چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمرالی دەم پارتی پێش نەورۆزی ئامەد سەردانی ئیمرالی بکات و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات و بە پەیامێکەوە بگەڕێتەوە. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان، زانیاری نوێی لە بارەی سەردانی نوێی شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، دوای تەواوکردنی هەموو ئەو کار و چالاکییانەی کە دەم پارتی لە نەخشەڕێگاکەیدا پێشتر بڵاویکردووەتەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداری جەماوەریی لە خۆدەگرێت، چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمرالی دەم پارتی جارێکی دیکە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات. ئەوەش زانراوە، شاندەکە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ سەردانەکەی ئەنجام دەدات و بە پەیامێکەوە دەگەڕێتەوە. هێشتا ڕوون نییە کێ لە شاندەکەدا جێ دەگرێت. لە ٢٧ـی شووبات، شاندێکی حەوت کەسی کە هاوسەرۆکانی دەم پارتیشی تێدابوو، سەردانی ئیمرالییان کرد و دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، هەمان ڕۆژ بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” بڵاوکردەوە، پاشان لە ١ـی ئادار، پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند. دواتر دەم پارتی نەخشەڕێگایەکی بڵاوکردەوە و لە چوارچێوەی ئەو نەخشەڕێگایەدا، بڕیاریدا لانیکەم لە ١٠١ شار و شارۆچکەدا دیداری جەماوەریی ڕێکبخات و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ پارتەکانی تورکیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجام بدات. هەروەها دەم پارتی لە ١٧ـی ئادار لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کۆدەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دەم پارتی دوای دیدارەکەی لە ئیمرالی، لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی یان نەرێنی و بەروارەکەی نەزاندراوە.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕازین بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام، بەمەرجى ئەوەى پێویستە ببێتە هۆی بەردەوامیی ئاشتی و سڕینەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە. ئەو قسەیەی پووتنین لە کاتێکدا بوو کە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە مۆسکۆیە لە پێش دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەسەر پێشنیاری ئاگربەست بۆ ماوەی 30 ڕۆژ. ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سوپاسی ترمپى کرد کە هێندە گرنگیداوە بە گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەى پرسەى ئاشتى لەگەڵ ئۆکرانیا. ئەو دەشڵێت: ڕووسیا هاوڕایە لەگەڵ پێشنیازی ئاگربەست، بەڵام پێویستە ببێتە هۆی "ئاشتییەکی بەردەوام، پووتین وتى: پێویستە لەگەڵ هاوکار و هاوبەشە ئەمریکییەکانمان دانوستان بکەین" و "ڕەنگە" پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامبدەم. سه‌رۆكى ڕوسیا جەختیشی لەوە کردەوە کە "چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا پێویستی بە چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ململانێکان هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی چاودێریکردنی ئاگربەست لە کاتی ئاگربەستدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ هەیە. پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە، ڕاوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ڕووسیا ڕەخنەی لە پێشنیازی ئاگربەستی ئەمریکا و ئۆکرانیا گرت و ڕایگەیاندبوو کە "ژووری هەناسەدان" بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین دەکات. یوری ئوشاکۆڤ دوای ئەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا قسەی کرد، بە میدیای دەوڵەتی ڕاگەیاند: ئەمە جگە لە پاشەکەوتێکی کاتی بۆ سوپای ئۆکرانیا هیچی تر نابێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ واڵتز ڕێگەی بە "ئاڵوگۆڕی بیروڕا" لە کەشێکی "ئارام"دا داوە. ئوشاکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسیا بەدوای "چارەسەرێکی درێژخایەنی ئاشتیانە"دا دەگەڕێت کە گەرەنتی "بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیا" بکات، جەختیشی لەوە کردەوە "ئەمە ئەوەیە کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین".

سەردار رەواندزی وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ڕاگەیاند، مامەڵەی قۆناغی یەکەمی ئەو فەرمانبەرانە تەواوبووە، کە مانگی 12 خانەنشین بوون، بەمزووانە باجی خانەنشینی لە فەرمانگەکانی خۆیان وەردەگرنەوە. ئەو وتەبێژە دەشڵێت، بڕیارە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ، مووچەی مانگی یەک و دوو و سێ پێکەوە وەربگرن. سەبارەت بە خەرجکرنی پاداشتی خانەنشینی، کە بۆ هەندێکیان 12 مووچەیە و بۆ هەندێکی دیکەیان 18 مووچەیە، وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەوەشى خستەڕوو، جارێ دیارنییە ئەم پاداشتە کەی بۆیان خەرجدەکرێت، مەرج نییە لەگەڵ وەرگرتنی یەکەم مووچەی خانەنشینی ئەم پاداشتە وەربگرن، بەڵام رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد کراوە و بێ کێشە رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت، واتە پاداشتەکە وەردەگرن. ئەو وتیشى: ئەوانەشى هێشتا مامەڵەکانیان تەواونەکراوە، هەوڵدەدەین بەمزووانە مامەڵەکانیان تەوابکەین، چونکە دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشینی لە پەرێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تاوەکو بە زووی مامەڵەکان تەواوبکەن. هاوکات سەرچاوەیەک لە خانەنشینیی سلێمانی ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، تائێستا کەمترین مامەڵەی فەرمانبەرانی تازە خانەنشینبوو لە وەزارەتی پەروەردە تەواوکراوە، لە پەروەردە مامەڵەى زۆر کەڵەکەبوون، بەڵام کارەکان سستن. سەبارەت بە گەڕانەوەی 100 هەزار دیناری خانەنشینانیش، کە ئەوە دوو مانگە لە بەشیکی خانەنشینان دەبڕدرێ، سەرچاوەکەى زووم لە خانەنشینیی سلێمانی گوتی، داواکاری گەڕانەوەی ئەو پارەیە گەیشتووەتەوە لای سودانی و ئەگەر هەیە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ بۆیان خەرجبکرێتەوە، بەڵام ئەگەرێکی بەهێز نییە  

  ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند نزیکەی نۆ هەزار کەس لە ترسی توندوتیژییە تائیفییەکانی سوریا، پەنایان بردووەتە بنکەی ئاسمانی حەمیمیمی ڕووسیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لازقییەی سوریا. حەمیمیم یەکێکە لەو دوو بنکەی سەربازییە لە سوریا کە ڕووسیا سەرەڕای ڕووخانی هاوپەیمانەکەی، بەشار ئەسەد، هیواخوازە بیپارێزێت. ماریا زاخارۆڤا ڕۆژی پێنجشەممە،13ی مانگی سێ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەوان بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕان و ئاسانە لەوەی تێبگەیت کە ئەوە مەسەلەی ژیان و مردنە" و ئاماژەی بەوەشکرد زۆربەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی پەنایان بردووەتەوە ئەو بنکەیە، ژن و منداڵ بوون. توندوتیژی تائیفی لە سوریا هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان لە دژی چەکدارانی عەلەوی سەر بە ئەسەد بەرەوڕوو کردووەتەوە. بە گوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ تا ئیستا بە سەدان هاووڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان کوژراون. ڕووخانی ئەسەد کە مۆسکۆ ساڵانێک بوو لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لێدەکرد، گورزێکی قورسی لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ڕووسیا هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا لە سەردەمی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتی سوریا دروست بکات و ئایندەی بنکەی حەمیمیم و دامەزراوەی دەریایی تەرتووس تا ئێستاش ناڕوونە. زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد ڕووسیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و پارێزراوبوونی هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی لە سوریا، هاوکات لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و تورکیا و ئێران لە پەیوەندییەکی کارادایە بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت سەقامگیری درێژخایەنی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات. ئاماژەی بەوەشکرد ڕووسیا بەهۆی ئەو توندوتیژییانە تووشی شۆک بووە و هیوای خواست تاوانباران سزا بدرێن.

هاوڵاتى عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێمە دانوستانەکانمان  لەگەڵ واشنتۆن ڕەت نەکردۆتەوە، تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانین ئەنجام بدرێن کە هەردوو وڵات لەسەر "مەرجێکی یەکسان" بن. لە چاوپێکەوتنێکدا  وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئێمە بچینە ناو دانوستانەکان لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر زۆرترین فشار دەسەپێنێت، ئێمە لە پێگەیەکی لاوازەوە دانوستان دەکەین و هیچ دەستکەوتێک بەدەست ناهێنین. ئەو وتیشى: "دەبێت لایەنی بەرامبەر قەناعەتی بەوە هەبێت کە سیاسەتی فشار بێکاریگەرە - تەنها ئەو کاتە دەتوانین لەسەر مێزی دانوستانەکان بە مەرجی یەکسان دابنیشین." هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، نامەیەکی بۆ ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ناردووە و پێشنیاری دانوستانی ئەتۆمی دەکات، بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی "دوو ڕێگە هەیە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکرێت، ئەوانیش لە ڕووی سەربازییەوە، یان ڕێککەوتنێک دەکەن". خامنەیی ڕۆژی چوارشەممەى پێشوو ڕایگەیاند: دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ تەنیا "گرێی سزاکان توندتر دەکات و گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکات". خامنەیی کە قسەی کۆتایی لە بابەتی دەوڵەتی ئێراندا هەیە، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە تاران بە چەوساندنەوەی وتووێژ ناکرێ. ترامپ لە کاتێکدا دەرگای بە کراوەیی هێشتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران، هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی گەڕاندەوە کە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا بۆ دابڕانی ئێران لە ئابووری جیهانی و پاڵنانی هەناردەکردنی نەوتی بەرەو سفر.

ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جاڕنامەی دەستوری نوێی سوریای بۆ قۆناغی راگوزەر پەسەند کرد، کە لە لایەن لیژنەی داڕشتنی جاڕنامەی دەستورەوە ئامادە کرابوو، ئەم هەنگاوە ئامانجی دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ بۆ قۆناغی راگوزەرە لە سوریا بەگوێرەی رەشنوسی جاڕنامەی دەستوری سوریا، ماوەی قۆناغی راگوزەر لە سوریا (5) ساڵ دەخایەنێت. لیژنەی نوسینەوەی دەستور دەڵێت، شەرعیەتی خۆی لە خواستی بنیاتنانی سوریای نوێوە وەرگرتووە، هاوکات پارێزگاری لە ناوی وڵاتەکەی دەکات وەک کۆماری عەرەبی سوریا، ئیسلام وەک ئاینی سەرۆکی دەوڵەت دیاریکردووە، هەروەها هێشتنەوەی فیقهی ئیسلامی، وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان. لە جاڕنامەكەدا، جەخت لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادییە سەرەتاییەکان کرداوەتەوە، لەوانە، ئازادی بیروڕاو رادەربڕین، رۆژنامەگەری، راگەیاندن و بڵاوکردنەوە، هەروەها دان بە مافی خاوەندارێتی موڵک و مافەکانی ژنان دەنێت، بۆ بەشداریکردن لە کارو خوێندن.

  بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت  قۆناغە تەکنیکییەکانى هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و تەنیا  بڕیاری سیاسی پێویستە لە بەغداوە. بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن کراوە بە شێوەی کاتی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت تەرخان بکرێت، لە ماوەی دوو مانگیش لایەنی سێیەم هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەم هێنانی نەوت بکات و بە پێی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت پارەی بۆ تەرخان بکرێت. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی تەکنیکیەوە هەموو قۆناغەکانی بڕیوە و لە ڕووی داراییشەوە چارەسەرکراوە، تەنیا پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە لە بەغدا دەربچێت. لە کۆبونەوەى دوێنێ سێ شەممەى ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرایەوە. بەپێی هەمواری یاسای بودجەی عێراق کە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە دەستپێدەکاتەوە و پارەی کۆمپانیاکانیش لە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار بەرزکراوەتەوە، کەچی تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردووە. 2ـی شوباتى 2025 پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کرد، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات. بە گوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.

  پارێزگارى دێرەزوور رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت هێزەکانى سوریاى دیموکرات و حکومەتى دیمەشق لەدوو هەفتەى داهاتوودا ئاڵوگۆڕى دیل و زیندانی لەنێوانیاندا بکەن، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان.  غەسان ئیلیاس پارێزگارى دێرەزوور رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى ئاشکرا کردووە، دەستکراوە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى ناوەندى بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوان هەسەدە و دیمشق. ئەو بەرپرسە وتیشى چوار ئەندامى لیژنەکە لەلایەن حکومەتى سوریاوە دیاریدەکرێن لەچوارچێوەى لیژنە ناوەندییەکە کە بەسەر لیژنەى تایبەتمەندى سەربازى و ئابورى دابەشدەکرێت. پارێزگارى دێرەزوور باسى لەوەشکرد، چاوەڕواندەکرێت پێش کۆتایی هاتنى رەمەزان، ئاڵوگۆڕى دیل و زیندانی لەنێوان هەسەدە و دیمەشق بەڕێوەبچێت. رۆژى 10 ى شوباتى 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە. رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە. خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا. لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز. بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا. لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.

  ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، قەتەر بە ڕەزامەندی واشنتۆن دەست دەکات بە دابینکردنی غاز بۆ سوریا لە ڕێگەی ئوردنەوە. ئاژانسەکە، ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە سێ کەسی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاند، قەتەر بڕیارە دەست بە دابینکردنی غاز لە سوریا لە ڕێگەی ئوردنەوە بکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کەمی کارەبای وڵاتەکە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە واشنتۆن ڕەزامەندی  لەسەرداوە. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی فەرمى تەلەفزیۆنى سوریا، دەسەڵاتدارانی قەتەر دەستپێشخەرییەکی مرۆیییان ڕاگەیاند کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبایە بۆ سوریا لە ڕێگەی خاکی ئوردنەوە. بەگوێرەی کەناڵەکە، دەستپێشخەرییەکە کە لەژێر ڕێنمایی تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر دەستیپێکردووە، دابینکردنی غاز لەخۆدەگرێت بۆ یارمەتیدانی بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبا لە قۆناغی سەرەتاییدا، لەگەڵ پلانێک بۆ زیادکردنی وردە وردە ئەم توانایە لە داهاتوودا.

هاوڵاتى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: تاوەکو ئەمڕۆ هیچ وەزارەتێک لیستی مووچەى مانگى سێى فەرمانبەرانى بۆ نەناردووین. ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی هەوڵەکانی بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ چڕکردوەتەوەو دەیەوێت هەفتەى داهاتوو بینێرێت بۆ بەغدا. ڕۆژی 2025-03-12، بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دا، سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەپەلە لیستی مووچەی مانگی سێ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێش جەژن دابەش بکرێت. سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵیت: لە ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو وەزارەتەکان لیستەکانمان بۆ دەنێرن، هەوڵدەدەین کە ڕۆژی چوارشەممە 2025-03-19، لیستی مووچەی مانگی سێ ببەینە بەغدا. ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق وەک تەمویلی مووچەی مانگی دوو خستیە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دینارە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی کرا. بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، مووچەی مانگی دووی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت. بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.   دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی هات.

بەپێی فەرمانێكی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بۆ لەمەودوا یاسای ڕۆژنامەنووسی 2007 پیادە دەکرێت و دادوەری تایبەت دەبێت بە كەیسی ڕۆژنامەنووسان. دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە نوسراوێك فەرمانێكی كارگێڕی دەردووەو دوو بڕیاری لەبارەی رۆژنامەنووسان و كەیسەكانی رۆژنامەنووسانەوە دەرکردتیایدا هاتووە"لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر راپەڕاندنی کارەکان بڕیارماندا بە: یەکەم: دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سکاڵایانەی کە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت. دووەم: سەرجەم داواکانی سەرەوە لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگای کەتنی سلێمانی/6 دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەیان. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم فەرمانە لە بەرواری دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت. یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007ـی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان دەڵێت: یەکەم: رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌ و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌رنییه‌ و ئازادیی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌سته‌ به‌ره‌، له‌ چوارچێوه‌ی رێزگرتنی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكه‌كان، تایبه‌تمه‌ندیی ژیانیان به‌پێی یاسا پابه‌ند بوون به‌ ئیتیكی رۆژنامه‌گه‌ری به‌پێی به‌لێننامه‌ی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نووسان (ساڵی 1954 هه‌مواركراو) دووه‌م: رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌ بایه‌خی بۆ هاوڵاتیان هه‌بێت و په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه‌وه‌ بێت وه‌ده‌ست بێنێت به‌پێی یاسا. سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌و داواكارییانه‌ی ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م دادگا رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری، یان ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستیان دینێ نهێنیان بپارێزێ، مه‌گه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند به‌ پێچه‌وانه‌ بڕیار بدا. چواره‌م: هه‌ر كه‌سێكی سروشتی یا مه‌عنه‌وی مافی خاوه‌ندارێتیی رۆژنامه‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانێ به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ری بكا. پێنجه‌م: رۆژنامه‌ قه‌ده‌غه‌ ناكرێ و ده‌ستی به‌سه‌ردا ناگیرێت.  

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، داگیرکەری تورکیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بەردەوامن لە چڕكردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و، پێشێلکردنی سەرجەم پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کە تایبەتن بە شەڕ و ململانێکان و رێساکانی شەڕکردن. هەسەدە ئاماژە بەوەدەكات، لە میحوەری بەنداوی تشرین، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، دوێنێ چوارشەممە گوندی "خربە ئەلزەمالە"یان لە گوندەواری باشوری رۆژهەڵاتی مەنبەج بۆردومان کردووە، لەگەڵ کردنە ئامانج شوێنی نیشتەجێبونی کرێکارانی بەنداوەکە، هاوکات بە تۆپی قورس تۆپبارانی دەوروبەری بەنداوەکەيان کردووە بە درێژایی شەوی سێشەممە/چوارشەممە بەردەوام بووەو زیانی ماددی لێکەوتووەوە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە،  گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تورکیا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هێرشیان کردووتە سەر پێگەکانی هێزەکانمان لە دەوروبەری بەنداوەکە و شەڕڤانان توانیویانە سێ فرۆكە بخەنە خوارەوە. لە بەرەی قەرە قۆزاکیش، فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا زنجیرەیەک هێرشیان كردووەتە سەر گوندەکانی "غەسق و ئەلتینە"، هاوکات بە تۆپی قورس و تانک و موشەک و هاوەن گوندەکانی "ئەلتینە، جەعدە، بیر حەسو، غەسق، دیکان، مەلحە و ئەلسەنع"یان بۆردومان كردووە،  هەروەها هەردوو گردی "سەیفی و قەرەقۆزەک" بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان کردوەو زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی دانیشتوان گەیاندووە.

  واشنتۆن ڕێککەوتنێکی رەتکردەوەتەوە بۆ پێدانی پارەو ئاڵوگۆڕی زیندانی، بۆ ئازادکردنی بارمتەیەکی ئیسرائیلی لە عێراق، دوای ئەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە پایتەختى وڵاتێكی عەرەبی شكستیهێناوە. تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی پرینستۆن و هاوڕێی پەیمانگای نیو لاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە لە عێراق بێسەروشوێنە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دواتر ڕایانگەیاند کە ئەو کچە ڕفێندراوە و گروپێکی لایەنگری ئێرانیان بە هۆکاری دیارنەمانی ئەو کچە تاوانبار کردووە. سەرچاوەکان وردەکاریی پشت پەردەی کۆبونەوەیەکیان ئاشکرا کردووە، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو، لەنێوان دانوستانکارانی ئەمریکی و عێراقیدا ئەنجامدراوە، بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی كچە توێژەر ئەلیزابێس تسورکۆڤ، کە لە مانگی ئازاری (2023) لە بەغداد بێسەروشوێن بووەو، گروپی حزبوڵڵا بە رفاندنی تۆمەتباردەكرێت. بەرپرسانی ئەمەریکا بڕی (200) ملیۆن دۆلار وەك فدیەو ئازادکردنی كەسانی لایەنگری ئێران لە عێراق و لوبنانیان رەتکردوەتەوە، لەنێویاندا کاپتنێکی دەریایی کە بۆ حزبوڵای لوبنانی کاریكردووە. بەگوێرەی ئەو چاوپێكەوتنانەی كە رۆژنامەكە لەگەڵ دەیان کەسی بەشداربوو لە دانوستانەکانی ئازادکردنی تسورکۆڤ ئەنجامیداوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، رفێنەرەکان نمونەیەکی بەهێزن بۆ فشۆڵی  پلانەکانی بەغداد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان. سەرچاوەکان رایانگەیاند، رەتکردنەوەی ئاڵوگۆڕکردنی تسورکۆڤ به دەستگیرکراوان، ئاماژەیه بۆ ئەوەی ئێران له ژێر فشاردایەو هەوڵدەدات خۆی لە لەدەستدانی هەژموونی بپارێزێت له عێراق. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی ئەوە كردووەتەوە حکومەتی عێراق بە زووترین کات زامنی ئازادکردنی تسورکۆڤ بكات. بەرپرسێکی عێراقی دووپاتی کردووتەوە، حکومەتى بەغداد بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تسورکۆڤ دەکات، هەروەها دەزگایەکی ئەمنی عێراقی ئەرکی پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە دۆستەکانی پێ سپێردراوە، بۆ ئەوەی بەم نزیکانە ئازادکردنی ژنە رفێندراوەکە مسۆگەر بکات. رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرکراوە.

هاوڵاتى ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری بانکێک لە سلێمانی دەڵێت، پارە گەیشتووە و دابەشکردن بەردەوامە. فەرمانبەرانی سێ وەزارەتیش ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن، کە ناویان لە خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەمڕۆدا نییە.   بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، مووچەی مانگی دووی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت.   بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسێک لە تیمی (هەژماری من) ڕایگەیاند "ئەمڕۆ مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە هەژماری من لە وەزارەتەکانی تەندروستی، خوێندنی باڵا و پەروەردە، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆیان، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".   بە گوێرەی لیستی دابەشکردنی مووچە کە دوێنێ وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، کارمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە رۆژی 17ی ئادار و کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆژی 18ی ئادار نۆرەی وەرگرتنی مووچەیانە.   لە بەشێکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی قەرەباڵخییەوە ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دروستبووە. لەوبارەیەوە شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی وتى "ئەمە دوورە لە راستییەوە، ئەمڕۆ خۆم بەسەر هەموو نووسینگەکانی دابەشكردنی مووچەدا گەڕاوم بەبێ کێشە دابەشکردنەکە بەڕێوە دەچێت".   بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی ئەوەشى خستەڕوو شەوی رابردوو پارە لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی و وەرمانگرت، ئەمڕۆ دابەشکردن دەستپێکردووە و پارەی پێویستیش بەردەستە و پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت.   بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.   دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی هات.

  وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە کە مووچەى سەرجەم وەزارەتەکان و بودجەى تەرخانکراو بۆ سێته‌ره‌كان مسۆگەرە بۆ ئەمساڵ، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا لە 17ی ئایار بەڕێوەدەچێت. باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی عێراقییە ئه‌خبارییه‌، ڕایدەگەیەنێت: بودجەی عێراق بۆ ساڵی ڕابردوو 212 ترلیۆن دینار بووە، لەو بڕە 156 ترلیۆن دینار خەرجکراوە. هاوکات جەختیشی کردەوە "90 ترلیۆن دیناری بودجە بۆ مووچە، 40 ترلیۆن دینار بۆ خەرجی کارکردنی وەزارەتەکان، و 27 ترلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان بووە". وتەبێژەکەى حکومەتى عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 12 ترلیۆن دینارەی کە ماوەتەوە لە بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی ڕابردوو لەسەر بنەمای نرخی نەوتی 70 بۆ 73 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێکە، ئەو وتیشی "تەرخانکردن بۆ مووچە و سێكته‌ره‌كان و سەرجەم خەرجییەکانی پەیوەست بە حکومەت مسۆگەرکراوە بۆ ئەمساڵ". هاوکات هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوەبچێت، ئاماژەی بەوەدا کە "کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی پەیامی زۆر دەنێرێت، لەوانە سەقامگیری ئەمنی لە وڵاتدا"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا بۆ ١٧ی ئایار دیاری کراوە". هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە ماوەی داهاتوودا بانگهێشتنامە بۆ سەرکردە عەرەبییەکان دەنێردرێت"، جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "کۆبوونەوەی لوتکەی بەپەلە کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا نییە".