ــ ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت ــ ئەگەر ئەم دەستە درێژکراوە رەتبکەنەوە و بەردەوامبن لە پشتیوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت محمەد ساَڵح سدقیان، شرۆڤەكاری بواری سیاسی و ستراتیجی ئێرانی، لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە سەكۆی (ئێكس) دەقی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران بڵاوكردووەتەوە. لەنامەكەدا ترمەپ وتویەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت، بەڵام ئاگادارتان دەکەمەوە، ئەگەر ئەم دەستە درێژکراوە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای ئاڵۆزی و بەردەوامی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشیە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. دەقی نامەكەی ترەمپ بۆ خامنەیی: جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی لەگەڵ رێز بۆ پێگەی سەركردایەتیتان و گەلی ئێران، ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دوور لە ساڵانی ململانێ و خراپ لێکتێگەیشتن و روبەڕوبونەوەی ناپێویست کە لە دەیەکانی رابردوودا شاهیدی بووین. کاتی ئەوە هاتووە دوژمنایەتی بەجێبهێڵین و لاپەڕەیەکی نوێی لە هاوکاری و رێزگرتنی یەکتر بکەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەماندایە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت. پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان هەڵبوەشێنینەوە، ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگاکانی هاوکاریی نێوان وڵاتەکەمان بکەینەوە، نەک تەنها بۆ قازانجی هەردوو گەل، بەڵکو بۆ قازانجی سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان. بەڵام ئاگادارتان دەکەمەوە، ئەگەر ئەم دەست درێژکراوە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای ئاڵۆزی و بەردەوامی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشیە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رژێمەکەت بۆ سەر گەلەکەمان یان هاوپەیمانەکانمان دەستەوسان نابین. ئاشتی لاوازی نییە، بەڵکو هەڵبژاردەی بەهێزەکانە. گەلی ئێران گەلێکی مەزنن، شایەنی ئایندەیەکی باشترن، دوور لە گۆشەگیری و هەژاری و نەهامەتی. ئەگەر ئامادەن بۆ دانوستان، ئێمەش ئامادەین. بەڵام ئەگەر بەردەوامبون لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی جیهان، مێژوو تۆماری دەکات کە دەرفەتێکی گەورەتان لەدەستدا. لەگەڵ رێزدا دۆناڵد جی ترەمپ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق داوا لە سەرجەم هاوڵاتییانی لە سوریا دەکات، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە هاوڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداردەکاتەوە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە جەژنی رەمەزاندا، کە لەوانەیە باڵیۆزخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە گشتییەکانی دیمەشق، بکرێتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، داواش لە هاوڵاتییانی ئەمریکیی دەرەوەی سوریاش دەکات، بەهۆی مەترسیی شەڕ، نائارامی، رفاندن، بەبارمتەگرتن و ئاڵۆزییەکان بەگشتی، لەپێناو سەلامەتییان، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە ساڵی 2012ـەوە چالاکییەکانی راگرتووە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی کونسوڵگەریی فریاگوزاری، پێشکەش بە هاوڵاتییانی ئەمریکی لە سوریا بکات، لەئێستادا کۆماری چیک نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکات. هەر بۆیە باڵیۆزخانەکە دەڵێت، “ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لە سوریا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە، پێویستە پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی کۆماری چیک بکەن”.
دەم پارتی بڕیاری داوە کە بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە بکات کە لەسەر بانگەوازی جەهەپە ئەمڕۆ شەممە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ، جەهەپە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار لە کەناری ماڵتەپە گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات. دەم پارتی بڕیاری خۆی سەبارەت بەگردبوونەوەی ماڵتەپە ڕاگەیاند لەهەژماری سۆشیال میدیای پارتەکە لەئەستەنبوڵ لێدوانێکی لەبارەی گردبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک هێزەکانی کرێکاری و ئاشتی و دیموکراسی ئەستەنبوڵ، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار کاتژمێر ١٢:٠٠ لەگردبوونەوەی ماڵتەپە کۆدەبینەوە، ئێمە بەرگری لەدیموکراسی و ئیرادەی گەل دەکەین!". پێشتر هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوو کە ئایا دەم پارتی بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە دەکات کە لەلایەن جەهەپە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو ڕێکخرابوو یان نا. میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی دەم پارتی لەئێستاوە حکومەتی ئاکەپەی توڕە کردووەو بەدووری نازانن کاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەی ئاشتییە هەبێت کە چەند مانگێکە قسەی لەسەر دەکرێت. پێشتر سەبارەت بەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد، تونجەر باقرخانی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بەشداریی کردبوو، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەناڕەزاییەکانو وتی “ئێمە گروپی چالاکوانی جەهەپە نین، ئێمە پشتگیریان دەکەین، بەڵام بۆ ئەمە ناچینە سەر شەقامەکان”.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دوورخراوەى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لە نوسینێکیدا کە لە رۆژنامەى نیۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە تورکیا رژێمێکی سەرکوتکەر هاتووەتە کایەوە و تورکیا بووەتە کۆماری ترس. بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، ئیمامئۆغڵو کە هاوکات کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لە وتارەکەیدا نوسیوویەتی، ئەردۆغان باش دەزانێت کە لەسەر سندوقی هەڵبژاردن ناتوانێت هەڵبژاردن لە ئەو بباتەوە، بۆیە رەوانەى زیندانی کردووە، دەشڵێ، لەبەرئەوەی رکابەری سەختی ئەردۆغانە، زیندانی کراوە. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی 2024ـدا، بۆ جاری دووەم بە زۆرترین دەنگ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرایەوە و لە 19 ی ئەم مانگەش لە ماڵەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دۆسیەى گەندەڵی و هاوکاریکردنی رێکخراوى نایاسایی دەستگیرکرا.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ناڕازیین لە رێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان. ئەپیکور دەڵێت، "ئەمڕۆ بۆمان روونبوویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات، کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگیرێت، هەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور"هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕاگەیاند: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فێدراڵ بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانمان و بوودجەی عێراق. گوتەبێژی ئەپیکور، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆمان ڕوونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت. مایڵز کاگینز جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق قبوڵکراو نین و، ئەپیکور ئامادە نییە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات، تا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت و تێدا رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوزای وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و داھاتووش. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.
سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد سێ مەرجی سەرەکییان هەیە ئەگەر ئەحمەد شەرع جێبەجێیان بکات ئامادەی پێشوازیی لێبکات، هەفتەکانی داهاتووش یەکلا کەرەوە دەبن لەوبارەیەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جوزێف عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان رایگەیاند: سێ مەرجمان هەیە بۆ سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، مافی سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا جێبەجێ بکات، بەروونی روبەڕوی تیرۆر ببێتەوە و گرەنتی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکان بکات، ئەو سێ بنەمایە سەرەکیین بۆ حوکمڕانی قۆناغی راگوزەری سوریا و ئایندەی ئەو وڵاتە. وتیشی :"بەرەچاوکردنی دۆخی چەند هەفتەی داهاتوو ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن و پێشوازی لە سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، چونکە چەند هەفتەی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت، تائێستاش ئەو گفتوگۆیانەی هەیە بەشێوەیەکی ئەرێنی و باش بەڕێوەدەچن. ئەوە لەکاتێکدایە هەردوو سەرۆکی لوبنان و فەرەنسا لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی یۆنان و قوبرس گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرە سورییەکان. سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: پرسی ئاوارە و پەنابەران بابەتی گرنگن بەلای لوبنانەوە، بەهەمانشێوە بۆ ناوچەکەش گرنگن. ماکرۆن زیاتر لە جارێک جەختی لەسەر گرەنتی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی کرد بۆ گەڕانەوەی سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەوبارەیەوە کاری رژد بکەن بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و رەچاوکردنی ئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتییان. لەگەڵئەوەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دۆخی سوریای بە ناسەقامگیر و نەگونجاوزانی لە قۆناغی ئێستادا دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد کە زیاتر لە خێزانەکەی زیاتر لە نیوسەدە حوکمڕانیی سوریایان کردووە.
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." لەبارەی خۆپیشاندانەکانیش رەخنە لە جەهەپە دەگرێت و بە "هەوڵێکی فاشیستانە"ی ناودەبات. پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوەیە و دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." باخچەلی پێیوایە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری کاریگەریی لەسەر بوارە جیاوازەکانی ژیان لە تورکیا دەبێت، لەوانەش لە بواری ئابوورییەوە، وتیشى: ئەگەر بێتو چەکەکان بنێژرێن تورکیایەک دێتە ئاراوە، هیچ وڵاتێک نابێت شان لەشانى بدات. ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە." دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات. سەرۆکی مەهەپە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی، "ئەو ناڕەزایەتییە نابەجێیانەی جەهەپە پێشڕەوێتییان دەکات، دوورن لە هەموو بەهایەکی دیموکراسی، زۆر ناهاوسەنگ و هەڕەشەئامێزن." باخچەلی ئەو خۆپیشاندانانەی بە "بەربەست" لەبەردەم دیموکراسی و برایەتیی خەڵکی تورکیادا ناوبرد و رایگەیاند، "رژاندنی خەڵک بۆ سەر شەقام، بە مەبەستی تێکدانی دۆخی تورکیایە و هەوڵێکی فاشیستانەیە." دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئەم مانگە و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی مانگ، ناڕەزایەتی لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتوەتەوە.
لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ١٣ داواکاریی بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر تونجەر باقرخان و ١٠ پەرلەمانتاری دیکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا. بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی ١١ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کە تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)ـیشی تێدایە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ١٣ داواکاریی پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تورکیا کرد. سەرۆکایەتی کۆمار داواکارییەکانی بۆ لیژنەی تێهەڵچوون کە لە ئەندامانی لیژنەی دادپەروەری و دەستووری بنەڕەتی پێک دێت، ناردووە. ئەو کەسانەی کە داواکارییەکەیان لە دژ بەرزکراوەتەوە بەمشێوەیەیە: تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، عەلی ماهیر باشارر، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، گوڵستان کلچ کۆچیغیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ئەحمەد شک، پارلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) سیبەل سوویچمەز، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ترابزۆن، نەخلا دەمیر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئاگری، جەمال ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئەستەنبوڵ، ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیزمیر، بێریتان گونەش ئاڵتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین، کۆرای ئایدن، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنقەرە، سالیحا ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین. زانراوە، هەریەک لە جەمال ئەنگینیورت و سالیحا ئایدەنیز هەریەکی دوو داواکاریی لە دژیان بەرز کراوەتەوە.
سەرەڕاى رێوشوێنە ئەمنییەکان لەنێوان بەریتانیا و فەرنسا، رۆیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی لە فەرنساوە بۆ بەریتانیا زیایکردووە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پێنج هەزار و 844 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا. بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک لە لەندەنەوە زانیاریەکان، کۆچبەران بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ بەزاندنی کەناڵی ئینگلیز بە بەلەمی بچووک لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە بۆ بەریتانیا. دەشڵێت، بەگوێرەى ماڵپەڕى ئینفومایگرنس، کە هەواڵ و زانیارى لەبارەى کۆچبەرانەوە بڵاودەکاتەوە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، پێنج هەزار و 844 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، کە ژمارەی ساڵى پێشووی تێپەڕاندووە، کە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا پێنج هەزار و 373 کۆچبەر بووە. سەرچاوەکان دەشڵێت، بەگوێرەى داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەم زیادبوونە نوێنەرایەتی بەرزترین ئاست دەکات کە بۆ ئەم کاتەی ساڵ تۆمارکراوە، ئەمەش رەنگدانەوەی بەردەوامی رۆیشتنی کۆچبەرانی نایاساییە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان لە هەردوو دیوی کەناڵی ئینگلیز.
وەزیری کارەبای عێراق، ڕایگەیاند، ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازی ئێران بگرێتەوە، ئەوا تووشی هاوینێکی تاقەت پڕوکێن دەبین. زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، لە لێدوانێکدا گوتی: "سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە غاز ڕوون نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازیش بگرێتەوە، تووشی هاوینێکی گەرم دەبین." وەزیرەکەی کارەبا باسی لەوەش کرد، "تا ئێستا لە واشنتن گفتوگۆکان سەبارەت بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق بەردەوامە". عەدنان جابری، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمان، پێشتر ڕایگەیاندبوو "ئەو غازەی لە کێڵگە عێراقییەکانەوە بەرهەم دێت، 60%ی خواستی ناوخۆ پڕناکاتەوە، هەر بۆیە دەبێت حکوومەت کار بۆ ئەوەی بکات ئەمەریکا ڕێگەمان پێ بدات غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکەین." سەبارەت بە هاتنی وەرزی هاوین، جابری گوتی، "دەزگا حکوومییەکان کار لەسەر چارەسەرکردنی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکەن." عێراق بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، پشت بە غازی ئێران دەبەستێت، کە وەزارەتی کارەبا ڕۆژانە بڕی 40 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تێكەڵكردنی بە حكومەتی ناوەندیی سوریا دەكات. بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئەمڕۆ هەینی، ئەردۆغان و پوتین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان وڵاتەكانیان و چەند پرسێكی ناوچەكە و جیهانیان كردوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەردۆغان وتویەتی، توركیا گرنگییەكی زۆر بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ روسیا دەدات لەبارەی پرسی سوریاوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە گرنگە توركیاو روسیا پێكەوە كاربكەن لەپێناو مسۆگەركردنی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سوریا لەسەر بنەمای یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە و دەشتوانن پێكەوە كاربكەن لەدژی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ پەكخستنی یەكێتی سوریا و دەستوپەنجە نەرمكردن لەگەڵ جیاكاری ئەتنیكی و تائیفی و هەروەك دەشتوانن پێكەوە كاربكەن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا بەتەواوەتی. ئەردۆغان جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت سەرچاوەكانی سوریا بەدەست حكومەتی سوریاوە بن و توركیاش پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و تێكەڵكردنیان بە ئیدارەی ناوەندیی سوریا دەكات و گرنگترین شتیش بەقسەی ئەردۆغان بۆ سەقامگیری سوریا ئەوەیە رێگەبگیرێت لەوەی سوریا بكرێتە "ناوچەیەكی لەبار بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان." لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا تاوتوێی پرسی كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكرانیا كراوەو لەوبارەیەوە ئەردۆغان وتویەتی، توركیا لە نزیكەوە چاودێری پڕۆسەی كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەكات و ئامادەیە بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەكی پڕۆسەكە لەوانەش میوانداریكردنی دانوستانەكانی ئاشتی نێوان هەردو وڵات. ئاسایشی هاتوچۆی كەشتییەكان لە دەریای رەش یەكێكی تر بوە لەو پرسانەی كە پوتین و ئەردۆغان تاوتوێیان كردوە، ئەردۆغان لەوبارەیەوە وتویەتی، توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر رۆڵی خۆی بۆ رێگریی لەوەی كە دەریای رەش ببێتە ناوچەیەكی ململانێ و شەڕ.
حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، یەک رەنگ دەبێت، پێکهاتەکانی وەک کورد، دروز و عەلەوی تێدا بەشدار نابن وەک لایەنی سیاسی، بەڵکو مەرجی ئەوەی ئەو کەسانە هاوسۆزی تەحریر شام بن. بەپێی سەرچاوەکان، حکومەتی نوێی سوریا، یەک رەنگ دەبێت، جیهادییەکانی نزیک لە ئەبو محەمەدی جۆلانی رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێکهاتەی حکومەتەکەدا، کە پێکدێت لە 22 وەزارەت و بڕیارە سبەینێ شەممە 29ـی ئازار رابگەیەنرێت. بەپێی دەستوری نوێی سوریا، حکومەتەکە سەرۆک وەزیرانی تێدا نییە، سیستمی حوکمڕانی سوریا سەرۆکایەتی دەبێت، بەڵکو سکرتێری گشتی سەرۆک وەزیرانی تێدایە. سەبارەت بە رۆڵی پێکهاتەکان لە حکومەتی نوێی سوریا، بەپێی زانیارییە، وەزیرەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە روی نەتەوەو مەزهەبەوە ژمارەیەک عەرەب، کورد، مەسیحی، سوننە، عەلەوی و دروزی لە خۆدەگرێت وەک کەسایەتی سەر بە تەحریر شام و نزیک لە ئەحمەد شەرع، نەک نوێنەرایەتی پێکهاتە و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان، بازرگان و دەرچوانی زانکۆکانی رۆژائاواش لە خۆدەگرێت، تەنانەت یەک وەزیری رژێمی بەشار ئەسەد-یش تێدا دەبێت. سەبارەت بە رۆڵی ژنانیش، بەپێی سەرچاوەکان، یەک وەزیری ژن لە خۆدەگرێت. وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە، داد و ناوخۆ بۆ لایەنی تەحریر شام دەبن. پێشبینی دەکرێت موحەمەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی ئێستا رۆڵی دیکەی وەزاری پێبدرێت. حکومەتەکەی شەرع بلۆکی سیاسی (حزبی سیاسی) تێدا نابێت، ئەو کەسانەشی دەبنە وەزیر دەبێت هاوسۆزی تەحریر شام بن.
کەشناسیی عێراق پێشبینی بارینی نمەباران لە رۆژانی جەژن دەکات، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک نمەباران دەبارێت. ئەمڕۆ هەینى 28ـی ئادارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕاگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانمان لە سبەی شەممەوە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق ئەگەری بارینی نمەباران و دابەزینی پلەکانی گەرما هەیە." عامر جابری گوتی، "لە رۆژی یەکشەممەوە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و بارانی پچڕ پچڕ لە بەشێکی زۆری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت. شەپۆلەکەش تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت." بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێریش هەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی شەممە، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی دەلێت: پێشبینی دهكرێت له ئێوارەی رۆژی شەممە تاوەکو درەنگی شهوی یهكشەممە، شهپۆلێكی نمەبارانی بههارە و ههوره بروسكه ناوچهكانی ههرێمی کوردستان بگرێتهوه و به بڕی جیاواز باران ببارێت." بە گوتەی محەممەد کەمال، لهرۆژی دووی مانگی داهاتووەوە ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە، هەروەها خێرایی لە 27 بۆ 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
لەسەر داوای یەکێتی تۆپی پێی عێراق، یانەی نەورۆز لە یاریی داهاتووەوە چوونەژوورەوەی هاندەران دەکات بە پارە، بەڵام یانەکە پارەیەکى رەمزى لە هاندەران وەردەگرێت. لەو ژمارە یاریەی کە یانەی نەورۆز ماویەتی و لە یاریگای خۆی یاری دەکات، هاندەر بە بلیت دەچێتە یاریگا نێودەوڵەتیەکەی نەورۆزەوە، ئەوەش لەسەر داوای یەکیتی تۆپی پێی عیراق بۆ کەمکردنەوەی پشێوی و رووداوە نەخوازراوەکانی ناو یاریگا، چونکە یاریگاکە جێگەی 15 هەزار هاندەر دەبێتەوە، بەڵام لە هەموو یاریەکاندا سەروو 20 هەزار هاندەر ئامادە دەبن. هێرش کەمال جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز دەڵێت، یەکیتی تۆپی پێی عیراق فشاری لە یانەکەیان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی یاریگا و باش بەڕێوەچوونی یاریەکان دەبێت هاتنەژوورەوەی هاندەر بکرێت بە پارە. دەشڵێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات لەدواین یاری نەورۆز بەرامبەر قوەجەویە، زیاتر لە 25 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون، بۆیە سەرپەرشتیاری یاریەکە ئەوەی وتبوو ناتوانێت یاریەکە بە باشی بەڕێوەبەرێت، چونکە هاندەرێکی زۆر لە یاریگاکەدایە و ناتوانرێت وەک پێویست کۆنترۆڵ بکرێت. جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کورسیییە ڤی ئای پییەکان، هەموو کورسییەکانی دیکەی ناو یاریگا هەمان نرخ دەبێت. ئەوەش لەدوای ئەوەدێت کە لە ماوەی رابردوودا، دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز لەو بارەیەوە راپرسییەکی کردبوو، کە زۆربەی هاندەرانی یانەکە و وەرزشکاران لەگەڵ ئەوەدابوون چوونەژوورەوە بۆ ناو یاریگاکە بکرێت بە بلیت.
محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ئاشكرایدەكات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە نامەكەیدا بۆ تاران، داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی عێراقی لە ئێران كردووە. باڵیۆزی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " الشرقیە" وتیشی، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی ئەمنیی یاسایی عێراقییەو بەغداد بڕیاری لەبارەوە دەدات، ئێران چی پەیوەندیەكی بەوەوە هەیە تا لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆی لەبارەوە بكات. سەبارەت بە داواكەی واشنتۆن لە تاران، ئال سادق وتی، داوای هەڵوەشاندنەوەو تێكەڵاوكردنی حەشدی كردووە بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق، جەختیشكرد لەوەی، تاران ئامادەیە تەنها گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن بكات، ئەوە لەكاتێكدایە، لە دوای دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەمریكا داواكارییەكانی لە تاران لە دوو دۆسیەوە زیادكردووە بۆ چوار دۆسیە، كە ئەوانیش: دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمییەكەى، دۆسیەی بەرنامە موشەكییەكانی ئێران، دۆسیەی حەشدی شەعبی، دۆسیەی گروپە چەكدارەكان (كە پێدەچێت تەواوی گروپە هاوپەیمانەكانى ئێران لەناوچەكە بگرێتەوە نەك تەنها گروپەكانی عێراق). قسەكانی باڵیۆزی ئێران لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەكاتێدایە، تائێستا چەندین بەرپرسی عێراق لە سەرویانەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا رەتیكردووەتەوە، ئەمریكا هیچ دوایەكی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێكەڵاوكردنی بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق پێشكەش بە عێراق كردبێت.
