ماڵپەرى ئەلعالەم جدید، ڕایگەیاند لەدوێنوە بەغدا نا ئارامەو بەردەوامیش باران دەبارێت و لەچەند شوێنێکیش لافاو دروستبووە، حکومەتیش ناتوانێت قەیرانی ئاوەڕۆی ئاوی باران کۆنتڕۆڵ بکات، بەیانی ئەمڕۆش پایتەخت بەهۆی ئەوەى زۆربەی فەرمانبەران نەیانتوانى بچنە دەوام فەرمانگە فەرمییەکانیان دۆخێکی ئیفلیجی بەخۆیەوە بینی. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئەو ماڵپەرە، لەکاتژمێرەکانى سەرەتای بەیانیەوە وەزارەتەکان و فەرمانگە حکومیەکان کارەکانیان وەستا، بەهۆى ئەوەى کارمەندى تەواو نەگەیشتبوون، چونکە بەهۆى باران و لافاوو داخستنى شەقامەکان ڕێگاى هاتووچۆیان لێ گیرابوو، بەشێکى زۆریشیان ماڵەکانیان ژێرئاوکەوتووە بەهۆى ئاوی بارانەوە. هەروەها بە پێى پێشبینییەکانی فەرمانگەى کەشناسی بەغدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری باران بارین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هۆشدارییەکانی لافاو و هەورە بروسکە لە هەندێک ناوچە، لەنێویاندا بەغدای پایتەخت. سەرەڕای کۆکردنەوەی تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەسەرکردنى لافاوو کردنەوەى شەقامەکان، هێشتا دۆخی سەر زەوی و هاتووۆچۆ سەختە، چونکە هاوڵاتیان بەسەختى لە جوڵەدان، هاوکات داواى ئەوەش دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆی ئاوە شارەکە. هاوکات پەرلەمانتار کامل عەکەیلی، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کرد، بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە کارەکەی دووربخاتەوە و پڕۆژە وەستاوەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکات. ئەو پەرلەمانتارە وتى: پڕۆژەکانی ناوچەى زەورا لە ئاستی پێویستدا نەبوون زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت خزمەتگوزاری پێویستیان پێنەگەیشتوەو ئاو چوەتە ماڵەکانەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی بەغدا بووە هۆی بەهەدەردانی پارەی گشتی لە قەزای زەورا و دەوروبەری لەسەر پڕۆژە وەستاوەکان".
قەسەدە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شوێنی کرێکارانی گرێدراو بە بەنداوی تشرینیان بۆردوومانکردەوە و هەروەها دەورووبەری پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد و دەشڵێن: شەڕڤانان وەڵامی هێرشی چەتەکانیان بۆ سەر دێرحەفیر دایەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، سەبارەت بە ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و وەڵامدانەوەی شەڕڤانان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی سێیەمیدا بەردەوامە، بەهۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانمانەوە، داگیرکەران و چەتەکان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. ڕاشیگەیاند، دوێنێ (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج بۆردوومانی شوێنی کرێکارانیانی گرێدراوی بەنداوی تشرینیان کردوە، هەروەها بە تۆپ و هاوەن بە چڕی گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی تشرینیان تۆپباران کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددی کەوتووەتەوە. هەروەها، لە بەرەی دێر حەفیر شەڕ لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەکاندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەک کوژران، بەڵام ژمارەیان دیاری نەکرا. قەسەدە باسی لەوەشکردوە، گوندەکانی تینا، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، مەلحا و سینا، گری شێڤێ و قەرەقۆزاق و دەوروبەری پردی قەرەقۆزق بە زیاتر لە ٣٠ گولـلە تۆپ، هاوەن، تانک و مووشەک تۆپباران کراون، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵیت: بە درێژایی ڕۆژ فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کۆبانێ، عەین عیسا و گوندەکانیاندا دەسووڕایەوە.
ئەميحای چیكلی، وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، دەڵێت، ئیسرائیل جوڵە دەكات بۆ پاراستنی دروزییەكان لەناوچەكانی نزیك لە سنورەكانی، بەپێویستیشی دەزانێت كورد لە كۆمەڵكوژی بپارێرێت. وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، لە نوسینێكدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) كە هاوپێچی وێنەی چەكدارێكی هێزە ئەمنیەكانی سوریای كردووە، كە قاچی خستووەتە لەسەر تەرمی ئافرەتێك، نوسیوتی، ئەو وێنانەی لە سوریا بڵاودەبنەوە ترسناکن، ئەمە روخساری رژێمێکە كە تیرۆریستانی داعش سەرۆکایەتی دەكەن و جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە. ئەو وەزیرە دەڵێت: ئیسرائیل هەنگاو دەنێت بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی، هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ بەرگریکردن لە هەموو کەمینەکانی سوریا، بە جەختکردنەوە لەسەر کورد، لە کۆمەڵکوژی جیهادییەکان کە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە ئەنجام دەدرێت. ئەميحای چیكلی وتیشى: ڕۆژئاوا دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەم رژێمە تیرۆریستییە و سەرپەرشتیارەكانی، ئەردۆغان و قەتەر. هەفتەى پێشوو ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت.
هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" بەرەبەیانى ڕۆژانی هەینی و شەممە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی بە یاوەری هەلیکۆپتەری سەربازی گەیاندە ڕۆژئاواى کوردستان لە بنکەى ڕمێلان لە باکووری شارى حەسەکە. ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمرۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەو دوو فڕۆکەیە بارکرابوون بە کەرەستەی سەربازی و لۆجستی، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بوونی هێزەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژئاواى کوردستان دێت. هاوکات هەفتەى پێشووش دوو فڕۆکەی سەربازی بارهەڵگری ئەمریکی، سەرباز و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان، فڕۆکەیەکیان لە بنکەی سەربازیی خەراب جیری ڕمێلانی باکووری حەسەکە، ئەوەی دیکەشیان لە بنکەی سەربازیی شەدادی حەسەکە نیشتووەنەتەوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 78 فڕۆکە، 246 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر لەڕێگاى ئاسمانى و زەمینیەوە ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى ڕایدەگەیەنێت لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە، سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بەناو باران بارینى کورت خایەن و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە 9-3-2025 کەش/ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەسەر کەشى بەشێک لە ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت ئاسمانى هەرێم بە گشتى نیمچە هەور دەبێت .سەبارەت بە باران بارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە ,سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بەناو باران بارینى کورت خایەن و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت ( 10 - 15 ) کم/س . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما/ نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەکانى گەرماى دوێنێ مەوداى بینین / 8-10 کم /س پلەکانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە . سبەی دوو شەممە 10-3-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێ بە گشتى لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە ئەگەرى باران بارین لە سەر زۆربەى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم هەیە .کاریگەرى ئەم بارانە بە بوونى هەورە تریشقەو لە هەندێ ناوچەى شاخاوی لێزمە بارانى کورت خایەن دەبێ لە شەودا کۆتاى بە کاریگەرى ئەم شەپۆڵە دێت کە ماوەى چەند رۆژێک بوو لەسەر ناوچەکانى باشوور و باشوورى ڕۆژهەڵاتى هەرێم بوو بە تایبەت . خێراى با / لەسەر خۆ بۆ مامناوەند دەبێت ( 10 -15 ) کم/س . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما/ کەمێک بەرز دەبێتەوە سنوورى پارێزگاى هەولێر ودهۆک نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلەى سیلیزى . مەوداى بینین / ( 7 – 9 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 19 پلەى سیلیزى سلێمانى: 20 پلەى سیلیزى دهۆک : 17 پلەى سیلیزى زاخۆ : 18 پلەى سیلیزى هەڵەبجە :20 پلەى سیلیزى کەرکوک: 22 پلەى سیلیزى سۆران : 15 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى گەرمیان : 23 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى /بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى
سەرۆکی پەرلەمانى ئێران پێیوایە "کردەوەکانی ترەمپ لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بانگەشەکانی سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ تاران تەنیا فێڵێکە بۆ داماڵینی چەک. دوای ئەو پەیامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ تاران بەمەبەستی دانوستان و وەڵامدانەوەی عەلی خامنەیی، سەرۆکی پەرلەمانى ئێران، محەممەد باغر قالیباف، لێدوانی لەسەر لێدوان دەیدات. لە لێدوانەکانیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە محەممەد باغر قالیباف دەڵێت: هیچ دانوستانێک لە ژێر سایەی هەڕەشە و زەلیلکردن بە فەرمانی سەپاندنی ئیمتیازاتی نوێ نابێتە هۆی هەڵگرتنی سزاکان و ناگاتە هیچ ئەنجامێک. ئەو وتیشى: چاوەڕێی هیچ نامەیەکی ئەمریکا نین، پێمان وایە بە کەڵک وەرگرتن لە توانا و دەرفەتى زۆر لەناوخۆی وڵات و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، دەتوانین بگەینە پێگەیەک کە دوژمن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت جگە لە هەڵگرتنی سزاکان. هاوکات دوینێ شەممە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دژی وڵاتەکەی سەرکۆنەکردن کە هەڕەشەی کردبوو هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتیدەکاتەوە هیچ نامەیەکیان لە ترەمپەوە پێ گەیشتبێت. خامنەیی وتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە." ڕۆژی هەینی ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و داوای لێ کردووە بێن گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا چاوەڕێی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بکەن. خامنەیی رۆژی شەممە وتی، "حکومەتە خۆسەپێنەکان" دەیانەوێت بە زۆر داواکارییەکانیان بەدیبێنن. خامنەیی بێ ئەوەی ناوی ئەمریکا بێنێت یان باسی نامەکەی ترەمپ بکات، گوتی: "ئەوان ئێستا داواکاریی نوێ دەخەنەڕوو کە بێگومان ئێران جێبەجێیان ناکات." شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێمە گوێمان لە بابەتی نامەکە بووە، بەڵام هیچ شتێکمان پێ نەگەیشتووە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ لێخشوبوونەکانی بۆ عێراق بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران نوێ نەکردۆتەوە. تامی بروس وتیشی، واشنتۆن رێگە بە تاران نادات هیچ بڕە یارمەتیەکی ئابوری و دارایی پێبگات. جەختیشی کرد، هەڵمەتی زۆرترین فشاری سەرۆک ترەمپ، ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و بچوكکردنەوەی بەرنامە موشەکییە بالیستیکەی و رێگرتنە لە ئێران لە پشتیوانیکردنی گروپە تیرۆریستییەکان. وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە سەرچاوەی جێگرەوەی گازی ئێران داوە و دەڵێت: "هیوادارین، هەموو عێراقییەک سوود لە سەرچاوەکانی گازی سرووشتی و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی عێراق وەربگرێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێوخۆییەکانی عێراق." وتەبێژەکە هەروەها دەڵێت: "کۆمپانیاکانی ئەمریکاش ئامادەن و چاویان لەوەیە هاوکاریی حکومەت بکەن لە زیادکردنی بەرهەمی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق". لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت، بەڵام رۆژی شەممە، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات و ئەمریکاش بۆ دواجار نوێی نەکردەوە. بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بداتە تاران، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، پارەکە دەخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان. لەبارەی رێکارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، جەیمس هیوت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رایگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەست لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەڵبگرن. هیواداراین دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان و ناوچەکەش لەبەرچاو بگرن." عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە، کە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، کە ئەو بڕە گازە 30٪ی کارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام بەمدواییانە ئێران هەناردەی گاز و کارەباکەی بۆ عێراق زۆر کەم کردبووەوە.
سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت بەمەبەستى بەدواداچوون و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى لیستى مووچە، دوو شاندی وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان. بەوتەى ئەو سەرچاوەیە شاندەکان وەڵامی پرسیارەکانی تەیف سامی لەبارەی کێشەکانی بەردەم مووچەی مانگی دوو دەدەنەوە. شاندێکیان پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشنینیی هەرێمی کوردستان، سکرتێر و راوێژکارێکی وەزیری دارایی. شاندی تەکنیکی کاتژمێر سێی شەوی رابردوو و شاندەکەی دیکەش کاتژمێر حەوتی ئەم بەیانییە گەیشتوونەتە بەغداد. شاندەکەی دیکەیان تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایین و لیستی مووچەی مانگی شوباتیان بە شێوازی پایرۆڵ ئامادەکردووە. شاندەکە پێکهاتوون لە رێباز عەباس، راوێژکار و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دارایی، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و ستافی سیستمی پەیڕۆڵ لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند، "لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە هەموو رێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی دوو تەواوکراون، بەڵام بەهۆی پشووەوە واژۆی لەسەر نەکرا." 3ـی شوباتی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکاری لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن: 1. پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. 2. تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە. 3. ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).
وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس گەیشتووەتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی میسر سەبارەت بە دوایین پێشنیارەکانی ئەمریکا و پلانی میسر و عەرەبی. لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پلان دادەڕێژن بۆ پەرەپێدانی ململانێکان لەگەڵ حەماس و فشارخستنە سەری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرکراون، بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیان. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دوای داخستنی دەروازەکانی کەرتی غەززە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دابینکردنی کارەبا و ئاو بۆ کەرتی غەززە ڕابگرن. ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە سەرنەگرن، ڕەنگە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکان لە کەرتی ناوچەکە دەستپێبکاتەوە. هەروەها ڕەنگە ئیسرائیل سەدان هەزار فەلەستینی ناچار بکات جارێکی دیکە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، کە لە کاتی ئاگربەستدا گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات و نەبوونى هیچ پێشکەوتنێک لە ئازادکردنی بارمتەکاندا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەتوانن ئۆپەراسیۆنی شەڕکەر لە کەرتی غەززە ئەنجام بدەن. بەتایبەتی دوای پڕکردنەوەی کەڵەکەبوونی چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، و ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا چیتر فشار ناخاتە سەر ئیسرائیل. هەر لە هەمان چوارچێوەدا، دوێنێ هەینی، دەسەڵاتی فەرمی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرکردایەتی سیاسی لە ئیسرائیل ئاڕاستەی سوپای وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ خۆی ئامادە بکات بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی کەرتی غەززە، ئەمەش لەنێو ئەو چەقبەستووییەی کە ڕووبەڕووی دانوستانەکان بووەتەوە. دەسەڵاتی پەخش لە زاری سەرچاوە سیاسی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل کە ناویان نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، "سەرکردایەتی سیاسی سوپای ئاڕاستەی سوپای وڵاتەکەی کردووە کە دەستبەجێ خۆی ئامادە بکات بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە، لە نێوان چەقبەستوویی دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکاری زیاتر بکات.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، دەبێت پـ.ـارتی کـ.ـرێکارانی کوردستان دەستبەجێ چەکەکانیان رادەست بکەن، ئەوەشى خستەڕوو ڕاگەیاندنى هیچ ئاگربەستێک لەلایەن تورکیاوە لەئاردادا نییە. رۆژنامەی "زەمان"ی توركی لە زاری یەشار گولەرەوە بڵاویكردووەتەوە، رێکخراوی پـ.ـەکە.کەو سەرجەم درێژکراوەکانی کە لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان و بە ناوی جیاواز کاردەکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ بن، دەبێت دەستبەجێ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بدەن و دەستبەجێ و بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن، هەر لێدوانێک یان کارێک کە پێچەوانەی ئەمە بێت، هیچ بەرامبەرێكی نییە. وەزیری بەرگری توركیا راشیگەیاندووە، پرسی وەك ئاگربەست لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کە نەخراوەتە ناو دەقی بەیاننامەکەی عەبدوڵا ئـ.ـۆجەلان، نابێ بخرێنە بەرنامەی کارەوە، چونکە هەرگیز شتێکی وا لەسەر مێز نییە. گولەر وتیشى: ئامانجی کۆتایی ئێمە ئەوەیە؛ خواستی هاوبەشی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیمان ئەوەیە کە تیرۆر کۆتایی پێبێت، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتەواوی تەسفیە بکرێن و هەموو هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەمان نەهێڵن. ئەوەشى وت: ڕێگە نادرێت پرۆسەکە تێکبدرێت، سووکایەتی پێ بکرێت و درێژخایەن بکرێت؛ ڕێبازێکی وریا و عەقڵانی وەک بنەما دەگیرێتەبەر. دەشڵێت "پێویستە هەمووان متمانەیان بە ئەزموون و دووربینی بەرفراوانی دەوڵەتەکەمان هەبێت و هاووڵاتیانمان لەو بوارەدا ئاسوودە بن".
بەپێى دواین ئامارى ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠٠. ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ باس لە کوژرانى لانیکەم 304 کەس دەکەین کە زۆرینەیان هاوڵاتى مەدەنین لەشارەکانى بانیاس و جەبلە و لادێکانی دۆکیۆمێنت کراون لاى ئێمە، هەروەها لە لادێکانی قرداخ و لازقیە، جگە لە بوونی زانیاری لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانی دیکە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەدیکۆمێنت دەکرێن. ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو سەبارەت ژمارەى کارمەندە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، ئەو ژمارەیەی کە ڕوانگە بەڵگەی لەسەر کردووە، لانیکەم ٨٩ کەسە، وتیشى: ترسمان لەوە هەیە کە ئەم کۆمەڵکوژییانە کاریگەرییان لەسەر ئاشتی مەدەنی لە سوریا هەبێت لە داهاتوودا. ڕامى عەبدولڕەحمان ئاماژە بۆ ئەوەدەگات ئێستا شەقامەکە دابەش بووە لە نێوان ئەوانەی کۆمەڵکوژ کران و ئەوانەی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، واتە لایەنگرانی حکومەتی سوریا بەڵام براوەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ناکۆکی لە نێوان گەلی سوریادا دروستکرد. وتیشى: هیوادارین لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دیمەشقەوە دەنێردرێت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە بکەن کە ئەنجامدراون بۆ ئەوەی نەبنە سەرەتای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی تاوانباران پێیان وایە سزا نادرێن. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ هەن. ئاماژە بەوەش دەکات، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی لایەنگری ئەسەد هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشتن. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕووداوەکانی کەنارەکانى سوریا لەسەر بنەمای تائیفی ڕوونادەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی شەڕی تائیفی، بەو پێیەی هێرشەکانی ئەو ناوچانە لە نێوان چەکدارانی ناو سوپای ڕژێمی لەکارکەوتوو و هێزەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق ڕوودەدەن. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریى وتیشى: داوا لە هەموو سوورییەکان و حکوومەتی نوێ دەکەین، خەڵکی سڤیل لە هەموو گەلی سووریا بپارێزن، چونکە ئەمە ئەرکی ئەوانە. ڕامى عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەو کەسەى کە بەرپرسیارییەتى ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەى دەکەوێتە ئەستۆ، ئەو کەسەیە کە ناوى غەیاس دەللایە، فەرماندەى سەربازیى بووە لە کاتى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، بووەهۆى هەڵگیرسانى فیتنە لەنێوان سونە و عەلەوییەکان، عەلەوییەکانى هاندا دژى دەسەڵاتى نوێى سووریا بجەنگن، ئەو بەرپرسی یەکەم و کۆتایی کێشەکانە.
مەریوان هەڵەبجەیی نوسەرو لێکۆڵەر، ڕایدەگەیەنێت لای دادوەری گشتیی دوو دەوڵەت دوو سکاڵای فەرمیم لە دژی پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی هەردوو شانشینی سوید و نەرویج تۆمار کرد. سەبارەت بەناوەڕۆک و هۆکارى سکاڵاکە، مەریوان هەڵەبجەیی دەڵێت: سکاڵاکە تایبەتە بە شکستی گەورەی پۆلیس و دەزگای هەواڵگری سوید لە بەجێگەیاندنی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆیان لە دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ هاوڵاتی سەلوان مۆمیکا. ئەو جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکرێت تاوانباران سزا بدرێن، وتیشى :خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان نەیانتوانی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیان بۆ پاراستنی مافی ئازادی ڕادەربڕینی مۆمیکا جێبەجێ بکەن، کە مافێکی بنەڕەتییە و لەلایەن دەستووری سوید و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە گەرەنتی کراوە. ئەو نوسەرە ئەوەشدەخاتەڕوو مۆمیکا لە ناونیشانێکی نهێنیدا نیشتەجێ بووە، کە تەنها لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە شوێنەکەی ناسراوە، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر چۆنیەتی دزەپێکردنی زانیارییەکانی و ئەنجامدانی تیرۆرەکە دروست دەکات. سەبارەت بە ناوەڕۆکى سکاڵای دووەمیش ئەوەدەخاتەڕوو تایبەتە بە بوونی چالاکیی فکري تیرۆریستی و کەسانی خاوەن بۆچوونی توندڕەو کە لەسەر خاکی نەرویج نیشتەجێن، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی گشتی و مافەکانی هاوڵاتیان دروست دەکات. سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن 38 ساڵ، شەوى ٣٠ى مانگى یەکى ڕابردوو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژرا. مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی کاتیی سووریا و بە "تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدە" ناوی دەبات؛ دەشڵێت، ئیسرائیل خۆی لە هەموو هەڕەشەیەک دەپارێزێت. یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "جۆلانی (ئەحمەد شەرع) جلەکەی خۆی گۆڕی و کردییە قات و بۆینباخ، دەموچاوێکی میانڕۆی پیشاندا. ئێستا جۆلانی ماسکەکەی خۆی فڕێداوە و رووخساری راستەقینەی خۆی دەرخست." کاتس لە باسی شەرع نووسی: "تیرۆریستێکی جیهادی سەر بە قوتابخانەی قاعیدەیە، تاوانی تۆقێنەر بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل دەکات." رۆژی 05-03-2025 لە پارێزگەی لازقیەی رۆژئاوای سووریا، چەند چەکدارێکی عەلەوی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشت. شەڕەکە گەورەبوو و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای سووریا، لەوانەش جەبلە، تەرتووس و بانیاسی گرتەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند: "ئیسرائیل دژی هەر هەڕەشەیەکی سووریا بەرگری لەخۆی دەکات"، بەڵێنیشدا سوپاکەیان لەو ناوچەیەی سووریا دەمێنێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە. کاتس گوتی: "پارێزگاری لە درووزەکان دەکەین؛ هەرکەسێک ئازاری ئەوان بدات، پێویستە وەڵامی ئێمە بداتەوە". روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە. شەوی هەینی، ئەحمەد شەرع لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە چەکدارانی عەلەوی کرد " پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، خۆتان بەدەستەوە بدەن"، داوای لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی کرد، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن. شەرع رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی کەوتوو، هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە و گوتی: "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور. ئەگەر دڕکێک بە پارێزگەیەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس (رۆژی جیهانیی ئافرەتان) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "درێخى ناكهين بۆ بنياتنانى كۆمهڵگەیهک كه تيايدا ژن هاوبهشێكی راستهقينه بێت له دروستكردنی داهاتوودا." رۆژی شەممە، 8ـی مارسی 2025، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "كۆتاییهێنان به توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافهكانیان و دابینكردنی ژینگهیهك كه بهشداريی یهكسانیان له ههموو بوارهكانى ژياندا مسۆگهر بكات، بهرپرسیاريهتییهكی گشتییه." هاوکات وتیشى: بنیاتنانی كۆمهڵگەیهكی دیموكراسی و پێشكهوتوو بێ مسۆگهركردنی ماف و ئازاديی ژن و بههێزكردنی ڕۆڵ و پێگهى له ههموو بوارهكاندا، بهدی نايهت. دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: به بۆنهی ههشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافرهتانهوه، به گهرمى پیرۆزبایی له ههموو ئافرهتانى كوردستان و عێراق و جیهان دهكهم، هیوای پێشكهوتن و سهركهوتنی زیاتريان بۆ دهخوازم له ههوڵ و خهباتياندا بۆ بهدیهێنانی دادپهروهری و یهكسانی. ههموو پشتگيرييهك بۆ بهردهواميى ڕۆڵی كاریگهریان له بنیاتنانی كۆمهڵگەیهكی ئازادتر، دادپهروهرتر و پێشكهوتووتردا، دووپات دهكهمهوه. ژن له كوردستان به درێژاییی مێژوو، له گۆڕهپانی خهباتی سیاسی و بهرهنگاربوونهوه، ههروهها له تهواوى كايهكانى ژياندا، ئامادهيى، ئازایهتی و خۆڕاگريی خۆی سهلماندووه. ئهو بهشێكی دانهبڕاو بووه له كاروانى ئازاديى كوردستان، ئهمڕۆش بهردهوامه له ڕۆڵی خۆی له سیاسهت، ئابووری، بهڕێوهبردن و پهروهرده و به كارايى بهشداريی له ههموو بوارهكانی ژیاندا دهكات. ئێمه شانازی به پێگه و دهستكهوتهكانی ئافرهتانى كوردستانهوه دهكهین، بهڵام ئهوهش دهزانین كه بۆ مسۆگهركردنى مافهكانی و پاراستنی له توندوتیژی و جیاكاری، ههروهها بۆ بههێزكردنی پێگهی له ههموو كهرتهكاندا، كاری هەمەلایەنە و زیاتر پێويسته. كۆتاییهێنان به توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافهكانیان و دابینكردنی ژینگهیهك كه بهشداريی یهكسانیان له ههموو بوارهكانى ژياندا مسۆگهر بكات، بهرپرسیاريهتییهكی گشتییه. لهسهر ههموومانه وهك كهس، خێزان، پهروهرده و له گشت دامهزراوهكان و له كۆمهڵگەدا، ههوڵی زیاتر بدهین بۆ دڵنیابوون لهوهی كه كوردستان نموونهیهك بێت له یهكسانی، دادپهروهری و مافهكانی مرۆڤ. ههروهك ههمیشه جهختمان كردووهتهوه، بنیاتنانی كۆمهڵگەیهكی دیموكراسی و پێشكهوتوو بێ مسۆگهركردنی ماف و ئازاديی ژن و بههێزكردنی ڕۆڵ و پێگهى له ههموو بوارهكاندا، بهدی نايهت. لهم يادهدا به ڕێزهوه ههموو ئهو ئافرهتانهى قوربانيی گهورهیان داوه، ههروهها ههموو ئهوانهی بوونهته قوربانيی توندوتیژی و توندڕهوی، بهبير دههێنينهوه. پابهنديى بهردهواممان دووپات دهكهینهوه بۆ چهسپاندنی كولتووری پێكهوهژیان، لێبوردهیی و یهكسانی. ههرچيمان لهدهست بێت درێخى ناكهين بۆ بنياتنانى كۆمهڵگەیهك كه تيايدا ژن هاوبهشێكی ڕاستهقينه بێت له دروستكردنی داهاتوودا. سڵاو بۆ ههموو ئهو ئافرهتانهى لهپێناو مافهكانياندا خهبات دهكهن. سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی توندوتیژی. ههر شكۆدار بێت ڕۆژی جیهانیی ژنان. نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان ٨ی ئاداری ٢٠٢٥
لە یادی هەشتی مارسدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پابەندین بە زیاتر رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستاندا. لە راگەیەندراوێکیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی لە ژنان کردووە و دەڵێت، "لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئافرەتان هەمیشە نموونەی نیشتمانپەروەری و ئازایەتیی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون". لە راگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانی ئەوەشهاتووە، جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندین بە زیاتر رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی رێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان.
