۆ یەکێتى بن. بەوتەى سەرچاوەکە، لەکۆبوونەوەکانى دواى جەژن رێککەوتنى کۆتایی لەسەر پۆستەکان دەکرێت بۆ ئەوەى پێش ناوەڕاستى ئەم مانگە کابینەى نوێ پێکبهێنرێت. خاڵێکى دیکەى رەشنوسەکە تایبەتە بە شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆک وەزیران کە بۆ مەسرور بارزانى یەکلایی بووەتەوە، بەوتەى سەرچاوەکەى سبەى هەردوولا رێککەوتوون سەرۆک وەزیران لەپەرلەمانەوە هەڵنەبژێردرێت بەڵکو دواى راسپاردنى لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە تەنها کابینەکەى بخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەسەتى متمانەپێدان پێی. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە یەکی ساڵی 1992ی هەموار کراو، دەسەڵاتی پەرلەمانە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) کە ئەویش دەسەڵاتی ناولێنانی ئەندامانی هەیە لەنێو ئەندامانی پەرلەمان و دەرەوەی دا. هەروەها بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2014ی هەمواری سێیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پاش ناونانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وزاریی لە ماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ تێپەڕنەکات.

  وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران.  وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی  ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمە، گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لەناو زەریای هیندی. شارەزایان دەڵێن: فڕۆکەی B-2 کە 'شەبەح'یشی پێدەڵێن، خاوەنی تەکنەلۆژیای خۆدزینەوەیە لە ڕادار و قورسترین بۆمب و چەکی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، بۆیە هێنراوەتە ئەو بنکەیە تاوەکوو بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێبکرێت.  فەرماندەیی ستراتیجی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی B-2، ئاشکرا بکات کە گەیشتوونەتە بنکەی دیگۆ گارسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ لێدوانێک لەسەر مەشق و ڕاهێنان یان ئۆپەراسیۆنەکانی B-2 نادات، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت بەم زووانە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر بنێرنە ناوچەکە. سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی دانووستان نەکات، ئەوە ڕەنگە نژاردەی سەربازی بەکار بهێنێت. هێزی ئاسمانی ئەمەریکا 20 فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی B-2 هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکارناهێنرێن.

  سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەخنەی توندی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو و جەختی کردەوە کە "شەقام چارەسەر نییە". دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی توندی دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی جەهەپە دەربڕی کە لە دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ، بەڕێوەدەچن. باخچەلی لە وتارەکەیدا نوسیوێتی: "قسە و ئازادیی رادەربڕین مافێکی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە مایەی تێکدانی دۆخی گشتی و خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە". سەرۆکی مەهەپە راشیگەیاند: "هەموو ئەو وتانەی کۆمەڵگە بۆ پشێوی، تووندوتیژی و یاخیبوون ئاراستە دەکەن، بە واتای پێشێلکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دێن". ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی مانگی رابردوو، چەندین جار داوای لە لایەنگرانی کردووە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانی نێوان لایەنگرانی جەهەپە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، باخچەلی گوتی، شەقامەکان رێگەچارە نین و دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، "هەر شوێنێک ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبێت، ناتواندرێت تێیدا باس لە ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت."   دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئادار و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی هەمان مانگ، ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتووەتەوە.   باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە لە رێگەی هاندانی خراپەوە، بەربەست بۆ بنیادنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی دروست بکەن، شکست دەهێنن."   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."   دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.

  ئەنجوومەنەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لە لایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.   دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان و ئێستا ئەنجوومەنەکانیان لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنیان رێککەوتن.   دەقی رێککەوتنەکە:   - هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت.    - وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت.     - بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.    - هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە).    - دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن.   - ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت.   - لیژنەیەکی هاوئاهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت.    -  زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت.   - دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ.   - ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە.   هەر لەو بارەیەوە بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بۆ "سەقامگیری و پێکەوەژیانی هاوبەش" گرنگە.    بەدران چیا کورد رێککەوتنەکەی بە قۆناخی یەکەم لە پلانێکی فراوانتر ناوبرد کە ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەیە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و گوتیشی، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامن.    بەدران چیا کورد گوتی، لە دانوستاندنەکانی داهاتووی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریادا بایەخێکی زۆر بە عەفرین دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی بۆ چارەکی کۆتایی و تەواوی ساڵی 2024؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 749 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (14 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (71%) زیادی کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (109 ملیۆن و 392 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (82 ملیۆن و 886 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (26 ملیۆن و 506 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە. تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (66 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (45 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (21 هەزار) بەرمیل بە ڕێژەی (46%) زیادی کردووە. لە تەواوی ساڵی (2024)دا لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (59 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (39 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (20 هەزار و 100) بەرمیل بە ڕێژەی (51%) زیادی کردووە. بەرمیلێک نەوتی خاوی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە بە کڕیاریانی ناوخۆ فرۆشراوە، لە چارەکی لە تەواوی ساڵی (2024)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە بەتێکڕا فرۆشراوە بە (35 دۆلار و 65 سەنت).

  بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی شەپۆلێکی باران و هەورەبرووسکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکە دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا.   دەستەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سبەی چوارشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمەباران دەبارێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت، شەپۆلەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانى دهۆک دەستپێدەکات، پاشان سەرجەم ناوچەکانى دیکە دەگرێتەوە."   بە گوێرەی کەشناسی، لەبەشێکی ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگای دهۆک شێوازى بارینەکە هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ تاوەبارانى بە لێزمە و برووسکە، لە درەنگی شەویشدا بارانبارین کۆتایی دێت."   هاوکات، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق  ڕاگەیاند، "لە سبەی تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و، ئەگەری بارانبارینی پچڕپچڕ لە سەرجەم ناوچەکاندا هەیە."   بە گوتەی عامر جابری، "لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن."   هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی دەڵێت "رۆژی 5ـی ئەم مانگە، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە برووسکەی بەهێزیشی لەگەڵدا دەبێت."   بە گوتەی محەممەد کەمال، "زۆرترین بڕی دابارینی ئەو شەپۆلە، ناوچەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە و 24 کاژێر بەردەوام دەبێت."

  محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە بەیەکەم پەیوەندى لەنێوانیان دادەنرێت لەدواى ڕوخانى رژێمى بەشار ئەسەدەوە، لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاواز بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا، پیرۆزبایی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کردوە. هەر لەو پەیوەندیەدا سودانی بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا هیوا و پیرۆزبایی خۆی بۆ گەلی سوریا دەربڕی، جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی عێراقکردەوەو پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى نوێى سوریا کردووەو هەمیشە رێز لە بژاردەى گەلى سوریا دەگرین، پشتیوانى لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکى سوریا دەکەین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەشکرکێشى سوپاى ئیسرائیل بۆ نێو خاکى سوریا رەتدەکەینەوە دەستێوەردانی دەرەکیی دووپاتکردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگی هاوکاریی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چەتەکانی داعش، جگە لە هاوکاری لە بوارەکانی ئابوری و هەل و دەرفەتی هاوبەشدا کردەوە. 

  عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەى ئیمراڵییەوە سڵاو بۆ گەلى کورد دەنێرێت کە لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا بە  جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی کردووە بۆ ئاشتى. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون. ئۆجەلان لە میانی دیدارەکەدا سڵاوی لە گەلی کورد کردووە کە لە نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا. عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەدان بەو دیدارە لە کاتێکدایە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە و پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوو دەدەن. عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە ئۆجەلان بە کەسوکاری ڕاگەیاندووە: "سڵاو لە گەلەکەمان کە لە نەروۆزدا بە  جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە. دووبارە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان لە گەکەمان پیرۆز بێت". لە 2014ەوە تەنیا حەوت جار ڕێگە دراوە کەسوکار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجەلان بکەن. سەردانی پێشوو دوای تێپەڕینی 44 مانگ لە دۆخی گۆشەگیریی لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا، کاتێک عومەر ئۆجەلان سەردانى ئۆجەلانى کرد.  ماوەیەکی زۆریش بوو ڕێگە بە کەسوکاریان نەدەدرا سەردانی عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە هاوشێوەى ئۆجەلان لە ئیمراڵى زیندانیکراون.  لە ئاداری 2015ەوە تاکوو ئێستا و بە سەردانەکەی ئەم جارەیشەوە تەنیا چوار جار ڕێگە بە کەسوکاریان دراوە سەردانی  عومەری خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بکەن و تەنیا سێ جاریش ڕێگە دراوە کەسوکاری سەردانی هامیلی یڵدرم بکات.  لە ماوەی 14 ساڵدا تەنیا پێنج جار ڕێگە بە پارێزەرەکانی دراوە، سەردانی ئۆجەلان بکەن. دوایین یەکتربینینی ئۆجەلان و پارێزەرەکانی لە 7ی ئابی 2019دا بوو.  لەو کاتەوەی سێ زیندانیکراوەکەی دیکەیش ڕەوانەی ئیمراڵی کراون، ڕێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە سەردانیان بکەن. لەسەر دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکە، شاندێکی دەم پارتی لە 28ی کانونی یەکەمی 2024ەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان کرد. سەردانی دووەم لە 22ی کانونی دووەمی 2025 و سەردانی سێیەمیش لە 27ی شوبات ئەنجام درا. هەرچەند لە سەردانی یەکەم و دووەمدا تەنیا پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام سەردانی سێیەم ژمارەی ئەندامانی شاندەکە زیاد کرا بۆ حەوت کەس. جگە لە دوو ئەندامەکەی پێشووی شاندەکە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی؛ ئەحمەد تورک، سێیەم ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لەنێو شاندەکەدا بەدی دەکران. دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە سەردانی سێیەم، لە ئیستانبوڵ بانگەوازێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت. هەرچەند پەکەکە لای خۆیەوە بە دەم داواکارییەکەوە هات و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەزاران هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە. 

گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشداری داوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە ئەگەر ئەمەریکا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بنێت. ئەمیر عەلی حاجی زادە، سەرۆکی یەکەی ئاسمانی سوپای پاسداران لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیدا هۆشداری دا، کە سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە دۆخێکی لاوازدان. گوتیشی: وەک ئەوە وایە لە خانوویەکی شووشەییدا دانیشتبن، کاتێک ماڵەکەت لە شووشەیە، نابێت بەرد لەکەسانی دیکە بگریت. دوای ئەوەی ترەمپ سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، کە لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سزای ئابووریی توند بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم  فشارانە، ئێران چالاکییەکانی زیاتر کردووە و دەڵێت: بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنییە. بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ، دۆخەکە ناجیگیر دەبێت. هۆشدارییەکەی عەلی حاجی زادە، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 'ئێن بی سی' دا ڕایگەیاندبوو، کردەی سەربازی دژی ئێران ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە. ترامپ گوتیشی: ئەگەر ئێران ڕێکنەکەوێت، شەڕ ڕوو دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە "بۆردومانکردنەکەشی هاوشێوەی ئەوانە دەبێت کە پێشتر نەیانبینیوە." عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماریی ئیسلامی ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و بەڵێنی دا، ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشی بکەنە سەر، ئەوە بەرپەرچدانەوەی بەهێزیان دەبێت. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامە تایمزی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە "مووشەکەکانی ئێران لە سەرجەم شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان لەسەر سەکۆکانیان بارکراون و ئامادەن بۆ هەڵدان و دەڕواننە سنووری عێراق"، گۆڤارەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک، زیانی زۆری بۆ حکوومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت. سەرەتای ئەم مانگە، ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و داوای دانووستانی ئەتۆمی کرد و لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە ئەگەری کردەیی سەربازیی، بەڵام نامەکە بە خێرایی لەلایەن خامنەییەوە ڕەت کرایەوە و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵی چەواشەکردنی جیهان دەدات، چونکە دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دانووستان بکات.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەخت لە بره‌ودان به‌ كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن لەنێو هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانى كوردستان دەکاتەوە.   بە بۆنەی سه‌ری ساڵی نوێی 6775ـی بابلی، ئاشووری و جه‌ژنه‌کانی ئه‌کیتۆوه‌،‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان پيرۆزبايى لە هاووڵاتییانی کلدان، ئاشووری و سریان لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەکات.   لە پەیامەکە نێچیرڤان بارزانی دا هاتووە: جەژنی ئه‌کیتۆ بۆنەیەکی مێژوویی و دێرينى شارستانیی به‌هاداره‌، قووڵایيی ڕەگی کولتووری و مرۆیيی یەکێک لە دێرینترین پێکهاتەکانی ناوچەکەمان نيشان ده‌دات کە له‌ به‌ره‌به‌يانى مێژووه‌وه‌ بەشدارییان لە دروستکردنی شارستانیيەته‌كانی ناوچەکە و پاراستنی فرەڕه‌نگييه‌کەیدا، کردووە. لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە له‌ هه‌رێمى كوردستان جەخت لە پابەنديی هەمیشەییمان به‌ پاراستنی ماف و ئازادییەکان، بره‌ودان به‌ كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن لەنێو هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانى كوردستاندا دەکەینەوە. با ئەمساڵ جەژنی ئەکیتۆ دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ پته‌وكردن و بەهێزکردنی خۆشەویستی و ژیانی هاوبەش و ڕێزله‌يه‌كگرتن لەنێو هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندا، هه‌روه‌ها سەرچاوەی هیوایەک بێت بۆ داهاتوویەکی باشترى پڕ لە گەشەسەندن و ئارامى و ئاسووده‌يى بۆ هەمووان.

  چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایانگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل لە رێگەی ناوبژیوانانەوە بە حەماسیان وتووە؛ کە ئەمە دوا ساتەکانتانە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرانەوە هۆشداریی بە حەماس داوە ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، وەک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا وتی، دەرگای دۆزەخیان لێدەکەنەوە. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەری ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردبووەوە، کە سوپای ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی دژ بە حەماس فراوانتر دەکات". ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە بەشێکە لە هەڵمەتی "فشاری زیاتر"، کە ئامانج لێی ناچارکردنی حەماسە بە ئازادکردنی زۆرترین بارمتە. پێشتر خەلیل حەیە سەرۆکی حەماس لە غەززە رایگەیاندبوو، چەکەکانمان هێڵی سورن. ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕوونیکردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست  نەکرێت ئەگەری هەیە سوپای ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززە داگیر بکات و  دوو ملیۆن فەلەستینی ئاوارەبن.    ڕۆژی سێشەممە 2025-03-18، دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و برینداربوون.

  مارین لوپان سه‌ركرده‌ی پارتی "گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی"ـی فه‌ره‌نسا كه‌ نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یه‌، به‌ تۆمه‌تی "گه‌نده‌ڵیكردن" سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا و چانسی بوون به‌ سه‌رۆكی داهاتووی فه‌ره‌نسای له‌ده‌ست دا. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ـی ئازاری 2025 دادگای پاریس به‌ تۆمه‌تی خراپبه‌كارهێنانی سامانی گشتیی وڵات، سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ر مارین لوپاندا سه‌پاند و به‌پێی بڕیاری دادگا، نیوه‌ی ئه‌و سزایه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و لوپان دوو ساڵ زیندانیده‌كرێت. بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگا، رێگریده‌كات له‌وه‌ی مارین لوپان تا پێنج ساڵی داهاتوو خۆی بۆ پۆستی حكومی كاندیدبكات. له‌ هه‌مان دانیشتنی دادگاكه‌دا و به‌ هه‌مان تۆمه‌ت كه‌ خراپبه‌كارهێنانی سامانی گشتییه‌، هه‌شت په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه‌ سه‌ر به‌ پارته‌كه‌ی مارین لوپانن، بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ ده‌ركرا. مارین لوپان له‌ دیارترین رابه‌رانی راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانی فه‌ره‌نسایه‌ و پارتی "گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی"ـی كه‌ ناوبراو سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین پارتی ناو په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا و له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا میشێل بارنیێ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی فه‌ره‌نسای له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرد، فشاریشی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئیمانوێل ماكرۆن كورسیی سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ره‌نسا به‌جێبهێڵێت و ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، به‌ڵام ماكرۆن پێداگیریی كرد له‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات و تا ساڵی 2027 له‌ پۆسته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌. به‌پێی راپرسییه‌كان، پێش بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای پاریس، مارین لوپان ده‌بووه‌ دیارترین كاندیدی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2027ـی سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ره‌نسا، به‌ڵام به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی دادگاوه‌ چانسی خۆكاندیدكردنی له‌ده‌ست دا.