کابینەی نوێی حکومەتی سووریا درەنگانی شەوی رابردوو راگەیێندرا. حکومەتەکە لە 22 وەزارەت پێکهاتووە کە تەنیا یەک وەزیریان کوردە. لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش دەڵێن "نوێنەرایەتی ئێمە ناکات."   هاونیشتمانییەک بە ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە پۆستی وەزیری پەروەردەی لە کابینەی نوێی حکومەتی سووریا پێدرا.   محەممەد تورکۆ کێیە؟   - ساڵی 1979 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەکانی دیمەشق تەواو کردووە. - لە زانکۆی دیمەشق، کۆلیژی یاسای لە ساڵانی 1997-2001 خوێندووە. - لە ساڵی 2003، وەک یاریدەدەری مامۆستا لە کۆلیژی پەروەردە لە زانکۆی دیمەشق دامەزراوە، بە پسپۆڕی لە یاساکانی منداڵان و رێکخراوەکانیان. - لە زانکۆی لایپزیگی ئەڵمانیا لە 2004-2009 بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە، بە پسپۆڕی لە یاساکانی منداڵان و رێکخراوەکانیان (مافەکانی منداڵ) - لە ساڵی 2009 وەکو ئەندامی دەستەی وانەبێژانی زانکۆی دیمەشق دامەزراوە - 2013 بۆ 2014 سەرۆکی بەشی پەروەردەی منداڵ (باخچەی منداڵان - مامۆستای پۆل) بووە لە کۆلیژی پەروەردە  - 2016 بۆ 2020 جێگری راگری کۆلیژی پەروەردە بووە بۆ کاروباری خوێندکاران و کارگێڕی  - هاوژینی هەیە و باوکی سێ منداڵە   محەممەد تورکۆ لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی دوێنێ (شەممە)، سەرۆکی ئەنجوومەنەکانی خۆجێیی ئەنەکەسە رایگەیاند، "ئێمە، نابینە بەشێک لە حکومەتێک کە مافەکانی گەلەکەمان بە فەرمی ناناسێت."   هاوکات ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) جەختی لەوە کردەوە، بەشداریی رێوڕەسمی راگەیاندنی کابینەی حکومەتی کاتیی سووریا ناکەن. 

  ئەو خانەنشینانەی بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 خانەنشینکراون، مووچەکانیان هاوتای خانەنشینانی بەغدا دەکرێت و مینحە 100 هەزار دینارییەکەش دەیانگرێتەوە. سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی پێش 2014-01-01 خانەنشینکراون، واتا بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی ژمارەی 9ـی ساڵی 2014، مووچەیان دەستکاری دەکرێت و لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت، زیادکردن و دەستکاری مووچەشیان بەپیی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت دەبێت. بەوتەى سەرچاوەکە هەر خانەنشینێکی زیندوو مووچەکەی لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت، بۆی دەکرێت بە 500 هەزار دینار، ئەوانی تریش بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت مووچەکانیان دیاری دەکرێت. مینحە 100 هەزارییەکەش دەیانگرێتەوە ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک کەمترە کە دەستی پێکردووە و ئێستا ڕاگیراوە، ڕەنگە لە مانگی چوار یان پێنج دەستپێبکاتەوە کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانیان قۆناغی باش چووەتە پێشەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوو ئەوانەی ماون مووچەکانیان هاوتا دەکڕێت. بۆ میراتگرانی خانەنشینانیش  کەمترین مووچەیان 400 هەزار دەبێت بەمشێوەیە: میراتگرێک 320 هەزار مووچەکەی بێت، لەگەڵ 100 هەزارەکە دەبێتە 420 هەزار.  دوو میارتگر بە هەردووکیان 360 هەزار وەردەگرن لەگەل دوو 100 هەزاری. سێ میراتگر یان زیاتر 400 هەزار وەردەگرن بە هەموویان، بەهەمانشێوە ئەوانیش مینحە 100 هەزارییەکە دەیانگرێتەوە. بۆنموونە خانەنشینێک کۆچی دوایی کردووە، چوار میراتگری هەیە، مووچەشی کەم بووە، 400 هەزاری بۆ دادەنرێت، ئەم 400 هەزارە بەسەر هەر چواریان دابەش دەکرێت و هەر یەکێکیان 100 هەزاری بەردەکەوێت، هەر یەکێکیشیان 100 هەزار وەردەگرێت، واتا مووچەی هەر یەکێکیان دەبێتە 200 هەزار.

لە سوریا، رێوڕەسمی راگەیاندنی پێکهێنانی حکوومەتی راگوزەر بەڕێوەچوو و ناوی ئەندامانی کابینەی نوێ ئاشکرا کرا. لەم رێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەر ئەنجام درا، پلانی نوێ بۆ بوژاندنەوەی وڵات خرایە ڕوو. ئەحمەد شەرع لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ سوریا هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو پێشەوە دەنێت و گەلی سوریا لەدایکبوونی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیان دەبینن."  بەپێی قسەکانی ئەو، راگەیاندنی حکوومەتی راگوزەر دەرخەری "ئیرادەی هاوبەشی سووریەکانە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ و سەربەخۆ و بەهێز و خاوەن سەروەری." سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا جەختی لەسەر چەند ئامانجی سەرەکی حکوومەتەکەی کردەوە و رایگەیاند کە ئامانجی یەکەمیان بریتییە لە دووبارە بنیاتنانەوە و چاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێپرسینەوە و شەفافیەت و پاشانیش چارەسەرکردنی پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شەرع جەختی کردەوە کە کار دەکەن بۆ دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان و پاشان کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە بواری پەروەردە و تەندروستی.  شەرع ئەوەشی خستە روو کە کار دەکەن بۆ چارەکردنی کێشەکانی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی ئەو کەرتە و پاشانیش بەهێزکردن و بنیاتنانەوەی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی دەستی ناوخۆیی. شەرع لە کۆتایی وتارەکەیدا رایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سوریا بکەنە دڵی عرووبەی جیهانی عەرەبی. ئەم هەنگاوە، دوای تێپەڕینی نزیكەی چوار مانگ بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دێت. ناوی بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی راگوزەری سوریا: مورهەف ئەبو قەسرە- وەزیری بەرگری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا مەروان حەلەبی- وەزیری خوێندنی باڵا  مەزهەر وەیس- وەزیری داد  محەمەد بەشیر- وەزیری وزە محەممەد ئەبو خەیر شوکری- وەزیری ئەوقاف  ئەنەس خەتاب- وەزیری ناوخۆی سوریا محەممەد یەسر بەرنییە - وەزیری دارایی  هەند قبوات- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی  نیزال شەعار- وەزیری ئابوری رائید ساڵح - وەزیری بەهانەوەچون و کارەساتەکان عەبدولسەلام هەیکەل- وەزیری گەیاندن  حەمزە موستەفا- وەزیری راگەیاندن محەممەد ساڵح- وەزیری رۆشنبیری موسعەب عەلی_ وەزیری تەندروستی - ئەمجەد بەدر_ وەزیری کشتوکاڵ عەلی کیدە - ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران

  سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوانیان لە ناوچەی ڕەفەح دەستپێکردووە بۆ فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری غەززە. دەروازەی ڕەفەح دەروازەی کەرتی غەززەیە بۆ جیهانی دەرەوە، هەروەها خاڵی سەرەکیی چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناو غەززە. بەپێی زۆرێک لە شیکارییەکان، کۆنترۆڵکردنی پەڕینەوەی ڕەفەح سەرەتایەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکە و سنووری لەگەڵ میسر، کە قاهیرە دەڵێت، پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤدە. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنێکی هاوەن لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکى نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل هێزەکانیان لەچەند شوێنێکى جیاوازى ناوچەکەوە تەقەبان لێکراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شوێنێک لە خان یونس، لەو ناوچەیەی کە هێزەکانی باشووری غەززە پێشتر لە ڕۆژی شەممەوە گولـلە هاوەنیان لێیەوە تەقاندووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناوچەی ئەلجونەینا لە شاری ڕەفەح دەستپێکردووە، بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری کەرتی غەززە. بەرپرسێکى بزوتنەوەى حەماسیش دەڵێت ئیسرائیل لە پێناو ڕزگارکردنی حکومەتەکەی ناتانیاهۆی تاوانبار، وەستان و خۆیاندزیەوە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. ئەو بەرسە وتیشى: نەتانیاهۆ ماوەی ساڵێکی تەواو خۆی دەدزێتەوە و هەموو هەوڵەکانی ناوبژیوانان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پووچەڵ کردووەتەوە، ئێمە پابەند بووین بە هەموو مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە. لەوەتەی شەڕ لە غەززە دەستی پێکردووە، ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دیوی فەلەستینی پەڕینەوەکە و چاودێریکردنی هەموو ئەو یارمەتییانەی کە دێنە ناو غەززە، چەندین جارە نەتانیاهۆ هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر ڕەفەح دەکات. سەرەڕای دژایەتیی وڵاتانی جیهانی لە نێویشیاندا واشنتن.

  جەنەراڵ عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمزی کرد، ئەگەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر. ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری داخستنی گەروەکە لەلایەن فەرماندە باڵاکانی وڵاتەوە دەدرێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش بەرپرسیارێتی منە. تەنگسیری وتیشی، ئێران چاوپۆشی ناكات لە هیچ هێرشێک بكرێتەسەری، هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان بدات و دەربازبێت، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بین بەدوایەوەبین بۆ کەنداوی مەکسیک، ئەوا ئەو کارە دەکەین. ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران جەختیكرد، وڵاتەکەی ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەکەی یان تواناکانی بەرەی مقاوەمە و، ئەم پرسانە بۆ گفتوگۆ نین. ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە چوار خاڵ وەڵامى نامەکەى دۆناڵد ترەمپى داوەتەوە کە تێیدا دوو مانگ مۆڵەتى بۆ تاران دیاریکردبوو کە یان بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، یاخود بژاردەی سەربازی هەڵدەبژێرێت. لەدوو رۆژى رابردوودا، ئێران لەڕێگەی میرنشینی عوممانەوە وەڵامى نامەکەى ترەمپى دایەوە كە تێڕوانینی ئێرانی تێدا ڕوونكراوەتەوە، سەبارەت بە دۆخی ئێستا و نامەكەی ترەمپ. وەڵامى ئێران بۆ نامەکەى ترەمپ بەسەر چوار خاڵدا دابەشکراوە و بە جیا و بە وردی وەڵامی هەر بڕگەیەکى نامەکەی داوەتەوە، بە بەکارهێنانی زمانێکی گونجاو لەگەڵ ئەو زمانەی کە ترەمپ بەکاری هێناوە، ئەوەش بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى ئێرانى بۆ رۆژنامەى عەرەبی جەدید.

  بە گوێرەى راپرسییەک، کە پاش دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کراوە، دەریدەخات جەهەپە 33% و ئاکپارتی 30%ـی دەنگەکانى هەڵبژاردنى داهاتوو بەدەستدەهێنن و ئیمامئۆغڵو لەبەرامبەر ئەردۆغاندا بەربژێربێت، لانیکەم بە جیاوازیی 7% دەبێتە سەرۆککۆمار. راپرسییەکە لە 26 پارێزگای تورکیا لەلایەن کۆمپانیای "سەر ئار بۆ راپرسی" کراوە، دوو هەزار کەس بەشدارییان کردووە و پرسیاری ئەوە کراوە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت دەنگ بە کام پارت و کام بەربژێر دەدەیت. بەگوێرەی راپرسییەکە دەنگی جەهەپە 33.8%، ئاکپارتی 30.2%، پارتی دەم 10.4%، مەهەپە 7.5%، زەفەر 6.4%، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 5.9%، ئیی پارتی 2.4٪ و پارتی کرێکارانی تورکیا 1.6% و دەنگی ئەوانی دیکە 1.8%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنن. هاوکات پرسیار لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و رەجەب تەیب ئەردۆغان رکابەریی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بکەن، دەنگ بە کامیان دەدەیت، ئیمامئۆغڵو 47.2% و ئەردۆغان 40.3%ـی دەنگەکانی بردووتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری رابردوودا، جەهەپە 37.8% و ئاکپارتی 35.5%ـی دەنگەکانیان هێنا.

  سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات و هیوا دەخوازێت، بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات. ئەمە دەقی پەیامی سەرۆک وەزیرانە: بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. ئومێدەوارم پشووی جەژن، لە خۆشی و شادی و ئارامیدا بەسەر ببەن. لە خوای مەزن نزاکارین کە ڕۆژوو و خواپەرستیی هەمووان قبوڵ بکات و هیوادارین بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات. جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە ئاشتی و تەناهی و تەندروستیدا بژین. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

  فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەبۆنەى هاتنى جەژنى ڕەمەزانەوە پەیامێکى بڵاوکردوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان. هەروەها لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى هەسەدا هاتووە: هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. دەقى پەیامەکە پیرۆزە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی چەکدارە خۆپاراستنەکانمان دەکات لەسەر سنوورەکانی نیشتمان، پاسەوانی ئاسایش و سەلامەتی وڵاتەکەی. هەروەها بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو نەتەوەی ئیسلامی و کەسوکاری شەهیدانمان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین. هیوادارین هەموو لایەک جەژن لە کەشێکی خۆشی و ئاسایش و ئارامیدا بەسەر بەرن. هەروەها هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان، بەبێ گوێدانە پەیوەندی و بیروباوەڕ و ئاراستەکانیان.  هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. داگیرکردنی خاکەکانی کۆتایی دێت و سوریەکان بە دەستی خۆیان ئایندەی وڵاتەکەیان لە قاڵب دەدەن، بەگوێرەی خواستەکانیان و بە شێوەیەکی دیموکراسی. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات

  بەپێی بەشێكی دیكەی ئەو ڕاپۆرتەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەبارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، دەردەكەوێت لە كۆی 100 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تەنها 27 یان بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەیە، 10 پەرلەمانتاریش بڕوانامەی ناوەندی و ئامادەیی. بەپێی ڕاپۆرتەكە 13 پەرلەمانتار دكتۆرا، 14 یان ماستەر، یەكێكیان دكتۆرای باڵا و 55 یان بەكالۆریۆس و حەوتیان دبلۆم و پێنجیان ئامادەیی و پێنجیشیان ناوەندییان تەواوكردووە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە زۆرترین پەرلەمانتاری پارتی دكتۆرایان هەیە كە نۆ كەسن، هەر پێنج بڕوانامە ناوەندییەكەش پەرلەمانتاری پارتین، یەكێتی هیچ پەرلەمانتارێكی خاوەنی دكتۆرا نییە، نەوەی نوێش پەرلەمانتارەكانی نە دكتۆرا و نە ماستەری تێدایە، تاقە پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانیش بڕوانامەی ئامادەیی هەیە. دوو ڕۆژ لەمەوبەر، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی خۆی لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەو رەوشەی لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا راگوزەراوە پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە كە لە لیستەكان لە سەروبەندی بانگەشەدا بە دەنگدەرانیان داوە، ئۆباڵیشی دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی پارتی و یەكێتی بەرپرسیارن لێی. دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەكردووە: ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون یەك هەڵوێست نین و دابەش بوون كاریگەرییان بەسەر گۆڕانكارییەكانەوە نییە، هەندێكیان هەڵوێستیان بەرپرسیارانەیە و گوێیان لێ ناگیرێت، هەندێكیان لاوازن، هەندێكیان چاویان لە دەستكەوتە و هەندێكیان یارییەكی قێزەون دەكەن لەنێوان دوو هێزە سەرەكییەكیەكەدا. بەپێی راپۆرتەكەی پەی؛ دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەكە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان كراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین كراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێكڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700.000 دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینار. لە راپۆرتەكەدا وردەكاریی زیاتر خراوەتەڕوو، كە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێك كە مووچەی مانگانەی 8.200.000 هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەكان پێكنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەكان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7.700.000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێك تێكڕا نزیكەی 23.100.000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە. ئەو پەرلەمانتارانەشی كە مووچەیان وەرنەگرتووە، تەنها ئەو پەرلەمانتارانەن كە سوێندی یاساییان نەخواردووە، ئەوانیش (عەبدولستار مەجید، عومەر گوڵپی، لاهور شێخ جەنگی). لەبەشێكی دیكەی راپۆرتی چاودێرییەكەیدا، دامەزراوەی پەی نوسیویەتی: لەبەرامبەر ئەنجامدانی كاری پەرلەمانی كە بریتییە لە ئامادەبوونی دانیشتنەكان و ئەندامێتی لە لیژنە تایبەتمەندەكان و بەشداری لە كۆبونەوەكانی و پابەندبوون بە خۆ تەرخانكردنی تەواو بۆ كاری پەرلەمانی، ئەندام كۆمەڵێك مافی هەیە كە بریتییە لە وەرگرتنی مووچە، بەڵام ئەندامان هیچ كام لەو ئەركانەیان نەبینییوە، نە ئامادەی دانیشتنەكان بوونە، نە لیژنەكان پێكهێنراون تا كاری بەدواداچوونی تێدا بكەن، نە یەك خولەكیش خۆیان بۆ كاری پەرلەمانی تەرخانكردووە، ئەی چۆن دەكرێت مووچە وەربگرن كاتێك یەكەم دانیشتنی سوێندخواردن پووچەڵ بێت. دامەزراوەی پەی لە راپۆرتەكەیدا نوسیویەتی: پەرلەمانتارانی لە سەروبەندی كاندید بونیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرترین بەڵێنیان بە هاوڵاتیانی دەنگدەردا لە سەروەری یاساوە تا چاك كردنی مووچە و گوزەرانیان، بەڵام دوای سوێندخواردنیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و جگە لە وەرگرتنی ئیمیتیازاتەكانیان هەڵوێستێكیان نەنواندووە كە كاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر گۆڕینی رەوشەكە، جگە لە چەند ئەندامێك نەبێت كە ژمارەیان كەمە و لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكان و بەشێكیان لێدوانی بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیان پێچەوانەی یەكترن. لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوشی هەرێم دەبێت، چونكە تا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرێت، لیژنەكانی پەرلەمان پێكناهێنرێت، رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناگیرێتەبەر، كوتلەی بروە دەستنیشان ناكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و كابینەی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەشكردووە: لە بۆشایی هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژەی دەبێت، دوور لە چاوی دەسەڵاتێكی چاودێری و بەردەوامیش دەبێت لەسەركارە نایاساییەكانی، ئەو رەوشە ناهەموارە و پێشێلكارییە یاساییانەش هەموو ئەو لیستانە لێی بەرپرسیران كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی سەروەری یاسایان دەكرد.

کەجەکە رایگەیاند، پەیامێکی مێژوویی بڵاوکراوەتەوە و هیودارن کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت و برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت. کۆمیتەی گەلان و باوەڕمەندییەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان کەجەکە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بانگەواز لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەن، ئەم جەژنە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی و هاوکاریکردنی یەکتریی، پەیامێکی مێژووی دراوە وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی زانایانی ئاینی و رێبەرانی باوەڕدارەکان. دەشڵێت، وێڕای راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تورکیا هەموو رۆژێک بەسەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانی گەریلاکان بۆردومان دەکەن. تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە: "جیهانی ئیسلامی بە تەواوکردنی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئامادەکارییدایە بۆئەوەیی جەژنی ڕەمەزان پیرۆز بکات. وەک تەڤگەر سەرەتا جەژنی ڕەمەزان لە جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین و هیواخوازین ئەم جەژنی ڕەمەزانە بۆ هێنانەئارای دادپەروەری، یەکسانی  و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی ئیسلامی، بۆ ئاشتی و یەکسانی لە نێوان گەلان و باوەردارییەکاندا ببێتە سەروەر و ببێتە ئامرازێک بۆ پەرەدان بە ژیانی دیموکراتیکی. هیواخوازین ئاشتی، ئازادی، یەکێتی، یەکگرتوویی، یەکسانی، خوشک-برایەتی و بەرەکەت بهێنێ بۆ هەموو گەلانی موسڵمان کە ڕۆژەووەکانیان بە نیازی باش، نزای باش و کاری باشەوە تەواو دەکەن. وەک کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەژن لە نێو شەڕێکی سەخت، گرژی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتییدا تێپەڕ دەکەین. کۆمەڵگە موسڵمانەکان کە لە جوگرافیایی جیاوازدا دەژین، ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، سیاسەتەکانی کۆڵۆنیالی-زۆرداری و کێشە سیاسییەکان بوونەتەوە. لە چەندین دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوین، وە بە تایبەت لە غەززە، سووریا، ڕۆژئاوا، باشوور و هەرێمەکانی گەریلا، جڤاتی موسڵمانان مانگی ڕەمەزان بە تێکۆشان لە دژی هێرشی قڕکاری، فشار، زۆرداری، برسێتی و قەیرانەوە تێپەڕ دەکەن. هێرشەکان لە مانگی ڕەمەزاندا لەسەر غەززە درێژەی هەیە. گەلی عەلەوی لە مانگی ڕەمەزاندا لە سووریا قڕکران. لە ڕۆژئاوا پەرستنەکانی ڕۆژوو بە بەرخۆدانی گەلی شکۆدار لە دژی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی سەر بەنداوی تشرین بەسەربرا. وێرای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش هەموو ڕۆژێک بە سەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک، لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان کران. بەم بۆنەوەیەوە دەمانەوێت ئەوە بیربهێنیەوە بەرخۆدانی موسڵمانان لە دژی هێرشەکان وێڕایی ڕۆژووی ڕەمەزانی پیرۆز، هێندەی پەرستشەکانیان پیرۆزە. جەژنی ڕەمەزان لە هەموو موسڵمانان پیرۆز دەکەین کە لە هەموو جێگەیەک لە بەرخۆداندان. بانگەوازی لە هەموو موسڵمانان دەکەین کە لە ئاینداری حەقیقەت، دادپەروەری، ئاشتی، باشی و ڕاستییدان لە قۆناغەکانی داهاتوودا هاوکاری تێکۆشانی دیموکراسی بکەن کە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئارادایە. کوردستانیانی وڵاتپارێزی هێژا؛ لەم پرۆسەیەدا کە گەواهیدەری پرۆسەیەکی نوێین و ناوەندکەی کورد و کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین. کوردانی موسڵمان زۆرینەیی ڕۆژەکانیان کە ڕۆژوویان تێدا گرتووە بە چالاکی دیموکراتیکی و تێکۆشان لە گۆڕەپانەکاندا تێپەڕ دەکەن. تێکۆشانی مەزنی گەلی کورد کە بە ٨ی ئادارەوە دەستیپێکرد و لە نەورۆزدا گەیشتە ترۆپک، پەیامێکی مێژوویان دا. ئەم پرۆسەیە کە بە ماناداریی مێژوویەوە تێیدا کۆبووینەتەوە، ئیمکانەکانی پێکهێنانی شۆڕشی ئازادی، ڕوانگەیی نەتەوەیی دیموکراتیک، بونیادنانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی لە هێڵی شارستانێتی دیموکراتیکدا زیاتر گەورە دەبێت و پێش دەکەوێت. وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی سەیدانی هێژا، زانایانی ئاینی و ڕێبەرانی باوەردارییەکان. لەسەر بناغەی بونیادنانی ژیانی ئازاد، یەکسانی و هاوبەش دامەزراندنی مۆدێلی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلان و بەڕێوەبردنی تێکۆشانی سەردەمی بە ئامانجی گەورە و پیرۆزی پێکهێنانی ڕێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەش بە مانایی سەرلەونوێ لە دایکبوونەوە دێت. هیودارین کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت، خوشک-برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە زەمینەی شەڕ و ئاڵۆزی ڕزگاری ببێت و دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی تێیدا سەروەر بێت. بەم بۆنەوەیە وەک تەڤگەر جارێکی دیکە جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانیان پیرۆز دەکەین و هیواخوازییان نیاز و نزایان قبوڵ بێت. دەبێت لە جەژنی ڕەمەزاندا بەهێزتر خاوەنداری لە شەهیدانمان بکەین و یادییان بکەینەوە. دەبێت بەشێوەی کۆمەڵ سەردانی گۆڕستانی شەهیدان بکەین و یەکگرتووی خۆمان بە بنەماڵەی زیندانیان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانەوە لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەین. بە بۆنەی جەژنەوە جارێکی دیکە وەک تەڤگەر بە ڕێز و منەتدارییەوە لە ئاست یادکرنەوەی شەهیدانماندا بەژنمان دادەنەوێنییەوە و بەڵێنمان دووپاتەکەینەوە بۆ دۆزی مافداری کۆمەڵگەی دیموکراتیک درێژە بە تێکۆشانی گەلی کورد بدەین. بانگەوازی لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو جێگەیەکی جیهان دەکەین، ئەم جەژنی ڕەمەزانە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی، پەرەدان و مەزنکردنی هاوکاری و یەکگرتوویی. بانگەوازی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەموو لایەنەکانی موسڵمانی دیموکراتیک دەکەین بە هۆشمەندی نەتەوەیی دیموکراتیکییەوە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و یەکێتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکراتیک بەهێز بکەن. دیسانەوە هیواخوازین ئەم جەژنە دادپەروەری، ئاشتی، خوشک-برایەتی و ئازادی بۆ گەلان بێنێت و جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلانی موسڵمان و بە تایبەت گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەین."

ــ ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت ــ ئەگەر ئەم دەستە درێژکراوە رەتبکەنەوە و بەردەوامبن لە پشتیوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت محمەد ساَڵح سدقیان، شرۆڤەكاری بواری سیاسی و ستراتیجی ئێرانی، لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە سەكۆی (ئێكس) دەقی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران بڵاوكردووەتەوە. لەنامەكەدا ترمەپ وتویەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت، بەڵام ئاگادارتان دەکەمەوە، ئەگەر ئەم دەستە درێژکراوە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای ئاڵۆزی و بەردەوامی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشیە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. دەقی نامەكەی ترەمپ بۆ خامنەیی: جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی لەگەڵ رێز بۆ پێگەی سەركردایەتیتان و گەلی ئێران، ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دوور لە ساڵانی ململانێ و خراپ لێکتێگەیشتن و روبەڕوبونەوەی ناپێویست کە لە دەیەکانی رابردوودا شاهیدی بووین. کاتی ئەوە هاتووە دوژمنایەتی بەجێبهێڵین و لاپەڕەیەکی نوێی لە هاوکاری و رێزگرتنی یەکتر بکەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەماندایە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت. پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان هەڵبوەشێنینەوە، ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگاکانی هاوکاریی نێوان وڵاتەکەمان بکەینەوە، نەک تەنها بۆ قازانجی هەردوو گەل، بەڵکو بۆ قازانجی سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان. بەڵام ئاگادارتان دەکەمەوە، ئەگەر ئەم دەست درێژکراوە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای ئاڵۆزی و بەردەوامی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشیە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رژێمەکەت بۆ سەر گەلەکەمان یان هاوپەیمانەکانمان دەستەوسان نابین. ئاشتی لاوازی نییە، بەڵکو هەڵبژاردەی بەهێزەکانە. گەلی ئێران گەلێکی مەزنن، شایەنی ئایندەیەکی باشترن، دوور لە گۆشەگیری و هەژاری و نەهامەتی. ئەگەر ئامادەن بۆ دانوستان، ئێمەش ئامادەین. بەڵام ئەگەر بەردەوامبون لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی جیهان، مێژوو تۆماری دەکات کە دەرفەتێکی گەورەتان لەدەستدا. لەگەڵ رێزدا  دۆناڵد جی ترەمپ

  باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق داوا لە سەرجەم هاوڵاتییانی لە سوریا دەکات، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە هاوڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداردەکاتەوە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە جەژنی رەمەزاندا، کە لەوانەیە باڵیۆزخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە گشتییەکانی دیمەشق، بکرێتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، داواش لە هاوڵاتییانی ئەمریکیی دەرەوەی سوریاش دەکات، بەهۆی مەترسیی شەڕ، نائارامی، رفاندن، بەبارمتەگرتن و ئاڵۆزییەکان بەگشتی، لەپێناو سەلامەتییان، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە ساڵی 2012ـەوە چالاکییەکانی راگرتووە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی کونسوڵگەریی فریاگوزاری، پێشکەش بە هاوڵاتییانی ئەمریکی لە سوریا بکات، لەئێستادا کۆماری چیک نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکات. هەر بۆیە باڵیۆزخانەکە دەڵێت، “ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لە سوریا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە، پێویستە پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی کۆماری چیک بکەن”.

دەم پارتی بڕیاری داوە کە بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە بکات کە لەسەر بانگەوازی جەهەپە ئەمڕۆ شەممە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ، جەهەپە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار لە کەناری ماڵتەپە گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات. دەم پارتی بڕیاری خۆی سەبارەت بەگردبوونەوەی ماڵتەپە ڕاگەیاند لەهەژماری سۆشیال میدیای پارتەکە لەئەستەنبوڵ لێدوانێکی لەبارەی گردبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک هێزەکانی کرێکاری و ئاشتی و دیموکراسی ئەستەنبوڵ، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار کاتژمێر ١٢:٠٠ لەگردبوونەوەی ماڵتەپە کۆدەبینەوە، ئێمە بەرگری لەدیموکراسی و ئیرادەی گەل دەکەین!". پێشتر هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوو کە ئایا دەم پارتی بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە دەکات کە لەلایەن جەهەپە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو ڕێکخرابوو یان نا. میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی دەم پارتی لەئێستاوە حکومەتی ئاکەپەی توڕە کردووەو بەدووری نازانن کاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەی ئاشتییە هەبێت کە چەند مانگێکە قسەی لەسەر دەکرێت. پێشتر سەبارەت بەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد، تونجەر باقرخانی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بەشداریی کردبوو، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەناڕەزاییەکان‌و وتی “ئێمە گروپی چالاکوانی جەهەپە نین، ئێمە پشتگیریان دەکەین، بەڵام بۆ ئەمە ناچینە سەر شەقامەکان”.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دوورخراوەى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لە نوسینێکیدا کە لە رۆژنامەى نیۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە تورکیا رژێمێکی سەرکوتکەر هاتووەتە کایەوە و تورکیا بووەتە کۆماری ترس. بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، ئیمامئۆغڵو کە هاوکات کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لە وتارەکەیدا نوسیوویەتی، ئەردۆغان باش دەزانێت کە لەسەر سندوقی هەڵبژاردن ناتوانێت هەڵبژاردن لە ئەو بباتەوە، بۆیە رەوانەى زیندانی کردووە، دەشڵێ، لەبەرئەوەی رکابەری سەختی ئەردۆغانە، زیندانی کراوە. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی 2024ـدا، بۆ جاری دووەم بە زۆرترین دەنگ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرایەوە و لە 19 ی ئەم مانگەش لە ماڵەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دۆسیەى گەندەڵی و هاوکاریکردنی رێکخراوى نایاسایی دەستگیرکرا.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ناڕازیین لە رێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.   ئەپیکور دەڵێت، "ئەمڕۆ بۆمان روونبوویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات، کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگیرێت، هەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور"هەینی 28ـی ئاداری 2025،  ڕاگەیاند: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فێدراڵ بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانمان و بوودجەی عێراق. گوتەبێژی ئەپیکور، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆمان ڕوونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت.  مایڵز کاگینز جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق قبوڵکراو نین و، ئەپیکور ئامادە نییە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات، تا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت و تێدا رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوزای وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و داھاتووش. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)  نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.