ئەمڕۆ دانوستانەكانی وەفدی ئەمریكا و ئۆكراین لە شاری جدەی سعودیە دەستپێدەكات و سەرۆكی ئۆكراینیش دەڵێت، دانوستانەكان بنیاتنەر دەبن. ئۆکرانیا لە میانی دانوستانەکانی ئەمڕۆ سێشەممەی جددەى سعودیە، پلانێک بۆ ئاگربەستی بەشەکی لەگەڵ ڕووسیا پێشکەشی ئەمریکا دەکات، ئەمەش دەستپێشخەرییەکە کە کیێڤ هیوادارە کۆشکی سپی بەدەستبهێنێتەوە، کە لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی، داوای ئیمتیازات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵە دەکات. بەر لە بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە پێشوازی لە سەرۆكی ئۆكراین كرد و باسیان لەدوایین پێشهاتەكانی جەنگ كرد. جێنشینی سعودیە جەختیشی كردەوە لەسەر پابەندی وڵاتەكەی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆكراین.  هاوكات زیلینسكی رایگەیاند، دانوستانەكانی وەفدی وڵاتەكەی و ئەمریكا بنیاتنەر دەبن و تیشك دەخاتە سەر گرەنتییە ئەمنییەكان. هاوكات ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش گەشبینە بە ئەنجامی ئەو دانوستانە و وتی، ئەگەر چاوەڕێی ئەنجامی ئەرێنی نەبوونایە ئامادەی كۆبوونەوەكە نەدەبوون.  بەپێی ئەو وەردەكاریییانەشی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، كۆبوونەوەكە ئاستی ئامادەیی ئۆكراین ئاشكرا دەكات بۆ سازشكردن بۆ مۆسكۆ لەپێناو كۆتاییهێنان بەجەنگ . هەروەها ئاشكرای دەكات كە ئۆكراین تا چەند جدییە لە باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارەكەی ترەمپ. دانوستانەکان لە سعودیە گرنگترین ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت لە دوای گڕژەیە شۆککەرەکەی کۆشکی سپی لە ٢٨ی شوباتدا، کاتێک ترەمپ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیای توندوتیژی کرد بەهۆی ئەوەی بە ناپاکی ئەمریکی دەیبینی. زێلێنسکی کە لەو کاتەوە نامەیەکی داوای لێبوردنی بۆ ترەمپ ناردووە، بۆ دیداری شازادەی جێنشینی سعودیە گەشتێکی کردووە بۆ شاری جدە لە دەریای سوور، بەڵام گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ سێ لە یاریدەدەرە باڵاکانی جێهێشتووە.  

سیناتۆرێکی ئەمریکی: تەیف سامی مووچەی کوردانی عێراق نادات، ترەمپ ئەمە چارەسەر دەکات سیناتۆرێکی کۆماریی ئەمریکا دەڵێ تەیف سامی کوردانی عێراق برسی دەکات و مووچەکانیان نادات، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ئەمە چارەسەر دەکات.   جۆ وێڵسن، کۆنگرێسمانی کۆمارییەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوا دەکات "گەنجینەی ئەمریکا چیدیکە سزادانی بانکی رافیدەین دوانەخات" کە بە گوتەی ئەو، "ملیاران دۆلار بۆ میلیشیا عێراقییەکان سپی دەکاتەوە."   کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە ناوی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیشی هێناوە و دەڵێ "تەیف سامی کوردانی عێراق برسی دەکات و مووچەکانیان نادات. ئەمە دەبێت کۆتایی پێبێت، ترەمپ ئەمە چارەسەر دەکات."   ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 11ـی ئاداری 2025ـە و هێشتا عێراق مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.

وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین، کە ئەمڕۆ دووشەممە لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و سەرۆککۆماری کاتی سووریا کراوە، کە بەپێی رێککەوتنەکە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا.   دووشەممە 10-03-2025 فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە دیمەشق کرا. بۆیە قسە لەسەر رێککەوتنەکە ناکەن.   ئەو وتەبێژە وتیشى: دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە، ئەوکات بۆچوونی خۆمان لەسەر رێککەوتنەکە رادەگەیەنین.   ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.  رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.    لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات." بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.    هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.  بەگوێرەی میدیای هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی جۆری ئاپاچی لە سەرووی ناوچەی سوخنە لە گوندەواری حمس بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازی زەمیر لە گوندەواری دیمەشق فڕیوە.    ئەو فڕۆکەیە شاندێکی هەدەسەی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بردووە بۆ پارێزگای گوندەواری دیمەشق.  سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندووە، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ شەرع باس لە راگرتنی گرژی لە ناوچەی کەناری دەریا و هاوکاریکردنی زەرەرمەندان کرا   بەر لە رێککەوتنەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کوردەکان، لەوانەش لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی گروپێکی کوردی (کە مەبەستی مەزڵووم عەبدییە)، کە لەلایەن واشنتنەوە پشتیوانی دەکرێت. سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی منبج و بەنداوی تشرین، ئەحمەد شەرع بە ئاژانسە بەریتانییەکەی راگەیاندبوو، دەیەوێت ئەم بابەتە بە دانوستاندن و دیدار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چارەسەر بکات.

  مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتین نییە، بەبێ دەستکەوت بۆ هەردوولا، گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان روسیا و ئۆکراین ئەستەمە. لە کاتێکدا کە بڕیارە سبەی سێشەممە وتووێژەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا لە شاری جددەی سعودیە دەست پێبکات، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، هیوادارم کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆکراینییەکان بە باشی بەڕێوەبچێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە فڕۆکەکەیدا لە ڕێگەی سعودیە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، گەشبینین بە کۆبوونەوەکەی سبەینێ و سوپاسگوزارین بۆ سعودیە کە میوانداری کۆنفرانسەکەی کرد. ناوبراو زیادی کرد: دەتوانین بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا دەست پێ بکەین و دواتر هەنگاو بنێین بۆ دانوستان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەریتانیا و فەڕەنسا ڕۆڵێکی ئەرێنییان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیادا بینیوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەست لە ئۆکرانیا بەبێ ئیمتیازاتی هەردوولا ڕوونادات. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین دیارینەکراوە. جگە لەوەش وەزیری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی ئەمریکا ئامرازەکانی خۆی هەیە بۆ فشارخستنە سەر ڕووسیا و هیوادارین سوودیان لێ وەرنەگیرێت. ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە سەردانی سعودیە دەکات لە ڕاگەیەندراوێکی تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ڕوبیۆ لە 10 تا 12ی ئازار لە شاری جددە دەبێت و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئۆکراینیەکانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی "پێشکەوتن بەرەوپێشبردنی ئامانجی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا".

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک  بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، ڕێگریی یاسایی هەیە. فەرمانگەى میدیاو زانیارى حکومەتى هەرێم ڕاگەیەندراوەکەى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت  شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین کە ڕێگریی یاسایی هەیە بە گوێرەی ماددەی 77ی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ و ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە وەزارەتی پەروەردە بە مەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، چەند جارێک سەردان و کۆبوونەوەی ئەنجام داوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی عێراقی فیدراڵ، کە تێیدا داواکاریی گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەمان پێشکەش کردووە و پێداگیر بووین کە مافی داراییان زامن بکرێت و پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.  بەڵام شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین کە ڕێگریی یاسایی هەیە بە گوێرەی ماددەی 77ی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ و ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن. لەمبارەیەشەوە ئەم ڕێگرییە یاساییەیان لە کۆنووسدا واژۆ کردووە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ کراوە. سامان سیوەیلی  گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ڕێباز حەملان، جێگری وەزیری دارایی فیدراڵ لە پەیامێكی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: مافی خەڵكی كوردستان لە پۆست و پلە و پایە  زۆر گەورەترە، دەشڵێت: کە متمانەی جەنابی مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت. دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، ڕێباز حەملان، جێگری وەزیری دارایی فیدراڵ لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە. ئەو وتیشى :لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە. ئەوەش دەخاتەڕوو بەتایبەت کە متمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت. دەشڵێت: لەساڵی 2017 لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجومەنی وەزیران نیصابى قانونى لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام. ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ دەستبەکاربونی وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا کردووە لە ئاستی زۆر باڵا، دەڵێت: دواتر لە ڕاگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکوومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەمووی جێبەجێ کردووە، بەتایبەت جەنابی کاک مەسرور بارزانی خەمخۆرانەو پشوو درێژانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغدا، ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم ، بۆ یه‌كه‌مجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق به‌یاننامه‌ له‌ دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گه‌وره‌كرا و له‌گه‌ڵ خودى وه‌زیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە ٢٤ بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به‌ شانازییه‌وه‌ سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد. ڕێباز حەملان نووسیویەتی: لەم ساڵی 2025دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتی کردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن  بۆ جاری دووەم بڕیارمداو بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد. دەڵێت: لە کۆتایی مانگی یە، بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه‌ دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.

شاخەوان عەبدوڵلا داوا لە وەزیری دارایی عێراق دەکات لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن، چونکە سەرجەم داواکاریەکان جێبەجێکراوە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە:  وەزارەتەکەتان هێشتا بەربەستی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی زانیاریی پێویستیان پێ نەدراوە دەربارەی هەژماری بانکیی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێم کە مووچەکانیان تەوتین کراوە.  هەروەها باسی لەوەش کردووە "بەپێی یاسا زانیاریی تایبەت بە هەژماری بانکیی فەرمانبەران تایبەتە بە بانکەکان ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەژمارەکە و بەکارنەهێنانی لە بابەتی وەک سپیکردنەوەی پارە، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی عێراقیش زانیاریی خاوەن هەژمار تەنیا بەیاسا یان بڕیاری دادگا لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی هاوبەشی پێ دەکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی متمانەی بانکییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بەو یاسایە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، (هەژماری من)ـی بۆ فەرمانبەران ڕاگەیاندووە." جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا داوای لە وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری و دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی ڕاسپێرێت لە زووتری کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن و هیچ بیانوو و بەربەستێک لە بەردەم خەرجکردنیندا دروست نە‌هێڵنەوە.   

کریملین ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە دەبێ بە زووترین کات کۆتایی بە توندوتیژی لە سووریا بهێنێت،ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو سەبارەت بە پێکدادانەکانی سوریا لە نێوان دڵسۆزانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو و دەسەڵاتە ئیسلامییە نوێیەکانی ئەو وڵاتە کە لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار کەس کوژران. دوێنێ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆماری سوریا پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێکدادانەکان ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئەکاونتی تێلێگرامی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو لیژنەیەی کە ئەرکی "لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ڕاستییەکانی لەسەرە سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سوریا کە لە 6ی ئازاری 2025دا ڕوویانداوە، لە 7 کەس پێکدێت، ئەرکەکانیش بریتین لە "لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووبەڕوویان بووەتەوە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لێیان". هەروەها "ڕەوانەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە سەلمێنراوە دەستیان لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکارییەکاندا هەیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری". ”، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا. جێگای سەرنجە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە گرژی و پێکدادانەکان لە چەند ناوچەیەک لە کەناراوەکانی سوریا کە زۆرینەی مەزهەبی عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن، هەڵگیرساوەتەوە، دوای ئەوەی گروپێکی ئەمنی بەرەو دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو ڕۆیشتن. لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەنەبوو خۆی تەسلیم بکات و دواتر کۆمەڵێک لە "پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو" دەستیان کرد بە دانانی بۆسە بۆ هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە کەنارییەکان و دواتر پێکدادانەکان بە قەبارەیەکی بەرفراوان سەریان هەڵدا.

  شێروان شێروانی، کە یەکێک بوو لە حوکمدراوانی بادینان، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت، بەڵام پارێزەرێکی دەڵێت، رێکارە یاساییەکان تەواو نابن و ڕۆژى چوارشەممەى  داهاتوو هەوڵدەدەن ئازادی بکەن. محەمەد عەبدوڵا پارێزەری کەیسی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی رایگەیاند: ئەگەر گرفت نەیەتە پێشەوە رۆژی چوارشەممە شێروان شێروانی ئازاد دەکرێت. شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.   بارزان شێروانی ڕایگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە ئیدارەییەکان ئازادکردنی شێروان شێروانی دوادەکەوێت. لەبارەی ئەوەی تا ئێستا دۆسییەی دیكە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە وتی، تا ئێستا هیچ دۆسییەك لە دژی شێروان نەكراوەتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ دادگای هەولێر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیركردن بۆ شێروان شێروانی دەرچوو و لەوكاتەشەوە چەندین دۆسییەی دیكەی لەسەر كراوەتەوە بە مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی وادەی زیندانیكردنی. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50%  کەمکرایەوە.   دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.   بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.

  بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان تاوە باران و بروسکە هەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیشبینی دەکرێت، کەشی ئەمڕۆ دووشەممە، 10-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو بێت، لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و بروسکە لەزۆربەی ناوچەکاندا، هەروەها پاش نیوەڕۆ پێشبینی دەکرێت لەناوەندی شارەکانیش باران ببارێت بەڵام لەناوچەکانی ڕۆژهەڵات و سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی بادینان زیاتر بێت. ئاماژەی بەوەش دا، پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاویەکانی بەگشتی 2 تا 4 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی نزم دەبێتەوە.  کەشانسی هەرێم ڕوونیشی کردەوە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەینێ سێشەممە، 11-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو بێت لەگەل ئەگەری تاوە باران و بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پاشان لە کاتەکانی ئێوارە ئاسمان بەرەو نیمچە هەور دەگۆرێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە، هەروەها پلەی گەرما نزیك دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 19 پلەی سیلیزی سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی دهۆک : 17 پلەی سیلیزی  کەرکوک : 19 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی دەم پارتی لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی ئاشتی، سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ئەنقەرە بکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببنەوە. شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتووە لە هاوسەرۆکەکانی پارتەکە و چەند ئەندامێکی دیکە، پێشتر جەهەپە پێشنیازیکردبوو لیژنەیەكی هاوبەش لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئاشتی و چارەسەركردنی کێشەکان. هاوکات چاوەڕێدەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی قەیوم و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. وابڕیارە سەردان و کۆبوونەوەکانی دەم پارتی تاوەکو نەورۆ بەردەوام بن و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی سەردانی زۆربەی پارتەکانی تورکیا بكات.

  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا داوا لە عێراق دەکات کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات. مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە تەلەفوون گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە لافاوەکەی ئەم دواییەی بەغدا دەربڕی. والتز، جەختی لە بایەخی هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و بازگانییە هاوبەشەکان کردەوە، والتز، ئاماژەی بەوەدا بڕیاری نوێنەکردنەوەی دەستبەرداربوون لە سزاکانی سەر هەناردەکردنی کارەبای ئێران یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیجیەتی "زۆرترین فشار"ی سەرۆک ترەمپ لەسەر ئێران، و فشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبێت ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیی تیرۆر لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەنێویاندا عێراق. والتز، پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق، هەروەها هانی حکوومەتی عێراقی دا، پێشوازیی لە کۆمپانیاکانی وزەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکی زیاتر بکات بۆ ناو کەرتی نەوت و گاز لە عێراق.  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ چارە کردنی ناکۆکییەکانی گرێبەستی ماوەتەوە و پێدانی پاشەکەوتی قەرزاری کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکی، هەروەها داوای کرد حکوومەتی عێراق ڕێکخەرێکی وەبەرهێنان بهێڵێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراقدا بکەن. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد، بۆ پابەندبوونی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمەریکا و عێراق، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپ کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزە و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئەوەی سوود بە هەردوو گەلی ئەمەریکا و عێراق بگەیەنێت.

زیندانییە ئازادکراوەکانی فەلەستینی چۆنیەتى ئەشکەنجەدانیان دەگێڕنەوە کە چۆن ئیسرائیلییەکان (وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون) و هەندێکیان ‘بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان دراوە. ماڵپەرى میدڵ ئێست ئاى بەریتانى، لەزارى بەشێک لەزیندانیەکانەوە گواستیەوە، کە زیندانییە  فەلەستینییەکانیان بە کفن دەپێچایەوە و بە زیندووی دەیانناشتن، ڕێگە بە بڕێکی کەم هەوا دەدرا بۆ ئەوەی بە زیندووی بمێننەوە، تەنها بۆ ئەوەی پرۆسەکە چەند ساتێک دواتر دووبارە بێتەوە. ئەمە یەکێکە لە زۆرێک لە باسەکانی ئەشکەنجەدان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بەسەر دەستگیرکراوانی فەلەستینیدا کراوە. دوای ئاڵوگۆڕی زیندانیانی ئەم دواییەی حەماس و ئیسرائیل، سەدان دەستگیرکراو ئازادکراون و گێڕانەوەى دڵتەزێنی هاوشێوە دەرکەوتووە.  مەحمود ئیسماعیل ئەبوخاتەر تەمەن 41 ساڵ، یەکێکە لەو دەستگیرکراوانەو دەڵێت ئەشکەنجەدانەکە لەو ساتەوەختەی دەستبەسەرکران دەستیپێکردووە و تا دوا سات پێش ئازادکردنیان بەردەوام بووە. وتیشی: ئەوان وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد نەک مرۆڤ. ڕوونیشی کردەوە، پێش گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندان، گیراون بۆ شوێنێک کە لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداری دەچوو لە غەززە. لەوێدا ناچار بوون بەرگەی شەوێکی ساردو سەرمابگرن، تەنیا جلێکى سپیی تەنکەیان لەبەردا بوو کە پێیان دەدرائاماژەی بەوەشکردووە، دەست و قاچمان بە کۆت و بەند بەسترابوو، بە بتڵی ئاوی بەستوو و بوتڵی پڕ لە زەیتوون لێیانداین. ئەو وتى: لەوێ سەربازەکان لە دەفرێکدا میزیان دەکرد و دواتر بەسەر دەم و جەستەماندا دەیانڕژاند". ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە بەیانییەوە تا نیوەشەو ناچاریان کردین بەبێ جوڵە دابنیشین و تەنها بە مۆڵەت و بە کۆت و دەستەوە ڕێگەمان پێدەدرا بچینە تەوالێت. هەندێک جار ئەفسەرەکە ڕێگەی پێدەدا، هەندێکی تریش ڕێگەی نەدا و زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان لەکۆتاییدا میزەکەیان دەکرد بەخۆیاندا. سەرەڕای ئەوەی سەربازەکان ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ئاودەست و پاکوخاوێنییان سنووردارکرابوو، بەڵام سەرەڕای سەرمای تاڵ، لە مانگەکانی دوانزەو یەکدا  زیندانییەکانیان ناچار دەکرد ڕۆژانە لە ئاوی بەستوودا خۆیان بشۆرن. ئەگەر بۆیان دەرکەوت کەسێک خۆی نەشۆردووە، یەکسەر سزایان دەدا و ئەشکەنجەیان دەدا. بەڵام بە گوتەی ئەو یەکێک لە شێوازە دڵتەزێنەکانی ئەشکەنجەدان لە سدێ تایمان بریتی بوو لە فریودانی زیندانییەکان بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەخنکێن یان دەخنکێن تا دەمرن. ڕوونی کردەوە: "دەستبەسەرکراوێکیان دەخستە ناو کفنێکەوە کە بەسترابووەوە بە هۆزێکەوە کە کامێرایەکی بچووکی تێدابوو و لەناو چاڵێکدا دەیانخاتە ناو چاڵێکەوە و دواتر لەڕێگەی کامێراوە چاودێرییان دەکرد". هەر کە لە لێواری خنکاندنی تەواو بوو، پێیان وابوو خەریکە دەمرێت، پاسەوانەکان ڕێگەیان دەدا بڕێکی کەم هەوای تێدا بێت تا بە زیندووی بمێنێتەوە”. ئەبوخاتەر وەبیری هێنایەوە کە یەکێک لە ساتەکانی زیندانی زۆر ترسناک شایەتحاڵی ئەشکەنجەدانی موساب هانیە، کوڕەزای ئیسماعیل هانیە، سەرۆکی پێشووی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، موساب لە مانگی یەکدا لە زیندانی ئۆفەر گیانی لەدەستداوە، دوای ئەوەی بەرگەی "ئەشکەنجەی دڕندانە"ی گرتووە کە وایکردووە لاواز و قاچەکانی برینداربێت. ئەبوخاتەر ڕوونیکردەوە: “ئەفسەرەکان هیچ هاوکارییەکی پزیشکییان بۆ نەکرد و لە کۆتاییدا کرمەکان لە برینەکانی دەستی بە دەرچوون کرد، و کۆنترۆڵی میزڵدانی لەدەستدا.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕۆژێک دەستگیرکراوانی دیکە گوێیان لە سەربازێک بوو کە دەیگوت مردووە و لە ڕێگەی میڵەکانەوە بینیویانە کە تەرمەکەیان بە کفنێکەوە پێچاوە و دەیانبردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک چووەتە ناو زیندانەوە، کێشی نزیکەی 120 کیلۆگرام بووە، بەڵام تا ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی تەنها بۆ 50 کیلۆگرام دابەزیوە".  

  ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی کۆبووەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. بەپێى وتەى ئەو سەرچاوە، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پارە دەنێردرێت و بە ئەگەرێکی زۆەرەوە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ڕەنگە سبەی بنێردرێت. ڕۆژی یەکشەممە، 09ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق و سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی خانەنشینان."   لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە وتی، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان." دەشڵێت، "سبەی کۆبوونەوەی دووەم دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەردوولا دا هەبوو." ئەندامێکی شاندە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەدا کۆنووسێک لەنێوان هەردوولا ئامادەکراوە و لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزا نەکرا.  سەرەتای ئەمساڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ناردنی کۆی مووچەکانی ئەمساڵ لە کاتی خۆی، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی کوردستان لەنێو مانگی سێ دان کەچی بەغدا مووچەی مانگی دووی ڕەوانە نەکردووە. سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، دەڵێت: نوێترین داواکاریى وەزیرى دارایی فیدراڵ لە شاندەکە ئەوە بووە کە 3%ـى پارەى لێبڕینى خانەنیشنى 2014 بە دواوە رادەست بکەن بەوپێیەى لەو ماوەیەدا بەغدا 10%ـى لە مووچە بڕیوە بۆ خانەنشینى لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان 7%ـى بڕیوە، بۆیە داواى ئەو 3%یە دەکات کە وەرنەگیراوە.   بەگوێرەى یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق، 10%ـى مووچەى فەرمانبەران بۆ سندووقى خانەنشینى دەبڕدرێت، لەکاتێکدا بە گوێرەى یاسای خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان، رێژەى بڕینەکە لە 7% بووە.

  بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، عەلی ئەلریفای، ڕایگەیاند، ئێران و حـ.ـزبوڵا لە پشتی ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتەکەن لە ڕێگەی "پاشماوەی ڕژێمی پێشوو"ەوە، لەبارەی ئەو پێکدادانە خوێناویانەی کە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک چەکداری دڵسۆز بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لە کەناراوەکانی سووریا ڕوویدا. هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە ڕایگەیاند، "پارتی دوژمنکاران" هەن کە هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ شێواندنی وێنەی وڵات لە ئێستادا لە ڕێگەی "کلیپی ڤیدیۆیی کۆن". ناوبراو درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: ئێمە بە پەرۆشین بۆ ئاشتی مەدەنی و ناسەقامگیری پەیکەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی سوریا هەڵمەتی دووەمی دەستپێکردووە بۆ بەدواداچوون بۆ "پاشماوەکانی ڕژێم" لە کەناراوەکان، هەروەها بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنەکانی ئەم دواییە.  بەگوێرەى روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە رۆژای پێنجشەممەوە لەکەناراوەکانی سووریادا کوژراون، بۆ هەزار کەس بەرزبووەتەوە. هاوکات بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا رایگەیاند، ئەو رووداوانەی لە وڵاتەکەدا روویانداوە بە تایبەت لەناوچە کەناراوەکان پێشبینی کراوبوون. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، سوریا لیژنەیەکی سەربەخۆی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێکدادانانەی کە لە ناوچەی کەنار دەریاکان ڕوویانداوە. دەسەڵاتدارانى سوریا دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژی ئەو کەسانەی کە کردەوەی توندوتیژییان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی شانەیدا، ئەو گروپانەی دەستگیرکردووە کە ناوی لێنابوو گروپە بێ دیسپلینەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردەوەی تێکدەرانەیان ئەنجامداوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەرپێچیکردنی ئەو ڕێنمایانەی کە بۆ سەرکردایەتی دەرکراون، دادگایی دەکرێن.