عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئێران، ڕایدەگەیەنێت هێشتا نامەکەى ترەمپم پێنەگەیتشتووە، ئێران هیچ دانوستانێکیش ناکات لەکاتێکدا دەزانین لایەنى بەرانبەر کە ئەمریکایە بەڵێنەکانى جێبەجێ ناکات. ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوە خوێندکارییەکانى وڵاتەکەى، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئێران، قسەیکردو وتى: بۆچی ئێران ئامادە نییە دانوستان بکات، چەند ساڵێک دانیشتین و دانوستانمان کرد و هەر ئەم کەسە دانوستانە تەواو و واژۆکراوەکەی لە سەر مێزەکە فڕێدا و دڕاندى، چۆن دەتوانین دانوستان بکەین لە کاتێکدا دەزانین هیچ کارى پێناکرێت. ئەو وتیشى: دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، بەڵکو تەنها سزاکان هێندەی تر توندتر دەکات، ساڵی ڕابردوو دۆخێکی جیاوازمان هەبوو. شەهید ڕەئیسی لە ژیاندا بوو، شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵمان بوو، شەهید هانیە، چەند کەسایەتییەکی تری شۆڕشگێڕی دیار لەنێو ئێمەدا ئامادە بوون یان لەگەڵ ئێمەدا، بەڵام ئەمساڵ لێرە نین. لەکۆتایی قسەکانیدا دەشڵیت: ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و بانگهێشتی دانوستان دەکات، فریودانی بیروڕای گشتی جیهانە. رۆژی چوارشەممە، 12ی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەگەیێنێتە تاران. بەپێی هەواڵی میدیای ئێران، دوێنێ سێشەممە نامەی ترەمپ گەیشتووەتە دەست بەرپرسانی ئیمارات تاوەکو بیگەیێننە ئێران. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و رۆژی هەینیش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئێران، رووسیا و چین لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت.
ناوەندی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانی، وە بەرپەرچدانەوەی ڕەوای بەرخۆدانی شەڕڤانانیانی بڵاوکردوە و ئاماژەی بەوەکرد لە بەرپرچدانەوەکاندا چوار درۆنی دەوڵەتی تورک خراونەتە خوارەوە، وە ئۆتۆمیبلێکی سەرباز گواستنەوە و دوو سیستەمی ڕادار تێکشکێندراون. ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیە: "ماوەی سێ مانگە بە دڕندەرترین شێوە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووری بەردەوامە، لەو هێرشانەدا هەموو چەکێکی قورس، فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن. لە بەرەی بەندوای تشرین؛ دوێنێ (سێ شەممە) سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی دەرووبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کرد، هاوکات فڕۆکەی جەنگی گوندی خربەت ئەل زەمالای لە باکووری بەنداوەکە بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە. چەتەکانی داگیرکەر لە هەوڵیاندا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی سەنگەری هێزەکانمان هێرش ئەنجام بدەن، لە ئەنجامدا هێزەکانمان چوار لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان خستەخوارەوە. لە بەرەی قەرەقۆزاق؛ فڕۆکەی جەنگی لە دەرووبەری پردی قەرەقۆزاق گوندی خەسەقی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە. هەروەها سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی گوندەکانی ئەل تینا، جەدا، بیر حسۆ، خەسەق، دیکان، مەلحە و سەنە و گردی سێڤێ و قەرەقۆزاقی بە زیاتر لە ٨٠ هاوەن تۆپباران کرد و زیانێکی ماددی بەر موڵک و ماڵی گوندنشینان کەوت. لە دژی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانییدا، شەڕڤانانمان هێرشی سەر بارەگایەکی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان لە دەروبەری پردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا، لە ئەنجامدا ئۆئۆمیبلێکی سەربازی تێکشێکندرا، کە بۆ گواستنەوەی سەربازی بەکاردەهێندرا. هەروەها لە دژی بارەگایەکی دیکەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای پردەکە چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ٤ سەربازی داگیرکەر بریندار بوون و دوو سیستەمی ڕاداریش تێکشێندرا. بە درێژای رۆژ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورک بەسەر ئاسمانی هەرێمی دێر حافردا سوڕاوەتەوە."
بەپێى بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى زانیاریی نوێ لەبارەى نرخى پێشنیازکراوى کارەباى 24 کاتژمێرى ئاشکرادەکرێت کە بڕیارە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لێبدات. بە گوێرەى بەدواداچوونەکان، نرخەکان بەم شێوەی خوارەوە پێشنیاز کراوە، 400 کیلۆواتى یەکەم، کە بۆ یەکەم جار بەکاردەهێنرێت، نرخەکەى لە نێوان 70 بۆ 80 دینار دەبێت، کە بۆ روونکردنەوەى زیاتر نرخى ناوەندى ئەو بڕە پارەیە (75 دینار) دەبێت. هەروەها 400 کیلۆواتى دووەم، کە هاووڵاتیان بەکاریدەهێنن لەماوەى مانگێک، نرخەکەى لە نێوان 100 بۆ 120 دینار دەبێت و نرخى ناوەندى ئەوەش (110 دینار) هەژمارکراوە. هاوکات لە 800 کیلۆوات بەرەو سەرەوە نرخەکان لە نێوان 120 بۆ 140 دینار دەبێت و نرخى ناوەندیش (130 دینار) ئەژمارکراوە بۆ هەر مانگێک، لە 1200 کیلۆواتیش بەرەو سەرەوە، نرخەکە لە نێوان 140 بۆ 160 دینار دەبێت، کە نرخە ناوەندییەکەى (150 دینار) دەبێت بۆ هەر مانگێک. بە گوێرەى ئەو نرخانەى سەرەوە، ئەگەر ماڵێک 750 کیلۆوات بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، ئەوا 400 کیلۆواتى یەکەم، کە بەکاریدەهێنێت، نرخەکەى (30 هەزار دینار) دەبێت، 350 کیلۆواتى دووەمیش نرخەکەى (38 هەزار و 500 دینار) دەبێت، بەم پێیە نرخى ئەو 750 کیلۆواتە دەبێتە 68 هەزار و 500 دینار لە مانگێکدا. هەروەها ئەگەر ماڵێک 1000 کیلۆوات بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، نرخى 400 کیلۆواتى یەکەم بە (30 هەزار دینار) ئەژمار دەکرێت، نرخى 400 کیلۆواتى دووەم (44 هەزار دینار) دەبێت و نرخى 200 کیلۆواتەکەى دیکەش (26 هەزار دینار) دەبێت، بەم پێیە کۆى نرخى ئەو 1000 کیلۆواتە دەبێتە 100 هەزار دینار لە مانگێکدا. پرسیارەکە ئەوەیە بەگوێرەى ئەم نرخانە، ئەگەر هاووڵاتى کارەباى 24 کاتژمێری هەبێت لە مانگێکدا چەند پارەى کارەباى بۆ دێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستە بزانین ئەو هاووڵاتییە لە مانگێکدا چەند کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت. تائێستا داتایەکى فەرمى لە بەردەست نییە هەر ماڵێک لە هەرێمى کوردستان مانگانە چەند کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت، بەڵام بەرپرسانى کارەبا دەڵێن پێشبینى دەکەن بەکارهێنانى کارەبا لە پرۆژەى رووناکى لەنێوان 750 بۆ هەزار کیلۆوات بێت لە مانگێکدا، ئەمەش بەگوێرەى وەرزەکان دەگۆڕێت. بە پشتبەستن بەو نرخەى پێشنیازکراوە و ئەگەر ناوەندى نرخەکان وەربگرین، دەردەكەوێت ئەو ماڵەى لە مانگێکدا 750 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت 68 هەزار و 500 دینار پارەى کارەباى بۆ دێتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراوەی ڕۆحانییەکانی ئێران "بەم زووانە لەلایەن وڵاتێکی عەرەبییەوە دەگەیەنرێتە تاران". رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و داوای لێ کردووە بێن گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا چاوەڕێی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بکەن. دواتر عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دژی وڵاتەکەی سەرکۆنەکردن کە هەڕەشەی کردبوو هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتیدەکاتەوە هیچ نامەیەکیان لە ترەمپەوە پێ گەیشتبێت. خامنەیی گوتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە." عەباس عێراقچی لە کاردانەوە بە کۆبوونەوەی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەڕێوەچوو، وتی گردبوونەوەکە "پرۆسەیەکی نوێ و سەیر و سەمەرەیە کە نیازپاکی ئەو دەوڵەتانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە داوای دەکەن". ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە - فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمریکا، بەهۆی فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی نزیک لە پلەی چەک لەلایەن ئێرانەوە بوو.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندوە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا دژی شەڕڤانانى هەسەدە لەڕۆژئاواى کوردستان بەردەوام دەبێت، دوای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات حکومەتی نوێ لە دیمەشق. ئەو بەرپرسە لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز وردەکارییەکانی شوێنی ئۆپەراسیۆنەکانی نەخستوەتەڕوو. بەڵام جەختى لەسەر بەردەوامبوونى ئۆپراسێۆنەکان کردوەتەوە. ئەنقەرە هێزەکانى هەسەدە وەک تیرۆریست و پەیوەندیدار بە گروپی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڕوانێت کە بەشێکی زۆری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای بەدەستەوەیە و چەندین دەستدرێژی سنووربەزێنی بۆ سەریان ئەنجامداوە. واژۆکردنی ڕێککەوتنى نێوان هەسەدەو دیمشق، دوای ئەوە هات، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ڕاگەیاندراوێکی مێژووییدا لە 27ی شوباتدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و دانانی چەکەکانی کرد، هەنگاوێک کە کوردانی سوریا پێشوازییان لێکرد. مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هەمان ڕۆژدا ڕایگەیاند: نامانەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵبوەشێنینەوە، بە پێچەوانەوە پێمان وایە هێزەکانی سوریای دیموکرات سوپای نوێی سوریا بەهێزتر دەکات. ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەر لە سوریا واژۆ کراوە و لە هەشت مادە پێکهاتووە، لیژنە هاوبەشەکان کاردەکەن بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی بەر لە کۆتایی ئەمساڵ. ئاماژە بەوەشکراوە کە دامودەزگاکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتدا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، و کێڵگە نەوتی و گازییەکان، لەگەڵ کورد پابەندبوون بە پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سوریا لە شەڕی دژی "پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد" و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی ئاسایش و یەکگرتووییەکەی دەبنەوە.
وەزارەتی پەروەردەی ئەمریكا رایگەیاند، نزیكەی نیوەی كارمەندەكانی لەكارەكانیان دەردەخاتەوە، ئەمەش دەكرێت رێگەخۆشكەر بێت بۆ داخستنی تەواوەتیی وەزارەتەكە. لە بەیاننامەیەكدا بۆ رۆژنامەنوسان وەزارەتی پەروەردەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد، پرۆسەی دورخستنەوەی كارمەندەكانی بەشێكە لە "ئەركی كۆتایی"، ئەمەش وەكو هێمایەك بۆ بەڵێنەكەی ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم وەزارەتە. وەزارەتێك كە لە ساڵی 1980وە دروستكراوەو 4 هەزار فەرمانبەری هەیە، سەرپەرەشتی بڕی (ترلیۆنێك و 600 ملیار) دۆلار قەرزی زانكۆیی دەكات لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساكانی مافی مەدەنی لە خوێندنگەكان و؛ دابینكردنی بودجەی فیدراڵی بۆ ئەو ناوچانەی كە لەڕووی پەروەردەییەوە هەژارن. كاتێكیش لە كەناڵی (فۆكس نیوز)، پرسیار لە خاتوو (لیندا ماكمان) وەزیری پەروەردە كرا سەبارەت بەوەی ئایا پرۆسەی دورخستنەوەی فەرمانبەران لە كارەكانیان سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكجاریی وەزارەتەكە؟، خاتوون وتی:" بەڵێ. ئەمە بەگوێرەی فەرمانی سەرۆك". دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنیداوە وەزارەتی پەروەردەو فێركردنی فیدراڵ هەڵوەشێنێتەوەو بەرپرسیارێتی پەروەردە بگوازرێتەوە بۆ ویلایەتەكان، ئەمە وەكو بەشێك لە سیاسەتی ترەمپ بۆ كەمكردنەوەی "بیرۆكراتیەتی فیدراڵی"ی لە ئەمریكا ناودەبرێت، پێشتریش فەرمانیدا بە داخستنی بارەگای ئاژانسەكانی ئەمریكا لە بواری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی و ئۆفێسەكانی پاراستنی دارایی بەكاربەران، هەموو ئەمانەش لەچوارچێوەی بڕیاری كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و بچوككردنەوەی رۆڵی حكومەتی فیدراڵیدا. وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا ساڵی 1979 بە بڕیاری جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە دامەزرا. هەڵوەشاندنەوەشی پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجوومەنی پیرانە. ئەنجوومەنەکە 100 کورسیی هەیە، 53یان کۆمارین، 45یان دیموکرات و دووش سەربەخۆن. سەرکردە کۆمارییەکان ترسێکی زۆریان لە تێپەڕاندنی بڕیارێکی لەو شێوەیە هەبوو، چونکە دەنگۆکان ببوونە هۆی تووڕەکردنی دیموکراتەکان، سەندیکاکانی مامۆستایان و بەشێکی زۆری دایک و باوکی قوتابییەکان، بڕیارەکە وەکو هێرشێک بۆسەر سیستمی پەروەردەی گشتی دەبیندرا.
وەزارەتى دارایی: بەغداد بڕی زیاتر لە 957 ملیار دیناری بۆ ناردین وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان دەستی پێکرد. وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات، بڕی پارەکە (957،925،880،078) دینارە، هەمان ئەو بڕەیە کە خۆیان بۆ مووچەی مانگی شوبات داوایان کردبوو. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، سبەی پێنجشەممە، 13-03-2025، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتییەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت". دەقى ڕاگەیەندراوەکە. تەموویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. ڕۆژی چوارشەممە ( ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی ( ٩٥٧،٩٢٥،٨٨٠،٠٧٨ ) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکات کە بەدرێژایی ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هاوکار و هەماهەنگ بوون و وەک یەک تیم کاریان کردووە بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و ناردنی تەموویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. شایەنی باسە بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای (١٠ ) ی هەموو مانگێک ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا. سبەی پێنج شەممە ( ١٣ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
سەرکردەیەکى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت پێویست بە تەسلیمی چەکەکانمان ناکات، بەڵکو دەخرێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە. لەچاوپێکەوتنێکیدا مەحمود حەبیب سەرکردە لەهێزەکانى هەسەدە، لەوەڵامى پرسیارێک سەبارەت بەوەى چۆن لەگەڵ سوپاى نوێى سوریا کاردەکەن و تێکەڵ دەبن، پێکهاتەکە چۆن دەبێت، ئایا هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنها لەو ناوچانەدا دەمێننەوە کە ئێستا تێیدان یان بەهەموو سوریادا بڵاودەبنەوە. مەحمود حەبیب سەرکردەى هەسەدە وتى: ئەو هەوڵە هاوبەشەی کەبۆیەکگرتنەوەى هێزەکان نراوە هێشتا خەریکى بەدواداچوونن بۆ هەموو ئەو پرسانە، سەبارەت بەپرسیارەکەش، ئەم کارە ئێستا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی ناکات و خزمەت بە بەرژەوەندی سەربازی ناکات، تەنانەت لەسەر ئاستی نیشتمانیش. ئەو جەخت لەسەر ئەوەکردەوە، ئێستا ناتوانرێت ئەم کارە بکرێت چونکە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی ناکات، وتیشى: ئەم سەرکردایەتییە پلەبەندییە دەتوانێت سەرکردایەتی بکات و دە ساڵە سەرکردایەتی دەکات و ئێستا ناتوانرێت جێگەی بگرێتەوە. سەرکردەکەى هەسەدە وتیشى: سەبارەت بە ڕیزەکان و پلەبەندی سەربازیش، ئەوانە ناتوانرێت لە ئێستادا بگۆڕدرێن و ناتوانرێت دەستبەردار بکرێن ئەمەش یەکێکە لەو هێڵە سورانەی کە ئەگەر ڕووبدات کاریگەرییەکەی نەرێنی دەبێت لەسەر دیموکراسی و لەسەر ئاسایشی گشتی لە سوریادا . مەحمود حەبیب لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: باشترین شت لەم ڕێککەوتنەدا ئەوەیە کە ئەم هەوڵانە و ئەم ئەزموونانەى هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات سودیان لێ وەربگرێت، و لێرەدا پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم هێزانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبێت لە باقی جوگرافیای سوریادا. سەرکردەکەى هەسەدە وتیشى: هێزەکانی سوریای دیموکرات خاوەنی پلەبەندییەکی بەهێزی فەرماندەیی و ئەزموونێکی بەرفراوانن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، هەروەها توانای پاراستنی ئاسایشی ناو شارەکان و بەدرێژایی سنوورەکانیان هەیە، پێیوابوو ئەم ئەزموونە دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی سوپای سوریای داهاتوو
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت و لێخۆشبوون لە قەرزی پێشینەی هاوسەرگیری و دیاریكردنی رۆژەكانی پشوو و بۆنە فەرمییەكان کۆدەبێتەوە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی دواپێشهاتی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت. دەشڵێت، گفتوگۆ لەسەر دوو پێشنیازی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری ئەو كەمئەندامانەی پێش ساڵی 2023 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە و لێخۆشبوونی سەدا سەد یان سەدا پەنجاى قیستی ماوە بۆ سوودمەندانی كۆچكردوو بکرێت. تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە، دیاریكردنی رۆژەكانی پشوو و بۆنە فەرمییەكانە لە رۆژژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
یدارەى خۆسەرى لە ڕرۆژئاواى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێکەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع، ڕێکەوتنێکی گرنگ و مێژووییە لە کاتی قۆناغێکی هەستیار و سەختدا کە سوریا بە شوێنکەوتنی کەوتنی رژێمی بەعسدا تێدەپەڕێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا کە ئەمرۆ چوارشەممە، بڵاویانکردوەتەوە، یدارەى خۆسەرى لە رۆژئاواى کوردستان پشتیوانى لە ڕێککەوتنەکەى نێوان هەسەدەو دیمەشق دەکەن. لەبەشێکى ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هەنگاوێکە بۆ بەستنەوەىنێوان هەموو حزبەکانی سوریا، هاندەرێکی گرنگ و ئیلهامبەخش دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆحی هاوبەشی لە داڕشتن و بنیاتنانی داهاتووی سوریای نوێ. هەروەها ئەوەش دەڵێن لە یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، ئێمە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جەختمان لەسەر پێویستی ڕێککەوتن لە نێوان هێزە نەتەوەییە جیاوازەکانی سوریا و بەدواداچوون بۆ دەستپێکردنی وتووێژێکی نیشتمانیی سوریا کردووەتەوە کە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و بنیاتنانی سوریایەکی یەکگرتوو و دیموکراسی پێکبهێنێت. هەروەها بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە لە گەلەکەمان دەکەین کە بە سەرکەوتن بۆ هەموو گەلی سوریا دادەنرێت و بەربەستێک بوو لە ڕێبازی هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵدەدەن ئەو سەرکەوتنانەی کە گەلەکەمان بەدەستیان هێناوە لەڕێگەی هەوڵدان بۆ هەڵگیرسانی فیتنە و دروستکردنی حاڵەتی ئاژاوەگێڕی و گرژی و بڵاوبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریادا. ئیدارەى خۆسەر جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە چۆن ڕژێمی پێشوو نەیتوانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلانی ناوچەکە بپچڕێنێت گەلانی کورد و عەرەب لە ساڵی 2004 کە لە ئەنجامدا گەلەکەمان لە دژی نادادپەروەری و هەوڵدان بۆ دڕاندنی پەڕۆی سوریا ڕاپەڕیوە، ئێمە لە هیچ هەوڵێکدا بۆ پاراستنی یەکڕیزی گەلانمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان لەم بۆنەیەدا بە شانازییەوە شەهیدانی ڕاپەڕینی قامیشلی ساڵی 2004 لە یاد دەکەین و بە دڵسۆزی بۆیان دەمێنینەوە. لەبەشێکى دیکەدا دەڵێن بانگەواز لە گەلی خۆڕاگرمان دەکەین کە شانازیی بەو سەرکەوتنانە دەکەین کە بەدەستمان هێناوە و بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی سوریا بە گشتی، و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەتی، بۆ سەلامەتی و گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکەمان بۆ یەکڕیزی و دیموکراسیکردنی سوریا ڕێکەوتنی ئەمڕۆ هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی ئێوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارییەتیی کاتی سووریا دەکات. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت: ''ئەمریکا پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکات کە بەم دواییە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارییەتیی کاتی سووریا راگەیێندرا بۆ تێکەڵکردنی باکووری رۆژهەڵات بۆ نێو سووریایەکی یەکگرتوو". وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا پشتیوانی واشنتن بۆ قۆناخی راگوزەری سیاسی لە سووریا دووپاتدەکاتەوە بە جۆرێک حکومەتێکی نامەزهەبی متمانەپێکراو دروستبکرێت وەک باشترین رێگە بۆ رێگریکردن لە شەڕ و پێکدادانی زیاتر لە سووریا. مارکۆ روبیۆ دەشڵێت، ''ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو بڕیارانە دەکەین کە لەلایەن دەسەڵاتدارییەتیی کاتی سووریا دراون بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە تووندوتیژییە خوێناوییەکەی ئەمدواییە لە دژی پێکهاتەکان".
ئاژانسى ڕۆیتەرز، ئەمرۆ سێ شەممە، بڵاویکردەوە دانیشتوانی کۆمەڵگەی بەدەوی دەڵێن دانیشتوانی ئیسرائیلی چەکدار سەدان مەڕیان دزیوە. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کە تێیدا بەدەوییەکانی ناوچەکە ڕایانگەیاندوە کە هێرشیان کراوەتە سەر و هەراسانکراون. ئەم جۆرە هێرشانە لە ناوچەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە زیادیان کردووە بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن قەبارەی ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی لە نزیک عەین ئەلعوجە لە باکووری شاری ئەریحا لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە زۆر زیاتر بووە لە هەموو شتێک کە پێشتر ڕویداوە. هانی زاید، دانیشتووی ئەو کۆمەڵگایە، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە لە هێرشەکەدا ٧٠ مەڕی لەدەستداوەو دەڵێت: "ئەمە گەورەترین دزینى مەڕ بوو کە هەبووە". دوای چەندین ساڵ ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی، بیرۆکەی چونە لاى پۆلیس بۆ یارمەتیدان و هاتووچۆ هیچی دیکەی لێنەکەوتەوە. "پۆلیس هیچ ناکات، هەرگیز لە هیچ شتێکدا یارمەتیمان نەداوە. ئەگەر پێیان بڵێیت دانیشتووەکە مەڕەکانت دەبات، دەپرسن 'دڵنیای ئەوەی هی تۆیە؟'". دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن نزیکەی هەزار و ٥٠٠ مەڕ و بزن لەلایەن دانیشتووانەوە بردراون، کە ئاژەڵەکانیان لە گوندەکەوە لەژێر چاوی پۆلیس و سەربازەکاندا لێخوڕیوە یان سواری ئۆتۆمبێلی پیکاب بوون. بەیاننامەیەکی پۆلیسی ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕووداوەکە بەو شێوەیە ڕوویداوە کە باسکراوە. سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی نەدا و گروپێکیش نوێنەرایەتی دانیشتوانی ناوچەکەشیان نەکرد. دانیشتوانی ناوچەکە و گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دۆڵی ئوردن کە ناوچەیەکی تاڕادەیەک کەم دانیشتوانە و نزیکە لە ڕووباری ئوردن، ئێستا لە ژێر فشاری دانیشتوانی ناوچەکەدا زیاتر دەبێت. بۆ زۆرێک لە مەڕدارە بەدەوییەکان، لەدەستدانی مەڕێک بە مانای لەدەستدانی هەر ڕێگەیەک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانە. وەک زۆرێک لە فەلەستینییەکان، مەڕدارە نیمچە کۆچەرییەکان لە عەین ئەلعوجە پێیان وایە ئامانجی گەورەتر ئەوەیە کە ناچاریان بکرێت لە خاکەکە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی ئیسرائیل بدەن.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکە بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە. لەکاتێکدا هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 ڕێککەوتنیان هەیە و هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی دوو فەرمانبەرانی نەناردووە. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەندین بڕیار دراون، بەڵام هیچ یەکێک لەو بڕیارانە پەیوەندیان بە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و هاوڵاتیانى کوردستانەوە نەبووە. هەموو سێشەممەی هەفتەیەک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا گفتوگۆی ئەو پرسانە دەکرێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان ژیانی خەڵکەوە هەیە. لەلایەکى دیکەوە، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە داوای دووبارەکردنەوەی وردبینی لە لسیتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ئەوەى ئاشکرا کرد "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە لیستی مووچەی ناردووەتەوە بۆ وردبینی، سەرباری ئەوەی لیستەکە گرفتی نەبووە". ئەو لیستەی داوای وردبینی کراوە، هەمان لیستی مووچەی مانگی یەکە، کە بڕیاربوو بکرێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی دوو، کەمترە لەو بڕەی حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی یەک بۆ هەرێمی کوردستانی نارد، کە 958 ملیار دینار بوو
دانیشتووانی هەڵەبجە لە بەیاننامەیەكی هەشت خاڵیدا بەزمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، داواكاریی و گرفتی شارەكەیان ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كرد و داوای ئاوڕدانەوە و خزمەتكردنی زیاتر بۆ شارەكەیان دەكەن و قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسووکاری شەهیدان بکرێتەوە. ئەمڕۆ، لە مەزاری شەهیدان لە هەڵەبجە، كەسووكاری شەهیدان و قوربانییانی چەکی کیمیایی و دانیشتووانی هەڵەبجە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە خستنەڕووی چەند داواکارییەکیان ئەنجامدا و بە هەرسێ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی داواکارییەکانیان گەیاند بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان. ئاهەنگ فەخرەدین، بەیاننامەی توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییەکەدا خوێندەوە و ئاراستەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كرد و وتی: پێویستە حكومەتی هەرێم هەنگاوی كرداری بنێت لە خزمەتكردنی كەسووكاری شەهیدان و منداڵانی ونبوو و بریندارانی چەكی كیمیایی، لە دابینكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، تایبەتمەندی هەڵەبجە و قوربانیدانی خەڵكەكەی لەبەرچاو بگیرێت، نەك ڕێژەی دانیشووان، هەروەها حكومەتی هەرێم وەك پارێزەری خەڵكی هەڵەبجە و كوردستان فشار لە حكومەتی عێراق بكات، تاوەكوو بەرپرسیارێتییەکانی لە بەرامبەر قوربانیدانی هەڵەبجە و ئەو تاوانانەی بەرامبەری كراوە جێبەجێبكرێت، بەتایبەت قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوانی ئەو تاوانە و بە جینۆساید ناساندنی تاوانی كیمابارانی هەڵەبجە. هەر لە داواكارییەكانی خەڵكی هەڵەبجەدا ئەوەش هاتووە، دابینكردنی بوودجەیەكی تایبەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، دادگایكردنی ئەو كۆمپانیایانەی هاوكاریی ڕژێمی بەعسیان كردووە لە دابینكردنی غازی كیمیایی و كۆمەڵكوژدنی خەڵكی شارەكە، دەركردنی بڕیارێك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژە ڕاوەستاوەكانی هەڵەبجەوە، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی پەیوەستن بەكەسووكاری شەهیدان و قوربانییانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە. لەو داواكارییە هەشت خاڵییەی هەڵەبجەییەكان باسیان لەوەشكرد، دابینكردنی بوودجەیەكی ساڵانەی پێویست بۆ چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی، كە بەهۆیەوە بەشێكیان لەبێ چارەسەرییدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەكاربهێنێت بۆ هاندانی وڵاتانی مرۆڤدۆست و ئاشتییخوازی جیهان، بۆ ناساندنی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە وەك تاوانی جینۆساید، پەرلەمانی داهاتووی هەرێم یەكەم كاریان پرۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی تاوانی كیمیاباران هەڵەبجە بێت تائێستا ئەو كارە نەكراوە. لەكۆتایی بەیاننامەكەشیاندا، داوایان لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و ئەوانەی پەیوەندی دۆستانەیان هەیە لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی عێراقدا کردووە، هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، جگە لەوەش داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و حزبە سیاسییەكان، نووسەران، ڕۆشنبیران، كەسایەتییە ئاینییەكان و كەسووكاری شەهیدان دەکەین بەشداریی لە مەراسیمی ١٦ـی ئاداردا بکەن.
هاوسەرۆکێکی دەم پارتی دووپاتی دەکاتەوە، نەورۆزی ئەمساڵ گرنگ و مێژووییە و نەورۆزی ئاشتی دەبێت. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع، لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان دەگونجێت. سێشەممە، 11-03-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە. تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە." ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، ڕێککەوتنامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان گونجاوە،" و دووپاتیشی کردەوە "نەورۆزی ئەمساڵ لە پێناو گەیشتنی کورد لە سووریا بە مافەکانی و بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە پێناو کۆتاییهێنانی توندوتیژی زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت." ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، شاندی دەم پارتی دەستی بە گەڕێکی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە. پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."
