بەپێى دواین ئامارى ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠٠. ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ باس لە کوژرانى لانیکەم 304 کەس دەکەین کە زۆرینەیان هاوڵاتى مەدەنین لەشارەکانى بانیاس و جەبلە و لادێکانی دۆکیۆمێنت کراون لاى ئێمە، هەروەها لە لادێکانی قرداخ و لازقیە، جگە لە بوونی زانیاری لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانی دیکە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەدیکۆمێنت دەکرێن. ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو سەبارەت ژمارەى کارمەندە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، ئەو ژمارەیەی کە ڕوانگە بەڵگەی لەسەر کردووە، لانیکەم ٨٩ کەسە، وتیشى: ترسمان لەوە هەیە کە ئەم کۆمەڵکوژییانە کاریگەرییان لەسەر ئاشتی مەدەنی لە سوریا هەبێت لە داهاتوودا. ڕامى عەبدولڕەحمان ئاماژە بۆ ئەوەدەگات ئێستا شەقامەکە دابەش بووە لە نێوان ئەوانەی کۆمەڵکوژ کران و ئەوانەی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، واتە لایەنگرانی حکومەتی سوریا بەڵام براوەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ناکۆکی لە نێوان گەلی سوریادا دروستکرد. وتیشى: هیوادارین لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دیمەشقەوە دەنێردرێت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە بکەن کە ئەنجامدراون بۆ ئەوەی نەبنە سەرەتای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی تاوانباران پێیان وایە سزا نادرێن. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ هەن. ئاماژە بەوەش دەکات، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی لایەنگری ئەسەد هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشتن. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕووداوەکانی کەنارەکانى سوریا لەسەر بنەمای تائیفی ڕوونادەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی شەڕی تائیفی، بەو پێیەی هێرشەکانی ئەو ناوچانە لە نێوان چەکدارانی ناو سوپای ڕژێمی لەکارکەوتوو و هێزەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق ڕوودەدەن. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریى وتیشى: داوا لە هەموو سوورییەکان و حکوومەتی نوێ دەکەین، خەڵکی سڤیل لە هەموو گەلی سووریا بپارێزن، چونکە ئەمە ئەرکی ئەوانە. ڕامى عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەو کەسەى کە بەرپرسیارییەتى ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەى دەکەوێتە ئەستۆ، ئەو کەسەیە کە ناوى غەیاس دەللایە، فەرماندەى سەربازیى بووە لە کاتى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، بووەهۆى هەڵگیرسانى فیتنە لەنێوان سونە و عەلەوییەکان، عەلەوییەکانى هاندا دژى دەسەڵاتى نوێى سووریا بجەنگن، ئەو بەرپرسی یەکەم و کۆتایی کێشەکانە.
مەریوان هەڵەبجەیی نوسەرو لێکۆڵەر، ڕایدەگەیەنێت لای دادوەری گشتیی دوو دەوڵەت دوو سکاڵای فەرمیم لە دژی پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی هەردوو شانشینی سوید و نەرویج تۆمار کرد. سەبارەت بەناوەڕۆک و هۆکارى سکاڵاکە، مەریوان هەڵەبجەیی دەڵێت: سکاڵاکە تایبەتە بە شکستی گەورەی پۆلیس و دەزگای هەواڵگری سوید لە بەجێگەیاندنی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆیان لە دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ هاوڵاتی سەلوان مۆمیکا. ئەو جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکرێت تاوانباران سزا بدرێن، وتیشى :خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان نەیانتوانی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیان بۆ پاراستنی مافی ئازادی ڕادەربڕینی مۆمیکا جێبەجێ بکەن، کە مافێکی بنەڕەتییە و لەلایەن دەستووری سوید و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە گەرەنتی کراوە. ئەو نوسەرە ئەوەشدەخاتەڕوو مۆمیکا لە ناونیشانێکی نهێنیدا نیشتەجێ بووە، کە تەنها لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە شوێنەکەی ناسراوە، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر چۆنیەتی دزەپێکردنی زانیارییەکانی و ئەنجامدانی تیرۆرەکە دروست دەکات. سەبارەت بە ناوەڕۆکى سکاڵای دووەمیش ئەوەدەخاتەڕوو تایبەتە بە بوونی چالاکیی فکري تیرۆریستی و کەسانی خاوەن بۆچوونی توندڕەو کە لەسەر خاکی نەرویج نیشتەجێن، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی گشتی و مافەکانی هاوڵاتیان دروست دەکات. سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن 38 ساڵ، شەوى ٣٠ى مانگى یەکى ڕابردوو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژرا. مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی کاتیی سووریا و بە "تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدە" ناوی دەبات؛ دەشڵێت، ئیسرائیل خۆی لە هەموو هەڕەشەیەک دەپارێزێت. یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "جۆلانی (ئەحمەد شەرع) جلەکەی خۆی گۆڕی و کردییە قات و بۆینباخ، دەموچاوێکی میانڕۆی پیشاندا. ئێستا جۆلانی ماسکەکەی خۆی فڕێداوە و رووخساری راستەقینەی خۆی دەرخست." کاتس لە باسی شەرع نووسی: "تیرۆریستێکی جیهادی سەر بە قوتابخانەی قاعیدەیە، تاوانی تۆقێنەر بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل دەکات." رۆژی 05-03-2025 لە پارێزگەی لازقیەی رۆژئاوای سووریا، چەند چەکدارێکی عەلەوی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشت. شەڕەکە گەورەبوو و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای سووریا، لەوانەش جەبلە، تەرتووس و بانیاسی گرتەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند: "ئیسرائیل دژی هەر هەڕەشەیەکی سووریا بەرگری لەخۆی دەکات"، بەڵێنیشدا سوپاکەیان لەو ناوچەیەی سووریا دەمێنێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە. کاتس گوتی: "پارێزگاری لە درووزەکان دەکەین؛ هەرکەسێک ئازاری ئەوان بدات، پێویستە وەڵامی ئێمە بداتەوە". روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە. شەوی هەینی، ئەحمەد شەرع لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە چەکدارانی عەلەوی کرد " پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، خۆتان بەدەستەوە بدەن"، داوای لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی کرد، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن. شەرع رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی کەوتوو، هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە و گوتی: "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور. ئەگەر دڕکێک بە پارێزگەیەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس (رۆژی جیهانیی ئافرەتان) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "درێخى ناكهين بۆ بنياتنانى كۆمهڵگەیهک كه تيايدا ژن هاوبهشێكی راستهقينه بێت له دروستكردنی داهاتوودا." رۆژی شەممە، 8ـی مارسی 2025، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "كۆتاییهێنان به توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافهكانیان و دابینكردنی ژینگهیهك كه بهشداريی یهكسانیان له ههموو بوارهكانى ژياندا مسۆگهر بكات، بهرپرسیاريهتییهكی گشتییه." هاوکات وتیشى: بنیاتنانی كۆمهڵگەیهكی دیموكراسی و پێشكهوتوو بێ مسۆگهركردنی ماف و ئازاديی ژن و بههێزكردنی ڕۆڵ و پێگهى له ههموو بوارهكاندا، بهدی نايهت. دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: به بۆنهی ههشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافرهتانهوه، به گهرمى پیرۆزبایی له ههموو ئافرهتانى كوردستان و عێراق و جیهان دهكهم، هیوای پێشكهوتن و سهركهوتنی زیاتريان بۆ دهخوازم له ههوڵ و خهباتياندا بۆ بهدیهێنانی دادپهروهری و یهكسانی. ههموو پشتگيرييهك بۆ بهردهواميى ڕۆڵی كاریگهریان له بنیاتنانی كۆمهڵگەیهكی ئازادتر، دادپهروهرتر و پێشكهوتووتردا، دووپات دهكهمهوه. ژن له كوردستان به درێژاییی مێژوو، له گۆڕهپانی خهباتی سیاسی و بهرهنگاربوونهوه، ههروهها له تهواوى كايهكانى ژياندا، ئامادهيى، ئازایهتی و خۆڕاگريی خۆی سهلماندووه. ئهو بهشێكی دانهبڕاو بووه له كاروانى ئازاديى كوردستان، ئهمڕۆش بهردهوامه له ڕۆڵی خۆی له سیاسهت، ئابووری، بهڕێوهبردن و پهروهرده و به كارايى بهشداريی له ههموو بوارهكانی ژیاندا دهكات. ئێمه شانازی به پێگه و دهستكهوتهكانی ئافرهتانى كوردستانهوه دهكهین، بهڵام ئهوهش دهزانین كه بۆ مسۆگهركردنى مافهكانی و پاراستنی له توندوتیژی و جیاكاری، ههروهها بۆ بههێزكردنی پێگهی له ههموو كهرتهكاندا، كاری هەمەلایەنە و زیاتر پێويسته. كۆتاییهێنان به توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافهكانیان و دابینكردنی ژینگهیهك كه بهشداريی یهكسانیان له ههموو بوارهكانى ژياندا مسۆگهر بكات، بهرپرسیاريهتییهكی گشتییه. لهسهر ههموومانه وهك كهس، خێزان، پهروهرده و له گشت دامهزراوهكان و له كۆمهڵگەدا، ههوڵی زیاتر بدهین بۆ دڵنیابوون لهوهی كه كوردستان نموونهیهك بێت له یهكسانی، دادپهروهری و مافهكانی مرۆڤ. ههروهك ههمیشه جهختمان كردووهتهوه، بنیاتنانی كۆمهڵگەیهكی دیموكراسی و پێشكهوتوو بێ مسۆگهركردنی ماف و ئازاديی ژن و بههێزكردنی ڕۆڵ و پێگهى له ههموو بوارهكاندا، بهدی نايهت. لهم يادهدا به ڕێزهوه ههموو ئهو ئافرهتانهى قوربانيی گهورهیان داوه، ههروهها ههموو ئهوانهی بوونهته قوربانيی توندوتیژی و توندڕهوی، بهبير دههێنينهوه. پابهنديى بهردهواممان دووپات دهكهینهوه بۆ چهسپاندنی كولتووری پێكهوهژیان، لێبوردهیی و یهكسانی. ههرچيمان لهدهست بێت درێخى ناكهين بۆ بنياتنانى كۆمهڵگەیهك كه تيايدا ژن هاوبهشێكی ڕاستهقينه بێت له دروستكردنی داهاتوودا. سڵاو بۆ ههموو ئهو ئافرهتانهى لهپێناو مافهكانياندا خهبات دهكهن. سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی توندوتیژی. ههر شكۆدار بێت ڕۆژی جیهانیی ژنان. نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان ٨ی ئاداری ٢٠٢٥
لە یادی هەشتی مارسدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پابەندین بە زیاتر رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستاندا. لە راگەیەندراوێکیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی لە ژنان کردووە و دەڵێت، "لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئافرەتان هەمیشە نموونەی نیشتمانپەروەری و ئازایەتیی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون". لە راگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانی ئەوەشهاتووە، جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندین بە زیاتر رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی رێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان.
سەرۆکى کاتى کۆماری سووریا، لەدواى ڕوداوەکانى دووڕۆژى ڕابردوو ڕایگەیاند دەبێت پاشماوەکانی ڕژێم پێش ئەوەی درەنگ بێت چەکەکانیان و خۆیان ڕادەست بکەن. بەشێک لەناوەڕۆک و قسەکانى ئەحمەد شەرع سوریا بەرەو پێشەوە چووە و یەک هەنگاو بۆ دواوە نانێرێت هەندێک لە پاشماوەکانی ڕژێمی کەوتوو هەوڵیان دا ئەو سوریا نوێیە تاقی بکەنەوە کە ئەوان لێی بێئاگا بوون. سوریا یەک و یەکگرتووە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور. سەرۆککۆماری سووریا داوا لە چەکدارانی عەلەوی دەکات "خۆیان بەدەستەوە بدەن، پێش ئەوەی زۆر درەنگ ببێت." داوا لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی دەکات، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی کەوتوو، هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە، "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور." "ئەگەر دڕکێک بە پارێزگایەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن،" لە بەشێکی پەیامەکەیدا شەرع وای گوت. سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەشڵێت، لە سووریای ئەمڕۆدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان دەسەڵات و گەلدا نییە، ئەو وڵاتە بۆ هەمووان گرنگە و واتای بۆ هەمووان هەیە، "نابێت ترس لەسەر وڵاتێک هەبێت کە خاوەن ئەم جۆرە گەل و رۆحە بێت." شەرع رووی دەمی کردە پاشماوەکانی رژێمی پێشووی سووریا و گوتی، "ئێمە لە شەڕی ئازادکردندا دژیان جەنگاین، سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ کوشتنمان. ئێمە چاکسازیی وڵاتەکەمان دەوێت کە ئێوە وێرانتان کردووە و هیچ مەبەستێکمان لە خوێنی ئێوەدا نییە." هەر پەیوەست بە پاشماوەکانی رژێمی پێشووی سووریا گوتی، "هێشتا لەسەر نەزانیی خۆیان بەردەوامن، ئێوە بە کردەوە ناشیرینەکانتان دەستدرێژیتان کردە سەر هەموو سوورییەکان." هاوکات پیرۆزبایی لە هێزەکانی سوپا و ئاسایشی وڵاتەکەی کرد، "بۆ پابەندبوونیان بە پاراستنی هاووڵاتییان و خێرایی ئەدایان." ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی هەندێک سەرچاوە، 90 لەو کەسانەی کە لە پێکدادانەکاندا کوژراون، هاووڵاتیی سڤیلین. بە گوتەی سەرۆککۆماری سووریا، "پاشماوەکانی رژێمی رووخاو بەدوای تێکدان و وروژاندندا دەگەڕێن. ئێمە بەدوای پاشماوەکانی رژێمی رووخاودا دەگەڕێین، ئەوانەی تاوانیان دژی گەل ئەنجام داوە." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا شەرع هۆشداریی دا و ئەوەی خستەڕوو، "هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر هاووڵاتییان، بە تووندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت." جەختیشی لەوە کردەوە، "سەرەڕای ئەو ناپاکییەی بەرامبەرمان کراوە، دەوڵەت هەر زامنی ئاشتیی ناوخۆیی دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناونابرێت و هەر هێرشێکی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران، ئاگرێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێنێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەربڕی، بە مەبەستی دانوستان و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە. ئێوارەى ئەمرۆ هەینی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" جەختیكرد، وڵاتەکەی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات، تا ترەمپ درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بدات. عراقچی، لە پەراوێزی کۆبونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری (جەدە)وتی: ئێمە ناچینە ناو هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، تا ئەو کاتەی واشنتۆن درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشار و هەڕەشەی خۆی بدات. ئەو وتیشی، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو ناچێت، ئەمە تەکنۆلۆژیایەکە کە بەدەستمان هێناوە، تەکنۆلۆژیاش لە مێشکدایە و ناتوانرێت بۆردومان بکرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ده بێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگرێكی بەرفراوان له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئیسرائیلییه کان خۆیان ده زانن هەر کردەوەیەک دژ به ئێران کردەوەیەکی هاوشێوەی دژ به ئیسرائیل بەدوادا دێت. بەگوێرەی رۆیتەرز، ترەمپ لە نامەکەیدا داوای لە خامنەیی کردووە ئامادەبێت بۆ دانوستان چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێراندایە و وا باشترە مل بۆ دانوستان بدات. گوتوشیەتی، پێموایە تاران دەیەوێت ئەو نامەیەی بەدەست بگات. ئەلتەرناتیڤ ئەوەیە لە ئێستادا ئێمە و ئێرانیش بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بکەینەوە، چونکە تاران هەرگیز نابێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆم.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناونابرێت و هەر هێرشێکی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران، ئاگرێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێنێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەربڕی، بە مەبەستی دانوستان و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە. ئێوارەى ئەمرۆ هەینی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" جەختیكرد، وڵاتەکەی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات، تا ترەمپ درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بدات. عراقچی، لە پەراوێزی کۆبونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری (جەدە)وتی: ئێمە ناچینە ناو هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، تا ئەو کاتەی واشنتۆن درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشار و هەڕەشەی خۆی بدات. ئەو وتیشی، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو ناچێت، ئەمە تەکنۆلۆژیایەکە کە بەدەستمان هێناوە، تەکنۆلۆژیاش لە مێشکدایە و ناتوانرێت بۆردومان بکرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ده بێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگرێكی بەرفراوان له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئیسرائیلییه کان خۆیان ده زانن هەر کردەوەیەک دژ به ئێران کردەوەیەکی هاوشێوەی دژ به ئیسرائیل بەدوادا دێت. بەگوێرەی رۆیتەرز، ترەمپ لە نامەکەیدا داوای لە خامنەیی کردووە ئامادەبێت بۆ دانوستان چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێراندایە و وا باشترە مل بۆ دانوستان بدات. گوتوشیەتی، پێموایە تاران دەیەوێت ئەو نامەیەی بەدەست بگات. ئەلتەرناتیڤ ئەوەیە لە ئێستادا ئێمە و ئێرانیش بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بکەینەوە، چونکە تاران هەرگیز نابێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆم.
لەچەند ڕۆژى رابردوودا، سەنتەری هاوبەشی لوڕ و گروپی موزیکی لوڕ، سرودێکى نیشتیمانیان بەرهەمهێنا بەناوى (ڕۆژئاڤای زێد) کە ناوەڕۆکى سرودەکە باس لەشەرڤانان و بەرخودانەکەى گەلى ڕۆژئاوا دەکات. تێکستی بەرهەمەکەى هى داستان بەرزانە، سرودەکەش لەلایەن هەردوو هونەرمەند ئاودێر بەرزان_ هۆنیا عەبدوڵڵاوە وتراوە، نزار زێوێی کارى موزیک و دابەشکردنى بۆ کردووە. بەرهەمەکە کلیپى بۆکراوەو ئێستا لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، مارى کامێراى کلیپەکە لەلایەن ڕۆژ فاتیحەوە بۆ کراوەو ڕووناکییش شاخەوان محەمەدو مۆنیاژ و دەرهێنانى لەلایەن بافڵ ئەرسەلانە، سروودە بەرهەمی سەنتەری هاوبەشی لوڕ و گروپی موزیکی لوڕە.
لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی سامانەکان هەیە، ئەمەش بووە هۆی ئاستەنگ لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، و تێپەڕاندنی ڕەتکردەوە لە خولی هەڵبژاردنی ئێستادا. ئەمڕۆ هەینی باسم نەغمیش غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان، ڕاگەیاند: “یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007ەوە داواکارییەک بووە، بەڵام هەوڵەکان بۆ یاسادانانی بەهۆی ناکۆکی سیاسی و ڕێککەوتن نەبوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان شکستی هێنا”. ئەو ڕوونیشیکردەوە، یاساکە بەشێک بووە لە بەرنامەی ئێستای وەزاری، و بڕیاربوو لەم خولەی پەرلەماندا یاسا دەربکرێت، بەو پێیەی لە ساڵی 2023ەوە لیژنەکان پێکهێنران بۆ گفتوگۆکردن لەسەری، هەروەها دوو ڕەشنووس خرانەڕوو کە یەکەمیان لە حکومەتی فیدراڵەوە و دووەمیان لە هەرێمەوە، هەروەها لیژنە هاوبەشەکان پێکهێنران بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا. ئەندامەکەى لیژنەى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی پرسە تەکنیکییەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام جیاوازییەکان لەسەر لایەنە کارگێڕییەکان و دەسەڵاتەکان و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نەوتی فیدراڵیدا بووە، جگە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی سەرچاوەکان، هەروەها مافەکانی پێشوو و ئێستا. باسم نەغمیش غەریباوی، وتى: لیژنەی نەوتی پەرلەمان جموجۆڵی چڕوپڕی لەگەڵ سەرکردەکانی قەوارە سیاسییەکان ئەنجامدا بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی دەرکردنی یاساکە، بەو پێیەی ئەو سامانە نەوتییە ڕێکدەخات کە بەتەواوی دارایی دەوڵەت دابین دەکات، هاوکات بەشدارە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، ئەمەش بەشدارە لە گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی و ئابووری. ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندی بە سامانی نەوت و پابەندبوونی هەرێم بەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی و دادگای نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم یاسایە یەکێکە لەو یاسایانەی کە تەواوکەری دەستوورە". سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، غەریباوی پشتڕاستی کردەوە کە "ئەو لیژنانەی کە پێکهاتبوون نەیانتوانی بگەنە کۆدەنگییەکی سیاسی، ئەمەش وایکردووە دەرکردنی یاساکە لەم خولەی هەڵبژاردنەدا بابەتێکی چاوەڕواننەکراو بێت".
دوو سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بە پێویستی دەزانن ئەردۆغان هەڵوێستێکی روونی هەبێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی، دەشڵێن، باخچەلی هەڵوێستی روونە، بەڵام ئەردۆغان تەمومژاوییە. عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، لە کۆبونەوەی گروپی پەرلەمانيی پارتی ڕێبازی نوێ (یەنی یۆل) قسەیان لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە كرد، جەختیان لەوە کردەوە پڕۆسەی چارەسەری تەنیا بە ئیرادەی سیاسی و نەخشە رێگایەکی روون و دیاریکراو دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، داواشیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پرسە روون بکاتەوە. داود ئۆغڵو، سەبارەت بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پێشهاتەکانی ئەم دواییە وتی: ئۆجەلان ئێستا باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەکات، لەبری ئەوەی تەنها گروپە چەکدارەکان لە تورکیا بکشێنێتەوە، وەك ئەوەی ساڵی (2013) روويدا، جگە لەوەش ئەم بەیاننامەیە پەیکەری دەوڵەت ناخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو باس لە دیموکراسی دەکات لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتوودا، بەپێویستيشی زانی پێناسەی تورکبوون لە دەستوردا بگۆڕدرێت. لای خۆیەوە، عەلی باباجان، جەختی لە گرنگی چارەسەری ئاشتیانە کردەوە و وتی: ئاشتی باشترە لە شەڕ، ئێمە بە گەشبینیەکی وریاییەوە بەدواداچون بۆ پرۆسەکە دەکەین، بەڵام بەبێ ئیرادە و نەخشە رێگای روون، سەرکەوتن قورسە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا هەڵوێستی باخچەلی جێگیر دەردەکەوێت، هەڵوێستی ئەردۆغان تا ئێستا تەمومژاویە، وتیشی: یان دەبێت بۆ پێشەوەیە بڕوانین و پێکەوە هەنگاوبنێین، یان شكستدەهێنین و ئەم دەرفەتە لەدەست دەدەین. وتیشی: هاوڵاتیانی کورد لە وڵاتەکەمان کێشەیان هەیە، کێشەی کوردی بوونی هەیە، گۆڕەپانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش لە ژێر سەقفی ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادایە. ئەم کێشەیە بە روونی دەركەوت، كاتێك شاندی ئیمرالی بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیان راگەیاندو، بۆ یەكەمجار دەقی بانگهێشتنامەکەیان بە زمانی كوردی خوێندەوە، ئایا نەتانبینی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان چی روویدا؟ هەندێکیان نەیاندەزانی چی بکەن، لەترسا پەخشەکەیان بڕی، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و قەدەغەکردنیان لە باوەش گرتەوە، ئەم ڤایرۆسە پاوانخوازییە، ئەم ڤایرۆسە دژە دیموکراسییە، ئەم ڤایرۆسەی پۆپۆلیزمە، ئەم ڤایرۆسە جیاکارییە ڤایرۆسێکە لە ڕێگەی سیاسەتەوە بڵاودەبێتەوە. باباجان جەختیكرد، چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی درێژخایەنی نێوان تورکیا و کوردەكان بێت، وتیشی، ئێمە دەمانەوێت کورد لە سوریا بە ئازادی بژین و پەیوەندی سیاسی هەمەچەشن و دۆستانەیان لەگەڵ تورکیا هەبێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەو چەکانەی ئاراستەی تورکیا دەکرێن وەلا بنرێن.
بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، ئەو ئاڵۆزییانەى کە لە سووریا سەریانهەڵداوە فەرماندەیەکى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا بەناوى غەیاس دەللا لێى بەرپرسیارە و بووەتە هۆى هەڵگیرسانى فیتنە لە سووریا. ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 124 کەس کوژراون، 36 کەسى سەر بە هێزەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریى سووریا، 32 چەکدارى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا، 52 کەسیش لە ریفى لازقییە کوژراون کە لایەنگرى ئەو فەرماندە سەربازییە سوورییە بوون و چوار هاوڵاتى سڤیلیش لەناو کوژراوەکاندا هەیە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕووداوەکانی کەنارەکانى سوریا لەسەر بنەمای تائیفی ڕوونادەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی شەڕی تائیفی، بەو پێیەی هێرشەکانی ئەو ناوچانە لە نێوان چەکدارانی ناو سوپای ڕژێمی لەکارکەوتوو و هێزەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق ڕوودەدەن. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریى وتیشى: داوا لە هەموو سوورییەکان و حکوومەتی نوێ دەکەین، خەڵکی سڤیل لە هەموو گەلی سووریا بپارێزن، چونکە ئەمە ئەرکی ئەوانە. ڕامى عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەو کەسەى کە بەرپرسیارییەتى ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەى دەکەوێتە ئەستۆ، ئەو کەسەیە کە ناوى غەیاس دەللایە، فەرماندەى سەربازیى بووە لە کاتى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، بووەهۆى هەڵگیرسانى فیتنە لەنێوان سونە و عەلەوییەکان، عەلەوییەکانى هاندا دژى دەسەڵاتى نوێى سووریا بجەنگن، ئەو بەرپرسی یەکەم و کۆتایی کێشەکانە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکات و ڕۆژی پێنجشەممە نامەیەکی بۆ سەرکردایەتی ئێران نارد و ڕایگەیاند، هیوادارە ئەوان ڕێکبکەون لەسەر گفتوگۆکردن. دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس بزنس کە ئەمڕۆ هەینی پەخشکرا، وتی: وتم هیوادارم دانوستان بکەن، چونکە بۆ ئێران زۆر باشتر دەبێت. ئەو وتیشى: "پێموایە ئەوان دەیانەوێت ئەو نامەیە بەدەستبهێنن. بەدیلەکەی دیکە ئەوەیە کە دەبێت شتێک بکەین، چونکە ناتوانیت ڕێگە بە چەکی ئەتۆمی دیکە بدەیت". پێدەچێت نامەکە ئاڕاستەی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران بووبێت. کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی سەبارەت بەو بابەتە نەدایەوە. ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دەوروبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تاوتوێ کردووە. بلومبێرگ کە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی دەستکەوتووە، لە زاری سەرۆکی ئەمەریکاوە نووسیویەتی "نامەیەکم بۆیان نووسی و هیوای خۆمم دەربڕی کە دانوستان بکەن، چونکە زۆر ترسناک دەبێت بۆ ئەوان ئەگەر ناچار بین لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردان بکەین." لە کاتێکدا دانۆڵد ترامپ ڕەتی نەکردەوە کە لە بژاردەی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەربگیرێت، بەڵام وتیشی کە پێم باشە دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی "دڵنیام هەمووان لەگەڵمدا هاوڕان. بەڵام دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک کە هێندەی سەرکەوتنێکی سەربازی باش بێت." بلومبێرگ ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی سێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هاوکاریکردنی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە پرسگەلێکی جۆربەجۆر، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتی ئەو حکوومەتە لە گرووپە دژە ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکە. دواتر برایان هیوز وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا "لە پێگەی هێزەوە بۆ دۆست و دوژمن" قسە دەکات. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "ڕووسەکان پێشنیاریان کردووە نێوەندگیری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵام داوایان لێ نەکراوە ئەم ڕۆڵە بگێڕن".
نیوەڕۆى ئەمرۆ بۆمبێکی نەتەقینەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی دووەم، دۆزرایەوە لە نزیک وێستگەی گەورەی شەمەندەفەری پاریس، بەوهۆیەشەوە هاتووچۆی وێستگەى گار دو نۆرد لە پاریس کە سێیەم قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەرە لە جیهاندا پەکخستووە. کۆمپانیای نیشتیمانیی شەمەندەفەری فەرەنسا ئەمرۆ هەینی، 7ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسی، "بۆمبێکی نەتەقیو لە نێو سکەی شەمەندەفەر لە وێستگەی گار دوو نۆرد لە ناوچەی سەینت دێنیس لە باکووری پاریس دۆزراوەتەوە." بۆمبەکە لە دووری 2.5 کیلۆمەتر لە گار دو نۆردەوە دۆزراوەتەوە، لە ناوەڕاستی ڕێڕەوەکاندا، پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، بۆمبەکە کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانی دۆزراوەتەوە، لە شاری سانت دێنیس کە گەڕەکی باکووری پاریسە و لەکاتی کارەکانی بیناسازیدا دۆزراوەتەوە. فیلیپ تابارۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشبینی دەکات کە پەککەوتنى هاتووچۆ لانیکەم تا کۆتایی ڕۆژەکە بەردەوام بێت. بەرپرسانی پاریس هەموو گەشتەکانی وێستگەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر پۆلیس بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکە رەوانەی وێستگەکە کراون. بەگوێرەی نووسینگەی گەشتیاری پاریس، ساڵانە نزیکەی 220 ملیۆن سەرنشین بە ڕێگای گار دو نۆرد، قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەر لە ئەوروپادا تێدەپەڕن و گەشت و گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی باکوری فەرەنسا و لەندەن و بەلجیکا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا دەکەن. ئەم وەستان و پچڕانە کاریگەری لەسەر هێڵی ئاسنی هاتووچۆ و شەمەندەفەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەنێویاندا خزمەتگوزارییەکانی یۆرۆستار، وتەبێژی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆمپانیای یۆرۆستار بەنیازە سەرجەم شەمەندەفەرەکانی گار دو نۆرد و گەڕانەوە بۆ گار دو نۆرد هەڵبوەشێنێتەوە. ماڵپەڕەکەی ئامۆژگاری گەشتیارانی کردووە کە کاتەکانی گەشتەکانیان دابنێن.
دەسەڵاتدارانی ئەمنی سوریا ڕۆژی هەینی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانیان لە دژی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو لە لازقیە و تارتووس ڕاگەیاند و لەچەند ناوچەیەکیش هێشتا شەڕو پێکدادان بەردەوامە. ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە هێزەکانی سوریا ناوەندی پارێزگاکانی تەرتوس و لازقییەیان کۆنترۆڵکردووە و ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە ناو لادێکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سوریا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوەندی پارێزگای لازقیە کردوەو ئێستا لەژێر دەستیاندایە. هاوکات بەرپرسانى حکومى کاتى سوریا ڕایانگەیاند قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگای تارتووس تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی شەممە درێژکراوەتەوە. لەلایەکى دیکەوە هێزە ئەمنییەکانی سووریا هێزی زیاتریان بۆ جەبلە ناردووە، لە کاتێکدا هێشتا پێکدادان لە چەند ناوچەیەکی جەبلە لە کەناراوەکانی سووریا بەردەوامە. هێرش و بۆسەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشووی سوریا بە هەماهەنگی و پلان بۆ داڕێژراو بووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڵمەتی ئەمنی ئێستای سوریا لە دژی پاشماوەکانی ئەسەد گەورەترین هەڵمەتە. شاری سەلحەب لە لادێکانی حەما شاهیدی هەڵمەتێکی گەڕان و هەڵکوتانە سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی بەدواداچوونی گروپ و ئەندامەکانى سوپای ڕژێمی پێشوو و دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی کە لەم دواییانەدا لەنێو لایەنە بێ مۆڵەتەکاندا بڵاوبوونەتەوە. ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هێزەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی پەرەسەندنی ئەمنی لە ناوچە کەنارییەکانی سوریا دێت. هاوکات گەڕەکە جیاوازەکانی تارتوس و لازقییە شاهیدی گەڕانی بەرفراوانن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکان لەبەردەستدا بێت. چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایانگەیاندووە، ئەو ئەنجوومەنە سەربازییەی کە لەلایەن فەریق غیاس دالا پێکهێنراوە، دەستیکردووە بە فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر زەوی و هاوپەیمانی لەگەڵ سەرکردەکانی پێشووی سوپای بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی وڵاتەکەیدا دروستکردووە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا ئاژانسی هەواڵی سوریا "سانا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە بڵاویکردەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکانی لازقییە و پارێزگاکانی تەرتوس ڕاگەیەندراوە. جگە لەوەش لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە شەوی پێنجشەممەوە تا بەرەبەیانی هەینی شایەتی پێکدادانی توندوتیژی نێوان هێزەکانی سوپای سوریا و ئەندامەکانى سەر بە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بوو، ئەمەش دوای هێرشێک کە پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ سەر کاروانێکی سەربازیی سەر بە سوپا لەسەر ڕێگای حەلەب- لازقییە دەستیپێکرد. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دالا هاوپەیمانی لەگەڵ محەمەد مەحرەز جابر، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی فالکۆنی بیابان، کە ئێستا لە نێوان ڕووسیا و عێراق نیشتەجێیە، هاوپەیمانییان پێکهێناوە. ئاماژەی بەوەشکرد، فەریق غیاث دالا هاوپەیمانی لەگەڵ یاسر ڕەمەدان ئەلحەجەل پێکهێنا کە فەرماندەیەکی مەیدانی بوو لەناو گروپەکانی سوهەیل حەسەنی سەر بە ڕژێمی لابراو. محەممەد حوسێن، فەرماندەی مەیدانی سوپای سوریا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئەوان لە جموجۆڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنى هێزەکانیان هیچ مەزهەبێک ناکەنە ئامانج، و هەوڵدەدەین ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیر بکەین و ڕێگری لە دابەشبوون بکەین.
