شێروان شێروانی، کە یەکێک بوو لە حوکمدراوانی بادینان، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت، بەڵام پارێزەرێکی دەڵێت، رێکارە یاساییەکان تەواو نابن و ڕۆژى چوارشەممەى  داهاتوو هەوڵدەدەن ئازادی بکەن. محەمەد عەبدوڵا پارێزەری کەیسی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی رایگەیاند: ئەگەر گرفت نەیەتە پێشەوە رۆژی چوارشەممە شێروان شێروانی ئازاد دەکرێت. شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.   بارزان شێروانی ڕایگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە ئیدارەییەکان ئازادکردنی شێروان شێروانی دوادەکەوێت. لەبارەی ئەوەی تا ئێستا دۆسییەی دیكە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە وتی، تا ئێستا هیچ دۆسییەك لە دژی شێروان نەكراوەتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ دادگای هەولێر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیركردن بۆ شێروان شێروانی دەرچوو و لەوكاتەشەوە چەندین دۆسییەی دیكەی لەسەر كراوەتەوە بە مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی وادەی زیندانیكردنی. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50%  کەمکرایەوە.   دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.   بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.

  بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان تاوە باران و بروسکە هەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیشبینی دەکرێت، کەشی ئەمڕۆ دووشەممە، 10-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو بێت، لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و بروسکە لەزۆربەی ناوچەکاندا، هەروەها پاش نیوەڕۆ پێشبینی دەکرێت لەناوەندی شارەکانیش باران ببارێت بەڵام لەناوچەکانی ڕۆژهەڵات و سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی بادینان زیاتر بێت. ئاماژەی بەوەش دا، پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاویەکانی بەگشتی 2 تا 4 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی نزم دەبێتەوە.  کەشانسی هەرێم ڕوونیشی کردەوە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەینێ سێشەممە، 11-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو بێت لەگەل ئەگەری تاوە باران و بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پاشان لە کاتەکانی ئێوارە ئاسمان بەرەو نیمچە هەور دەگۆرێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە، هەروەها پلەی گەرما نزیك دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 19 پلەی سیلیزی سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی دهۆک : 17 پلەی سیلیزی  کەرکوک : 19 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی دەم پارتی لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی ئاشتی، سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ئەنقەرە بکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببنەوە. شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتووە لە هاوسەرۆکەکانی پارتەکە و چەند ئەندامێکی دیکە، پێشتر جەهەپە پێشنیازیکردبوو لیژنەیەكی هاوبەش لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئاشتی و چارەسەركردنی کێشەکان. هاوکات چاوەڕێدەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی قەیوم و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. وابڕیارە سەردان و کۆبوونەوەکانی دەم پارتی تاوەکو نەورۆ بەردەوام بن و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی سەردانی زۆربەی پارتەکانی تورکیا بكات.

  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا داوا لە عێراق دەکات کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات. مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە تەلەفوون گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە لافاوەکەی ئەم دواییەی بەغدا دەربڕی. والتز، جەختی لە بایەخی هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و بازگانییە هاوبەشەکان کردەوە، والتز، ئاماژەی بەوەدا بڕیاری نوێنەکردنەوەی دەستبەرداربوون لە سزاکانی سەر هەناردەکردنی کارەبای ئێران یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیجیەتی "زۆرترین فشار"ی سەرۆک ترەمپ لەسەر ئێران، و فشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبێت ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیی تیرۆر لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەنێویاندا عێراق. والتز، پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق، هەروەها هانی حکوومەتی عێراقی دا، پێشوازیی لە کۆمپانیاکانی وزەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکی زیاتر بکات بۆ ناو کەرتی نەوت و گاز لە عێراق.  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ چارە کردنی ناکۆکییەکانی گرێبەستی ماوەتەوە و پێدانی پاشەکەوتی قەرزاری کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکی، هەروەها داوای کرد حکوومەتی عێراق ڕێکخەرێکی وەبەرهێنان بهێڵێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراقدا بکەن. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد، بۆ پابەندبوونی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمەریکا و عێراق، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپ کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزە و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئەوەی سوود بە هەردوو گەلی ئەمەریکا و عێراق بگەیەنێت.

زیندانییە ئازادکراوەکانی فەلەستینی چۆنیەتى ئەشکەنجەدانیان دەگێڕنەوە کە چۆن ئیسرائیلییەکان (وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون) و هەندێکیان ‘بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان دراوە. ماڵپەرى میدڵ ئێست ئاى بەریتانى، لەزارى بەشێک لەزیندانیەکانەوە گواستیەوە، کە زیندانییە  فەلەستینییەکانیان بە کفن دەپێچایەوە و بە زیندووی دەیانناشتن، ڕێگە بە بڕێکی کەم هەوا دەدرا بۆ ئەوەی بە زیندووی بمێننەوە، تەنها بۆ ئەوەی پرۆسەکە چەند ساتێک دواتر دووبارە بێتەوە. ئەمە یەکێکە لە زۆرێک لە باسەکانی ئەشکەنجەدان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بەسەر دەستگیرکراوانی فەلەستینیدا کراوە. دوای ئاڵوگۆڕی زیندانیانی ئەم دواییەی حەماس و ئیسرائیل، سەدان دەستگیرکراو ئازادکراون و گێڕانەوەى دڵتەزێنی هاوشێوە دەرکەوتووە.  مەحمود ئیسماعیل ئەبوخاتەر تەمەن 41 ساڵ، یەکێکە لەو دەستگیرکراوانەو دەڵێت ئەشکەنجەدانەکە لەو ساتەوەختەی دەستبەسەرکران دەستیپێکردووە و تا دوا سات پێش ئازادکردنیان بەردەوام بووە. وتیشی: ئەوان وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد نەک مرۆڤ. ڕوونیشی کردەوە، پێش گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندان، گیراون بۆ شوێنێک کە لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداری دەچوو لە غەززە. لەوێدا ناچار بوون بەرگەی شەوێکی ساردو سەرمابگرن، تەنیا جلێکى سپیی تەنکەیان لەبەردا بوو کە پێیان دەدرائاماژەی بەوەشکردووە، دەست و قاچمان بە کۆت و بەند بەسترابوو، بە بتڵی ئاوی بەستوو و بوتڵی پڕ لە زەیتوون لێیانداین. ئەو وتى: لەوێ سەربازەکان لە دەفرێکدا میزیان دەکرد و دواتر بەسەر دەم و جەستەماندا دەیانڕژاند". ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە بەیانییەوە تا نیوەشەو ناچاریان کردین بەبێ جوڵە دابنیشین و تەنها بە مۆڵەت و بە کۆت و دەستەوە ڕێگەمان پێدەدرا بچینە تەوالێت. هەندێک جار ئەفسەرەکە ڕێگەی پێدەدا، هەندێکی تریش ڕێگەی نەدا و زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان لەکۆتاییدا میزەکەیان دەکرد بەخۆیاندا. سەرەڕای ئەوەی سەربازەکان ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ئاودەست و پاکوخاوێنییان سنووردارکرابوو، بەڵام سەرەڕای سەرمای تاڵ، لە مانگەکانی دوانزەو یەکدا  زیندانییەکانیان ناچار دەکرد ڕۆژانە لە ئاوی بەستوودا خۆیان بشۆرن. ئەگەر بۆیان دەرکەوت کەسێک خۆی نەشۆردووە، یەکسەر سزایان دەدا و ئەشکەنجەیان دەدا. بەڵام بە گوتەی ئەو یەکێک لە شێوازە دڵتەزێنەکانی ئەشکەنجەدان لە سدێ تایمان بریتی بوو لە فریودانی زیندانییەکان بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەخنکێن یان دەخنکێن تا دەمرن. ڕوونی کردەوە: "دەستبەسەرکراوێکیان دەخستە ناو کفنێکەوە کە بەسترابووەوە بە هۆزێکەوە کە کامێرایەکی بچووکی تێدابوو و لەناو چاڵێکدا دەیانخاتە ناو چاڵێکەوە و دواتر لەڕێگەی کامێراوە چاودێرییان دەکرد". هەر کە لە لێواری خنکاندنی تەواو بوو، پێیان وابوو خەریکە دەمرێت، پاسەوانەکان ڕێگەیان دەدا بڕێکی کەم هەوای تێدا بێت تا بە زیندووی بمێنێتەوە”. ئەبوخاتەر وەبیری هێنایەوە کە یەکێک لە ساتەکانی زیندانی زۆر ترسناک شایەتحاڵی ئەشکەنجەدانی موساب هانیە، کوڕەزای ئیسماعیل هانیە، سەرۆکی پێشووی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، موساب لە مانگی یەکدا لە زیندانی ئۆفەر گیانی لەدەستداوە، دوای ئەوەی بەرگەی "ئەشکەنجەی دڕندانە"ی گرتووە کە وایکردووە لاواز و قاچەکانی برینداربێت. ئەبوخاتەر ڕوونیکردەوە: “ئەفسەرەکان هیچ هاوکارییەکی پزیشکییان بۆ نەکرد و لە کۆتاییدا کرمەکان لە برینەکانی دەستی بە دەرچوون کرد، و کۆنترۆڵی میزڵدانی لەدەستدا.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕۆژێک دەستگیرکراوانی دیکە گوێیان لە سەربازێک بوو کە دەیگوت مردووە و لە ڕێگەی میڵەکانەوە بینیویانە کە تەرمەکەیان بە کفنێکەوە پێچاوە و دەیانبردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک چووەتە ناو زیندانەوە، کێشی نزیکەی 120 کیلۆگرام بووە، بەڵام تا ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی تەنها بۆ 50 کیلۆگرام دابەزیوە".  

  ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی کۆبووەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. بەپێى وتەى ئەو سەرچاوە، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پارە دەنێردرێت و بە ئەگەرێکی زۆەرەوە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ڕەنگە سبەی بنێردرێت. ڕۆژی یەکشەممە، 09ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق و سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی خانەنشینان."   لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە وتی، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان." دەشڵێت، "سبەی کۆبوونەوەی دووەم دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەردوولا دا هەبوو." ئەندامێکی شاندە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەدا کۆنووسێک لەنێوان هەردوولا ئامادەکراوە و لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزا نەکرا.  سەرەتای ئەمساڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ناردنی کۆی مووچەکانی ئەمساڵ لە کاتی خۆی، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی کوردستان لەنێو مانگی سێ دان کەچی بەغدا مووچەی مانگی دووی ڕەوانە نەکردووە. سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، دەڵێت: نوێترین داواکاریى وەزیرى دارایی فیدراڵ لە شاندەکە ئەوە بووە کە 3%ـى پارەى لێبڕینى خانەنیشنى 2014 بە دواوە رادەست بکەن بەوپێیەى لەو ماوەیەدا بەغدا 10%ـى لە مووچە بڕیوە بۆ خانەنشینى لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان 7%ـى بڕیوە، بۆیە داواى ئەو 3%یە دەکات کە وەرنەگیراوە.   بەگوێرەى یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق، 10%ـى مووچەى فەرمانبەران بۆ سندووقى خانەنشینى دەبڕدرێت، لەکاتێکدا بە گوێرەى یاسای خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان، رێژەى بڕینەکە لە 7% بووە.

  بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، عەلی ئەلریفای، ڕایگەیاند، ئێران و حـ.ـزبوڵا لە پشتی ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتەکەن لە ڕێگەی "پاشماوەی ڕژێمی پێشوو"ەوە، لەبارەی ئەو پێکدادانە خوێناویانەی کە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک چەکداری دڵسۆز بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لە کەناراوەکانی سووریا ڕوویدا. هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە ڕایگەیاند، "پارتی دوژمنکاران" هەن کە هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ شێواندنی وێنەی وڵات لە ئێستادا لە ڕێگەی "کلیپی ڤیدیۆیی کۆن". ناوبراو درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: ئێمە بە پەرۆشین بۆ ئاشتی مەدەنی و ناسەقامگیری پەیکەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی سوریا هەڵمەتی دووەمی دەستپێکردووە بۆ بەدواداچوون بۆ "پاشماوەکانی ڕژێم" لە کەناراوەکان، هەروەها بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنەکانی ئەم دواییە.  بەگوێرەى روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە رۆژای پێنجشەممەوە لەکەناراوەکانی سووریادا کوژراون، بۆ هەزار کەس بەرزبووەتەوە. هاوکات بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا رایگەیاند، ئەو رووداوانەی لە وڵاتەکەدا روویانداوە بە تایبەت لەناوچە کەناراوەکان پێشبینی کراوبوون. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، سوریا لیژنەیەکی سەربەخۆی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێکدادانانەی کە لە ناوچەی کەنار دەریاکان ڕوویانداوە. دەسەڵاتدارانى سوریا دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژی ئەو کەسانەی کە کردەوەی توندوتیژییان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی شانەیدا، ئەو گروپانەی دەستگیرکردووە کە ناوی لێنابوو گروپە بێ دیسپلینەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردەوەی تێکدەرانەیان ئەنجامداوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەرپێچیکردنی ئەو ڕێنمایانەی کە بۆ سەرکردایەتی دەرکراون، دادگایی دەکرێن.

"دەستووری بنەڕەتی من ژیانێکی ئەفسوناوییە لەگەڵ ئێوە!" من ئاگاداری ئەو ڕاستیەم کە، لەسەر خاکی خودبوون، تۆ بە هەموو شێوەیەک حەقیقەتی مرۆڤایەتی دەژیت، ئێوەی ژنانی بەها ئەفسوناوییەکان، من هەرگیز وازم لە ژیان لەگەڵ ئێوە نەهێنا، ئەم ژیانە لەم حاڵەتەدا بوو بە شتێکی سەرەکی کە بەردەوام بووم. بەڵام، ئەو ڕاستییەی کە بۆ یەکەمجار ئەوەندە شایستە و ئازادە، وەک یەکەمەکانی تری میزۆپۆتامیا شایستە دەبێت، ڕەنگە ئەمە ڕوویدابێت، پرسی ئازادی ژن هێشتا گرنگی خۆی پاراستووە، پرۆسەی کۆمۆنالیستی دیموکراسی، دۆخی مۆدێرنی بە کۆمەڵایەتیکردنی ژنی پێشەنگە، گەیشتن بە حەقیقەتی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی ئەم شێوازەوە دەکرێت، تا کولتووری دەستدرێژی/دەستدرێژی سێکسی لەناو نەچێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی لە بواری زانستی و جوانکاری و ئایینیدا سەرهەڵنادات، هەروەک مارکسیزمیش جەختی کردۆتەوە، سەرکەوتنی سۆسیالیزم مەحاڵە تا ئەو کولتوورە پیاوانە لە قوڵایی کۆمەڵگەی مۆدێرن بنبڕ نەکرێت، ڕێگای سۆسیالیزم بە ئازادی ژندا تێدەپەڕێت، تۆ ناتوانی سۆسیالیست بیت تا ڕزگاری ژن بەدی نەیەت، سۆسیالیزم مسۆگەر نییە، سۆسیالیزم بەبێ دیموکراتیک نابێت. یەکەم ئەزموونم لەگەڵ سۆسیالیزمدا لە شێوازی قسەکردنم لەگەڵ ژنێکدا دیار بوو. کەسێک کە نەزانێت قسە لەگەڵ ژن بکات، ناتوانێت سۆسیالیست بێت، کۆمەڵایەتیبوونی پیاو پەیوەستە بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنێکەوە.   "ژن خودی گەردوونە" پیرۆزی ژنە. ژن خۆی گەردوونە، هەروەها مرۆڤ هەسارەیەکی سەرگەردانییە لە خولگەی ئەم گەردوونەدا، بۆ یەکەمجار کە  بانگی منداڵ دەکرێت و ئەو کەسەی زمانی دروست کردووە ئەوە ژنە، دروستکەری کولتوور ژنە. دروستکەری کۆمەڵگەش ژنە. هەروەها پیرۆزی و خودایی هی ژنانە، بۆ ژنان بیردۆزییەکی ڕزگاریخوازی ژنانم پەرەپێدا کە لە چوار بوار پێکهاتبوو، ئەمە تیۆرییە. کولتووری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندەکان، دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ١٠ هەزار بۆ چوار هەزار پێش زایین. ئایینە یەکتاپەرستەکان لە بابلەوە دەست پێدەکەن، داستانی بابل داستانێکی کۆیلەکردنی ژنانە، دروستکردنی داستانی بابلی یەکێکە لە بناغە بنەڕەتییەکانی ئەفسانەی میزۆپۆتامیا. لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ پێش زایین، تێکچوونی کولتووری ژنان دەستیپێکرد. دوای ئەوەی کولتووری ژنی پێشەنگ داڕما، ژنە کۆشکەکە لەگەڵ میتانییەکان سەریهەڵدا. هەروەها نەفەرتیتی ژنێکی خەڵکی کۆشکە، ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە لە پرۆسەی مێژووییدا بوون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە، وەک دەزانن کولتوور و نەریتی ساتی هەیە، لە کولتوری ساتیدا ژن فڕێ دەدرایە ناو ئاگر و دەسوتێندرا، ئەمەش لە ساڵانی ١٨٣٢دا ڕووی دەدا، دواتر ئینگلیز کۆتایی بەم کولتوورە هێنا.   "ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە"  ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە، نابێت ژنان بە زاراوەی بایۆلۆژی هەڵسەنگێندرێن، بەڵکو بە زاراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەڵسەنگێندرێن، وەک سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت؛ ژن لەدایک نابێت، بەڵکو هەبوونە، دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژانە چەندین کوشتنی دڕندانە بەناوی خۆشەویستییەوە ئەنجام دەدرێن، مرۆڤی عاشق چۆن خۆشەویستی خۆی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە، تا ئەمڕۆش زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هەروەها کولتووری ژنانی ئازاد هەیە. ئەو ئاستەی تۆ پێی گەیشتووی نزیکە لەم کولتوورە، ژنان هەوڵ دەدەن سنووری دایکایەتی و هاوسەرگیری تێپەڕێنن، بەڵام، هێشتا ئێوە تەنها لەسەدا ١٠ـی کولتووری ئازادیی ژن بەڕێوە دەبەن. بنەماش ئەوەیە کە دەبێت بە تێگەیشتن شەڕ بکرێت، سیستمی کۆمەڵایەتی پیاوانی سەردەست هەمیشە بۆ ژنان کێشە دروست دەکات. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، سێکس هەیە، دەستدرێژی ڕەگەزیی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵانی کچ هەیە. لە داهاتوودا منداڵان بکوژرێن ئێوە چی دەکەن؟ کاتێک من باسی کەلتووری ساتی دەکەم، من سەرنج دەخەمە سەر ئەو ڕاستییە. دەبێت ئێوە لەگەڵ ئەم کەلتوور و تێگەیشتنە شەڕ بکەن. لەم بوارەدا کەموکوڕی و ناکۆکییتان هەیە، خۆتان لەم کەموکوڕی و ناکۆکییانە ڕزگار بکەن. کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە، کێشەیەکی لەم جۆرە هەیە. لەم بوارەدا ئێمە دەستپێکێکی بچووکمان پێک هێنا. کەلتووری شەڕ و پێکدادان زۆرترین جار دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. تێکشکاندنی ئەم کەلتوورە داینەمۆی تێکۆشانمانە. ڕۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمەش زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی ئازاد" لە هەمان کاتدا بۆ ژنان ڕێنیسانسە. من سڵاو لەو ژنانەی گوێ لە بانگەوازەییەکەم دەگرن، باوەڕ بە ژیانی هاوبەش دێنن بە ئەشقی مەم و زین، بە ئەشقی دەروێشی عەبدی نوێ دەکەم و ٨ـی ئاداری ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر پیرۆز دەکەم.   سڵاو و خۆشەویستیم عەبدوڵا ئۆجالان ٨/مارسی ٢٠٢٥

  مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پشتیوانی کەمینە ئاینیی و نەتەوەییەکانى سوریا دەکەین لەوانە مەسیحی، دروز، عەلەوی و کورد.    لەراگەیەندراوێکیدا، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، دەڵێت: ئەمریکا تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەوان جیهادییە بیانییەکان شەرمەزار دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکیان لە ڕۆژئاوای سوریا کوشت.  هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئەمریکا لەگەڵ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا وەستاوە، لەنێویاندا پێکهاتەکانی مەسیحی، دروز، عەلەوی و کورد، و سەرەخۆشی لە قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەکات.  مارکۆ رۆبیۆ وتیشى: دەسەڵاتدارانی کاتی سوریا دەبێ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دژی پێکهاتە کەمینەکانی سوریا بکەن. ماوەى چەند ڕۆژێکە تووندوتیژی و کوشتن دژی پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەتی عەلەوییەکان بەردەوامە، بەپێی دوایین ئاماری سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپەکانی نزیکیان، زیاتر لە 740 کەسی سڤیلی عەلەوییان لە لازقییە و تەرتوس کوشتووە.  هەر بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەو پێکدادانانەدا، 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و 148 چەکداری لایەنگری ئەسەد کوژراون.  بەیانیی رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە دیمەشق سەردانی مزگەوتێکی کرد کە وەکو خۆی دەڵێت، 20 ساڵ لەمەوبەر نوێژی تێدا کردووە و رایگەیاند، "ئەم شۆڕشە لەم جۆرە مزگەوتانە سەری ھەڵداوە."   هاوکات، داوای کرد لایەنەکان یەکگرتوویی نیشتمانی بپارێزین، گوتی، "دەبێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزین. ئێمە دەتوانین بەپێی توانا پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین."

  هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک چوار جار بە بۆمبی فسفۆڕی قەدەغەکراو هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازدیی، ٣٤ جاریش لە ئاسمانەوە بە تۆپ و چەکی قورس و ٩١٩ جاریش هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر هێزەکانی گەریلا. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژانی ٦ و ٧ـی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونیلەکانی گەریلا لە گۆڕەپامانی بەرخۆدانی شاخی ئاێدی چوار جار بە بۆمبی فسفۆر بۆردومان کراون کە بەکارهێنانیان لە شەڕدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە. هەروەها ڕاشیگەیاند، و ٦، ٧ و ٨ـی ئادار لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشین، ، گۆڕەپانەکانی خێرێ، گرێو ڕەشید، دەشتا کافیە، مێرانێ، دێرێشێ، بێبادە، خالەتا، شاخی بابیل لە هەرێمی گارێ، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بێشیلی و گۆڕەپانی سەری مەتینا، گۆڕەپانەکانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ، بە گشتی ٢٣ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کراون. هەپەگە باسی لەوەشکردوە، لە ڕپژانی ٧ و ٨ـی ئادار گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، ١١ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراوە. لە بەردەوامیدا دەشڵێت: لە ڕۆژانی ٦ و ٧ و ٨ـی ئاداردا گۆرەپانەکانی بەرخۆدانی بەربەزینە، شەهید شەریف، لولان و کەندەکۆلا لە خاکورک ٥٣ جار بۆردوومان کران، گۆرەپانەکانی شاخی ڕەشید، دێریشە، گرگاشە، سپیندارە، مژە، مێرانە، شاخی زەنگل، دەرییە حرچ، زوکە لە گارێ ١٩٦جار بۆردومان کران، هەروەها ناوچەکانی بەرخۆدان سەرێ مەتینا و بێشیلی و شێلازە لە هەرێمی مەتینا ١٥١ جاران بۆردومان کراون و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامەدیە و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ ٥١٩ جاران بۆردومان کراون؛ بە گشتی دەبێتە ٩١٩ جار بە چەکی قورس، تۆپخانە و دوورهاوێژەکانی بۆردوومان کراون. هەروەها، لە ٦ـی ئادار بە چەکی قورسی دۆشکە، کاتێک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلای تۆپباران کرد، لەلایەن هێزەکانمانەوە بەئامانج گیرا و تێکشکا. لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، هەروەها لە هەرێمی ماکۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەندێک کۆنترا بە پۆشینی جلوبەرگی گەریلا و ناساندنی خۆیان بە ناوی گەریلا پارە لە خەڵک وەردەگرن، دەبێت گەلەکەمان متمانەی بەم جۆرە کەسانە نەبێت و پێویستە وریا بن.

  ماڵپەرى ئەلعالەم جدید، ڕایگەیاند لەدوێنوە بەغدا نا ئارامەو بەردەوامیش باران دەبارێت و لەچەند شوێنێکیش لافاو دروستبووە، حکومەتیش ناتوانێت قەیرانی ئاوەڕۆی ئاوی باران کۆنتڕۆڵ بکات، بەیانی ئەمڕۆش پایتەخت بەهۆی ئەوەى زۆربەی فەرمانبەران نەیانتوانى بچنە دەوام فەرمانگە فەرمییەکانیان دۆخێکی ئیفلیجی بەخۆیەوە بینی. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئەو ماڵپەرە، لەکاتژمێرەکانى سەرەتای بەیانیەوە وەزارەتەکان و فەرمانگە حکومیەکان کارەکانیان وەستا، بەهۆى ئەوەى کارمەندى تەواو نەگەیشتبوون، چونکە بەهۆى باران و لافاوو داخستنى شەقامەکان ڕێگاى هاتووچۆیان لێ گیرابوو، بەشێکى زۆریشیان ماڵەکانیان ژێرئاوکەوتووە بەهۆى ئاوی بارانەوە. هەروەها بە پێى پێشبینییەکانی فەرمانگەى کەشناسی بەغدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری باران بارین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هۆشدارییەکانی لافاو و هەورە بروسکە لە هەندێک ناوچە، لەنێویاندا بەغدای پایتەخت. سەرەڕای کۆکردنەوەی تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەسەرکردنى لافاوو کردنەوەى شەقامەکان، هێشتا دۆخی سەر زەوی و هاتووۆچۆ سەختە، چونکە هاوڵاتیان بەسەختى  لە جوڵەدان، هاوکات داواى ئەوەش دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە  بگیرێتە بەر بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆی ئاوە شارەکە. هاوکات پەرلەمانتار کامل عەکەیلی، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کرد، بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە کارەکەی دووربخاتەوە و پڕۆژە وەستاوەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکات. ئەو پەرلەمانتارە وتى: پڕۆژەکانی ناوچەى  زەورا لە ئاستی پێویستدا نەبوون زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت  خزمەتگوزاری پێویستیان پێنەگەیشتوەو ئاو چوەتە ماڵەکانەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی بەغدا بووە هۆی بەهەدەردانی پارەی گشتی لە قەزای زەورا و دەوروبەری لەسەر پڕۆژە وەستاوەکان".

  قەسەدە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شوێنی کرێکارانی گرێدراو بە بەنداوی تشرینیان بۆردوومانکردەوە و هەروەها دەورووبەری پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد و دەشڵێن: شەڕڤانان وەڵامی هێرشی چەتەکانیان بۆ سەر دێرحەفیر دایەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، سەبارەت بە ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و وەڵامدانەوەی شەڕڤانان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی سێیەمیدا بەردەوامە، بەهۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانمانەوە، داگیرکەران و چەتەکان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. ڕاشیگەیاند، دوێنێ (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج بۆردوومانی شوێنی کرێکارانیانی گرێدراوی بەنداوی تشرینیان کردوە،  هەروەها بە تۆپ و هاوەن بە چڕی گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی تشرینیان تۆپباران کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددی کەوتووەتەوە. هەروەها، لە بەرەی دێر حەفیر شەڕ لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەکاندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەک کوژران، بەڵام ژمارەیان دیاری نەکرا. قەسەدە باسی لەوەشکردوە، گوندەکانی تینا، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، مەلحا و سینا، گری شێڤێ و قەرەقۆزاق و دەوروبەری پردی قەرەقۆزق بە زیاتر لە ٣٠ گولـلە تۆپ، هاوەن، تانک و مووشەک تۆپباران کراون، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵیت: بە درێژایی ڕۆژ فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کۆبانێ، عەین عیسا و گوندەکانیاندا دەسووڕایەوە.

  ئەميحای چیكلی، وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، دەڵێت، ئیسرائیل جوڵە دەكات بۆ پاراستنی دروزییەكان لەناوچەكانی نزیك لە سنورەكانی، بەپێویستیشی دەزانێت كورد لە كۆمەڵكوژی بپارێرێت. وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، لە نوسینێكدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) كە هاوپێچی وێنەی چەكدارێكی هێزە ئەمنیەكانی سوریای كردووە، كە قاچی خستووەتە لەسەر تەرمی ئافرەتێك، نوسیوتی، ئەو وێنانەی لە سوریا بڵاودەبنەوە ترسناکن، ئەمە روخساری رژێمێکە كە تیرۆریستانی داعش سەرۆکایەتی دەكەن و  جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە. ئەو وەزیرە دەڵێت: ئیسرائیل هەنگاو دەنێت بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی، هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ بەرگریکردن لە هەموو کەمینەکانی سوریا، بە جەختکردنەوە لەسەر کورد، لە کۆمەڵکوژی جیهادییەکان کە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە ئەنجام دەدرێت. ئەميحای چیكلی وتیشى: ڕۆژئاوا دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەم رژێمە تیرۆریستییە و سەرپەرشتیارەكانی، ئەردۆغان و قەتەر. هەفتەى پێشوو ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی  دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت.

هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی"  بەرەبەیانى ڕۆژانی هەینی و  شەممە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی بە یاوەری هەلیکۆپتەری سەربازی گەیاندە ڕۆژئاواى کوردستان لە بنکەى ڕمێلان لە باکووری شارى حەسەکە. ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمرۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەو دوو فڕۆکەیە بارکرابوون بە کەرەستەی سەربازی و لۆجستی، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بوونی هێزەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژئاواى کوردستان دێت. هاوکات هەفتەى پێشووش دوو فڕۆکەی سەربازی بارهەڵگری ئەمریکی، سەرباز و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان، فڕۆکەیەکیان لە بنکەی سەربازیی خەراب جیری ڕمێلانی باکووری حەسەکە، ئەوەی دیکەشیان لە بنکەی سەربازیی شەدادی حەسەکە نیشتووەنەتەوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 78 فڕۆکە، 246 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر  لەڕێگاى ئاسمانى و زەمینیەوە ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دەکەن. 

  بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى ڕایدەگەیەنێت لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە، سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و  گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بەناو باران بارینى کورت خایەن و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە 9-3-2025 کەش/ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەسەر  کەشى بەشێک لە ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت ئاسمانى هەرێم بە گشتى نیمچە هەور دەبێت .سەبارەت بە باران بارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە ,سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و  گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بەناو باران بارینى کورت خایەن و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت   . خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند  دەبێت ( 10 - 15 ) کم/س . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما/  نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەکانى گەرماى  دوێنێ   مەوداى بینین / 8-10 کم /س  پلەکانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە . سبەی دوو شەممە 10-3-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێ بە گشتى لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە  ئەگەرى باران بارین لە سەر زۆربەى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم هەیە .کاریگەرى ئەم بارانە بە بوونى هەورە تریشقەو لە هەندێ ناوچەى شاخاوی لێزمە بارانى کورت خایەن دەبێ لە شەودا کۆتاى بە کاریگەرى ئەم شەپۆڵە دێت کە ماوەى چەند رۆژێک بوو لەسەر ناوچەکانى باشوور و باشوورى ڕۆژهەڵاتى هەرێم بوو بە تایبەت .  خێراى با / لەسەر خۆ بۆ مامناوەند دەبێت ( 10 -15 ) کم/س .  ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما/ کەمێک بەرز دەبێتەوە سنوورى پارێزگاى هەولێر ودهۆک نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلەى سیلیزى   . مەوداى بینین / ( 7 – 9 ) کم دەبێت .  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر :  19 پلەى سیلیزى سلێمانى: 20 پلەى سیلیزى دهۆک : 17 پلەى سیلیزى زاخۆ :  18 پلەى سیلیزى  هەڵەبجە :20 پلەى سیلیزى کەرکوک:  22 پلەى سیلیزى سۆران : 15 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى گەرمیان : 23 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى /بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى